ئەو نووسەرەی زمانی کۆلارەکان دەزانێت
خستنەڕووی کتێبی “منداڵێک بەدەم کۆلارەوە”
خوێندنەوەی: سەردەم
شارەزابوون لە ڕێگەی ئەدەبەوە بۆ وڵاتێک کە هەمووان هەستێکی ناخۆش و توندوتیژانەمان لێی هەیە، کارێکی جیاواز دەبێت، بەو مانایەی ئەو وڵاتە چیدی بەرجەستەکەرەوەی ئەو وڵاتە و کەسەکانی نییە لەسەر شاشە و لە نووسراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا دەیبینین و دەیخوێنینەوە، بەڵام وێنەیەکی ترە کە هەوڵ دەدات لە دەرەوەی ئەو چاوانە چەند گۆشە و شوێنانێکمان پێشان بدەن کە ئەوانی تر توانای بیبینیان نییە، بێگومان ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی لە زەین و یادەوەریی ئێمەدا هاوتای توندوتیژی و وڵاتی تیرۆر و تۆقاندنە، بەڵام هەر بەڕاست ئەمە وایە؟ ئایا لەو وڵاتەدا چاوانێک نین کە شوێنگەلێک بە ئێمە پێشان بدەن وا بکەین ئەفغانستان ڕوونتر و جیاوازتر لەو وێنەیەی بۆی کێشراوە و پێی ناسراوە، ببینینەوە؟ بێگومان ئەو وڵاتە خاوەنی شارستانییەتێکی دێرینە و لەو ڕووەوە یەکێکە لە نەتەوە کولتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی ئەدەبێکی دەوڵەمەندی کلاسیکی و هاوکات مۆدێرنیشە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو دەنگانەی نوێنەری ئەو شارستانییەتە دەوڵەمەندەن لە سەرجەم کایە و ژانرە ئەدەبی و هونەرییەکاندا، چاوێکی وردبینانەی دەوێت، ئەویش بەوەی کە لەناو ئەو ژاوەژاوی تۆقان و تیرۆر و کارەساتانەدا بگەڕێت و بگەڕێیت و تا بدۆزیتەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی توانیت ئەو دەنگە ڕەسەنانەکانی ئەو شارستانییەتە بدۆزیتەوە، لەوەش بێگومان دەبیت کە دەکەوت بەسەر وێنەگەلێکی تەواو جیاوازدا، کە هیچ پەیوەندییەکی بەو وێنە ترسناک و تۆقێنەرەوە نییە وا لای هەمووان بەرسازە و ئاشکرایە.
خالید حوسەینی نووسەرێکی تازەکار و مۆدێرنی ئەو وڵاتەیە، ئەم نووسەرە لە ڕێگەی هەوڵە ئەدەبییەکانییەوە، کە ڕۆمانن، توانیویەتی وێنەیەکی تر بە ئەفغانستان و خەڵکانی ئەو وڵاتە بدات، بێگومان ئەم نووسەرە بە ئاگاییەکی تەواوە دەستی بۆ کێشانەوەی ئەو وێنەیە بردووە، هەوڵی داوە لە ڕێگەی خەیاڵێکی ورد و چنراوەوە بمانباتە ئەو وڵاتە و لەوێوە دەستمان بگرێت و چەندان دیمەن و ڕووداومان بۆ بکێشێت کە نامۆن بە دیدی ئێمە و وا دەکەن لە پاشان خوێندنەوەی تێکستەکانی ئەم نووسەرەوە، دنیابینیمان سەبارەت بە ئەفغانستان ئاوەژوو بێتەوە و جۆرێکی تر بیر لەوێ و لەو خەڵکە و کولتوورەکەیان بکەینەوە، پێت دەڵێت، بە زمانێکی گوڵئاسا نە گوللە، ئەم دیوە جیاوازانەش لەم وڵاتەدا هەن، ئەم جوانینانەشی هەیە، ڕاستە دیمەنێکی گەورە و ترسناک لە ئێمەوە بە ئێوە پێشان دراوە، بەڵام فریوی شاشە و ئەمریکا و ئەو ڕۆژنامەنووسانە مەخۆن کە بێڕەحمانە بەر بوونەتە جەستەی ئەم وڵاتە و هەلاهەلایان کردووە، ئێمە زۆر جوانی ترمان هەیە بووە بە قوربانی، بووە بەژێر پێی شەڕ و خوێن و تەقینەوە و ڕۆحی شەیتان و شەڕەنگێزییەوە، جۆرێکی تر ببینین و تەماشا بکەن، لەم وڵاتەدا کە ئێستا بووە بە گۆڕەپانی خوێن و لەبەری دەڕوات، ڕۆژانێک شیعر و داستانمان هەبووە، دنیایەک پەیکەر، تابلۆ و موزیک و دەنگبێژمان هەبووە، ئەو کاتە هێشتا ئایین بەم توندوتیژییەی ئەمڕۆیەوە نەگەیشتبووە وڵاتەکەمان، ئێمە سەرگەرمی خولقاندنی جوانی بووین، دۆستایەتیمان لەگەڵ ئەدەب و هونەردا دەکرد، لە هەر کوچە و کۆڵانێکی ئەم وڵاتەدا تووشت بە تووشی سەدان غەزەل و حەکایەتی ئەڤیندارییەوە دەبوو، کە لە بەردەمت سەوز سەوز هەڵدەچوون و بۆنی تازەیی و بێگەردییان بە ڕوودا دەپژانیت. خالید حوسەینی لە خولێک و زەمەنێکی تردا دێت، سەر بە هەمان کولتووری دێرینە، بەڵام بە هەناسەی ئەمڕۆ، کارەکەی ئەم زەحمەتترە، چونکە سەردەمەکەی دژوارە، جاران جوانی بەرقەرار بوو، بەڵام ئێستا زمانی ترس و خوێن و یەکترسڕینەوە دەنگی دلێر و زاڵە، دۆزینەوەی جوانی و دوان لە دنیای جوانی، لە سەردەمی خالید حوسەینیدا کاری نزیکە مەحاڵە، بەڵام مەحاڵ نییە، خالید شەڕی ئەو مەحاڵەی کردووە، تێکستەکانی شایەتحاڵن.
خالید حوسینی کێیە؟
خالید حوسەینی، ٤ی ئازاری ١٩٦٥ لە کابوول لەدایک بووە. ڕۆماننووسی ئەمریکایی لەدایکبووی ئەفغانستانە و بە وێناکردنی زیندووی ئەفغانستان ناسراوە. دیارترین ڕۆمانی “کۆلارەفڕێن”ە، کە ساڵی ٢٠٠٣ نووسیویەتی.
حوسەینی لە کابوول گەورە بووە. باوکی دبلۆماتکار و دایکیشی مامۆستای ئامادەیی بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ دایک و باوکیدا ڕوویان لە پاریس کرد، باوکی لە باڵوێزخانەی ئەفغانستان کاری دەکرد. لەگەڵ هێرشی یەکێتیی سۆڤیەت ساڵی ١٩٧٩ بۆ سەر ئەفغانستان، گەڕانەوەیان بۆ ماڵی خۆیان بە مەحاڵ زانی، هەر بۆیە ڕوویان کردە کالیفۆرنیا، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە مافی پەنابەریی سیاسییان پێ درا. خالید لە زانکۆی سانتا کلارادا بایۆلۆجیی خوێندووە، ساڵی ١٩٨٩ دەستی بە خوێندنی پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیای سان دیێگۆ کردووە. ساڵی ١٩٩٦ وەک پزیشک کاری کردووە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی.
حوسەینی ساڵی ٢٠٠١ ڕۆمانی “کۆلارەفڕێن”ی نووسی، هەموو سەعات چواری بەیانییەک، پێش ئەوەی بەرەو نەخۆشخانە بڕوات، دەستی کردووە بە نووسین. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە کارەکتەرێکە بە ناوی ئەمیر، نووسەرێکە لە ئێستادا لە کالیفۆرنیا دەژی، بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کابوول گەورە بووە، کوڕی خێزانێکی دەوڵەمەندە. چیرۆکەکە لەسەر ئەمیر و هاوڕێیەکی منداڵییەتی بە ناوی حەسەنی کوڕی خزمەتکارێکی خێزانەکەی، کە دواتر خێزانەکە هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆمانی “کۆلارەفڕێن” لە لایەن خوێنەرانێکی زۆرەوە ستایش کرا، بەڵام لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە هۆی ئەو توخمانەی بە میلۆدرامیک دانرا، ڕەت کرایەوە. سەرەڕای ئەوەش زۆری خایاند تا ڕۆمانەکە لە ڕێی ستایشی زارەکییەوە ناوبانگی پەیدا کرد و لە وڵاتاندا بڵاو کرایەوە، دواتریش ساڵی ٢٠٠٧ کرایە فیلم. بە هۆی ئەو سەرکەوتنەوە حوسەینی ساڵی ٢٠٠٤ بە تەواوی خۆی بۆ بواری نووسینی ڕۆمان تەرخان کرد.
دووەم ڕۆمانی خالید حوسەینی “هەزار خۆری درەوەشاوە”یە، ساڵی ٢٠٠٧ نووسراوە، ئیلهامی ئەم ڕۆمانە لەو ژنانەوە هاتووە کە بورقیان لەبەردابوو، ئەمەش دوای ئەوەی حوسەینی سەردانی ئەفغانستان دەکاتەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکات. ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی دوو کارەکتەری وەک “مریەم و لەیلا”وە، کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەفغانستان باس دەکات.
ساڵی ٢٠١٣ خالید حوسەینی ڕۆمانێکی تری بە ناوی “شاخەکان دەنگیان دایەوە” دەنووسێت، باس لە خوشک و برایەک دەکات کە لە یەکتر جیابوونەتەوە. ڕۆمانەکە باس لە دەیەکانی دوای جیابوونەوەی ئەم خوشک و برایە دەکات ساڵانی ١٩٥٠.
دوایین کورتەڕۆمانی حوسەینی ساڵی ٢٠١٨، ڕۆمانێکە بە ناوی “نوێژی دەریا”. ڕۆماننووس سوودی لە مردنی پەنابەرێکی کوردی سووری وەرگرتووە کە تەمەنی سێ ساڵە، ساڵی ٢٠١٥ بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاوە.
***
ئەوەی شیاوی ئاماژە بۆ کردنە، تێکڕای کتێبەکانی خالید حوسەینی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، ئەویش لە لایەن هەریەک لەم وەرگێڕانەوە: ئازاد بەرزنجی، حەکیم کاکەوەیس، ئارام سۆفی و چەند وەرگێڕی تر، چەند دانە لەم کارانەی چەند جار و لە لایەن وەرگێڕی جیاواز و لە زمانی جیاوازەوە کراون بە کوردی، بۆ وێنە “کۆلارەباز” تا ئێستا سێ جار لە لایەن سێ وەرگێڕی جیاوازەوە کراوە بە کوردی.
دنیای نێو ڕۆمانەکانی خالید حوسەینی دنیایەکی تایبەتە، ڕەنگە یەکێک لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی نووسینی ڕۆمان لای ئەو لەوێوە سەرچاوە بگرێت کە توانایەکی بێئەندازە چاکی هەیە لە خولقاندنی کەشدا، دەتوانێت لە ڕێی سازکردنی دیمەن و ڕووداوەکانەوە خوێنەر بباتە تووناوتوونی مێژوو و باری نائاسایی وڵاتەکەیەوە، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وای کردووە خوێنەران لە تەواوی دنیادا بتوانن پەیوەندی بێ پرد لەگەڵ ئەو دنیاکەیدا پێک بهێنن کە خالید حوسەینی سەرقاڵە بە دروستکردنیەوە. هەر ئەم هۆکارەشە کە وای کردووە ئێمە بتوانین ڕوونتر لایەنە جیاوازەکانی ئەفغانستان ببینین و چیدی باوەڕ بەو وێنە هەمیشە بەرساز و ئامادەکراوەی سەر شاشە نەهێنین. ڕۆمانەکانی خالید حوسەینی نموونەی ڕۆمانگەلێکن کە شەڕی جوانی دەکەن لە ناوجەرگەی شەڕ و ناشیریندا، زمانی خالید حوسەینی نەرم و هێورە، خوێنەر پەلکێش دەکات و لە دیمەنە درامییەکاندا، بە بزەی دەهێنێت و زۆر جارانیش فرمێسکی پێ دەڕێژێت.
“منداڵێک بەدەم کۆلارەوە” کتێبێکی ١٥٠ لاپەڕەیی قەبارە مامناوەندە، ژانری کتیبەکە گفتوگۆیە و کۆکراوەی چەندان دیدارە لەگەڵ خالید حوسەینیدا. ئەم کتێبە دەتوانێت یاریدەی هەموو ئەو کەسانە بێت کە تامەرزۆی دنیای خوێندنەوەن، بە تایبەت ئەهلی ئەدەبیات و بە دیاریکراویش ڕۆمان. خالید حەسەینی لەم گفتوگۆیانەدا زر بە ڕوونی ـ چەشنی ڕۆمانەکانی ـ بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی نووسین، ڕۆمان، سیاسەت، دۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەخاتەڕوو. بەردەوامیش ئەوە بیری پرسیارساز دەهێنێتەوە کە ئەو لە پێگەی نووسەرێکەوە ـ ڕۆماننووسێکەوە ـ بۆچوونەکانی دەڵێت و هەر ئەوەندەش دەتوانێت بەرپرسیارێتی وەڵامەکان هەڵبگرێت. لەو نووسینەدا کە بووە بە پێشەکیی کتێبەکە و لەژێر ناوی “نووسین لای خالید حوسەینی ململانێیە”، مایکل کیرشێل دەنووسێت: “خالید حوسەینی پێی وایە ئاگای لەوەیە ڕۆمانەکانی ڕەنگە ڕێگەیەکی سەرەکی بن کە زۆرێک لە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان تێی گەیشتوون. حوسەینی لە شوێنێکدا دەڵێت: من مێژوونووس و کۆمەڵناس نیم. مەبەست لەوەیە کە کتێبەکانی بۆ ئەوە بن وەک مانیفێستی ڕاستەقینەی ژیانی خەڵکی ئەفغانستان تەماشا بکرێت، بەڵام لەم ڕۆڵەدا وەک حوسەینی پێی وایە، یەکەم پەیام لەبارەی ئەفغانستانەوە هەبێت، خۆزگە ئەمریکییەکان بیبینن، ئەویش ئەوەیە زۆر شت لە کۆڵانەکانی ئەفغانستاندا ڕوو دەدەن و جیهان ئاگادار نییە.
ڕۆمانەکانی حوسەینی قسە لەسەر ئەو جۆرە شتە گشتگیرانە دەکەن کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستنەوە، ئەمەش بێ گوێدانە کولتوور، ڕەگەز و ئایین. بەڕاستی چیرۆکەکان لەبارەی خێزانەوە، چیرۆکەکان سەبارەت بە چاوەڕوانییەکی گونجاو بۆ بەختەوەری لە ژیاندا، هەبوونی چاوەڕوانی کە ژیان دەتوانێت پێشبینی بکات، دەتوانێت سەقفێک لەسەر سەرت هەبێت و بە سەلامەتی بژیت. ئەمەش شتگەلێکی تەواو تایبەتن.
بۆیە حوسەینی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کاتێک خەڵک پێی دەڵێن کتێبەکانی یارمەتیان داوە لەسەر ئەو ئاستە مرۆییە پەیوەندیی بە ئەفغانستانەوە بکەن، ئەوا سەرکەوتوو بووە.
ڕۆمان بەر لە هەر شت پەیامە، پەیامێکی تەواو مرۆڤایەتی. ئیشی ڕۆماننووسە تاریکیی کۆڵانەکانی وڵاتی خۆی لە ڕێگەی ڕۆمانەوە باس بکات، بەو پێیەی ڕۆماننووسی باش هەرگیز ستایشی وڵاتەکەی ناکات، بەڵکو برینەکانی باس دەکات. خالید حوسەینی لەو جۆرە ڕۆماننووسەیە.”
منداڵی خالید حوسەینی لە کابوول، منداڵییەکی ناوازە بووە، سەرەتایەک بووە بۆ ئەوەی کە جۆرێکی تر تەماشای دەوروبەرەکەی بکات، لەو ژینگەیەی کە ژیاوە، کەسانێکی سەیر هەبوون، کە هەریەکەو بە ڕێژەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر زەین و یادگەی بەجێ هێشتووە. سەبارەت بەو قۆناغە، خۆی دەڵێت: “من لە کابوول لەدایک بووم، هەر لەو شارەش گەورە بووم. ئێمە لەگەڵ هاوسێیەکماندا دەژیاین بە ناوی وەزیر ئەکبەرخان، کە یەکێک بوو لە هاوسێکانمان لەناو هاوسێگەلی زۆردا. باوکم کەسێکی دبلۆماتکار بوو. لە وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە کابوول کاری دەکرد. دایکیشم لە قوتابخانەی ئامادەیی کچان زمانی فارسی و مێژووی دەگوتەوە. لەبەر ئەوە من لەو شارەدا گەورە بووم. تا تەمەنی پێنج شەش ساڵان من هەر لەو شارەدا دەژیام، بۆ ماوەی دوو ساڵیش لە تاران ژیام. ئەمەش دوای ئەوەی باوکم وەک دیبلۆماتکارێک بۆ تاران گوازرایەوە. دواتر گەڕاینەوە بۆ کابوول و دوای جێهێشتنی کۆمۆنیستەکان، ئێمەیش ئەو شارەمان بەجێ هێشت، واتە دوو ساڵ دوای ئینقلابی کۆمۆنیستەکان ساڵی ١٩٧٦.”
خودی ئەو ژیانەی خالید حوسەینی لەم کتێبەدا باسی دەکات، شێوە ڕۆمانێکە. ئاسایی نییە، پڕە لە هەڵبەز و دابەز، توند و زبر و شۆکهێن، بە جۆرێک کە هەر دەڵێی ماددەی ڕۆمانێکە تەنیا ئەوەیە دابنیشیت و بینووسیتەوە. بێگومان خالید حوسەینی وەک نووسەرێک زۆر سوودی لەو ژیان و ژینگەیە وەر گرتووە، ئەمەش لەو تێکستانەی نووسیونی بە ڕوونی دەیان بینینەوە. نووسەر ڕاستگۆ بووە لەگەڵ خۆی و وڵات و زەمەنەکەیدا، هەر بۆیە ئەوەی بە ئێمەش دەکات ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستگۆییەیە و لەسەر دڵ دەنیشێت.
یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی هەر ڕۆماننووسێکی جددی، کاری کنە و پشکنینە، بە واتایەکی تر، کاری مەیدانییە، سەفەرکردنە بۆ شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی، گوێگرتنە لەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکەونە ڕووبەری تێکستەکەیەوە، خالید حوسەینی لەم ڕووەوە سەرڕاستانە هەوڵی داوە و کۆشاوە کە لە ڕێی بینین و بەرکەوتنی بە واقیعی وڵاتەکەوە، بچێتە قووڵایی ئەو پانتاییەوە کە بڕیارە بیگێڕێتەوە و بیخاتە چوارچێوەیەکی هونەری وەک ڕۆمانەوە.
پڕۆسەی نووسین و بیرکردنەوە لە نووسین، پانتاییەکی گەورەی ئەم گفتوگۆیانەیە، لە جێیەکدا کە لێی دەپرسرێت چ ئامۆژگارییەکی بۆ نووسەرانی گەنج هەیە، خالید حوسەینی لە وەڵامدا دەڵێت: “زۆر کەسم ناسیوە دەڵێن کتێبیان هەیە، بەڵام وەک ئەوە وایە وشەیەکیان نەنووسیبێت. بۆ ئەوەی نووسەرێکی باش بیت، دەبێت بەردەوام بنووسیت. دەبێت هەموو ڕۆژێک بنووسیت. هەروەها دەبێت زۆر بخوێنیتەوە. ئەو جۆرە کتێبانە بخوێنەرەوە کە دەتەوێت ببیتە ڕۆماننووس، تۆ دەبێت بەردەوام ڕۆمان بخوێنتەوە. لەگەڵیدا لە خەڵکی سادەوە شت فێر بە. من وەک خۆم لە هەموو کەسێکەوە فێر دەبم. هەرگیز ناڵێم ڕاستەوخۆ کاریگەریی نووسەرێکی دیاریکراوم لەسەر بووە، بەڵام هەست دەکەم شتێکم لە هەموو نووسەرێکەوە وەرگرتووە و لە هەر نووسەرێکەوە شتێک فێر بووم. من بە شێوەیەکی جیاواز دەخوێنمەوە. دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی گرنگی بە دەنگی تر بدەم. تەواو گرنگی بە چۆنێتیی نووسینی دیالۆگ دەدەم. من گرنگی بەو شێوازە دەدەم کە چۆن ناکۆکی تەواو چارەسەر دەکرێت. چۆن شێواز و پێکهاتەکان دروست دەکرێن. ڕیتمی چیرۆکێک هەندێ جار بە چاوی ڕەخنەگرانەوە، زۆر جاریش بە چاوی سەرسامییەوە لەگەڵ نووسەرانی گەورەدا شەنوکەو دەکەم. بۆیە قسەم بۆ گەنجەکان ئەوەیە لە نووسین بەردەوام بن و ڕەنگە باشترین ئامۆژگاری کە بتوانم بیکەم ئەوە بێت تۆی نووسەر پێویستە خۆت بیت. ئەو خولەکەی بۆ بینەرێکی دەرەکی دەست دەکەیت بە نووسین، ئەوە یەکسەر کۆی تەواوی پرۆسەی داهێنەرانەت لێ پیس دەکات. من هەردوو ڕۆمانەکەی سەرەتام، چیرۆکەکەم بۆ کەس نا، بەڵکو بۆ خۆم گێڕاوەتەوە. بەڕاستی ویستم بزانم ئەمیر چی بەسەر دێت دوای ئەوەی خیانەت لە هاوڕێەکی دەکات؟ بۆچی دەچێتە ئەفغانستان؟ لەوێ دەتوانێت چی بدۆزێتەوە؟ من بۆ خۆم ویستم ئەوە بزانم پەیوەندی نێوان ئەو دوو ژنە “مریەم و لەیلا” چۆن گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟ بەڕاستی نووسەر دەبێت بۆ خۆی بگێڕێتەوە، پاشان کاتێک تەواو بوویت هیوا بخوازە کەسانی تر چێژ لە چیرۆکەکانت وەر بگرن. گرنگە تەنیا لە کاتی نووسیندا دەرگا لەسەر کەسانی تر دابخەیت و دۆخێکی تاکەکەسی بۆ خۆت دروست بکەیت.”
ئەم کتێبە دەرفەتێکی تایبەتە بۆ خوێنەرانی خالید حوسەینی، تاکو ئاشنای بیرکردنەوەی ئەم نووسەرە بن، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی تایبەتی و گشتی خالید، یاریدەیەکی خۆش و لەبەردڵانە بۆ خوێنەرانی، بەوەی کە دەتوانن شوێنپێ و شوێندەستی کەسێتیی خۆی لە ڕۆمانەکانیدا هەڵبگرنەوە و تێبگەن کە چۆن بینای ئەو تێکستانە هەڵچنراوە. وەرگێڕی ئەم کتێبە عەزیز ڕەئووفە، کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کتیبەکەی کردووە بە کوردی و بە زمانێکی بێ گرێوگۆڵ خستوویەتییە بەردەستی خوێنەر، سوپاس بۆ عەزیز ڕەئووف و دەزگای سەردەم کە هەلی خوێندنەوەی ئەم کتێبەیان بۆ ڕەخساندین.