دەربارەی کتێبی هەموو ژیان چارەسەرکردنی کێشەیە
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (هەموو ژیان چارەسەرکردنی کێشەیە) بابەتی ئەم کتێبە فەلسەفییە و (کارل پۆپەر) نووسیویەتی، لە لایەن (بادینان محەمەد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە: پرسەکانی زانستی سروشتی، لۆژیک و پەرەسەندنی تیۆری زانستی، سەرنجەکانی ڕاستەقینەگەرێک دەربارەی کێشەی جەستە- هزر، پوختکردنەوەی زانستی و ناتەواویەتی کرۆکی هەموو زانست، لە بارەی تیۆری دیموکراسییەوە، هەڵگیرساندنی جەنگەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی، مەساریک و کۆمەڵگەی کراوە، ئازادی و بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران، دەربارەی مێژوونووسین و مانای مێژوو… و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە، ناوەڕکی ئەم کتێبە گەورە و گرنگەی کارل پۆپەر پێک دەهێنن.
هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا (بادینان محەمەد)ی وەرگێڕ ئاماژەی پێ داوە، بۆ کەسێک کە بە ئایدیاکانی (کارل پۆپەر) ئاشنا نییە، زیاتر وا دەردەکەوێت ئەم کتێبە هەوڵێک بێت لە بواری دەروونزانی و ئامانج لێی بریتی بێت لە دنەدانی ڕوانگەی گەشبینانە: ئەگەرچی دەشێت لەم گۆشەنیگایەوە لەم کتێبە بڕوانرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کتێبە لە کۆمەڵە سیمینار و ناونیشانێک پێک دێت، کە لە شوێنی جیاواز و لە کاتی جیاوازدا نووسراون و پێشکەش کراون، دەتوانین بڵێین ناوەڕۆکەکەشی فرەڕەهەندە.
بێگومان هەر لەو پێشەکییەدا، وەرگێڕی کتێبەکە، بادینان محەمەد، بە وردی ژیان و کار و بەرهەم و دیدگا فەلسەفییەکانی ئەو فەیلەسووفە نەمساییەی بە خوێنەر ناساندووە و سەبارەت بە ڕەهەندی ژیان و بەرهەمە دانسقەکانی، زانیاری زۆر وردی خستۆتە ڕوو، کە وا دەکات خوێنەر لە پەنا کتێبەکە و دیدگا فەلسەفییەکاندا، کارل پۆپەر، زیاتر بناسێت و ئاشنا بێت پێی.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ناوەڕۆکی کتێبەکە چەند ڕەهەندێک لەخۆ دەگرێت، لە یەکەمیاندا، کە لە بەشی یەکەمدا ڕەنگ دەداتەوە، پۆپەر دەیەوێت پێمان بڵێ مەعریفەی زانستی مسۆگەر نییە و زانست دڵنیایی نادات، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ بەردەوامێتی زانست، بەوەی هەمیشە لە نوێبوونەوەدایە و بەردەوام تیۆرییە زانستییەکان پووچەل دەکرێنەوە: واتە پوچەڵبوونەوە مەرجی زانستییەتی تیۆرەکان، هەر بۆیە پۆپەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەر کەسێک تیۆرێک دادەهێنێت دەبێت ئەوە بخاتە ڕوو کە لە کوێدا تیۆرەکەی پووچەڵ دەبێتەوە.
ڕەهەندێکی تری کتێبەکە بریتییە لە ڕوانینێکی بابەتییانە بۆ مێژوو، پێچەوانەی مێژووگەراکان، پۆپەر مێژوو وەک ڕووبارێک نابینێت کە سەرچاوەکەی زانراو بێت و داهاتووەکەشی پێشبینیکراو، واتە بە پێچەوانەی ئایدۆلۆژیستەکان کە مێژوو لە یەک ڕوانگەی دیاریکراوەوە دەبین: ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت مێژوو بریتییە لە تابلۆیەکی کێشراو کە سیاسەت ڕەنگێکی زاڵی ناو تابلۆکەیە، کەواتە مێژوو بریتییە لەو ڕابردووەی کە زانراوە و تۆمار کراوە، بەڵام هەموو ڕابردوو نییە، ئەم تابلۆ ناڕێکوپێکەش مەعریفەی تەواومان سەبارەت بە ڕابردوو پێ نابەخشێت، بەمەش ناتوانین پێناسەیەکی ڕوون و ئاشکرا بۆ مێژوو بکەین.
هەر وەک (دکتۆر نەجمەدین کەریم) ئاماژەی پێ داوە، ساڵی ١٩٠٢ لە شاری ڤییەننا، کارل پۆپەر لە دایک دەبێت، پۆپەر فەیلەسووفێکی ناوداری نەمساوی – ئینگلیزییە و دامەزرێنەری ڕێبازێکی دیاری ناو فەلسەفەی هاوچەرخە، کە بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانە دەناسرێت .
کارل پۆپەر، لەدایکبوو و پەروەردەکراوی خێزانێکی ئەکادیمی هەڵگری دیدە لیبراڵییەکانە، پاش جەنگی دووەمی جیهانی، ناوبراو چالاکانە بەشداری لە بزاڤی سۆسیال دیموکراتدا دەکات، لێ دوای ماوەیەکی کەم بێ هیوا دەبێت و دژ بە هزر و هەڵوێستی مارکسیزم دەوەستێتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢٤ دا ماتماتیک و فیزیا لە زانکۆی ڤییەننا دەخوێنێت، لە هەمان کاتیشدا، خەریکی فەلسەفە دەبێت و لە نزیکیشەوە لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ لایەنگرانی کۆڕی ڤییەننا. ساڵی ١٩٢٨ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت و وەک مامۆستای ماتماتیک و فیزیا دەستبەکار دەبێت، ساڵی ١٩٣٤ شاکارێک بە ناوی (لۆژیکی لێکۆڵینەوە زانستییەکان) بڵاو دەکاتەوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٤٥ دا وەک مامۆستای زانکۆ لە نیوزلەندا کار دەکات، لە ساڵی ١٩٤٦، هەتا خانەنشینبوونی وەک پرۆفیسۆر لە قوتابخانەی لەندەنیدا وانەی فەلسەفە، لۆژیک، مێتۆدۆلۆژی دەڵێتەوە، شاکارەکەی خۆیشی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە. پۆپەر لەوێ بەدواوە، دەبێتە دامەزرێنەری ڕێبازە فەلسەفییەکەی خۆی ڕاسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانە. ناوە ناوەش لە ئەوڕووپا و ئەمریکا وانە دەڵێتەوە،
یەکێک لە هۆکارەکانی ناوداریی پۆپەر، نەک تەنیا بۆ هزرە داهێنانییەکانی ئەو دەگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ چالاکیی بەردەوامی ناوبراو لە دیسکورسە فەلسەفی و زانستییەکانی سەردەمی خۆیدا دەگەڕێتەوە، ڕەخنەی زۆریش لە نیۆ پۆزەتیڤیزم، فرۆیدیزم، مارکسیزم، فەلسەفەی مێژوو و فەلسەفەی زانست دەگرێت .
فەلسەفە بە لای کارل پۆپەرەوە، نابێت یەک لایەنی بێت، چونکە لە جەوهەردا فرەییە، هەروەها نابێت ڕۆڵ و گرنگیی فەلسەفە لە جیهانی هاوچەرخدا بە کەم وەربگیرێت، چونکە فەلسەفە دیدی گشتیی ئێمەیە بۆ گەردوون، بۆ ناسینی خۆمان، لێ پێویستە هاوشانی زانست بچێتە پێشەوە، چونکە فەلسەفە بە تەنیا نابێتە پسپۆڕی هەموو شتێک، بۆیە فەلسەفە پۆزەتیڤ دەبێت، کاتێک لەگەڵ زانستدا بێت. لە دەرەنجامی وەها دیدێکی پۆپەردا، فەلسەفە بەر لە هەموو شتێک، دەبێتە ئەپیستیمۆلۆژی و تیۆری واقیعێکی زانستی، یا دەبێتە ستروکتووری لۆژیکی پەرەسەندن و مەعریفەتی زانستی، بۆیە تاقە مێتۆدێک بە تەنیا بۆ فەلسەفە نییە، بەڵکو دیسکورسی ڕاسیۆنال دەتوانێت ببێتە بنەما بۆ تێگەیشتن لە شت و دیاردەکان، ئەوەش بە لای پۆپەرەوە، ڕاسیۆنالیزمێکی ڕەخنەگرانەیە. ڕاسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانەش بە لای پۆپەر ەوە، دیاریکردنی سنووری نێوان زانست و مێتافیزیکایە، پێوەری وەها کارێکیش دەبێت سەلماندنی هەڵەکان و ڕاستییەکان بێت، دەبێت ئەزموونگەریش لە پسیکۆلۆگیزم دوور بخرێتەوە، مێتۆدی سەلماندنیش لە فەلسەفەی زانستدا ئامراز و کلیلە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان، نەک ئامانج ، بۆیە ئەلتەرناتیڤ بۆ تیۆری لێکۆڵینەوە، دەبێت یەکگرتنی لۆژیک و ئەزموون بێت. تیۆرێکیش بۆ ئێمە کاتێک ڕاست دەبێت و دەبێت بە زانست، کە لە دیدی ڕەخنەگرانەوە هەڵبسەنگێندرێت، ئامانجیش لەوەها هەڵسەنگاندندێکدا، بێشک دۆزینەوەی ڕاستی و نا ڕاستییە، لەو ناوەندەشدا دۆزینەوە و بەرەوپێشەوەبردنی ڕاستییەکانە. هزری فەلسەفی فەیلەسوف لە بواری ئیپستیمۆلۆژییەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر لەوێشەوە ، پۆپەر دەیەوێت جیهانی سێیەم دروست بکات، وەها جیهانێکیش لە ڕاستیدا نزیکە لە جیهانەکەی ئەفلاتون و ڕۆحی موتڵەقی هێگل، لە بواری دیالەکتیکیشدا هەر لەوانەوە نزیکە، هەرچەندە فەیلەسووف باس لە دیسکورسی ڕەخنەگرانە، هونەر، ئەدەب و کتێبەکان دەکات، لێ ئەو شتانە بە بەرهەمی ڕۆحی مرۆیی دەزانێت، لێ لەسەر بنەمایەکی بابەتییەوە، بۆیە ناوبراو باس لە جیهانی یەکەم و دووەمیشدا دەکات، لێ هەر هەموویان لە پێوەندی دان، لە ڕێگای جیهانی سێیەمیشەوە، پەرەسەندنی مۆراڵی و مەعریفەتی بابەتی پەرە دەسێنێت .
فەلسەفەی کۆمەڵایەتی پۆپەر ، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای ئەنتی مارکسیزم دەردەکەوێت، ئەوەش هێشتا هەر لە قۆناغی گەنجایەتییەوە فۆرموولە دەبێت، چونکە لەو کاتەوە لە سۆسیالیزم و کۆمۆنیستی هەڵدەگەڕێتەوە. لە کتێبی (کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی) دا، پۆپەر دەڵێت :مارکسیزم لەگەڵ دیموکراسیدا ناگونجێت. چونکە خراوەتە بەر دیدی ڕەخنەگرانەوە، بە هەمان شێوەش دیدی دیالەکتیکی مەتریالیزمی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت : مارکسیزم هەر وەک فاشیزم، تۆتالیتاری بەرهەم دەهێنێت. تۆتالیتاریش کۆمەڵگای داخراو دروست دەکات و ئازادییەکان دەخنکێنێت. پۆپەر لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ، دیموکراسی فرەیی سیاسی و جۆرە سیستەمێکی دیموکراسی جڤاکی و ڕاسیۆنالیزمێکی ڕەخنەگرانەدایە، کێشەکانیش پێویستە بە ڕێگا و مێتۆدی چاکسازی چارەسەر بکرێن، نەک ڕاپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵایەتی .
هزرە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکانی پۆپەر، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر فەلسەفەی زانستی هاوچەرخ و هزری سۆسیال دیموکراتە هاوچەرخەکاندا نواند، هەتا ئەمڕۆکەش جێگای بایەخن، چونکە وەها میانڕەوییەکی فەلسەفی و سیاسی بایەخی خۆی هەیە، بە تایبەتی لە ململانێی نێوان هزری تۆتالیتاری و دیموکراسی فرەییدا.