بوون لە دیوانی “گەڕانەوەی زەردەشت”ی “ئەحمەدی مەلا”دا

بوون لە دیوانی “گەڕانەوەی زەردەشت”ی “ئەحمەدی مەلا”دا

ڕانانی: سەردەم

ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی سەبارەت بە دیوانە شیعری (گەڕانەوەی زەردەشت)ی دکتۆر ئەحمەدی مەلا، محەمەد نەبی نووسیویەتی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە: ناوەڕۆکی ئەم توێژینەویە لە دەروازەیەک و دوو بەش پێک هاتووە، لە سەرەتادا بە سەرنجدان لە فیکری هایدگەر، باسکردن لە بوون لە ڕوانگەی ئەوەوە، لەسەر بنەمای نەریتی پێشووتری تێڕوانینی فەلسەفیی بونیاد نراوە (ئینجا چ ئەوەی هایدگەر ڕەتی کردبێتەوە، یان پەسەندی کردبێت) دەروازەیەکمان بۆ داناوە و تێیدا مێژوویەکی کورتی باسکردنمان لە بوون لە نەریتی فەلسەفیدا خستووەتە ڕوو، دواتریش بە شێوەیەکی ئاوێتە لە دوو بەشدا، بە سوودوەرگرتن لە هزر و ڕوانینی هایدگەر بۆ پرسی بوون، ڕەنگدانەوەی بوون و بوونی مرۆڤمان لە (گەڕانەوەی زەردشت)دا، خستووەتە ڕوو.

ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە و بابەتەکانی پێکهاتوون لە: بوون کێشەیەکی دێرینی فەلسەفی، واتا و چەمکی بوون، ڕەگەزەکانی بوون لە لە “گەڕانەوەی زەردەشت”ی ئەحمەدی مەلادا، ڕەهەندە بوونگەراییەکانی ئاگر/ ڕووناکی، ئاگر/ ڕووناکی وەک ڕەگەزی بنەڕەتیی بوون، بوونی مرۆڤ و شێوازەکانی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەدی مەلا، بوونی ڕەسەن، زمان وەک گوتنی لەکارکەوتوو، بوونی ناڕەسەن و کەوتن، بوونی ناڕەسەن و ویژدان بانگی ویژدان و گەڕانەوەی دازاین بۆ بوونی ڕەسەن.. و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە، ئەم توێژینەوەیە پێک دەهێنن.

نووسەری ئەم توێژینەوەیە لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە بوون وەک بنەڕەتی هەمووو بوونێک لە ئاستە هەمەکییەکەیدا، مرۆڤیش وەک گرنگترین هەبووی ئەم بوونە لە ئاستە هەندەکییەکەیدا، پرسێکی گرنگی فەلسەفە و شیعرن، دواتر باس لەوە دەکات کە بە درێژایی مێژوو، کەم تا زۆر، چ لە لایەن شاعیران و چ لە لایەن فەیلەسووف و بیرمەندانەوە، سەرنجی پرسی بوون و مرۆڤ دراوە: ڕەنگە مامەڵەی فەلسەفە لەگەڵ ئەم پرسەدا، تا ڕادەیەک بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە و پەنجەی لەسەر دابنرێت، کە لە کوێدا فەیلەسووف و بیرمەندان باسیان لە بوون و هەبووەکان کردووە، بەڵام بێگومان لە شیعر.

نووسەری ئەم کتێبە لە بەشێکی دیکەی پێشەکیی لێکۆڵینەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندی شیعر و فەلسەفە، پەیوەندییەکی لە مێژینەیە، لە مێژووی فەلسەفەدا، کەم فەیلەسووف هەن قسەیان لەسەر شیعر نەکردبێت، لە مێژووی ئەدەبیاتیشدا چەندین شاعیر هەن لەژێر کاریگەریی فەیلەسووفێک، یان قوتابخانە و ڕێبازێکی فەلسەفیدا، یان بە دەربڕینێکی تر بە نەفەسێکی فەیلەسووفانەوە، سەرنجی دەوروبەریان داوە و شیعریان هۆنیوەتەوە: مێژووی ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی ڕێبازە ئەدەبییەکانیش، باکگراوندێکی فەلسەفییان هەیە، لە لایەکی تریشەوە کاتێک هەموو شتێک لە دنیای هەست و هزرەوە، تا دنیای خەیاڵ و وێناکردنەکانی مرۆڤ، بابەتی شیعر بن و ناوەڕۆکی شیعر و ماهیەتەکەی پێک بهێنن، بۆیە دەشێت بڵێین شیعر هەڵگری فیکر و مەعریفەیە و پەیوەندیدارە بە جیهان و بوونی مرۆیی.

نووسەری ئەم لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە دیوانە شیعری گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەدی مەلایە، پێی وایە ئەحمەدی مەلا لە دەستپێکی گەڕانەوەی زەردەشتدا کۆمەڵە پرسیارێک دەوروژێنیت، ئەم پرسیارانە خوێنەر دەخەنە بەردەم بیرکردنەوە، یان دووبارە بیرکردنەوە، پرسیارەکان سەبارەت بە بوون و بوونی مرۆڤن، هەر وەک چۆن هایدگەر بۆ تێگەیشتن لە بوون لە مرۆڤ دەست پێ دەکات و لەوێوە دەگاتەوە دەرخستنی ڕاستیی بوون: ئەحمەدی مەلاش بە هەمان شێوە، بوون و بوونی مرۆڤ دەکاتە بازنەیەکی هێرمۆنتیکی و لە بەش (مرۆڤ)ەوە بۆ گشت بوون دەڕوات، ئەم ڕۆیشتنەی بە ڕاوستان دەست پێ دەکات، ئایا چۆن ڕاوەستان دەبێت بە ڕۆیشتن؟ ڕاوەستان و ڕۆیشتن لە ڕووی مانای فەرهەنگییەوە پێچەوانەی یەکن،  مرۆڤ کە ڕاوەستاوە ئیدی لە ڕۆیشتن دەکەوێت، بەڵام ڕاوەستان لێرەدا ڕاوەستانە لە ئاست پرس و بابەتیکدا، ڕاوستانە لە ئاست گەردووندا، لەسەر وەستانە، بۆیە دەبێت بە گەشت و گەڕان/ ڕۆیشتنی مەعریفی.

بەشێک لە شیعرێکی نێو دیوانی (گەڕانەوەی زەردەشت) کە توێژەر بۆ توێژینەوەکەی سوودی لێ بینیوە:

نانیشنەوە تا جارێکی تر

بە دەوری پەیکەرەکاندا بخولێنەوە

تا بەدیار مانگی کەچبارەوە

بار و بەرگەمان بپێچینەوە

تا

لە ئەشکەوتێکەوە بۆ ئەشکەوتێکی تر

گومان لە بوونمان بکەین

نانیشینەوە بۆ غەڵبەغەڵب

بۆ تەماحێ نانوشتێینەوە

بۆ وەهمێ

پشت لە خۆ ناکەین

نانیشینەوە بە حیساب

ئەزموونەکانی دڵ لێک بدەینەوە

ئێمە دەبینەوە بە تاوس

لە باخچەکان عەدەن

عەدەنی من لە مەعدەنی لەشە

ساراکانی مەودا لەمەودوا

بە دڵ دەپێوم

بە پێی پەتی لە قوتەیەکەوە بۆ قوتەیەک

باز دەدەین

عەدەنی من لە مەعدەنی لەشە

مەوداکانی پەپوولە

لە سڕی شەمدا نابینم

شەو

لەنێو چاوی گزنگ و

گزنگ وەک ڕایەڵ پێیدا دەچن

ترپەکانی زەمەن

عەدەنی من مەعدەنی لەشە یارا

بار و بارگەم

لە تەنیشت ئەم جۆگەلەیە دادەنێم.

توێژەر تیشک دەخاتە سەر ئەم کۆپلە شیعرەی ئەحمەدی مەلا و ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم کۆپلەیە قۆناغی گەڕانەوە پیشان دەدات، گەڕانەوە بۆ بوونی ڕەسەن، شاعیر دەڵێت “نانیشینەوە تا جارێکی تر بە دەوری پەیکەرەکاندا بخولێینەوە: ئەمە دەری دەخات پێشتر لە دەوری پەیکەرەکاندا خولاونەتەوە، جارێکی تر مانای ئەوە دەدات پێشتر خولاونەتەوە، بەڵام دوای پرۆسەی خۆهۆشیاری کە ویژدان “بانگ/دەنگ”ێکی بە گوێی دازایندا دا، ئیتر هۆشیار بووەوە و دۆخی ناڕەسەنی جێ هێشتووە و جارێکی تر ناهێڵێت بکەوێتەوە ناو ئەوان.

لە بەشی کۆتایشدا توێژەر ئەنجامی توێژینەوەکەی خستووەتە ڕوو:

شاعیر گەڕاوەتەوە بۆ بوون وەک بنەڕەت و ڕاوەستانی لە ئاست بووندا، بە پرسیار و ڕامان پرۆسە شیعرییەکەی دەست پێ دەکات، بەم جۆرە پرۆسەی شیعری لای ئەحمەدی مەلا، دامەزراندنی گوتارێکی شیعریی ئۆنتۆلۆژییە لەپێناو جیهان و بوونی مرۆڤدا، وەک نیشان دراوە.

لای شاعیر پرسیار وەک بنەمایەکی ئۆنتۆلۆژیک خۆی نیشان دەدات، ئەمەش پەیوەستە بەو ڕۆڵەی پرسیار لە ڕوونکردنەوە و تێگەیشتنی بوون دەیگێڕێت و دواجار بوون ڕووناک دەکاتەوە.

لە زۆرێک لە کۆپلە شیعرییەکاندا، وشەکان پەیوەندیدارن بە خاک و نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە جیهاندا، بۆیە دەتوانین بڵێین دەقەکە دەقێکی بوونخوازییە، لە جیهان و لەم بوونەدا دەدوێت.

دکتۆر ئەحمەدی مەلا، لە ساڵی 1957 لە گوندی تۆماری ناوچەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک هاتۆتە دنیاوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوندی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە و ئامادەیی لە بەغدا تەواو کردووە. لە ساڵی 1981 کوردستان بە یەکجاریی جێ دەهێڵێت و ماوەیەک لە شاری ژنێڤ دەژێت و دراما دەخوێنێت و کۆمەڵە شیعری (زەردک) لە ساڵی 1988 بە چاپ دەگەیەنێت و بۆ خوێندن دەچێتە فەرەنسا، ماستەر لە زانستەکانی زمان و دکتۆرا لە ئەدەبی بەراوردکاریی لە زانکۆی فرانش کۆنتێ لە ساڵی 1999 وەردەگرێت. ئێستاش مامۆستای مێژووی زمان و ئەدەبیاتی فەرەنسییە لە زانکۆی کاستییا لا مانچا، لە ئیسپانیا.

سەرەتاکانی بە شیعر و هونەری شێوەکاری و شانۆ دەست پێ دەکات، هەروەها لە پاڵ شیعر و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، ڕۆمان و کاری وەرگێڕانی ئەدەبیش دەکات.

بێگومان بوونی ئەم جۆرە توێژینەوە و لێکۆڵینەوانە لەسەر شیعر، بە تایبەت شاعیران بە ئەزموون و داهێنەر، دەرگایەکی فراوان واڵا دەکات بە ڕووی خوێنەردا تا بە شێوەیەکی دیکە بچێتە ناو دنیای خوێندنەوەی تێکستەکانەوە، ئەو شیکارییە فەلسەفی و مەعریفیانەی بۆ تێکستەکان دەکرێن، کۆمەک بە خوێنەر دەکەن بە چاوێکی دیکە و بە ئاستێکی دیکە لە جوانبینی و مەعریفی لە شیعر بڕوانن، بێگومان کەسێتی توێژەریش، واتە کەسانێک کە سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر شیعر و تێکستە ئەدەبییەکان، پێویستە خاوەنی باکگراوندێکی گەورەی مەعریفی و ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری بن.