چما تۆیش نووسەریت!؟

,

Loading

خستنەڕووی کتێبی “ئەدەبی ڕووسی”

 

بەختیار حەمەسوور

 

سەباح ئیسماعیل یەک لەو وەرگێڕانەیە کە کارەکانی بەرچاو و دیارن، لە ڕەوتی پڕۆژەی وەرگێڕانیدا، هەڵبەت لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی، چەندان کتێبی وەرگێڕاون کە لەناو ڕەفەی کتێبخانەی کوردیدا جێی شیاو و شایستەی خۆیان گرتووە. لەگەڵ ئەوەدا ئەم وەرگێڕە بە سەلیقە و پڕکارە لە کارەکانیدا زۆرترین ژانرێک کە ئاوڕی لێ داوەتەوە ڕۆمان بووە، بەڵام بە تەنیشت ئەو ژانرەوە، چەند کتێبی تری وەرگێڕاون، کە پێمان وایە لە گرنگترینەکانی وەرگێڕانەکانی ئەون. نوێترین کاری وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل کتێبێکە بە ناوی “ئەدەبی ڕووسی: بلیمەتەکان و تارماییەکان”ی د. جەودەت هۆشیار، هەر لێرەدا دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە درێژەی زنجیرەیەک کتێبی هەمان نووسەردان کە لە لایەن سەباح ئیسماعیلەوە کراون بە کوردی و ژمارەی کتێبەکانیش تا بە ئێستا گەیشتووەتە چوار کتیب و بۆ یادهێنانەوە، ئەمە ناوەکانیانە: (“تراژیدیای نووسەرانی ڕووس”، “ڕۆمان لە نێوان ئەندێشە و واقعیدا”، “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکوشی بەلشەڤیزمدا” و “ئەدەبی ڕووسی”). ئەم پڕۆژەیە بێ هیچ دوودڵییەک یەک لە پڕۆژە گرنگەکانی نەک هەر وەرگێڕ، بەڵکو کایەی وەرگێڕانە لە ئەدەبیاتی کوردیدا، شیاوی گوتنە کە ئەم پڕۆژەیە بە ئاگاداری نووسەر (د. جەودەت هۆشیار) سەرپێ کەوتووە و پێشەکیی بۆ سێ لە کتێبە وەرگێڕاوەکان نووسیوە.

لێرەدا بەر لەوەی بێینە سەر ناوەڕۆک و تیشکخستنەسەر کتێبی تاین، ئەوا دەتوانین بە هێڵێکی گشتیی ئاماژەیەک بۆ ئەم چوار کتێبە بکەین، چون هەر چواریان بە دەوری بازنە و چەقێکدا دەخولێنەوە، بەڵام بە ناوەرۆک و بابەتی جیا جیا. د. جەودەت هۆشیار لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ خوێندن لە عێراقەوە دەچێتە ڕووسیا، لەوێ فێری زمانی ڕووسی دەبێت و بە چڕی تێکەڵ بە ئەدەبیات و سینەما و هونەری ئەو گەلە دەبێت، ئەوەش ئاشکرایە کە وڵاتە چ میراتێکی گەورە و دەوڵەمەندیان لە ئەدەب و هونەر هەیە، پاش ساڵانێک لە نوقمبوون لەو میراتە و خوێندنەوەی هەمەلایەن و بینینی گرنگترین شوێن و ئاشنابوون بە دیارترین نووسەر و هونەرمەندانی ڕووس و کەڵەکەبوونی زانیاری و پاشخانی مەعریفی هەمەچەشن، د. جەودەت هۆشیار دەست دەکات بە نووسین دەربارەی ئەو ئەدەبیاتە و هەرجارەو کتێبێک و نووسەرێک و دیاردە و ڕووداوی گرنگ و بە بایەخ، بەسەر دەکاتەوە. زنجیرەی وتارەکانی ئەم نووسەرە بەردەوامن و پەیتا پەیتا لە بڵاوکراوە عەرەبییەکاندا ئەو ڕۆمان و چیرۆک و نووسەرانە دەناسێنێت کە بۆ خوێنەرانی عەرەب ناسراو نین. ئیدی ئەم وتارانە ڕەوتی خۆیان وەردەگرن لە کتێباندا کۆ دەبنەوە و ئەم چوار کتێبەی خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردی و لەبەر دەستی خوێنەرانی کورددان بە وەرگێڕانی وەرگێڕێکی شارەزا و بەئەزموون، کاری وەها پڕۆژە و بەرنامەیەکی نووسەرن.

د. جەودەت هۆشیار بە ئاگاییەکی بەرفرەوانەوە تاو لە ئەدەبی ڕووس دەدات، ئەو بە تەنها کتێب و نووسەران ناناسێنێت، بەڵکە هەوڵ دەدات لە مەتنی وتارەکاندا بنکۆڵئاسا بە شوێن چیرۆکی پشت ئەو نووسەر و دەقانەدا بگەڕێت کە وەک دیوار و پاڵپشتێک وەستاون، وتارەکان لەبری ناساندن و خستنەڕوو، شێوەیەکی تەحقیقئاسا (لێکۆڵینەوە)یان هەیە و زیادتر لەوەش کە پان ببنەوە، شوێنپێهەڵگرن، ئەمەش سەرتر لە “ڕانان” دەڕوات و پێشنیاری جۆرێکی زۆر تایبەت لە ورتانووسی دەکات، وتارنووسییەک کە ئەو ڕاستییە وەدیار دەخات ئێمە لە بەردەم نووسەرێکی پڕ و لێوڕێژ لە خەونی نووسین و چێژی بەرهەمێنانەوە و بەخششداین.

ئەگەرچی ئەدەبی ڕووسی بۆ ئێمە ئەدەبێک بووە تا ڕادەیەک ناسراو و خوێنراوە و پڕۆسەی وەرگێڕانمان بۆ ئەو ئەدەبە تەمەنێکی هەیە و مێژوویەک، بەڵام ئەوە تەنها لە چوارچێوەی دەقدا ماوەتەوە، بە واتایەکی تر ئەوە تەنها ئەو ڕۆمان و چیرۆکانە بوون کە ڕاستەوخۆ یان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە لەو ئەدەبە بەرین بۆ ئێمە ڕاگوێزراون و وەرگێڕاون، ئێمە تەنها لە چوارچێوەی پێشەکیی ئەو کتێبانەدا، هەندێک زانیاریی گشتیمان دەربارەی ئەو نووسەرانە زانیوە، سنووری ئێمە لەگەڵ ئەو ئەدەبەدا هێجگار سنووردار بووە و لە کۆمەڵێک ناو تێنەپەڕیوە، بەڵام لە پڕۆژەکەی د. جەودەت هۆشیاردا ناوی دەیان نووسەر و دەیان دەقی گرنگ لە ڕۆمان، چیرۆک، شانۆنامە و یادداشت و… دێن، کە سەرلەبەر بۆ ئێمە تازەن و دەروازەیەکن بۆ ناسین و ئاشنابوونێکی هەمەلایەن بەو ئەدەبیاتە. لە خوێندنەوەی ئەم چوار کتێبەوە تێدەگەین کە ئەدەبی ڕووس وەک چۆن خاوەنی دەیان شاکار و نووسەری گەورەیە، هاوکات خاوەنی دەیان نووسەری ئاستنزم و دەقی لاواز و کرچوکاڵە، د. جەودەت هۆشیار بەردەوام لەم نێوانەدا، لە هەڵکشان و داکشانی ئەم ئەدەبیاتەدا، بەوپەڕی چێژ و سەلیقەی پشکنین و وردبوونەوەوە، ڕووبەری ئەو ئەدەبیاتە دەور دەکاتەوە و بە ڕازاوەترین و دەگمەنترین شێوەی نووسین، زانیارییەکانی دەخاتە بەردەست خوێنەرەکەی.

خاڵێکی تر کە گرنگە لەم پڕۆژەیەی د. جەودەت هۆشیاردا ئەوەیە، لەمیانی ناساندن و نیگای ورد ئاراستەکراوی بۆ ئەو دەق و نووسەرانە، خۆبەخۆ دەتوانێت پێشنیار بێت بۆ وەرگێڕ، بە تایبەت بۆ کەسانێک کە زمانی ڕووسی دەزانن، تاکو باشترین ئەو دەقانە وەربگێڕن کە لە خوێندنەوەکانی د. جەودەتەوە دەخرێنە ڕوو. بە واتایەکی تر، ئەم پڕۆژەیە جیا لە چێژی خوێندنەوەکەی و ئەو زانیارییە وردانەی پێشکەشی دەکات، دەتوانێت ڕێیەکی درێژیش کورت بکاتەوە بۆ وەرگێڕەکان. هەر بۆیە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەدەبی کوردی، هێجگار زەروور و جێی بایەخە.

“ئەدەبی ڕووس: بلیمەتەکان و تارماییەکان” نوێترین کتێبی د. جەودەت هۆشیارە و ٢٠٢٤ بە زمانی عەرەبی لە عەممان، لە “دار جبرا” چاپ و بڵاو بووەتەوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی لە لایەن سەباح ئیسماعیل لە ٢٠٢٥دا لە “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە بڵاو بووەتەوە. کتێبەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتار، چەقی وتارەکان ئەدەبی ڕووسییە، جیا لە شەش وتار، کە دەربارەی گۆگۆڵ، دەستەیێڤسکی و تۆلستۆین، باقی ئەوانی تر لە ئەدەبی هاوچەرخی ڕووس دەدوێن. نووسەر لەم کتێبەدا باسی ئەدەبی ڕووس دەکات لە دوو سەردەمی جیادا، سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و سەردەمی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت تا دەگات بە ئەمڕۆ و ئێرە: سەردەمی پۆتین! لە وتارێکدا، کە لە دەستپێکی کتێبەکەدا هاتووە بە ناوی “بۆچی دەربارەی ئەدەبی ڕووسی زۆر دەنووسم؟” بە وردی ئەدەبی خولی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر دەکاتەوە و دەریدەخات کە زۆرترین گەڕانەوەی بۆ ئەو ئەدەبە و دوان و خوێندندەوەی دەقی نووسەرانی ئەو دەورە بۆ ئەوەندە زۆر و بەردەوامە و دەنووسێت: “وێڕای بەرتەسککردنەوەی توند بەسەر ئازادیی ڕادەربڕیندا، بەڵام گەلی ڕووس نووسەر و شاعیری بەهرەداری وای پێشکەش بە جیهان کرد، کە لە دوورەوە ئاماژەیان بۆ دەکرا، لە نێویاندا ژمارەی فرە لەو نووسەرە ئازادیخوانەی ویستیان بە شێوازێکی نوێ بنووسن و ئازادیی ناوخۆی خۆیان پاراست. لە سۆنگەی ئەمەشەوە ژمارەیەک لە باشترین نووسەر و شاعیر و بیرمەندی ڕووس بوونە قوربانیی تیرۆری ستالینی.

بەهەرحاڵ، ناتوانین کارە ئەدەبییەکانی سۆڤیەت بسڕینەوە، تەنانەت ئەو نووسەرانەشی بڕوایان بە شۆڕش و سۆسیالیزم هەبوو، کاری ئەدەبیی شاکاریان پێشکەش کرد. بە درێژایی سەردەمی سۆڤیەت جیهان بە تامەزرۆییەوە بەدواداچوونی بۆ کارەکانی نووسەران و شاعیرانی پێشەنگی وەکو زامیاتین، بابل، بیلینیاک، زۆشینکۆ، باسترناک، سۆڵجیتسن، برۆدسکی و دەیان داهێنەری بەرچاو دەکرد.”

پاشان نووسەر هەوڵ دەدات لە ڕێی کۆمەڵێک دەقەوە، کە لە هەردوو زەمەن و سەردەمەکەدا (واتە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و سەردەمی دوای ڕووخانی ئەو یەکێتییە) ئەو ئایدیا بنچینیەییە بەرجەستە بکات کە کتێبەکەی لەسەر هەڵچنراوە، ئەویش ئاشکراکردن و پەردەلادانە لە ڕووی ئەو ئەدەبەی پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بە ناوی ئەدەبی ڕووسییەوە پێشکەش کراوە و تاکو ئێستاش درێژەی هەیە.

خوێنەر کاتێک یەک لە دوای یەک وتارەکانی دووتوێی ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە، هەرجارەو بە ڕۆمانێک و نووسەرێک ئاشنا دەبێت، هیچکام لەو دەقانە بە کوردی بەردەست نین، بەڵام د. جەودەت هۆشیار هەوڵی ئەوەی داوە ئەگەر تەنانەت ئەو کتێبەشمان نەخوێندبێتەوە، لە ناوەرۆک و شێوازی نووسین و تەنانەت ژیاننامەی نووسەرەکەی و ژینگەکەی، دانەبڕێین، واتە فەزایەک دەڕەخسێنێت کە بزانین چۆن تێیدا ئەو نووسەرە پێگەیشتووە و بەرهەمەکانی چین و دەنگدانەوەی بەرهەمەکانی لە ئاستی ڕووسیا و دنیادا تا کوێ ڕێی بڕیوە، پاشان بە جەخت و لەوپەڕی قاڵبوونەوەدا، لەسەر ئەو دەقە ڕادەوەستێت کە مەبەستی وتارەکەیەتی.

ئەدەبی ڕووسی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت ئەدەبێکی نزم و هەرزان پێشکەش دەکات، د. جەودەت هۆشیار دوای هەڵدانەوەی چەندان ڕۆمانی قەبەی ئەم خولە نوێیەی ئەدەبی ڕووس، بە نیگایەکی ڕەخنەییەوە دوایین پاراگرافی کتێبەکەی دەنووسێت: “ئێستا شتێک دەنووسن لە ڕۆمان دەچێت، بەڵام بێ گرێچنی ڕوون و بێ کارەکتەری زیندوو و چالاک، بکرێت هاوسۆزی بیت، هەروەها بێ دید و بۆچوونی نوێ… بە درێژایی ٣٠٠ ـ ٥٠٠ لاپەڕە نووسەر ئەو بەڵگەنەویستانە دەجوێتەوە، کە هەزاران جار لە ئەدەبدا جوێنراونەتەوە. ئەمڕۆ زۆربەی نووسەرانی ڕووس لەنێو خڵتەی کۆمەڵگەدا لە ئیلهام دەگەڕێن، پاڵەوانی دڵخوازی ڕۆمانەکانیشیان ئەندامانی چەتەی مافیاکان، تاوانی ڕێکخراو، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، سەرخۆشان، نەسرۆیان و ئەو ئافرەتانەن لە سەرکێشیی نوێی سۆزداری دەگەڕێن. ئەم نووسەرانە دەکۆشن خوێنەر لە بەرانبەر هەموو ئەو شتانەی نامۆ و مایەی قێزلێکردنەوەن تووشی شۆک بن، دەترسن شتێک بنووسن، لە ژیانی ڕۆحیی مرۆڤدا گرنگ بێت.”

لەم ئەدەبە نوێیە کۆڵەوارەدا، دەیان چیرۆکی سەیروسەمەرە هەن، کە چۆن لە پڕ و لە ڕێی نووسینی ڕۆمانێکی قەبە و بێ ناوەرۆکەوە، نووسەرێک دەردەکەوێ و خەڵات و چاوەکان بە لای خۆیدا بەکێش دەکات، خەڵاتگەلێک کە هەر لە بنەڕەتەوە بە گرێبەست و پەیوەندیی نێوان دەزگای چاپ و ناوەندی خەڵاتپێدەر و ڕەخنەگرەکانیدا ئیمزا کراوە و ئامانج لێی پڕفرۆشی و بازاڕگەرمکردنە بۆی. بۆ وێنە با ئەم چەند دێڕە بخوێنینەوە وەک ددانپیانانێک: “مارات گیڵمەن، کە بازرگانی تابلۆ هونەرییەکانە و ئەندامی لیژنەی بڕیاردانی یەکێک لە خەڵاتە ئەدەبییە سەرەکییەکان بوو، جارێکیان ددانی پێدا نا هیچ یەکێک لەو کارانەی نەخوێندووەتەوە بۆ خەڵاتەکە کاندید کراون. ئەم خەڵاتانە بوونەتە شێوازێک بۆ بەرجەستەکردنی ناوی نوێ، هەروەها کارکردن بە هەموو شێوەیەک بۆ درەوشانەوەی، هەرچی نووسەرانی بەڕاستی بەهرەمەندن، ئەوانەی بە ڕۆحی گەورەی داهێنەرانە دەنووسن، ئەوا لە دەرەوەی ئەم جیهانە توند داخراوانەدا دەمێننەوە.”

یەکێکی تر لە چیرۆکەکان چیرۆکی کابرایەکە بە ناوی لیۆنید بریژنێڤ (١٩٠٦ ـ ١٩٨٢)، ئەم کابرایە سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت و سەرۆکی وڵات بووە، لە ٣١ی ئازاری ١٩٨٠دا لە کرملین، لە ئاهەنگێکی گەورەدا، لەپای نووسینی سێیەنەیەک! خەڵاتی لینین وەردەگرێ. چیرۆکی ئەم کابرایە و سێینەکەی و خەڵاتوەرگرتنەکەی، لە وتاری “چۆن لیۆنید بریژنێڤ بوو بە نووسەر”دا، ڕوون و بەیان کراوە. بە کورتی: ئەم کابرایە پێشتریش، لە هەڕەتی گوڕ و تواناییدا، وتاربێژێکی باشیش نەبووە، گوتارەکانی لە لایەن ڕۆژنامەنووسی نزیکییەوە ئامادە کراون و سەروەختی وتاردان، لەسەرخۆ و هێواش وشە بە وشە دەیخوێندەوە و زۆریش زمانی تێک دەئاڵا. لە هەموو ژیانیدا جگە لە نووسینی فەرمانە حیزبییەکانی حکوومەت، هیچی تری نەخستووەتە سەر کاغەز، ئەدی چۆن بوو بە نووسەر و سێینەیەکی نووسی و ئەو خەڵاتە گەورەی پێدرا؟ چیرۆکەکەی سادە و خۆشە، گۆڤاری “نۆڤی میر”ی ئەدەبی ساڵی ١٩٧٨ یادەوەرییەکانی لیۆنید بریژنێڤ سەبارەت بە بەشداریی لە شەڕەکانی جەنگی ئەڵمانی ـ ڕووسی بە شێوەیەکی ئەدەبیی تۆکمە بڵاو دەکاتەوە. ئەم یادەوەرییانە وەک د. جەودەت هۆشیار لێی دەدوێت، سەرەتا هەرچەند پەڕەیەکن و بە شێوەی زارەکی گوتراون، بەڵام دواتر لە لایەن ڕۆژنامەنووسانەوە بەو شێوە ئەدەبییە داڕێژراونەتەوە، دواتر هەر ئەم یادەوەرییانە پەرەیان پێ دەردرێ و لە لایەن لیژنەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەوە، دەکرێن بە سێ کتێب، کە هەمان سێینەیە بە ناوەکانی: (“زەوییە بچووکەکان”، “ڕاپەڕین” و “زەوییە بەیارەکان”). ساڵانێک بەسەر ئەو ئاهەنگە گەورەیە و ئەو خەڵاتە گرنگەدا تێپەڕ دەبێت، بەپێی ددانپیانانی بەشێک لە ئەندامی ئەو لیژنەیەی کە سەروکاریان لە نووسینەوەی ئەو سێینەدا هەبووە، دەردەکەوێ کە دوورونزیک ئەو بەرهەمە پەیوەندیی بە لیۆنید بریژنێڤ نییە! ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە نووسەر لە وتارێکی گرنگیی ئەم کتێبەدا لێی دەدوێت، کە ناوی دەنێت “تارماییەکانی نووسین”. بەهەرحاڵ، لە درێژەی ئەو چیرۆکە ئەنتیکەیەدا، ئەم چەند دێڕە دەخوێنینەوە: “پاش بڵاوبوونەوەی ئەو سێ کتێبە، شاعیر و ڕەخنەنووسی ئەدەبی ئەلکسی سۆرکۆڤ، کە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی سۆڤیەت بوو، لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی لیژنەی بڕیاردانی خەڵاتی لینین بوو لە ئەدەب، هەر ئەویش خەڵاتەی بە لیۆنید بریژنێڤ بەخشی، بەڵام بەخشینی ئەم خەڵاتە بووە مایەی گاڵتەجاڕی لە لایەن خەڵکەوە، تەنانەت هاوسەرەکەی لیۆنید بریژنێڤ پێی گوتبوو: «چما تۆیش نووسەریت؟»”

ناردن: