ناساندنی ژمارەی نوێی “ڕۆڤــار” تایبەت بە شاعیر: محەمەد عومەر عوسمان
شاعیری پاییزنشین
ناساندنی ژمارەی نوێی “ڕۆڤار” تایبەت بە شاعیر: محەمەد عومەر عوسمان
خوێندنەوەی: سەردەم
ڕۆڤار بڵاوکراوەیەکی وەرزانەیە، هەر ژمارەی تایبەتە بە داهێنەرێکی کورد لە هەر بوارێکدا بێت، ئەم بڵاوکراوەیە دەتوانێت لە کۆمەڵێک لایەنەوە سوودبەخش و بەشدار بێت لە کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا، سەرەتا پەیوەندییەک دەسازێنێت لە نێوان خوێنەر و ئەو داهێنەرەی ڕۆڤاری بۆ ئامادە دەکرێت، پردێک ڕۆ دەنێت لێیەوە خوێنەر، لە گوزەری خوێندنەوەی سەرجەم بابەت و بەرهەمەکانی دووتوێی ئەو ژمارەیە، سەرەتایەکی بەهێز لەگەڵ ئەو داهێنەرەدا دروست بکات، دواتر وەک خاڵێکی جەوهەری، ڕۆڤار سوودبەخش دەبێت لە دەستخستنی کۆمەڵێک بابەت لەسەر کەسێتییەک، بە واتایەکی تر دەبێت بە سەرچاوەیەک بۆ خوێنەران و نووسەران و توێژەران و بە تایبەتییش بۆ خوێندکاران لە هەر ئاست و پێگە و پلەیەکدا بن. ئەم بڵاوکراوەیە تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە لەنێو ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، یەکەم ژمارەی لە ٥/٥/١٩٩٩دا لێ چاپ و بڵاوبووەتەوە، تا ئەم ساتەوەختە چارەکە سەدەیەکە ئەم بڵاوکراوەیە هەیە و دەر دەچێت. ئەگەرچی لە ڕێڕەوی ئەو بیستوپێنج ساڵەدا نێوبڕی زۆری تێکەوتووە و پچڕ پچڕی ساڵانەی بە خۆیەوە دیوە، هاوکات چەندان ستاف و دەستە کاریان تێدا کردووە و دەستاودەستی کردووە، بەڵام مایەی خۆشحاڵییە پاش ماوەیەکی زۆر لەوەستان، وا سێ ساڵە بە ڕێکوپێکی و سێ مانگ جارێک، وەرزانە، چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
گرنگی ڕۆڤار لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە یەک کەس نیشانگر دەکات، هەوڵ دەدات لە دیوە جیاواز و داهێنەرەکانی ئەو کەسێتییە بدوێ، جا ئەو کەسێتییە شاعیر بێت یان چیرۆکنووس، ڕۆماننووس بێت یان شێوەکار، شانۆکار بێت یان گۆرانیبێژ، موزیکزان بێت یان مێژوونووس و… بەمەش چڕبوونەوەیەکی ناوازە لەسەر ئەو کەسێتییە دەدات بە دەستەوە، وا دەکات خوێنەران تەواو نزیک ببنەوە لە دنیای ئەو کەسێتییە و بەرهەم و داهێنراوەکانی، ڕێسای بڵاوکراوەکە بەو چەشنەیە کە بە ژیاننامەیەکی پوخت و گشتگیری ئەو کەسێتییە دەست پێ دەکات کە ئەو ژمارەیەی بۆ تەرخان دەکرێت، پاشتر هەوڵ دەدرێت لێکۆڵینەوەی جددی لەسەر بەرهەمی ئەو کەسێتییە بڵاو بکرێتەوە، دواتر یادداشت و بیرەوەری و گفتوگۆ و نموونە لە بەرهەمی کەسێتییەکە و هاوکات وێنە لە شێوەی ئەلبوومدا، لە هەمان ئەو ژمارەیەدا بڵاو ببێتەوە. ڕێسای ڕۆڤار ڕەچاوی هەموو ئاستەکان دەکات، بەو نیازەوە کار دەکات ئەگەر خوێنەرێک هیچ زانیاری و بەرهەمی ئەو کەسێتییەی نەخوێندبێتەوە، یان نەبینیبێت، یان نەبیستبێت، پاش خوێندنەوەی ڕۆڤار، ئاشنایەتییەکی هەمەلایەن لەگەڵ کار و بەرهەمی ئەو کەسێتییەدا پەیدا بکات، هاوکات وا بکات بە شوێن کار و بەرهەمی ئەو کەسێتییەدا بگەڕێت، سۆراخی داهێنانەکانی بکات و شوێنپێیان هەڵبگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خوێنەرانێک کە ئاشنای بەرهەمی کەسێتییەکەن دووبارە ڕۆڤار قسەی بۆ ئەوانیش پێیە، دەتوانن لە ڕێی لێکۆڵینەوەی نوێ و جددی، یادەوەری و یادداشت و گفتوگۆ و وێنە و بەڵگەوە، دیوی تری هەمان کەسێتیی ببینین، کە ڕەنگە هەرگیز پێشتر ئەو دەرفەتەیان نەبووبێت ئەو لایەنانەی کەسێتییەکە ببینین و بخوێننەوە.
لەو ماوە زەمەنییەی تێیدا ڕۆڤار دەرچووە، تا ئێستا ١٠١ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بووەتەوە، واتە بۆ ١٠١ کەسێتیی ڕۆڤار ئامادە کراوە و بڵاو کراوەتەوە، ئەوەی گرنگە لە ڕۆڤاردا هەڵبژاردنی کەسێتییەکانە، کە لەسەر بنەمای کوردبوون تەڵبژێر دەکرێت، واتە تێکڕای ئەو ١٠١ کەسێتییە و ئەوانەش وا پاشتر ڕۆڤاریان بۆ ئامادە دەکرێت، کوردن و دەبێت کورد بن، هاوکات لە ڕۆڤاردا ڕەچاوی سەرجەم ژانر و بابەتەکان دەکرێت، واتە بەو جۆرە نییە کە لایەنێک کاری لەسەر بکرێت و لایەنەکانی تر فەرامۆش بکرێن، بۆ نموونە ئەگەر ژمارەیەکی ڕۆڤار بۆ شاعیرێک بکرێت ژمارەی دواتر بۆ وەرگێڕ یان چیرۆکنووسێک دەبێت، یان شێوەکارێک، یاخود شانۆکارێک، یان موزیکزان و گۆرانیبێژێک و… لە پاڵ ئەوەشدا ڕەچاوی پارچەکانی کوردستان دەکرێت، کە بەداخەوە بە هۆکاری سیاسی و مێژوویی و زمان، لێک دابڕ کراون، واتە لە هەڵبژاردنی کەسێتییەکانی ڕۆڤاردا هەوڵ دەدرێت داهێنەرانی پارچەکانی کوردستان بەهەند وەر بگیرێن، بۆ نموونە ئەگەر ڕۆڤار بۆ داهێنەرێکی سلێمانی بکرێت، ژمارەی دواتر بۆ هەولێر، یان کەرکووک یاخود یەکێک لە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت، یاخود یەکێک لە شارە کوردییەکانی ڕۆژئاوا یاخود باکوور.
بەو ناساندنەوە، دەتوانین کەمێک لە نوێترین ژمارەی ڕۆڤار بدوێین، کە بۆ شاعیر محەمەد عومەر عوسمان تەرخان کراوە. ئەم ژمارەیە لە وەرزی پاییزی ٢٠٢٤دا چاپ و بڵاو بووەتەوە، لە چاپێکی ڕەنگاوڕەنگ و کەشخەدا، لە دووتوێی ١٢٠ لاپەڕەدا، بە کۆمەڵێک بابەتی هەمەمەلایەنەوە چاپ کراوە. ژمارەیەکی پاییزانە، کە هەر لەسەر بەرگەوە خۆی پێشان دەدات و پێت دەڵێت وەرە لاپەڕەکان هەڵبدەینەوە و لەگەڵ یەکێک لە شاعیرانی داهێنەری کورد، بێدەنگانە بپەیڤین. بەشدابووانی ئەم ژمارەیە پێکهاتوون لە هەریەک لە نووسەران و هونەرمەندان: شێرکۆ بێکەس، ڕەووف بێگەرد، ئازاد عەبدولواحید، مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، ئازاد بەرزنجی، کەژاڵ ئەحمەد، ڕەزا عەلیپوور، تەیب جەبار، هیوا عەلی ڕەشید، هەرێم عوسمان، هیوا قادر، سامان ڕەش، حسێن لەتیف، داستان بەرزان، خەسرەو میراودەلی، بەرزان هەستیار، لەتیف هەڵمەت و بەختیار حەمەسوور. هەر لەو ژمارەیەدا ژیاننامەیەکی پوخت و چڕی محەمەد عومەر عوسمان لە دەستپێکدا خراوەتە ڕوو، کە ڕەنگە خوێندنەوەی پێکەوە، باشتر ئایدیای ئەم نووسینە دەر بخات.
ژیاننامەی محەمەد عومەر عوسمان
ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی دەرگەزێن، لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە سلێمانی تەواو کردووە. لە منداڵییەوە خولیای کۆکردنەوە و خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارە ئەدەبییەکان بووە. سەرەتا بە وێنەکێشان و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان دەستی پێ کردووە، دواتر چیرۆکی نووسیوە، لەپاش ساڵی ١٩٧٥ دەستی بە نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعر کردووە. لە ساڵانی هەشتادا، لە ڕۆژنامەی “هاوکاری” وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس کاری کردووە. ماوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی “ادارة محلی” فەرمانبەر بووە. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەلگرتووەکان کاری سەرژمێریکردن و سەرپەرشتی گەڕانەوەی گوندنشینەکانی کردووە. هەر لەو ساڵەدا لە کۆنگرەی ڕاپەڕین ـ شەقلاوە بووەتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد. بەشداریی دامەزراندنی چەندین ناوەندی ئەدەبیی و هونەریی کردووە. ساڵی ١٩٩٣ وەک ڕۆژنامەنووس لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە گرێبەست دامەزراوە. ساڵی ١٩٩٥ لە ڕێکخراوی “فاو” وەک سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سەوزکردنی شاری سلێمانی و نەمامچاندن کاری کردووە. ساڵی ١٩٨٥ تاقانە دیوانەکەی “لە غوربەتا” چاپ کردووە، ئەم دیوانە تاکو ئێستا پێنج جار چاپ کراوەتەوە و بە سەدان نوسخەی بە شێوەی نایاسایی (لەبەرگرتنەوە ـ ئیستنساخ) لێ فرۆشراوە، ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن “عوسمان محەمەد” خراوەتە سەر ڕێنووسی لاتینی ـ کورمانجی و لە تورکیا چاپکراوە. تا ئێستا دوو نامەی ماستەر لەسەر شیعرەکانی وەرگیراوە و لە چوار نامەی دکتۆراشدا شیعرەکانی وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکار هاتوون. بەشێک لە شیعرەکانی بۆ: عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئیسپانی، هۆڵندی، سویدی و فەڕەنسی وەرگێڕاون. “ژەنەڕاڵی پاییز”ی وەک نازناو بۆخۆی هەڵبژاردووە. هەندێک لە شیعرەکانی ئاوازیان بۆ دانراوە و لە لایەن هونەرمەندان: عەدنان کەریم، کەمال محمەمەد، ئاڵا عومەر، شێرکۆ تالیب، سۆزان نامۆ و… کراون بە گۆرانی. ساڵی ٢٠١١ دەچێتە وڵاتی سوید و نزیکەی دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. لەگەڵ گەڕانەوەیدا، لە پاییزدا، لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، لە کۆبوونەوەیەکی ئەدەبی و بە ئامادەبوونی خۆی، پەردە لەسەر پەیکەری ژەنەڕاڵی پاییز لا دەبرێت کە لەلایەن هونەرمەندی پەیکەرتاش “بەختیار هەڵەبجەیی”ەوە دروستکراوە. لە ئێوارەی ٢٢/١٠/٢٠١٩ لە ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
***
بۆچوونی نووسەرانی ئەم ژمارە تێکڕا لەپێناو دەرخستنی دنیا پاییزییەکەی محەمەد عومەر عوسمان و کەسێتیی ئەو شاعیرە باڵا بەرز و داهێنەرەدایە، چ ئەوانەی بە شێوەی لێکۆڵینەوە دەربارەی شیعرەکانی حەمە عومەریان نووسیوە، چ ئەوانەش کە وەک یادەوەری و یادداشتی ئەدەبی دەربارەی بەرهەم و ژیانی هاوڕێیانەیان لەگەڵ شاعیردا نووسیویانە، بە هەموویان وێنایەک دەدەن بە دەستەوە کە دنیای محەمەد عومەر عوسمان پێشان دەدات و دەناسێنێت. لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند دانە لەو نووسینانە، وەک پاراگراف، بخەینە بەرچاوی خوێنەرانی ئەم بابەتە.
سەرەتا شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس بەم جۆرە لە محەمەد عومەر عوسمان دەدوێت:
یەکێک لەو دیوانە دەمبەگوڵ و چاوغەمگین و باڵابەرزانەی لە ساڵانی هەشتاکاندا سەرنجیان بە دڵەوە کەمەندکێش کردم، “لە غوربەتا”ی محەمەد عومەر عوسمان بوو. جوانیی ئەو دیوانە تایبەت بوو، وەک جوانیی ئەستێرەیەکی گەش لەناو چەندین ئەستێرەی تردا، جوانییەکی سیحراوی. ڕۆمانسییەتێکی نوێ وەک ئەوەی هەوێنی (مەولەوی و گۆران و هەردی)ت ئاوێتەی یەک کردبێ و شتێکی تازە و جیاوازت دۆزیێتەوە. یان وەک ئەوەی لەناو سروشت خۆیدا هەندێ جار لەپڕ دەکەوی بەسەر دیمەنێکدا کە ئیتر ڕاتدەگرێ و ناتوانیت بەجێی بێڵیت تا تێربینینت نەکات. وزەیەکی لەبەرچاوی وێنەگەرایی، پاکژییەکی منداڵانە، تابلۆدروستکردن بە قەڵەمی شریخە، یان بە خەزانی پاییز، یان بەو ڕەنگانەی کە نەبینراون. دوورکەوتنەوە لە گرمەگرمی زمان، نزیکبوونەوە لە دەنگە نهێنی و چرپەکانی نێو سروشت خۆی.
لەم دیوانەدا شاعیر وەک خەونەکان لەسەر گەڵای وەریو بنووسێتەوە، یان شیعر بکات بە باڕێزەیەک، یان وشە بکات بە پەپوولە، ڕستە بکات بە ئاوی ژێر زەوی، بەو جۆرە لەگەڵ خەیاڵ و زماندا بە هێمنی و بە کاوەخۆ ڕێ دەکات. ئەوەتا دوای چەندین ساڵ هێشتا دیوانی (لە غوربەتا)ی ئەم شاعیرە پاییزییە وەک پاییزی باخچەکانی شار، یان زەردەی خۆرنشینی ئەو کەژانە، یان کۆچی بەرەوژوور و بەرەوخواری باڵندەکان، یاخود وەک وشەی جوان خۆی، کۆن نابێت و لەبەرچاومان ناکەوێت.
***
مەریوان وریا قانع لە لێکۆڵینەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا بەم شێوە نووسیویەتی:
من هەمیشە ئەو یەکەمین و دواهەین سەردانەم لە ماڵەکەی، لە سلێمانی زۆر بە ڕوونی لە یادە. وابزانم کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ یان سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ بوو، ئەودەم ئەو لەگەڵ دایکیدا لە خانوویەکی بچووکدا دەژیان. ژوورێکی بچووکی هەبوو کە قەرەوێڵەیەکی گەورەی نوستنی تێدابوو، دۆشەکێک و چەند بەتانیەک و سەرینێکی لەسەربوو، کتێبخانەیەکی بچووکیش لەپاڵ یەکێک لە دیوارەکان و ئاگردانێکیش لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا بوون. من و بەختیار عەلی بەیەکەوە چووبووین بۆلای.
هەر کە چووینە ژوورەوە و دانیشتین، دوای چۆنی و چاکییەکی کورت، باسوخواس ڕاستەوخۆ هاتە سەر باسکردنی شیعر بە گشتیی و شیعری کوردیی بەتایبەتی. محەمەد عومەر حەزێکی گەورەی لە شیعری یەسەنین بوو، ئەو شاعیرە ڕووسەی لە تەمەنی سی ساڵی و لە سەرەتای حوکمی ستالین و دوای ڕاوەدوو و ئەزیەت و چاودێریکردنی بەردەوامی لەلایەن ڕژێمەکەوە، لە ژووری یەکێک لە ئوتێلەکانی سان بترس بۆرغ و لە تەمەنی سی ساڵیدا، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە، خۆی دەکوژێت.
ئەو ڕۆژە زۆر ناڕازییانە لە شیعری کوردیی ساڵانی شەست و حەفتاکان دوا. لەناو کتێبخانە بچووکەکەیدا سێ چوار دیوانەشیعری تازەچاپکراوی دەرهێنا و کەوتە خوێندنەوەی هەندێک لە شیعرەکانی ناویان. ئەمیانی دادەنا و ئەویتریانی هەڵدەگرت. دوای خوێندنەوەی چەند شیعرێک لە هەریەکێک لە دیوانەکان، جگەرەیەکی داگیرساند. هەر بە شقارتە داگیرساوەکەی جگەرەکەی، دەستی کرد بە سووتاندی دیوانە شیعرییەکان. بەبەر چاوی ئێمەوە و بە دۆخێک تێکەڵ لە پێکەنین و خەمباریی، هەر چوار دیوانە شیعریەکەی سووتاند. دوایی لە ئێمەی پرسی: چاکم نەکرد؟
***
ڕەزا عەلیپوور لە پارچەیەکی نووسینە ورد و کنجکۆڵییەکەیدا بەم شێوە دەربارەی حەمە عومەر عوسمان و دنیا پاییزییەکەی نووسیویەتی:
کتێبی “لە غوربەتا” لە کەم قەرەباڵغترین و کەم جەماوەرترین شیعرەکانە، بوونەوەرەکانی ئەم جیهانە شیعرییە، جگە لە قەلەڕەش و سەگی وێڵ و چەند پەڵەهەوری چڵکن و خۆری نەخۆش، یان یارێکی ڕۆیشتوو، زیندەوەری دیکەی تێدا نییە، مەگەر هێماگەلی پرابلێماتیکی وەک ڤان گۆک و یەسەنین.
شاعیری “لە غوربەتا” بە زمانێکی سادە و سارد و هاوکات سەمیمی دەدوێت، زمان ئاڵۆزییەکی ئەوتۆی نییە، شەفاف و زوڵاڵە، بەڵام بە پێکهاتە تازە زمانییەکان، بە پێدانی دەلالەتی جیاواز بە وشە، بە ڕیتم و مۆسیقای ناوەکی و… تا ڕادەیەکی قەبووڵکراو زمان لە حاڵەت و کارکردی ئاسایی دوور دەکەوێتەوە، کێش و سەروایش بۆ ئەمە یارمەتیدەرن، سەروا بە نەرمی و لە جێی خۆیدا، بەڵام هاوکات ڕیتمیک و تاڕادەیەک نامۆیانە دەق گردوکۆ دەکاتەوە، لە زۆربەی شیعرەکانی “لەغوربەتا”دا لە ڕێگەی شیعرەوە و بە شیعر هەست و ئەندێشە و سۆز دەرنابڕدرێت، بەڵكو شیعرێک دەنووسرێت کە ئەوانەیشی لەگەڵدایە، ئەویش نەک بە ترساندن و تۆقاندنی خوێنەر لە ڕێگەی زمانی ئاڵۆز و دژوارەوە، یان بە فۆرمی گران و سەختەوە، یان بە پێدانی جوانیی باو و دڵرفێن و… بەڵكو بە ئیماژگەلی سارد و تار، زمانی سادە و ماناگەلی تاڵ و گەیاندنی خوێنەر بە ڕەهەندێکی لەوانەیە نەخوازراو و نامۆ و غوربەتی.
شاعیر لە زۆربەی دەقەکانیدا ئازارە تاکییەکانی خۆی دەنووسێتەوە، یان باشترە بڵێین شیعرێک دەڵێ کە دێڕ بە دێڕی بە ڕەنج هۆنراوەتەوە، نەک وەک كڕووزانەوە، یان دەنگهەڵبڕین، بەڵکو وەک ورتەیەک، هەندێ شوێنیش ویرد و نزایەکی ژێرلێو، بۆیە دەتوانین بڵێین دەنگی شیعری “لە غوربەتا” جۆرێک مۆنۆلۆگە، قسەکردنی شاعیرە لەگەڵ خۆیدا هەر ئەم تۆناژ و ڕاوێژە، کاریگەریی تەنهایی و کەشوهەوای خەمناکیی شیعر زیاتر دەکاتەوە. قاڵبی شیعرە یەکەمەکان دووبەیتی (دوو دێڕ) یان “چوارنیودێڕ”ە هەر کامیان یەکەیەکی مانایین. مێعماری، یان سترەکتۆری دەقەکان وەک کۆمەڵە خانوویەکن لە پاڵ یەکدا دادەنرێن، هەموویان بە چەند مۆتیڤ یەک تێم دەڵێنەوە، لە کۆبەنددا وەک کۆمەڵە نۆتێک مێلۆدییەکی دارک ساز دەکەن، لە زۆربەیاندا کێش بڕگەیی و سادەیە، لە هەندێ دەقدا وەک “پاییزی دەریا” و “دووەم نووح” و “ژەنەڕاڵی پاییز” و… بە کورت و درێژکردنەوەی دێڕەکان کێشەکان ئاڵۆزتر دەبنەوە.
***
هەر لەم ژمارەیەدا هەوڵ دراوە هەندێک لایەنی تری محەمەد عومەر عوسمان پێشان بدرێت کە دەکەونە دەرەوەی دنیای شیعری ئەو، بۆ نموونە لەم ژمارەیەدا گفتوگۆیەکی چڕ و هەمەلایەن دەخوێننەوە کە تێیدا محەمەد عومەر عوسمان دەربارەی زۆر بابەت سەرنجی خۆی دەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەم ژمارەیەدا نموونەی وەرگێڕانی ئەم شاعیرە داهێنەرە دەخوێنینەوە، کە شیعرە بەناوبانگەکەی ئیدگار ئالان پۆی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بە ناوی “ئانا بیللی”. هاوکات نموونەی پەخشانی ئەم شاعیرە بڵاوبووتەوە کە بۆ چلەی شانۆکار عوسمان چێواری نووسیوە، لەگەڵ تاقە چیرۆکێکدا کە لە ژیانی ئەدەبی خۆیدا ئەو تاقە چیرۆکەی بڵاو کردووەتەوە، لە چەندان جێدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە سەرەتای نووسینی، بە چیرۆک دەست پێ کردووە. لە بەشی کۆتاییشدا ئەلبوومێک وێنەی ناوازەی ئەم شاعیرە دەبینین، کە لە ئەرشیفی کۆمەڵێک هاوڕێیەوە وەرگیراون، وێنەکان سەر بە سات و سەردەم و شوێنی جیا جیان، لە هەموویاندا شاعیرێکی بەژنزراف دەبینینەوە، کە قووڵ و خەمگین تەماشامان دەکات.
***
ڕۆڤار بڵاوکراوەیەکی سەنگین و گرنگە، بە هیواین بەردەوام بێت، چون ئەم کارە ڕێز لە داهێنەرانەی کورد دەنێت، کارێکی تایبەت و ناوازەیە، بوونی ئەم بڵاوکراوەیە زەروورەتێکی گرنگە بۆ مێژووی زمان و ئەدەبی کوردی.