ماڵێک بە لێژەبانی سوور

گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ
یەکێکی تر لە کتێبە دانسقە و جوانەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بریتییە لە کتێبی (ماڵێک بە لێژەبانی سوور) کە لە لایەن نووسەر و وەرگیڕ (جەبار سابیر) کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و بە کوردییەکی جوان و سادە و بێ گرێ وگۆڵ کردوویەتی بە کوردی، ئەم کتێبە بە ڕووکەش وا دیارە گفتوگۆیەکی ئاسایی بێت لە نێوان دوو هونەرمەنددا کە هەر یەکەیان لە بوارێکی جیای هونەریدا کار دەکەن و ناو و ناوبانگی خۆیان هەیە، کە ئەوانیش هەر یەک لە گەورە سینەماکاری ئێرانی(عەباس کیاڕۆستەمی) و گەورە هونەرمەندی شێوەکار (ئایدین ئاغداشلۆ)ن، بەڵام لە ڕاستیدا خودی کتێبەکە و گفتوگۆکان و شێوازی داڕشتنەوە و تەکنیکی گێرانەوەکان کتومت لە ڕۆمانێکی دیکۆمێنتیاری دەچێت، لەوە دەچێت کەسێکی شارەزای بواری گێڕانەوە بە شێوەیەکی جوان و فەنتازی مێژووی شەست ساڵەی ئەو دوو هونەرمەند و هاوڕێی تەمەنەمان بۆ بگێڕێتەوە، چیرۆکی مندڵی و ڕۆژگاری قوتابخانەی سەرەتایی و ئاشنایی و تێکەڵبوون و کارە هاوبەشەکانیان بوونەتە وێنەیەکی دەگمەنی ئەو گێڕانەیە و خوێنەر بە کۆمەڵێک ڕووداو و بەسەرهات و ئەزموون و پەند ئاشنا دەکەن.
بێگومان ئەزموونی ژیان و داهێنانی هەر یەک لەو هونەرمەندە مەزنانە بۆ ئێمە بەها و سەنگ و گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئازار و برین و سەرما و گەرما و دڵشکان و نەبوونی و ئالەنگارییەکانی ژیانیان تێکەڵ بە دنیای هونەر و مەعریفە و ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و ناسکێتییەکی شاعیرانە کردووە، عەباس کیاڕۆستەمی ناوێكی تەواو ئاشنایە لە دنیای ئێمەدا و بە هۆی فیلم وکارە سینەماییەکانییەوە بووتە بەشێک لە جوانبینینمان و بە فیلمەکانی تووشی ڕامان و سەراسیمەی کردووین، ئایدین ئاغدالۆش بە هەمان شێوە کە جگە لەوەی گەورە نەقاشێکی ئێرانییە، هاوکات نووسەرێکی داهێنەریشە لە بواری نووسینی فیلمدا.
وتووێژەکە لە لایەن (مەرجان سائیبی) ئەنجام دراوە، شێوازی وتووێژەکە و دارشتنەوەی زۆر دوورە لەو جۆرە وتووێژە دووبارە و تەقلیدی و ساردانەی کە تاکو ئێستا بەرچاومان کەوتوون، لێرەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک سیناریۆ بۆ فیلمێک داڕێژرابێت، سیناریۆ بۆ دانیشتن و وتووێژەکە دانراوە، پێشتر چەند جارێک قسەی تێدا کراوە و ژوان دانراوە، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت کارەکە سەری نەگرتووە و هۆکارەکەشی خراوەتە ئەستۆی خەمساردیی و بێموبالاتی عەباس کیاڕۆستەمی، سەرەنجام ئەو ڕۆژە دێت کە لە گەلەرییەکەی ئایدین سێ قۆڵی کۆببنەوە و دەست بە وتوێژەکە بکەن، وەک مەرجانی ڕێکخەری گفتوگۆکە دەیگێڕێتەوە بیرۆکەی سەرەتایی ئەم گفتوگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە هەستی کردووە عەباس کیاڕۆستەمی ئایدین ئاغداشلۆ هاوپۆلی قۆناغی خوێندنی ناوەندی بوون، مەرجان داوا لە ئایدین دەکات داوەتی کیاڕەۆستەمی بکات بۆ ماڵەکەی و ئەویش بەوپەڕی خۆشحالییەوە ڕازی بوو، کیاڕەۆستەمیش داوەتەکەی ئەوی قبووڵ کرد، بەڵام بەرهەمی ئەم دیدارە لەوە لەوە پێشبینیکراوتر بوو کە وێنای کردووە، چونکە گفتوگۆیەکی دوور و درێژی لێ بەرهەمهاتووە و وەک مەرجان خۆی ئاماژەی پێ دەدات بەشێکی ئەم وتووێژە ساڵی١٠١٤ لە ساڵنامەی (شەرق)دا بڵاوبوەتەوە، بەڵام بە هۆی دوورودرێژی وتووێژەکەی نێوانیانەوە، کیاڕۆستەمی پێشنیاری کردووە و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاوبێتەوە، دیارە هەر خۆیشی واتە عەباس کیاڕۆستەمی پێشنیاری بۆ مەرجان کردووە کتێبەکە لەژێر ناوی (ماڵێک بە لێژەبانی سوور)دا بڵاوبێتەوە.
عەباس کیاڕۆستەمی لەم وتووێژەدا سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت دەدوێت کە گرنگترینیان بریتین لە یادەوەرییەکانی قۆناغی منداڵی و باوکی، هاوکات کاریگەرییەکانی شیعر لەسەر ژیانی تایبەتی و فیلمەکانی.
ئایدین وەک ئەوەی دەمێک بێت چاوەڕێی ڕۆژێکی وەهای کردبێت لەگەڵ عەباس کیايۆستەمیدا دابنیشن و وتوێژێک سەبارەت بە ڕابردووی خۆیان بکەن، بە شەوقێکی کەموێنەوە باس لەوە دەکات کە چەند جارێک بە عەباس کیاڕۆستەمییان گوتبوو کارێک بکەین لەگەڵ ئایدین گفتوگۆیەک بکەیت، بەڵام دیارە کیاڕۆستەمی خۆی لەم بابەتە دزیوەتەوە و ئامادەی ئەو کارە نەبووە، بە گوتەی ئایدین عەباس کیاڕۆستەمی بیانووی ئەنجام نەدانی وتووێژەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پێی وا بووە ئایدین گفتوگۆکە بە ئاڕاستەی باسکردن لە هونەردا دەبات: من حەوسەڵەی ئەوەم نییە!
ئایدین باس لەوە دەکات کە ئەم چیرۆکە ماوەیەک مایەوە تا ئەو کاتەی دیسان داواکە خرایەوە ڕوو و ئیدی دواجار بەپێی پلان و ئەو ڕێکەوتەی دایان نابوو لە گەلەرییەکەی ئایدین یەکدی دەبینن و جوانترین وتووێژ دەبێتە بەرهەمی ئەو دانیشتنەیان، هەر وەک (جەبار سابیر)ی وەرگێڕی کتێبەکە لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی پێ داوە خوێندنەوە و گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە، ئەم دوو هونەرمەندە گرنگ و کاریگەرەی ئێرانی هاوچەرخ، زۆر بە سادەیی و بێ ڕتووش باسی ژیان و قۆناغەکانی ژیانیان دەکەن: ئەوەی چۆن خۆیان پێگەیاندووە و بوونەتە ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەیش وەک کورد بێین سەیری کارەکانیان بکەین و سوودیان لێ وەربگرین و سەرسام بین پێیان.
مەرجان لە دەستپێکی دانیشتن و گفتوگۆکەیاندا باس لەوە دەکات کە هەموو شتێک لە خوێندنگەی ناوەندیی (جەم قولهە)کەوە دەستی پێ کرد، لەو کاتەدا کە ئەو باسی کردووە ڕێک شەست ساڵ پێش دانیشتن و وتوویژەکەیان بووە، لەو کاتەدا هەر دووکیان واتە عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین تەمەنیان سیازدە ساڵان بووە، یەکێکیان شەڕانی و سەر بە گێچەڵ، ئەویتریش هێمن و گۆشەگیر: ژیان بۆ ئەوان پێکەنی، عەباس کیاڕۆستەمی لووتکەکانی فیلمسازیی دنیای تەی کرد، خەڵاتگەلی گەورەی لەگەڵ خۆیدا بۆ ماڵەوە هێنایەوە و بە نیگایەکی ڕازاوی، کە لەودیو ئەو چاویلکە ڕەشەوە شاردرابووەوە، مانای بەخشییە کادێری وێنەگرانی جیهان، ئایدین ئاغداشلۆ، پانتاییب بوومی هەڵبژارد و جیهانی ڕابردووەی لە مانایەکی هاوچەرخدا ڕەنگ و شێوەی پێ دا و کارە هونەرییەکانی ڕاڤە کردن و ڕوونی کردنەوە، هەر کامیان چوونە شوێن خەونی تایبەتی خۆیان و گۆڕان بۆ هونەرمەندانێکی خۆفێرکەر.
مەرجان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئایدین ئاغداشلۆ ماوەیەک بەر لە شۆڕش، لە مۆزەخانەی ڕەزا عەباسی سەرقاڵ بووبوو، عەباس کیاڕۆستەمیش لە کانوونی پەروەردەکردنی فکری منداڵان و نەوجەواناندا فیلمی دروست دەکرد، ئەوان بە یارمەتیی ئەزموونی بەرجەستەی نەداری، فێر بووبوون بەڕەیان لە ئاو دەربکێشن: ئەم گفتوگۆیە گەڕانەوەیەکە بۆ ڕابردوو و هەڵدانەوەی پەڕەکانی ڕۆژگار، گفتوگۆیەکی نەناسراو، کە لە پەنا دێڕەکانیەوە هەندێک جار تەنانەت وەڵامی ئەو پرسیارانەشیان داوەتەوە کە نەپرساون، پرسیارگەلێکی بێ وەڵامیشیان لە زەینی ئێمەدا دانا.
هەر یەک لە بەشەکانی ئەم گفتوگۆیە ناونیشانێکی تایبەت و سەربەخۆی هەیە کە بریتین لە: چاوەڕێی دەنگی پێی بووم، یارانی ڕازی، پلانگەلێک لە منداڵی، خەڵکانی هیچ لەباردانەبوو بە خۆشیگەلی بچووک، بە خودای نەناسراو، هاوزایی لەگەڵ ڤانگۆگدا، چۆن ئێمە نەبووینە چەپ، دە،مانویست ببینە شتێک، خەڵوەت و داهێنەری، ڤایرۆسی کۆمەڵ، لە ئایدینەوە بۆ ئایدین، پاش گفتوگۆ، فیلمناسیی عەباس کیاڕۆستەمی.
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێنەر تە خۆیان لە چێژ و جوانیی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن و بیخوێننەوە، بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە ئەزموونی ژیان و ڕابردوو و قۆناغەکانی شەست ساڵ لە تەمەن و داهێنانی دوو گەورە هونەرمەند ئاشنا دەبیت، جوانیی ئەم گفتوگۆیە لەوەدایە کە ڕووبەڕوو ئەنام دراوە و پرسیار لە هەر کامیان کرابێت ئەوی دیکەشیان وەڵامی داوەتەوە، چونکە ئەم دوو کەسایەتییە هونەرییە زۆر باش ئاگایان لە ژیان و بەرهەم و داهێنانی یەکدی هەبووە، پێکەوە لە ناوەندییەوە ژیاون تا قۆناغی زانکۆ و گەیشتن بە دوایین لووتکەکانی داهێنان و سەرکەوتن.

ڕانانی: سەردەم