نامە ئەکادیمییەکان ڕێبەری توێژینەوەی زمان و ئەدەب

Loading

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (نامە ئەکادیمییەکان) ئەم کتێبە دیواری نێوان زانکۆ و دەرەوەی زانکۆی ڕووخاندووە، ئەو هەوڵە ئەکادیمیانەی  لە زانکۆکاندا دەدرێن و ناگەن بە دنیای دەرەوە، لەم کتێبەدا بەشێکی خراوەتە ڕوو و سنووری چوارچێوەی زانکۆیان بەزاندووە بۆ دنیای دەرەوە، بابەتی کتێبەکە ئەکادیمی- ئەدەب و زمانە، نووسەر و توێژەر (هەرێم عوسمان) نووسیویەتی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە، کتێبەکە هەوڵێکە بۆ خستەڕووی ئەو نامە ئەکادیمیانەی لە زانکۆ نووسراون  و دنیای دەرەوە بێ ئاگایە لێیان، کتێبەکە بە سروشتی خۆی کراوە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان تایبەتە بە شیعری کوردی و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شیعر، بەشەکەی دیکەیان قسە کردنە لەسەر ڕۆمانی کوردی، لە هەر دوو بەشەکەدا، نامە ئەکادیمییەکان بە شێوەیەکی ورد و ئەکادیمی ڕۆچوونەتە نێو قووڵایی بابەتەکانەوە، لە ئەدەبی کلاسیکەوە قسەیان هەیە تا دەگات بە نوێگەری و قۆناغی ئێستامان، دەتوانین بێ هیچ دوودڵییەک ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ ناوزەد بکەین، چونکە خودی کتێبەکە خۆی و بابەتەکانی، پشتئەستوورن بە چەندین سەرچاوەی گرنگ و بە شێوەیەکی ئەکادیمی نووسراون و ماستەریان لەسەر وەرگیراوە.

بابەت و ناونیشانەکانی نیو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردیدا، سروشت لە شیعری گۆراندا، هەڵوێست لە شیعری کوردیدا، بوون لە شیعری مەحویدا، لادان لە شیعری نوێخوازی کوردیدا، بنیاتی وێنەی هونەری لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، ڕۆمانی کوردی لە عێراقدا، کەسێتیی ئافرەت لە ڕۆمانی کوردیدا، بنیاتی گێڕانەوە لە داستانی (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)ی بەختیار عەلیدا، ڕەنگدنەوەی بونیادگەرایی لە ڕۆمانی کوردیدا و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

هەر وەک نووسەری کتێبەکە (هەرێم عوسمان) لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئەکادیمیا و زانکۆکان بە داهێنانەکانیان شوناسی خۆیان بەدەست دەهێنن، بنەڕەتی داهێنانیش لەسەر ئازادی و سەربەستی بیرکردنەوە وەستاوە، ئازادیش لەنێو سیستم و دەزگا توندەکان ناگەشێتەوە: زۆرن ئەو فەیلەسووف و زانایانەی لە زانکۆکان هەڵاتوون و دەرچوون، زانکۆ بە دەزگا سیستماتیککراوەکان دەستی خستووەتە بینی ئازادی داهێنەرانەیان، ئەوانیش یاخی بوون و لێی دەرچوون.

بە بڕوای ئەم نووسەرە، دەسەڵاتی حیزبی، ئایدۆلۆجی، سەربەستی ئایینی، نەتەوەیی و نەریتی کۆمەڵ تا ئێستاش دەستیان خستووەتە بینی زانکۆکانی ڕۆژهەڵات و کوردستان، هەیمەنەی ئەم دەسەڵاتانە بە جۆرێک دابڕانی لە نێوان زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ دروست کردووە، زانکۆکان بە ئاوازێک دەخوێنن، دەنگیان ناگاتە دەرەوە:خوێندنەوەی نامە ئەکادیمییەکان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پرد لە نێوان زانکۆ و دەرەوەدا، بۆ ئەوەی خوێنەرانی دەرەوەی زانکۆ ئاگادار بن ئەم تێز و نامەی ماستەرانە نووسراون، بە گونجاوم زانی نامەکان وەک خستنەڕوو، نەک ڕاڤە کردن بخەمە ڕوو.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناونیشانی (بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردیدا یەکەم نامەی ئەکادیمی لە بواری ئەدەبدا) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بیرکردنەوە لە پڕۆژەی نووسین لە بارەی نامە ئەکادیمییەکانەوە چەندین هۆکاری هەیە، لە هەمووی گرنگتر هۆکاری ئەو دابڕانەیە لە نێوان ئەکادیمیا و واقیعی گشتی، ئەوەی لە دنیای دەرەوە و واقیع دەگوزەرێت یان نابێتە جێی پرسیار و بەدواداچوون بۆ ئەکادیمیا، یان بشبێت هیچمان پێ ناڵێت، یاخود گەر شتێکیشی بۆ گوتن پێبێت، دەرەوە ئامادە نییە گوێی لێ بگرێت، بە ڕوونیش دیارە کە دەنگەکە ناگاتە دەرەوە، ئەم دابڕانە لەنێو زانکۆکان خۆشیاندا دەبینرێت، ئەم دابڕانە پاساوێکی شیاوە بۆ ئەوەی لە پنتێکی بچووکیشەوە بێت، کار بۆ دروستکردنی پرد بکەین.

هەرێم عوسمان خۆی لە شوێنێکدا ئاماژەی بە دنیای کتێبەکەی کردووە و هەندێک لایەنی وردەکاریی کتێبەکەی باس کردووە بەم شێوەیە خستووەیەتیە ڕوو:

لەم نووسینانەدا ئاوڕ لە نامە ئەکادیمییەکانی زانکۆکانی کوردستان لە بواری ئەدەب و زمانی کوردی‌ و زیاتریش بەشە ئەدەبیەکەی دەدەینەوە. “بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردیدا” ناونیشانی یەکەم نامەی (بواری ئەدەب) ئەکادیمیە لە باشووری کوردستان کە بۆ یەکەمجار 30 ساڵ پێش ئێستا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە لایەن (دڵشاد عەلی) نووسرا، ئەم نامەیە وەک لە ناونیشانەکەیەوە دیارە. لەناو ئەدەبدا کاری لەبارەی شیعرەوە کردووە، بنیاتە هونەرییەکانی خستووەتە ڕوو. بۆ دەرخستن ‌و ڕەخنەگرتنی بۆچوونە کۆنە نازانستییەکانی بەر لە خۆی ‌و گەیشتن بە ئامانجەکانی توێژینەوەکە، توێژەر پەیڕەوی رێبازێکی زانستی کردووە کە لەسەر سێ بنەڕەت دامەزراوە: (مێژوویی، شیکردنەوە، بەراوردکاری)

دواتریش توێژەر جۆرەکانی هۆنراوە بە نموونەوە دەخاتەڕوو، هاوکات سروشتی هەڵبەست دیاری دەکات‌ و باسی ئەو پرسە یەکلانەکراوانە دەکات کە لە ئەدەبی عەرەبیدا لەبارەی ژمارەی بەیتەکانی قەسیدە و قتعە و غەزەل هەن. توێژەر پێی وایە جگە لەم جۆرانە، مەسنەوی‌ و تەرکیببەند، چوارین، زیاتر پەیوەندییان بە ئاوازی هۆنراوەوە هەیە کە لە بەشی سێیەمدا بە وردی جیای کردوونەتەوە. هەر لەم بەشەدا نووسەر هۆکاری هەڵبژاردنی هەڵبەست لەبری هۆنراوە بۆ ناونیشانی نامەکەی دەخاتە ڕوو، کە هەڵبەست سنووری دیاریکردنی دێڕ و بەیت دەبڕێت‌ و یەکێتییەک لە نێوان سەرجەم ڕەگەزەکانی هەڵبەستدا دەکاتە بنەما و پێی وایە ئەو ڕێبازەش شێوازگەرییە کە دەتوانێت سەرجەم ڕەگەزەکانی بنیاتی هەڵبەست لەبەرچاو بگرێ، رێبازەکەش بە (یەکدیگر) ناودەبات کە ڕوو لە سەرجەم ڕەگەزەکانی هەڵبەست دەکات، چونکە ڕەگەزەکان دەبنە هۆ و ئەنجامی یەکتر. بۆیە نموونەی دێڕە شیعرێکی هێمن دەهێنێتەوە:

ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچە کوردێکی نەشمیلم

تەماشاکەن چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم.

بە گشتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە چەند لایەنێکی جۆراوجۆرەوە بۆ خوێنەری کورد گرنگە و سەنگ و بەهای خۆی هەیە، لە لایەکەوە خوێنەر بەو نامە ئەکادیمیانە ئاشنا دەبێت کە لە زانکۆکاندا دەنووسرێن و بەرهەمی چەندین ساڵەی خوێندنەوە و خوێندنی ئەکادیمین لە بواری ئەدەبدا، لە لایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بەرمەبنای میتۆد و قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییەکان نووسراون و تیایاندا باس لە دنیای تێکستە نەمرە کوردییەکان کراوە، لە کلاسیکەوە تا قۆناغ و ڕۆژگاری ئەمڕۆمان.

ئەم کتێبە جگە لە خوێنەر بە گشتی، بۆ خودی خوێندکارانی زانکۆش گرنگە و دەتوانن  بە هۆیەوە شارەزای نووسین و شێوازەکانی نووسینی لێکۆڵینەوە و نامەی ئەکادیمی ببن، هاوکات لە بەشێکی نامە ئەکادیمییەکانیشدا ئاوڕ لە مێژوو و قۆناغەکان و پەرەسەندن و گەشەی ڕەوتی ئەدەبی، بە تایبەت هەر دوو ژانری ڕۆمان و شیعر کراوە و سەرجەمیشیان سەبارەت بە ئەدەب، شیعر و ڕۆمانی کوردین.

ڕەنگە زۆر جار گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر ئەوە کرا بێت کە داخۆ زانکۆ وەک ناوەندێکی مەعریفی، توانیویەتی چی بەرهەم بهێنێت و چ ئیزافەیەک بخاتە سەر ڕۆشنبیری و فیکری ئێمە؟ ئەم پرسیار  و گومانە لە شوێنی خۆیدا ڕەوایەتی هەیە و مافی هەر تاکێکی ڕۆشنبیر و بیرکەرەوەیە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ئەم کتێبەی هەرێم عوسمان پێمان دەڵێت کە لە هەناوی زانکۆدا دەیان هەوڵی ڕۆشنبیری و مەعریفی هەیە، دەنگگەلێکی بێشومار لەودیو دەرگا و دیوارەکانەوە هەن، بەڵام بە هۆی سیاسیەتی چەوت کە بووەتە هۆی دابڕانی زانکۆ و دنیای دەرەوە، دەنگەکان ناگەن، ئەم کتێبە لە هەناوی خۆیدا نموونەگەلێکی لەو دەنگانە هەڵگرتووە و پێشکەشی کردووین، تا چیدی ئەو پرسیار و گومانە ڕەوایەتی نەمێنێت کە داخۆ لە چوارچێوەی ئەو هۆڵ و پۆلە داخراوانەی زانکۆدا، مەعریفە و فکر و ئەدەب بە کوێ گەیشتووە؟

ناردن: