ڕۆمانی تواوە وەک یەکەمین ئەزموونی نووسەرێکی گەورە
ڕۆمانی تواوە
وەک یەکەمین ئەزموونی نووسەرێکی گەورە
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەو ئەدەبەی بە قووڵی و چڕی، هونەریانە و بە تەکنیکی بەرز کار لەناو پنت و پانتایی ڕووبەرێکی فراوانی ژیانی کۆمەڵایەتی و واقیعدا دەکات، ئەدەبێکە توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی بچێتە پێشەوە و زەمەن و سەردەمەکان بە ئاسانی ببڕێت، بێگومان لە دونیای ئەدەبیاتدا نموونەگەلێکی ئەوتۆ لەبەردەستدان کە ئەم جۆرە ئەدەبە بە شێوەیەکی واقیعیانە ڕەسمی ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کولتوورییەکانی کێشاوە، بێ ئەوەی لە ئاستە هونەری و فەنتازی و ئیبداعییەکەی دابەزێت، بەڵام ڕەنگە ئەدەبی فارسی لەم بوارەدا دەرفەتی ئەوەمان پێ ببەخشێت وەک یەکێک لە نموونە بەرجەستەکان بدوێین، نموونەی ئەدەب و تێکستگەلێک کە خوێنەر بە گەرمیی وابەستە دەکات بە خۆیەوە، ئاشنای دەکات بە ڕووداو، جوگرافیا، باری سیاسی و کێشە و سیستمە دیکتاتۆری و پۆلیسییەکان، بە تایبەت ئەگەر ڕووداوەکان لەنێو فەزای تۆقێنەری زینداندا بن.
ڕۆمانی (توانەوە)ی گەورە نووسەری ئێرانی (عەباس مەعروفی) کە خاتو (ڤیدا قادری) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوە و دەزگای چاپ و پاخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، نموونەیەکی بەرجەستەیە لە ئیشکردنی نووسەر لەسەر کێشەی سیاسی و سیستەمی حکومڕانی، کە بە درێژایی مێژوو کاریان لەسەر بێدەنگ کردنی دەنگی ئازد و ئازا و سەربەخۆ، یاخود موخالیفی بیروباوەڕی زاڵی هەم کۆمەڵگا و هەم دەسەڵاتدارێتی کردووە، چ بە ئاشکرا، چ بە نهێنی، هاوکات وێنای دەسەڵاتێکی ترسنۆکمان بۆ دەکێشێت کە بە هۆی بوونی گومان، یاخود دەملێدانیکی هەڵەوە، چۆن ژیانی مرۆڤێک سەرلەبەر وێران دەکەن ناوکیان بە هەر جووڵە و هەنگاوێک دەکەوێت کە ڕێگاکەی دوور بێت لە ڕێگاکەی ئەوان، چۆن لە زینداندا دایدەڕزێنن و لە مرۆڤبوونی دەخەن، چۆن دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی، ڕەفتاری نەشیاوی لەگەڵدا دەکەن و تووشی جۆرەها نەخۆشیی دەروونی دەکەن، دواجاریش کاتێک بۆیان دەردەکەوێت ئەو کەسە بێگوناهە و دوورە لەو گومان و بوختانەی بۆیان هەڵبەستووە، بە وشەیەکی سادەی وەک (داوای لێبوردن) پاش چەندین ساڵ زیندانی کردنی لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا، وەک پارچە مەقەبایەک دەیبەنەوە بۆ بەردەرگای ماڵەکەی و پێی دەڵێن: ببورە تۆ ئەم ماوە زۆرە بە هەڵە گیراویت.
لە ڕۆمانی (تواوە)دا، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە چیرۆکی غەمناک و تراژیدیای کەسێک بە ناوی (ئەسفاری) پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە نووسەر و مامۆستایە، ناوبانگی نووسەری و بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە هەموو لایەکی وڵاتدا بڵاو بووەتەوە، لە بواری نووسینی کورتەچیرۆکدا خاوەنی خەیاڵ و تەکنیک و ئاستێکی هونەریی بەرزە، خێزاندارە و خاوەنی ژنێکی هونەرمەند و دوو کچە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی یەکێک لە کچەکانیدا، چەند پەیکانێکی پڕ لە پۆلیس چاودێریی ماڵەکەی دەکەن، پاشان دەدەن بەسەریاندا و بە قۆڵبەستکراوی ڕاپێچی زیندانی دەکەن، هەڕەشە لە هاوسەرەکەشی دەکەن کە بۆی نییە بەدواداچوون بۆ مێردە دەستگیرکراوەکەی بکات و هەر کەسێکیش هەواڵی پرسی، دەبێت پێیان بڵێت مێردەکەی لە سەفەرە، نەک زیندان.
ئەسفاری، لە ماوەی سێ ساڵ مانەوەی لە زینداندا، گەلێ ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرێت، خوێنەر هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا تێدەگات کە تکەتکی ئاو بەسەر جەستە و سەر و کەللەی ئەسفاریدا، یەکێکە لە سزا سەختەکانە کە مێشک و دەروونی وێران دەکەن و دەیخەنە حاڵەتێکی مرۆیی نائاساییەوە، ئەشکەنجە جۆراوجۆرەکان بەردەوامن و مەئموور و لێکۆڵیار و جەللادانی زیندان، هەموو شێوازێکی دڕندانە دەخەنە کار، بۆ ئەوەی ئەفساری، ددان بە تاوانێکدا بنێت کە نەیکردووە، هەندێک زانیاریی سیاسیی بدرکێنێت کە هەرگیز ئاگاداریان نییە و هیچ زانیارییەکی لەسەریان نییە، سووربوونی ئەم کاراکتەرە لەسەر نەدرکاندنی هیچ زانیارییەک، پەیوەندیی بەوەوە نییە کە کەسێکی قارەمانە و لەپێناو بیروباوەڕەکەیدا ددان بە خۆیدا دەگرێت، بەڵکو ڕێک پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەم هەر بەڕاستی هیچ زانیارییەکی نییە و ئەو تۆمەتەی کە لەسەری دەستگیریان کردووە، گوایە سەر بە (ڕێکخراوێکی سیاسیی ئاژاوەگێڕە) دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت زانیارییان لەسەر کەسێک پێ بڵێت بە ناوی (ئازاد) بەبێ ئەوەی ئەم هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو کەسە هەبێت.
ئەفساری بەو پێیەی چیرۆکنووسێکی سەرکەوتووە، لەگەڵ دۆخەکەدا بە داڕشتنی چیرۆکی جۆراوجۆر لەسەر کەسایەتی (ئازاد) دەکەوێتە هۆنینەوە و هەر جارە و بە شێوازێک، چیرۆکێک بۆ ژیانی (ئازاد) دادەتاشێت لەلای مەئمور و لێکۆڵەرەوەکان، جارێک وەک بەرپرسی ڕێکخراوێکی چەپ، جارێک وەک تیرۆریست و جارێکی تر لە بەرگ و فۆرمی قەشەدا دەیناسێنێت، بەم شێوەیە و وەک (هەزار و یەک شەوە) بە هۆی گێڕانەوەی چیرۆکەوە لەسەر ژیانی (ئازاد) کە هەمووی بەرهەمی خەیاڵ و داهێنراوی بیرکردنەوەی خۆیەتی، درێژە بە ژیان و ئەو دۆخە دەدات لە تێیدایە.
پاش چەند ساڵێک کە بە داوای لێبوردنەوە، بە تێکشکاوی و تێکچوونی جەستەیی و دەروونییەوە دەیبەنەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، ژنەکەی ڕاستەوخۆ دەیباتە ژوورە تایبەتەکەیەوە، ئەو ژوورەی تیایدا دەینووسی، دەیخوێندەوە و بیری دەکردەوە، لەوێ دەبینێت ژنە هونەرمەندەکەی لە غیابی ئەو چەند ساڵەی دووری و نادیاریی مێردەکەیدا، پەیکەرێکی هێندەی قەبارەی خۆی بۆ دروست کردووە،پەیکەرێک کە لەسەر کورسیی پشت مێزەکەی دانیشتووە و شت دەنووسێت، ئیدی ژنەکە بۆ لەمەودوا دەبێت ڕۆژانە خواردن بکات بە دەمی دوو پەیکەرەوە، ئەو پەیکەرەی بۆ مێردەکەی دروستی کردووە، لەگەڵ خودی مێردە ڕاستەقینەکەی، کە وەک کۆتەڵێک، بێ گیان و بێ زمان و جووڵە هێناویانەتەوە بۆ ناو خێزانەکەی.
بێگومان ئەم ڕۆمانە، لە هەوڵە بەراییەکانی ئەزموونی نووسەرن و پاش چەندین ساڵ لە تاراوگەنشینی و جێهێشتنی ئێران، لە ڕێی دایکییەوە کۆمەڵێک دەستنووسی پێ دەگاتەوە، یەکێک لەو دەستنووسانە ئەم ڕۆمانەیە، وەک خۆیشی ئاماژەی پێ داوە، سەرەتا ڕۆمانەکەی ناو ناوە (تەپڵی گەورە لەژێر قاچی چەپدا) بەڵام بێ ئەوەی ناوی بەرێت، باس لە دەرهێنەرێکی سینەمایی دەکات کە ئەم ناونیشانەی کردووە بە ناوی فیلمێک، ئەمیش ناچار بووە ناوی ڕۆمانەکەی بکات بە (تواوە) کە ڕێک لەگەڵ فەزای ڕۆمانەکە و ڕووداوەکان و ژیانی کارەساتباری کارەکتەرەکەیدا دەگونجێت، کاتێک لەژێر ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەکاندا، خەیاڵ و جەستە و هۆش و گۆشی بەیەکجاری دەتوێنەوە.
ئەم نووسەرە ناودارە فارسە، خۆی لە نووسینێکیدا سەبارەت بە ژیانی لە تاراوگەدا دەڵێت: جارێکیان له شاری “کۆڵن”ه وه، بهرهو “دۆڕن” کهوتمه ڕێ و سهرم له شارێکی نائاشنای بهلجیک ههڵێنا. شهو بوو و من ههرچییهکم دهکرد که بگهڕێمهوه، نهدهکرا… له شارێکی دیکهی بهلجیکاوه خۆم دهبینییهوه. به دهوری خۆمدا دهخولامهوه و گێژ بووبووم. نیوهشهو بوو که توانیم جادهکه بدۆزمهوه و بگهڕێمهوه. ههر لهو ڕۆژانهدا بوو، که بۆم دهرکهوت جیاوازییهکی گهوره له نێوان ڕوانینی کۆچهرهکان و پهنابهراندا بهرامبهر به ژینگهکهیان ههیه. نهمدهتوانی لهگهڵ سروشت و شاره تازهکهمدا پێوهندییهکی سۆزدارییانه بهرقهرار بکهم. ههمیشه پرسیارێک له زهینمدا دادهگیرسا: من چۆن فڕێ دراومهته ئێره؟ به تایبهت ئهو کاتانهی که له خهو ههڵدهستام.
ههر لهو سهرهتای هاتنمهوه بۆ ئهڵمانیا، پهند و ئامۆژگارییهکان دهستیان پێ کرد: دانیشه و ڕۆمانهکهت بنووسه. بهڵام من ههمیشه کهسێکی سهرکێش بووم. ههرگیز له ژیانمدا به قسهی کهسم نهکردووه. ههمیشه کاری خۆم کردووه، خۆم ههڵهم کردووه، خۆم بهرههمێکم پێک هێناوه، خۆم کهوتووم و خۆیشم ههستاومهتهوه. دۆستهکانم له ڕووی خۆشهویستییهوه پڕکێشییان دهکرد و ناحهزانیش به ڕاوبۆچوونه سنوورخوازهكانیان ئاگاداریان دهکردمهوه که پێ نهخهمه جهغزی ئهوانهوه و ههموو به یهکدهنگ ئامۆژگاریان دهکردم که: ئازیزم! دابنیشه و ڕۆمانهکهت بنووسه.
شایانی باسە (عەباس مەعروفی) لە تاران لە دایک بووە، خوێندنی لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران لە بواری هونەرە دراماتیکیەکاندا تەواو کردووە و ماوەی ١١ ساڵ لە خوێندنگا دواناوەندییەکانی تاراندا وانەی “ئەدەبیات”ی وتووەتەوە .
یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناوی (بەرامبەر بە هەتاو) لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا لە تاران بڵاوکردووەتە، لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی گۆڤاری ئەدەبی (گەردوون)ی دەرکرد و بە تەواوی و زۆر چالاکانە دەستی کرد بە کارکردن لەو بڵاوکراوە ئەدەبییەدا. وەک دەگوترێت “ستایل و شێوازی ئەو لەم گۆڤارەدا، لەگەڵ بەرژەوەندییەکان و دڵخوازییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێراندا هاوسەنگ و تەبای نەبوو، بۆیە کەوتە ژێر فشاری بەردەوام و سەرەنجام دادگایی کرا و گۆڤارەکە داخرا.”
مەعروفی لە دوای داخرانی گۆڤاری گەردوون، ناچار وڵاتی بەجێ هێشت و بۆ ئاڵمانیا رۆشت، بۆ بەڕیوە بردنی ژیانی، دەستی دایە کارگەلێکی تر وەکو “بەڕێوەبەری هۆتێل” و دواتر کردنەوەی “ماڵی هونەر و ئەدەبیاتی هیدایەت” لە شەقامی کانتی بێرلین، کە کتێبفرۆشییەکی گەورە بوو، لەوێ دەستی کرد بە فرۆشتنی کتێب و هەر لەوێش خولی فێرکاری چیرۆکنووسیی دامەزراند. بەداخەوە لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و ئەم بەرهەمانەی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە کە بریتین لە کۆمەڵێکی بابەتی وەک ڕۆمان، چیرۆک، شانۆنامە.
ساڵی ئاشووب، پەیکەری فەرهاد، سەمفۆنیای مردووەکان، فەرەیدوون سێ کوڕی هەبوو، زۆر تایبەت، لە بەرامبەر هەتاودا، عەتری یاس، ئەو شەست هەزارە ئەو شەست کەسە، مەندۆڵی بیرەوەریەکانی ئێمە… و چەندین کتێبی دیکە.