فۆرمی ڕوومەت لە ساتی پێکەنیندا خستنەڕووی کتێبی پرتەقاڵی

Loading

فۆرمی ڕوومەت لە ساتی پێکەنیندا

خستنەڕووی “کتێبی پرتەقاڵی”

خوێندنەوەی: سەردەم

نوێترین کتێبی وەرگێڕاوی باگوان شری ڕاجنیش کە لە دنیادا بە (ئۆشۆ) ناسراوە، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کتێبەکە بە ناوی (کتێبی پرتەقاڵی)یەوە و لە زمانی ئینگلیزییەوە لە لایەن هەردوو وەرگێڕ (ڕۆشنا و کارمەند)، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە چاپێکی ناوازەدا و لە دووتوێی ٢٠٦ لاپەڕەدا، چاپ بووە. کتێبەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە جێگەی خوێندنەوە و پەسنە، ئۆشۆ وەک شێوازی هەمیشەیی خۆی، سادە، بەڵام قووڵ ئایدیاکانی دەگەیەنێت بە بەرانبەرانی لە تەواوی دنیادا، لەم کتێبەشدا بە هەمان پێڕەو و میتۆد وانەکانی ئاراستە دەکات و بەردەنگانی دەخاتە دۆخێکی تەواو تایبەت و جیاوازەوە. لەم نووسینە کورتەدا هەوڵ دەدەین لە ڕێی خوێندنەوە و وەرگرتنی چەند پاراگراف و وانەیەکەوە، لە ناوەڕۆک و مەبەستی هەندێ لە باسەکان نزیک ببینەوە، بەو هیوایەی کتێبەکە بتوانێت لە ئاستێکی بەربڵاودا بخوێنرێتەوە، چونکە بە دڵنیاییەوە کتێبێکی چێژبەخش و هاوکات گرنگە بۆ ئێستا و ئەم سەردەمەی کە هەموو شت بە ئاراستەی کاڵبوونەوەی بەهاکاندا دەڕواتە پێش.

“کتێبی پرتەقاڵی” وەک لەژێر ناونیشانەکەشیدا نووسراوە (تەکنیکەکانی تێڕامانی باگوان شری ڕاجنیش “ئۆشۆ”)یە، لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی ورد باس لە دەیان جۆری تێڕامان دەکات، ئەوەی لە زمانی هیندیدا بە “میدیتەیشن” ناسراوە. تێڕامان، وەک لەم کتێبەدا ڕوون کراوەتەوە، دۆخێکی تایبەت و هەستارە، دۆخێکە دەتوانێت بۆ هەمووان بێت، چ ئەوانەی ئیماندارن بە هەر بڕوا و ئایینێک بێت، چ ئەوانەش کە لەسەر هیچ بیروڕا و ئایینێک نین و لە دەرەوەی هەموو ئینتما و ئیلتزامێکن. کەوایە با سەرەتا بزانین تێڕامان لە دیدی ئۆشۆوە، چۆن لەم کتێبەدا بەرباس خراوە، وەک سەرنجێک: لە کۆی کتێبەکەدا، لە چەندان شوێندا، ئۆشۆ دەگەڕێتەوە سەر پێناسە و ڕوانینی خۆی بۆ “تێڕامان”، هەر جارێکیش جەخت لەسەر لایەنێکی ئەم دیاردەیە دەکاتەوە و بە پاڵپشتی ئەو ڕاهێنان و خاڵانەی دەیانخاتە ڕوو، داڕشتنەکەی بۆ “تێڕامان” قووڵتر و سادەتر پێشکەش دەکاتەوە.

با پێکەوە دەستپێکی “کتێبی پرتەقاڵی” بخوێنینەوە:

تێڕامان چییە؟

تێڕامان دۆخێکی بێزیهنییە. تێڕامان دۆخی ئاگاییەکی بێگەردی بێناوەڕۆکە. بە شێوەیەکی ئاسایی، ئاگایی تۆ پڕە لە شتی بێمانا، هەروەک ئاوێنەیەک کە بە خۆڵ داپۆشرابێت. زیهن لە جووڵەی بەردەوامدایە، بیرکردنەوەکان دێن و دەچن، ئارەزووەکان، یادەوەرییەکان، چاوچنۆکییەکان لە هاتوچۆدان. ڕۆژێک لە ناوەوە و ڕۆژێک لە دەرەوە. تەنانەت ئەو کاتەی لە خەودایت زیهن کار دەکات، خەو دەبینێت. هێشتا بیر دەکاتەوە؛ هێشتا لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدایە. خۆی بۆ ڕۆژی دواتر ئامادە دەکات؛ خۆئامادەکردنی ژێربەژێر و نهێنیی بەردەوامە، کە ئەمە دۆخی ناتێڕامانە. ڕێک پێچەوانەکەی ئەمە دەبێتە تێڕامان.

بەپێی ئەم پاراگرافە و چەند جاری تر گەڕانەوە بۆ سەر بۆچوونەکانی، لای ئۆشۆ دەردەکەوێت کە تێڕامان چییە و چۆن هەوڵی ناساندنی ئەم دیاردە، یان دۆخە ناوازەیە دەدات. ئینسان لە ساتی “تێڕامان”دا، تێڕامان بە قووڵی و لەو وەختەیدا کە هەموو جەستە و ناخ تێیدا بەشدارن، تەواو دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە دەبێت کە قورس پێیەکانی بە زەوییەوە دەبەستنەوە، هەموو ئەو ئەو بەرزویستی و دوودڵی و نیگەرانیانەی کە ناخ و دەروونی پەرێشان و پەرێشانتر دەکەن، هەموو ئەو هەڵپە هەڵپەیەی بە شوێن سەروەت و ماڵدا هەیەتی، هەموو ئەو پیلان و لەکەمیندابوونانەی بۆ ئەوانی تری دەیچنێت، لە “تێڕامان”دا دەگەنە خاڵی سفر، دەگەنە کۆتایی و ئینسان بە تەنیا لەگەڵ خودا و خۆیدا لە پەیوەندیدا دەبێت، پەیوەندییەک کە لەسەر هیچ بنەمایەکی تەماح ڕۆ نەنراوە، چاوت لە هیچی ئەوی تر نییە، پەیوەندییەک ساز دەکەن، بێدەگانە و بێپەیڤانە، لەسەر هیچ گرێبەست و ڕێکەوتێک دانەڕێژراوە، شتێکە لە دڵدا، لە نائاگاییدا، ئارامییەکە کە ڕۆح گوڵاوپرژێن دەکات، دەروون فێنک دەکاتەوە و چاو لەسەر جوانی ڕادەهێنێت. تێڕامان هەوڵێکی گرنگە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودا و خۆت، گەڕانە بە دوای جوانییەکانی دەوروبەردا، ئاشنابوونە بەو شتانەی کە چیدی پێشتر بۆت گرنگ نەبوون و ئەوانیش بەوپەڕی میهرەبانییەوە لە دەوروبەرت هەبوون و سۆزیان پێداویت. لێرەدا وا بە باش دەزانین پێکەوە پاراگرافێک بخوێنینەوە، دواتر هەوڵ دەدەین شرۆڤەیەکی کورتی بکەین لەو سیاقەی کە وەرمان گرتووە.

هاوڕێیەتیی دروستکردن لەگەڵ درەختدا

 

بڕۆ لای درەختێک، قسەی لەگەڵدا بکە و دەستی لێ بدە، هەستی پێ بکە، باوەشی پیا بکە، لە تەنیشت درەختەکەوە دابنیشە و با درەختەکە هەست بکات کە تۆ مرۆڤێکی باشیت و هیچ نییەتێکی زیانبەخشینت نییە بۆی.

وردەوردە هاوڕێەتی لەگەڵیدا دروست دەبێت، کە بۆ لای درەختەکە دەچیت، لە کوالێتییەکەیدا هەست بە گۆڕان دەکەیت. کاتێک تۆ دەچیتە لای درەختەکە، لە قەدەکەیەوە هەست بە جووڵانی وزەیەکی زۆر مەزن دەکەیت. کە دەست لە درەختەکە دەدەیت، وەک خۆشەویستێک دڵخۆش دەبێت. کە لە تەنیشتییەوە دادەنیشیت، هەست بە زۆر شت دەکەیت، کە خەمێکت هەبێت و بچیت بۆ لای درەختەکە زۆر زوو هەست بە نەمانی خەمەکە دەکەیت.

ئەو کاتە تێدەگەیت کە ئێوە پێکەوەبەندن. دەتوانیت درەختەکە دڵخۆش بکەیت و درەختەکەش تۆ دڵخۆش بکات، هەموو ژیان پشتبەستنە بەیەکەوە. من بەم پێکەوەبەندییە دەڵێم خودا.

لە پاش ئەم پاراگرافەوە، ئەم چەند دێڕە هاتوون:

“من ناڵێم تێڕامان کێشەکانی ژیان چارەسەر دەکات، من تەنیا بە سادەیی دەڵێم ئەگەر تۆ لە دۆخی تێڕاماندا بیت، کێشەکان ون دەبن، نەک چارەسەر دەبن. پێویست ناکات گرفتێک چارەسەر بکرێت. هەر لە سەرەتاوە کێشەکە بە هۆی زیهنێکی گرژ و ئاڵۆزەوە دروست بووە.”

لەو پاراگرافەی سەرەوە، کاتێک ورد دەیخوێنیتەوە، هەستێکی سەیر و هەژێنەر داتدەگرێت، قسەکە لەسەر درەختە، درەختێک کە لە دەوروبەرمان ڕواوە و گەشەی کردووە و ڕۆژانە بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبین، لە سێبەریدا دادەنیشین و هەست بە حەسانەوە دەکەین. بەڵام قەت بیرمان لەوە نەکردووەتەوە پەیوەندییەکی ڕۆحی و هاوسۆزی لەگەڵدا دابمەزرێنین، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئێمە بەردەوام سەرقاڵین، سەرقاڵ بە ژیانی ئەوانی ترەوە، بە شەڕ و ململانێی پووچەوە، بە کاتکوشتن بە دیار مۆبایل و سەرگێژەبوون لەناو ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئێمە بەردەوام هەوڵی ئاشنایی لەگەڵ ئەوانی تر دەدەین، چۆن ڕایانبکێشینە ژیانە دۆزەخییەکەی خۆمانەوە، چۆن بیانکەینە بەردەباز، چۆن حەزەکانی خۆمان و تەماحە لە بننەهاتووەکانمان لێیانەوە وەدەست بخەین، بێگومان بەرانبەرەکەشمان لە ئێمە سەرڕاستتر نییە، ئەویش لە بۆسە و فێڵدایە، خەریکی چینینی تازەترین تەڵەکەیە بۆ ئەوەی زەبری کوشندە لە تۆ بدات، کەوایە ئێمە لە دۆزەخی یەکتردا دەسووتێین و گڕ دەگرین. بەڵام ئایا هەموو پەیوەندییەکان بەم جۆرە ناشیرین و قێزەونن؟ بێگومان نەخێر، هێشتا هەن بۆ جوانی داگیرساون و بە داگیرسانیشیان جوانی بە دەوروبەر و تایبەت دۆستانیان دەدەن.

لەو پاراگرافەدا، لە دەرەوەی پەیوەندیی ئینسان لەگەڵ ئینسان، ئۆشۆ پێشنیاری جۆرێک لە هاودڵی و هاوسۆزی لەگەڵ درەختدا دەکات، ئەم پەیوەندییە زۆر قووڵ و ناوازەیە، دوو ڕەگەزی جیاوازی نێو گەردوون، دوو جۆر ژیان و ویستی لێک جودا، سەر بە دوو دنیای دوور، بەڵام هاوشان و لە نزیک یەک بە بەردەوامی، ئینسان دنیاکەی هێجگار ئاڵۆزن، ئاڵۆز تا ئەو ڕادەیەی کە ڕەنگە بۆ خۆیشی سەر لە خۆی و ئەو دنیا سەمەرەیە دەر نەکات، بەڵام لە بەرانبەردا دنیای درەخت هەیە، دنیایەکی ڕوون و بەرچاو، ویست و داواکانی درەختێک لە ژیان ئاشکرایە، ئاودان، پاراستنی لە دەستی بزێو، خزمەتکردنی لە ڕێی خاک و ئەو پێکهاتانەی خاکەکەی پێویستیەتی و دواتریش ڕاگەیشتن بەوەی کە ساڵانە پژوپۆی داپاچرێت، تا گەشە و نەشەی پڕجووڵەتر و چەلەنگتر بێت. هاوڕێیەتیی لەگەڵ درەختدا بێمەرجە، هاوڕێیەتییەکە لەسەر بنەمای خۆشەویستی، تۆ هەر ئێستا بڕیار بدە درەختێک بکەیت بە هاوڕێی هەمیشەیی خۆت، هیچ دوور نییە سەرلەبەری ژیانت بگۆڕدرێت، بە ئاراستەیەکی باشتردا، ئارامتر لە پێشوو. تۆ دەتوانیت سۆزێک لە نێوان خۆت و درەختەکەدا پێک بهێنیت، لەو کاتانەدا کە هیچ سۆزێک لەوانی ترەوە شک نابەی، یان هەموو ئەوانی تر پشتیان لێ کردوویت و لە خۆشویستنت سارد بوونەتەوە، تۆیان لە بیر بردووەتەوە و وەک ئەوەی هەر نەبووبیت، بچۆ بۆ لای هاوڕێ درەختەکەت، دڵنیابە ئەو وەک ئەوان نامەرد نییە، باوەشت بۆ دەگرێتەوە، سۆزی خۆیت بێ هیچ چاوەڕوانییەک پێ دەدات، ئەوەش بەسە.

ئەو حاڵەتەی نێوان و تۆ درەختەکە جیا لە هاوڕێیەتی، دەتوانێت دۆخێکی ڕاستەقینەش بێت بۆ تێڕامان، دۆخێکی ئارامبەخش بێت بۆ ژیان، یەکبوونی تۆ لەگەڵ درەختەکە، بەشێکە لە یەکبوونی تۆ لەگەڵ خودادا، ئەمە ڕازی قووڵی تەسەووفە، کە پێی دەگوترێ: “یەکێتیی بوون”.

“کتێبی پرتەقاڵی” پڕە لەم نموونە بەرز و بە بەهایانە، کە جیا لە لایەنە ڕۆحییەکەی، دەتوانێت نموونەیەکی بەرزی ئەدەبیش بێت لە ڕووی جوانی و ئیستاتیکاوە. تەنانەت دابەشکردنی کتێبەکە بەسەر چەند بەش و وردەبەشدا، لە ڕووی ناونیشانەوە، سەرمەشقی جوانین، با پێکەوە ناونیشان و وردەناونیشانەکان بخوێنینەوە:

مەزنترین خۆشی لە ژیان

کازیوە (بەرەبەیان): پێکەنین، جووڵە، خاڵیکردنەوەی ناخ

بەیانیان: ئاهەنگگێڕان، کارکردن، یاریکردن

پاش نیوەڕۆ: دانیشتن، سەیرکردن، گوێگرتن

شەو: خەیاڵکردن، نزاکردن (نوێژکردن)، خۆشەویستی

تاکە ڕێگە

لەم کتێبەکەدا زۆر ڕێی سادە بۆ تێڕامان خراونەتە بەردەست، یەک لەوانە بانگکردنی ناوی خۆتە، لە سەرەتاوە بە دەنگی بەرز، پاشان هێورتر و ئارامتر، تا دەگەیتە ئەوەی تەواوی جەستە و دەروونت دەگەنە حاڵەتی تێڕامان و لە بیرکردن. سەماکردن یەکێکی ترە لە خاڵە زۆر گرنگەکان بۆ تێڕامان، لای مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی “سەمای ئەهلی خودا نایاب و بێسەنگە، دەڵێیت وەک گەڵایەک بەسەر ئاوەوەن، بەڵام لە ناخیاندا وەک کێون، بگرە سەد هەزار کێون، بەڵام لە دەرەوە وەک زیخن.” لای ئۆشۆ هەمان تێڕوانین هەیە، بەڵام بۆ مەبەستی تێڕامان. وڕێنە یەکێکی ترە لە ڕێگەکانی تێڕامان. نوێژکردن لە پلەیەکی تردا و بە مەبەستێکی جیا لەوەی لە ڕووکەشدا هەیە، خاڵێکی گرنگە بۆ تێڕامان، ئۆشۆ دەنووسێت: “نوێژکردن خۆی ئەوەندە دیاردەیەکی جوانە کە کێ هەیە گرنگی بە داهاتوو بدات و کێ دوودڵە لە بارەی پاداشتەوە؟ بیرۆکەی پاداشت چاوچنۆکییە. نوێژکردن خۆی لە خۆیدا ئاهەنگێکە کە خۆشی و چێژێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، نوێژ دەکرێت بۆ خاتری نوێژ خۆی، نابێت نوێژ لە ترسدا یان لە چاوچنۆکیدا بکرێت، دەبێت کاتێک نوێژ بکەیت کە چێژی لێ ببینیت، خۆت هەراسان نەکەیت کە ئایا خودایەک هەیە یان نا.

خودا ئامێرێکە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات نوێژ بکەیت، کاتێک فێری نوێژکردن بوویت، هەموو شتێک دەربارەی خودا لەبیر بکە. نوێژ هەر خۆی بەسە.”

“کتێبی پرتەقاڵی” ڕەنگی ژیان و پێکەنین دەنەخشێنیت، هەوڵ دەدات خوێنەر بخاتە سەر کەڵکەکەی ئەو مەشقانەی وەک هەنگاو دایناون، هیچ کام لەو مەشقانە کاری نەکردە نین، هەموویان سادە و بەردەست و ئاسانن. پرتەقاڵی ڕەنگی جلی بوودییەکانە لە کاتی نزا و نوێژدا، ئەو ڕەنگە لای بوودییەکان پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە. کتێبەکە پێکەنینێکی گەورەیە بۆ ژیان، پێکەنینێکی پاک و لە دڵەوەیە، ئەو پێکەنینەیە خەریکە لەبیری دەکەین، پێکەنینێکە دوورە لە هەر نیازێکی بەد، هەربۆیە فۆرمەکەی لەسەر ڕوومەت جوان و لەبەردڵانە.

ناردن: