باوکی ناو یادداشتەکان- خوێندنەوەی “ساڵێک لەگەڵ کیژۆڵەکەم”

Loading

باوکی ناو یادداشتەکان

خوێندنەوەی “ساڵێک لەگەڵ کیژۆڵەکەم”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٨دا، دوای شەش ساڵ پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ‘لیسا’ی هاوڕێمدا، کچێکی قژڕەشی چاوشین، هاتە ژیانمانەوە. لەدایکبوونی ئەو کۆرپەیە هەموو ڕەوشی ژیانمانی لە بنەڕەتەوە گۆڕی، لەپڕ خۆمانمان لە بارودۆخێکی جودای ژیانی ڕۆژانەماندا بینییەوە. بۆ یەکەم جار هەستم بە لێپرسراوی بەرامبەر بە ژیانی کەسێکی تر کرد، کەسێک بەبێ یارمەتی من، بەبێ پەروەردەکردن و بەدەنگەوەهاتنی من و دایکی، هەرگیز ناتوانێت بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات” ئەمە “سەرەتایەک”ە بۆ ئەو کتێبەی شانۆکار “دانا ڕەئووف”، کە ساڵانێکی دوورودرێژە لە بواری شانۆدا، بە نووسین، وەرگێڕان و چالاکی شانۆیی سەرقاڵە و لەو کایەدا، جێپەنجەی دیارە. ئەم کتێبەی دانا کتێبەکە لە دەرەوەی ئەو دنیایە، کتێبە دەچێتە خانەی “یادداشتی ڕۆژانە”وە، بەڵام نەک ئەو یادداشتانەی باون و هەن، بەڵکو بە جۆرێکی ترە و لە درێژەی ئەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەو جیاوازییە دەربخەین.

وەک بە ناوەکەیڕا دیارە، ئەزموونی ساڵی باوکێکە لەگەڵ کیژۆڵەکەی، ساڵێکی جیاواز لە هەموو ئەو ساڵانەی باوکەکە پێشتر تێیپەڕاندوون، با سەرەتا ئەم کیژۆڵەیە بناسین: “کچەکەمان ناو نا (دالیا): ناوێکی کوردی، لە هەمان کاتدا سوێدی و ئینگلیزی و ئاسان بۆ سەر زمان تێگەیشتن.” ئەم کتێبە سەلمێنەری خاڵێکی جەوهەریی نێوان دایک و باوکێکە، کە ئەم خاڵە خاڵێکی پەروەردەییە و پێویستە لە هەموو دایک و باوکەکاندا هەبێت سەبارەت بە منداڵەکانیان، ئەویش لەو دابەشکارییە پەروەردەییەیە کە هەریەک لە دایک و باوک لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن و کاتی خۆیان دەبەخشن بە منداڵەکەیان. “من و لیسا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتین، کە هەریەکەمان ساڵێک لە ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی دالیا، تا تەمەنی دەگاتە دوو ساڵی، تەرخان بکات، ئینجا بچێتە باخچەی ساوایان، ئێمە هەردووکمان لەو بڕوایەدا بووین کە دالیا، ئەو منداڵە ساوایەی هێشتا ناتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و قسە بکات، نەک هەر بەشێکی گرینگە لە پێوەندییەکەمان، بەڵکو بووەتە خودی پێوەندییەکەمان. بوون بە (فەرزەندە)یش شوناسی ژیانمان دەگۆڕێت و دەبێت کار بۆ ئەو شوناسە نوێیەی ژیانمان بکەین.” لێرەوە ساڵی یەکەم دایک لەگەڵ دالیا دەبێت و ساڵی دووەم باوک دەست لە کار هەڵدەگرێ و بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ لای دالیای کچی، ئەم کتێبە بەرهەمی ئەو ساڵەی پێکەوەیی نێوان باوک و کیژۆڵەکەیەتی، وەک خۆی دەنووسێت: “ئەم یادداشتانە بەشێکن لەو گەشتە، ئەم نووسینە بەشێکە لە من لە دەرەوەی شانۆوە، لە دەرەوەی خەون و هیوا هونەرییەکانمەوە، تەنانەت لە دەرەوەی کەسایەتیشمەوە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک نووسینێکە لە ناوەوەی خۆمدا، لە هەستێکی قووڵی ئاگاییمەوە، کە بە هەموو شێوەیەک بۆتە بەشێکی گرینگی ژیانم لەناو شانۆ و نووسین و خەون و هیواکانمەوە.”

یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوە و جیاوازەکانی ئەم کتێبە، یاخود بڵێین ئەم یادداشتانە لەگەڵ ئەو یادداشتانەی بڵاو دەبنەوە، ئەمەیە: نووسەری ئەم کتێبە نیگای چاوی بۆ ئاستی منداڵێک دادەبەزێنێت، شتانێک دەبینێت کە تەنیا منداڵ دەتوانێت بیانبینێت، تەنانەت شتانێک دەکات و دەڵێت کە دیسان هیی منداڵێکن و تەنیا بۆ منداڵێک ڕەوایە وەها بجووڵێتەوە. ئەم کتێبە دەرخەری ئەوەیە کە چۆن گەورەیەک منداڵیی ناخی دەپارێزێت، هاوکات دەتوانێت لەگەڵ منداڵێکدا ژیانی هاوئاست بکاتەوە و لە هەموو ئەو خواست و ویستە منداڵانەیە بگات کە منداڵێک هەیەتی. لە گوزەری ئەم ڕۆژانەیادداشتانەوە تێدەگەین کە باوکێک چ هەستێکی خۆشی هەیە کاتێک دەبینێت منداڵەکەی دڵخۆشە و پێدەکەنێت، یاخود چ هەستێکی نیگەرانانە و پەرێشانی هەیە کاتێک دەبینێت منداڵەکەی نەخۆشە و دەگری، ئەم هەستانە هەستگەلێکن کە سنوورکێشی ژیانی باوکێک دەکەن، دەبنە ئەو دنیای ئەو باوکە و سەرقاڵی و کێشمەکێشمەکانی ژیانی، لەو هەستانەدا چڕ و کۆ دەبنەوە.

ئەگەرچی لە کتێبی “ساڵێک لەگەڵ کیژۆڵەکەم”دا جارجار گەورەکان بە خۆیان و دنیاکەیانەوە دێنە ناو یادداشتەڕۆژانیەییەکان، بەڵام دەنگی زاڵ و فەزای زاڵ و نیگای زاڵ، هەر هیی منداڵێکە، لە هەر جێیەکدا ئەم کتێبە دەکەیتەوە، لەو چەشنە دنیا منداڵانەیە دەبینینەوە، با پێکەوە چەند دێڕێک بخوێنینەوە:

“١٨/٨

ستۆکهۆڵم

کە بە عەرەبانەکەی دالیاوە دەچمە دەرەوە، دونیا بە تەواوی لەبەر چاوم دەگۆڕێت، خەڵکی بە شێوەیەکی تر مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ دروست دەبێت: ژن و پیاو، تەنانەت کوڕی گەنجیش دێنە پێشەوە، هەندێ جار سەریان بەسەر عەرەبانەکەیەوە شۆڕ دەکەنەوە و دەڵێن: «ئۆی کە شیرینە، تەمەنی چەندە، کچە جوانەکە ناوت چییە»، دالیاش لەم ڕووەوە بێئومێدیان ناکات و دەیەوێت قسە لەگەڵ هەموو کەسێک بکات، جاری وەهایە لەوە دەچێت بڕیاری ئەوەشی دابێت کەسێک هەڵبژێرێت و وای لێ بکات ئەو کەسە بۆی پێبکەنێت، یان بێتە پێشەوە و قسەی لەگەڵدا بکات.”

خاڵێکی تر کە گرنگە باس بکرێت و لە مەتنی کتێبەکە و گوزەری گێڕانەوەی ڕۆژانەیادداشتەکاندا هاتووە، ئەمەیە: دنیای باوک، یاخود دایک، کاتێک بەتەنیا لەگەڵ منداڵەکەیانن، چیدی دنیای خۆیان نییە، بەڵکو ڕێک ژیانی منداڵێک دەژین، بۆ نموونە نانخواردن، ئەمە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی منداڵ و لە بابەتە زۆر قورس و زەحمەتەکانە، لەو کاتەدا کە منداڵ نان ناخوات و بە هەموو پێوەرەکانیش وادەی نانخواردنییەتی و دەبێت بیخوات، ئەم بابەتە ئەگەر بۆ دایک بارێک زەحمەت بێت، بۆ باوک دوو بار و زیادتریش، چونکە ڕوونە کە ئارامی و نزیکی دایک لە کۆرپە یەک لەو هۆکارە بنچینەییانەیە کە هەر زوو زمانێکی هاوبەش لە نێوانیاندا پێک دێت، لەم کتێبەدا باوک، کە هەمان دانا ڕەئووفە، زوو زوو ڕووبەڕووی ئەم وردەگرفتانە دەبێتەوە، کە بۆ ئەو گرفتی گەورە و ئاڵۆزن. پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە، کاتێک باوک دەتوانێت یەکێک لەو بابەتانە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدات، وەک ئەوەیە گەورەترین خەڵات و بەخششی وەرگرتبێت، با پێکەوە ئەم ڕۆژانەیادداشتە بخوێنینەوە:

“١٦/١٠

ستۆکهۆڵم

ڕۆژێکی سارد و باراناوییە، دەچینە دەرەوە، دالیا لە عەرەبانەکەیدا دانیشتووە و نایەوێت بێتە دەرەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە. دالیا بەم ڕۆژە ناخۆشە باراناوییە، پێنج جار خۆی پیس دەکات، کە دەیگۆڕم سەیرم دەکات و پێدەکەنێت.”

یەکێک لەو پەیامە قووڵەی ئەم کتێبە بە ناواخن سادە و منداڵانە لە خۆی گرتووە، ڕێز و پێگەی منداڵە وەک بوونەوەرێکی گرنگ و خاوەن ئایندە، هاوکات بەرپرسیاری گەورەکانە بەرامبەر بەو منداڵە، بێگومان لە پلەی یەکەمدا دایک و باوک، ئەم گرنگایەتی و بەرپرسیارێتییە هەر لە ساتی دووگیانبوونی دایکەوە دەست پێ دەکات، بە لەدایکبوونی منداڵەکەش، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم بابەتە زیادتر دەچەسپێت، گرنگی و بەرپرسیارێتی قورستر دەبن، جۆری مامەڵەکردن و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکە دەگۆڕێت و پێویستە دایک و باوک بە وردی ئاگاداری ئەو هەڵکشانەی تەمەنی منداڵەکەیان بن، کە لەگەڵ خۆیدا جۆری مامەڵە و پێوەندییەکانیش دەگۆڕێن. ئەو ئاگاییە لە پەروەدەکردن بەشێکە لە داڕشتنی کەسێتیی منداڵ لە داهاتوودا، ئەگەر ئاگاییەک بوو بەپێی زەروورەتی پەروەدەی منداڵەکە، بێگومان کاریگەریی ئەرێنی لە ناخی ئەو منداڵەدا دەچێنێت و داهاتووی گەش دەبێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوەش بوو، کە بەداخەوە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی کوردی بەم پەروەردە خراپەدا دەڕوات، ئەوا کاریگەرییەکە نەرێنی دەبێت، پەروەردەی خێزانیی پلەی یەکەمە بەر لە قوتابخانە و ناوەندەکانی تر، بۆیە زۆر گرنگە ئاگایی پەروەردەیی دایک و باوک پلیکانەی یەکەمە.

دوایین پاژی ئەم کتێبە نامەیەکە لەژێر ناونیشانی “نامەیەک بۆ دالیای کچم؛ دوای یادداشتەکان”، بەم دێڕانە دەست پێ دەکات:

“کچەکەم

من هەر زوو ئەو بڕیارەم دا، کە لە سەرەتای تەمەنتەوە، وەک دایکت بەشداربم لە پەروەردەکردنتدا، لە هەڵگرتنی بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتی و واز لە هەموو شتێک هێنان، تەنیا بۆ ئەوەی لەگەڵ تۆ بم.”

دواتر باس لەو گۆڕانە ڕیشەییانە دەکات کە بە هاتنی ئەم کیژۆڵەیە لە ژیانی دانا ڕەئووفی باوکدا ڕوو دەدەن، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کە هەرگیز چاوەڕێی نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرلەبەر ئەزموونێک بوون کە ڕوانین و بیرکردنەوەی “دانا”یان وەک ئینسان و وەک باوک، دەوڵەمەند کردووە. ئەم نامەیە ددانپیانانی باوکێکە بۆ کچەکەی، کە ڕەنگە ساڵانێک دواتر بیخوێنێتەوە و لەو هەستە قووڵە بگات، کە بارگاوییە بە خەم و جوانی. لە دوادێڕەکاندا دەنووسێت: “دەکرێت مرۆڤێک چەندان ژیانی هەبێت، یان چەندان شێوازی گێڕانەوەمان بۆ ژیان هەبێت و ئەمەش ژیان دەگۆڕێت و دەیکات بە شێوازی جیاواز و چەندان ژیانی تر؛ لەوانەشە هەمان ژیان بێت و لەوانەشە هەمان ژیان لەنێو وشە و دێڕ و مانای ڕستەکانەوە خۆیان حەشار دابێت. ئەم یادداشتانەی من و تۆیش دەکرێت جۆرێک بێت لە گێڕانەوەی دوو ژیان، هاوکات، دوور نییە دووبارەکردنەوەیەکی شتەکان، یان خاڵێکی بچووک و چیرۆکێکی تەواونەکراو، لەنێو چیرۆکە دوور و درێژە سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆژگاردا بێت، کە هەڵبەت ئێمەیش هەموومان بەشێکین لەو چیرۆکە.”

شیاوی باسە، ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ساڵی ٢٠١٨ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

 

ناردن: