ژیانی مۆدێرن وەک گرێکوێرەی قەیتان خستنەڕووی: “قاچار قوچار”
ژیانی مۆدێرن وەک گرێکوێرەی قەیتان
خستنەڕووی: “قاچار قوچار”
بەختیار حەمەسوور
کچ و کوڕێک، کە ئێستا ئیدی ژنومێردن و لە مانگی هەنگوینیدان، ڕوویان لە شارێکی تر و هاوینەهەوارێکی جوان کردووە، لەپڕ تازەزاوا هەوەسی دەبزوێ و لە چەقی بازاڕکردندا، بە تازەبووک دەڵێت دەبێت بگەڕێنەوە هۆتێل، دەگەڕێنەوە و هەر بە پەلە جلەکانیان دادەکەنن، تازەزاوا دەیەوێت قەیتانی جلەکانی تازەبووک بکاتەوە، قەیتانەکە لێک دەئاڵۆزکێ و بەوەش ئاستەنگ دروست دەبێت. تازەبووک بزەیەک دەیگرێ و دەڵێت: “قەیتانەکە تووشی قاچار قوچار بوو!” تازەزاوا دەڵێت ئەوە چ زمانێک بوو قسەت پێ کرد، تازەبووک دەڵێت ئەوە زمانێکی تایبەتە و لە تەواوی دنیادا تەنیا چوار کەس دەیزانن: دایکم، باوکم، براکەم و من. چیرۆکەکەش بەو جۆرەیە: کاتێک براکەی بە منداڵی خەریکی دەزووی کۆلارە بووە و تەواوی دەزووەکە پێکدا ئاڵۆزکاوە، ئەویش هەرچەند دەکات بۆی لێک جیا ناکرێتەوە و تەواو وەڕز و بێزار دەبێت، دەزووەکە فڕێ دەدات و دەڵێت: “هەموو قاچار قوچار بووە.” ئیدی لەوێوە لەو خێزانەدا ئەو وشەیە هاوبەرنبەری وشەی “ئاڵۆزکان” دەبێت؛ کە وایە ناوی ڕۆمانە سەرناوی “ئاڵۆزکان”ـە و بەوەش جیا لەو خێزانە چوار کەسییە، تازەزاوا و تەواوی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەزانن هاوواتای “قاچار قوچار” چییە.
ڕۆمانی “قاچار قوچار” لە نووسینی نووسەری هیندی ڤیڤیک شانبهانگە، جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە درێژەی چاپکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی بە قەوارە بچکۆلەیە و لە ١٣٧ لاپەڕەدا نووسراوە، بەڵام یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی ئەدەبی نوێی هیندی، بە تایبەت لەم دە ساڵەی دواییدا. ڤیڤیک شانبهانگ ساڵی ١٩٦٢ لە هەرێمی کاناتاکای باشووری خۆرئاوای هیندستان لەدایک بووە. ڤیڤیک بە دیالێکی کانادەیی دەنووسێ، کە زاراوەی فەرمی ئەو هەرێمەیە. ئەم زاراوەیە یەکێکە لە بنزارەکانی زمانە دراویدییەکان، کە نزیکەی چل ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن. ئەم نووسەرە تا ئێستا هەشت کتێبی بڵاو کردووەتەوە، کە پێک دێن لە دوو ڕۆمان و دوو شانۆنامە و پێج کۆمەڵەچیرۆک. ڕۆمانی “ماچی سەکینە” ٢٠٢٣ بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی، واتا “قاچار قوچار” ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە و جگە لەوەی بۆ زۆرینەی دیالێکتەکانی زمانی هیندی وەرگێڕاوە، یەکەمین کتێبی ڤیڤیک شانبهانگە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت.
ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی بڵێین، ئەوا دەتوانین بنووسین کە ئەدەبیاتی لەم شێوەیە، ئەدەبیاتێک کە سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نزیکییەکی کولتووری زۆری لەگەڵ ئێمەدا (وەک کورد) هەیە، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت لە کۆمەڵێک لایەنەوە، یەک لەوانە لە ڕووی تێما و بابەتەوە، بە نموونە ئەم ڕۆمانە، تێماکەی هەر دەڵێیت لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا ڕوو دەدات، ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی خێزان و تاک دێن، هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لای ئێمەیش برەویان هەیە و بەردەوام دەبنە ئاستەنگ و لەمپەڕ لە بەردەم ژیانی هەرڕۆژەماندا. خاڵێکی تر ئاشنابوونی دەنگی نوێی ئەدەبیاتە بە خوێنەرانی کورد، نووسەرانێک، کە بە نووسین دیدگای جیاوازیان بۆ دنیای دەوروبەریان هەیە و بە نووسینەکانیان بەشدارییەکی کارا دەکەن لە سەرخستن و بەرچاویی کۆمەڵگەکەیان بە هەموو ئەوەی کە هەیانە. خوێندنەوەی ئەم دەنگە تازانە، کە لە پەنجەرەی وەرگێڕانەوە دێنە پانتایی ئەدەبیاتی کوردی، دەروازەیەکی گرنگ بەسەر فرەشێوازی و فرەدەنگی نووسیندا دەکەنەوە، چیدی خوێنەری کورد دەق بە یەک شێواز و دەنگەوە ناگرێ و هەمیشە لە خەیاڵیدا نووسەرانی تریش هەن بە دیدگا و ڕوانینی جیاوازەوە.
ڕۆمانی “قاچار قوچار” نوێنەری سەردەمی ئێستای کۆمەڵگەی هیندستانە، ئەگەرچی کۆی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووبەرێکی مینیماڵ و لە چوارچێوەی خێزانێکی چەند ئەندامیدا ڕوو دەدات، بەڵام خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆی کارەکەدا دەگات بە وێنەیەکی گەورەتر، کە هەمان وێنەی ئەمڕۆی هیندستانە لە دنیای مۆدێرندا. چیرۆکی ڕۆمانە باس لە خێزانێکی چوار کەسی دەکات، کە هاوکات مامێکیشیان لەگەڵیان دەژی، واتە پێنج ئەندام. ڕیتمی ڕۆمانە و گەڵاڵەی دروستبوونی کۆی ڕووداوەکان، لەپڕ و یەکجار نییە، بەڵکو بە شێوەی نەختە نەختە و هێور هێور دەخرێتە ڕوو، خوێنەر لە هەڵدانەوەی هەر بەشێک و دەستپێکی بەشێکی نوێدا، بەشێک لەو هێڵە سەرەکییەی لەبەر چاو ڕوون دەبێتەوە کە نووسەرەکەی هەر لە سەرەتاوە خەریکە دەیچنێت. لەپاڵ ئەوەی کە ماڵێک و مێزیک هەیە ئەندامانی خێزان لە دەوری کۆ دەبنەوە و خەریکن چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، هاوکات چەند شوێنی وەک کافێ و کارگە و شەقامیش هەن، کە رۆڵی بنچینەیی دەگێڕێن لە گورانی حەکایەتەکەدا.
ڕۆمانەکە لە کافێیەکدا دەست پێ دەکات و لە هەمان کافێدا کۆتایی دێت. بەسەرهاتەکان سەرەتا بە سادەیی ڕوو دەدەن، وەک ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبێت، بەڵام لەبەرەوە هەرجارەو بە هۆکارێک ئەم سادەییە لەبەین دەچێت، سەرەتا بە لەدەستدانی کاری باوک دەست پێ دەکات، لە کارەکەی دەردەکرێت کە کاری دابەشکردنی چایە، ئەمەیش بە هۆکاری ئەوەی کە دنیا بەرەو پێش چووە و کاری دابەشکردن چیدی پێویستی بە کەس نییە و شتانی تر، ئامرازەکانی دنیای نوێی ئەمڕۆ، دەتوانن ئەو کارە بکەن. ئەم دیمەنە (لەدەستدانی کاری باوک و ناردنەوەی بۆ ماڵەوە) دەمانخاتەوە یادی شانۆنامەی “مردنی دێوەرەیەک”ی هێنری میلەر، لەوێشدا باوک تووشی هەمان کارەسات دەبێتەوە، نوختە سەرەکییەکە لە هەردووکیاندا ئابوورییە، بەو جیاوازییەوە: لای میلەر کارەساتەکە بەردەوام دەبێت و بە خۆکۆژی باوک دەگات، بەڵام لای ڤیڤیک باوک دەچێتە بارێکی باشتر لەوەی پێشوو.
“قاچار قوچار” بە شێوەیەکی زۆر تایبەت دەرگیری چینی ناوەندی کۆمەڵگەیە، ئەو چینەی زۆرترین جووڵە و ململانێی تێدایە بۆ ئەوەی دانەبەزێت بۆ چینی خوارتر و لە کۆشش و جۆشش دایە بۆ هەڵکشان بەرەو چینی سەروو. ئەم خێزانە کاتێک لە ڕێی مامیانەوە دەست دەدەنە کاری داوودەرمانفرۆشتن، باری گوزەرانیان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و بەوەش خانووەکەیان لە خوارووی شارەوە دەگوازنەوە بۆ سەرووی شار. ئیدی ئەو ژیانە ساکارەی پێشووش نامێنێت، دەبێت بە ژیانێکی پڕکار و پڕجووڵە، ژیانێک کە تەرخان دەبێت بۆ پارەپەیداکردن، پیاوەکان هەر زوو دەچنە دەرەوە و درەنگانێک دەگەڕێنەوە.
گێڕەرەوە، کوڕی ماڵەکەیە، لە نێوان منداڵی و ئێستایدا گەمەی گێڕانەوەمان لەگەڵدا دەکات، بەردەوام لە ڕێی گێڕانەوەکانی ئەمەوە ئێمە کەسانی خێزانەکە و ئەوانی تریش دەناسین، بە هەموو تایبەتمەندییەکیانەوە. لە مەجەرای ڕۆمانەکەدا ئێمە دەتوانین ئەو هێڵە ببینینەوە کە چۆن چینێک پێیدا هەڵدەکشێ بەرەو سەرووتر، چۆن لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک خەسڵەت بۆ هەمیشە دەگۆڕێن و لە هەوایەکی تردا و بە جۆرێکی تر، دەژین. گێڕەرەوە (کە هەمان تازەزاوایە وا لە سەرەتادا ناوی هات) کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک بە ناوی “ئانیتا” دەکات و سەر بە خێزانێکی مامۆستایە و ئەمانیش کاسبکار، ڕوونتر ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەردەخات، هەر ئەم جیاوازییەشە سەرئەنجامەکەی دەگاتە لێک جیابوونەوە.
هێڵکاری ڕۆمانەکە بە جۆرێک کێشراوە کە لە ڕێی هەر کەسێتییەکەوە گۆشەیەک لە کۆمەڵگە ڕوون بکرێتەوە، بە واتایەی تر، هەر کارەکتەرێک لەم ڕۆمانەدا پنتێک لە پەناوپەسێوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مۆدێرنی هیندی پێشان دەدات، هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە “قاچار قوچار” لەو ڕووبەرە بچووکەدا پڕ بێت لە چیرۆکی پێکداهەڵپژاو و سەیروسەمەرە، کە تێکڕاش دەگەڕێنەوە و لە چەقێکدا، کە بنەماڵەیە، یەک دەگرنەوە. زمانی گێڕانەوە زمانێکە لە نێوان تەنز و ڕاشکاویدا دێت و دەچێت، لەگەڵ هەڵکشانی ڕووداوەکاندا ئەم زمانەش دراماتیکتر دەبێت، هاوکات لە کورترین دەربڕین و چڕتر ڕستە سوودمەندە، بێگومان دەستگرتن بەم تایبەتمەندییانەوە، لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕی کوردیی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە.
ژیان لەمڕۆدا، لە سەردەمی مۆدێرندا، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت، ئینسانەکان لێک دوور دەکەونەوە، بە تایبەت بۆ ئەو چینەی کە دەستی تێکەڵ بە سەرمایە دەبێت و پارە هاری دەکات، “قاچار قوچار” ڕێک لەو نوختەیەدا گوتارەکەی ئاراستە دەکات، خێزانێک کە ڕۆژانێک لە دەوری یەکدی کۆ دەبوونەوە و گاڵتە و لە خۆشەوسیتییەوە ناووناتۆرەیان لێکتر دەنا، ئێستا کاتی ئەوەیان نییە، لە بڕگەیەکدا، بۆ ساتێک خێزانەکە دەکەونەوە ناو ئەو دنیایە و لە دەوری مێزێک خڕ دەبنەوە، چما ئەوەی سەدەیەک بێت ئەو شێوەژیانەی ڕابردوویان بەجێ هێشتبێت. ئێستا ئیتر گرفتەکان بەو سادەییەی پێشوو نین، ئاڵۆزکاون، کەسەکان خەریکە بە یەکتر نامۆ دەبن، یەکتر ناناسنەوە، ئەگەرچی لەژێر یەک سەقفیشدا دەژین.
ئەم ڕۆمانە لە ئایدیایەکی سادەوە؛ گرێکوێرەی قەیتانی تەنوورەیەک، ناوەکەی بۆ هەڵبژێردراوە، بەڵام فراوانتر ئەم ئایدیایە دەکشێنێت بۆ دۆخی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، وردتر: دەریدەخات کە لە ژیانی هەریەکەماندا کۆمەڵێک گرێکوێرە هەن، کە ژیانمان پێیانەوە بەستراوە و تووشی جۆرێک لە وەستان هاتووە. دوایین وشەی گێڕەرەوەش جەختی هەمان ناونیشان و کۆی ڕووداوە ئاڵۆزەکانی ڕۆمانەکەیە، لەو کاتەدا لە کافێکە دانیشتووە و دەستی بە پەرداخێک، کە نائاگا لە دەستی بەر بووەتەوە، بڕاوە، کابرای قاوەخانە، کە ناوی ڤینسنتە پێی دەڵێت: “قوربان، باشترە دەستت بشۆریت، خوێناوی بووە. ئەمە دۆخی گێڕەوەیە: «وشک دەبم. چ باسە؟ ئەمە چ گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزکاوە کە تێیدا گیرم خواردووە؟ بە دڵنیاییەوە ڕێگەی چوونە دەرەوە لە گڵۆڵەکە دەدۆزرێتەوە… وشەکان خۆبەخۆ هێرش بۆ مێشکم دەهێنن: قاچار قوچار.»