ئەمە لە دێرسیم ڕووی دا کتێبێک لەبارەی چیرۆکە خوێناوییەکانەوە

Loading

ئەمە لە دێرسیم ڕووی دا

کتێبێک لەبارەی چیرۆکە خوێناوییەکانەوە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ئەمە لە دێرسیم ڕووی دا) بابەتی ئەم کتێبە مێژووییە و لە زاری قوربانییەکانەوە، چیرۆکی تراژیدی و مەرگەسات و قەتلوعامی خەڵکی سادە و سیڤلی دێرسیم دەگێڕێتەوە بە دەستی تورکەکان، لە کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابروودا، کتێبەکە لە لایەن (مونزور چەم) بە شێوەی گفتووگۆ و بەدواداچوون ئامادە کراوە، ناوبراو گەڕاوە و لە زاری بەشێک لە قوربانییەکانەوە، یان کەسانێک کە لە زاری کەسوکاریانەوە ڕووداوەکانیان بینیوە. گێڕاویەتییەوە بۆمان، ئەم کتێبە خۆی چەند گرنگە لە ئاگادارکردنەوەمان لەو قۆناغە مێژووییە و ئەو پەلامارە بەدڕفەتار و دژە مرۆڤانەیەی تورک، هێندەش گرنگە کە یەکێک لە نووسەر و وەرگێڕە ناودارەکانی کورد، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە، ئەویش مامۆستای کۆچکردوو (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل)ە، وەرگێڕێک خاوەن ئەزموونێکی گەورە و شارەزا لە زمان، کە بە هۆی وەرگێڕانەکەیەوە، وا لە خوێنەر دەکات پتر و قووڵتر ڕۆبچێتە نێو ڕووداوەکانەوە و هاوکات چیژێکی بێوێنەش لە خوێدنەوەی کتێبەکە ببینێت و ئاسانتر ئاشنا ببێت بە نهێنییەکانی ژێر بەڕەی مێژوو.

هەر وەک پرۆفیسۆر (جەبار قادر) لە پێشەکییەکی تێروتەسەل و پڕ لە وردەکاریدا ئاماژەی پێ داوە، ئەم کتێبە چیرۆکی سەدان تراژیدیایە، کە لە سەدەکانی سەدەی ڕابردودا لە دێرسیم ڕووی داوە: چیرۆک و بەسەرهاتەکان پێویستییان بە شرۆڤە و لێکدانەوە نییە و هەر هەموویان خوێنیان لێ دەچۆڕێت، ئەوەی لەم کتێبەدا دەیخوێنینەوە، دەچێتە بواری مێژووی زارەکییەوە، کە بەشێکی گرنگ و زیندووی مێژووە.

هاوکات لەم کتێبەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر بەشێکی کەمی دیمەنە خوێناوییەکانی دێرسیم، هەستی خەڵکی زۆر بزوا، تەنانەت سیاسەتمەدارێکی فێڵباز و زۆرزانی وەک ئەردۆگان، کر بەربەرەکانییەکی زۆری مافە ڕەواکانی کورد لە تورکیا و دەرەوەی تورکیاش دەکات و لە سیاسەتی ڕاونان و چەوساندنەوەی چالاکوانانی سیاسی سیاسەتمەدارانی کورد بەردەوامە و دەزانێ وتەکانی دەربارەی کوشتاری دێرسیمەوە دەبنە بەڵگەی مێژوویی و ڕەنگبێ لەسەر دەوڵەتی تورکیا زۆر بکەون.

بە گشتی کتێبەکە لە پازدە چاوپێکەوتن پێکهاتووە و لە زاری خودی قوربانییەکان، شایەتحاڵ و کەسانێک کە پێشتر ڕووداوەکانیان بۆ گێڕاونەتەوە، باس لە چیرۆکە خوێناوییەکانی ئەوێ ڕۆژێ دەکەن کە ساڵی ١٩٣٨، لە باکووری کورستان، لە دێرسیم و دەوروبەرەکەید ڕاپەڕنێک بەرپا بوو، دەوڵەتی تورکیش بەوپەڕی توندوتیژی و بێبەزەییانە، ڕاپەڕینەکە کپ دەکاتەوە و خەڵکێکی زۆری بێتاوان بوونە قوربانی: دانیشتوانی دەیان گوندیان بە کۆمەڵ کوشت، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کارەساتی وا ڕووی نەداوە، تەنیا بە قەتلوعامی ئەم سیڤلانە دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە، بەڵکو کانییان وشک کردووە و ئەشکەوتیان تێک داوە و دارستانیان سووتاندووە، تەنانەت درێغییان لە کوشتنی ئاژەڵیشدا نەکردووە.

ئێمە وەک خوێنەر لە ڕێی ئەم کتێبەوە دەگەین بەو ڕاستییەی کە دێرسیم، ناوچەیەکی شاخاوی سەختە، نە کاربەدەستانی عوسمانی و نە لە دوای ئەوانیش حکومەتی کەمالی تا ساڵی ١٩٣٨، لەو دەڤەرە دەستڕۆیشتوو و خاوەن دەسەڵات نەبوون، بونیادی خێڵەکی دانیشتوانەکەشی کۆسپێکی گەورە بوو لەبەردەم دەوڵەتدا، بۆ ئەوەی باڵادەستیی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، دێرسیمییان لە لایەکەوە کوردی زازان، کە دەمێک بوو وەکو کورد بووبوون بە ئامانجی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەوڵەت و لە لایەکی تریشەوە عەلەوی بوون، کە مێژوویەکی خوێناوییان  لەگەڵ سوڵتانە عوسمانییەکاندا هەبوو.

ئەوەی لە ڕووداو و کارەساتە تراژیدیەکەی دێرسیم زانراوە و ئەوەی لە زاری شایەتحاڵەکانەوە گەیشتووە پێمان، لە ماوەی چوار ساڵدا، ئەوەی بە بیری کەسانی خوێنڕێژدا دێت، لە دێرسیم پیادە کرا، بە هەزاران کەس کوژران و سەدان کەس بە سووتان سوتێنران، سەدان، بگرە بە هەزاران ژن دەستدرێژی کرایە سەریان، سەدان و هەزاران منداڵ بە (سونیتاق) زگی ناسکیان هەڵدڕا، سەدان گوند و ئاوایی سووتێنران و تاڵان کران.

ئەم کتێبە وەنەبێ تەنیا چیرۆکە غەمگین و خوێناوی و تراژیدییەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکو پەردەش لەسەر کۆمەڵێک بابەتی وەک خیانەت هەڵدەماڵێت، بە تایبەت بە هۆی ناکۆکیی لە نێوان خودی دانیشتوانی دێرسیمەوە، بوونەتە تاوانبار و جاسووسییان بەسەر یەکترەوە کردووە، بێگومان ئامادەکاری ئەم کتێبە لە گێرانەوە و نووسینەوەی ڕووداوەکاندا چاوپۆشی نەکردووە و جەسوورانە ناوی خیانەتکار و جاسووسەکانیشی ئاشکرا کردووە، تا بە درێژایی مێژوو بە نەفرەت بکرێن، چونکە ئەو خائینانە پێش لەشکری تورک کەوتوون و شوێنپێی هاونەتەوە و هاوزمانەکانی خۆیان بۆ ئاشکرا کردوون، بە تایبەت هاوڵاتییە سیڤلە دێرسیمییەکان کە لە ترسی مەرگ و سوپای تورک، ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ڕوویان کردووەتە دارستان و نێو ئەشکەوتەکان، بێگومان بۆ دۆزینەوە و کوشتنیان لە لایەن سوپای پڕ لە چەک و دڵڕەقی تورکەوە، خائینان شوێنەکانیان بۆ ئاشکرا کردوون.

کۆمەڵکوژیی دەرسیم، یان ڕەشەکوژیی دەرسیم، بریتییە لە کوشتاری کوردە عەلەوییەکان لە ناوچەی دەرسیم، کە ئێستا پێی دەوترێت پارێزگای تونجەلی لە باکووری کوردستان، بە دەستی دەوڵەتی تورکیاوە. ئەم کوشتارە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام درا، بە دوای شۆڕشی سەید ڕەزا، لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٧ ھاتە ئاراوە. ئەم کۆمەڵکوژییە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٣٧–١٩٣٩، بووە ھۆی کوژرانی ھەزاران کەس لە ھاوڵاتییانی شاری دێرسیم، ھێزە ئاسمانییەکانی تورکیا ڕۆڵیان ھەبوو لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە. لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١١، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، داوای لێبووردنی لەبارەی ئەم کۆمەڵکوژییە لە خەڵکی دەرسیم کرد.

کورد و زازاکان لە سەردەمی عوسمانییەکان لەژێر فەرمانڕەوایی سیستەمێکی دەربەگایەتیدا بوون و لە لایەن ئاغاکان فەرمانڕەوایی دەکران، لەو کاتەدا ئاغاکان بە جۆرێک لە جۆرەکان، نیمچە سەربەخۆییەکیان ھەبوو کە بە جۆرێک حوکمی ناوچەکەیان دەکرد، ئاغا و خاوەن زەوییەکان فەرمانڕەواییان بەسەر ئەو کەسانەدا دەکرد کە لەسەر زەوییەکانی ئەواندا دەژیان و کاریان دەکرد. سەرباری ئەوانەش لە ڕوانگەی بەڕێوبردن و سیاسەتەوە، ئەوا ھێشتا ھەرێمی دەرسیم لەژێر دەستی حکوومەتی عوسمانیدا بوو.

دوابەدوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، ھەندێ لە کورد و زازاکان لەگەڵ ئامانجەکانی ئەتاتورک و بە سێکولارکردنی وڵات ناکۆک بوون، لەوانەش شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوویدا، ھەروەھا ڕاپەرینی دەرسیم لە ١٩٣٧–١٩٣٩ کە سەرجەم ئەم شۆڕش و جووڵانەوانە، لە لایەن دەسەڵاتی سەربازیی تورکەوە سەرکوت کران.

دەرسیم یەکێک بوو لەو ھەرێمانەی کە دەسەڵاتکردن بەسەریدا دژوار بوو، لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، نێوان ساڵانی ١٨٧٦ بۆ ١٩٢٣، ئەمەش بە ھۆی دروستبوونی یانزە جۆر ھێزی چەکداری جیاواز لە دژی دەوڵەت. یاخیبوونی ئاغاکانی دەرسیم، تا سەرەتاکانی کۆماری نوێی تورکیا بەردەوام بوو. ئاغاکان لە دژی لەدەستدانی خاکەکانیان بوون، ھەروەھا ڕەتیان کردەوە باج بدەن بە دەسەڵاتی تورکیا و دژی گواستنەوەی نوێنەرایەتی شارەکە بوون لە ھەرێمەکەیاندا بۆ ئەنقەرەی پایتەخت، کە ھەموو ئەوانە پڕۆژەیەک بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی زەوی و بەرووبوومی کشتوکاڵی لە لایەن دەوڵەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ساڵی ١٩٢٦ی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەوا بەپێویست زانرا کە ھێز بەکار بھێنرێت لە دژی ئاغاکانی دەرسیم. لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٣٦، ئەتاتورک پرسی دەرسیمی بە گەورەترین کێشەی ناوخۆی وڵاتەکەی دانا.

شۆڕشی سەید ڕەزا دەرسیمی، کە حەوت ساڵ بە دوای شۆڕشی کۆماری ئاگری ھاتە ئاراوە، بە ھاوئاھەنگی ڕێبەرانی کورد کە لە (کورپیک) لەگەڵ سەید ڕەزا چاوپێکەوتنیان ئەنجام دابوو، شۆڕش دەستی پێکرد. دەوڵەتی تورکیا، ھێزێکی لە دژی ئەوان لە ناوچەکانی ئەرزنگان، ئەرزرۆم، مەلاتیە و دیاربەکر دامەزراند.

جەلال بایار، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا، عیسمەت پاشای بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکە دانا. سوپای تورک سودی لە هەموو جۆرە چەکێک وەرگرت لە دژی شۆڕشگێران، لەو کاتەدا ئاڵپ‌دۆگان بۆ سەرکوتی سەید ڕەزا ھەڵبژێردرا. ئاڵپ‌دۆگان، دوو جار شاری دەرسیم و ناوچەکانی دەوروبەری بۆردومان کرد، بە شێوەیەک کە ھاوڵاتییان بۆ چیاکان و ئەشکەوتەکان پەنایان دەبرد.

لە نموونەیەک‌دا بە فەرمانی ئاڵپ‌دۆگان، یەکێک لە ئەشکەوتەکانی کوتوزیکداغ، لە دۆڵی ئیسکۆرلا، کە ٢٥٠٠ ژن و مناڵ و پیر لە ھاوڵاتییە عەلەوییەکانی شاری دێرسیم پەنایان بۆ بردبوو، سەربازەکان ڕێگاکانی چوونە دەرەوەیان بە دینامیت تەقاندەوە و کەرەستەکانی ئاگرکەرەوەیان بۆ ناو ئەشکەوتەکە ھاویشت و لە ئاکامدا سەرجەم ھاوڵاتییانی ناو ئەشکەوتەکە بە زیندوویی سووتان و ژێرخاک کران.

ناردن: