د. عەزیز گەردی لە نزیکەوە
د. عەزیز گەردی لە نزیکەوە
چەند قسەیەک دەربارەی کتێبی “مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا” گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز گەردیدا
خوێندنەوەی: سەردەم
قسەکردن لەسەر ئەدەبیاتی کوردی، بە تایبەت لە هەردوو لکی وەرگێڕان و شارەزایی لە عەرووز و هونەرەکانی شیعری کلاسیک و ڕەوانبێژیدا، بێ ناوهێنانی د. عەزیز گەردی قسەیەکی ناتەواوە و کەم دەهێنێت. د. عەزیز گەردی تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتکردن بە ئەدەبیاتی کوردی و ناسنامە و مێژووی نەتەوەکەی تەرخان کرد، پتر لە نیو سەدە ژیانی خۆی بەخشی بە وشە، بە وەرگێڕان و بە بەرینکردنەوەی زمانی کوردی. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین د. عەزیز گەردی هەر بە تەنیا خۆی هێندەی ناوەندێک و دامەزراوەیەک کاری بۆ زمان و ئەدەبیاتی کوردیی کردووە، ئەوەش بە تەنیا سەیرکردنی پێرستی ئەو ناوونیشانەدا دەردەکەوێت کە ئەو چاپی کردوون و لە ساڵە دوور و درێژەکانی کاروانی خەباتی زمانی کوردیدا، بڵاوی کردوونەتەوە. بێگومان ئەو کتێبانەی د. عەزیز گەردی کاری لەسەر کردوون، هەریەکەیان شوێن و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە کتێبخانەی کوردیدا، ئەو بە مەبەست ئەو کتێبانەی لەناو سەدان هەڵبژاردەدا هەڵبژاردووە و کردوونی بە کوردی، کە ڕەنگە خوێنەری هۆشیار درک بەو تەڵبژێرییە بکات کە ئەم پیاوە ماندوونەناسە کردوویەتی. هەر کتێبێک لەو کتێبانە دەتوانرێت بە جیا وەربگرێت و قسەی دەربارە بکرێت، لە لایەنی زمانەوانی و ئاستی وەرگێڕان و ناوەڕۆک و هونەری وەگێڕانەوە شەنوکەو بکرێن، ئەو کاری خۆی کردووە، بێ ئەوەی هیچ قسەیەکی هەبووبێت لەسەر کارەکانی، بێدەنگانە و دوور لە ژاوەژاوی نێو دنیای ئەدەبی کوردی، خزمەتی خۆی کردووە و بێمننەت بووە لە قسەوقسەڵۆکی ئەم و ئەو، قەت نەهاتووە بە شانوباهۆی خۆی و کارەکانیدا هەڵنێ، لێگەڕاوە. بە جۆرێکی تر دەتوانین وەها بنووسین: قسەی ئەو لەگەڵ ئێمە و هەموو ئەوانی تریش، کتێبەکانی بوون، لە ڕێی کتێبەکانییەوە بۆچوون و قسەی خۆی لەگەڵ ئێمەدا کردووە.
بە درێژایی ژیانی ئەدەبی خۆی، د. عەزیز گەردی گفتۆگۆی نەکردووە، جیا لە یەک جار ئەویش لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕۆژنامەی “برایەتی”دا، کە مارف عومەر بەرزنجی (مارف عومەرگوڵ) لەگەڵیدا سازی کردووە، ئیتر لەو کاتەوە بێدەنگییەک و دوورەپەرێزییەک د. عەزیز گەردی دەگرێتەوە و تەرک لە هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێک، کاری خۆی دەکات. چەندان ڕۆژنامەنووس و کاناڵ ڕوویان لێ ناوە و ئەو، بە نەخێر جوابی کردوون. کتێبی “مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا” گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز گەردیدا، کە جووتیار قارەمان ئامادەی کردووە، تێیدا د. عەزیز گەردی دواندووە، ئەم گفتگۆیە دوایین وتووێژی ئەم پیاوە بێدەنگەیە، شایەتیدانە لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەت. ئەم کتێبە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە دووتوێی ١١١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە کەسێک کە لای هەندێک بووبوو بە مەتەڵێکی هەڵنەهێنراو؛ ژیانی، بیرکردنەوەی، کارکردنی، بۆچوونی دەربارەی دەوروبەر و هەموو ئەوانەی کە دەبوو بزانرێت، ئەم کتێبە دەتوانێت کلیلێک بێت بۆ چوونە نێو پانتایی ئەو ژیانەی کە بە توندی بە ڕووی هەموواندا داخرابوو.
کتێبەکە بە پێشەکییەک دەست پێ دەکات، جووتیار قارەمان باس لە ئاشنایەتی خۆی و د. عەزیز گەردی دەکات و دواتریش لە کۆی پڕۆژەکە دەدوێت، کە چۆن گەیشتووەتە ئەوەی بەردەست. وەک هاتووە: “ئەم کتێبە پوختەی زیاد لە شەش سەعات گفتوگۆیە لەگەڵ د. عەزیز گەردیدا، کە لە تەممووز و ئاب و ئەیلوولی ٢٠٢٠دا کراوە و ئەوەی بە پێویست زانراوە تەڵبژێر کراوە و نووسراوەتەوە.” دواتر کۆمەڵێک سەرنج و ڕوونکردنەوەی پێویست سەبارەت بە وەڵام و قسەکانی د. عەزیز دەخاتە ڕوو، کە دەتوانێت خوێنەر باشتر لەگەڵ مەبەستی پشت دێڕەکاندا گرێ بداتەوە و باشتر تێیان بگات. جووتیار قارەمان لە شێوەی یادداشتێکی ئەدەبیدا، لە چەند جار دیتن و چوونە دەرەوەی خۆی و د. عەزیز گەردی لە هەولێر و دەوروبەری هەولێر، دەدوێت، لێرەدا ئێمە ئینسانێک دەبینین بە ڕۆحێکی گەنجانەوە لەگەڵ گەنجێکدا پیاسە دەکات و چەند ڕازی نەدرکاو، دەدرکێنێت و بۆچوونی خۆی لەسەر شوێن و کەس و ڕووداوەکان دەر دەبڕێت. هەر لەمیانی ئەم یەکتر دیتن و پیاسەکردنانەوەیە کە سەرەتای ئەم گفتوگۆ هەمەلایەنە دادەمەزرێت و دەبێت بەم کتێبە.
لەم کتێبەدا کۆمەڵێک دیو و لایەنی پەیپێنەبراوی د. عەزیز گەردی دەبینین، چ لە بابەتی ژیانی تایبەتی، ج لە بابەتی ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوکات بە شێوەیەکی بەربڵاو و گشتگیر دەربارەی کارەکانی لە کایەی وەرگێڕاندا، ژیانی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا، ژیانی زانکۆیی وەک مامۆستا و سەرپەرشتیار، بۆچوونی ئەرێنی و نەرێنی دەربارەی نووسەران و کەسایەتییەکانی کورد و جیهان، بە شێوەیەکی ڕوون و ڕەوان، دەڵێت. لەمیانی ئەم گفتوگۆیانەدا چیرۆکی هەندێک لە نووسین و وەرگێڕانەکانی دەدرکێنێت، کە بۆ خوێنەری ئەو بەرهەمانە هەستێکی خۆش و چێژبەخشە، باس لە وەرگێڕانی “داغسانی من”ی ڕەسووڵ حەمزاتۆڤ دەکات، لە بەربەستەکانی بەردەم چاپی ئەو کتێبە، لەوەی پاش چاپبوون، چۆن ناوی عەزیز گەردی وەک وەرگێڕێکی لێزان و بەسەلیقە، بۆ هەمیشە دەچەسپێت. با گوێ لە یەکێک لەو یادەوەرییانە بگرین، لە زاری د. عەزیز خۆیەوە: «چیرۆکێک هەیە هیی [نووسەری فەڕەنسی] ئەلفۆنس دوودێیە، بە ناوی “دوا وانە”، کە ئەڵمانیا ناوچەیەکی فەڕەنسا داگیر دەکات، زمانی فەڕەنسی قەدەغە دەکات. ئەو چیرۆکە باسی دوایین وانەی فەڕەنسی دەکات کە مامۆستاکە قەشەیەکە بە خوێندکارەکان دەڵێت ئەمە دوا وانەیە و ئیدی قەدەغە دەکرێت و… هتد. ئەوجا بە عەرەبی و فارسی زۆر کەس وەریانگێڕاوە، بەڵام کەسیان لە فەڕەنسییەوە نەیانکردووە. ئەمن ویستم بیکەم، بەڵام لەبەر چ نەمکرد؟ چیرۆکێکی دیکەی ئەوم خوێندبووەوە ـ کاتی خۆی لە مووسڵ کەنیسەیەک هەبوو دەچووین لەوێ کتێبمان دەخواست ـ بە ناوی “وانەی یەکەم”… وانەی یەکەم چ بوو؟ باسی ئەوە بوو کە ئەڵمانەکان هاتبوون زمانی خۆیانیان سەپاندبوو، یەکەم وانەی زمانی ئەڵمانی کە کابرای مامۆستای ئەڵمان دەچێتە ژوورەوە، چۆن بە زەبروزەنگ زمانەکەیان بەسەردا دەسەپێنێت. ئەوجا من گەڕام ئەمەم دەست بکەوێت، گوتم هەردووکیان وەردەگێڕم. ئەمم دەست نەکەوت. ئیتر خۆمم لەویش نەدا.»
لە شێوەی گفتوگۆکەدا، کەشی شێوەزاری هەولێری ـ بە تایبەت لە قسەکانی د. عەزیز گەردیدا ـ زاڵە، ئەمەش دۆخێکی وای خولقاندووە کە گفتوگۆکە زیادتر شێوەیەکی زارەکی هەبێت نەک پوختەکراو و زمانێکی ستاندارد، ڕەنگە ئەمە لەو ڕووەوە بەجێ بێت کە خوێنەر جۆری دەربڕین و فۆنەتیکی د. عەزیز گەردی شارەزا دەبێت و لە گوێیدا دەزرنگێتەوە، بەڵام بێگومان مشتوماڵکردنی بۆ بارێکی پوختەکراو و خستنە سەر شێوەیەکی ستاندارد، ئەو شێوازە دەفەوتا، لەگەڵ ئەوەشدا گەر کرابا، گفتوگۆکە زانستیتر دەبوو.
شیاوی ئاماژە بۆ کردنە د. عەزیز گەردی چەند بەرهەمی لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاو بووەتەوە، ڕەنگە گرنگترینینان کتێبی “کۆمیدیا”کەی دانتی بێت، کە لە سێ بەرگی گەورە و لە بۆکسێکدا، چاپ بووە. هاوکات “ڕۆڤار”، کە بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیرییە و هەر ژمارەی تایبەتە بە داهێنەرێکی کورد و لە لایەن دەزگای سەردەمەوە وەرزانە بڵاو دەکرێتەوە، ژمارەیەکی تایبەت کرد بە د. عەزیز گەردی؛ ژمارە ٩٥، بەهاری ٢٠٢٣. لەو ژمارە تایبەتەدا چەندین نووسەر و هاوڕێ و وەرگێڕی د. گەردی بە نووسین و یادداشت بەشدار بوون تێیدا، هەریەکە و چمکێک لە ژیان و بەرهەمی ئەم نووسەر و وەرگێڕە مەزنەیان بەرز نرخاند، هەر لەو ژمارەیەدا نموونەی دەق لەو چوار زمانەی کە د. عەزیز گەردی لێوەی وەرگێڕاوە، هێنراوەتەوە، ئەوانیش هەریەک لە زمانەکانی: ئینگلیزی، فەڕەنسی، عەرەبی و فارسین.
د. عەزیز گەردی لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا کۆچی دوایی کرد. ئەو خاوەنی کتێبخانەیەکی دەگمەن و دەڵەمەندە، پاش خۆی چەند کاری چاپ نەکراو بەجێماون و کۆی ئەو میراتە گەورەیەش لە ئەرشیف و دەستنووس و کتێبی چەشناوچەشن، لە چاوەڕوانی مووزەیەکی شیاو و شایستەدان، بەو هیوایەی لە داهاتووی نزیک یان دووردا، ئەو پڕۆژەیە بخرێتە سەرپێ و هەمووان بتوانن لەو کانیاوە زووڵاڵ و ڕوونەی شاسواری وەرگێڕان و نووسینی ئەدەب و زمانی کوردی، سوودمەند بن.