مارکیز وەک ڕۆژنامەنووسێک، لێدوان لە کتێبی “بەبێ کۆتوبەند”

Loading

خوێندنەوەی: سەردەم

مایەی خوشحاڵییە ئەمڕۆ بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمەکانی گابریێل گارسیا مارکیز بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاون و لەبەر دەستی خوێنەرانی کورددان، ناتوانین بێڵین کۆی ئەو بەرهەمانە بە کوردییەکی باش و وەرگێڕانی دروست وەرگێڕدراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی باش لە کتێبەکانی مارکیز بەوپەڕی ئەمانەتەوە کاری بەکوردیکردنیان بۆ کراوە. شیاوی ئاماژە بۆ کردنە کە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانە دەقە ئەدەبییەکانی مارکیزن، واتە ڕۆمان و چیرۆکەکانی، لەگەڵ ئەوەيشدا هەندێ کتێبی تر لە وتار و گفتوگۆ و کتێب دەربارەی ئەو نووسەرە مەزنە، بە زمانی کوردی لەبەر دەستن، تەنانەت دوایین کتێبی مارکیز، کە پار بڵاو بووەوە و خۆی نەیبینی، ڕۆمانێک بوو، بە ناوی “گەلاوێژ وادەی دیدارمانە”، هەر زوو لەلایەن “فەرهاد چۆمانی”یەوە کرا بە کوردی و لە ڕووبەرێکی بەریندا خوێنرایەوە و پێشوازی لێ کرا. لێرەدا باس لە کتێبێکی نوێی مارکیز دەکەین کە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ٣١٠ لاپەڕەدا چاپ کراوە و وەرگێڕ: ” د. ئەحمەد فاتیح محەمەد” لە زمانی عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی.

خوێنەرانی مارکیز کاتێک ئەم کتێبە دەگرن بە دەستەوە، دیوێکی تری مارکیز دەبینن، دیوە ڕۆژنامەنووسییەکەی. لەم کتێبەدا کۆمەڵێک وتار دەخوێنینەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی نێوان (١٩٧٤ ـ ١٩٩٥)، تێکڕای ئەم وتارانە تەرخانن بۆ دۆخی سیاسی دنیا و بە تایبەت ئەو گٶڕانکارییە ڕیشەییانەی لەو ماوە زەمەنییەدا ڕوویان داوە، مارکیز لە هەریەک لەم وتارانەدا، بە نیگایەکی کنجکۆڵ و وردەوە، چ بە نووسین یان بە چاوپێکەوتن، خوێنەران بە باردوخی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی ئاشنا دەکات، بە شێوەیەکی وردتریش نیگای مارکیز لەسەر ئەمریکا بە گشتی و ئەمریکاری لاتینە بە تایبەت. ناوی بەشێک لە وتارەکانی دووتوێی ئەم کتێبە: “چیللی، کودەتای سەربازی و ئەمریکییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ فلیپ ئاگیدا، ئەو جەنگەی میگێڵ ئینریکیسی تێدا کوژرا، پرتوگاڵ، خاکی ئەورووپای ئازاد، تەنانەت فیلمە ڕووتەکانیش نرخی خۆیان هەیە، کوبا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، بەڵێ، بەرخۆدانی چیللی بوونی هەیە، بەڵێ، ژەنراڵ تۆریخۆس کەسێکی هەیە بۆی بنووسێت، مانگەکانی تەمومژ، چی لر کۆنگۆ دەگوزەرێ، شۆڕش بە پیتە گەورەکان دەنووسێتەوە، نێوەندگیریی قەشەکان، لە ناوچەی ڤێتنامەوە، لە بیرەوەرییەکانمەوە: سەردانکردنی پاپا، لە کۆڵۆمبیا چی دەگوزەرێت؟ چەند سەرنجێک لەسەر گفتوگۆیەکی نوێی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە”.

وەک لە بەشێک لەو ناونیشانانەدا دیارە، ئەم وتارانەی مارکیز دەرگیریەتی گەرمەباس و ئەو دۆخە پشێویی و ئاڵۆزاوانەن کە لەو ساڵانەدا ڕوویان داوە، پرسی دەسەڵات و دیکتاتۆرییەت، کە دەکرێت وەک چەق و کۆکەرەوەی کۆی وتارەکان بیبینینەوە، بەردەوام بۆ مارکیز جێی تێڕامان و مشتومڕ بووە، بۆ خوێنەرانی ئەدەبیاتەکەی ئەو، بە تایبەت لە شاکارە گرنگ و جیهانییەکانی “سەد ساڵ تەنیایی و پاییزی پاتریاک”دا، دەبینین چۆن وەک سەنتەری گێڕانەوەی ڕووداوەکان، مارکیز ئاوقای دەسەڵات و دیکتاتۆرییەت دەبێتەوە و بە شێوازێکی باڵا لە هونەر و تەکنیکدا، پێشکەشی دەکات. دیارە وەها باسێک ئەگەر نووسەرەکەی کنە و پشکنینێکی هەمەلایەنی بۆ نەکردبێت، ئاگاداری ڕەوشی دەسەڵات لە وڵاتدا نەبێت، بە وردی دەورەی مێژووی نەکردبێتەوە، بێگومان ناتوانێت دەقێکی نەمر پێشکەش بکات، ئەوەی مارکیز بە ئەدەبیات دەربارەی دیکتاتۆرییەت و سوپا و دەسەڵات لە ئەمریکای لاتین کردوویەتی، ڕەنگە هیچ کتێبێک نەیتوانیبێت هێندەی بەرهەمەکانی ئەو، ئەو بابەتانە لە یادگەدا بهێڵێتەوە، بێگومان مارکیز لەوەدا تەنیا نییە و ڕیزێک نووسەری داهێنەری تری لەگەڵدان، لەوانە: ئەستۆریاس، کارلۆس فۆینتس، ماریۆ فارگاس یۆسا، ئەفارۆ سپیدا و…

زمانی ئەم وتارانە زمانی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنن، بە واتایەکی تر، مارکیز لەم کتێبەدا “بەبێ کۆتوبەند” کەمتر پەرژاوەتە سەر ئەو زمانە چڕ و شیعرییە باڵا ئەدەبییەی ئێمە و تەواوی خوێنەرانی پێمان ناسیوەتەوە، لێرەدا مارکیز ڕوون و بێ گرێیە، بە سانایی ئایدیاکانی دەگەیەنێت و هیچ خۆی بە بەلاغەت و ڕازاندنەوەی ڕستەوە سەرقاڵ ناکات، ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە، کە خەسڵەتی ئەم جۆرە لە زمانی مارکیز لەم کتێبەیدا، لە لایەن وەرگێڕی ئازیزمان د. ئەحمەد فاتیح محەمەدەوە سەرکەوتووانە گوازراوەتەوە و شوێنی شیاوی بۆ بینراوەتەوە لە زمانی کوردیدا. وەرگێڕ جیا لەوەی کە توانیویەتی دەقێکی وەرگێڕاوی شایستە بە خوێندنەوە پێشکەش بە خوێنەرانی مارکیز و کتێبخانەی کوردی بکات، هاوکات هەر لە ڕێی ئەم هەوڵەیەوە ئێمە ئاشنای مارکیزێکی تەواو جیاواز دەکات، مارکیزێک کە ئێمە جۆرێکی تر ناسیومانە. بەڵام هەر لێرەدا جێی خۆیەتی ئەوە بڵێین، کە خوێنەرانی وردبینی ئەم نووسەرە دەتوانن لە نێوان دەربڕین و هەڵکۆڵینەکانی مارکیزدا بۆ بەدواداچوونی پرس و باسە سیاسییەکان و لێدوان و بنکوڵکاری، ئیمزاکەی بدۆزنەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مارکیز نیگای چیرۆکانەیەتی بۆ پرسەکان، ئێمە دەتوانین تەنانەت لە گفتوگۆ و ڕاپۆرتەکانیشیدا ئەم نیگایە بدۆزینەوە، ئەم نیگایە تا قووڵایی بابەتەکان ڕۆ دەچێت، نیگایەکە وا دەکات ئاسۆیەکی بەرینتر بەسەر ئەو باسەدا بکرێتەوە کە نووسەر دەیەوێ دەربارەی بدوێ، مارکیز لەم نیگایەدا، لەم وتارانەدا، بەردەوام بۆی دەگەڕێتەوە و خوێنەر هەست بە هێڵێکی درامی و چیرۆکی دەکات، کە نووسەرەکەی بە وریاییەوە، لە نێوان هەڵکشان و داکشانی ڕووداوەکاندا، هانای بۆ دەبات.

مارکیز وەک ڕۆژنامەنووس نایاب و سەرکەوتوو بووە، توانیویەتی سوودێکی بەرفراوان لە کاری ڕاگەیاندن ببینێت و ئەدەبیاتەکەی پێ دەوڵەمەند بکات، لەمەشدا مارکیز تەنیا نموونە نییە، بەڵکو هەمنگوەی و ئالێندێ و یۆسا و زۆری تر لە نووسەران بەم ئەزموونەدا تێپەڕیون و توانیویانە لە کایەی نووسیندا بە جۆری تر بۆی بگەڕێنەوە و تەوزیفی بکەن.

پرسیارێک دەمێنێتەوە، ئایا ئەم وتارانە کە بۆ ساڵانێک و ڕووداوانێکی دیاریکراو نووسراون، خوێندنەوەیان لە ئێستا چ بایەخێکی هەیە؟ بێگومان دۆخی ناهەمواری وڵاتان، بە تایبەت لە ئێستادا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لەم دواییانەدا شایەتی کەوتنی کۆمەڵێک دیکتاتۆر بووین، خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەتوانێت کۆمەکی باشمان بکات دەربارەی مێژووی دیکتاتۆرییەت و دەسەڵاتی خۆسەپێن. ئێمە لەم کۆمەڵگەیانەدا ئەزموونێکی تاڵ و ناخۆشمان لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکاندا هەبووە و هەیە، پرسی سیاسەت و حوکمڕانی، بەردەوام بۆ ئێمە مەسەلەی چارەنووسساز بووە و پێیەوە خەونەکانمان لەبارچوون، ڕوانینی مارکیز لە دەسەڵات و پرسی دیکتاتۆرییەت دەتوانێت گۆشەڕوانینێکمان تێدا وەگەڕ بخات کە وردتر بە مێژووی ناوچەکە و دەسەڵاتداریەتیدا بچینەوە. ئەم کتێبە بەشدارییەکی گرنگە لە دنیای سیاسەتدا، لە زانینی ڕوانینی دەسەڵاتداران بۆ حوکمڕانی و خەڵک، هەڵبژاردنی ئەم کتێبە بۆ وەرگێڕان، کارێکی زۆر پێویست و زەروورییە، ئەوە نییە کە باسەکان کۆن و بەسەرچووبوو بن، هەرگیز، تا ئەو ڕۆژەی بیدادی و دەسەڵاتی قۆرخکار حوکم بکەن، پرسی ئەم کتێبە و هاوشێوەکانی، نوێن.

ناردن: