وتارە لەبیرکراوەکان
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (وتارە لەبیرکراوەکان) بابەتی کتێبەکە شانۆییە و لە کۆمەڵێک وتاری گرنگی نووسەر و هونەمەندی دیاری کورد (دانا ڕەئووف) پێک هاتووە، نووسەری ئەم کتێبە یەکێکە لە سیما دیار و ناسراوەکانی نێو دنیای نووسین و هونەری شانۆ، بە ڕۆشنبیریی و ئاگاییەکی فراوانەوە دەنووسێت، خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی شانۆییە، چ توێژینەوە، چ تێکستی شانۆیی و بابەتی وەرگێڕدراوە، لەم کتێبەشیدا، بە دیدگایەکی فراوانەوە لەمەڕ شانۆ، نووسەر و دەرهێنەر، شانۆنامەنووس، قوتابخانە و ڕێبازە شانۆییەکان نووسیویەتی، بێ هیچ گومانێک خوێندکارانی بەشی شانۆ و شانۆکاران دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و بەنرخ چاوی لێ بکەن و ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی هونەری خۆیان لەمەڕ ئەم هونەرە مەزن و کاریگەرەی کە ناوی شانۆیە، بەرز بکەنەوە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: مرۆڤە نیگەرانەکان، ئینگمار بێرگمان لە پرۆسەی نووسینێکی گەمەئامێزەوە بۆ فیلم، من ڕاستی دەنووسم و ئەوەش دەمکوژێت تێڕوانینێک لە شانۆنامەکانی سارا کەین، لە ئودیسۆسەوە بۆ ئەنتیگۆنە دیدێکی مۆدێرن بۆ درامای گریکی، باوک لە ڕوانگەی هەڵوەشاندنەوەی دەقدا، سترینبێرگ لە گەشتی هونەرێکی گشتگیردا، شانۆ لە ڕوانگەی تیۆرە جیاوازەکانەوە، دەستپێکی مێژووی ڕەخنەی شانۆیی، خاوەنقەرز درامایەکی ناتورالیزم بە کوردی، شانۆیی پۆستمۆدێرنیزم تێڕوانینێک لە هەوڵە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکان لە بواری شانۆدا… و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.
نووسەر (دانا ڕەئووف) لە پێشەکیی کتێبکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە نووسین، بە تایبەت لە بواری ئەدەب و بە دیاریکراویش لە شانۆدا، بە بەراورد لەگەڵ ژانرەکانی تری ئەدەبدا، تا ڕادەیەک سەخت و ئاڵۆزترە، هەڵسەنگاندنی هەر شانۆنامەیەک دوو دیوی هەیە، یەکێکیان وەکو دەق، ئەویتریشیان وەک نمایش، هەڵبەت هەڵسەنگاندن بۆ هەریەک لەم دوو دیوە لە ڕوانگەی تیۆری تایبەت بە خۆیەوە جێبەجێ دەکرێت، کە تا ڕادەیەک جیاوازییان هەیە، سەرەڕای هێڵە هاوبەشەکان، بە تایبەتی لە ڕووی ماناوە:
بەشێک لەو گوتارانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدان، هەوڵێکی بەندەن بەو ئاڕاستەیە، لەگەڵ چەند بوارێکی تر، کە هەر تایبەتن بە شانۆ، بە کورتی کتێبەکە بەسەر چوار بەشدا دابەش کراوە، کە بریتین لە (ڕانان، نمایش، تیۆر، هەروەها فێستیڤاڵی شانۆیی.) ڕانانەکان ئەو کتێبانە لەخۆ دەگرن کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە شانۆ دەدوێن، یان نووسەرەکانیان کەسانی دیاری بواری شانۆن بە وردی و قووڵی لە چەمکێکی شانۆییان کۆڵیوەتەوە، یان ڕۆمان و دەقی شانۆییان نووسیوە و من ڕانانم بۆ کردوون.
دانا ڕەئووف ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لە تەوەری نمایشەکاندا، چەندین نمایشی شانۆیی بەسەر کردوونەتەوە، کە لە سوید، یان هەندێک وڵاتانی تری ئەوروپا بینیونی: لە دوو تەوەرەکەی تریشدا، کە چەند باسێکی دەوڵەمەندی پەیوەندیدارن سەبارەت بە چەمک و لایەنە جیاوازەکانی شانۆ و دوو فێسیڤاڵی گرنگی شانۆیی لەخۆ دەگرن، تیۆر و پراکتیک لە بواری شانۆدا پێکەوە دەبەستنەوە.
لە بەشی کۆتایی پێشەکیی کتێبەیدا ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هەرچەندە ئەم باسانە لە ڕووی بابەت و ناوەڕۆکەوە لە یەکتری جیاوازن، بەڵام هەموویان لە هونەری شانۆ دەدوێن و هەریەکەیان لە گۆشەنیگایەکەوە تیشکی سەرنج دەخاتە سەر لایەنە گرنگەکانی شانۆ، تیۆر، ئەدەب و پراکتیک.
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (ئینگمار بێرگمان لە پرۆسەی نووسینێکی گەمەئامێزەوە بۆ فیلم) دانا ڕەئووف باس لەوە دەکات کە نووسەر و دەرهێنەری سویدی ئینگمار بێرگمان، هەمیشە دیدێکی گەمەئامێز و داهێنەرانەی بۆ پرۆسەی نووسین هەبووە و نووسینەکانی چەندان مەودای گرنگ و دەوڵەمەند لەخۆ دەگرن، بێرگمان تەنها نووسەری سیناریۆی فیلمەکانی خۆی نەبووە، بەڵکو دەقی شانۆیی، یاداشتنامە، بیروەری و هتدی نووسیوە:
بەشێکی تایبەت لە دەزگای سینەمای سویدی، ئەرشیفی بێرگمانیان پاراستووە بە شێوەیەکی وەهاش ڕێک خراوە، کە بۆ لێکۆڵەرەوان و پسپۆڕانی بواری سینەما و شانۆ، بە ئاسانی لە بەردەستدا بن، لەم ئەرشیفەشدا، نامە، سیناریۆی فیلمەکانی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ یەوە بۆ ٢٠٠٠، یادەوەری، دەستنووس، بەڵگە، یاداشتنامە، وێنە و دۆکیۆمینتەکانی تیا کۆ کراوەتەوە.
یەکێکی تر لە بابەتەکانی دیکەی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بریتییە لە (من ڕاستی دەنووسم و ئەوییش دەمکوژێت) ئەم بابەتەی دانا ڕەئووف سەبارەت بە شانۆنامەکانی خانمە نووسەری سویدی (سارا کەین)ە، لە ماوەی ساڵانی پێشوودا شانۆنامەکانی بە چەند بەرگێک وەرگێڕدرانە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردەوە.
دانا ڕەئووف لەم بابەتەدا سەبارەت بە شانۆنامەکانی سارا کەین، باس لەوە دەکات کە شانۆ بۆ سارا کەین هەر شانۆ نەبووە، بەڵکو شانۆ ئەو هێزەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی سەراپاگیر دروست بکات، کەین ئەوەی دووپات کردووەتەوە، شانۆ هێزێکی سەربەخۆ نییە، کە تەنها کاریگەری و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵەوە هەبێت، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە خودی کۆمەڵ، ڕەهەند و دیدی هاوڵاتییە سەبارەت بەو دنیایەی لە شانۆدا ڕەنگ دەداتەوە: سارا کەین چوار دەقی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، هەروەها ڕەشنووسی دەقێکی تەواونەکراو و سیناریۆی کورتەفیلمێکیش بە ناوی (پێست)ەوە، بەم چەند بەرهەمە کەمەیش ناوی خۆی لە مێژووی شانۆی جیهانیدا تۆمار دەکات، ئەم نووسەرە گەنجە ڕەچەشکێن بووە و هەر لە سەرەتاوە بە توندی ڕەخنەی لە دراما و شانۆی ئینگلیزی گرتووە، هەستی کرد شانۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست داوە، لەپێش هەموو کەسێکیشەوە دەبێت شانۆنامەنووسەکان بەها و ڕۆڵی شانۆ بگەڕێننەوە و وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری، سەرەتا لە خودی مرۆڤ و دواتریش لە ستراکتۆری کۆمەڵدا، بەکاری بهێنن، سارا کەین بەو ئاڕاستەیەدا کاری دەکرد، کە دەقەکانی کاریگەریی زۆریان بەسەر خۆیەوە هەبێت، چونکە بە گەیشتنە ئەو ئامانجە، لەوانەیە بە هەمان شێوە کاریگەریی بەسەر خەڵکی تریشەوە هەبێت.
دانا ڕەئوف، نووسەر و شانۆکار و دراماتۆرگ
لە دایک بووی ساڵی 1962 لە سلێمانی، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواو کردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە کوردستان، یەکەم پەڕتووکی لە ساڵی 1982دا بەناوی (شانۆی توندوتیژی لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا) بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی 1992 و لە ستۆکهۆڵم دەژی. لە سویدیش خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی (شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی) هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سویدی و لەگەڵ شانۆکاری سویدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. بۆ چەندین جار ئەندامی دادوەری دەقی شانۆیی بووە، کە لە سوید لە شانۆی پادشایەتی و شانۆی دەوڵەت ڕێکخراوە. لە دوو پەڕتووکدا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی تریان بە سویدی لەلایەن پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی سویدی کراوە. تا ئێستا 48 پەڕتووکی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندان دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سویدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ پەڕتووکیشی بە سویدی بڵاو کردۆتەوە. یەکێک لە پەڕتووکە سویدییەکانی (ڕەوش و داهێنان) لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، شایەنی باسە، ئەم پەڕتووکە خاتوو (کارین هیلاندەر) پڕۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ لە زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.
لە پەیمانگای هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتۆتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوید و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سویدی و بە کوردی پێشکەش کردووە. بەشداری چەندان کۆڕ و سیمیناری لە سوید، دانیمارک و ئینگلتەرا کردووە. جگە لە نووسین و وەرگێڕان و پەڕتووکە تیۆرییەکانی زیاتر لە بیست دەقی شانۆیی نووسیوە.
دانا ڕەئووف سەرپەرشتی بڵاوکراوە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە، بۆ نموونە زنجیرەی دەقی شانۆیی بیانی لە دەزگای ئاراس، گۆڤاری شانۆ لە تیپی شانۆی سالار، هەروەها ئێستاش سەرپەرشتی دەکردنی گۆڤاری (تاڤ) دەکات، کە تایبەتە بە شانۆ لە سلێمانی، لەلایەن گرووپی تاڤەوە دەردەچێت.