دۆخی تەنگەژەی نووسین خوێندنەوەی کتێبی تراژیدیای نووسەرانی ڕووس

Loading

دۆخی تەنگەژەی نووسین

خوێندنەوەی کتێبی “تراژیدیای نووسەرانی ڕووس”

 

بەختیار حەمەسوور

 

 

نووسین لە سەردەمی دەسەڵات و حزبی دیکتاتۆردا کارێکی مەترسیدارە، مەترسیدار تا ئەو ڕادەیەی کە دەکرێت گیانی لەپێناودا بسەنرێت، ئەم ئەزموونە بۆ ئێمە و دنیای ئێمە نامۆ نییە، ئێمە لەو چەشنە ئەزموونانەمان پێشتر کردووە و لەو پێناوەشدا نووسەرانمان وێڕای ئەوەی کە ژیانیان دووچاری تەنگپێهەڵچنین و گرژیی بووەتەوە، هاوکات بەرهەمەکانیان لە چەکمەجە و دەفتەرەکاندا زیندانیی کراون و چانسی بڵاوکردنەوەیان ڕەنگە چەند دەیە دواکەوتبێت، بێگومان ئەدەبی بەرەنگاری سەرناوی ئەم جۆرە ئەدەبەیە، کە دەتوانرێت لە ڕۆژگاری خۆیدا وەک ئەدەبی قەدەغە و بڤەش ناودێر بکرێت. ئەم ئەدەبیاتە لە سەرجەم کۆمەڵگە و وڵاتە بچووک و گەورەکاندا یەخەگیری نووسەران بووەتەوە و تا لێواری مەرگ و ئەودیو مەرگیش بردوونی. بێگومان لە ئەدەبیاتی ڕووسدا ئەمە مێژووییەکی دێرین و دووری هەیە، بە گوتەی یەکێک لە نووسەرانی ئەو ئەدەبیاتە، لەوێ نووسەر لەسەر شیعر دەکوژرێت. هەر قسەکردنێک لەو ئەدەبیاتە سانسۆرکراوە، قسەکردنە سەبارەت بە سەردەمێکی قەیراناوی، سەردەمێک کە هەناسەی ئازادیی تێیدا چک و وشک کراوە، دەرفەت بۆ بڵاوکردنەوە نەماوە و هەموو لاپەڕەکان پێچراونەتەوە، ئەوەی لەم سەردەمەدا دەنگی دلێرە و دەبیسترێت و لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەکان دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، هەمان ئەو پێڕ و دەستەی نووسەرانن کە بە تەنیشت دەسەڵاتەوە قنج و قیت ڕاوەستاون و هووتاف و دروشم و ئایدیا و ئایدۆلۆژیای هەمان دەسەڵات دەگەشێننەوە و تاوی دەدەن. کە وایە بەخێر بێن بۆ سەردەمی قاتوقڕی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی بیرکردنەوە و ئازادیی نووسین.

کتێبی “تراژیدیای نووسەرانی ڕووس” لە نووسینی “د. جەودەت هۆشیار” و وەرگێڕانی وەرگێڕی بەسەلیقە و بەتوانا “سەباح ئیسماعیل”، لەو کتێبانەیە کە خولێک و گەڕێک لە مێژوو دەور دەکاتەوە لە ڕووسیا، کە تێیدا دەسەڵاتی ستالین لەوپەڕی لووتکە و ترۆپکی خۆی دایە و هەموو جموجووڵ و وشە و دەربڕینێک لەژێر تیغی چاودێری و سانسۆری دەزگایەکی ترسناک و زەبەلاحدایە و مافی بیستران سەرکوتکراوە، وشەیەک کە بۆنی نەیار و نامۆی لێ بێت و بزانرێت سووکەزەبرێک بە کۆشکی کرێملین دەگەیەنێت، نەک مافی بڵاوکردنەوەی پێ نادرێت، بەڵکو خودی نووسەرەکەشی ڕاپێچی زیندان و لێپرسینەوەیەکی تووناوتوون و پێچاوپێچ دەکرێت، کە گەڕانەوەی لەو ژوورە تاریک و ئەو ئەشکەوتە نووتەکە، نزیکە لە مەحاڵ و مەرگ. تێکڕای لاپەڕەکانی ئەم کتێبە، کە ٢٧٨ لاپەڕەن، گێڕانەوەی ئەو دۆخە ترسناکەن کە لەو خولە مێژووییەدا بەسەر نووسەرانی ڕووسدا هاتوون، نووسەرانێک کە سەروەختی ژیانی خۆیان نەیانتوانیوە چێژی ئەو داهێنانە بەرزە بکەن کە بەرهەمیان هێناوە، نووسەرانێک کە بەردەوام لە ترسی ئەوەدا بوون گاردی سوور لە دەرگای ماڵەکانیان بدەن و نەیەڵن چیرۆک و شیعر و ڕۆمان و شانۆکانیان تەواو بکەن، نووسەرانێک کە لە ناچاری بیم و ترسی گرتن و کوشتندا بە لاپەڕەی نووسراوەکانیان کوورەی ئاگردانەکانیان گەرم کردووە و ئازاری ئەو سووتانە، ڕۆحی هەڵقرچاندوون، بێئاگا لەوەی چەند دەیە پاشتر بەرهەمەکانیان وەک قەقنەس لەو ئاگردان و لە خۆڵەمێش و سووتووەوە هەڵدەستنەوە و دێنەوە و سەرلەنوێ دەخوێنرێنەوە، مەگەر یەک لە سیما دیارەکانی ناو ئەو نووسەرانە، کە هەمان “میخاییل بوڵگاکەف”ە، جارێک نەینووسیبوو: “دەستنووسەکان ناسووتێن”!؟

حەکایەتی هەریەک لەو نووسەرانەی لەم کتێبەدا باس کراون، حەکایەتی غەدر و ستەمە، حەکایەتێکە کە بەر بە ڕۆحیەتی داهێنان دەگیرێت و دەنگی زووڵاڵ و هاوئاهەنگیان کپ و ژێرپێ دەخرێت. کتێبەکە وێڕای ئەوەی کە دەورێک و خولێکی دیاریکراوی گرتووە و هەوڵ دەدات وێنایەکی گشتگیر لە ڕێی ئەو نووسەرانەوە لەو گەڕە بدات بە دەستەوە، هاوکات نووسەر بازنەی لێدوانەکەی بەرینتر لەو خولەش دەکاتەوە، بە واتایەکی تر دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کۆنتر لەو مێژووەی کتێبەکە نیشانگری کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی قەیسەر و تزار، لەپاڵ ئەوەشدا دێتە مێژووی نوێترەوە و تەنانەت چاوی لەو ئەدەبیاتە نوێیەشە کە ئەمڕۆ دەنووسرێن و دیارترین نموونەی بەرجەستەبووی ئەم قۆناغە تازەیەش خانمە نووسەری وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠١٥ “سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ”ە. کە وایە ئەم کتێبە سێ دەوران بەسەر دەکاتەوە، کۆن و ناوەند و ئێستا، بەمەش خوێنەر چەشنی وێنەیەکی پارانۆمایی دەتوانێت بەشێکی گرنگ و ترسناک لە مێژووی ئەدەبیاتی ڕووسی بزانێت و پێی ئاشنا بێت.

ئەم کتێبە ناوازەیە لەم وتار و لێکۆڵینەوە وردانە پێکهاتووە: “دەستپێک، تراژیدیای نووسەرانی ڕووس، مەکسیم گۆرگی: کۆتایی تراژیدیی نووسەرێکی مەزن، دواوشەکانی ئیزاک بابل: لێمگەڕێن با کارەکەم تەواو بکەم، ڕێگە بەرەو مەرگ و نەمری: هۆنراوە گەپجاڕییەکەی ماندڵشتام بۆ ستالین، زۆشینکۆ: تیزەجاڕی خەمبار، ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی ئیرنبۆرگ لە نێوان پاریس و مۆسکۆدا، ئانا ئاخماتۆڤا… شاژنی خودان مۆرک تراژیدی، ئەو نووسەرەی مارلین دیتریش بۆ سڵاوکردنی بە چۆکدا هات، یەڤگینی یەفتۆشینکۆ: شاعیر لە ڕووسیا لە شاعیر زیاترە، ڤاسیلی ئەکسیۆنۆڤ: پێشەنگی دامەزرێنەری ئەدەبی هاوچەرخی ڕووسی، نەوەی ونبوو لە ئەدەبی نوێی ڕووسدا: نووسەرانی لاو قوربانیی ئەدەبی گەڕێنراون، کاتێک کۆژانەکان بەرەو ئازادی پێشڕەوی ناکەن، پارادۆکسی سیمای ئەدەبیی ئێستا لە ڕووسیا و دوایین وتاریش: مەزراندنی سیاسیی ئەدەب لە ڕووسیا”یە. لە کۆی هەریەک لەم وتارانەدا، نووسەر بە شێوەیەکی ڕوون و ڕەوان پەرژاوەتە سەر ژیان و بەرهەمی ئەو نووسەرانە و لێدوان دەربارەی قۆناغەکە، باسەکان دەوڵەمەند بە نموونە لە بەرهەمی نووسەران و بۆچوونیان دەربارەی ئەدەب و ئەو دۆخە تەنگەژاوییەی کە ئەوان تێیکەوتوون، هاوکات کتێبەکە بە شێوەیەکی زۆر تایبەت لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیر دەکۆڵێتەوە، زۆر بە وردیش باس لەو ئەدەبیاتە دەکات کە بە خزمەتی دەسەڵات دەنووسرێت، لە بەرانبەریشدا ئەو ئەدەبیاتە هەیە کە دژ و ناکۆکە لەگەڵ دەسەڵات و دەسەڵاتیش هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ کە ڕێ لە بڵاوکردنەوەی بگرێت، تەنانەت ئەگەر بە لەناوچوونی نووسەرەکەشی بکەوێتەوە، لەم کتێبەدا ڕیزێک لەو ناوانە دەخوێنینەوە کە بە هۆی نووسینەکانینانەوە (شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و شانۆنامە)، تووشی گرتن و لێپێچینەوە و کوشتن هاتوون.

لە پەراوێزی ئەم کتێبەدا دەتوانین هەندێ بەراورد و پێکگرتن لە نێوان نووسەرانی ڕووس لە خولی ستالین و نووسەرانی کورد لە خولی سەدام حسێندا بکەین، دەیەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیست لووتکەی دەسەڵاتی حزبی بەعس بوو لە تەواوی عێراق و کوردستاندا، دەسەڵاتی بەعس سانسۆر و چاودێری خستبووە سەر هەموو جموجووڵ و کردارێک، بە تایبەت دنیای نووسین و بیرکردنەوە، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی ڕۆژنامەگەریی، دەبینین چەندین لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی ئەو دوو دەیە بە شانوباهۆهەڵدانی ڕژێمی بەعس و خودی سەدامدا بووە، چەندان کتێب مۆری قەدەغە (ممنوع)یان لێ دراوە و ڕێی چاپکردنیان نەدراوە، هاوکات هەر نووسینێک بۆنێکی نەناسراو و نەسازی لێ بهاتایە بە هیچ جۆرێک بڵاو نەدەکرایەوە، چەندین نووسەر لەسەر نووسین ڕاپێچی زیندان و ئەشکەنجە کراونەتەوە و ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان کەوتووەتە مەترسییەوە، تەنانەت نووسەریشمان هەیە کە لەسەر نووسینەکەی کوژراوە، خەون و هیواکان پووک و پووچەڵ کراون. لەم قۆناغەدایە کە ئەدەبی بەرەنگاریی بە چڕی سەر هەڵدەدات و شوێنی چاپیش لە شار و چاپخانە ڕەسمییەکانەوە بارگەی دەباتە شاخ و بە ئامێری ڕۆنیۆ کتێبەکان چاپ و بڵاو دەبنەوە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی بەرگری پەنابردنە بۆ ڕەمز و هێما لە دەقە نووسراوەکاندا، هاوکات نووسەران بە ناوی خوازراوەوە بەرهەمەکانیان بڵاو دەکەنەوە، ئەمانە خاڵی هاوبەشن، خاڵێکی تریش دەمێنێتەوە کە دەکەوێتە پاش کۆتایی هاتنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرانە، ئەویش دەرکەوتنی ئەدەبیاتی ژێرزەمینییە، ئەو ئەدەبیاتەی کە لە سەروەختی خۆیدا هیچ چانسێکی بڵاوکردنەوەی نەبووە، دواتر، ڕەنگە پاش چەند دەیە ئەم ئەدەبیاتە سەرلەنوێ لە شوێنە شێدار و نسرمەکاندا بدۆزرێتەوە و دووبارە ئامادەیی چاپ و بڵاوکردنەوە بکرێت. لە ئەدەبیاتی ڕووسی و ئەدەبیاتی کوردیشدا ئەو دەقە بێچانسانە زۆر بوون و پاشتر دەرفەتی چاپکردنیان بۆ ڕەخساوە. لە هەر گەل و نەتەوەیەکدا سەرکوتکاری و دەسەڵاتی تۆتالیتاری هەبێت، ئەدەبیاتی بەرگرییش دەبێت، ئەم ئەدەبیاتە هاوشانی خەباتی سەربازی و چاکداری دەڕوات، ڕەنگە نزیکترین نموونە لە ئەدەبی کوردیدا شێرکۆ بێکەس بێت، مەحاڵە باسی شۆڕشی نوێ بکەین و باز بەسەر شیعری شێرکۆ بێکەسدا بدەین.

ناردن: