خستنەڕووی پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا

Loading

پیتەر بروک بە گیڕانەوەی دانا ڕەئووف

خستنەڕووی: “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

ناساندنی ئەزموونە گرنگ و بنچینەییەکانی بواری ئەدەبیات و هونەر، یەک لەو خاڵە جەوهەریانەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دنیای ئێمە، بە تایبەت لە بواری شانۆدا، کە ڕەنگە بەراورد بە ژانرەکانی دیکە، کێڵگەیەک بێت کەمتر کاری تێدا کرابێت، بە وەها کارێک دەتوانین دەروازەی بەرین بەسەر شانۆکاران و بینەران و سەرجەم ئەو کەسانەدا بکەینەوە کە خولیا و کەڵکەڵەی شانۆیان هەیە، بەوەش هەم تێکڕا ئاشنای ئەزموونە جیاوازەکان دەبین و هەمیش دەتوانین لە کارکردن و لێکدانەوەکانمدا بۆ دەق و نمایش، جێکەوتە ببن. بێگومان ئەمە کارێکە لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر شانی ئەو نووسەرانەی لە بواری شانۆدا دەنووسن و ئاگاییەکی هەمەلایەنانەیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی هونەرمەندانی شانۆ هەیە، چ وەک دەرهێنانەکانیان، چ وەک ئەو نووسین و کتێبانەی کە لە بواری شانۆدا بوون بە سەرچاوە و تیۆری کارکردن. هونەرمەند و نووسەر دانا ڕەئووف ساڵانێکە بێوچان لەو بوارەدا کار دەکات، بە تایبەت لە ناساندنی ئەزموونە جیاوازەکانی جیهان، لە نمایشە چەشناوچەشنەکانی شانۆ لە وڵاتە جیاوازەکان، بێ پشوودان خەریکە دەنووسێت و شانۆکاران و خوێنەرانی بواری شانۆ، بەو دنیا بەرینە ئاشنا دەکات. یەکێک لەو کتێبە زۆر گرنگانەی دانا ڕەئووف نووسیویەتی، کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”یە، کە بە شێوەیەکی تر و لە ناوەوە، ئەم دێڕەش وەک ناونیشانی لاوەکی نووسراوە: “تێڕوانینیێک لە ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە”. کتێبەکە لە قەبارەی ٣٦٥ لاپەڕەدا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبەکە بە نامەیەکی پیتەر بروک بۆ دانا ڕەئووف دەست پێ دەکات، بەم چەند دێڕە:

پاریس

١٧/٩/٢٠٠٢

بەڕێز کاک دانا

من زۆر هەژام بۆ خەمخۆریی ئێوە لە سەرقاڵبوونتان بە کارەکانی منەوە، هیوادارم ئەو کارە شتێکی بەسوود بووبێت بۆ ئێوە، هەروەها تەماننا دەکەم کتێبەکەش لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

لەگەڵ سڵاوێکی دۆستانەدا

پیتەر بروک

 

مەبەست لەو نامە کورتە ئەوەیە کە دانا ڕەئووف بە ئاگاداری خودی نووسەر دەستی داوەتە نووسینی ئەم کتێبە، وەک لە ناوەڕۆک و کۆمەڵێک پەراوێزیشدا هاتووە، گفتوگۆی تایبەتی هەبووە لەگەڵ خۆی پیتەر بروک و خێزانەکەی پیتەر بروکدا و ئەوانیش ـ بە تایبەت هاوسەرەکەی ـ کۆمەڵێک سەرچاوە و تۆماری دەنگی و ڕەنگی خستووەتە بەردەست دانا ڕەئووف تاکو سوودیان لێ وەربگرێ و لە دووتوێی کتێبەکەشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لەو سەرچاوانە وەرگیراوە، هەر ئەم کارە هەمەهەنگی و ئاگاییە بە جۆرێک کەوتووەتەوە کە کتێبێکی زیندوو و چێژبەخش بێتە بەرهەم، کە خوێنەرەوە لەگەڵ ڕەوتی هەڵدانەوە و بەرەوپێشبردنی پەڕەکاندا، ماندوو نەبێت و لێیەوە سوودمەند بێت.

پیتەر بروک (١٩٢٥ لەدایک بووە ـ ٢٠٢٢ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە)، ئەم هونەرمەندە هەر لە تەمەنەنێکی کەمەوە خولیای شانۆ دەبێت و دەست دەکات بە کارکردن لەو بوارەدا. دانا ڕەئووف لەم کتێبەدا، ئەگەرچی ئەو لە سەرەتاوە سنوورەکەی کێشاوە و نووسیویەتی کە مەبەستیەتی پیتەر بروک لە ڕێگەی “چەمکی پانتایی بۆش”ەوە بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵی داوە لەو مەودایەدا، واتا لە نێوان لەدایکبوون تاکو مردنی، لەسەر وێستگە گرنگەکانی ژیانی بوەستێت و لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی گشتی دەربارەی ئەزموونی ئەم دەرهێنەرە پێشکەش دەکات، هاوکات دەتوانین بڵێین کتێبێکی شێوە بایۆگرافیاشە، کە تێیدا پیتەر بروکی نێو ژیانی ڕۆژانەش دەناسین.

“پانتایی بۆش” ناوی کتێبێکی گرنگی پیتەر بروکە و دەتوانین بڵێین کۆی فەلسەفە شانۆییەکەتی و چەشنە مانیفێستۆیەکە، بەو واتایەی کە هەر شوێنێک دەکرێت شوێنی نمایشی شانۆیی بێت، پیتەر بروک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە “شوێنێکی بۆشم بدەرێ، شانۆیەکت دەدەمێ”، ئیدی ئەم شوێنە هیچ مەرج نییە ڕێکخراو و دیزاینکراو بێت، بەڵکو دەکرێت هۆڵێکی فەرامۆشکراو و نادیدە بێت، هەروەک ئەوەی بروک لە پاریس کردوویەتی، هۆڵێکی کۆنی پەڕپووتی دیتووەتەوە و بڕیاری داوە نمایشەکەی لەوێدا بکات بێ ئەوەی هیچ دەستکارییەکی ئەوتۆی بکات، تەنانەت کورسییەکان هێندە شەقوشڕ بوون، جلی چەند بینەریان دڕاندووە و دواتر پیتەر بروک زیانەکەی بۆ قەرەبوو کردوونەتەوە. بروک گرووپێکی نێونەتەوەیی هەبووە، کە پێکهاتوون لە کەسانی جیاواز، لە شار و وڵات و زمانی جوداوە، بەردەوام لە گەشتی شانۆییدا بوون و کۆی نمایشەکانیش هەمیشە لەو پانتاییە بۆشانەدا بوون، ئەمەش کارێکی کردووە لە ئایدیاکەی بروک تێبگەن و ئەو هەموو سەرکەوتنە بچننەوە پێکەوە. دانا ڕەئووف، نووسەر و شانۆکار، لەم کتێبەیدا، بە شێوەیەکی تایبەتی کار لەسەر هەمان چەمکی “پانتایی بۆش” دەکات و هەوڵ دەدات بمانباتە ناو ئەو پانتاییەوە، ئایدیای ڕوونی بروک سەبارەت بەو چەمکە دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا” لە هەشت بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەم ناونیشانانە: “بەشی یەکەم: پیتەر بروک کێیە؟، بەشی دووەم: دەروازەیەک بۆ ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک، بەشی سێیەم: هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر شکسپیر، بەشی چوارەم: ئەنتۆنین ئارتۆ: قۆناغی شەستەکان و شانۆیەکی ئەزموونگەری، بەشی پێنجەم: مەڵبەندێک بۆ شانۆیەکی نێونەتەوەیی (بەرەو شانۆیەکی میتۆلۆژی)، بەشی شەشەم: پیتەر بروک و هونەری ئۆپێرا، بەشی حەوتەم: فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی کارکردن، بەشی هەشتەم: کۆتایی و بەرئەنجامە گشتییەکان”. لێرەدا جێی ئاماژە بۆ کردنە کە هەریەک لەم هەشت بەشە، چەندان وردەناونیشانی تریان لەژێردا کۆبووەتەوە، کە سەرجەمیان تەکمیلەی ناونیشانی بەشەکە دەکەن و بە هەموو بەش و وردەبەشەکانیش شوناس و پێگە و ئەزموونی پیتەر بروک دەنەخشێنن.

دانا ڕەئووف لە ناسین و ڕۆچوون بە قووڵایی ئەزموونی پیتەر بروکدا زمانێکی سادە و سانا بەکار دەهێنێت، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەڕۆکی کتێبەکەدا پردی پەیوەندی دروست دەکات و ئایدیا سەرەکییەکانی وەردەگرێت. بەشی یەکەم و دووەم وەک بنەمایەکی گشتین هەم بۆ ژیانی پیتەر بروک، هەم بۆ ئەزموونی کارکردنی لە شانۆشدا، بەو دوو بەشە خوێنەرەوە وێنایەکی دەربارەی ئەم نووسەر و دەرهێنەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت کە هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ کەسێکی جیاواز ڕووبەڕووە، کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە خەونی گەورەی هەبووە و بە شوێن دەنگ و ڕەنگی خۆیدا گەڕاوە، دواتر و لە درێژەی ئەو گەشتەدا، سەرجەم ئەو جۆشش و کۆششانە دەبینینەوە کە پیتەر بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا داونی و بەر و بەرهەمەکەی، ئەو ئەزموونە ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەندەیە، کە بەشێکی بەچاو و گرنگی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو.

بەشی سێیەمی کتێبە تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک لەسەر دەقەکانی ولیام شکسپیر، ئەمە یەکێکە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبە و دانا ڕەئووف هەوڵی داوە بە وردی ئەو چییەتیی و چۆنێتیی ئەو کارکردنەی بروک لەسەر دەقە شانۆییەکانی شکسپیر دەستنیشان بکات، ئەویش بە هێنانەوەی چەند دانە لەو نمایشانەی بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا کردوونی و لێدوانی هەمەلایەن لە بارەیانەوە. ئاشکرایە بە ئێستاشەوە لە تەواوی دنیادا دەقەکانی شکسپیر بەردەوام ئامادە دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر شانۆ، بێگومان هەر دەرهێنەرە و بە شێواز و جیهانبینیی خۆیەوە، وەک دانا ڕەئووف دەریخستووە، پیتەر بروک لە نمایشەکانیدا هەوڵی داوە شکسپیرێکی نوێ پێشکەش بکاتەوە، ئەویش بەوەی کە لە بنەتاوە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دەقەکاندا کردووە و لەگەڵ گرفت و بابەتە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا گونجاندوونی، ئەوەشی لەو بڕوایەوە هێناوە کە بەڵێ، شکسپیر ئەو توانستەی هەیە بێتە ئەمڕۆوە و ئاماژەکانی لە چەند سەدەی پێشترەوە بۆ ئێستا بنێرێت، بەڵام بەو مەرجەی دەرهێنەر بتوانێت ئەو توانستە بناسێتەوە و لە بۆتەیەکی نوێدا دایبڕێژێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین شکسپیری بروک شکسپیرێکی ئەمڕۆییە و دەتوانێت لە ئێستادا هاوشانی ئێمە بدوێت و ببینێت.

بەشی چوارەم تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک بە میتۆدی ئەنتۆنین ئارتۆ، کە بە میتۆدی توندوتیژی ناسراوە، لەم میتۆدەدا ئەوەی گرنگی هەیە جووڵەی جەستەیە و سڕینەوەی وشە و دیالۆگە لە ئەکتەر، جەستە و جووڵەکانی جەستە دەبنە چەق و دەرهێنەر تەرکیز و مامەڵە لەگەڵ جووڵەی جەستەدا دەکات، جووڵە دەبێت‌ بە زمان و پەیڤ، دانا ڕەئووف بە خستنەڕووی میتۆکەی ئارتۆ و چەند نموونە لە کارەکانی پیتەر بروک، کە سەر بەو میتۆدەن لە کارکردن، دەریدەخات کە چۆن بروک بە شوێنپێهەڵگرتنی ئارتۆ توانیویەتی دەروویەکی تر بەسەر ئەو تیۆرەدا بکاتەوە.

بەشی پێنجەم لە گرنگترین و سەرنجبزوینترین بەشەکانی کتێبەکەیە، دانا ڕەئووف لەم بەشەدا دیوە ڕۆژهەڵاتی و نێونەتەوەییەکەی پیتەر بروک بەسەر دەکاتەوە و دەریدەخات کە بروک لە میراتی نێونەتەوەیی چ بەرهەم و داهێنانێکی پێشکەش کردووە. پیتەر بروک لەو دەرهێنەرانەیە کە بەردەوام لە هەوڵی نوێگەریدا بووە، بە خۆیی و ستافەکەیەوە وڵاتەووڵات و شاربەشار گەڕاون و نمایشیان کردووە، هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و چوونەتە ئەفەریقا و ئەمەریکا، لە میراتی ئەدەبیاتی هیندستان، دەقێکی مێژوویی و کۆنینەی ئەو وڵاتەی کردووە بە شانۆ، ئەویش دەقی “مەهابەهارتا”یە، مامەڵەکردنی ئەم دەرهێنەرە لەگەڵ ئەم دەقەدا لەسەر ڕوانینێکی نوێیە بۆ ئەو دەقە کۆنە، کاتێک لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەورووپا و ڕۆژئاوا ئەم دەقە نمایش دەکات، بە شوێن ئەو ڕەگەدا دەگەڕێت کە دەتوانێت ببێت بە پردێک لە نێوان دوو شارستانی مەزنی وەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. ڕەنگە سەیرترن نمایشی پیتەر بروک ئەو نمایشەی بێت کە دەقەکەی لەسەر بنچینەی “منطق الطیر”ی فەرەیدەدین عەتار بێت، کە ئەو بە ناوی “کۆنفرانسی باڵندەکان” ئامادەی کردووە و پێشکەشی کردووە، بە هەرحاڵ، خوێنەرەوە بۆ خۆی دەتوانێت وردەکاری ئەو نمایشانە و دەنگدانەوەیان لە سەروەختی خۆیان و پاشتریشدا، لە کتێبەکەدا بخوێنێتەوە.

بەشی شەشەم تایبەتە بە مامەڵەکردنی پیتەر بروک لەگەڵ هونەری ئۆپێرادا، واتا ئەو هونەرە کلاسیکە چۆن و بە چ ئیمکانێک دەیخاتە دووتوێی نمایشەکانییەوە، لێرەشدا چەند تراژیدیا، لەوانە: “کارمن، دۆن جیۆڤانی، شمشاڵی ئەفسوونای” وەک نموونە وەردەگرێت و بە وردی تاوتوێیان دەکات.

بەشی حەوتەم بەشێکی تایبەتە، کە دەتوانین بڵێین چکاوەی کۆی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی پیتەر بروک دەردەخات کە پێی گەیشتووە، ئەویش فۆرمێکی ساکارە، ساکار بە قووڵاییەکی ناوازەوە، پیتەر بروک چڵاوچڵێکی بێوێنەی لە فۆرمدا کردووە، لە دوایین وێستگەی ئەزموونەکەیدا فۆرمێکی ساکار دەدۆزێتەوە و وەک خاڵێکی گەش کاری لەسەر دەکات، بێگومان گەیشتن بەو فۆرمە کارێکی سانا نییە، بەڵکو دنیابینییەکی بەرین لە پشتیەوە وەستاوە، هەر ئەوەش وای کردووە کە لە “فۆرمێکی ساکار” قووڵاییەک بەرهەم بێت، کە هەم ڕوون بێت، هەمیش سادە و هاوکات ناوازە لە لایەنی هونەرییەوە.

کتێبی خستنەڕووی پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا وێڕای زانیاری چڕوپڕ لەسەر هونەرمەندێکی مەزنی وەک پیتەر بروک، دەتوانێت چێژێکی تایبەتیش بە خوێنەرەکەی بدات، هاوکات بە هەوڵی کەسێک ئاشنابێت کە لەپێناو خەونەکەیدا، هەموو سەختییەکان تێدەپەڕێنێت. وەک لە دوابەش و “دواوتە”شدا دانا ڕەئووف نووسیویەتی: “هەر کەسێک لە بواری شانۆدا کار بکات، جا قوتابیی شانۆ، ئەکتەر، ڕیژیسۆر، یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی شانۆیی بێت، ناتوانێت بروک و ڕۆڵی بروک لە گەشەکردنی شانۆیی جیهانیدا فەرامۆش بکات. هەرچەندە ئەمڕۆ بروک بە هەمان وزە و هێزی شەستەکان، یان حەفتا و هەشتاکانەوە کار ناکات، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی، ئەوەی ئەو بۆ شانۆی مۆدێرن و هاوچەرخی جیهانی، بۆ دەستپێکی تری شانۆ و بۆ ڕۆڵی شانۆ بنیادی ناوە، بناغەیەکی پتەوە و کاریگەرییەکی بێئەندازەی بەسەر ڕەوتی شانۆوە هەیە. ئەو کاریگەرییە لە کارەکانماندا، لە تێڕوانینماندا بۆ شانۆ، لە نووسینەکانماندا، لە پێناسەکردنی شانۆ بۆشەکاندا، لە هەموو پڕۆسەی شانۆییدا دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستمان بە گرووپی نێونەتەوەیی و بەرجەستەکردنی شانۆی ڕۆژهەڵاتە لە شانۆی ڕۆژئاوادا، لە کولتووری ڕۆژئاوادا، لە سترکتووری دامەزراوە ڕۆژئاواییەکاندا و بە پێچەوانەشەوە. بروک ئەم دەروازەیەی بۆ کردینەوە، زمانێکی گلوبالیزمی بۆ شانۆ خوڵقاند و شانۆی کردووەتە پێداویستییەکی ڕۆژانەی هەموو خەڵک.”   

ناردن: