دەنگگەلێک لە نیشتمانی ترسەوە خوێندنەوەی کۆمەڵەچیرۆکی “وەرزەکانی بەرزەخ”
دەنگگەلێک لە نیشتمانی ترسەوە
خوێندنەوەی کۆمەڵەچیرۆکی “وەرزەکانی بەرزەخ”
بەختیار حەمەسوور
خوێندنەوەی هەر کۆمەڵەچیرۆکێک واتای ئاشنابوونە بە کۆمەڵێک ئەزموون، کە ئەگەر وەرگێڕەکەی بە شارەزایی و لێهاتووییەوە کاری هەڵبژاردن و وەرگێڕانی بۆ ئەنجام دابێت، ئەوا خوێنەر وێڕای چێژی جوانیناسانەی زمان و چیرۆکەکان، هاوکات ئاشنای کۆمەڵێک شێواز و تەکنیک و ئاستی جیا جیاش دەبێت لە گێڕانەوە و گۆشەنیگا. لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی چەند سەرنجێک دەربارەی ئەو چەشنە کتێبە بنووسین، کە هەڵبژاردەی چیرۆکی چیرۆکنووسانی ناسراو و بەناو و دەنگی دنیان، جا چ لە نزیکمان بن یان لە دوور، کە وەرگێڕ بە سەلیقەی خۆی ئەو چیرۆکانە هەڵدەبژێرێت و وەریاندەگێڕێت.
لەم لایەنەوە، ساڵانێکی دوورودرێژە کتێبخانەی کوردی لەم چەشنە کتێبانەی بەخۆوە گرتووە، کە وەرگێرەکان لە زمانانی جیا جیای جیهانییەوە، ئەو چیرۆکانەیان وەرگێڕاوە و سەرەتا زۆرینەیان لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئەدەبییەکاندا بڵاویان کردوونەتەوە و پاشتر لە شێوەی کتێبدا کۆیان کردوونەتەوە و چاپ و بڵاو کراونەتەوە. جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەم چەشنە کتێبە و ئەو کتێبانەدا هەیە کە وەرگێڕ لە نووسەرێکی دیاریکراو کۆمەڵەچیرۆکێک وەردەگێڕێت، ئەویش ئەم نوختەیەیە: لەو کتێبانەدا کە تێکڕا چیرۆکی یەک چیرۆکنووسن، خوێنەر ڕووبەڕووی یەک شێواز و تەکنیک و فۆرم دەبێتەوە، شێوازێک کە بووە بە شێوازی ناسنامە و ناسێنەری ئەو نووسەرە، بەڵام لەو چەشنەی کتێبەی کە لە کۆمەڵێک نووسەر چیرۆک هەڵدەبژێرێ و نموونەیەکیان لێ وەردەگێڕێ، خوێنەر ڕووبەڕووی چەندان شێوازی گێڕانەوە دەبێت، کە تێکڕا دەبنە ڕەنگاڵەیەک لە شێواز و فۆرمی لێک جودا. بێگومان هەردوو جۆرە کتێبەکە گرنگن و دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ خوێنەری ئەدەبیات و بە تایبەت چیرۆک، کە زیادتر ڕووبەڕوو بێت لەگەڵ دنیای چیرۆک و چیرۆکنووسانی بەناو و دەنگ.
ئەدەبیاتی فارسی لە باری گێڕانەوەوە، خاوەنی کۆمەڵێک ناوی داهێنەرانە و سەرنجڕاکێشە، ڕەنگە ناوێکی وەک “سادقی هیدایەت” لە ناسراوترینیان بێت، بەشێک لە بەرهەمی ئەو نووسەرانە وەرگێڕاونەتە سەر زمانانی جیهانی و خاوەنی خەڵاتە گرنگەکانن، بە تایبەت لە بواری چیرۆکدا، لە ئێراندا چیرۆکنووسانێکی هەن کە خوێندنەوە و ئاشنابوون بە بەر و بەرهەمەکانیان، بۆ ئێمەی کورد دەتوانێت لە چەندین لایەنەوە بە بایەخ بێت، سەرەڕای ئەو هاوبەشییە کولتوورییەی نێوان ئێمە و فارس، هاوکات وەک دوو نەتەوەی دێرین و هاوبەش لە هەمان ڕیشەی زمان و نەریت و ئایین و مێژوودا، لە چەندین بڕگەی گرنگی ژیانماندا ئێمە پێکەوە بەرکەوتنمان هەبووە و هەیە، هەموو ئەمانەش لەو ڕایەڵانەن کە توندتر و بەگوڕتر ئێمە و ئەوان پێکەوە دەبەستنەوە، بێگومان ناکرێ چاوپۆشی لەو غەدرە مێژووییەش لە داگیرکاریی دابخرێ، کە لە درێژەی سەدەکاندا فارس وەک نەتەوەیەکی سەردەست و بەدەسەڵات ئێمەی چەساندووەتەوە و خاکمانی داگیر کردووە و ڕۆڵەکانی کوشتووین. لە دەرەوەی ئەوە، ئەگەر لە بازنەی باسەکەمان دوور نەکەوینەوە، دەتوانین ئەو ڕەوتە گرنگەی چیرۆکنووسین لە ئەدەبیاتی فارسیدا لەو خاڵەشدا ببینینەوە کە لایەنی هونەرییە، چیرۆکنووسانی فارسی بە گشتی بایەخێکی زۆر بە تەکنیک و فۆرمی گێڕانەوەوە دەدەن، ڕەنگە ئەمە بۆ هەندێک لەو نووسەرانە بە لایەنی نەرێنی شکابێتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا نووسەرانێکی بەرچاوی سەر بەو ئەدەبیاتە هەن، کە بە وریاییەوە مامەڵەی تەکنیکەکانی گێڕانەوەی داڕشتنی فۆرمی بەجێ بۆ چیرۆکەکانیان دەکەن، بەراورد بە چیرۆکی چیرۆکنووسانی کورد ئەمە جێی سەرنجە، بەشیکی دیار لە چیرۆکنووسانی کورد بایەخی تەکنیک و فۆرمی گێڕانەوە بۆیان لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە، بەڵکو ئەوەی هەیە ناوەڕۆک و بابەتە، بە تایبەت چیرۆکنووسانی پێشینمان، هەرچەند ئەم گرنگییە هونەرییە لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەدواوە، بە تایبەت لە نەوەی چیرۆکنووسانی نەوەدەکاندا، زیادتر و بەرچاوترە، بۆ چیرۆکنووسانی نوێ ئەم بایەخدانە بە تەکنیکی گێڕانەوە و فۆڕمی چیرۆک، کەڵکەڵەیەکە و لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەرچاوەش لە وەرگێڕانی چیرۆکی جیهانی، هێشتا ڕەنگە لە ئاستی بەرزویستیدا نەبێت. هەر بۆیە خوێندنەوەی چیرۆکە لێک جوداکانی سەر بە شێوە و ناوەڕۆک، مەرجی سەرگرتنی ئەو وریاییەش دەستەبەر دەکات، کە چیرۆکنووسی ئەمڕۆی کورد، کەڵکەڵەیەتی.
“وەرزەکانی بەرزەخ” (هەڵبژاردە لە کورتەچیرۆکەکانی فارسی) لە وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕ سەعید سلێمانی، لەو چەشنە کتێبانەیە کە کۆمەڵێک نووسەری فارسی لە دووتوێی لاپەڕەکانیدا گرد کردوونەتەوە، وەرگێڕ لە وتەیەکی کورتدا نووسیویەتی: “کۆی ئەم چیرۆکانە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٦دا ناوبەناو وەرگێڕدراون، کە مەبەست لە وەرگێڕانیان تەنیا کارێکی چاپەمەنی نەبووە، بەڵکو هەستکردن بە بەهێزبوونی لایەنی ئەدەبی تێیاندا بۆتە هۆی وەرگێڕانیان، واتە هەستکردن بەوەی کە جێگەیان لە کتێبخانەی کوردیدا چۆڵە.” چیرۆک و چیرۆکنووسانی ئەم کتێبە پێک هاتووە لەمانە: “وەرزەکانی بەرزەخ: شەهریار مەندەنی پوور، خاڵ: بێژەن نەجدی، جێژنی دڵتەنگی: عەباس مەعرووفی، نوێژخانەی بچووکی من: هۆشەنگ گوڵشیری، لەودیو شووڵە ناسکەکانی تەیمانەوە: هۆشەنگ گوڵشیری، گڵۆڵەی ئاڵۆز: بەهرام سادقی، دڕدۆنگ: بەهرام سادقی، بەهاری شینی کاتماندۆ: شەهرنووش پرسی پوور، چیانشین: حسێن سەناپوور، حوزوور: ئەبوتوراب خوسرەوی، تاڵ: مەنسوور یاقووتی هاوکات چیرۆکی ناسراوی “دوایین وانە”ی نووسەری فەڕەنسی: ئەلفۆنس دوودە، چیرۆکەکە لە فارسییەوە کراوە بە کوردی”. ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە ئەدەبی کورتەچیرۆک، بە پۆلێنکردنی شوێن و زەمەنی چیرۆکنووسەکاندا، دەتوانین بڵێین کتێبەکە لەسەر چەند قۆناغێکی جیاواز و جۆراوجۆری چیرۆکنووسین وەستاوە. “وەرزەکانی بەرزەخ” لە دووتوێی ١٥٨ لاپەڕەدا، لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
هەر هەوڵێک بۆ یەکخستن و بە یەکڕوانین تەماشاکردنی ئەم چیرۆکانە، کارێکی مەحاڵە و نالوێ، بەڵام هەریەک لەم چیرۆکە وەرگێڕاوانە دەتوانن وێنەیەک لە ناخ و دەروونی کەسی سەردەم بدەن بەدەستەوە، لە هەریەک لەم چیرۆکانەدا گرفتێکی مرۆڤی دنیای مۆدێرن نیشانگر کراوە، گرفتێک کە هەر زۆر بە سادەیی دەبێتە گرفتی ئێمەیش، بە تایبەت کە هەردوو نەتەوە (فارس و کورد)، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین و ڕەگمان داکوتیوە، خەم و گرفتەکانمان نزیک و خزمایەتیان هەیە، لە یەکەم چیرۆکی ئەم کتێبەدا، کە ناونیشانەکەی بووە بە ناونیشانی کتێبە و سەرجەم چیرۆکەکانیش: وەرزەکانی بەرزەخ، یەکێکە لە چیرۆکە زۆر گرنگەکان، نووسەری ئەم چیرۆکە چیرۆکنووسی ناسراو “شەهریار مەندەنی پوور”ـە، کە ساڵی ٢٠٢٢ “هیوا عەزیزی” کۆمەڵەچیرۆکی “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە”ی کردووە بە کوردی و لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە “وەرزەکانی بەرزەخ”دا شەهریار مەندەنی پوور کار لەسەر جەنگی هەشتساڵەی عێراق – ئێران دەکات، لە ڕێی دوو سەربازی ئاساییەوە، کە هەردوو لە سێرەدان بۆ یەکتر، کامیان زووتر تەقە لەوی تر بکات و بیکوژێت ئەگینا دەبێتە کوژراوەکە، “بەرزەخ” وەک لە تەفسیر و گێڕانەوە ئایینەکاندا هاتووە، شوێنێکە لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا، ئەم چیرۆکە ڕێک لەسەر ئەو سنوورە وەستاوە، سنووری جەنگ و ئاشتەوایی، ئەگەر ئەم دوو سەربازە لە حاڵ و هەوایەکی وادا یەکتریان نەدیبایە، ڕەنگە لەو دەشتە بەرینەدا بۆ یەکتر ببوونایە بە هاودڵ و خەمخۆر، بەڵام جەنگ هەردووکیانی گۆڕیوە و لەبری بیرکردنەوە لە ژیاندۆستی، بیر لە کوشتن و لەناوبردنی یەکتر دەکەنەوە. ئەوەی شیاوی باسە لە ئاست ئەم جەنگە خوێناوییە هەشتساڵەییەدا زۆر کەم نووسراوە، مەبەستمان لە بەئەدەبکردنی ئەو جەنگەیە، بۆ وێنە لە کایەی چیرۆک و ڕۆماندا، بەڵام “وەرزەکانی بەرزەخ” نموونەیەکی بەرزی ئەو هەنگاوەیە بۆ بەچیرۆککردنی ئەو جەنگە، هاوکات چیرۆکی “چاڵ”ی نووسەری فارس: قازی ڕەبیحاوی، نموونەیەکی گرنگی تری ئەو بوارەیە.
لە چیرۆکی “نوێژخانەی بچووکی من”دا، کە هۆشەنگ گوڵشیری نووسیویەتی، باس لە کەسێتییەک دەکات بە ناوی حەسەن، حەسەن شەش قامکی هەیە و بەوەش بووە بە حەسەن شەش قامک! ئەم چیرۆکە هەڵکۆڵینی ناخی ئەو کارەکتەرەیە، چوونە نێو توێژە تاریکەکانی زەین و دەروونی حەسەنە، هاوکات چیرۆکەکە هەوڵێکە بۆ بەیانکردنی دۆخی سیاسیی ئەوێ دەمێی ئێرانیش، کە سەردەم سەردەمی کۆماری ئیسلامییە و ڕاوەچەپ لە تەواوی وڵاتدا کارایە؛ حەسەن ئەو کوتەگۆشتە زیادە بە قاچی چەپیەوەیەتی، گوڵشیری بە ئاماژەیەکی زۆر بێدەنگانە ئەوە دەڵێت، کە چەپبوون لە ئێرانی ئەوکاتدا، چەند زیادە و بیدعەیەکی نەخوازراوە.
بێگومان لەم خوێندنەوەیەدا ناتوانرێت تەواوی چیرۆکەکان بەسەر بکرێنەوە، پێشنیار دەکەین خوێنەر بۆ خۆی ئەم کتێبە دەست بخات و چێژ لە تەواوی چیرۆکەکان وەربگرێت.