دەربارەی مێژووی دیموکراسی
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە تازە چاپکراوەکانی دەزگای سەردەم بریتییە لە کتێبی (مێژووی دیموکراسی) بابەتی ئەم کتێبە مێژووییە و ڕۆچوونێکی ورد و قووڵە بە ڕەگ و ڕیشەکانی چەمکی دیموکراسیدا، نووسەری ئەم کتێبە (حەسەن بارام)ەو بابەتەکەی بە شێوەی لێکۆڵینەوە نووسیوە، لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر هەوڵی داوە لە گۆشەنیگای جیاواز و بە شێوازی بێ گرێ و گۆڵ، ڕەهەندە جیاجیاکانی دیموکراسی بخاتە بەر دیدی خوێنەر و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، هەروەها پەیوەندییەکانی دیموکراسی و ئەوانی تر بخاتە بەر شەنوکەو و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بکات و هەگبەی زانیاری و مەعریفی خوێنەر بەم چەمک و سیستەمە زیاتر دەوڵەمەد بکات.
نووسەر کتێبەکەی دابەش کردووە بەسەر چەندین بەش و تەوەردا کە هەر یەکەیان ناو و ناونیشانی تایبەت بە خۆیان هەیە، لەوانە: پێناسەی چەمکی دیموکراسی، هۆکارەکانی پەیدابوونی دیموکراسی ئەسیناییی، قۆناغەکانی گەشەکردنی دیموکراسی، دیموکراسی و شۆڕشی فەڕەنسی، جۆرەکانی سیستەمی دیموکراسی، دیموکراسی سۆشیالیستی، رای فەیلەسووفە هاوچەرخەکان، ڕای بیرمەندانی بیری سیاسی، لایەنە ئەرێنییەکانی سیسیەمی دیموکراسی، چۆنییەتی بەرجەستەبوونی دیموکراسی و چەندین ناو و ناونیشانی دیکە.
وەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، دیموکراسی وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنەوەی حکومەت و کۆمەڵگە، خاوەنی مێژوو و کەرەستە و جۆر و تایبەتمەندیی هەمەچەشنەیە، بەپێی قۆناغەکان خۆی نوێ کردووەتەوە و بە فۆرمی جیاوازتر دەرکەوتووەتەوە، پەیدابوون و مێژوو جۆر و خەسڵەتەکانی ئەم چەمکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، چونیەک نین.
بە بۆچوونی حەسەن بارام، تایبەتمەندییەکانی دیموکراسی وایان کردووە زۆرترین لێکۆڵینەوە و مشتومڕ لەسەر بکرێت، گرنگی و پێویستی ئەم سیستەمە بۆ کۆمەڵگاکان تا دێت بایەخی زیاتر پەیدا دەکات، بە تایبەتییش لای گەلانی پێشکەوتوو و گەلانی چەوساوە و ژێردەستە: زۆر بە کەمیئ نەبێت، هیچ کۆمەڵگەیەک نییە ڕاستەوخۆ ئەم سیستەمە ڕەت بکاتەوە، چونکە جێبەجێکردنی ئەم فۆرمە بە دروستی وەک مۆدێلێکی گونجاو بۆ فەرمانڕەوایەتی، دڵنیایی و متمانەی تەواو لای چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگە دروست دەکات، بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێک کە دادپەرەوەری و یەکسانی و پاراستنی سەرجەم مافەکانی تێدا فەراهەم کرابێت.
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (پێناسەی چەمکی دیموکراسی) نووسەر باس لەوە دەکات کە دەشێت دیموکراسی بەوە پێناسە بکەین کە بریتییە لە باوەڕ بوون بە سەروەریی نەتەوە و گەل، هەروەها خودی نەتەوەش سەرچاوەی سەروەرییە، کە لە چوارچێوەی نوێنەرایەتییەوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی گشتییەوە بۆ دەستنیشانکردنی نوێنەری ڕاستەقینەی گەل ئەنجام دەدرێت: یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین مشتومڕ و قسەی لەبارەوە کراوە، پێناسەی خودی دیموکراسییە، جا هەندێک لەو پێناسە یان شیکردنەوانەی بۆ ڕەگەزەکانی پێناسە کراون، ڕەهەندی فەلسەفی یان زاراوەیی یان زمانەوانییان هەبووە و هەیە.
هەر وەک لەم کتێبەدا دەرکەوتووە و ئاماژەی پێ دراوە، یۆنان و ئەسینا دوو سەرچاوە و ناوەندی گرنگی سەرهەڵدانی دیموکراسین لە کۆندا، کەواتە ناتوانرێت قسە لەسەر ماهییەت و مێژوو تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستەمە بکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە دێرینە: دەتوانی سەرەتاکانی سەردەمی دیموکراسیی ئەسینایی بگەڕێنینەوە بۆ چرکەساتی تیرۆرکردنی دوایین ستەمکار لە ئەسینا لە دەوروبەری ساڵی ٥٢٥ی پێش زاین، دوای ئەمەش سەردەمێکی زێڕین لەو وڵاتە دەست پێ دەکات، کە بە سەرکەوتنی یۆنان بەسەر فارس و هەڵهاتنی دارای سێیەم لە بەرانبەر ئەسکەندەر و وەدەرنانیان لە شاری (ئەیونیا).
وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، دوای ئەم سەرکەوتنانە ئەسینا بوو بە خاوەن پێگەیەکی گەورە و دیار لە ناوچەکەدا، تەنانەت بوو بە ناوەندی یەکگرتنەوەی سەرجەم شارەکانی یۆنان، بگرە بوو بە سەرچاوەیەکی هاوکاریی دارایی و سەربازی و ئاوی بۆ شارەکانی تر: هەر ئەمەش وا دەکات ئەسینا ببێتە پێشەنگی یەکێتییەکە و سەرئەنجا بگۆڕێت بۆ ئیمپراتۆرییەتی ئەسینا، سەرچاوەکان دەڵێن ئەم ئیمپراتۆرییەتە دوای ساڵی ٤٤٥ی پێش زاین، توانیی چل ساڵ تەمەن بکات، تا ڕێکەوتنی ئاشتەوایی لەگەڵ سپارتادا کرد.
نووسەری ئەم کتێبە سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەکردنی دیموکراسی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە لەسەر چرکەساتی سەرهەڵدانی دیموکراسی و شوێنەکەی، هەندێک بیروڕای جیاواز لە نێوان شارەزایانی بواری بیری سیاسیدا هەن، ئەگەرچی زۆرینە هەمیشە سەرهەڵدانی دیموکراسی دەبەنەوە ئەسینا و بە خاڵی چەکەکردن ئەژماری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە شارەزایانی بواری بیر و مێژوو جەخت لەوە دەکەنەوە یەکەم سەرهەڵدانی دیموکراسی لە ئەسینا نەبووە، بەڵکو هەندێک دەیبەنەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر لە وڵاتی نێوان دوو ڕووباردا، هەندێک دەیبەنەوە وڵاتی هیند و شوێنی تر.
بەپێی زانیارییەکان، دەستەواژەی «دیموکراسی» یاخود با بڵێین وشە ڕەسەنە (یۆنانییە کۆنەکە) لە ئەسینای کۆن، لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا داتاشراوە، ئەسیناش بە کۆنترین نموونەی سیستەمی دەسەڵات دادەنرێت کە لەگەڵ ھەندێ لە ھزرەکانی حووکمی دیموکراسیی ئێستا دەگونجێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەس ھەن کە ئەسینای کۆن بە دیموکراسی ناژمێرن، چونکە تەنھا کەمینەیەکی دانیشتوانەکەی مافی دەنگدانیان ھەبوو و ئافرەت و کۆیلە و بێگانەکان لەو مافە بێبەش کرا بوون، تەنھا ١٦٪ دانیشتوانانی مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەنگدان لە ئەسینای کۆن، لەگەڵ بیرۆکەی دروستکردنی ڕاستەوخۆی بڕیار دەگونجێ، لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەران وەک ئێستا لە سیستەمی دیموکراسیدا پیادە دەکرێ.
بە تێپەڕبوونی کات واتای «دیموکراسی» گۆڕانی بەسەردا ھات و پێناسە نوێکەی لە سەدەی هەژدەھەمەوە تا ئێستا لە لەگەڵ ھاتنە کایەی سیستەمی «دیموکراسی» لە چەندین وڵات پەرەسەندندایە. لیکۆڵینەوەکانی دەزگای Freedom House باس لەو دەکەن کە لە ساڵی ١٩٠٠، دا تەنھا یەک سیستەمی دیموکراسیی لیبراڵی خاوەن مافی دەنگدانی گشتگیر لە جیھان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ١٩٢ وڵاتەکەی جیھان، دیموکراسی لیبراڵن. لە ساڵی ١٩٠٠ دا ٢٥ وڵات (١٩٫٢٪) خاوەنی نەریتێکی سنوورداری دیموکراسی بوون و ئێستا ژمارەیان ١٦ وڵاتە (٨٫٣٪). ھەر لەو ساڵەدا ١٩ یاخود (١٤٫٦٪) دەوڵەتان خاوەن سیستەمی پادشایەتی دەستوری بوون، کە تیایاندا دەستوور دەسەڵاتەکانی پاشا کەم دەکاتەوە و دەیدات بە پەرلەمان، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەتی لەم جۆرە نییە. وڵاتانی تر شێوەی جۆراوجۆری حووکمی نادیموکراسییان ھەبوو و ھەیە، ئەمڕۆ چەندین پۆڵینکردنی پوختەی تایبەت بە دەستەواژەی «دیموکراسی» ھەن، ھەندێکیان وەک گریمانە و ھەندێکیشیان جێبەجێ کراون.
پێناسەی وشەی “دیموکراسی” لە سەردەمی کۆنی یۆنانی و تا ئێستا ھەر لە گۆڕاندا بووە. لە بەکارھێنانی ئێستا دەستەواژەی “دیموکراسی” واتای حکومەتێکی ھەڵبژێردراو چ ڕاستەوخۆ یاخود نوێنەرایەتی دەدات. لە نێو تیۆری دەستوری و لە بەکارھێنانی مێژوویی، بە تایبەتی کاتێک سەیری کردەوەکانی “باوکە دامەزرێنەرەکان”ی ئەمریکا دەکەین، پێناسەیەکی تری دیموکراسی ھەیە. بەپێی ئەو بەکارھێنانە، وشەی “دیموکراسی” تەنھا مانای دیموکراسی ڕاستەخۆ دەگەیەنێت، لە کاتێکدا دیموکراسی نوێنەرایەتی تێیدا نوێنەرانی گەل بەپێی دەستور حوکم دەکەن و ئەمەیان پێی دەگوترێ “کۆماری” ئەم بەکارھێنانە تا ڕادەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گفتووگۆ ئەکادیمیاییەکاندا باوی ماوە، دانەرە سەرەکییەکانی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە شێوەیەکی بەرچاو لە مەترسییەکانی حوکمی زۆرینە، لەسەر ئازادییەکانی تاک گەیشتبوون، بۆ نمونە (جەیمس مادیسۆن) لە ڕۆژنامەی فیدرالی ژمارە ١٠ بانگەشە بۆ کۆمار دەکات و لە دیموکراسی بە باشتری دەزانێ، ئەویش بۆ پاراستنی شێوەی تاقانەی زۆرینە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەمان کاتدا دانەرانی دەستوور، وشیارانە دامەزراوەی دیموکراسییان دامەزراند و چاکسازی سەرەکی بەرەو کۆمەڵگەی کراوەیان لە دووتوێی دەستوور و بەڵکەنامەی مافەکان چاند. ئەوان بە مەزندەی خۆیان باشترین پێکھاتەکانی دیموکراسییان ھێشتەوە و بە ھاوسەنگییەکی دەسەڵاتەکان و سیستەمێکی فیدراڵی چەند ئاستیی پاراستیان، پێناسە مۆدێرنەکانی زاراوەی “کۆماری” ئاماژە بۆ ھەر وڵاتێک دەکەن کە سەرۆکەکەی ھەڵبژێردراو بێ و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو حوکم بکات و بە پێچەوانەی زۆربەی پادشایەتییە بۆماوەییەکان، کە خاوەن سیستەمی دیموکراسی نوێنەرایەتین و پادشایەتی دەستووری کە پابەندی سیستەمی پەرلەمانین (سیستەمە کۆنترەکانی پادشایەتی ھەڵبژێردراو بە سیستەمی کۆماری ناژمێردرێن.)