کۆچێک بێ ئاوڕدانەوە

Loading

کۆچێک بێ ئاوڕدانەوە

خستنەڕووی کۆمەڵەچیرۆکی “کۆچی سولەیمان”

بەختیار حەمەسوور

یەکێک لە ناوە دیارەکانی ئەدەبیاتی ئێران، بە دیاریکراوی چیرۆک و ڕۆمانی ئەو ئەدەبیاتە، لە مێژووی هاوچەرخدا، بێ هیچ گومانێک مەحموود دەوڵەتئابادییە. ئەم نووسەرە پڕکار و جددی و خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی لە گێڕانەوەدا، هەر لەو بوارەدا توانیویەتی ببێتە دەنگێکی دیار و دلێری ئەو ئەدەبیاتە و هاوکات لە ئاستی دەرەوەشدا و لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانە زیندووەکانی دنیا، نوێنەرایەتی ئەو ئەدەبیاتە بکات و زمانی فارسی بکات. خۆشبەختانە ساڵانێکە زۆرە کە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە داهێنەرە لە لایەن وەرگێڕانی کوردەوە بووەتە جێی بایەخ و لە کۆبەرهەمی ئەو نووسەرە، باشترین کارەکانی کراونەتەوە بە کوردی و هەنووکە لەبەر دەستی خوێنەرانی کوردزماندان، لەو وەرگێڕانەی کە بە سەرکەوتوویی توانیویانە کارێک، یان چەند کارێک لەم نووسەرە بکەن بە کوردی، دەتوانین ناوی هەریەک لەم ئازیزانە بهێنین: سیامەند شاسواری، ئازاد بەرزنجی، ڕەسووڵ سوڵتانی، ئەمین گەردیگلانی، خالید فاتیحی، شوانە عەبدوڵڵا و… بێگومان بەرهەمی پەرتەوازەی لێرە و لەوێی ئەم نووسەرە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەردەوام وەرگێڕدراوە و وەردەگێڕدرێت، جا چی چیرۆک بووبێت یاخود چاوپێکەوتن و دوان لە بارەی بەرهەمەکانیەوە. ئێستا نوێترین کتێبی وەرگێڕاوی ئەم نووسەرە، کە کتێبێکی چەند بابەتییە و هەوڵی ناساندێکی بەرفراوانە بۆ دنیای دەوڵەتئابادی، لە لایەن وەرگێڕی بە سەلیقە و زمانشیرین خالید فاتیحی کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کتێبە سەرناوی “کۆچی سولەیمان”ی هەڵگرتووە، وەرگێڕی ئەم کتێبە پێشتر کاری هەمان نووسەر، واتە مەحموود دەوڵەتئابادی کردووە بە کوردی و لە بەرنامە و پڕۆژەی داهاتووشیدایە کە کاری تر لە هەمان نووسەر وەربگێڕێت.

مەحموود دەوڵەتئابادی کێیە؟

هاوینی ساڵی ١٩٤٠ کوڕێک لە گوندی (دەوڵەتئاباد)ی سەبزەواری خوراسان لەدایک بوو. ناویان نا مەحموود. ئەو منداڵە کوڕی (عەبدولڕەسووڵ و فاتمە) بوو. باوکی مەحموود بێجگە لە فاتمە، دوو ژنی دیکەشی هەبوون. مەحموود یەکەم منداڵی فاتمە و چوارەم منداڵی عەبولڕەسووڵ بوو. باوکی جووتیار بوو، ئاشناییەکی باشی لەگەڵ شیعری شاعیرانی کلاسیکدا هەبوو، لەوانە: حافز، فیردەوسی و سەعدی.

مەحموود دەورانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەسعوود سەعدی سەلمانی دەوڵەتئاباد) بەسەر برد. بنەماڵەیەکی هەژار بوون، بۆیە هەم دەیخوێند و هەم کاری دەکرد، ناچار بوو کارگەلێک بکات کە لە توانای بەدەر بوون، لەوانە: شوانی، پینەدۆزی، شاگردی پاسکیلسازی، کرێکاری لە کارخانەی پەموو، سەرتاشی، کرێکاری چاپخانە و… ئەوانە بەشێک لەو کارانە بوون کە مەحموود لە قۆناغی ژیانیدا کردوونی تا بژێویی خۆی پێ دابین بکات.

ئەم کتێبە “کۆچی سولەیمان” بەو ناساندنە کورت و هاوکات پوختەوە دەست پێ دەکات. کتێبێکە دەتوانێت زیاد لە ناوەڕۆکێک لە خۆیدا هەڵبگرێت، هەر لە سەرەتاوە خوێنەر دەزانێت کە نیازی وەرگێڕ لەم ئامادەکردن و وەرگێڕانی ئەم نووسەرە بە تەنیا چەند چیرۆکێک نییە، بەڵکو قووڵتر بە دنیای مەحموود دەوڵەتئابادیدا ڕۆ دەچێت و هەوڵیش دەدات بە شێوەیەکی سادە و هاوکات ڕەوان بمانباتە ناو ئەو دنیا بەرینە و ئاشنای ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی کاتەی گێڕانەوە (چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە)مان بکات. کتێبەکە بە دەروازەیەکی گرنگ لە ژیانی ئەدەبی دەوڵەتئابادیدا گوزەر دەکات، بە وردی وێستگە گرنگەکانی ژیانی ئەدەبیی ئەم نووسەرە دەپشکنێت، سەرەتاکانی، کە هەمیشە سەرەتاکان پڕ تەنگەژە و قەیرانن، تا دەگات بە ئاشنایەتی لەگەڵ نووسەرانی دیاری نێو ئەدەبیاتی فارسی زمان و بڵاوکرنەوەی ئەوەڵین بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەروەختەدا.

ساڵی ١٩٦٦ دەوڵەتئابادی لەگەڵ ئەحمەد شاملوو یەکتر دەناس، لە پاڵ کاری نواندندا، دەست دەکات بە نووسین و یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری (ئاناهیتا)دا بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ غوڵامحسێن ساعدیدا یەکتر دەناسن، ئەوکات ساعدی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ ئیدارەی شانۆی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەردا هەبوو، هەموو شانۆنامەکانیشی لە لایەن وەزارەتەوە دەکڕدران و لە لایەن تیپە جۆراوجۆرەکانەوە نمایش دەکران. لە ڕێگەی پەیوەندیی ساعدییەوە وەکو شانۆکار لە ئیدارەی شانۆی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەر دامەزرا.

مەحموود دەوڵەتئابادی لە بیستەکانی تەمەنیدا بە عەشقەوە تێکەڵ بە دنیای خوێندنەوە و نووسین دەبێت، بەرهەمە سەرەتاییەکانی هەر لەو تەمەنەدا بڵاو دەبنەوە و تا ڕادەیەکیش پێشوازییەکی باشیان لێ دەکرێ و وەک دەڵێن ترووسکەیەکی پرشنگدار لە نووسراوەکانیدا دەبینرێتەوە. هەڵپە و کۆڵنەدان و شارەوشارکردن بەدووی ئەڤینی نووسیندا وەها دەکات کە هەر بە زوویی تێکەڵ بەو دنیا بەرینە ببێت و کەسانێک بناسێت کە لە ترۆپکی ناو و ناوبانگدان، بەڵام مێژووی نووسین و بە تایبەت نووسینی داهێنەرانە هەمیشە و هەموو کات ئەوەی سەلماندووە ئەگەر کەسێک بۆ خۆی بەر و بەرهەمی داهێنەرانە لە سروشت و زەینیدا نەبێت، هەرگیز بە نزیکبوونەوە لە گەورەنووسەران و داهێنەران نابێت بە کەسێکی داهێنەر، ئەگەر وا بووایە دەبوو هاوسەری نووسەران لە تەواوی دنیادا لە پاڵ هاوسەرە نووسەرەکانیاندا لە یەکەمین داهێنەرەکان بوونایە، هەر ئەمەشە کە دێڕێکی سەرنجبزوێن لە “داغستانی من”ی ڕەسووڵ هەمزەتۆفدا هەیە، کە دەڵێت: کابرا کڵاوێکی وەک ئەوەی تۆڵستۆی کڕیبوو، بەڵام مێشکێکی وەک تۆڵستۆی لە کوێ بکڕێت و بهێنێت!؟ هەر ئەمەش دەتوانین بە بارێکی تردا بۆ مەحموود دەوڵەتئابادی لێک بدەینەوە، دەوڵەتئابادی خۆی ئەو بەهرە خۆڕسکەی تێدا بووە، هەر ئەو دەمکاتەی هەنگاوەکانی لە گوندەکەی دەترازێت و بەرەو شارە گەورەکان مل دەنێت، بەو بەهرە و وزە پڕ و پەرشوبڵاوەوە دەکەوێتە ڕێ، لە شارەکاندا دەتوانێت ئاراستەی وزە زۆرەکەی کە پەرشوبڵاوە، بدۆزێتەوە و سەرەتایەک دابمەزرێنێت، سەرەتایەک کە دەبێتە یەکەمین پێپلیکەکانی ئەم نووسەرە بۆ سەرکەوتن بەسەر پلیکانەی بێکۆتای داهێناندا.

مەحموود دەوڵەتئابادی لە چەندان کایە و بواری لێک جودادا کاری کردووە، ئەو سەرەتا وەک نواندن لە سینەما و شانۆدا، لە پێگەی ئەکتەر و وازیکاردا ڕۆڵی لاوەکی بینیوە، پاشان سیناریۆ و دەقی شانۆنامەی نووسیوە و جێیەک و پێیەکی بۆ خۆی کردووەتەوە، دواتر ئەوەڵین چیرۆکەکانی دەنووسێت و شوناسی چیرۆکنووس لەسەر خۆی دەچەسپێنێت، پاشان دەست دەکات بە ڕۆماننووسین و ناسنامەی ڕۆماننووس بۆ هەمیشە و زاڵتر لە دیکەی تاقیکردنەوەکانی، بەسەریدا دەچەسپێت.

شێوازی بەرچاوی دەوڵەتئابادی ڕیالیستییە، یانی دەربڕینی تەواو و ڕاستیی ڕووداوێک، وەسفی کەسایەتییەک، یان جێگەیەک. ئەو بەسوودوەرگرین لەو شێوازە، بە جوانی چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە؛ تا ئەو شوێنەی لە هەندێ جێگەدا وا هەست دەکەی فیلمێک دەبینی، کاتێک وەسفی کەسایەتییەک دەکات، کە دەڵێی پێشتر ئەو کەسایەتییەم لە جێگەیەک بینیوە. بەرهەمەکانی دەوڵەتئابادی زیندوون، گیانیان بەبەردا کراوە و لە خێراترین کاتدا دەچنە ناو هەستی خوێنەرەوە. لە بەرهەمەکانیدا سوودی زۆری لە زمان و ئیدیۆم و پەندی پێشنینان وەرگرتووە، کە جوانیان بە بەرهەمەکانی بەخشیوە.

یەکێک لە کاریگەرییە ڕیشەییەکانی نێو بەرهەمەکانی مەحموود دەوڵەتئابادی گوند و سروشتی گوند و خەڵکانی گوندە. ئەم کاریگەرییە لە یەکەمین بەرهەمەکانیدا زەق و زۆپە و دەبینرێتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەم ڕەنگە و زاڵی و تۆخییەکەی لە گەورەترین ڕۆمانی و هاوکات کە دەکاتە گەورەترین ڕۆمانی فارسیش، ڕەنگی دابێتەوە و گەیشبێتە لووتکەی کامڵی، ئەویش ڕۆمانی دە بەرگی “کەلیدەر”ە، تێکڕای ئەم ڕۆمانە لەناو دڵی سروشتی گونددا ڕوو دەدات و خەڵکانی گوند کەسێتییە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە داهێنەرانەیە پێک دەهێنن. بەڵام وەک گوترا ئەمە بە تەنیا لە یەک بەرهەمیدا نییە، بەڵکو گوند و کەسانی گوندنشین هەمیشە لەناو پانتایی جوگرافی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەم نووسەرەدا بوونیان هەیە و نیشانگر کراون. ڕەنگە هاوشانێکی لەم چەشنە لە زمانی فارسیدا نووسەرانی وەک غولامحسێن ساعدی و عەلی ئەشرەف دەرویشان و مەنسوور یاقوتی بن، بەڵام گرنگە ئەمە سەرنجەش لێرەدا و بە شوێن دەوڵەتئابادی و تێکڕای ئەو نووسەرانەدا بنووسین؛ لەگەڵ ئەوەی هەریەک لەو نووسەرانە خەریکن لە دنیای گوند و گوندنشینانەوە ئایدیاکانیان دەچنن و چیرۆک و ڕۆمانەکانیان دەنووسن، بەڵام خودی گێڕانەوەکانیان نوێنەرایەتی ئەدەبی مۆدێرنە لە شێواز و زمان و دەربڕین و تەکینک و فۆرمدا، واتە لە دنیایەکی نەریتی و لە دوورەدەستییەکی شارەوە، دەقی مۆدێرن و نوێخوازیان نووسیوە، ئەمە زۆر بە تایبەت و بە ئاگایی و سەرکەوتووییەوە لای ساعدی پتر و پتر دەبینرێتەوە.

لەم کتێبەدا “کۆچی سولەیمان”، لە پاڵ ناساندێکی گرنگدا، گفتوگۆیەکی جددیش هەیە، کە مریەم مەنسووری لەگەڵ مەحموود دەوڵەتئابادیدا ئەنجامی داوە و لە گرنگی گفتوگۆکەوە وەرگێڕ لە دووتوێی ئەم کتێبەدا دایناوە. خوێنەر لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم گفتوگۆیەوە سەرنجی وردی دەوڵەتئابادی بۆ کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەزانێت، ڕوانینی بۆ نووسین و دنیاکەی خۆی کە چۆن ڕۆی ناوە و چۆن دەڕوانێت لێیەوە، هاوکات پێگە و جێگەی خۆی لەناو ئەدەبیاتی فارسی و دنیاشدا دەستنیشان دەکات و باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ئەدەبیات لە مێژوودا دەکات. بە تێکڕای ئەم گفتوگۆیە نیشاندەری ئەو بیرکردنەوە ڕوون و قووڵەیە لەپشت بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەوە وەستاوە و بەردەوام لە فۆرمی هونەریدا، لە هەریەک لەو بەرهەمانەدا پێشکەشی کردوون و دەیانکات.

پاشتر خوێنەر دێتە سەر کرۆکی کتێبەکە، کە سێ چیرۆکی تا ڕادەیەک درێژە. هەریەک لەم چیرۆکانە دنیای سەربەخۆی خۆیان هەیە و هاوکات لێک نزیکیشیان لە هەندێ ئایدیا و ڕووداودا، وا دەکات کە بزانین پەیوەستییەک، لە شێوەی ڕایەڵ و تاڵەدەزوودا، پێکیانەوە دەبەستێتەوە. “کۆچی سولەیمان” یەکەم جار وەک کتێب و کۆمەڵەچیرۆک بە زمانی بنجی، واتە فارسییەکەی، ساڵی ١٩٧٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. سەروەختی خۆی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و زۆری لە بارەوە نووسراوە و لە کۆڕە ئەدەبییەکاندا بووەتە جێگەی باس و خواست و مشتومڕ. ئەم سێ چیرۆکەی لەم کتێبەدا هاتوون، بەرودوا بەم ناونیشانانەوە ڕیزبەند کراون: “کۆچی سولەیمان، پیاو، دەشتەکی”. لە هەر سێ چیرۆکەکەدا نووسەر بە شێوەی ژمارە گێڕانەوەکانی پارچە پارچە و دابەش کردووە. چیرۆکی “کۆچی سولەیمان” لەو چیرۆکانەیە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی ناوازە لە زەین و یادەوەریدا بەجێ بهێڵێت.

“کۆچی سولەیمان” چیرۆکی لێکترازانی خێزانێکە، لێکترازانێک کە دەم دەکاتەوە بۆ هەڵوەشانەوە و چیدی پێکەوە نەمان. چیرۆکی خێزانی سولەیمانە، کە پێکهاتوون لە سولەیمان و ژنەکەی (مەعسوومە) و دوو منداڵ. سەرەتای چیرۆکەکە بەم دێڕە دەست پێ دەکات: “دوو مانگی تەواو تێپەڕی، مەعسوومەی ژنی سولەیمان پەیدا بووەوە.” ئەم دێڕە شادێڕی چیرۆکەکەیە، ئەو ستوونەیە دەتوانێت قورسایی هەموو ڕووداوەکانی پاشتر لەسەر شانی خۆی هەڵبگرێت، ئەمە لەو دێڕە دەستپێکانەیە کە ورد بیری بۆ کراوەتەوە، ورد چنراوە و تاوتوێ کراوە و پاشان نووسراوە. ئێمە کاتێک دواتر بە قووڵایی چیرۆکدا ڕۆ دەچین بەردەوام ئەم دێڕە دێتەوە زەینمان: “دوو مانگی تەواو تێپەڕی، مەعسوومەی ژنی سولەیمان پەیدا بووەوە.” بۆچی وایە؟ چونکە چیرۆک پێمان دەڵێت ڕێک لەپاش ئەم دێڕەوە، لەپاش ئەم هاتنەوە دوو مانگییەی مەعسوومە حاڵەت و دۆخەکان بۆ هەمیشە لە شیرازە دەترازێن و دەپچڕێن. مەعسوومە لە شار بووە، لە کەیف و سەفا؟ لە ڕابواردن و شەرەففرۆشی؟ ئەمانە ئەو قسە و قسەڵۆکانەن لەناو گونددا داکەوتوون و دەربارەی مەعسوومە دەگوترێنەوە، بەس بەڕاست ناوی “مەعسوومە” بۆ خۆی هێمایەک نییە بۆ “پاکێتی و پاکدامێنی” ئەو ژنە؟ مەحموود دەوڵەتئابادی زۆر هونەرییانە و زۆر چیرۆکیانە ئەم کارەی ڕایی کردووە، دێڕێک بە ڕاستەوخۆیی لەو چیرۆکەدا نادۆزینەوە کە پێمان بڵێت مەعسوومە خەتابارە یان نا پاک و بێگوناهە، ئەوە بۆ خوێنەر جێهێڵراوە، ئەوەیە ڕێزی نووسەر بۆ خوێنەر و بەشداریکردنی خوێنەر لە چینینی دەقدا و تەواوکردنی بە هەمان گوڕ و هێزی نووسەرەوە.

سولەیمان کارەکتەرێکی تێکڕووخاوە، تلیاکییە، ژیانی نزم و نوقمی قەرزە، ئەگەرچی وەک پیاوێکی بە بازوو دەردەکەوێت، بەڵام ئەو داتەپیوە، ڕەنجی بە با چووە، ماڵەکەی هەرزانفرۆش کردووە، منداڵەکانی پشتگوێخراون و بە قسەی خەڵکیش نەکەی لە شار شەرەفی شکاندووە. ژیانی ئەم پیاوە یەکپارچە ڕەزالەتە، زەحمەتی بێ بەرهەمە، ڕەنجی بێ ڕەنجە، ژیانی نموونەیەکە بۆ لەدەستدان، چ سەرکاری لای ئاغا، چ لەدەستدانی ژنەکەی، چ منداڵەکانی، چ بەدناوکردنی لە لایەن یاران و نەیارانیەوە. تووشی دۆخی تەنگەژاویتر دەبێت، دەکەوێتە تەڵەی دزیکردنەوە، لەگەڵ دەستەی تر و پیاوی تر، پێی دەزانن، قۆڵبەستی دەکەن و دەینێرن بۆ شار، بۆ زیندان. پاشان ژن و منداڵەکانی دەمێننەوە، کوڕ و کچەکەی، دەکەونە خۆ و دروستکردنی ژیان، بە گوڵەوەچن و کارکردن، لە کۆتایی چیرۆکدا سولەیمان دێتەوە، ئەمجارە کۆچە هەمیشەییەکەی بەبێ مەعسوومە دەست پێ دەکات و بە مەعسوومە دەڵێت تۆ لە ئێمە نیت، منداڵەکان (فاتمە و قودرەت) لەگەڵ خۆی دەبات و ئاوڕ ناداتەوە:

مەعسوومە لەسەر تەپۆڵکەی گۆڕستانەکە ڕاوەستا، دەروونی کە دەسووتا پڕی کرد لە هەوای شەو و وەکو دێڵەگورگێک لووراندی:

  • سولەیمان… هۆۆۆۆۆۆۆی…

فاتمە ڕووی وەرگێڕا، قودرەت گەڕایەوە و ڕاوەستا. سولەیمان وەک ئەوەی هیچی نەبیستبێ خۆی کەڕ کرد، مەعسوومەش وەک کەسێک کە خەوی دیبێ، لە گۆڕستانەکە دانیشت.

ئایدیا و بیرۆکەی ئەم چیرۆکە لە نزیک ژیانی هەریەکەمانە، بیستوومانە و بینیومانە، بەڵام کاتێک لە گێڕانەوەیەکی هونەریی داستانیدا دەیخوێنینەوە، هەر دەڵێی یەکەم جارە وەها بەسەرهاتێکی تراژیدی دەبیستین، ئەمەیە ئەفسوونی ئەدەب، ئەفسوونی گێڕانەوە و گرنگی چیرۆک، کە بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێت بڵێت هەڵوێستەکان چین و چۆنن، دەتخاتە سەر کەڵکەکەی بیرکردنەوە و بڕیاردان، هەڵبژاردن و سەرپشکبوون. لە ژیانی هەموومان زۆرن سولەیمان و مەعسوومەکان، بەڵام کەمن ئەوانەی وەک مەحموود دەوڵەتئابادی توانیبێتیان لە فۆرمێکی بەرزی هونەریدا بیانخەنە چوارچێوەی چیرۆک و بۆ هەمیشە ژیانیان تۆمار و تاپۆ بکەن.

هەردوو چیرۆکی “پیاو و دەشتەکی” دیسان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە دەوری مەسەلەی ژن و غەدردا دەخولێنەوە، فەزای گوند و ململانێ لەگەڵ سروشتی دڕ و ئینسانی بەدخوو، تێما سەرەکییەکانی ئەو دوو چیرۆکەش دەچنن.

بە ناوهێنانی مەحموود دەوڵەتئابادی هەمیشە لای من سەرنجێک بیر دێتەوە، کە دەتوانم بڵێم لە هەر کات و شوێنێکدا بم، ناوی ئەو، بیرهێنەرەوەی هەمان سەرنجە: نووسەرێک کە بە دەقە گەورە و ئەستوورەکانی دنیای گێڕانەوە ناسراوە و تەنانەت لەو بوارەدا سەرچەشنی ئەدەبیاتی فارسییە، چۆن دەتوانێت چیرۆک بنووسێت؟ پێم وایە دەوڵەتئابادی ئەو کاتەش کە چیرۆک دەنووسێت ڕۆمان دەنووسێت، یان بە هەمان بیرکردنەوەی ڕۆمانەوە چیرۆک دەنووسێت، نیازم کەمبایەخکردنی چیرۆکەکانی دەوڵەتئابادی نییە، بەڵام چیرۆکەکانی (لانیکەم ئەوانەی من خوێندوومنەتەوە) هەناسەی ڕۆمانیان تێدایە، چڕوپڕ نین، چڵاوچڵکەر و مەیلیان لە تێکئاڵانی ڕووداو و کەسێتی ترە، کەمتر لە ڕووبەری بچووک و بەرتەسکدا ڕوو دەدەن، زیادتر ڕووبەری بەرین و پان دەبیننەوە و ئاسۆیی دەکشێن. دیارە بۆ نووسەرانێکی وەک مەحموود دەوڵەتئابادی کە لەگەڵ گێڕانەوەی پانۆرامایی درێژدا ئەزموونیان هەیە، سەختە هونەری ڕووبەر بچووک و چڕ تێریان بکات، هەر ئەمەشە لە کارە کورتەکانیاندا ئێمە مەیل و ویستێکی تێرنەبوو بۆ گێڕانەوەی زیادتر و زیادتر دەبینینەوە. دەوڵەتئابادی بەر لە هەر شت و هەر کایەیەکی نووسین، ڕۆماننووسە، ڕۆماننووسێکی داهێنەر بۆ هەمیشە.

ناردن: