زایەڵەی شارێکی سوور

Loading

ڕانانی: سەردەم

کتێبی زایەڵەی شارێکی سوور، یەکێکی ترە لە کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم کتێبە لە کۆمەڵە چیرۆکێک پێکهاتووە و لە لایەن (شاناز جەوانشیر)ەوە، نووسراوە و هەر یەک لەم ناونیشانانەی لەخۆ گرتووە: (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان، چاتێک بۆ ڕۆژانی پێکەوەبوون، حەوا بە سنوورەکانەوە، تاقانەکەم، شێتی پێناسەیەکی باشە بۆ هەموو شتەکان، سەرما و هەستێکی ناخۆش، کۆڵانی بنبەست، ئەویندار، بەختێکی باش بۆ من، سندووقەک، لە سەدا چەند، بێگانە، زایەڵەی شارێکی سوور، پیاوێک بە دوو دەستی بەتاڵەوە، گوێقوڵاخ، زەوی سەخت و ئاسمان دوور، حەرام حەڵاڵ، قاچاغەکان، لەودیو کراسە گەڵدارەکەمەوە، کۆلارە، هاتنێک لەوبەری زمانەوە، من هەر وا کە بووم مامەوە، هێڵەکان، تێزاب، بەتەمەنداچوونێکی لەناکاو، شەقامەکانی شەو، کۆتایی ڕۆژێکی خۆش، تکایە خێراکەن.)

ئەوەی لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا جێگای سەرنج و تێڕامان و هەڵوەستەکردنە، بوونی زمانێکی هاوبەشە لە نێوان کاراکتەرەکاندا و گەیاندنی ئەو پەیام و ئایدیایانەیە کە نووسەر کاری لەسەر کردوون و هەوڵی داوە بە تەکنیکێکی جوان و دوور لە زۆر لە خۆ کردن وردە وردە خوێنەر ڕۆ بەرێتە نێو دنیای چیرۆکەکانەوە، بە تایبەت کە هەر کام لە چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، هەڵگری تێما و بابەت و تایبەتمەندیی خۆیانن و بە قووڵی لەنێو ژیان و کێشەکانی مرۆڤدا کار دەکەن و بەرجەستەی ئەو دۆخ و سەردەمە دەکەن کە تیایدا چیرۆکەکە دەخولقێت و ڕووداوەکە ڕوودەدات و کاراکتەرەکە لەدایک دەبێت، خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی هەر چیرۆکێکدا، زۆر بە زوویی تێکەڵ بە چیرۆک و ڕووداوەکە دەبێت و ئاشنا دەبێت بە کارەکتەرەکان، چونکە کاراکتەرەکان ئەگەر چی کەسانی بەرجەستەی واقیع و ژیان نین، بەڵام نوێنەرایەتی ئەو مرۆڤ و ژیانە دەکەن کە لە دەرەوەی خەیاڵ و جوگرافیا  وسنووری چیرۆکەکان هەن.

ڕەنگە هەموان هاوڕابن لەسەر ئەو دید و بۆچوونەی کە پێی وایە هونەری چیرۆکنووسین، بە تایبەت نووسینی کورتە چیرۆک، یەکێک لە هونەر و شێوازە نووسینە سەختەکان و پێیوست دەکات نووسەرانی ئەم هونەرە لە گێرانەوە زۆر بە وریایی و هەستیارییەوە مامەڵە لەتەک ڕەگەزە بنچینییەکانی چیرۆکدا بکەن، بە تایبەت ڕەگەزەکانی کات و شوێن، کاراکتەر و ڕەهەندەکانی کاراکتەر، ڕوودا و تەکنیک و زمان، هاوکات دروستکردنی فەزایەکی ئەوتۆ کە خوێنەر پابەند بکات بە مانەوەی لە ناو چیرۆکەدا و ئەو هەستە قووڵەی لە لا دروست بکات، کە بەشبەحاڵی خۆی یەکێکە لە کاراکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە و لە ڕووداوەکاندا کاریگەری و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە.

گەر بمانەوێت لەسەر ڕەهەندەکانی یەک بە یەکی چیرۆکەکانی نێو کتێبی (زایەڵەی شارێکی سوور) بنووسین و قسە لەسەر ئاست و پێکهاتە و جیاوازی و خالە هاوبەشەکانیان بکەین، ڕەنگە مەودای کاتێکی زیاترمان پێویست بێت و هاوکات بە وردەکارییەکەی تیۆریانەوە یەک بە یەک، لە ناونیشانەوە، تا دەگات بە ئاست و پێگە و بوون و گرنگیی کارەکتەرەکان قسە بکەین، بۆیە لێرەدا بە باشی دەزانین لەسەر یەکێک لە چیرۆکە جوانەکان، هاوکات غەمگین و تراژیدییەکانی نێو ئەم کتێبە بنووسین و دنیاکەی بە خوێنەری تامەزرۆی چیرۆک ئاشنا بکەین، ئەویش چیرۆکی (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان)ە، لە ڕاستیدا سیحری جوانیی ئەم چیرۆکە تەنها لە تێما غەمگین و کارەکتەرە هەژار و پەراوێزنیشینەکاندا نییە، بەڵکو بەشێکی بۆ سادەیی، جا لە سادەیی زمانەوە بیگرە تا دەگات بە سادەیی خودی کاراکتەرەکان دەگەڕێتەوە.

ئەم چیرۆکە لە بنەڕەتدا بە شێواز و فۆڕمی نامە نووسراوە، نامەیەک کە تیایدا هەم کەسایەتی پێناسە کراوە، هەم شوێن و کێشە و ڕووداوەکان هێدی هێدی و لە ماوەی گێڕانەوەی نێو نامەکەدا ئاشکرا دەبن، ئەم فۆڕمە لە گێڕانەوە لە چوارچێوەی نامەدا، لە دنیای ئێستای ئەدەبیاتدا بە یەکێک لە شێوازە سەختەکانی نووسین ناو دەبرێت و نووسەرێکی کارامە و شارەزای گەرەکە بتوانێت هونەریانە ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان بەرجەستە بکات، خۆشبەختانە لەنێو چیرۆکی (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان)دا، هەست بە چێژی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە چیرۆکەکەش دەکەین.

نامەکە بە ناوی کەسێکەوە نووسراوە و ئیمزای (حەمەبچکۆلی لەسەرە) سەرەتا خوێنەر وا هەست دەکات حەمە بچکۆل، کەسێکی منداڵە و چاوەڕوانییەکی جیاواز لای خوێنەر دروست دەکات کە ئەگەر منداڵێک نامەکەی نووسیبێت ڕەنگە ئاقاری چیرۆکەکە بەرەو شوێنێکی دی بڕوات، دواتر تێدەگەین کە نەخێر، ئەوەی نامەکەی نووسیوە کەسێکە لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا، لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشین و دوورەدەستەکانی شاردا دەژی بە ناوی (گەڕەکی مەجبوراوا) لەو گەڕەکەدا کۆمەڵێك خێزانی هەژار و بێدەرەتان گوایە بە نایاسایی خانۆچکەیان دروست کردووە و تیایدا دەژین، بەڵام سەرۆکی شارەوانی لە ڕۆژنامەوە ئاگادارییەکی بڵاوکردۆتەوە و داوای کردووە کە ئەو ماڵە هەژار و دەستکورتانە شوێنەکە چۆڵ بکەن و ئەمان بیڕۆخێنن و پڕۆژەی دیکەی لێ بنیاد بنرێت، لە نامەکەی حەمە بچکۆلدا بە قووڵی باری دەروونی و ڕۆحی کەسە هەژارەکان وێنا کراوە کە لە سیستەمی چینایەتیدا هەژارەکان هیچ مافێکی ژیانیان نییە و هەموو شتێک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداراندایە.

هێدی هێدی بەدەم خوێندنەوەی چیرۆکەکەوە خوێنەر تێدەگات کە نووسەری نامەکە کەسێکە کاتی خۆی کرێکاری بیناسازیی بووە و لە یەکێک لە باڵەخانە بەرزەکانی تارانی پایتەختی ئێران کەوتووەتە خوارەوە و تووشی ئیفلیجی بووە، ئیفلئج بوونی نووسەری نامەکە دەبێتە هۆی ئیفلیج بوونی کۆی خێزانەکە و منداڵەکانی و هاوسەرەکەی پەراگەندەی بازاڕ و کۆڵانەکان دەبن بۆ سواڵکردن تا نانێک پەیدا بکەن و نەمرن لە برساندا، حەمە بچکۆل سەرەتای ئیفلیج بوونەکەی کە لە لایەن خاوەن کارەوە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت، دەکەوێتە هەڕاجکردنی کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکەی و ئومێدەوار دەبێت بەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر پێیەکانی خۆی دەوەستێت و دەکەوێتەوە کارکردن و قەرەبووی ژیانی کولەمەرگی ئەو ماوەی خێزانەکەی دەکاتەوە، بەڵام دواتر تێدەگات کە هیچ هوایەک بۆ باشبوون نییە.

ماڵ و خێزانی حەمە بچکۆل، لە گەڕەکی مەجبوراوا، ناچارترین ژیانێکە کە تەنها لەبەر زیندوو مانەوە لەوێن، دەنا هیچ مەرجێکی ژیان و ئەمنیەت و تەندروستی تێد نییە، ژنەکەی لە مەزرا و کێڵگەکان کار دەکات، کچ و کوڕکەشی لەگەڵ خێڵە قەرەچەکاندا فێری سواڵ دەبن و بە ناچاری واز لە خوێندن و قوتابخانە دەهێنن، بەڵام شارەوانی چاوی بڕیوەتە ئەو (کونە سەگە) و خەڵکە هەژار و بێ خانەولانەکە بە ئاژاوەگێڕ و داگیرکەری موڵکی گشتی تاوانبار کردووە.

لەم چیرۆکەدا نووسەر بە شێوەیەکی قووڵ و ورد وێنای ئەو نائومێدییەمان بۆ دەکێشێت کە مرۆڤ لە سیستەمی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی چینایەتیدا تووشی دەبێت، نامۆییەک کە لە هیچ جۆرە نامۆییەکی دیکە ناچێت، دیمەنی ئەو منداڵە چڵکن و برسیانەمان پیشان دەدات کە دوور لە قوتابخانە و خێزان، لە بازاڕێکی بێ ڕوحمدا گەورە دەبن، وەرگرتنی پەروەردەی بازاڕ و گەورەسالارەکانی کۆمەڵگە لە لایەن منداڵە هەژارەکانەوە، هەم داهاتووی مرۆڤەکان، هەم کۆمەڵگەش دەخاتە بەردەم مەترسییەوە و نەوەیەکی ناتەندروست بۆ داهاتووی کۆمەڵگە گەورە دەبن، لە بازاڕدا منداڵان کە خاوەنی هیچ شتێک نین، نە هێز و نە سەرمایە، دەبنە ئامڕازێکی خۆشدەست بۆ بەرژەوەندیی گەورەکان و دوا جار کەسانی شەڕانی و توندوتیژ و قومارچی و درۆزنیان لێ دەردەچێت، کە ڕەنگە پێش خێزانەکانیان، خودای خۆیان باجی سەخت لەسەر لادانەکانیان بدەن.

بە گشتی سەرجەم چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە جوان و سەرنجڕاکێشن، لێ چیرۆکی (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان) ڕەهەندی زیاتری هەیە و دەکرێت گرنگترین و بنچینەییترینیان ڕەهەندی پەروەردەیی بێت، کە دواتر بێمنەتیی دەسەڵات و دڵڕەقی کۆمەڵگەی چینایەتیشمان پیشان دەدت.

ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی چیرۆکەکان، بە دڵنیاییەوە خوێنەر خۆی لە ساتی خوێندنەوەیاندا بەر قوڵایی و مەودای جوانیی پتر دەکەوێت.

ناردن: