خستنەڕووی: سیاسەت بە هەڵەیدا بردین

Loading

ئەدیبان و دنیای سیاسەت

خستنەڕووی: “سیاسەت بە هەڵەیدا بردین”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

گفتوگۆ و مشتومڕی ئەدەبی، هەمیشە یارمەتیدەرە بۆ ئاشنابوونمان بە بیر و بۆچوون و دنیابینیی نووسەران، چونکە لەو دیمانانەدا نووسەر ڕاستەخۆ و دوور لە خۆسانسۆرکردن لە خۆی و دنیاکەی دەدوێ، لەو بابەت، دیاردە و نووسەر و کتێبانەی بۆی جێی سەرسامی بوون و لەوانەش کە لێیان بێزار و دوورە. هاوکات سەرجەم ئەو وێستگە گرنگانەش دەزانین کە نووسەران پێیدا تێپەڕ بوون و گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە. دیارە ئەوە شتێکی سەلماوە کە هەموو هەڤپەیڤینێک ناتوانێت ئەو ڕێسایە گشتگیرە بگرێتەوە و سەرڕاستانە وردەکارییەکانی ژیان و ئەدەبی نووسەر بەیان بکات، بەڵام نموونەی نووسەرانی جددی و خولقاو بۆ ئەدەب، بەردەوام دەمانخەنە بەردەم سەرسامی و بیرکردنەوە، قسەکردن و دوان لەبارەی ژیان و بەرهەم و ئەو ژینگەیەی تێیدا ڕسکاون، هێندە ڕاستگۆیانەیە کە هەر وا هەست دەکەین ئێمەیش لە نزیک وان و لەگەڵیان ئەو ئەزموونانەمان کردووە. بە تایبەت کاتێک قسە بێتە سەر نووسەرانێک لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی کە ئەزموونی ژیاوی تاک و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات نزیکایەتییەکی بێوێنەی هەیە، هەر ئەوەش وا دەکات کە لە ژیانی ڕۆژانە و پێکهاتەی خێزان و ژینگەی دەوروبەرماندا هاوچەشنی و هاوشێوەییەکی زۆر دروست ببێت، هەر ئەوەشە وا دەکات بە چێژێکی زۆرترەوە بتوانین پەیوەندیی لەگەڵ ئەو نووسەرانەدا ببەستین کە سەر بەو کولتوور و بیرکردنەوە و میراتە فەرهەنگییەن، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموومان، بە جیاوازی بیر و باوەڕ و زمان و نەتەوەوە، تێیدا هاوبەشین و یەک دەگرینەوە.

بورزوگ عەلەوی نووسەرێکی دیار و گەورەی نێو زمانی فارسییە، ئێمە ساڵانێکە ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ڕێی زمانی فارسیشەوە نەبێت، لە ڕێی وەرگێڕانی بەشێکی زۆر لە بەرهەکانییەوە، ئاشنای دنیای گێڕانەوەی ئەم نووسەرەین و بە جۆرێک بووە بە خۆشەویستی ئێمە لەو دنیایەدا. کەم کەس هەیە کە لە درێژە و ڕەوتی خوێندنەوەیدا ڕۆمانی “چاوەکانی” ئەم نووسەرەی نەخوێندنێتەوە، هەڵبەت بە وەرگێڕانی، وەرگێڕی بەسەلیقە و کارساز “ئازاد بەرزنجی”، چاپی ئەم کتێبە لە زمانی کوردیدا گەیشتووەتە چاپی … ئەوەش دەلالەتە لەوەی کە بە ئێستاشەوە ئەم کتێبە دەخوێنرێتەوە و پێشنیار دەکرێت بۆ خوێندنەوە. ڕەنگە خوێنەر کاتێک کتێبێک دەخوێنێتەوە، ئەو مەیلەی لە لا دروست ببێت، نووسەری ئەم کتێبە کێیە؟ سەر بە چ بیرکردنەوە و لە بڕگەیەکدا ژیاوە و بەرهەمەکانی دیکەی چین و چۆن بیر لە کردەی نووسین و گێڕانەوە دەکاتەوە؟ بێگومان پرسیارگەلێکی تر بەو ڕیزە پرسیارە زیاد دەبن و هەر ئەوەش وا دەکات لە ئینترنێتدا بە شوێن ئەو وەڵامانەدا بگەڕێ، تەنانەت پێی خۆشە ڤیدیۆ و وێنەی ئەو نووسەرەش ببینێت و شارەزای وردەکارییەکانی ژیانی ئەدەبی، کەسی و کۆمەڵایەتی ببێت. کاتێک دەبینێت کتێبێک لەو نووسەرە وەرگێڕاوە و تێیدا گفتوگۆیەکی هەمەلایەن لەگەڵیدا ساز کراوە، ئەوا خەنی دەبێت و وەک گەوهەرێک تەماشای دەکات، ڕێیەکی دوور و سەختی بۆ نزیک دەبێتەوە و بە هەمان تاسە و مەیلی خوێندنەوەی کتێبە ئەدەبییەکانی، دەست دەداتە ئەو کتێبە و دەیخوێنێتەوە. “سیاسەت بە هەڵەیدا بردین؛ چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ بورزوگ عەلەویدا” لەو چەشنە کتێبانەیە، کە خوێنەرانی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە دڵخۆش و پڕزانیاری دەکات، هاوکات سەرشار دەبن بە کۆمەڵێک لایەنی پەراوێز و نەدیتراوی ئەم نووسەرە، کە تێکڕا دەتوانن هاوبەشی خوێنەر بکەن لە ڕۆنانی کەسێتیی بورزوگ عەلەویدا و لەو دنیا ڕازاوە ئەدەبییەی پێکی هێناوە.

ئەم کتێبە بە کوردییەکی سادە و ڕەوان، لە لایەن وەرگێڕ “هەژار جەلال ئەحمەد فەهمی” ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی، بۆ ئەوەی بتوانین وێنایەکی گشتی لەسەر بوزورگ عەلەوی و ژیانی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بدەین بە دەستەوە، هەوڵ دەدەین گوڵچنێک لە کتێبەکە بکەین، تاکو لە ڕێیەوە خوێنەر بێبەش نەبێت لە بەشێک لە جوانی و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە گرنگە.

بوزورگ عەلەوی (موجتەبا عەلەوی)، لە ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٠٤، دوو دساڵ بەر لە شۆڕشی مەشرووتە، لە خێزانێکی کاسبکار و ئازادیخوازی تاران، لەدایک بووە. برا گەورەکەی (مورتەزا) لە ئەڵمانیا پەیوەندی کردووە بە چەپەکانەوە، لە سەرەتای دەرکەوتنی نازیزمدا چوو بۆ شوورەوی و ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ زۆرێک لە چەپەکانی ئێراندا، دەستبەسەر کران.

برا بچووکەکەی (مستەفا) لەگەڵ خوشکەکەی (نەجمی) ساڵانێکی زۆریان لە شوورەوی بەسەر برد، دواتر چوونە لەندەن. باوکی (سەیید ئەبو حەسەن کوڕی ئەرشەد حاج محەمەد)ی سەڕاف، ناسراوبوو بە (مەشرووتەخواز)، لە دەورەی یەکەمی پەڕلەمانی ئێراندا بە نوێنەر هەڵبژێردرا. سەیید ئەبو حەسەن کەسایەتییەکی سیاسی و فەرهەنگی بوو. لە تافی لاویدا چوو بۆ ئەورووپا و لە پاریسەوە چوو بۆ ئەڵمانیا. لەو کاتەدا کە ئینگلیزەکان دەسەڵاتیان گرتبوو بەسەر بەغدا و کرماشاندا، لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، سەیید ئەبو حەسەن لە (کۆمیتەی ملێون ئێرانی) بوو لە بەرلین، لەگەڵ تەقی زادە و جەمال زادە، دژی ئینگلیزەکان چالاکییان دەنواند. دواجار لە ساڵی ١٩٢٧دا لە بەرلین خۆی کوشت و هەر لەوێش ناشتیان.

بوزورگ عەلەوی لە قوتابخانەی ئەقدەسیە و دارالفنون وانەی خوێندووە، لە کاتی گەڕانەوەی باوکی بۆ تاران بۆ جاری دووەم، ئەو لە شیراز مامۆستا بوو، لە قوتابخانەی پیشەسازی فارس. دوای ساڵێک بەرەو تاران هات و لە ئەرکانی جەنگیدا بە وەرگێڕ دامەزرا، پاشان دوو ساڵ لە هونەرستانی دەوڵەتدا بە کاری مامۆستاییەوە سەرقاڵ بوو. لە تاران لەگەڵ سادق هیدایەت و شیرازی پووردا، کە هەردووکیان وەک خۆی هەستی نەتەوە پەرستیان هەبوو، کتێبی “ئنرانیان” لە سێ بەرگدا: (سایەی مەغۆل): هیدایەت و (دێوی بەدمەستی) دەربارەی ئەسکەندەر: شیرازی پوور، (دێو… دێو) دەربارەی هێرشی عەرەبەکان: عەلەوی، چاپیان کرد و پێشکەشی زەبیح بەهرۆزیان کرد، کە پیاوێکی نەتەوەپەرست و ئیلهامبەخشی ئەوان بوو.

زۆری نەخایاند کە موجتەنەبی مینەوی و مەسعوود فەرزادیش پەیوەندییان کرد بەو سێ تفەنگچییەوە. هەر لەو سەردەمەدا فەرزاد کۆمەڵەی ناوبراوی لە بەرانبەر (کۆمەڵەی حەوت)دا (سەعید نەفیسی و عەبباس ئیقباڵ و عەلی دەشتی و نەسروڵڵا فەلسەفی و فەخرەدین شادمان و غوڵام ڕەزا ڕەشید یاسەمی و عەلی ئەسغەر حیکمەت) دادەنا. واتە کۆمەڵەی “نوێخواز” لە بەرانبەر ئەدیبە سوننەتییەکاندا، کە بە قسەی “مینەوی” هیچ گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبێک لە شاکاری ئەوان خاڵی نەبوو، ئێمە گاڵتەمان بەوان دەکرد… کۆمەڵەکەمان لەو سەردەمەدا، مینەوی عەرەبییەکی باشی دەزانی، عەلەوی ئەڵمانی، هیدایەت فەڕەنسی و فەرزاد ئینگلیزی، کۆمەڵەیەکی بەتوانا و ڕێکوپێک، خاوەن پێنووسی بە توانا بۆ نووسین. پاشان (عەبدولحسێن نۆشین و حەسەن ـ شەهید نوورانی) هاتە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە و بەشی شانۆ و مافپەروەرییان تێدا بەهێز کرد. هێندەی نەخایاند خانلەرییش هاتە کۆمەڵەکەوە. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە بوزورگ عەلەوی کەوتە تۆڕی (ئەرانی)یەوە و چووە ناو دنیای سیاسەتەوە، (سەرمایە)ی مارکسی بە ئەڵمانی خوێندەوە، تا لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٣٧ کەوتە زیندانەوە لەگەڵ (پەنجا دوو کەس)ی تردا، کە دواتر لەو سۆنگەیەوە ڕۆمانی (پەنجا و سێ کەس)ی نووسی؛ (لاپەڕە دڕاوەکانی زیندان و پەنجا و سێ کەس) بەرهەمی ئەو سەردەمەین.

لە خەرمانانی ١٩٤١دا عەلەوی لەگەڵ ئەوانی تردا لە زیندان ئازاد کران، هەر لەو سەردەمەدا بوو مافی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی “مەردووم”ی کەوتە ئەستۆ، (سەفەری نەوعی)، (ئەنوەر خامەی)، (عەبدولحسێن نۆشین)، (سادق هیدایەت) و (ئیحسان تەبەری) لە نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە بوون، جارجار بوزورگ عەلەوی لەپاڵ ئەواندا شتی دەنووسی.

پاشان ساڵی ١٩٤٣ گۆڤاری “پەیامی نوێ” لە لایەن ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئێران و شوورەوییەوە دروست بوو، عەلەوییش لەگەڵ هەندێ ڕۆشنبیردا، وەک: سەعید نەفیسی، هیدایەت، فاتمە سەیام، عیسا بەهنام، کەریم کەشاوەرز، ڕوحوڵڵا خالقی و غوڵام عەلی ئازەر لەوێ کاری دەکرد.

لە ساڵی ١٩٤٤ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی چوو بۆ ئەڵمانیا و کە ڕێکەوتی کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بوو. بۆ هەمیشە لە بەرلین مایەوە و دەستی کرد بە گوتنەوەی وانەی زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆ. بەڵام بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە هەواڵ و باری ئەدەبی و فەرهەنگی و سیاسی وڵاتەی خۆی، ئێران، دانەبڕا.

یەکەمین خۆشەویستی عەلەوی لەگەڵ کچی دکتۆر (ئاشتووم)دا بوو، کە دکتۆری ددان بوو، خەڵکی ئەڵمانیا بوون، ئەو کاتە لە تاران دەژیان، جوانی ئەو کچە بووبووە وێردی سەر زمانی هەموو خەڵک، لەگەڵ عەلەویدا زەماوەندیان کرد.

دوای ئەوەی کەوتە زیندانەوە و حکومیان دا بە هەشت ساڵ، بە هۆی جەنگ و ئەو مەترسیانەی لەسەر هاووڵاتییە ئەڵمانییەکان بوو، ژنەکەی لێی جیابووەوە و لەگەڵ ئەڵمانییەکانی تردا گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

مانی عەلەوی تەنیا کوڕ و یادگاری زەماوەندەکەیانە، لە سویسرا دەژی. بوزورگ عەلەوی لە تەمەنی نەوەد و چوار ساڵیدا، ساڵی ١٩٩٧ لە بەرلین، کۆچی دوایی کرد.

لەم کتێبەدا نووسەران و ڕۆشنبیرانێکی وەکو عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەحموود دەوڵەتئابادی، ڕامین جیهانبەگلوو و… بوزورگ عەلەوییان دواندووە و کۆی کتێبە دەتوانێت سەرچەشنێک لە ژیاننامە و کارنامەی عەلەوی بدات بە دەستەوە.

ئەم کتێبە یادگاری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەو کتێبانەیە کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای دامەزراندنی ئەو دەزگایە دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە کتێبە بە نرخەکانی زنجیرەی چاپ و بڵاوکراوەی سەردەم، ساڵی چاپەکەی ١٩٩٩یە.

ناردن: