دەربارەی كتێبی بابە تیرۆریزم چییە؟
کتێبێک بۆ تێگەیشتن لە تیرۆریزم.
دەربارەی كتێبی بابە تیرۆریزم چییە؟
تاهیر بن جەللون
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
ڕانانی: حسێن لەتیف
چاپ و بڵاوكردنەوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
هەر کاتێک کۆمەڵگەی فەرەنسی تووشی قەیران ببێت، ئەوا هاوڵاتیانی فەرەنسا دەگەڕێنەوە بۆ سەرخوێندنەوەی دەقە مەزنەکانی ڤۆڵتێر و مۆنتیسکۆ و ڕۆسۆ. لەسەروەختی ڕووداوی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەی شارلی ئیپیدۆ، گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی ڤۆڵتێر بەناونیشانی “باسێک لەبارەی لێبوردنەوە.”، لەهەفتەی یەکەمی ڕووداوەکەدا 600هەزاردانەی لێفرۆشرا.
لەسەوەختی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانی “تاعون”نزیکەی 120هەزار نوسخەی لێفرۆشرایەوە. گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی دەقە مەزنەکان لەپێناو دووبارە پشکنینەوەی چەمکەکاندا دەکەن. گەڕانەوە بۆ دووبارە خوێندنەوەی کتێبەکەی ڤۆڵتێر لەو ئانوساتەدا، پشکنینی تێگەشتنە کولتووریەکانی کۆمەڵگەی فەرەنسییە
لە بارەی قبوڵکردنی جیاوازی و پێکەوەژیانەوە. کتێبی بابە تیرۆریزم چییە؟ هەوڵێکی گرنگ و خاکەڕایانەی نووسەری فەڕەنسی؍ مەغریبی بەڕەچەڵەک مسووڵمان تاهیر بن جەلونە، ئەم نووسەرە گرنگی بە کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخی عەرەبی و مسوڵمان دەدات، لە هەریەک لە ڕۆمانەکانی وەکو “ئەو تاریکیە درەوشاوە”،”کەسێتی تێک شکاو”،”مناڵی لم””شەوی قەدر” کار لەسەرقەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی مرۆڤی عەرەبی دەکات، لە هەمووشیاندا ستەمکاری عەرەبی و عەقڵی خێڵ بەرپرس دەکات لە ئاریشەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی.
لەم کتێبەدا، کە لە شێوەی دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ، لە نێوان خۆی و کچەکەیدا، قسە لەسەر پرسی تیرۆر لە جیهاندا دەکات، ڕەگ و ڕیشە کلتوورییەکانی تیرۆر شیدەکاتەوە. لەڕێگای باس کردن لە تیرۆرەوە باسی قەیرانگەلی کۆچ و وێنە نادروست و شێواوەکانی هەریەک لە ڕۆژئاوا بۆ ئیسلام و شکسی عەقڵی دۆگمای ڕێکخراوە ئیسلامی و جییهادییەکان لە بەرخوردکردن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکات.
تاهیر بن جەلون، بەبێ کردنەوەی دەمی کتێبە گەورەکان لەبارەی تیرۆر و مێژووی تیرۆریزمەوە، بەبێ خۆ قەرەباڵغکردن بە چەمک و پێناسە و ڕاڤەکردنی زاراوە فەرهەنگییەکانەوە، تێگەیشتنی خۆی بۆ تیرۆر و پەیوەندی ئیسلام بە تیرۆرەوە دەخاتەڕوو. لە گفتوگۆی نێوان باوک و کچدا، کچە بە پرسیاری سادە بەڵام زیرەکانە باوکی ناچاردەکات گێڕانەوەیەکی مێژووی ئیسلام بکات و پەیوەندی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و گەڕانەوەیان بۆ هەندێک لە دەقە قورئانیەکان ڕاڤە دەکات، نووسەر بەردەوام لە هەوڵی دیاریکردنی ڕەهەندە مێژووییەکانی ئەو دەقانەدایە کە ڕێکخراوە جیهادییەکان شەرعیەتی لێوەردەگرن، تاهیربن جەلون بەم کارەی دەیەوێت تێگەیشتنێک بۆ ئیسلام دروستبکات لە ڕەوتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی خۆیدابێت و شەرعیەت لە ڕێکخراوە جیهادیەکان دابماڵێت، لێرەو لەوێش باس لە توندوتیژی ئاینی مەسیحی و جولەکەش دەکات ،ئەو پێی وایە هیچ ئاینێک خاڵی نییە لە توندو تیژی، نموونەی زیندویش لە هەموویان لە مێژووی نزیک، زۆر نزیکدا دەهێنێتەوە.ئەمەش حەقیقەتێکەو خوێندنەوەی مێژووی ئاینەکان ئەوەمان پێدەڵێت.
جوانی ئەم کتێبە لە وەدایە سنوورە کاڵەکانی نێوان تێرۆر و توندو تیژی، بەتایبەتی توندوتیژی بەرەنگارییانە لێک جیادەکاتەوە، تاڵەموویەک کردەوەی شۆڕشگێڕانە لە کردەوەی تیرۆریستی جیادەکاتەوە.
لە ڕێگای ئەم کتێبەوە باسێکی ورد لەسەر بەرکەوتنەکانی ژیاری ئیسلامی و کۆمەڵگەی فەرەنسیەوە دەکات، قەیرانەکانیش هەردووبەرە بەرپرسن لە خولقاندنیدا، چونکە بەشێکی زۆری ئیسلامییەکانی فەرەنسا توانای هەزمکردنی عەلمانیەتیان نییە و هەمیش بەشێکی زۆری فەرەنسییەکان پێیان وایە هەموو عەرەبێک دەشێت لە ساتەوەختێکدا بێت بە تیرۆریزم. خێزانە مسوڵمانەکان لەوێش خەریکی مومارەسەکردنی هەژموونی نێرسالارین و ڕێگا لە ژن وکچیان دەگرن بچنە سینەما و شانۆ، ئەمەش پێچەوانەی بەهاکانی کۆمەڵگەی فەرەنسیە کە لەساڵی 1905ەوە بوون بە خاوەنی دەوڵەتی عەلمانی و لەبری خێڵ وخێزان ،گرنگی بە تاک و ئازادییە کەسییەکانی دەدات. بن جەلون ئەوەشی لەبیرناچێت ڕۆژهەڵاتناسەکان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە ناساندنی ڕۆژهەڵاتدا، نموونە لە ماسینیۆن دەهێنێتەوە کە گرنگترین لێکۆڵەرە لەبواری شیعرەکانی حەلاجدا.
کتێبی بابە تیرۆریزم چییە، کتێبێکە پێویستە لەگەڵ هەر ڕووداوێکی تیرۆریستیدا ئێمە بیخوێنینەوە.چونکە کۆمەڵگەی ئێمەش بە دەست زیاد لە ڕێکخراوێکی سیاسی دینییەوە و دەسەڵاتێکی ستەمکارەوە دەناڵێنێت.کووشتن بە بیانووی باوەڕ و ئایدۆلۆجیاوە ،کووشتن لەسەر جیاوازژیان لە هەڵکشاندایە، بۆ تێگەیشتن لە تیرۆر بە زمانێکی سادە، دەبێت بیخوێنینەوە. من خوێندمەوە، بەهیوام ئێوەش خوێنەری بن.