ئاوڕێک لە “کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ”ی حەمەفەریق حەسەن
ڕۆحی کۆلارەیەکی ڕەنگاوڕەنگ
ئاوڕێک لە “کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ”ی حەمەفەریق حەسەن
بەختیار حەمەسوور
هەندێک نووسەرمان هەن کە چەند دەیەیە لەگەڵمان هاتوون و بە نووسین و کتێب و ئامادەبوونیان لە چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکاندا لەگەڵمان هاوهەنگاو و هاوسەردەمن، بەوەش نا کە تەنیا بنووسن و ئامادە بن، بەڵکو هەم باش دەنووسن و هەم ئامادەبوونیشیان گوڕ و تینێکە بۆ ناوەندە ڕۆشنبیرییەکە و برەودانە بە کایەی فەرهەنگی. دیارە ئەم دیاردەیە چەند مایەی دڵخۆشییە، دوو ئەوەندەش سەلمێنەری ئەوەیە کە نووسەربوون پەیوەندیی بە تەمەن و هەڵکشانی ژمارەی ساڵەکانەوە نییە، بەڵکو لە پەیوەندییەکی تۆکمە و پتەودایە لەگەڵ ئەقڵیەتی نووسەر و بیرکردنەوەی نووسەردا، بەو واتایەی نووسەر چەند بتوانێت لە سەردەمەکەیدا بژی و لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانکارییەکان هەڵ بکات و بتوانێت بە نووسین و لە گوزەری بیرکردنەوەوە، فۆرمەلی ئەو بابەت و گرفتانە بکات کە دەبن بە کەڵکەڵە و لەبەر چاویدا ڕۆژانە ڕوو دەدەن و شیاوی ئەوەن وەک دەقێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، هاوکات لە تەنیایی و خەم و نیگەرانی مرۆڤەکانی دەوروبەری بگات، لەو گرفتە وجوودیانەی یەخەی خۆی و سەردەمەکەی دەگرن، کۆی ئەمانە کاتێک دەکەونە دەقی نووسەرەوە و دەقێکی جددی دەخولقێت، دەتوانین بڵێین ئەو نووسەرە خەریکە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمەکەی هاوتەریب دەڕوات و دەتوانێت دەنگ و ڕەنگی ئەمڕۆش بێت.
لە دنیای نووسینی کوردیدا چەند نووسەرمان بەو تاریفەی سەرەوە هەیە، کە توانیویانە نزیک بە نیو سەدە وەک نووسەر ئامادەییان هەبێت و لەگەڵ سەردەم و گۆڕانە یەک لە دوای یەکەکاندا خۆیان و بیرکردنەوە و نووسینینان بگونجێنن و قسەی شیاویان بۆ گوتن هەبێت، ئەمە بێ ئەوەی ئەم ئامادەییەیان لەسەر کوالێتیی هونەریی دەقەکان بکەوێت و شتێک پێشکەش بکەن کە دەقێکی مردوو بێت، ئەمەش دەلالەتە لە ڕادەی پێشکەوتنخوازی لە بیرکردنەوەی ئەو نووسەرانەدا، بێگومان دەتوانین ڕیزێک و لیستێک ناو لێرەدا بنووسین، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنیا لەسەر یەک ناویان دەوەستین، کە نموونەیەکی بەرزی ئەو دنیایە و بە دڵنیایی بۆ داهاتووش دەتوانێت بە هەمان ڕادە و گوڕ، بەردەوامی بە پڕۆژە ئەدەبییەکانی بدات و بە نووسراوەکانی، نەوەکانی ئایندەش بدوێنێ، ئەویش نووسەر و چیرۆکنووس مامۆستا حەمەفەریق حەسەنە.
مامۆستا حەمەفەریق حەسەن لە حەفتاکانی سەدەی بیستەوە دەنووسێت و تاکو ئێستا خەرمانێک کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، بەشێکی بەرچاو لە کتێبەکانی چیرۆکن و لەو نێوانەشدا لێکۆڵینەوە، ئەدەبیاتی منداڵان و ڕۆمان هەن، بێگومان بەشداری مامۆستا حەمەفەریق حەسەن لە زۆرێک لە کایە فەرهەنگییەکاندا بە درێژایی چەند دەیە، سەلمێنەری ڕۆحی پڕ وزە و گەنجانەبیرکردنەوەی ئەم مامۆستایەیە، دەرخەری خەمخۆری ئەم نووسەرەیە بۆ زمان و ئەدەبی کوردی، هەر ئەمەش وەک مەدالیایەکی شانازییە بۆ خودی ئەم قەڵەمە، کە بەردەوام لە بەرەی نیشتمان و خەمەکانیدا بووە چ بە نووسین چ لە سەنگەری خەبات و مامۆستایەتی و پێگەیاندندا.
چیرۆکەکانی مامۆستا حەمەفەریق حەسەن هەمیشە نزیک بوون لە گرفتەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە، سەرچاوەیان خەمەکانی تاک و نیشتمانەکەی بووە، بە تاڵی ئاوریشم چنیونی، بە زمانێکی باڵا و کوردییەکی ڕەوان، کە هیی ئەوەیە بەردەوام بۆی بگەڕێینەوە و لێیەوە فێر بین، تانوپۆی ڕستوون، دەگمەنیی کارەکانی مامۆستا حەمەفەریق حەسەن تەنیا لەوانەدا ناوەستن، بەڵکو شارەزایی ئەو لە بەگەڕخستنی هونەرەکانی چیرۆکنووسیندا دیار و بەرچاوە، ئەو دەتوانێت لە پانتایی چیرۆکێکی چەند لاپەڕەیی و بچکۆلانەدا گەمەی جوانی گێڕانەوە و تەکنیک بکات، دەتوانێت موتووربەی دوو سەردەمی لێک دوور و جیاواز، کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی چیرۆکی ئەم مامۆستایەن، بە شێوەیەکی بەرزی هونەری لێک بدات و چیرۆکێک بەرهەم بهێنێت هاوکات ئەمڕۆیی بێت و هاوکات هەناسە و بۆنی کۆنیی سەردەمە دوورەکانیش بدات.
کۆچیرۆکی “کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ” دوایین کۆمەڵەچیرۆکی مامۆستا حەمەفەریق حەسەنە، بەخششێکی نوێی ئەم نووسەرەیە بە چیرۆکی کوردی، لەم کتێبەدا بیستویەک چیرۆکی کورت هەن، هەریەک لەم چیرۆکانە دنیایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە و پێویستە خوێنەر بۆ خۆی بیانخوێنێتەوە و وێڕای چێژ و جوانیناسیی گێڕانەوە، پەی بە لایەنە هەناوەکی و ناوەڕۆکییەکانیان ببات. لێرەدا هەوڵی خوێندنەوەیەکی کورت بۆ چیرۆکێکی ناو ئەم کتێبە دەدەین، کە هاوکات بووە بە ناونیشانی کۆچیرۆکەکەش: “کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ”.
ئەم چیرۆکە ساتەوەختێکی هێجگار قەیراناوی دەگێڕێتەوە، چ وەک کات و چ وەک شوێن، خوێنەر تووشی قەیرانێک و قەلەقییەک دەکات؛ ساتی لەداردانی کوڕێک بە ناوی “باوان” لەبەر چاوی کەسوکاری، چیرۆکەکە خوێنەر نیگەران دەکات و ئەم نیگەرانییە دەتوانێت ڕستە بە ڕستەش هەڵبکێشێ، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە هونەرییەکانی ئەم چیرۆکە، کە سەروکار و ململانێ یەکی ورد و بنجی لەگەڵ دەروونی خوێنەرەکەیدا دەکات، لەوەی کە ئەوەی خەریکە بەبەر چاوییەوە ڕوو دەدات بە جۆرێک ڕابگرێ و کۆتایی پێ بهێنێت و بڵێت هەستە خەوێک بوو! بەڵام نا، چیرۆک بێبەزەییە و لەسەر ڕەوتی بێبەزەیی خۆی بەردەوامە و داوەتێک و کەرنەڤاڵێک ساز دەکات کە ئێمە تێیدا هەناسەمان چک و دڵمان تەنگ دەبێت. کارەکتەرێک لەم چیرۆکەدا دەردەکەوێت بە ناوی “فریاد”، ئەمە نوختەگۆڕانە، “فریاد” ناوەکەی لەخۆڕا نەهاتووە، فریادی ئەو کەشە قورس و تاریکەیە کە وەک خاچێک بەسەر شانی چیرۆکەکەدا دراوە، نایەڵێت تەواو بخنکێین و فریامان دەکەوێت و هەناسەیەک بەو دۆخە دەدات. “فریاد” منداڵێکە و کۆلارەی کاغەزین هەڵدەدات، دوور لەو کەس و هەنگامە و دڵتەنگییەی لە دەوری باوان وەستاون، فریاد منداڵی هەمان کۆڵانی باوانە و باوان جارێک لە جاران کۆلارەی بۆ دروست کردووە، کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ، ساڵانێک بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە و کۆلارە ڕەنگاوڕەنگەکە لای فریاد ماوە و پاراستوویەتی و ئێستا چاوەڕێیە بایەک هەڵ بکات و کۆلارە ڕەنگاوڕەنگەکەی ببات بۆ ئاسمان. چیرۆکنووس لە ڕێی چەند وردەکاری و جوانکارییەوە بەراوردێک لەو دوو دنیایەدا پێشکەش دەکات، ڕەنگە بەرزترینیان هەر ئەمە بێت: دوو ڕووداوی تەواو جیاواز لە یەک شوێن و کاتدا خەریکن ڕوو دەدەن، لە لایەک شیوەنی مەرگێکی حەتمی و لە لایەک دڵخۆشی منداڵێک بە هەڵدانی کۆلارەیەک، چیرۆکنووس بە داوێکی ناسک ئەم دوو دیمەنە لێک دەدات و چیرۆکێک دەخولقێنێت هێجگار بەرز و هونەری، ساتی ملکردنی باوان بەو گوریسەدا کە بە کرێنێکەوە هەڵواسراوە و لابردنی مێزی ژێر قاچ و جووڵەی پێیەکانی لە بۆشاییدا، ساتی هەڵدانی کۆلارە ڕەنگاوڕەنگەکەی فریادە، کە خوێنەر یەکسەر خەیاڵی بۆ ڕۆحی باوان دەچێت لەو کۆلارە ڕەنگاوڕەنگەدا بە ئاسمانەوە. ئەمە جوانکردنی مەرگ نییە، وەک چۆن بانگەشەش نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە تراژیدییەی لەبەر چاومان ڕووی دا، ئەمە ئەدەبە، چیرۆکە، ئەو ساتەیە زمانی واقیعی لە گۆ دەکەوێت و تەنیا زمانی ئەدەب و هونەرە دەتوانێت تەعبیر لەو دۆخە بکات.