د. عەلی وەردی ڕێبەری کۆمەڵناسی لە عێراقدا
د. عەلی وەردی
ڕێبەری کۆمەڵناسی لە عێراقدا
ڕانانی: سەردەم
بابەتی ئەم کتێبە کۆمەڵناسییە و دنیای گەورە نووسەر و کۆمەڵناسی عێراقی (د. عەلی وەردی) لە دید و ئەندێشەی کۆمەڵێک نووسەر و ڕووناکبیرەوە خراوەتە ڕوو، کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتار پێک هاتووە، کۆمەڵێک نووسەری جیاجیا نووسیویانە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسووەد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: تێزی دکتۆراکەی عەلی وەردی، عەلی وەردی و کۆمەڵگای کوردی، سەرکردەی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری لە عێراقدا، عەلی وەردی و شیعر لە چاوپێکەوتنیکدا، دەربارەی سروشتی مرۆیی، پسپۆڕیی عەلی وەردی لە ئابوورییەوە بۆ کۆمەڵناسی، نامەکانی عەلی وەردی لە نێوان تیکساس و بەغدادا، ئایا هاوسەرگیری نیعمەتە یان نەهامەتی… و چەندین بابەت و وتار و ناونیشانی دیکە.
ئەوەی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، بەشێکی زۆر لە دنیای د. عەلی وەردی، ئەزموون و کتێبەکانی دەناسێت، چونکە گەشتێکی هەمەلایەنە بە ژیان، نووسین، دونیابینی و تێگەیشتنی کۆمەڵناسیانەی ئەم کۆمەڵناسە گەورە و ناودارەی وڵاتی عێراق و جیهانی عەرەبیدا، هەر وەک خودی ورگێڕ (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسووەد) لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی کردووە: ئێمە لەم کتێبەدا هەوڵمان داوە تێز و بیروبۆچوونی عەلی وەردی، سەبارەت بە کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی عێراقی، بە کورتی باس بکەین و گرنگترین وێزگەکانی ژیانی ئاشکرا بکەین و هەندێک لە کتێبەکانی بناسێنین، لەوێوە گرنگیی عەلی وەردی و میتۆدەکەیمان بە زمانێکی ئاسان و شێوازێکی ڕوون خستوەتە ڕوو.
لە وتارێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (عەلی وەردی و کۆمەڵگەی کوردی)دا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە خوێنەری کورد دەتوانێت تێبینی ئەوە بکات ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا هەبوون، هەندێکیان تا ئەمڕۆش پرۆسە دەکرێن و عەلی وەردی شیکردنەوەیان بۆ دەکات و ڕخنەیان لێ دەگرێت، تا ئەندازەیەکی زۆر، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا بوونیان هەیە، تا ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی و کۆمەڵگەی کوردی لەیەک دەچن، بۆیە ئەو ڕەخنانەی عەلی وەردی ئاراستەی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، لە زۆر لایەنەوە کۆمەڵگەی کوردیش دەگرێتەوە: باوەڕ ناکەم هیچ نووسەرێکی کور هەوڵی دابێت بەپێی تیۆرییەکانی عەلی وەردی کۆمەڵگەی کوردی بخوێنێتەوە، یان هەوڵ بدات سوود لە تیۆرییەکانی وەردی وەربگرێت و لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەی کوردی بکات، یان هەوڵ بدات بەپێی تێزە سۆسیۆلۆجییە نوێیەکان دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی شی بکاتەوە.
لە وتارێکی تردا بە ناوی (ئایا تێزەکانی عەلی وەردی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا پراکتیزە دەبن؟) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ماوەی پیتر لە نیو سەدە، زانای کۆمەڵناسی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی هەوڵی داوە بونیادی سۆسیۆلۆجیی کۆمەڵگەی عێراقی شی بکاتەوە و بەپێی میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگەری لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، ئەمەشی لە میانی چەندین کتێبدا کردووە کە بە نامیلکەیەک دەستی پێ کرد بە ناونیشانی (کەسێتی تاکی عێراقی) ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا سیمینارێک بوو ساڵی ١٩٥٠ لە زانکۆی بەغدا پێشکەشی کرد، لە هەمان ساڵدا لە شێوەی کتێبدا چاپی کرد: ئەم گەشتە زانستییەی عەلی وەردی توانی بچێتە نێو وردترین خانەکانی چنینی کۆمەڵگەی عێراقی، بە لێهاتووی قەڵەمێکی سۆسیۆلۆجیانە هەوڵی دا بونیادە سۆسیۆلۆجی، ئابووری و سیاسییەکان بە شێوەیەکی بابەتی شی بکاتەوە، بە چاوێکی بێلایەن و میتۆدی زانستی هەموو دیاردە کۆمەکایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی خوێندوەتەوە، یەکێک لە گریمانەکانی عەلی وەردی بۆ خوێندەوەی سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی، بریتییە لە ململانێی دەوارنشینی و شارستانی کە ئەمەی لە ئیبن خەلدوون خواستووە.
عەلی وەردی (١٩١٣–١٣ تەممووزی ١٩٩٥) زانای کۆمەڵناسیی عێراقی بوو، مامۆستا و مێژوونووس بوو، ناسراو بوو بە ھاوسەنگی و بابەتی بوون لە کارەکانیدا هاوکات یەکێکیش بوو لە پێشەنگەکانی (عەلمانیەت) لە عێراقدا. پاشگری ناوی وەردی لە خێزانەکەیەوە بۆی ماوەتەوە لەبەر ئەوەی باپیرەگەورەی کاری کردووە لە دروستکردنی دڵۆپاندنی ئاوی گوڵدا.
ناوبراو لە بەغدا، لە ناوچەی کازمییە ساڵی ١٩١٣ی زائینی لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٢٤ کورسی خوێندنی بەجێ ھێشتووە، بۆ ئەوەی لە لای عەتردروستکەرێک کار بکات، دواتر لەکارەکەی دوور خراوەتەوە لەبەر ئەوەی ھەمیشە خۆی بە خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامەوە خەریک کردوە و کڕیارەکانی فەرامۆش کردووە. دوای ئەوە دوکانێکی کردووەتەوە کە خۆی سەرپەرشتی کردووە. لە ساڵی ١٩٣١ پەیوەندی بە خوێندنی ئێوارانەوە کردووە لە پۆلی شەشی سەرەتایی دەستی بە خوێندن کردووە، ئەمەش سەرەتای ژیانێکی نوێ بووە بۆ ئەو، پاشان خوێندنەکەی تەواو دەکات و دەبێت بە مامۆستا. لە ساڵی ١٩٣٢ جلوبەرگی باوی ئەوکاتەی خۆی گۆڕی، جلوبەرگی ئەفەندی پۆشی، پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست ھێنا و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری دیکەدا بۆ خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی بەیروت نێردرا. پاشان لەوێش بەکالۆریۆسی بەدەست ھێنا و دواتر نێردرا بۆ زانکۆی تەکساس و لەوێ لە ساڵی ١٩٤٨ ماستەری بەدەست ھێنا و ساڵی ١٩٥٠ ش دکتۆرای بەدەست ھێنا.
لە ساڵی ١٩٤٣ لە وەزارەتی مەعاریف وەک مامۆستای ئامادەیی ناوەندی بەغداد دامەزرا. لە ساڵی ١٩٥٠ دا وەک مامۆستای زانستی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد دامەزراوە. پاشان لەساڵی ١٩٧٠ دا لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، پاشان زانکۆی بەغداد نازناوی مامۆستای موتەمەڕیسی پێ داوە. چەندین کتێب و دانراوی گرنگی ھەبووە، ھەموو ژیانی ناخۆشی و ئازار بووە لەگەڵ زۆرێک لە دەستەڵاتدارانی سەردەمەکانی خۆیدا جیاوازی ھەبووە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش بووە کە باوەڕی وا بووە داھاتوو لە نێوان دەستەکانی خۆیدا دروست دەکرێت.
عەلی وەردی، لە ژێر کاریگەریی ئیبن خەلدون، لە زانستی کۆمەڵناسیدا بووە. بابەتی بوونی لەم بوارەدا بووە بە ھۆی زۆر کێشەی گەورە بۆی، لەبەر ئەوەی بیرۆکەی مارکسی وەرنەگرتووە و شوێنی بیرۆکە ئایدۆلۆژی و نەتەوەییەکان نەکەوتووە. نەتەوەپەرستەکان بە مرۆڤێکی قوتری ناویان بردەوە لەبەر ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەی بە «کەسایەتی تاکی عێراقی» دانا، کە بەپێی بیروباوەڕی ئەوان، کەسایەتی مرۆڤی عەرەبی لە ھەموو وڵاتە عەرەبیەکاندا، وەک یەک وایە. هەروەها چەپ و شیوعیەکانیش ڕەخنەیان لێ دەگرت کە پشتی نەبەستووە بە ڕێڕەوی ماددی مێژوویی لە خوێندنەوەکانیدا.
لێکۆڵینەوەکانی عەلی وەردی سەبارەت بە کەسایەتی تاکی عێراقی، لە گرنگترین توێژینەوەکانی لەم جۆرە دێتە ھەژمار کردن و دەتوانێ وەکو نموونەیەک بۆ خوێندنەوەی ناوچەکانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوین بێت. وەردی کەسایەتی تاکی عیراقی وەک کەسایەتییەکی دوولایەنە ھێنایە بەرچاو، کە ھاوکات پیڕۆزییەکان و باوەڕی بیابان و شارستانێتی تێدا بەدی دەکرێت، لەو ڕووەوە کە ھەڵکەوتەی جوگرافی عێراق بووەتە ھۆی ئەوەی لە لایەکەوە بە ھۆی بوونی ڕووبار و سەرچاوەکانی تری ئاو، شارەکان دەتوانن دروست بن و لە لایەکی ترەوە بە ھۆی نزیکی لە بیابانی عەرەبەوە، عێراق بووەتە نشینگەیەکی باش بۆ کۆچەرانی بیابانگەڕ، کە دوایین نموونەی ئەم کۆچانە، بۆ ٢٥٠ساڵ لەمەوپێش دەگەرێتەوە. وەردی عێراق بە وێنەی کورەی تواندنەوە دەبینێ کە بۆ ئاوێتەکردنی کۆچەرانی بیابان بە دانیشتوانی عێراق، کە شارستانیەتێکی پێشکەوتووتریان ھەبووە، بە کار دەبرێت. ئەم بابەتە بووەتە ھۆی ئەوەی دوو نەوە بە دوو پیرۆزی و باوەری بیابانگەڕی و شارستێنی دروست بێت، کە لە لایەکەوە شانازی بە میوانداری و حەشیمەتی زۆر دەکات و لەم لاشەوە ژیانی نێو شار ناچاری دەکات ڕێسای شارستانیەتی ڕەچاو بکات.
بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگ و بە بەهایە بێبەش نەکات، چونکە تا ئەندازەیەکی زۆر ئاشنای دەکات بە تێزە کۆمەڵناسییەکانی ئەم زانا گەورە و ناودارەی بواری کۆمەڵناسی.