ژیاننامە لە ڕێی دیالۆگەوە خوێندنەوەی “ئەڵماس و خۆڵەمێش؛ میخائیل باختین لە گفتوگۆیەکدا”
ژیاننامە لە ڕێی دیالۆگەوە
خوێندنەوەی “ئەڵماس و خۆڵەمێش؛ میخائیل باختین لە گفتوگۆیەکدا”
بەختیار حەمەسوور
هونەری گفتوگۆ یەکێکە لە هونەرە تایبەتەکان، کە کەسی پرسیارساز دەتوانێت نووسەر یان هونەرمەند بدوێنێت، بە جۆرێک کە بەشێکی بەرچاو لە دیدگا و ڕوانی ئەو کەسە بۆ نووسین و هونەرەکەی بزانین، هاوکات خودی گفتوگۆکەش بە ئاراستەیەکدا ببرێت کە شێوە بیرەوەریی و ژیاننامەیەک لە نووسەر یان هونەرمەند بە دەستەوە بدات. ئەمڕۆ لەنێو پانتایی هونەر و ئەدەبی کوردیدا کەسانێک (کە بە ژمارە کەمیش نین) وەک ڕۆژنامونووسی ئەدەبی و هونەری خۆیان ناساندووە و هاتوونەتە کایەکەوە، ئەمە تا ئێرە هیچ گرفتێک نییە و بەڵکو ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییش پێویستی بەم جۆرە کەسانە هەیە، بەڵام کاتێک بەرهەمی گفتوگۆ و لێدوانی ئەم کەسانە دەخوێنینەوە و دەبیستین، تووشی نائومێدی دەبین، بێگومان ناکرێت ئەمە بگشتێنرێت و بڵێین هەموو بەو جۆرەن، بەڵام بەشێکی زۆریان وان و ئەمەش دۆخێکی ناساز و نەخوازراوی لێ بەرهەم هاتووە، ئەم کەسانە بێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لە ئیتیک و کاری ڕۆژنامەنووسیدا هەبێت دەستیان داوەتە وەها کارێک و پەیتا پەیتا لەگەڵ ئەم نووسەر و ئەو هونەرمەند دیدار ساز دەکەن، پرسیارەکانیان کۆمەڵێک پرسیاری کڵێشەیی و سواون، کە دەتوانن بەرەو ڕووی هەموو کەسێک بکرێنەوە، لەو چەشنە پرسیارانە نین کە نووسەران و هونەرمەندان بخەنە دۆخێکەوە کە وەڵامی جددی و بۆچوونی هەمەچەشن بخەنە ڕوو، کێشەکەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم بە ناو ڕۆژنامەنووسانە هیچ ئاگاییەکیان لە دنیای نووسین و کاری ئەو نووسەر و هونەرمەندانە نییە، هیچ بەرهەمێکیان نەخوێندوونەتەوە و نەبینیون و نەبیستوون، بەڵکو وەک گوتمان بەناو کەوتوون و وەک ڕایکردنی کارێک بۆ پڕکردنەوەی لاپەڕە یان گۆشەی ڕۆژنامە و گۆڤارێک ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن و هیچی تر. لێرەدا لەناو ئەو پاشاگەردانییەی یەخەی ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی و ناوەندەکەی گرتووە، ڕەنگە جێی خۆی بێت ئاماژە بۆ ناوێکی درەوشاوە بکەین کە ساڵانێکە لەو بوارەدا کار دەکات و جێپەنجەی دیارە، ئەویش نووسەر و ڕەخنەگر “ئازاد عەبدولواحید”ە، ئازاد عەبدولواحید سەرنووسەری گۆڤاری “ڕامان”ە و ساڵانێکە بە نووسین و دیدار خزمەت بە ڕۆشنبیریی کوردی دەکات، بە تایبەت ئەگەر لەنگەرێک لەسەر ئەو دیدارە بەرفراوانانە بگرین کە لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندانی کورددا کردوونی، لەو پرسیارە ورد و شارەزایانەوە کە ئاراستەی هەریەکەیانی دەکات، تێدەگەین کە ئازاد عەبدولواحید نموونەی ڕۆشنبیرێکی شارەزاییە لە ڕێکخستن و ئامادەکردن و دواندنی نووسەران و هونەرمەندان، ئەو هەر تەنیا لەسەر ئەو پرسانە ناوەستێت کە ئەو نووسەر یان هونەرمەندە پێی ناسراوە، بەڵکو بە خوێندنەوەی سەرجەمی پرسیار و وەڵامەکان تێدەگەین کە ئەو مەبەستێکی قووڵتر و دوورتری لەوە هەیە؛ ئەویش کێشانی هێڵێکی پانۆراماییە لە ژیانی ئەو نووسەر یان هونەرمەندە لە سەرجەم وێستگەکانی ژیانیدا، لە منداڵییەوە تاکو ئەو تەمەن و ساتەی گفتوگۆکەی لەگەڵدا ساز کراوە. ئازاد عەبدولواحید نموونەیەکی سەرکەوتووی ناو هەڤپەیڤینی کوردییە، کە لە هونەری پرسیارسازیدا هێند بەسەلیقە و شارەزایە، دەکرێت هەموو ئەو کەسانەی لەو کایەدا کار دەکەن، سوودی لێ ببینین.
ئەمەی سەرەوە بە خاتری ئەوە بوو کە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە بکەینەوە: “ئەڵماس و خۆڵەمێش؛ میخائیل باختین لە گفتوگۆیەکدا”، ئەم کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە، نووسەر و مامۆستای زانکۆ ” ڤیکتۆر دوڤاکین” لەگەڵ باختین سازی کردووە، کتێبەکە لە لایەن وەرگێڕی بەئەزموون “بورهان عەتار”ەوە لە عەرەبییەوە کراوە بە کوردی و “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” لە چاپێکی ناوازەدا ساڵی ٢٠٢٣ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە گفتوگۆیەکی درێژە لە دووتوێی ٤٠٠ لاپەڕەدا، لەو گفتوگۆ سەرپێیانە نییە کە لەگەڵ نووسەرێکدا دەکرێن، بەڵکو ئەمە گفتوگۆی تەمەنە، شۆڕبوونەوەیە بۆ یادگارییەکانی منداڵی، بۆ ساتەوەختی ئاسایی و کاریگەر، بۆ ژیانی ئەوانی تر و سەفەر بەناو دنیای ئەفسووناوی داهێناندا.
کتێبەکە بە سێ گوتە، کە دەکرێ وەک سێ دەروازە بخوێنرێنەوە، دەست پێ دەکات، یەکەمیان بە ناوی “مەینەتییەکانی ڕۆژگار، لە نووسینی: س. ج. بۆجارۆڤ”، دووەمیان بە ناوی “ڤیکتۆر دوڤاکینی نەمر، لە نووسینی: ف. ف. ڕازدیشیڤسکی” و سێیەمیان “پەیڤی پەخشکاران”ە. هەریەک لەم سێ پێشەکییە خوێنەر بەرەو لایەنێکی کتێبەکە دەبەن و ئامادەی دەکەن بۆ بەشە سەرەکییەکانی پاشتر، بە واتایەکی تر؛ بەرچاوڕوونییەکی پێویست بۆ خوێنەری کتێبەکە دەڕەخسێنن کە دواتر باشتر بتوانێت سەرەداوەکان پێکەوە گرێ بدات و بزانێت لە کوێدا وەستاوە و بەرەو کوێ دەڕوات. ئەم سێ پێشەکییە وەک سێ کلیل وان کە هەریەکەیان دەرگایەک دەکاتەوە، بەوەش خوێنەر دەڕواتە ئەو پانتاییەوە کە ژیانی میخائیل باختینە. دوابەدوای ئەم پێشەکیانە “وتووێژەکان” دێن، وتووێژەکان بە شەش بەش کراون، کە هەریەکە و لە کاتێکی جیادان، بەڵام لە هەموویاندا تەوەرەکە ژیاننامەی میخائیل باختینە، دابەشکارییەکە بەم جۆرەیە: “وتووێژی یەکەم/ ٢٢ی شوباتی ١٩٧٣”، “وتووێژی دووەم/ ١ی ئاداری ١٩٧٣”، “وتووێژی سێیەم/ ٨ی مایسی ١٩٧٣”، “وتووێژی چوارەم/ ١٥ی ئاداری ١٩٧٣”، “وتووێژی پێنجەم/ ٢٢ی ئاداری ١٩٧٣” و “وتووێژی شەشەم/ ٢٢ی مارتی ١٩٧٣”. لە کۆتایی هەریەک لەو وتووێژانەشدا پەراوێزی گرنگ و پێویست بۆ ڕووداو و کەسێتییەکان نووسراون. لەم گفتوگۆ هەناسە درێژ و خاوانەدا، ورد ورد بەسەر وێستگە سەرەکی و لاوەکییەکانی ژیان و دەوربەری باختیندا شۆڕ دەبنەوە، دەتوانین بڵێین لە مێژووی بنەماڵەوە دەست پێ دەکات و بە ساڵانی منداڵی و مێرمنداڵی و گەنجی و پیری باختیندا گەشتێکی هەنگاو بە هەنگاو دەکەن، ئەگەرچی باختین (١٨٩٥ – ١٩٧٥) لەم گفتوگۆیانەدا پیر بووە و بیرەوەری وەک پێویست یارمەتی نادات، بەڵام ڕووداوە گرنگەکان هێشتا نەقشی یادگەیین و ئەویش بەوپەڕی ئارامییەوە لە بەردەم دوڤاکیندا بەیادیان دەهێنێتەوە و لێیان دەدوێت. دوڤاکین وەک لێکۆڵەرێک و شارەزایەک لە ساڵەکانی ژیان و بەرهەمی باختین، لەپێناو وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرادا، دەزانێت کام پرسیار ئاراستە بکات، باختینیش دوور لەو پیاوە میتۆدیک و وشکەی لەنێو بەرهەمە ڕەخنەییەکانیدا ناسراوە، وەک کەسێکی ئاسایی دەدوێ و بەوەش کۆمەڵێک لایەنی پەنهان و پەیپێنەبراو، ئاشکرا دەبێت. گومانی تێدا نییە میخائیل باختین یەک لە ڕەخنەگرە هەرە دیارەکانی سەدەی بیستە لە ڕووسیا و تەواوی جیهان، “فرەدەنگی لە ڕۆماندا” یەک لە کەشفە ناوازەکانی باختینە، کە بۆ یەکەم لە ڕۆمانەکانی دیستۆیڤسکیدا پەی پێ دەبات و دواتریش وەک میتۆدێکی ڕەخنەیی دەیچەسپێنێت، بە ئێستاشەوە “فرەدەنگی” لە گێڕانەوەدا وەک چەمکێکی ڕەخنەیی دەکار دەکرێت و بە گەڕانەوە بۆ باختین و تیۆرەکانی، دەقی گێڕانەوەی پێ دەخوێنرێتەوە، ئەمە لەپاڵ چەندان پێشنیاری دیکەی ڕەخنەیی، کە داهێنەرەکەیان باختینە.
سەبارەت بە ڤیکتۆر دوڤاکین، نووسەر و مامۆستا و ئەکادیمیک، عاشقی مایاکۆڤسکی و شیعرەکانی، کە چەندین جار دەربارەی ڕۆڵ و پێگەی مایاکۆڤسکی نووسیویەتی، بە کتێب و وتار و لیکۆڵینەوە، بە گوتەی ستانیسلاڤ؛ “دوڤاکین موریدی ڕاستەقینەی مایاکۆڤسکییە.” دوای ئەوەی دوڤاکین لە زانکۆ دوور دەخرێیەوە، دواتر بانگهێشت دەکرێتەوە تاکو بچێت گفتوگۆ لەگەڵ بیرمەندان و نووسەرانی بەساڵاچوو تۆمار بکات، لەم کارەدا پانزە ساڵ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا توانیی زۆرێک لە یادەوەریی ئەو کەسانە لە چنگی بیرچوونەوە ڕزگار بکات، بێگومان یەک لەوان میخائیل باختینە. باختین هیچ کات بیرەوەریی خۆی نەنووسیوتەوە، سەرەتای کتێبەکەش بەم دیالۆگە دەست پێ دەکات: “-نیازت نییە یادەوەرییەکانت بنووسیتەوە؟ -نەخێر… نیازم نییە.” پرسیارەکە هیی ڤیکتۆر دوڤاکینە و وەڵامەکەش هیی میخائیل باختین. نەڵام خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەو شەش دیدارە تێروتەسەلە، دەتوانێت باشترین بیرەوەریی باختین بخوێنێتەوە و شارەزایی ئینج بە ئینجی ژیانی ئەو نووسەرە مەزنە ببێت.
دوو بەشی کۆتایی کتێبەکە، دەتوانن ببنە دوو پاشەکی، یەکەمیان بە ناوی “باختین لە وتووێژێکی زیندوودا، لە نووسینی ڤادیم کوچینوڤ”، ئەم وتارە هەستێکی ناسکە دەبارەی کتێبەکە، هاوکات بە وردی کۆمەڵێک خاڵ دەربارەی تێکڕای گفتوگۆکە دەخاتە ڕوو، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتنی هەندێ پرسی گرنگ سەبارەت بە ڕوانین و بۆچوونی هەردوو نووسەر باختین و دوڤاکین. دوایین بەشیش “تۆمارێکی زەمەنی بۆ ژیانی میخائیل میخائیلوڤیچ باختین و کارەکان”ە، لێرەشدا بە کورتی و چڕی، ژیان و بەرهەمی باختین لە بەرانبەر ساڵەکاندا تۆمار کراوە و بە شێوەیەکی ڕوون ئەو هێڵکارییە خراوەتە ڕوو. کتێبەکە لەگەڵ ئەوەی بە قەوارە گەورەیە و ڕستەکان ورد و درێژن، بەڵام چێژەکەیان هێندە تایبەتە کە خوێنەر ماندوو ناکەن و لەگەڵ خۆیدا تاکو دوایین دێڕەکان دەیبەن. جیا لە هەموو ئەوانەش ژیانی سادەی بیرمەند و ڕەخنەگرێک دەزانرێت کە کۆڵەگەیەکی گرنگی ڕەخنەی جیهانییە، کە بۆ خوێنەران ئەو ژیانە هەمیشە لەپشت دەقە میتۆد و ڕەخنەییەکانەوە دەشارێتەوە و نابینرێت، یان وەک عەیبەکە ئەگەر باس لەو ژیانە ڕۆتین و سادە و ڕۆژانەییە بکرێت، لە کاتێکدا تێکڕای ئەوانە پێکەوە کار دەکەن و کەسێتیی ئەو نووسەرە دادەڕێژن و پێکی دەهێنن، باختین لەم کتێبەدا بە سادەیی ئەو دیوەی خۆی بەیان دەکات و بێ ئەوەی بشڵێت، دەڵێت: “ئەمە هەموو منم!”