کارێکی ژەهراوی؛ ئەمریکا و عێراق و گازبارانی هەڵەبجە

ئەم کتێبە بابەتێکی مێژووییە و لە لایەن نووسەرێکی خۆرئاواییەوە سەبارەت بە قووڵترین برینی نەتەوەییمان نووسراوە کە ئەویش گازبارانکردنی شاری هەڵەبجەیە لە ساڵی ١٩٨٨دا، نووسەری ئەم کتێبە (یوست هیڵتەرمان)ە و لە محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، لە زمانی ئینگلیزییەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەم بابەتە مێژووییەی نێو دووتوێی ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەیەکی هاکەزایی ئەو تراژیدیا نەتەوەییە نییە کە بەسەر شاری هەڵەبجەدا هاتووە، بەڵکو لە پەنا لۆژیکییە مێژووییەکەشدا بە شێوەیەکی مەیدانی شرۆڤەی دۆخەکەی کوردووە و ئەو هەلومەرج و زەمینە و هۆکارانەی باس کردووە کە تیایدا جینۆساید ئەنجام دراوە، بە تایبەت بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان لەو ڕۆژگار و قۆناغەدا کردووە، کتێبەکە دابەش کراوە بەسەر چەندین بەش و تەوەری جیاجیادا لەوانە: ململانێ و دەمەقاڵێ لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا، پەڕینەوە لە دەروازەی کیمیایی، یەکەمین هێرشی تۆمارکراوی گازی خەردەل، یەکەم شەڕگە لە جیهاندا کە دەمارەگاز بە کار بێنێت، کاردانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ناوبڕی کیمیایی، هێرشی گاز بۆ سەر کوردەکانی ئێران، پەرەسەندنی یاخیبوون لە کوردستانی عێراقدا، چەرخی دەسەڵاتی عەلی کیمیایی، کاریگەری ڕەوشی هەڵەنجە، بەکارهێنانی گاز بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ، سازدان و ساغکردنەوەی بەڵگە، قەدەغەکردنی جینۆساید، کورد و بوژانەوەی ناسیۆنالیزم و چەندین بابەت و بەش و تەوەری دیکە کۆی لێکۆڵینەوە مێژووییەکەی ئەم نووسەرە ڕۆژئاواییە پێک دەهێنن.
لە مارتی ساڵی ١٩٨٨ دا و لە دەمی جەنگی ئێران- عێراقدا، لە هێرشی کیماییدا بۆ سەر هەڵەبجە هەزاران کەس کوژران، لە گەرماوگەرمی ئەو ترس و تۆقین و شڵەژانەی بەدوایدا هات و کەوا کێ ئەم هێرش و پەلاماردانەی ئەنجام داوە، هەر لایە ئەویتری تۆمەتبار دەکرد لە بەردەوامبوونی کوشتاری جەنگدا، بەڵام هەر کە تەمومژەکە ڕەوییەوە، بەرپرسیارێتی ڕژێمەکی سەدام حسێن ئاشکاربوو، لەگەڵ پشتیوانی بێدەنگیی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان بۆ عێراق، ئەم کتێبە کە لە لایەن چاودێرێکی بەئەزموونی مافەکانی مرۆڤەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەیەنبجام گەیشتووە، چیرۆکی گازبارانی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن عێراق توانیویەتی پیسترین چەکی کیمیایی پەرە پێ بدات و سەربازەکانی ئێران وگوندە کوردەکانی پێ بکاتە ئامانج و ئەمریکاش چاوپۆشی لێ بکات. نووسەری ئەم کتێبە توێژەر و ئاگادارێکی ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە کاتێکدا خەریکی شیکاریی ئەم کتێبە بوو، وەک بەڕێوەبەری بەشی چەکداریی هیومان ڕایتس وۆچ کاری دەکرد، ئێستاش جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا.
وەک وەرگێڕی کتێبەکە ئاماژەی پێ کردووە، نووسەری ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە، شارەزای دەرد و مەینەترییەکانی کوردە و پێش نووسینی ئەم کتێبەش لەسەر تاوانی گازبارانی هەڵەبجە لەگەڵ تیمێکی کارامەی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕۆڵی سەرپەرشتی بینوە و ماوەیەکی زۆریان لە کوردستانی دوای ڕاپەڕیندا بەسەر بردووە بۆ کۆکردنەوە و تاوتوێکردنی وردەکاری لەسەر تاوانی ئەنفال و ئەنجام لە ساڵی ١٩٩٣ دا ڕاپۆرتە کتێبێکی ئاستبەرزی لێ هاتە بەرهەم بە ناوی (جینۆساید لە عێراق)دا.
خودی نووسەری کتێبکەش لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئەوەی نەشاردوەتەوە کە ئەم کتێبەی بە دڵساردییەکی زۆرەوە نووسیوە، ؛لەبەر ئەوەی کتێبێکی پێشتر کەوا بەشێکی باشی لێکۆڵینەوەی بۆ کردبوو بە ناوی (تاوانی جینۆسایدی عێراق: پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد) لە لایەن چاودێری مافی مرۆڤەوە هیومات ڕایتس وۆچ بڵاوکرایەوە لە ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا و ئەوروپا بایەخێکی کەمی پێ درا: کاتێک لە ساڵی ١٩٩٣ دا بڵاوبووەوە، من نەمتوانی لەوە تێبگەم بۆچی کتێبێک کە تاوانی جینۆسایدی بە دیکۆمێنت کردبێت، نەیتوانی هەستی خەڵک بوروژێنێت، ئەمە لە کاتێکدا کەوا گرنگیەکی زۆر درابوو بە جینۆسایدەکانی پێشتر، بە تایبەت هۆلۆکۆست کە لەناوبردنی بەکۆمەڵی جووەکانی ئەروپا بوو.
نووسەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەم سەروبەندەدا ناوێک هاتە ئاراوە، ئەویش (هەڵەبجە)بوو، کە شوێنێکە کەس نەیبیستبوو، بەڵام وا باس دەکرا گوندێکە لە هەرێمی کردەکانی عێراقدا، ڕاستییەکەی ئێرە شارۆچکەیەکی گەورە بوو و بە کۆمەڵگەی نیشتەجێی دانیشتوانی گوندە وێرانکراوەکان دەورە درابوو، ئەو دەمە تەلەفزیۆن کەوتە کەوتە پیشاندانی دیمەنی ترسناک لە شوێنی کارەساتەکەوە: لاشەی ژن و منداڵ لە پشتی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری پیکابەوە بەسەر یەکدا کەوتبوون، هەر وا تەرم بوو لە دۆڵ و شیوی نێو چیاکاندا پەرتوبڵاو کەوتبوو، هەندێک لەم وێنە و دیمەنانە دواگتر دەبنە هێما و سیمبوڵ لە کوردستاندا، بەڵام لە شوێنانی تر زوو بیرچوونەوە.
نووسەری کتێبی کارێکی ژەهراوی لەو پێشەکییەدا کلە خۆی نووسیویەتی دەڵێت: بەم جۆرە و هەش ساڵ لە پاش یەکەم پەردەهەڵماڵینم لەسەر تراژیدیای کورد، جارێکی دی کەوتمەوە کار بۆ تیشک خستنە سەری زیاتری ئەم کێشانە و تاوتوێکردنی ئەو بارودۆخەی هەڵەبجە ئەنفالی بەرپاکرد و وەستان لە ئاست بەشێلک لەو هەڵاوبگر و مشتومڕانەدا کە ڕاستەوخۆ لە دوای دەرکەوتنی یەکەم دیمەنەکان لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بوون بە گێژەنگ و پێش ئەوەی جیهان ڕوو وەربگێڕێتە سەر مەسەلەکانی تر.
بە گشتی دەتوانین ئەم کتێبە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و ڕاستگۆ و پڕ لە زانیارییەکان چاو لێ بکەین کە تاکو ئێستا لەسەر جینۆسایدی کورد بە تایبەتی و گازبارانکردنی هەڵەبجە نووسرا بێت، کتێبەکە تژییە لە وردەکاری و کنە و بەدوداچوون و ساغکردنەوە، نووسەر بە شێوەیەکی مەیدانی گەڕاوە و پرسیاری کردووە و شوێن سەرەداوی ڕاستییەکان کەوتووە، ئەوەی پێشتر نەزانراوە ئەم پەردەیان لەسەر هەڵدەماڵێت و ئاشکرایان دەکات، بێگومان کە کتێبەکە دەخوێنینەوە ئینجا تێدەگەین و دەگەین بەو ڕاستییەی کە نووسەر لەخۆوە دەرستی نەداوەتە وەها کارێکی تاقەتپڕوکێن، بەڵکو لە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و چڕ و پڕ مەعریفەوە سەرچاوەی گرتووە، جوانیەکەشی لەوەدایە کە بێ ترس و سڵەمینەوە ڕاستییەکانی وتووە و بێلایەنانە لایەنی تاوانبار و شەڕکەر و هاوپەیمانان و ئەوروپا و خۆرئاواشی خستووەتە ژێر نەشتەری ڕەخنە و بێدەنگی ئەوانی لەو ڕۆژگار و دۆخ و قۆناغەدا بە شتێکی مەترسیدار وەسف کردووە.
ئەم نووسینە هەوڵێکی خاکەڕایانە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگ و بە بەهایە، بێگومان خوێنەری ژیر و وریا بەر قووڵایی و زانیاری و پانتایی فراوانتر دەکەوێت لەم کتێبەدا، چونکە لە لایەکەوە برینەکانی سەرجەستەی خۆمانمان پیشان دەدات، لە لایەکی دیکەوە ڕاتگۆیانە بۆ ئەو مێژووەمان دەگەڕێنێتەوە کە لە دنیای ئێستادا و بە هۆی سەرختی ژیان و نالەباری ڕۆژگار و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانەوە خەریکە ئەو مێژووەمان بیر دەچێتەوە و بێدەربەستانە باز بەسەر ئازار و غەم و تراژیدیاکانی خۆماندا دەدەین، جێ خۆشیەتی سوپاس و ستایشی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا (محەمەد حەمەساڵح تۆفیق) بکەین کە بەو کوردییە شیرین و شارەزاییە بێوێنەی خۆیەوە، توانیویەتی ئەم کتێبە قورسەمان بۆ ئاسان بکات و ئەو بۆشاییە گەورەیە لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە کە نەبوونی سەرچاوە وکتێبی تایبەت بە جینۆساید دروستی کردووە، ئەمە وێرای ڕێز بۆ ئەو هەوڵەی لێرەولەوێ چەند نووسەر و لێکۆڵیار و دڵسۆزێکی کورد ئەنجامیان داوە.
ڕانانی: سەردەم