نووسین دەربارەی سینەما بە نیگایەکی دەروونشیکاریی
نووسین دەربارەی سینەما بە نیگایەکی دەروونشیکاریی
خستنەڕووی کتێبی “پەردە ـ چاو”
خوێندنەوەی: سەردەم
بێگومان نووسین دەربارەی ئەو کایانەی کە کەمتر بۆ ئێمە ئاشنان و زیاتر لە ڕێی کەناڵی ترەوە پێمان دەگات، گرنگە، ئەمە بەو مانایەی کە نووسین لەو بوارانەدا دەتوانێت یارمەتیمان بدات کە پاشخانێک بونیاد بنێین، کە تێیدا بینینمان بەرینتر بێتەوە، هاوکات وا دەکات ئەو کایە هەراوتر بێت، تاکو کەسانێک کە کار لەو بوارەدا دەکەن بەرچاوڕوونیان زیاتر بێت، بە وریاییەوە دەست بۆ جومگەکانی ببەن و هەوڵی جۆرێک نوێگەری بدەن. سینەما یەکێکە لەو بوارانە و لای ئێمە هێشتا وەک پێویست ئاوڕێکی کۆنکرێتی لێ نەدراوەتەوە و هەوڵەکان پەرتەوازەن و کەمتر ئاراستەکراون، هەرچەندە ئەمڕۆ زۆرن ئەو فیلمانەی چوونەتە دەرەوەی کوردستان و توانیویانە خەڵاتگەلێک بچننەوە و ببنە نوێنەری کولتوور و زمان و مێژووی کورد، بەڵام ئەو هەوڵانەش جێی ڕەخنەن و ڕەنگە لە ناواخندا لەگەڵ ئاستی بەرزویستی ئێمەدا نەبن. لێرەدا نووسین و خوێندنەوە و شرۆڤەکردن بە زمانی کوردی، هاوکات وەرگێڕان لە زمانەکانی ترەوە بۆ کوردی لە هەمان کایەدا، جێی دەست خۆشییە و پێویستە ئەو هەوڵانە بەرز بنرخێنرێت. بە تایبەت کە قسە بێتە سەر نووسین بە زمانی کوردی، چونکە ئەمە خۆبەخۆ کارێک دەکات کە ئێمە بتوانین لێیەوە زمانێکی تایبەتی سینەمایی بونیاد بنێین، زمانێک بە خسووسیاتی خۆیەوە، کە بتوانێت فەرهەنگێکی سنەمایی ڕۆ بنێت، فەرهەنگێک بە زمانی کوردی، کە بەشدار بێت لەو ڕووبەرە گەورەیەدا کە ئەمڕۆ سینەما و فیلم داگیریان کردووە.
کتێبی “پەردە ـ چاو” هەوڵێکی گرنگە، بە تایبەت لەو ساڵەدا کە ئەم کتێبەی تێدا چاپ بووە؛ ٢٠٠٩، گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە، کە دەکاتە پازدە ساڵ لەمەوبەر، دەبینین سینەمای کوردی و نووسین بە کوردی دەربارەی فیلم، لەچاو ئێستادا پێڕەوکە بوو، هەوڵێکی کەم هەبوو، بە تایبەت نووسین بەو زمانە تایبەتەی نووسەرانی ئەم کتێبە پێڕەویان کردووە، زمانی نووسینی ئەم کتێبە بە جۆرێکە کە دەتوانێت زۆر قەڵەشت و درزی ئەو بوارە بگرێت، بێ ئەوەی نووسەرانی ئەم کتێبە مەبەستێکی لەو چەشنەیان هەبێت، دەبینین کە بەشدارییەکی لەو جۆرەیان کردووە و ئەمڕۆ کاتێک کتێبەکە و وتارەکانی ناوەوەی دەخوێنینەوە، دەبینین چەند ورد و بە دیقەت هەوڵیان داوە لە ئیمکانییە زمانەوانییەکان و چەمک و زاراوە ڕەخنەیی و سینەماییەکان کەڵک وەربگرن و لە مەتن و درێژەی خوێندنەوەدا سوودیان لێ ببینین.
نووسەرانی ئەم کتێبە هەردوو نووسەر ڕەزا عەلی پوور و شاهۆ مەحموودین، وێڕای ئەوەی کە هەریەک لەم نووسەرانە لە کایەی تردا کاریان کردووە، هاوکات بە جددی ساڵانێکە سینەما بۆیان بووە بە پرسیار و لەو بوارەدا چەندان کاریان کردووە، ڕەزا عەلی پوور جیا لەم کارە هاوبەشە، کتێبێکی سەربەخۆیی تری نووسیوە بە ناوی “لە سفرەوە تا سینەما”، شاهۆ مەحموودی وەک کار لە چەند کاری کورتەفیلم و فیلمی تردا بەشداری کردووە، بە نووسین و قسەکردن چالاکی هەبووە و هەیەتی، هەردووکیشیان بە نووسین و لێدوانەکانیانەوە دیارە کە بە وردی ئاگاداری ڕەوتی مێژوویی سینەمان و هاوکات ئاگاداری ئەو قوتابخانە و ناوەندە ڕەخنەییانەن کە ئەمڕۆ لە بواری ئەم ژانرەدا کاران، هەر ئەمەشە کارێکی کردووە کە لە سەرجەم وتارەکانی ئەم کتێبەدا دەیبینینەوە، بە ڕوونی ئەو دەسەڵاتە دیارە کە ئەم نووسەرە بەسەر بوارەکەدا هەیانە و خوێندنەوەیەک پێشکەش دەکەن کە دەتوانێت یارمەتی بینەر و خوێنەر بدات باشتر لە میدیەمی سینەما و ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەی بەرباس دراون، نزیک بێتەوە.
کتێبەکە خوێندنەوەیە بۆ هەشت فیلم، وەک لە پێشەکیدا هاتووە: “پێوەری ئێمە بۆ هەڵبژاردنی ئەم فیلمانە تەنیا خەڵات وەرگرتنیان نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە ئێستە بەشێکیان لە کاتی نمایش و لە بازاڕدان و بینەر دەتوانێت دەستیان بخات. هەروەها پێویستە بوترێت هەر لە ٢٠٠٨دا فیلمگەلێکی سەرکەوتووتریش بوونە کە لێرەدا باسیان لێ نەکراوە.” ئەو فیلم و ناونیشانی باسانەی هاتوون بەم جۆرەن: “هالیوود دژ بە هالیوود؟ خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی کولانەنشینی ملیۆنێر، دەرهێنەر: دانی بویل، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور”، “ژیانەوەی ئانتیگۆنە؛ ئاماژە بە ڕادیکاڵیزم، دەرهێنەر: ئارنۆفسکی، خوێندنەوەی: شاهۆ مەحموودی”، “دەقی کوشندە و سوبژەی قوربانیکراو، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی خوێنەر، دەرهێنەر: ستیفان دالداری، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور”، “بارسێلۆنا بە وێنەی بینەر، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی بارسێلۆنا، دەرهێنەر: ودی ئالێن، خوێندنەوەی: شاهۆ مەحموودی”، “ڕەوتی برینداری زەمەن، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی بێنجامین باتۆن، دەهێنەر: دەیڤید فینچێر، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور”، “سروشتی کردنەوە، بابەتێکی دژ بە ئەخلاق، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی میڵک، دەرهێنەر: گاس وێن سێنت، خوێندنەوەی: شاهۆ مەحموودی”، “کام گیڤارا؟ لە مارکسەوە تا مارک، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی چێ، دەرهێنەر: ئێستیوێن دوودێربێرگ، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور” و “هەراسی خەساندن، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی XXY، دەرهێنەر: لووسیا پێنزۆ”. شیاوی باسە شێوازی خوێندنەوەکان بە جۆرێکن، کە خوێنەر یان بینەر گەر فیلمەکەشی نەبینیبێت، دانەبڕێت لە چییەتیی کارەکە، وەک ڕەزا عەلی پوور لە پێشەکیدا ڕازێکی لەو چەشنەی بە بینەر/ خوێنەر داوە و نووسیویەتی: “وا باشترە پێش خوێندنەوەی ڕەخنەکان فیلمەکان ببینرێت و خوێنەر تەنها بە ڕەخنە و داوەریکردنی وتارەکان پێشر نەبەستێ، هەرچەندە لە کۆی وتارەکاندا هەوڵدراوە پارانۆمایەکی گشتی لەسەر فیلمەکە بە دەستەوە بدرێت، تاکو ئەو خوێنەرەی بینەری فیلمەکان نەبووە، بە تەواوەتی لە ڕەخنە و فیلمەکە دانەبڕدرێت.”
وێڕای سەرنجی بنکۆڵکارانەی نووسەرانی ئەم کتێبە بۆ هەریەک لەو هەشت فیلمە، هاوکات لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە هەوڵدراوە تەماشای فیلمەکان بکرێت و بخوێنرێنەوە، ئەویش ڕوانگەی دەروونشیکارییە، بێگومان ئێمە نامانەوێ بچینە وردەکاریی خوێندنەوەکانەوە، بەڵام نووسەرانی ئەم کتێبە لەپاڵ سوودوەرگرتنیان لە لایەنە هونەرییەکانی سینەما و ئەو یەکانەی دەتوانێت فیلمێک لە ڕووی هونەرییەوە بسەلمێنێت، هاوکات ڕوانگەی دەروونشیکاری بە سەرجەم وتارەکانەوە ئاوێزان بووە و لەو سۆنگەیەشەوە سوودێکی تەواو لە فەلسەفەی هاوچەرخ وەرگیراوە، هەر لە فرۆید، لاکان و تیۆدۆر ئەدۆرنۆوە تاکو دەگاتە سەر بیرمەندانی ئەمڕۆ، لەوانە: سلاڤۆی ژیژەک و ئالێن بەدیۆ و جۆرجیۆ ئاگامبێن و… ئەگەر هەریەک لەو بیرمەندامە بە جیا وەربگرین دەبینین هەمویان دواجار لە نوختەیەکدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە بۆ گەیاندنی ئەو ئایدیایانەی کە هەیانە سوودێکی زۆر لە ژانرەکانی ئەدەب وەر دەگرن، ئیدی ڕۆمان، یان چیرۆک و شیعر بێت، یاخود سینەما، شانۆ و تابلۆ، ئەو بیرمەندانە خوێنەری جددی دەقە ئەدەبی و هونەرییەکانن، لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن، ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە سەرنج لە کارەکەی ڕەزا عەلی پوور و شاهۆ مەحموودی بدەین، دەبینین ئەوانیش بە هەمان شێوە هەوڵیان داوە، بۆیە خوێندنەوەکانیان بۆ هەریەک لەو فیلمانە دەتوانێت ئایدیای پشت ئەو هەشت فیلمە لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە بەسەر بکاتەوە، کە چەقی خوێندنەوەکانیش دەتوانرێت لە دەروونشیکاریدا ئاراستە ببێت. ئەم کتێبە دەتوانێت خوێنەرانی ئەدەبیات بە گشتی و خوێنەری فەلسەفەی دەروونشیکاری و سینەما بە شێوەیەکی تایبەتی بدوێنێت، چێژ و جوانییەکیش لە وتارەکاندا چنراوە، کە خوێنەر تاکو دوایین دێڕ ڕادەگرێت و وا دەکات بە تامەزرۆییەوە درێژە بە خوێندنەوەی یەک بە یەکی وتارەکان بدات.
ئەم جۆرە کتێبانە لەپاڵ هەر هەوڵێکی تری لەم شێوەیەدا، دەتوانێت پاشخانی کتێبخانەی کتێبی دەوڵەمەندتر بکات، بە تایبەت لە بوارێکدا کە هێشتا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە و ئاماژەکان چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت کە داهاتووی سینەمای کوردی فراوانتر بێت، بۆیە نووسین لەو بوارەدا هاوشانە بە هەنگاوە پراکتیکییەکان.