کنوت هامسوون و رۆمانى پان

Loading

کنوت هامسوون و رۆمانى پان

رانانی: ئاکۆ کەریم ماعروف

 

یانەى کتێبى نەرویجى ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە (پان) لە میسۆلۆجیاى یۆنانیدا خوداوەندى کێوو دارستان و وروژاندنى ئارەزووە، ئەم خوداوەندە تەنیاو رەوەند بەنێو سرووشتى ئازاددا دەگەڕێ و بە تاسەوە لەنێو چیاو چۆڵ و دارستاندا برەو بە گیان و ئاوەزى خۆى دەدات و فلووت دژەنێت.

ئەم خوداوەندە تەنیاو چۆڵنشینە هێندەى پەتاى تاعون لە مێرگ و مەزراى دەستکردى مرۆڤ، لە کۆمەڵگە، لە مرۆڤە نیشتەجێبووەکان و دابونەریتەکان دەترسێت.

 لەبارەى ئەم رۆمانەوە یانەى کتێبى نەرویجى دەڵێت( لەنێوان سروشتى (پان) و ئەفسەر گلان لێکچونێکى زۆر هەیە، هاوینى ساڵى 1855لە باکورى نەرویج بە تەنیا لە کوختێکدا ژیان دەگوزەرێنێت، کە لە دارستانە بەرینەکان و چیاى بڵندو دەریاى بێسنوورەوە نزیکە، لەو شوێنەشدا هەست بە هاودەمی و هاوئاهەنگى هەستە سرووشتییەکانى دەکات، ئەفسەر گلان بەختەوەرە بە گەڕان بەنێو دارستان و چۆڵەوانیدا، بە تفەنگ و سەگەکەى کە ناوى ئیزۆپە، بەڵام ئەم راوچییە چست و چالاکە لەگەڵ خەڵ و کۆمەڵگەدا بچووکدەبێتەوە بۆ تاکێى راڕاو راوەدوونراو.

کورتەیەک لە رۆمانى (پان)

رۆژێک بە رێکەوت کچۆڵەیەک بەناوى ئیڤاردا دەبینێ و لە رێگەى هەستەکانییەوە بۆ ئیدڤاردا، گلاند لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەئاڵێت، کە ئەو بە هەموو شێوەیەک دەخوازێت لێیان دووربێت، خۆشەویستییەکەى گلان و ئیدڤاردا هەم ئاوێتەو هەم پێکدادانیشە.

لەم رۆمانەدا وێناکردنى وردەکاریى و توێژینەوە لەژیانى رۆحى بوونى نییە، شکۆمەندى پان لە بەرهەمهێنانەوەى کەشى ساتەوەختەکاندایە، ئەمەش دروست وەک خۆى لە گێڕانەوەو وێناکردنێکى مرۆییانەدا لەدواى خوێندنەوە هەستیپێدەکرێت. لەم رۆمانەدا سروشت هیچ ئازارێک بە کەس ناگەێنێت، بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن دەتبەنە ناو باوەشى کۆلێک لە ئێش و ئازار.

کورتەیەک لە ژیانى کنوت هامسوون

ساڵى 1859لە (گارمۆترێیەت) لە (لووم) لەناو خێزانێکى جووتیار لەدایکبووە، لە سەردەمى لاوێتیدا چەندین کارى جۆربەجۆرى کردووە، وەک فرۆشیارى گەڕۆک، پینەچێتى، دوکاندارى، مامۆستایی و کرێکارى رێگەوبان. ساڵى 1882 کنوت هامسوون دەچێت بۆ ئەمریکاى باکور و لەوێ وەک کرێکارى کێڵگە، رۆژنامەنووس، سەرپەرشتیارى ترامواى کاری کردووە، پاش دوو ساڵ مانەوەى دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتى نەرویج، لە تەمەنى سی ساڵیدا رۆمانى (برسێتى) دەنووسێت، نووسینى ئەم رۆمانە موژدەیەک بوو بۆ قۆناغێکى نوێ لە ئەدەبی نەرویجیدا. لە جەنگى جیهانى دووەمدا ئەڵمانیاى نازى وڵاتى نەرویجى داگیرکرد، هامسون بەنووسین و بڵاوکراوەکانى هەڵوێستى روونى هەبوو بەرامبەر بەو داگیرکارییە، دواى جەنگ بەتاوانى خیانەتکردن لە نیشتیمان دادگاییکرا. ساڵى 1952دواى ئەوەى ژیانى لە کەشێکى تەنیاو دابڕاودا بەسەربرد، هەر لەو ساڵەدا مەرگ کۆتایی بە ژیانى هێنا. کنوت هامسون ساڵى 1920 خەڵاتى نۆبڵ ى پێبەخشراوە، رۆمانى(بەرووبوومى زەوى) لە باشترین رۆمانەکانى ( برسێتى) (پان) (ڤیکتۆریا) دێت کە زۆرترین خوێنەریان هەیە لە دونیادا. جێگەى ئاماژەیە رۆمانى برسێتى هەمان وەرگێر لە زمانى نەرویجییەوە وەرگێرانى بۆ کردووە، هەمان رۆمانیش لە ناوەڕاستى ساڵى شەستەکاندا کراوە بە فیلمێکى سینەمایی.

رۆمانى (پان)، کنوت هامسوون

لە نەرویجییەوە، هاودەم ساڵح جاف

چاپى یەکەم، چاپخانەى سەردەم ساڵى 2023

زنجیرەى کتێبى نۆبڵ دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم

ناردن: