تەنیایی وەک تێما خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “مەتەڵۆکەی تەنیایی”

Loading

تەنیایی وەک تێما

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “مەتەڵۆکەی تەنیایی”

خوێندنەوەی: سەردەم

ڕۆمان ئەو کەناڵ و ئیمکانە گرنگەیە کە دەتوانێت بچێتە دووتوێی پاژ و بڕگە جیاوازەکانی مرۆڤ و لەوێوە ببێتە دەرخەری ئەو دۆخانە و تایبەتمەندییەکانیان، کارێک کە ژانری ڕۆمان دەتوانێت بیکات، ڕەنگە بە زۆر ژانر و مژاری تر نەکرێ، ڕۆمان دەتوانێت ببێت بە پانتاییەک بۆ دەرخستنی خەمە گشتی و گەورەکان، هاوکات خەمە بچکۆلە و وردەکانیش هەر لە ڕێی ڕۆمانەوە دەتوانرێت نیگای ئێمە بۆ لای خۆیان کەمەندکێش بکەن و لە ڕێی ئەو ژانرەوە جارێکی تر پێشانی ئێمەی بدەنەوە و وەک گرفتێک دەربکەن. بە درێژایی مێژووی ڕۆمان ئەو باسانەی کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بوونەتە مایەی مشومڕ و قسەلەسەرکردن، نووسەران، یان باشتر وایە بڵێین ڕۆماننووسان ئاوڕیان لێ داوەتەوە و کردوویانە بە تێما و بابەتی ڕۆمانەکانیان، بێگومان بەردەوام نووسەرانی ئەم ژانرە ئەوەیان لە یاد بووە ئەگەرچی بابەتەکە بابەتی ڕۆژیش بووبێت، ئەوان ئاستی هونەری ژانری ڕۆمانیان لەپێش چاو بووە و لە فۆرم و بارێکی هونەریدا مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بابەتەدا کردووە، ئەمە پرسێکی هێجگار گرنگ بووە لە مێژووی ڕۆماندا و لای ڕۆماننووسان، بۆیە گەر ئاوڕ لەو پاشخانە دەوڵەمەندەی ئەم ژانرە بدەینەوە کە لە قۆناغی کلاسیکەوە تاکو پۆستمۆدێرن پێیدا گوزەراوە، ئەم کارلێکە لە نێوان بابەت وەک ئەمرێکی واقیعی و ڕۆمان وەک کارێکی هونەری، هاوشان هاتوون و پێکەوە یەکتریان تەواو کردووە، ئەمڕۆ ناتوانین تەنانەت یەک تاقە ڕۆمانیش لە ڕۆمانانە بدۆزینەوە کە بوون بە شاکار لە تەواوی دنیادا، هاوسەنگی نێوان ئەو دووانەیان ڕانەگرتبێت، کەوایە دەتوانین بڵێین ڕۆمان کەناڵێک بووە تا بابەتەکان بە شێوەیەکی هونەری و پڕ لە وردەکاریی، کە چاوی ئاسایی درکیان ناکات، بیخاتەوە بەردەم خوێنەران.

بابەتی “تەنیایی” لەو بابەتانەیە کە لە درێژەی ڕەوتی مێژووی ڕۆماندا زۆرترین جار ئاوڕی لێ دراوەتەوە، هەر ڕۆماننووسێک بەپێی کات و سەردەم و گۆشەنیگای تایبەتیی خۆی لەم بابەتە قسەهەڵگر و پێچاوپێچەوە دواوە و نووسیویەتی، هەندێکیان کردوویانە بە تێمای سەرەکیی کارەکانیان و هەندێکیشیان لەناو وردەکارییدا بۆ ئەم بابەتە گەڕاونەتەوە و تەوزیفیان کردووە. بە گشتی بابەتی “تەنیایی” لەو بابەتانەیە کە دەتوانرێت لە زۆرینەی ڕۆمانەکاندا بە شێوەی گشتی یان بەشەکی ببینرێتەوە، بابەتێکە بۆ هەموو سەردەم و کاتەکان. لەم ڕووەوە ڕۆمانی “مەتەڵۆکەی تەنیایی”ی نووسەر “ئەسیر عەبدوڵڵا نەشمی” نموونەیەکی تازەی ئەم بابەتەیە، کە لە ڕێی وەرگێڕی بە توانا و سەلیقەوە “هەڵکەوت عەبدوڵڵا” لە زمانی عەرەبییەوە کراوە بە کوردی و لە چاپێکی قەشەنگ و ناوازەدا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە دووتوێی  ١٧٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕۆمانەکە ئەگەرچی کارێکی سادە و ڕەوان و یەکدەستە، بەڵام هەڵگری قووڵایی و جوانییەکی دەگمەنە، زمانەکەی، مەبەست لە زمانی وەرگێراوی کوردییە، زمانێکی ناسک و زەریفە، پڕە لە جوانکاری و شیعریەت، کەم نین ژمارەی ئەو پاراگرافە پڕداهێنان و گەشانەی کە خوێنەر ڕادەگرن و وا دەکەن لەسەریان هەڵوەستە بکات و تەنانەت لای خۆیشیان بیانووسێتەوە، بێگومان بە تێکڕای هەموو ئەو وردەکاری و جوانیانەشەوە ڕۆمانێکیان پێک هێناوە کە دەتوانین بڵێین چێژی زۆر بە خوێنەرەکەی دەبەخشێت. بۆیە هەڵبژاردن و وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە جێگەی دەستخۆش و سوپاسە بۆ وەرگێڕەکەی، خوێنەری وریا بیریەتی هەر لە ڕێی ئەم وەرگێڕەوە پێشتر چەند کاری دیکەی ئەم نووسەرەی خوێندووەتەوە، بەمەش ئەسیر عەبدوڵڵا نەشمی ناوێکی ئاشنایە بۆی و شێوازە ناسک و لەبەردڵانەکەی دەناسێتەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین هەندێ لایەنی ئەم ڕۆمانە جوانە بخەینە بەر دیدەی خوێنەران و هەر لێرەشەوە پێشنیار دەکەین خویندنەوەی ڕۆمانە یەکێک بێت لە پڕۆژەکانیان، کە بێگومان لێی پەشیمان نابنەوە.

ئەم ڕۆمانە باس لە کوڕێک دەکات کە تووشبوو، یان هەڵگری بڕێک لە ئۆتیزمە، کە واتە ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دۆخێکی تایبەت ڕووبەڕووین، ئەم دۆخە لە تەواوی ڕۆمانەکەدا درێژەی دەبێت، خوێنەر بە سانایی ئەم دنیا تایبەتە دەناسێتەوە، لە نیگای دەوروبەر و خودی گێڕەرەوەی ڕۆمانەکەشەوە ئەمە بە ڕوونی دەرخراوە، نووسەر کارێکی زۆر باشی کردووە، بەوەی کە کەمترین جار هەوڵی داوە “ئۆتیزم” وەک گرفت و نەخۆشییەک پێشان بدات، بەڵکو هەوڵی داوە لە ڕێی جووڵە و دیالۆگ و ڕەفتارەوە ئەم دۆخە قەیراناوییە بخاتە پێشچاوی خوێنەر. “ئۆتیزم” دۆخێکی قورسە، ئەگەرچی چەند ئاست و شێوەی هەیە، بەڵام لە هەموویاندا ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە دەبێت ڕەچاوی دۆخەکەی بکرێت و تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. “مەتەڵۆکەی تەنیایی” بە جوانی هونەری ئەم مامەڵەکردنە بەیان دەکات، بە تایبەت لە کەسێتیی دایک و کوڕەکەدا کە “سنیان”ی ناوە، بەرکەوتنی ئەم دایک و کوڕە لەو کاتەوە کە دایک دەزانێت کوڕەکەی هەڵگری “ئۆتیزم”ە، بەرکەوتنێکی تەواو جیاوازی لەگەڵدا دەکات، کە هیچ کات لەو مامەڵەیە ناچێت کە لەگەڵ دوو کوڕەکەی تری و کەسانی تردا دەیکات، هاوکات سنیانیش بە باشی لەو مامەڵەیە دەگات و مەرگی دایکی کۆستێکی گەورە دەبێت بۆی. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی قووڵ لە پەیوەندیی نێوان دایک و کوڕ دەدوێت، پەیوەندییەک کە مەرگیش ناتوانێت درێژەدانی ڕابگرێت.

ڕۆمانەکە پڕە لە ورە و ململانێ، پڕە لە بەرەنگاری و بەردەوامیدان، هەوڵێکی گرنگە بۆ دواندنی توێژێک کە لەناو خۆیاندا ئازار دەچێژن و خەم بە کەمێتییەکەوە دەخۆن کە هەیانە، گوتاری ڕۆمانە جەختی ئەمە دەکاتەوە کە تۆ با نوقسانیشت هەبێت، بەڵام هیچت لە ئێمە کەمتر نییە و تۆیش دەتوانیت، دەتوانیت هەموو ئەو شتانە بکەی کە ئێمە دەیکەین. ئەسیر عەبدوڵڵا نەشمی کارێکی بەجێی کردووە کە هاتووە کارەکتەری سەرەکی “سنیان”ی کردووە بە نووسەر، بەوەش هەر لە دەستپێکەوە مۆری سەرکەوتنێک دەدات بە کەسێتییەک کە بە پێوەری کۆمەڵگە نەتوانە لە هەموو کردەیەک، جا چجای بگات بە کردەی بیرکردنەوە و نووسین، نووسەر لە ڕێی “سنیان”ەوە بەرپەرچی ئەو دیدە دۆگما و نەریتییە دەداتەوە و دەڵێت نەخێر، ئەم توێژەش وەک ئێمە توانایان هەیە و دەتوانن داهێنەر بن، بەشدار بن لە بەرهەمهێنانی جوانیدا. گوتاری ڕۆمانەکە زۆر ئینسانییە، هەڵنانی ئەو توێژە بۆ هەڵکشان و سەرکەوتن، لەگەڵ ئەوەشدا بە چرپە بە هەموو کۆمەڵگە دەڵێت ئاگاداری دڵی ئەم توێژە بن، ڕاستە بەو جۆرەن و وەک ئێوە ڕەنگە لە ڕواڵەت و ڕووکەشدا جوان نەبن، بەڵام جوانن لە بیرکردنەوەدا، جوانن لە ڕوانین بۆ ژیان و دەوروربەر. ئێمە لەم کارەدا چەندین جار ڕوانینی “سنیان” بۆ دنیای نووسین و بە تایبەت ڕۆمان دەزانین، ناوی چەندان نووسەر دێنە ناو قسەکانی سنیان و بۆ پاڵپشتی بۆچوونەکانی، ڕستەیان لێ دێنێتەوە، کەوایە سنیان ئەگەر هەڵگر یان تووشبووی ئۆتیزمە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە وەک ئێمە و لە ئێمەیش بەئاگاترە لە دنیای نووسین و بە تایبەت ڕۆمان، ئاخر ئەو بۆ خۆی ڕۆماننووسە و ناوێکی دیاری ئەو دنیا ئەفسووناوییەیە.

خاڵێک کە ئەم ڕۆمانە لە هەناویدا کاری لەسەر کردووە و تۆخی کردووەتەوە، ئەوەیە کە دەریبخات بەڵێ کەسانی ئۆتیزم و باقی ئەوانەی کە خاوەنی پێداویستی تایبەتن وەک ئێمەن، ئەمەش لە ڕێی کۆمەڵێک شتی ڕۆژانەوە پێشان دەدات و دەریدەخات، کە ئەوانیش بەشدارن لە شتە وردەکاندا، ئەوانیش وەک ئێمە دڵخۆشی خۆیان هەیە و خەمگینیش دەبن، وەک ئێمە نان دەخۆن و دەخەون، لەپاڵ ئەوەشدا چۆن داهێنان لای ئێمە پڕۆسەیەکە لە بەردەمماندا درێژ بووەتەوە، بۆ ئەوانیش بە هەمان شێوەیە، وەک چۆن دەکرێت لە ساتێک لە ساتەکاندا ئێمە عاشق بین و بکەوینە پەیوەندیی خۆشەویستییەوە، ئاواش ئەوان دڵیان هەیە و عاشق دەبن و دەچنە پەیوەنییەوە. “مەتەڵۆکەی تەنیایی” بە وردی هەموو ئەوانە دەردەخات لە ڕێی کۆمەڵێک دیتەیڵی ڕۆژانەییەوە.

تێمای تەنیایی لە “مەتەڵۆکەی تەنیایی”دا

تەنیایی دۆخ، یان حاڵەتێکە دەکرێ لە هەر کاتێکدا بێت مرۆڤ تێی بکەوێت و هەستی پێ بکات، بەڵام کەس بۆ کەس ئەم دۆخە دەگۆڕێت، سەبارەت بەو تەنیاییەی کە لەم ڕۆمانەدا بووە بە تێمای سەرەکی و لە هەر جێیەکیدا دەتوانین هەستی پێ بکەین، دەگەڕێتەوە بۆ کەسێتیی سەرەکی ڕۆمانەکە، کە دۆخێکی تایبەتی وەک “ئۆتیزم”ی هەیە و ئەمەش نیگایەکی خەمگینی داوەتێ، نیگایەک کە پڕە لە نیگەرانی و ترس، لە دوودڵی و کەمایەسی، کۆی ئەو هەستانەش حاڵەتی تەنیاییەکی قورسیان بۆ دروست کردووە، تەنیاییەک کە لەو ساتانەشدا هەستی پێ دەکات و لەگەڵیدایە کە لە چواردەورێکی قەرەباڵغدا دانیشتووە، بۆیە تەنیایی “سنیان” تەنیاییەکی بەئازارە، هەوڵی دوورکەوتنەوە و پەراوێز دەدات، نیگای ئەوانی تر ناڕەحەتی دەکەن. لە کۆی ڕۆمانەکەدا ئێمە ناخوێنینەوە کە “سنیان” هاوار لە دەست ئەم تەنیاییەی بکات، بەڵام بە کۆی هەڵسوکەوت و ڕوانین و دیالۆگەکانییەوە ئەو هەستەمان لا چی دەبێت کە بەڵێ، ئەم کوڕە تەنیایە، بەڵام نائومێد نییە و بەو تەنیاییەوە درێژە بە ژیانی هەرڕۆژەی خۆی دەدات.

ناردن: