پرسی هونەر و شیزۆفرینیا خوێندنەوەی کتێبی “شیزۆفرینیا و وێنەکێشان”
خوێندنەوەی: سەردەم
خوێندنەوەی بابەتە هەمەجۆرەکان وا دەکات دیدمان هەمەجۆر و فرەڕوانین بێت، بە واتایەکی تر کاتێک ئێمە ڕووبەری خوێندنەوەکانمان زیاد و هەمەلایەن دەکەین، واتە چەند کایەی مەعریفیی دەپشکنین، ئەوا فراوانتر و بەرینتر دەبینین، تێدەگەین و هاوکات کەشفی نەزانراوەکانی دەوروبەرمان دەکەین. خوێنەری ئێمە ـ بێگومان قسەکە گشتی نییە ـ خوێنەری ئەدەبیاتە بە ڕادەی یەکەم، لەو ژانرەدا چێژ و جوانیناسی و ڕۆشنبیرییەکانی خۆی دەبینێتەوە، بێگومان قسە لەسەر گرنگی ئەدەبیات نییە کە چەند یارمەتیدەرە بۆ پێکهێنانی شوناسێکی ڕۆشنبیر و کەسێتییەکی پوختە و مرۆڤدۆست، بەڵام لەپاڵ ئەدەبیاتدا زۆر بواری دیکە هەن کە ئینسان دەتوانێت لێیانەوە زۆر بایەخی گرنگ بە دەست بهێنێت، کە ڕەنگە خودی ئەدەبیات نەتوانێت ئەو بایەخانە ببەخشێت. یەکێک لەوانە بواری زانستە، کە بوارێکی هێجگار گرنگە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ئێستا و ئێرەی ئێمە بووە بە زەروورەتێکی حەتمی، یەکێکی تریش لە بوارەکان، بواری هونەرە، بە تایبەت هونەری شێوەکاری، ئەم کتێبەی ئەمڕۆ دەیناسێنین کۆکەرەوەی ئەو دوو بوارەیە، واتە هەم زانست و هەم هونەر، کتێبەکە ناوی “شیزۆفرینیا و وێنەکێشان”ە، ئەم کتێبە لە نووسینی هونەرمەند عومەر ڕەسووڵە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە چاپێکی جواندا بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی گرنگە لە کایەی نەخۆشییەکی سەردەمیانەدا، کتێبەکە هەوڵ دەدات لە ڕێی نموونەوە، کێشەکەی بەرچاو بخات، بە زمانێکی بێگرێ و گۆڵ، دوور لە هەر ئاڵۆزی و بڵۆزییەک، ئایدیاکانی دەخاتە ڕوو. ئەم کتێبە سەرەتا پەرژاوەتە سەر پرسی نەخۆشی شیزۆفرینیا و هەوڵی داوە بە چڕی و پوختی ئەم نەخۆشییە لە ڕووی زانستییەوە پێناسە بکات و بیناسێنێت. دواتریش دەچێتە سەر پرسی وێنەکێشان و بە وەرگرتنی دەیان نموونە لە ژیانی هونەرمەندانی شێوەکار کە تووشی ئەو نەخۆشینە هاتوون، دەری بخات کە پەیوەندیی نێوان زانست و هونەر لە کوێدایە و چۆنە و چی لێ دەکەوێتەوە.
لە سەرەتای کتێبەکەدا و لەژێر ناونیشانێکی لاوەکیدا هاتووە: “نەخۆشی شیزۆفرینیا چییە؟”، نووسەر بەم جۆرە ئەم نەخۆشییە دەناسێنێت: «نەخۆشی شیزۆفرینیا یەکێک لە نەخۆشییە ژیرییەکانە، ئەوەی ئاشکرایە تاوەکو ئێستا هۆکارەکانی بە باشی نەزانراوە، لە لایەکی تریشەوە بە زۆری تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە لەوپەڕی لاوی و قۆناغی بەرهەمهێنان و چالاکیدان. شیرۆفرینیا زاراوەیەکی پزیشکی ـ دەروونییە و لە هەردوو وشەی (شیزۆ) بە مانای دابەشبوون و (فرینیا) بە مانای ژیری (عقل) پێک هاتووە، واتە مانای دابەشبوونی ژیریی مرۆڤە، لەو ڕووەوە کە پڕۆسێسەکانی ژیریی ئەو نەخۆشانە ناتوانن بە کار و فەرمانی ئاسایی خۆیان هەڵبستن و تووشی لێکترازان و تێکچوون دەبن.» دوا بە دوای ئەم پێناسە وردە، توێژەر چوار نیشانەی سەرەکی دەستنیشان دەکات، کە دەتوانین بڵێین ئەو چوار نیشانەیە لە ناسینەوە و دیاریکردنی نەخۆشی شیزۆفرینیادا کۆمەکمان دەکەن، ئەوانیش:
١ـ تێکچوون و لێکترازانی پڕۆسێسی بیرکردنەوە و پچڕانی پەیوەندی نێوان بەشەکانی، یان قۆناغەکانی بیرکردنەوە، (ئەم خاڵە زۆر جێی مەبەستە، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە وێنەکێشانەوە هەیە.)
٢ـ خودیەتی، واتە گۆشەگیری و خۆخواردنەوە و سووڕانەوە بە چواردەوری خوددا و دوورەپەرێزی و دوورکەوتنەوە لە کەسانی چواردەور و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان و نوقمبوون لە جیهانی خەو و خەیاڵ و زێدەخەو و هەڵوەسە و ئەوهام (ئەم خاڵەشیان بە زەقی لە تابلۆ و وێنەکانیاندا بەدی دەکرێت.)
٣ـ تێکچوونی باری سۆز و هەڵچونی و گۆڕینی مەزاج و تووڕەبوون بە حاڵەتی (هەردەمەی لەسەر میزاجێک، یان ئارەزوویەکی جیاواز.)
٤ـ جووتهەستیی، واتە نەخۆش دوو هەست و بۆچوونی جیاواز و دژبەیەکی بەرانبەر یەک بابەت، یان یەک کەسی دیاریکراو لا دروست دەبێت.
پاش ئەو ناساندنە و هەندێ درێژەدانی تر بە وردبوونەوە لە نەخۆشییەکە، توێژەر دێتە سەر مەبەستی سەرەکی کتێبەکەی و بۆ ئەوەش میتۆدێکی زۆر سادە و ڕەوان بەکار دەهێنێت، ئەویش وەرگرتنی کۆمەڵێک هونەرمەندی ناسراو و گەورەی جیهانییە، لە هەریەک لەو نموونەدا کۆمەڵێک خاڵ هاوبەشن، یەکەمیان ئەوەیە ئەو هونەرمەندانە تیکڕا شێوەکارن، دووەم هەموویان لە بڕگەیەک لە بڕگەکانی تەمەنیاندا تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا هاتوون، سێیەم خودی ئەو نەخۆشییە لە کارە هونەرییەکانیاندا (لە تابلۆکانیاندا) ڕەنگی داوەتەوە. عومەر ڕەسووڵ هەوڵی داوە بایۆگرافیایەکی چڕ و پڕ بۆ هەریەک لە هونەرمەندەکان ئامادە بکات، لەو ژیاننامەیەدا جەخت لەسەر حاڵەت و دۆخە دەرەوونییەکان کراوەتەوە کە ڕاستەوخۆ لێکەوتە و کاریگەریی نەخۆشی شیزۆفرینیا لەسەریان دەناسێتەوە. بە تەنیشت ئەو ژیاننامانەوە، توێژەر کۆمەڵێک تابلۆی ئەو هونەرمەندانەی هەڵبژاردووە، بە تایبەت ئەو تابلۆیانەی لە سەروەختی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیادا کێشاویانە، هەر لە ڕێی تابلۆکانەوە جۆری نەخۆشییەکە هەڵدەسەنگێنێ و توندی و زەبری ئەو نەخۆشییە لەسەر کەسەکان دەستنیشان دەکات.
بۆ وێنە، دوو خاڵ کە توێژەر دیققەتیان لێ دەدات لە تابلۆی ئەو هونەرمەندانە و تەنانەت فێرخوازانێکیشدا کە لە بەردەستی خۆیدا بوون و تووشبووی هەمان نەخۆشی شیزۆفرینیا بوون، دەتوانین لێرەدا ئاماژەیەکی کورتیان بۆ بکەین. یەکەمیان بوونی ژمارەیەکی زۆر چاوە لە تابلۆ و وێنەکاندا کە کەسانی شیزۆفرینی دەیکێشن، کاتێک توێژەر بە شوێن ئەم خاڵەدا دەڕوات و دەیەوێ هۆکارەکەی بزانێت، دەگاتە ئەو سەرئەنجامەی کە کەسانی تووشبوو بەو نەخۆشییە، لە بوونی حاڵەتەکەدا هێندە دیمەن و ڕووداو دەبینن، کە وا دەهێننە زەینەوە کە چیدی دوو چاو فریای بینینی ئەو هەموو دیمەن و ڕووداوانە ناکەوێت، کەوایە ئەوە هۆکاری خودی نەخۆشییەکەیە کە جۆرێک کابووس و مۆتەکە دەسازێنێت نەخۆش لە ئانی کێشانەوەی وێنەدا بە “کێشانەوەی ژمارەیەکی زۆر چاو” تەعبیری لێ بکات. دووەمیان بوونی نووسراو و پەراوێزنووسییە لە لێوار و تێهەڵکێشی تابلۆ و فیگۆرەکاندا، کە ئەمەش حاڵەتێکی بەرچاو و دووبارەبووەوەی زۆرێک لە هونەرمەندان و کەسانی تووشبووە بە نەخۆشی شیزۆفرینیا، توێژەر بۆ ئەمەش دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەو کەسانە توانای قسەیان نامێنێ، یان حەوسەڵەیان نییە قسە بکەن و هەمیشە لە مۆنۆلۆگدان لەگەڵ ناخی خۆیان، بۆیە قسەکانیان دەکەن بە نووسراوە و لە ئانی وێنە و تابلۆکێشاندا وەک جۆرێک لە پەراوێزنووسی و هونەری زەخرەفیی، دەینووسن.
ئەم کتێبە زیادتر لەوەی کتێبێکی هونەریی ـ پزیشکی بێت، کتێبیکی پەروەردەییە، هەر لەم ڕووەوە گرنگە کە ئەم کتێبە لە کتێبخانەی ماڵ و قوتابخانە و ناوەندە جیاوازەکانی خوێندندا بەردەست و بەرچاو بێت. لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند نامەیەک هەیە، نامەکان دەبێتە سەرئەنجام و کاری کردەیی توێژەر لەم بوارەدا. خوێندنەوەی ئەو نامانە دەریدەخات توێژەر لە چ پێگە و گۆشەنیگایەکەوە ئەم کتێبە گرنگەی نووسیوە. عومەر ڕەسووڵ ساڵانێکە ئەو سێ بوارەی لێک گرێ داوە، هەر ئەمەشە ئێمە لە یەک کاتدا وەک هونەرمەند و دەروونشیکار و پەروەدەکارێک دەیناسین، خۆشبەختانە ئەمە تەنیا لە پۆل یان خول و سیمیناردا بەرجەستە نەبووە، بەڵکو بە شێوەی لێکۆڵینەوەش ئەم توانا و خزمەتەی خستووەتە ڕوو. توێژەر جیا لە بواری دەروونی و هونەری، هاوکات کتێبی دەربارەی ئۆتیزم و توانای منداڵ نووسیوە. هەوڵەکانی عومەر ڕەسووڵ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێ دەکەن، بێگومان چاوەڕێی زیادترین لەم هونەرمەند و توێژەرە، چونکە کتێبخانەی کوردی لەم ڕووەوە لاواز و بێ سەرچاوەیە، ڕەنگە باشترین کەسانێکیش کە بتوانن قسەیەکی تازە و بەسوودیان هەبێت، خودی ئەو کەسانە بن کە خۆیان لەو کایەدا کار دەکەن، کە بی دوودڵی عومەر ڕەسووڵ یەک لەو کەسانەیە.