بەڕێوە، بەرەو ئۆرشەلیم تیشکێک بۆ سەر ڕۆمانی “مەرگی ئەهاسڤێروس”

Loading

بەختیار حەمەسوور

ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردیدا، لە ڕێی خەبات عارف و هاوکات یەک دوو وەرگێڕی ترەوە، نووسەرێکی وەک پێر لاگەرکڤیست، چیدی بۆ ئێمە نائاشنا نییە، ڕەنگە ئێستا و لەگەڵ چاپبوون و خوێندنەوەی “مەرگی ئەهاسڤێروس”دا، بتوانین ڕوونتر و یەکدەستتر دنیابینی و توانای داهێنەرانەی ئەم نووسەرە سویدییەی کە وەرگری خەڵاتی نۆبڵە لە ساڵی ١٩٥١دا، بناسین و ببینین. بێگومان دنیاکەی پێر لاگەرکڤیست دنیایەکی تەواو تایبەتە، ئەم تایبەتمەندییە پێم وایە بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی زیادتر دەتوانێت سەرنجبزوێن بێت، چونکە لە بەشێکی ئەم کارانەیدا گەڕانەوەیەکی قووڵە بۆ ئایین و هاوکات مامەڵەیەکی زۆر ناوازەی ئەو فەزایە دەکات لە ڕووبەری ڕۆمان و تێکستە شیعرییەکانیدا. پێر لاگەرکڤیست لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە کە دەتوانێت کاریگەریی قووڵ لەسەر نەست و یادگە دابنێ، خوێندنەوەی هەر کتێبێکی ئەم نووسەرە، لەگەڵ تەوژم و تینی خۆیدا دەمانخاتە نێو شەپۆلێک لە بیرکردنەوە و ڕامان، کە دەتوانێت تەمەنێک لەگەڵتدا درێژە بە پڕۆسەی تاووتوێکردن بدات وا بکات کە لەو دنیایەدا سەراسیمە و سەرگەردان ببین.

“مەرگی ئەهاسڤێروس” نوێترین کاری وەرگێڕانی خەبات عارفە، پێشتر چەند کتێبی هەمان نووسەرمان بە کوردییە جوانەکەی هەمان وەرگێڕ خوێندووەتەوە، بە تایبەت لە درێژەی ئەم پڕۆژەیەدا کە سێینەیەکن، ڕۆمانی “مەرگی ئەهاسڤێروس” دووەم کتێبی ئەم سێینەیە کە خەبات عارف دەیکات بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی دەکات. پار، ڕۆمانی “خاکی پیرۆز”مان خوێندەوە، ئەمساڵیش “مەرگی ئەهاسڤێروس”، ئێستا تەنیا “بەرەو خاکی پیرۆز” ماوە، بە هیواین بە زوویی کار لەسەر وەرگێڕانی ئەویشیان بکات و بیخوێنینەوە. یەک بە دوایەکداهاتنی ئەو سێینەیە بەم جۆرەیە: یەکەم: مەرگی ئەهاسڤێروس؛ ١٩٦٠، دووەم: بەرەو خاکی پیرۆز؛ ١٩٦٢، سێیەم: خاکی پیرۆز: ١٩٦٤. ئەم سێینەیە، کە نووسین و بڵاوکردنەوەیان دەکەوێتە پاش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ و نیشتنەوەی ئەو هەرایەی ئەو خەڵاتە بە شوێن خۆیدا دەیهێنێ، دەلالەت لە قۆناغێکی جیاواز و تایبەتی پێر لاگەرکڤیست دەکات، ئەو ئەگەرچی لە کارەکانی پێشتریشدا بە چڕی بۆ هەندێ لەو پرسانە گەڕاوەتەوە و کاری لەسەر کردوون کە لەم سێینەیەدا بە چڕی و جەختەوە لەسەریان وەستاوە، بەڵام وەک شتێک لێرەدا تەواو نیگای ڕۆشن بووەتەوە و دەزانێت چۆن بەرەو ئەو دنیایە هەنگاو هەڵبنێت کە لەم سێینەیەدا ناویەتی. ئەویش پرسی ئیمان و خولقاندنی فەزایەکە لە ئیمان و ئیمانداری.

سەرەتا و بەر لەوەی بچینە ئەو پرسە و تاووتوێی بکەین لە ڕۆمانی “مەرگی ئەهاسڤێروس”دا، خاڵێکی تر هەیە کە وەک پێشمەرجییەکە بۆ دۆزینەوە و کەشفی “ئیمان” و کەوتن بەسەر ئەو دنیایەدا، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێت بە پێشمەرجییەکیش بۆ پێر لاگەرکڤیست کە ئەو دنیایە بدۆزێتەوە و لە پێگەی “بێئیمانێکەوە”، “چییەتی و ڕۆڵی “ئیمان” لە ڕووبەری ڕۆمانەکانیدا ئەزموون بکات، ئەویش “گەڕان و بەردەوام هەوڵی بینینی دنیای تر و ئەزموونی تر و شوێنی ترە”، ئەگەر لەم وردتر ببینەوە و ئاوڕ لەو دوان لەو سێینەیە بدەینەوە، ئەوا دەتوانین ئەو ڕۆحی دانەسەکنان و گەڕۆکی و گەڕانە لە کارەکتەرەکاندا ببینینەوە، هەر لەو ڕێشەوەیە کە دەکەون بەسەر دنیایەکی نامۆ و نەناسدا  بە ناوی “ئیمان”. بۆ وێنە، ئەگەر لە ڕۆمانی “خاکی پیرۆز”دا شایەتحاڵی توبیاس بین، کە لەگەڵ جیۆڤانی کوێردا، بە کەشتییەکی شلوشەوێق بۆ دوورگەیەکی دوورەدەست دەبرێن و لەسەر کەنارێک بەجێ دەهێڵرێن و لە بەرەوە و هێواش هێواش، دوای مەرگی جیۆڤانی، لەو خاکەدا کە هەموویان بە خاکی پیرۆز ناوی دەبەن و ئەو نییە، لەگەڵ چەردەیەک لەو پرسانەدا ڕووبەڕوو دەبینەوە کە پەیوەستن بە نهێنیی بوونەوە، نهێنی ئەوەی بوون بۆ هەیە و ئێمەی مرۆڤیش بۆ دێین و لەبەر چی بۆ ماوەیەک زیندوو تێیدا دەمێنینەوە و ئەنجامیش دەمرین؟ ئەوا لە ڕۆمانی “مەرگی ئەهاسڤێروس”دا هەمان پرس لە زاری چەند کارەکتەردا، بە بارێکی جودا، ئاراستە دەکات. ئەسڵەن ناونیشانی ڕۆمانەکە بۆ خۆی جەختە لەو گەڕۆکی و گەڕانە، وەرگێڕ بۆ وشەی “ئەهاسڤێروس” ئاوا پەراوێزێکی گرنگ دەکاتەوە: “ئەهاسڤێروس، ئەهاسوێروس، ئەهاسڤێر، کارتافیلیوس، ئەحشویرش، جووی گەڕۆک، گوایە پینەدۆزێکی ئۆرشەلیمی بووە و کاتێک عیسای مەسیح، دوای بڕیاری لەخاچدانی، بەڕێوە بووە بۆ گولگۆسا، ڕێی نەداوە بحەسێتەوە و پێی گوتووە: «بڕۆ، بڕۆ بە ڕێی خۆتەوە.» عیساش وەڵامی داوەتەوە: «دەڕۆم، بەڵام تۆ دەبێت تا من دەگەڕێمەوە، بمێنیتەوە.» لەوساوە و بەپێی ئەو داستانە، ئەهاسڤێروس مەحکوومە بەوەی تا “ڕۆژی قیامەت”، سەرگەردان و شوێنەون، بە دنیادا بێ هەدادان بگەڕێت.” ئەم سەرگەردانییە دەبێ بە هاوچارەنووسی پیاوی نێو ئەم ڕۆمانەش، کە دەستپێک ئاوا دەیناسین: “پیاوێک، وەک ئەوەی لەدەست برووسکە هەڵهاتبێت، ئێوارەیەک هات بۆ کاروانسەرای حاجییانی بەرەو خاکە پیرۆزەکە، کە دەروازەکەی بەرەو خۆی ڕاتەکاند، سەرلەبەری ئاسمانی پشتەوەی کڵپەی کرد و باران و باڕەش پڕیان پێدا کرد و بە زەحمەتەوە توانیی دەروازەکە لە دوای خۆیەوە دابخاتەوە. ئاخریەکەی کە ئەوەشی بۆ چووە سەر، خۆی بەرەو نێو ژوورە نیوە تاریکوڕوونەکە، کە چەند چرای دووکەڵاوی ڕووناکیان کردبووەوە، وەرگێڕا و لەوە دەچوو لە خۆی بپرسێت لە کوێیە. ژوورێکی گەورە و سارد بوو، لەوسەریەوە هێند تاریک بوو، کە بە هیچ جۆرێک نەیدەتوانی هیچ لە هیچ جیا بکاتەوە. بەڵام هێندەی توانیی ببینێت، پڕ بوو لە خەڵک، کە لەسەر ئەژنۆ و لەسەر ئەرزە کاڕێژکراوە پیس و لینجەکەی، کە بە هەموو لایەکیدا بڵاو بووبووەوە، کەوتبوون و وا دیار بوو لەوێ خەریکی نزا و پاڕانەوە بن. ورتەورتێکی ناڕوونیان لێوە دەبیسترا، بەڵام ئەو نەیتوانی هیچ سەروڕوویەک ببینێت، هەموویان پشتیان لەو و ڕوویان لە جێیەکی تر بوو. هەوا قورس و پەنگخواردوو بوو، بۆ ئەویش کە لە دەرەوە هاتبوو، بخنکێن و هەستی پێ دەکرد و زەحمەتیش بوو بۆی هەناسە بدات و وەربگرێت. ئەرێ ڕاستییەکەی ئەو لە کوێ بوو؟”

ئێمە هەر لەم سەرەتایەوە ڕووبەڕووی پیاوێکی نەناسین، کە بە دەیان چیرۆکەوە و ژنێک، ڕێی لەم کاروانسەرایە کەوتووە، جەخت لەسەر سەرگەردانی ئەم پیاوەیە، کە ڕێی هاتونەهات بە ئێرە و ئێستای گێڕانەوەکەی گەیاندووە. ئەم پیاوە گەڕۆکە لەگەڵ قافڵەی حاجییان کەوتووە، قافڵەیەک کە بڕیارە ڕێیەکی توولانی بگرنە بەر و تا ئۆرشەلیم نەوەستن و فەریزەی حەج بەجێ بهێنن. ئێمە لەگەڵ ڕەوت و ڕێبڕینی گێڕانەوەدا، گەشەی نەختە نەختەی ڕووداوەکان دەبینین، هاوکات کەسانێکی تر دەناسین، لەوانە توبیاس، ژنێک بە ناوی دیانا. توبیاس پێشتر و ڕابردووەکەی لە ڕۆمانی “خاکی پیرۆز”دا بەیان کراوە، لێرەشدا وەک هاوڕێ و هاوشانێک دێتە نێو ڕووداوەکانەوە و بزوێنەرە. هەرچی دیانایە، سەرباری ئەوەی ناوەکەی بیرخەرەوەی ئەفسانەیەکی ڕۆمییە و ئاماژەیە بۆ ژنەخواوەندی دڕەگیانلەبەران و ڕاووشکار، لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵی خۆشەویستێک وازی دەکات کە مەعشووقەکەی هەمان پیاوە لە سەرەتاوە ناسیمان.

ئەم پیاوە غەریبە ڕابردوویەکی جەنگزەدەی هەیە، ئەو لەگەڵ پۆلێک سەرباز، وێڵ و سەرگەردان دەبن بە دارستانێکدا، لەوێ ژنێک دەناسێت لە کوخێکدا، ژنێک کە سەرەتا وەک دڕەندەیەک و دوژمنێک دەردەکەوێت، بەڵام دواتر لەگەڵ هەمان پیاو دەخەوێت و دەبنە دۆست و مەعشووق، پاشتر ئەم ژنە دەبێتە چارەنووسی ئەم پیاوە و لەگەڵی دەبێت. بەڵام لە درێژەی ئەو ساڵانەدا، هەڵدەکەوێ چەندان جار لێک هەڵبڕێن، لە یەکێک لەو جارانەدا پیاوەکە ڕێی لە گوندێک دەکەوێت، چۆڵوهۆڵ، تەنیا ماڵێک کە هەست دەکات کەسێک لەوێ بێت، ئاوەدانە، دەچێت، ژنێک دەبینێت، کە مێخکوت کراوە و کوژراوە، هەر ئەم ژنە خەونی ئەوەی دەداتێ ڕۆژێ لە ڕۆژان لەگەڵ کاروانی حاجییان بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەوێت. ئەم ژنە هەمان دیانایە؟ ڕووداوەکان شاعیرانە بەردەوام پێکدا دەچن، کەشێکی ئایینی ساز دەکەن و هەندێ پرسی لابەلا دێننە پێشەوە، بەڵام ئەو کەشە بەردەوام باڵکێش بەسەر کۆی ڕۆمانەکەدا دەکشێ و پرسیارە قورس و ئاڵۆزەکانی بوون و مردن و… یەخەگیرمان دەکەن و لە قووڵایی بێ وەڵامیدا دیسان وەک چارەنووسی ئەهاسڤێروسێک سەرگەردان دەبین.

ئەم ڕۆمانە کارکردنێکی وردە لەناو ئیماندا، پیاوە غەریبەکە نوێنەری بێئیمانییە و لەپڕ دەکەوێتە ئەو شوێنەوە کە تێکڕای کەسەکانی ئیماندارن، لەم بەرکەوتنەدایە کە بەردەوام پرسیارەکان دێن و شوێنگۆڕینی کەسێتییەکان لە کات و سەردەمی جیاجیادا وەها تێکەڵ دەبن، کە هەست بە جۆرێک سەرلێشێواندن دەکەین، بەڵام بێ ئەوەی سەرداوی ڕووداو و کەسە سەرەکییەکانمان لێ بئاڵۆزکێ و ونیان بکەین.

خوێندنەوەی “مەرگی ئەهاسڤێروس” لە هەوا و هەناسەیەکی نزیک بە دەقە پیرۆزەکان چنراوە، بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین شێوەی داڕشتنی ڕۆمانەکە بارگاوییە بە ڕیتم و موزیکێک کە تەنیا لە دەقە ئایینییەکاندا هەیە، قورس و قووڵ ڕستەکان داڕێژراون، لە نێوان هەڵدانەوەی پەڕەیەک و چوونە پەڕەیەکی تر، هەست دەکەی کات زۆر خاو و هێدییە، ڕۆمانەکە لەگەڵ ئەوەی کورتە و تەنیا ١١٢ لاپەڕەیە، بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەو باوەڕەت دەداتێ کە کتێبێکی زۆر گەورە و ئەستوورت خوێندنەوەتەوە و کاتێکی هێجگار زۆریشە لەگەڵ ئەو کتێبەدا دەژیت؛ دیارە باس لە دەقە کوردییەکەی هەمان ڕۆمان دەکەین کە سەروەختی خوێندنەوە دەمانداتێ. پێم وایە ئەمە دروست هەر ئەو خاڵە درەوشاوە و سەرکەوتووە بێت وەرگێڕ لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانەدا کردوویەتی، فەزایەک کە چنراوە بە میتافۆر و پرسیاری سەخت و ئاڵۆزی سەرگێژکەر، هەر بە وەها زمانێکیش لە زمانی ماکیدا نووسرابێت و زمانی بۆوەگێڕاویش، هەڵگری ئەو توخم و خەسڵەتە بنچینیەییانە بێت کە لە بنەڕەتدا ڕۆمانەکەی پێ نووسراوە. پێم وایە ئەوەش ئەلف و بێی هەر وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو و سەلیقە و وریایی هەر وەرگێڕێکی وردەکارە.

سوپاس بۆ خەبات عارف و ئەو هەموو بەخششە جوان جوانە.

ناردن: