نووسەری ئایدیا سەیرەوسەمەرەکان خوێندنەوەی نۆڤلێتی سەرگوزشتەی پیاوێک
خوێندنەوەی: سەردەم
نووسەری ئەم نۆڤلێتە بۆ خوێنەری کورد نامۆ نییە، خوێنەرانی ئەدەبیات و بە تایبەت کایەی گێڕانەوە، پێشتر چەند دانە لە کتێبەکانی ئەم نووسەرەیان خوێندووەتەوە: “عەتر (چیرۆکی بکۆژێک)، کۆتر، گەڕان بە قووڵاییدا و کۆنتراباس” بە بینینی ناوی ئەم نووسەرە لەسەر ئەم کتێبە (پاتریک زوسکیند) بزەیەک و خۆشییەک بە خوێنەران دەبەخشێت، چون کارەکانی ئەم نووسەرە لە کارە هەرە جوانەکانی گێڕانەوەن و چێژێکی تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبەخشن بە خوێنەر. پاتریک زوسکیند ساڵی ١٩٤٩ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، ئەو سەر بەو دەستە لە نووسەرانە کە کەم دەنووسن، بەڵام جوان و پوخت دەنووسن و بەوەش پێگە و جێگەیان نەک تەنیا لە وڵاتەکەی خۆیاندا، بەڵکو لە تەواوی دنیادا مەیسەرە و کارەکانیان بەردەوام بۆ زمانە زیندووەکان وەردەگێڕدرێت و پێشوازیی لێ دەکرێت. مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ بەرهەمەکانی زوسکیند بە زمانی کوردی لەبەر دەستی خوێنەراندان و دەتوانن بیانخوێننەوە و چێژیان لێ وەربگرن.
ئەگەر بمانەوێ بە گشتی خەسڵەتی ئەم نووسەرە دەر بخەین، ئاوا دەتوانین بەر لە خوێندنەوەی “سەرگوزشتەی پیاوێک” بە خێرایی ئاوڕ لە دوو کاری پاتریک زوسکیند بدەینەوە، دواتریش دەبینین لەم کارەشدا چۆن هەمان خەسڵەت (بە تایبەتمەندیی خۆیەوە) درێژەی دەبێت و بەوەش فەزای دنیای نووسەرێک بەرجەستە دەکەن کە خودی زوسکیندە. ڕۆمانی “عەتر” کە خۆی لەسەر بەرگ و لەژێر ناونیشانە سەرەکییەکەدا نووسیویەتی (چیرۆکی بکوژێک)، چیرۆکی کوڕێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بە شوێن بۆنێکدا دەگەڕێت کە دەبێت دەستی بخات و بۆنی خۆشەویستەکەی بدات، لەو ڕێیەشدا کۆمەڵێک کاری ترسناک و سەیروسەمەرە دەکات، کە کوشتنی چەندان کچی گەنج و جوانە تاکو لە پێستی هەموویان ئەو بۆنە بگرێت و تێکەڵ بە یەکتریان دەکات، بۆنێک کە لە دواجاردا کارەسات دەخولقێنێت، ئەویش مەست و نغرۆبوونە لە هەوا و هەوەسێکی هەوسارپچڕاودا، کە هەموو شار پێکڕا لەگەڵ یەکتر جووت دەبن و ژیان لە بیر دەکەن، ئەم ڕۆمانە لەگەڵ دەروونی گرێنۆیدا دەدوێت، دەروونێک کە تەواو نەخۆشە و نەخۆشییەکەی لە جۆرێکی کوشندەیە، زوسکیند بە وریاییەوە ئەم ڕۆحە نەخۆشە دەدوێنێت، گرفتە دەروونییەکەی دەکات بە تێمای ڕۆمانەکەی و دواجار ئەوەی پێشکەشی دەکات، کارێکی بێئەندازە سەیر و سەرنجبزوێنە، کارێکە کە بە ناخ و دەروونی ئەو کەسێتییەدا شۆڕ دەبێتەوە و ئێمەیش وەک خوێنەر لەگەڵ خۆیدا بەو تووناوتوون و پێچاوپێچەی دەروونیدا دەبات، “عەتر”، یان بۆنی خۆش، ئەگەرچی لە واقیعدا کەیف و چێژێکن بۆ مرۆڤ، بەڵام لەم ڕۆمانەدا تەواو ترسناکن دەکەونەوە، ئەوەش دەکەوێتە سەر ناخی کەسێکی ناساغ، کەسێک کە دەکرێت لە هەر ساتێک لە ساتەکاندا لەناو ئێمەشدا بێتە دەنگ و هەموو شت بەرەو وێرانەیەکی ئەبەدیی ببات. نۆڤلێتی “کۆتر” کارێکی تری پاتریک زوسکیندە، یەکێکە لەو کارانەی لە دانیشتنێکدا دەتوانرێت بخوێنرێتەوە و تەمەنێک لە یادگەدا بمێنێتەوە، لەم نۆڤلێتەدا زوسکیند ڕووبەڕووی پیاوێکمان دەکاتەوە، لەو پیاوانەی کە خوو و خدەیان سەیروسەمەرەیە، پیاوێک کە لە پلەی هەستیاریدا لە لووتکەدایە و بە بچووکترین شت دەورووژێت و ژیان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە زەحمەتترن کارەکانە. ڕۆژێک کۆترێک لە هەواکێشی ماڵەکەوە دێە ژوورەوە و ئیتر ژیانی ئەم پیاوە سەرلەبەر دەشێوێت، تووشی شۆک و دواجاریش تراومایەکی کوشندە دەبێت، هەر بەو سادەییە کە ڕەنگە لە هەموومان ڕووی دابێت و ڕۆژێک باڵندەیەک هاتبێتە نێو ماڵەکەمانەوە و خۆی کێشابێت بە دەرگا و پەنجەرە و دیوارەکاندا، بەڵام دەکرێت هەر ئەم ڕووداوە سادەیە بۆ کەسێکی تر تەواو سەرسامێهن و ترسناک بێت، بە جۆرێک کە دەروون و حاڵەتە هەستیارییەکانی بلەقن و چیدی نەتوانێت بەرگەی وەها دیمەنێک و ڕووداوێک بگرێت، زوسکیند ئەمەی دوایینیان دەکاتە نیشانگری نۆڤلێتەکەی، لەو ڕووداوە سادەیەوە ناخی ئەو پیاوە هەڵدەکۆڵێت، دەگاتە تاریکترین و قووڵترین جێگەی ناو بیرکردنەوەی، بە خوێندنەوەی ئەم دوو بەرهەمە ئینسان تێدەگات کە دەروون و تونێلە درێژەکەی ناخی چەند ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵە، چەند دنیایەکی نەناسراو و نامۆیە، چ چاڵێکی پڕ لە پارادۆکس و لێڵی و شێواوییە، سەرهەڵدانەوەی ئەم بیرە قووڵ و بێبنە ڕەنگە هەر ڕووداوێکی سادە و قەومانێکی ئاسایی بوێت، تاکو هەمووی بێتە سەرەوە و وەدیار بخرێت، زوسکیند و ئەدەبیاتەکەی ڕێک کار لەسەر ئەم سەرلابردنە دەکەن، لە ناسکترین و هەستیارترن ساتدا، بۆیە ئەدەبیاتی پاتریک زوسکیند ئەدەبیاتێکە جارێکی تر بە خۆمان و دەروونمان دەناسێنێتەوە، دەمانخاتە بەردەم کەسە نامۆ و نەناسراوەکانی دووتوێی دەروونمان، ئەم ئەدەبیاتە بەقەد ئەوەی کە لەباری گیڕانەوە و هونەری نووسینەوە گرنگە، دوو ئەوەندەش بۆ خۆناسین و کەشفکردنی دنیا ئاڵۆزەکانی دەروونمان یارمەتیدەرە، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین زوسکیند قوتابییەکی بەئەمەک و داهێنەری دۆستۆیڤسکییە، قوتابییەک کە وێنای دەروونی مرۆڤێکی نوێ دەکێشێت، بە گۆشت و خوێن و دەمارەکانییەوە.
نۆڤلێتی “سەرگوزشتەی پیاوێک”ی پاتریک زوسکیند نوێترین کاری وەرگێڕاوی عەبدولغەنی کاکۆیە، کە لە زمانی ماکی نووسەرەکەیەوە (ئەڵمانی) کردوویەتی بە کوردی، کاکۆ پێشتر چەند بەرهەمی گرنگی تری لە هەمان زمان و ئەدەبیاتەوە کردووە بە کوردی و بە کورتی جێدەستی لەو کایەدا دیارە، بێگومان کاکۆ لە هونەری وەرگێڕان و کوردیداڕشتنەوەدا لەو دەگمەن وەگێڕانەیە کە متمانەیان لای خوێنەری کورد دەستەبەرە و بە خوشحاڵییەوە کارەکانی لە ڕووبەرێکی بەریندا پێشوازییان لێ دەکرێت و دەخوێنرێنەوە. “سەرگوزشتەی پیاوێک” نۆڤلێتێکی کورتی ٨٥ لاپەڕەییە، کە دەتوانرێت بە یەک دانیشتن بخوێنرێتەوە، کارێکە لەو چەشنە کارانەی کە لەسەر بیرۆکەیەکی ناباو دامەزراون، لەم نۆڤلێتەدا ئێمە سەروکار لەگەڵ پیاوێکدا دەبەستین بە ناوی “کاک زۆمەر”، ئەم کاک زۆمەرە بە دنیا تایبەتەکەیەوە دەتوانێت پەلکێشی خۆیمان بکات و لەگەڵ خۆیدا بمانباتە پیاسە درێژ و نەبڕاوەکانی، کاک زۆمەر خێزاندارە و پیاوێکی کامڵە، لەو پیاوانەیە کە ژیان و دەرکەوتنی مەتەڵ و ڕازێکە و هەرگیز کەس ناتوانێت ئەو مەتەڵە هەڵبێنێت و ئەو ڕازە کەشف بکات، چونکە ئەو جۆرە کەسانە (کە کاک زۆمەر ڕێک سەر بەوانە) هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ دەوروبەر نییە، دێن و دەڕۆن بێ ئەوەی هیچ بڵێن، تەنانەت کاک زۆمەر ئەو کاتانەش کە دەیەوێت قسەیەک بکات، بڵمەبڵم دەڵێت و هیچ ڕوون نییە کە مەبەست و نیازی چییە، لە وەرگێڕانەکەدا ئەمە بە جوانی تەرجەمە کراوەتەوە. خەسڵەتی هەرە دیاری کاک زۆمەر پیاسەکردنەکەیەتی، پیاسەکردنێک کە نە سەرەتای هەیە نە کۆتایی، بێ ئەوەی بۆ ساتێک بوەستێت، درێژە بە پیاسەکانی دەدات، لە گوندەوە بۆ شار و دارستان، لەوێوە بە هەمان ڕێگەدا دەگەڕێتەوە، ئەو قسەی نییە، بەڵکو بە هەنگاوەکانی، بە پیاسە بەردەوامەکەی، قسە لەگەڵ هەموو کەسەکانی دەوروبەریدا دەکات، بێگومان کەسەکان لەم زمانە بێ وشەیە ناگەن، هەر ئەوەشە کە بەر نەفرەتی دەخەن و هیچ خۆشەویستییەکی پێ ڕەوا نابینن.
نۆڤلێتەکە لە زار و یادەوەریی کوڕێکی منداڵەوە دەگێڕدرێتەوە، کە شایەتی بەشێکی زۆر لە بینینی پیاسەکانی کاک زۆمەرە تاکو کۆتاساتی ژیانیشی، ئەمەش کارێکی هێجگار بەجێیە کە پاتریک زوسکیند کردوویەتی، لەبەر ئەوەی کاک زۆمەر چیدی توانای گێڕانەوەی نییە و ئەو تەنیا پیاسەی هەیە، پیاسە زمانی ئەوە لەگەڵ ئێمە، ئەوە ئەو منداڵە و یادەوەرییەکانیەتی لە کاک زۆمەر کە ئێمە هەندێ سەرەداو لەو پیاوە ئەنتیکەیە دەزانین.
(هاوسەنگی میکانیکی بە هۆی خولانەوەی بەردەوام) ئەمە ئەو ڕێسایەیە کە زانست دەیڵێت، ڕێسایەک کە لە پاسکیللێخوڕیندا دەسەلمێت و بەرجەستە دەبێتەوە، نۆڤلێتەکە ئەمە دەڵێت، لەو کاتەدا ئەمە دەڵێت کە کوڕەکە دەیەوێ فێری پاسکیللێخوڕین بێت تاکو بە پاسکیل بچێت بۆ فێرگەی پیانۆ، بەڵام لە پەیوەندیی کاک زۆمەر بەو یاسایەوە هیچ ناڵێت، خاڵێکی زۆر سەنجڕاکێشە ئەگەر خوێنەر درکی بکات و پردی ئەو پەیوەندییە ڕۆ بنێت، دەگات بە خاڵێکی هێجگار گەش و ناوازە؛ بۆ کەسانێک کە وەک کاک زۆمەرن، بە واتایەکی تر ئەهلی پیاسە و جادەکوتینن، ئەو ڕێسایە تەواو بەکارە، یانی ئەو ڕێسایە تەنیا شتێکی میکانیکی نییە بۆ ئامێرێک، بەڵکو دەتوانێت بۆ ئینسانیش (چەشنێکی تایبەت) بەڕاست بگەڕێ، ئەو کەسانە لە ڕێی خولانەوە و گەڕانی بەردەوامەوە دەتوانن هاوسەنگی دەروونیان بەدەست بهێنن، هاوسەنگییەک کە بە دانیشتن و وەستان تێک دەچێت و ڕەنگە ئەو تێکچوونی هاوسەنگییە ببێتە هۆی لەدەستدانی کەسێتی و ژیان و هەموو بەهایەکیان.
“سەرگوزشتەی پیاوێک” لە سێ بەشدا ئاراستە کراوە، ئەوەی کە زۆر تایبەتە بەشی دووەمە، درێژترین بەش، بە هیچ جۆرێ کاک زۆمەر نییە، ئەگەرچی خوێنەر بەردەوام چاوەڕوانی دەرکەوتنیەتی، بەڵام تاکو دوایین دێڕەکانی ئەم بەشە کاک زۆمەر نابینین، ئەویش لە ساتێکدا دەردەکەوێ، هەستیارترین و ترسناکترین ساتە، ئەمانە با بمێنن بۆ خوێنەری ئەو کتێبە و خۆی ئەو دەرکەوتنە نازدارەی کاک زۆمەر بە دەم پیاسە درێژەکەیەوە ببینێت.
نۆڤلێتی “سەرگوزشتەی پیاوێک”ی پاتریک زوسکیند بە وەرگێڕانی عەبدولغەنی کاکۆ لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ کوردی، لە چاپکراوەکانی “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ە، ساڵی ٢٠٢٣.