دەربارەی ڕۆمانی پان

Loading

پان

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“پان” دووەم ڕۆمانی نووسەری نەرویجی، کنوت هامسوونە، کە لە لایەن وەرگێڕی پڕوزە و بە سەلیقەوە، هاودەم ساڵح جاف، ڕاستەوخۆ لە زمانی ئەوەڵینەوە، دەکرێت بە کوردی. بێگومان بایەخی ئەم وەرگێڕانانە کە لە زمانی ماکییەوەن، لە ڕووی ئاستی متمانە و نزیکی لە دەقی بنەڕەتییەوە، هێجگار زۆرن. زۆرن ئەو دەقانەی کە لە زمانی دووەم و سێییەم و دوورترەوە کراون بە کوردی و دەکرێن، بەڵام دەبینین کە جیاوازییەکەیان وەک دەڵێن ئاسمان و ڕێسمانە، خوێنەر بە بەراوردێکی سەرپێی ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەکەوێت، ئەمە ڕەنگە کەمتر هەڵەی وەرگێڕ بێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ بۆ ئەو زمانە بگەڕێتەوە کە دەقەکەی بۆ وەرگێڕدراوە و بۆ وەرگێڕی کورد دەبێتە زمانی دووەم و سێیەم، واتە هەڵەکە لە زمانی دووەم و سێیەمدا ڕووی داوە، بێگومان وەرگێڕیش بی هەڵە و کەموکورتی نابێت، بۆیە گرنگە هەمیشە نیگای ڕەخنەمان بۆ دەقی وەرگێڕاو هەبێت و بەردەوام لە چییەتیی و چۆنییەکەی بپرسینەوە.

هاودەم ساڵح جاف لەو وەرگێڕانەیە کە کتێب لە زمانی سەرەکییەوە دەکات بە کوردی، ئەو خاوەنی خەروارێک دەقی گرنگ و شاکاری گەورەیە، کە بە زمانی نەرویجیی نووسراون و ئەویش ڕاستەوخۆ لە زمانی نەرویجییەوە وەریگێڕاون، بەشێکی بەرچاو لەو کتێبانە دەچنە خانەی شانۆنامەوە و بەشێکیشیان ڕۆمانن، بێگومان هاودەم ساڵح لە بواری دیکەشدا پێگەی هەیە و ئەو دەرچووی بەشی موزیکە و پانفلووتژەنێکی ناسراوە، کە لە کۆتایی هەشتاکاندا و لە بەشێک لەو کاسێتانەی ئەوکات و دواتریشدا، گەر بۆیان بگەڕێینەوە، دەنگی پانفلووتەکەی دەبیستین. ئەوەی لەم نووسینەدا بۆ ئێمە گرنگە، هاودەم ساڵح جافی وەرگێڕە، ئەو شێوازەیە کە ئەو پێڕەوی دەکات لە دەقی وەرگێڕاودا، هاوکات ئەو زمانە کوردییەیە کە ئەو ڕستەکانی پێ دادەڕێژێتەوە. بێگومان ئێمە خۆمان لەو بوارە دەبوێرین کە دەچێتە خانەی “ڕەخنەی دەقی وەرگێڕاو لە پلەی بەراورد”دا، ئەویش بە حوکمی نەزانینی ئەو زمانەی وەرگێڕ کتێبەکانی لێوە وەردەگێڕێت، کە زمانی نەرویجییە، بەڵام خوێنەری وریا و نووسەری وردبین، هەر لە لاپەڕەکانی سەرەتاوە دەزانێت کە لە بەردەم چ وەرگێڕێکدایە، چۆن زمان بەکار دەهێنێت، تا چەند بە تەنگ گواستنەوەی شێوازی نووسەرەوەیە لە زمانی خۆیدا، هاودەم ساڵح بێ هیچ گومانێک خاوەنی زمانێکی پاک و دەوڵەمەندی کوردییە، ئەمە لە تەواوی ئەو دەقانەدا دەبینرێت کە وەریگێڕاون، کوردییەک کە خوێنەر تووشی لێڵی و ناواتایی ڕستە و دەربڕین ناکات، نایوەستێنێت کە ناچار بێت لەو وەستانەدا دووبارە ئەو ڕستە یان ئەو پاراگرافە، لە زەینیدا دروست و دابڕێژێتەوە. هاوکات لە گواستنەوەی شێوازی نووسەرەکانیشدا پاپەندییەکی تەواو درک پێ دەکرێت، ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێ کە خوێنەر کتێبێکی وەرگێڕ دەخوێنێتەوە، بە سانایی هەست بەو شێوازە جیاوازانە دەکات کە دەقێک بۆ دەقێک، یان نووسەرێک بۆ نووسەرێک هەیانە، هەر ئەمەش هەستی متمانە و خۆشییەک بە خوێنەر دەبەخشێت، کە لەگەڵ بینینی ناوی “هاودەم ساڵح جاف” لەسەر ڕووبەرگی کتێبێک، دوودڵ نەبێت و دەستی بداتێ.

***

ڕۆمانی “پان” یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی کنوت هامسوون، ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٨٩٤ نووسراوە، شێوازی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەرانێک کە ڕۆمانی “برسێتی” هەمان نووسەریان خوێندبێتەوە، کە هەمان وەرگێڕ و لە هەمان دەزگای سەردەم، ساڵی ٢٠١٨ وەریگێڕاوە، شێوازێکی ئاشنایە، لەم ڕۆمانەشدا خوێنەر دەبینێت کە نووسەرەکەی دیسان سەروکاری لەگەڵ کارەکتەرێکی تەنیادایە، پیاوێک کە بە ڕاو و شکارەوە خەریکە، پیاوێک کە لە ئاژەڵ و درەخت و بە واتا بەرینەکەی، لەگەڵ سروشتدا تەبایە و شێوە ژیانێکی کێوییانە دێت و دەچێت. ئەم پیاوە سی ساڵیەتی، ناوی تۆماس گلانە و ئەفسەرە، ڕووداوەکان ساڵی ١٨٥٥ ڕوو دەدەن، لە باکووری نەرویج، لە دەشتاییەکدا، لە کۆختێکدا، نزیک بە دەریا و دارستان. یەکێک لە لایەنە جوانەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووی فۆرمی گیڕانەوە، ئەوەیە کە نووسەر (بێگومان بە ڕێگوزەری زمانی وەرگێڕدا) بە سوودوەرگرتن لە فەزای سروشت و بێدەنگی و خاوی و هەندێک جار هەڵچوون، جۆرێک گێڕانەوەی پێک هێناوە کە تەبا و کۆک بن، بە جۆرێک ئەم فۆرمە هیچ کات ئیمکانی ڕوودانی نییە لەناو شاردا، فۆرمێکە لە دڵی سروشت و پێکهاتەکانیدا، بۆیە هەم نیانە، هەم هۆڤیانە. تەنانەت ئەم شێوە لە گێڕانەوە و داڕشتن لە پەیوەندیی کەسەکان پێکەوە و لەگەڵ ئاژەڵ و دەوروبەریشدا ئامادەیی هەیە و لە لاپەڕەکانی سەرەتاوە بۆ کۆتایی درێژ دەبێتەوە.

تۆماس گلان کۆمەڵێک خەڵک دەناسێت، کۆمەڵێک پەیوەندیی هەمەلایەن دروست دەکات، چێژ دەبات، ئازار دەچێژێت، بەشداری ئاهەنگیان دەکات، دەخواتەوە، لەگەڵیان دەخەوێت، تەقریبەن هەموو ئەزموونەکان تاقی دەکاتەوە. پەیوەندیی گلان و کچێک بە ناوی “ئێدڤاردا”ی پاکیزە، لەو پەیوەندییانەیە کە لێڵ و ناڕوونن، چەندان جار ئەم بارە و ئەو بار دەکات، شێوەیەک بەخۆوە ناگرێت، هەر لە دەستپێکەوە دیارە کە کۆتاییەکی دڵخۆشکەری لێ ناخزێت، بەڵام هەر درێژەی دەدەن، بە خۆشەویستییەوە، بە ڕقەوە، بە ململانێ و کینەوە، کۆی ئەم پەیوەندییانە ئەم تێکەڵبوونەی گلان بەوانی تر، هیچ لەم ڕاستییە سادەیە کەم ناکاتەوە کە گلان تەنیایە و تەنیابوون چارەنووسی ئەوە. ئەو ڕاوچییە، کەسانی تر چەند هەوڵ بدەن ڕاوی بکەن ناتوانن، ئەو بووە بە داوی تەنیایی خۆیەوە، ئەو لەناو قەرەباڵغی و ژاوەژاویشدا ئەم هەستی تەنیاییە دەژی، ئەو لە ناخدا تەنیایە، مرۆڤەکان ژمارەن و هیچی دی.

ئەم جۆرە ژیانە، کە تۆماس گلان لە باکووری نەرویج بەسەری دەبات، بۆ ئەو دەگاتە بنبەست، لەوێ هەڵدێ، لە بەرگی سەوزی ئەفسەریدا، وەک چۆن شوێن دەگۆڕێ و دەبێت بە هیندستان، ئاواش لەمەبەدوا تۆنی گێڕانەوە دەگۆڕدرێت، کەسێکی تر دێت و هەواڵی مەرگی گلان و باقیی ژیانەکەی گلانمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو کەسە هاوڕێیەکی ئەوە، کە ساڵەکانی کۆتایی نزیکی بووە و لە ئوتێلێکی هەرزاندا پێکەوە ژیاون، وەک چۆن لە باکووری نەرویج بە هۆکاری ئافرەتەوە هەڵدێ، لێرەش بە هۆکاری “ماگییە”، کە خۆشەویستی هاوڕێکەی گلانە، هەموو شت لەبەین دەچێت، هاوڕێکەی، لە ئیرەییدا، کە دەبینێ ماگییە گلانی لەم خۆشتر دەوێ، لە خولێکی ڕاودا، بە گوللەیەک گلان دەکوژێت، دواتریش لە نووسراوی فەرمی دادگادا، بە “گوللەی وێڵ” تۆمار دەکرێت.

***

ڕۆمانی “پان” لەو ڕۆمانایە کە چەقەکەی ململانێیە، هەر ئەمەشە کە لەو “پێشەکیی یانەی کتێبی نەرویجی”دا نووسراوە: “پیاوە تەنیاکەی نێو ڕۆمانی “پان”، تۆماس گلانی ئەفسەرە. گلان داستانی کێشەکانی نێوان مرۆڤی سروشتخوا و ڕەوەند و مرۆڤی شارستان و نیشتەجێ دەگێڕێتەوە. بە واتایەکی دی، ململانێی نێوان سروشت و کولتوور دەگێڕێتەوە.” ئەم ململانێیە دەتوانرێت لە پەیوەندیدا، چ کەسەکان پێکەوە و چ سروشت لەگەڵ کەسەکان، ببینرێتەوە.

“پان” ناونیشانی ڕۆمانەکە، وەک لە هەمان پێشەکیدا هاتووە: “لە میسۆلۆجیای یۆنانیدا خواوەندی کێو و دارستان و ورووژاندنی ئارەزووە.” پەیوەندیی ئەم ناونیشانە بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە هێندە ناواخن و تۆکمەیە، کە خوێنەر سەری سووڕ دەمێنێت، کاتێک سەیری پەیوەندیی نێوان گلان ئێدڤاردا دەکەین ئەمە دەبینین، نێوان گلان و ئێڤاش بە هەمان شێوەیە، گلان و کچە شوانەکە، لە دواجاریشدا پەیوەندیی گلان و ماگییە، ئەم حەز و ئارەزووە پانتاییەکی بەرین لەم ڕۆمانەدا داگیر کردووە، هاوکات دەتوانین ئەم ورووژاندنی ئارەزووە درووتریش بخوێنینەوە: پەیوەندیی گلان بە ڕاو، سەگەکەی (ئیزۆپ)، سروشت بە گشتی و ئەو وردبوونەوەی لە باڵندە و گوڵ و درەخت، تێکڕا قامووسێک لە جەنگەڵ و دارستان پێک دەهێنن، کە لە عەشقی قووڵ و ورووژاوی گلانەوە بۆ هەریەک لەوانە سەرچاوە دەگرێت.

ڕۆمانەکە ستایشی تەنیایی پیاوێکە، کە دواجار بە تەنیایی تێدا دەچێت، تەنیاییەک کە هێندەی چێژ بە خاوەنەکەی دەبەخشێ، دوو هێندەش ترسناک و تۆقێنەرە، بۆ خوێنەری کورد، ئەم کتێبە لەو کتێبانەیە کە دەتوانێت چێژێکی بێپایانی پێ بدات، چێژێک کە ڕەنگە دەمێک بێت لە ڕۆمانێکی وا جوان وەرینەگرتبێت.

ڕۆمانی “پان” لە نووسینی کنوت هامسوون (١٨٥٩ – ١٩٥٢)، وەرگێڕانی: هاودەم ساڵح جاف، لە چاپکراوی “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ە، ساڵی ٢٠٢٣، لە چاپێکی جوان و لە درێژەی پڕۆژەی “خەڵاتی نۆبڵ”دا چاپ بووە، ئەم پڕۆژەیە ڕۆمانی ئەو نووسەرانە دەگرێتەوە کە نۆبڵیان وەرگرتووە، ئەم ڕۆمانە چوارەم ڕۆمانی ئەو پڕۆژەیە.

ناردن: