کــــۆکـلـیـلـێـک بـۆ ئـەدەب و ڕەخـنـە

Loading

خستنەڕووی کتێبی “کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە”

خوێندنەوەی: سەردەم

یەکێک لەو پرسە قیرسمیچانەی بەردەوام لەناو کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا زارەوزار دەکات و هەر جارەش بە جۆرێک ئەم پرسە دێتەوە مەیدان و دەبێتە مشتومڕی نێوان ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندان، ئەویش پرسی “بوونی ڕەخنە”یە لەنێو کایەی کولتووری ئێمەدا. پرسیارەکە بەم شێوەیە خۆی دادەڕێژێت و وەڵامەکان لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەر کەسەش لە گۆشەنیگای خۆیەوە تەماشای وەها پرسێکی گرنگ دەکات. بەم سەرەتا چەند دێڕییەوە دەمانەوێت بچینە نێو پانتایی و ڕووبەری کتێبێکی گرنگەوە، کە دەتوانێت بە جۆرێکی سەرنجڕاکێش بەشداری لە وەها پرسێکدا بکات و بە دەوڵەمەندی خۆی وەڵام بەو پرسە بداتەوە.

کتێبی “کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە” لە نووسینی هەردوو ڕەخنەگر و برا: عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و د. عەلی تاهیر بەرزنجی لەو چەشنە کتێبانەیە کە هەڵگری گوتارێکی ڕەخنەییە، نەک بەوەی کە لەم کتێبەدا کۆمەڵێک دەق خرابنە پرۆسەی ڕەخنەییەوە، بەڵکو ئەم کتێبە وەک لە ناوەکەیدا هاتووە فەرهەنگێکە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لەو زاراوە ڕەخنەییانەی کە لە هەردوو کایەی ئەدەب و ڕەخنەدا کاران، نوێنراون. لەم کتێبەدا هەردوو نووسەر، بەپێی ئەزموونی چەندان ساڵەی خۆیان لە بواری ڕەخنەدا، هەوڵیان داوە زۆرترین ئەو چەمک و زاراوە ڕەخنەییانە لەم کتێبەدا بناسێنن کە لە ڕەوتی مێژوویی ڕەخنەدا، لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ، بە واتایەکی تر لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن و پۆست مۆدێرن هاتوونەتە ناو کایە و بازنەی ڕەخنە، بەسەر بکەنەوە. کتێبەکە دەهێنێت زیادتری دەربارە بنووسین و بناسێنین، هەوڵ دەدەین لە دێڕەکانی دواتردا، بە قسەکردنی پتر و هێنانەوەی هەندێ بەش و چەمک، نزیکتر ببینەوە لە ناوەرۆکە بە پێزەکەی ئەم کتێبە. بەڵام هەر لێرەدا جێی خۆیەتی ئەم دێڕانە بنووسین: کتێبی “کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە” لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ساڵی ٢٠٢٤ لە قەوارەی ٥٧٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بەپێی پیتە کوردییەکان ڕیزبەندی کراوە، واتە لە ئەلفەوە دەستی پێ کردووە و لە یاءدا کۆتایی هاتووە.

لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا هاتووە: “مێژووی سەرهەڵدانی فەرهەنگسازی لای کورد ئەوەندە نییە، جا ئیتر فەرهەنگی زمان بێت، یا فەرهەنگی زانست و هونەر و ژانرەکانی ئەدەب بێت. لە سەردەمانێکدا دوو کتێبی ناوازەمان هەبوو (نەوبەهاری ئەحمەدی خانی و ئەحمەدی/ی شێخ مارفی نۆدێ)، ئەوانیش بە شێوەی هۆنینەوەن، بە مەبەستی فێرکردنی منداڵان لە مزگەوت و تەکێ و خانەقادا، نووسراون. بچووک و سنووردارن.

لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، کەم کەم هەوڵ لەم بوارەدا دراوە، ڕەنگە دەوڵەمەندترینیان “هەنبانەبۆرینە”ی هەژار موکریانی بێت لە بواری زماندا.

دەتوانین لە حەفاکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە بایەخدانمان بە فەرهەنگسازی بکەین بە سەرەتایەکی چاکتر، لێرەدا هەوڵەکانی کۆڕی زانیاری کورد لەبەر چاو هەموومان، یان جارجار هەوڵی لیژنەکانی وەزارەتی پەروەردە.

شایەنی باسکردنە، لە دەیەی نەوەد بەدواوە، هەوڵی فەرهەنگسازی لە زمانەوە بەرەو دانانی زاراوەی زانستی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و هونەری پەلی کوتا، هەرچەند دەتوانین بڵێین هەوڵی سەرەتایی بوون، بەڵام سەرەتای دڵخۆشکەر بوون، چەند فەرهەنگێکی جیاوازی لە بواری جۆراوجۆردا لە خۆ گرتبوو. بەم بۆنەیەوە وا چاکە هەوڵی خاکیی چەند گۆڤارێکی دوای ڕاپەڕین لە یاد نەکەین، بۆ نموونە: گۆڤاری “پڕۆژە ـ ١٩٩٢، گۆڤاری ڕامان، گوڤاری سەردەم، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ و…” لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە چەند فەرهەنگێک چاپ کراون کە هەوڵی تاکەکەسین، بەڵام هەرچۆنێک بێت، ڕۆڵی خاکیی خۆیان دەبینن و دەبن بە هاندەر بۆ ئەوەی کار بۆ فراوانکردن و چالاککردنی فەرهەنگسازی لە هەموو بوارەکاندا بکەین، ئیتر بە وەرگێڕان بێت، یاخود ئامادەکردن، بەڵام یەکێک لە گرفتەکانی ئێمە ئەوەیە کە تا ئێستا کار بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەت، یان هەوڵی دەستەجەمعی نەکراوە، ئەمەش زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا و وەزارەتەکانمان. لە حاڵەتی ئامادەکردنی فەرهەنگدا بە شێوەیەکی دەستەجەمعی، کارەکە زووتر ڕادەپەڕێت و ڕەنگە زیاتر شێوەی پسپۆڕیی پێوە دەر بکەوێت، بێگومان ئەمە بە هیچ جۆرێک ڕێ لە هەوڵی ڕاستەقینەی تاکەکەس ناگرێت.

ئەم فەرهەنگەی ئێمەیش کە لەبەر دەستاندایە، هەوڵێک دەبێت لەو هەوڵانە، هیوادارین بۆشاییەک پڕ بکاتەوە.”

بێگومان ئەم هەوڵە لەناو ئەو هەوڵە پەرتەوازانەی بۆ دروستکردنی فەرهەنگێکی ڕەخنەیی دراون، دەتواین بڵێین لە هەوڵە جددییەکانە، ئەویش لە ڕێی ئەو میتۆدەوە کە نووسەرانی بەشداربووی ئەم فەرهەنگە، فەرهەنگی کلیلدان، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و د. عەلی تاهیر بەرزنجی گرتوویانەتە بەر. ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی ساکار و سادە ئەو میتۆدە بناسێنین، ئەوا دەتوانین بنووسین: وێڕای ڕیزبەندی چەمک و زاراوە ڕەخنەییەکان بەپێی ئەلف و بێی کوردی، هاوکات هەر چەمک و زاراوەیەک بەپێێ بڕی پێویست شرۆڤەی بەرانبەر بۆ نووسراوە، هاوکات شوێنی لەناو ڕەخنەی کۆن و نوێدا دەستنیشان کراوە، لە پاڵ ئەوەشدا هەوڵ دراوە لە ڕووی ئیتمۆلۆژییەوە (ڕیشەی وشەکە) دیاری بکرێت، هەڵبەت ئەوە بۆ تێکڕای چەمکەکان بەکار نەهاتووە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی کلیلدان ئەوەیە کە بۆ هەر چەمک و زاراوەیەک بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەرانبەرەکەی نووسراوە، ئەمەش دیسان هاوکارێکی باشە بۆ خوێنەرانی ئەم کتێبە، تا لە ڕێی ئەوەوە بەدواداچوونی زیادتر بکەن بۆ ئەو چەمکەی مەبەستیانە، هاوکات سەرەتایەکی گرنگیشە بۆ ناوی داتاشراو و پێشنیارکراو بۆ هەریەک لەو چەمکانە، بە تایبەت ئەوانەیان کە هێشتا دەربڕینێکی پڕ بە پێستمان بۆیان نییە. پاشتر خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە لە هەردوو کایەی “ئەدەب و هونەر” بە چڕی ئەو چەمکانە وەرگیراون کە لە ڕەخنەی نوێدا ئەمڕۆ زۆر بەکارن. بۆ نموونە لە زاراوەی سینەمادا، نووسەرانی ئەم فەرهەنگە هاتوون گرنگترین ئەو چەمک و زاراوانەیان وەرگرتووە کە لەو بوارەدا پێویستن و لە ڕێیانەوە دەتوانین فیلمێکی هونەری لە ناهونەری پێ جیا بکەینەوە، یان خوێندنەوەیەکی سەددەرسەد سینەمایی، ڕەخنەی سینەمایی، لەسەر فیلمێک یان دەرهێنەرێک پێ پێشکەش بکەین.

با پێکەوە ئەو بەشە تەماشا بکەین:

زاراوەی سینەمایی: لەم بەشەدا وەک گوترا، گرنگترین ئەو زاراوانە خراونەتە ڕوو کە پەیوەستن بە بابەتەکەوە، ئەویش بەم جۆرە: (دەرهێنەر، نووسەر یان دانەر، ئەندازیاری دیکۆر و دیمەنەکان، بەڕێوەبەری وێنەگرتن، سینارست، نووسەری سیناریۆ، وێنەگر، مۆنتێر، گرتەی سەرەکی، دوانەگرتە، لەسەر شان، گرتەی نزیک، گرتەی سینگ، گرتەی ناوەڕاست، گرتەی زۆر گەورە، گرتەی گەورەی ناوەنجی یاخود دیمەنێکی گەورەی ناوەنجی، دیمەنێکی ناوەنجی یاخود گرتەیەکی ناوەنجی، دیمەنی گشتیی ناوەنجی یاخود گرتەی گشتیی ناوەنجی، دیمەنی گشتی یان دیمەنی گشتی، دیمەنێکی تەواو یان گرتەیەکی تەواو، دیمەنێک بە گۆشەیەکی بەرزەوە، دیمەنی دەخیل یان گرتەی تێکراو، گرتەبڕە، تیڵت ئاپ، تیڵت بەرەو خوار، جووڵەی خێرا، جووڵەی هێواش، جووڵەی خاو، سلۆمۆشن، جووڵە، بجووڵێ، بیبڕە، کادر یاخود چوارچێوە، دەرکەوتنی هێواش هێواش، ونبوونی هێواش و لەسەرخۆ، تێکەڵکردن، سڕینەوە، چاپکردنی دوو گرتە بەسەر یەکەوە، کامێرا، سیناریۆ، مۆنتاج ـ مۆنتاژ)

هاوکات هەریەک لەو زاراوانە بە کورتی و بە پوختی ناسێنراون، با پێکەوە دوو سێ دانەیان بخوێنینەوە:

دەرهێنەر: کارمەندی هونەریی بەرپرسە. ئیشی هەموو کارمەندانی فیلم، بە هونەرمەند و تەکنیککارانەوە، دەکەوێتە سەر شانی.

وێنەگر: ئەو وێنەگرە سینەماییەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی ئامێری وێنەگرتن و گرتنی دیمەنەکانی فیلمەکە ڕاسپێردراوە.

گرتەی نزیک: ئەو گرتەیەیە کە تەنها دەموچاو لە خۆ دەگرێت، یاخود دەموچاو و مل، یاخود دەموچاو و گەردن و هەردوو شانی یەک ئەکتەر.

گرتەی زۆر گەورە: گرتەیەکە لەو بەشەوە نزیکە کە مەبەستە وێنەی بگیرێت، سەبارەت بە لەشی مرۆڤ، گرتەیەکە بەشێک لە دەموچاو دەگرێتەوە، یا تەنها هیی دەستە.

وەک گوترا، ئەم فەرهەنگە زۆرترین چاوی لەسەر چەمک و زاراوە ڕەخنەییە هاوچەرخەکانە، ئەم خاڵەش یەکێکە لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم کتێبە سەنگینە، کە دەتوانێت ببێت بە ڕێبەر و بەرچاو ڕۆشنکەرەوەیەک بۆ ئەو ڕەخنەگرانەی لە کێڵگەی ئەدەبی مۆدێرن و لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەریدا کار دەکەن. یەکێک لەو ڕووبەرانەی کە بەشێکی باشی بەرکەوتووە و ئەمڕۆ لە پانتایی ڕەخنەی مۆدێرندا زۆر بەکارە و چاوی زۆری لەسەرە، ڕۆمان و چیرۆک و بە گشتیش گێڕانەوەیە، سەبارەت بە ڕەخنەی ڕۆمان، فەرهەنگی کلیلدان لیستێک جۆر و چەشنی ڕەخنەی ڕۆمانمان دەخاتە بەردەست، کە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی دروست جێگەیان لە ڕەخنەدا دەستنیشان بکات، لەوانە: (ڕۆمانی پەروەردەیی، پێگەیشتن، ڕۆمان بە نامە، ڕۆمانی پڕۆلیتاری، ڕۆمانی کورت، کورتەڕۆمان، نۆڤێڵێت، ڕۆمانی گەڕان و بەدواداچوون، ڕۆمانی لیریکی، ڕۆمانی دەربەدەر و ئاوارە، ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانی هەرێمی، ڕۆمانی دەمامکدار، کلیلەڕۆمان، ڕۆمانی بانگەشە، یا تێز یا بیر، ڕۆمانی ڕەش یان ڕۆمانی گۆتیک، ڕۆمان بە زنجیرە، ڕۆمانی ڕووبار، ڕۆمانی پۆلیسی، ڕۆمانی زانستی خەیاڵی، ڕۆمانی ڕووداو، ڕۆمانی کەسایەتی، ڕۆمانی درامی، ڕۆمانی تۆمار، ڕۆمانی شوانکارەیی، شوانکارە، ڕۆمانی ڕەمزی، ڕۆمانی سیمبۆلی، ڕۆمانی فەلسەفی، ڕۆمانی ئۆتۆبایۆگراگی، ڕۆمانی ژیاننامە، ڕۆمانی خۆنووسینەوە، ڕۆمانی بیۆگرافی، دژە ڕۆمان، ئەنتی ڕۆمان، ڕۆمانی نوێ). لە پێناسە و ناساندنی خودی “ڕۆمان”دا بەم جۆرە تەوزیح دراوە: “بریتییە لە چیرۆکێکی درێژ، کە بە شێوەی پەخشان دەنووسرێتەوە، لە ڕێی چیرۆکبێژێکەوە، وێنەی ژیانی کەسایەتییەکان لە چەندین ڕووداو و لە چەندین شوێن و کاتی بەریندا دەردەخات. زۆر جار، خەیاڵ ڕۆڵی لە داڕشتنی ڕووداوەکاندا هەیە.

لە ڕۆماندا چەند ڕەگەزێکی گرنگ کۆ دەبنەوە، لەوانە: “ڕووداو، کەسایەتیی سەرەکی و لاوەکی، چیرۆکبێژ یان گێڕەرەوە، گێڕانەوە، بۆگێڕەوە، شوێن، کات، خەیاڵ، وەسف، دیالۆگ، گۆشەنیگا”. چیرۆکێکی درێژە کە وێنەی لایەنێکی درێژ لە لایەنەکانی ژیان و کۆمەڵ دەکێشێت، چەند مانگ و ساڵ دەخایەنێت، کۆمەڵێک ڕەگەز لە خۆ دەگرێت، وەک: “کەسایەتی، پلۆت، زەنان، شوێن، ڕووداو و زمان”.

ڕۆماننووس لەسەر وردەکاریی ڕووداو و شتەکان دەوەستێت، بەیەکەوە گرێیان دەدات. چەند لایەنی دەرەوەی کەسێتی بە گرنگ بزانێت، ئەوەندەش لایەنی دەروونی و ناخی مەبەستە. لە فەرهەنگی “ئۆکسفۆرد”دا لەبارەی ڕۆمانەوە هاتووە، “گێڕانەوەیەکی خەیاڵییە، یا حیکایەتێکە درێژەیەکی دیاریکراوی هەیە”، هەندێ جار ئەوەندە درێژ دەبێتەوە دەگاتە بەرگ و دوو بەرگ، وێنەی کەسایەتی و چەند کردارێکی تێدا دەکێشرێت کە ژیانی ڕاستەقینەی ڕابردوو و ئێستا لە شێوەی چنینی ئاڵۆزدا دەخاتە ڕوو.”

***

لێرەدا جێی خۆیەتی کە بگەڕێینەوە سەرەتای ئەم نووسینە و دەرگیری پرسی “ڕەخنە” ببین، سەرەتاش دەبێت کەمێک لەو شوناسە نزیک ببینەوە کە بە “ڕەخنەگر” ناسراوە، ڕەخنەگر کێیە و بە کێ دەگوترێ ڕەخنەگر؟ لەم کتێبەدا، “فەرهەنگی کلیلدان”، ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە، ئەو کۆمەڵێک کلیلی زۆر دەخاتە بەردەم خوێنەر و بە تایبەتیش ڕەخنەگران، بەڵام دەتوانین بە گوێرەی ئەوەی کە پێی دەگەین و ڕەخنەیەکی تەندروست دەخوێنینەوە، کەسێتیی ڕەخنەگر بەم جۆرە بناسێنین: ڕەخنەگر ئەو کەسەیە کە هەڵدەستێت بە خوێندنەوە و هەڵسەنگانی دەقێکی ئەدەبی یان هونەری، لە میانی ئەو خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەیەوە دەگات بە کۆمەڵێک خاڵ، کە تێیدا لایەنی باش و خراپی ئەو دەقە ئەدەبی یان هونەرییە دەخاتە پێشچاوی خوێنەران و بینەران. بێگومان دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەم کەسێتییە کە ڕەخنەگرە، هەندێ خەسڵەتی تریش بخەینە سەری تاکو باشتر بیناسین، ڕەخنەگر بەپێی توانای مەعریفی خۆی و قاڵبوونەوەی لەو بوارەدا کە تێیدا ڕەخنە دەگرێت، دەتوانێت تەنکی یان قووڵی ئەو ڕەخنەیەی پێشکەشی دەکات، تەماشا بکرێت، واتا خودی ڕەخنە و خودی ڕەخنەگریش دیسان دەتوانن بە فلتەری “ڕەخنە”دا تێپەڕ ببن. هەر ڕەخنەگرێک کە دەست دەداتە قەڵەم و هەوڵی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقێک دەدات، کۆمەڵێک پێوەری خۆی هەیە، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو لەو پێوەرانەی کە بۆ ڕەخنە هەیەتی سەرچاوە دەگرێت، لێرەدایە جاری وا هەیە گرفتی گەورە لە نێوان دەق و ڕەخنەدا ساز دەبێت، ڕەخنەگر بە پێوەری خۆی، کە کلاسیک و سوننەتییە، دەقێکی مۆدێرن هەڵدەسەنگێنێت، یان بە پێچەوانەوە، دەقێکی کلاسیک و سوننەتی بە میتۆدێکی ڕەخنەی مۆدێرن دەخوێنێتەوە، بێگومان ئەمە لە دیوێکدا دەکرێت ڕوو بدات و تەندروستیش بێت، بەڵام لە دیوێکی تردا دەکرێت کارەسات بخولقێنێت، کاتێک کە داوامان لە دەق بەو جۆرە بێت کە دەبێت بێ ئەملاولا ملکەچی ئەو میتۆدە بێت کە ئێمە دەستنیشانی دەکەین بۆ هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی، دەبینین لەو حاڵەتەدا ڕەخنەیەک پێک دێت کە نامەنهەجییەتی پێوە دیارە، ناسازییەک کە هیچ زیادەیەک ناخاتە سەر دەقی ڕەخنەلێگیراو، ئەمەش یەکێکە لە پەتا کوشندەکانی ڕەخنەی کوردی.

ڕەخنە دۆزینەوەی ئەو شتە پەنهان و نادیارانەیە لە نەستی دەقدا نیشتوون، ڕەخنەگر ئەو دۆزەرەوەیە کە دەچێتە ڕووبەری ئەو پەنهانانە و دەستی دەگاتە قووڵایی نەدیتراوی دەق و لەوێوە کۆمەڵێک ئاماژە و دەلالەت کەشف و دەدۆزێتەوە، کە لە ڕێیەوە دەق دەوڵەمەندتر و زیندووتر دەر دەخات، هاوکات کۆمەک بە ئێمەش دەکات بە چاوێکی ورتر لە دەق بڕوانین و چیدی وەک کائینێکی دەستەمۆ لێی نەڕوانین.

کەواتە دەبێت ئێمە بەو چاوە لە ڕەخنەگر و نیازەکانی بڕوانین، نەک ئەوەی کە ڕەخنە ببێتە کەناڵێک بۆ سووکایەتی و شکاندنی نووسەری دەق، وەک ئەوەی بەشێک لە ڕەخنەی کوردی ساڵانێکەوە پێیەوە سەرقاڵە. خودی ئەم فەرهەنگە کۆمەڵێک کلیلی جۆراوجۆرە، کە دەیداتە دەستی ڕەخنەگران تاکو لە ڕێیەوە ڕەخنەی تەندروست بنووسن و دەقەکانی پێ هەڵبسەنگێنن، چونکوو ڕەخنە زانستە و پێویستی بەوەیە کە کەسی ڕەخنەگر شارەزای ئەو قوتابخانە و میتۆدانە بێت کە یارمەتی دەدەن شوناسی ڕەخنەگر هەڵبگرێت.

بێگومان ئەم کتێبە لە پاڵ دوان و بەدەنگهێنانی ڕەخنەگران، هاوکات ڕووی لە خوێنەرانیشە، بە تایبەت ئەو خوێنەرانەی هەمیشە لە پێگەی ڕەخنەوە دەق دەخوێننەوە و مەبەستیانە کە دیوە نادیار و نەگوتراوەکانی دەق کەشف و بدۆزنەوە، واتە خوێنەرانێک کە جددین و لە ئاستی دەقدا دۆشداماو نامێننەوە و باز نادەن بەسەر دەقدا، لەو ڕووەوە ئەم فەرهەنگە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی دڵسۆز و میهرەبان بێت، بمانباتە سەر ڕاستەڕێیەک کە ڕاستەشەقامی ڕەخنەی جددی و سەرڕاستە.

نووسەرانی ئەم فەرهەنگە دەنووسن: “ئێمە زاراوەیەکی زۆرمان کۆ کردووەتەوە و سەرچاوەیەکی زۆرمان بۆ بەکار هێناون، هەندێکیان سەرچاوەی سەرەکین و هەندێکیشیان لە خزمەتی سەرچاوە سەرەکییەکاندان، بۆ نموونە، سەرچاوەیەکمان هێناوە، بەڵام لەگەڵ چەندین سەرچاوەی تردا زانیاری و شێوەی پێکهاتەکەیمان بەراورد کردووە، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بە ڕاستی و دروستی، هەر بۆ ڕوونکردنەوە سەرچاوە فارسییەکان، یان کوردییەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێناون.

شایەنی باسکردنە زۆربەی زاراوەکانی ئەم فەرهەنگە نوێن و لای خۆمان بەکار نەهێنراون، ڕەنگە سوودێکیان بۆ ئەدەب بە گشتی و ژانری چیرۆک و ڕۆمان و ڕەخنە هەبێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین، هەر فەرهەنگێک کە دادەنرێت، پڕۆژەیەکی کراوەی ناتەواوە، چونکە تەنها لە وەختێکی تایبەتیدا تەواو نابێت، پڕۆژەیەکە دەتوانین لە چاپی تردا زیاتر و گەورەتری بکەین، ئەگەر ئێستا ئەوەندە بێت، دەتوانین لە چاپەکانی تردا، دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندەی لێ بکەین.”

وێڕای دەستخۆشی، بە هیوای ئەو هیوایەین کە نووسەرانی “کلیلدان” دەیخوازن.

ناردن: