دەربارەی ڕۆمانی کوژرانی کابرای کتێبفرۆش
کوژرانی کابرای کتێبفرۆش
ڕانانی: ئیدریس عەلی
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و کەوتنی پەیکەرە گەورەکەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر، فەزایەکی جیاواز بۆ دەرکەوتنی ڕۆشنبیری و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی عێراق دروست بوو، فەزایەک بوو کە تیایدا کۆمەڵێک دەنگی شاز بیستران، لە نێو ئەو دەنگانەدا چەندین نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووس، زۆر بە زوویی توانا و داهێنانی خۆیان پێشکەش کرد، کتومت وەک ئەوەی چەندین ساڵ بێت لە ناوەوە خۆیان بخۆنەوە و چاوەڕوانی دەرفەتێک بن وڵات بڕێک فەزای ئازادی بە خۆیەوە ببینێت و کەشی ترس و تۆقاندن و لە قاڵبدانی هزر و چاپەمەنی کاڵ بێتەوە تا بیسەلمێنن لە پشت ئەو گیژاوە سیاسی و دۆخە نالەبارەی وڵاتەوە، لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەوە چ وزەیەکی ئیبداعی و چ هێزێکی ئامادەباش بۆ تەقینەوەی جۆرێکی تر لە ئەدەبیات خۆی مەڵاس داوە… ئەمە وێڕای ئەوەی هەر لە نیو ئەو ڕۆمانانەدا عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی، عێراقێکی بێ ئاسایش و ئارامی، عێراقێکە تێیدا پێوەری مرۆڤبوون پەیوەستە بە ئایدۆلۆژیا سیاسی و ئایینییەکانەوە.
ڕۆمانی عێراقی لە پاش ڕووخانی دیکتاتۆرەوە، واتە لە ساڵی ٢٠٠٣، پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، بە خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیەوە خۆی نمایش کرد، دەنگ و ڕووخسار و توانای نوێ هاتنە نێو گۆڕەپانە خوێناویی و کپکراوەکەی پێشووتری ئەدەبی عێراقییەوە، عێراقێک کە لە دەنگ و هاوار و وشە و تەنانەت چرپوهوڕەکانیش سڵی دەکردەوە، خوزیار بوو ڕۆشنبیری بکاتە ئامرازێکی بۆ پارێزگاریی کردن لە پایەکانی دەسەڵاتی خۆی و کەسێتی نووسەر و ڕۆشنبیریش بخاتە نێو چوارچێوە داخراوە ئایدۆلۆژییەکانیەوە تا بۆ هەمیشە جوگرافیایەکی بێدەنگ و ملکەچ لەسەر نەخشەی ستەم و زۆرداری بۆ ئینسانەکان دروست بکات، بێگومان هەموو سیستەمە حوکمڕانییە سەربازی و زاڵمەکان دەزانن دەمی هەر میللەت وکۆمەڵگەیەکی زیندوو و خوازیار بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، پەیوەستە بە چالاکی و عەقڵی دەستەبژێرە ڕۆشنبیرەکانیەوە، هەر بۆیە عێراقی سەردەمی دیکتاتۆر، عێراقی سەرکوت و بێدەنگکردنی دەنگی ئازا و ئازادیی ڕۆشنبیران بوو، لێ بە کەوتنی پەیکەرە گەورەکەی ستەمکاری لەبەردەم تووڕەیی جەماوەردا، پەردە لەسەر دنیاییەکی نوێ بۆ ڕۆشنبیر و نووسەرانی عێراقی هەڵدرایەوە کە تییایدا لەسەر شانۆی وڵاتێکی داڕوخاو پڕ لە تەقینەوە و توندوتیژی، جوانترین ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبیەکانی خۆیان پێشکەش کرد و بوون بە ئاوێنەی ئەو مێژووە خوێناویەی کە تا سەردەمی ئەمڕۆشمان درێژ بووەتەوە، ڕاستە عێراقی دوای ٢٠٠٣ عێراقێکی خوێناوی و ترسناک و پڕ لە ئاشووبە، بەڵام عێراقی ناسینی چەندین ڕۆمانووسی بەنێوبانگ و دەیان شاکاری گەورەی ئەدبییە، بێگومان (سەعد محەمەد ڕەحیم) یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە بە ڕۆمانی (کوژرانی کابرای کتێبفرۆش) وەک یەکێک لە دڵخوازترین نووسەرە عێراقییەکان خۆی ناساند.
ئەم ڕۆمانە لە لایەن وەرگێڕی ناوداری کورد (سەباح ئیسماعیل) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە بڵاوکراوە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەمە.
خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە لەوە دەردەچێت کە لە بەردەم کتێبێکی چەند لاپەڕەییدایە، بەڵکو خۆی لەبەردەم شاشەیەکی گەورەی سینەماییدا دەبینێتەوە و هەست دەکات خەریکە تەماشای فیلمێک دەکات کە مێژوو و ئێستای وڵاتێکی پڕ لە کێشمانکێش و بەرکەوتنی خوێناوی و توندوتیژی دەکات، فیلمێک کە بۆ هەر یەکێکمان دەشێت خۆمان گێڕەرەوە و پاڵەوان و وێنەگر و سیناریست و دەرهێنەرەکەشی بین، فیلمێک کە بە قووڵی لە ڕێی پیشاندانی چەندین گرتەی واقیعییەوە خەریکە وێنەی ناخ و باری سایکۆلۆژی و حاڵەتە زهنییەکانیشمان ئاشکرا دەکات.
خوێنەر لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەدا بە کەسێک ئاشنا دەبێت بە ناوی (ماجید عیراقی) کە هەر زوو نووسەر شووناسی ئەم کاراکتەرەمان بۆ ئاشکرا دەکات و پیشەکەیمان پێ دەناسێنێت کە ڕۆژنامەنووسێکی ناودار و خۆشەویستە، دواتر لە لایەن کەسێکی نادیار و نەناسەوە، نیوەشەوێکی درەنگ زەنگی تەلەفونی بۆ لێ دەدرێت و دوای لێ دەکرێت بچێت بۆ شاری بەعقووبە و کتێبێک سەبارەت بە ژیان و کوژرانی (مەحموود مەرزووق) کە هونەرمەندێکی شێوەکارە و ژیانێکی پڕ لە ڕووداو ژیاوە و خۆیشی کاراکتەرێکی فرەڕەهەندە دەربکات ، نووسەری ئەم ڕۆمانە بەم شێوە سەرنجراکێشە کاراکتەرە ڕۆژنامەنووسەکە کە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا هەڵدەستێت بەم کارە، ڕوو دەکاتە شاری بەعقووبە و دەست دەکات بە کنە و گەڕان و ئاشکراکردنی ژیانی مەحموود مەرزق و کوشتنە سەیرەکەی.
ڕووداوەکان باس لە سەردەمی نوێی عێراق دەکەن، واتە عێراقی دوای دیکتاتۆر، بەڵام بەوەشەوە ناوەستێت گەشتێکمان پێ دەکات بە مێژووی دوور و نزیکی وڵاتدا، لە قۆناغ و وێستگە جیاوازەکاندا دەمانوەستێنێ و شێوەکارانە ڕەسمی ئەو دۆخانەمان بۆ دەکێشێت کە عێراقی گەیاند بەم دۆخە، بێگومان نووسەری ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی واقیعبینانە و بە دیدگای سیاسییەکی توڕە و ناڕازی و ئازادوە، ئازاد لە هەموو مەیلێکی ئایینی و ئایدۆلۆژی، ڕووداوەکانمان بۆ بەرجەستە دەکات، ئەو چەندێک باس لە دڕەندیی ڕژێمی پێشو دەکات، هێندەش لە ئێستای عێراق، عێراقی جەنگە ناوخۆییەکان، عێراقی دروستبوونی هێزە میلیشیاکان، عێراقی بوون بە بازاڕی چەک و زەریای خوێن و زاڵبوونی بیری کۆنەپەرستانە دەکات، بێگومان ئەوەشی نەشاردۆتەوە لە وەها عێراقێکی وێرانەدا یەکەمین قوربانییەکانی ئەو نائارمییە بریتین کە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، لەم ڕۆمانەدا مەرج نییە قوربانییە گەورەکان ئەوانە بن کە لە تەقینەوەی بازاڕ و شەقامە گشتییەکاندا جەستەیان هەلاهەلا دەبێت، بەڵکو ئەو شێوەکارەی کە ئیدی دەستی فڵچەکە ناگرێت، ئەو شاعیرەی دێڕێک بە قەڵەمەکیدا نایەت، ئەو موزیسیانەی بۆ ئەبەد تاڵی کەمانچەکەیه دەپسێت، ئەو سەماکارەی لە ترسی پەلاماری هێزە تاریکبین و پەرگیرەکان خۆی لە عەبایەکی ڕەش پێچاوە، قوربانیی گەورەن و نواندی شکست و دۆڕانی وڵاتێک دەکەن کە بڕیار بوو دوای کەوتنی پەیکەرە گەورەکەی دیکتاتۆر، سەردەمێکی نوێ، سەردەمێک هەموان ڕێز لە توانا و بۆچوون و بیروباوەڕی یەکتر بگرن، بژین.
ماجید کە دەچێتە بەعقووبە، لەوێ لە ڕێی چەندین کەسایەتی و سەرچاوە و گێڕانەوەی جیاجیاوە دەمانباتە نێو ژیانە پڕ لە چیرۆکەکەی مەحموود مەرزووق، ڕەنگە خوێنەر بپرسێت بە دوداچوون بۆ کوژرانی کتێبفرۆشێک چ بەها و گرنگییەکی هەیە؟ بەڵام کاتێک خوێنەر دوای بەدواداچوونە بەردەوام و لێبڕاوەکانی ماجید عێراقی دەکەوێت، بۆی دەردەکەوێت جگە لەوەی کەسێتی کتێبفرۆشییەکە گرنگیی مێژوویی و هەنووکەیی خۆی هەیە، لە شوێن و سەردەمی قۆناغی جیا جیادا ژیاوە، ژیار و کولتووری جیاجیای بینیوە و بە هۆیه ئەو بەر چەندین کەسایەتی عێراقی و ئەوروپی، بەر عیشق و سێکس، بەر هونەر و تابلۆ و گفتوگۆی فیکری و فەلسەفی، هاوکات دیدگا و جیهانبینی دەکەوین لەمەڕ پرسەکانی ژیان و مەرگ، مرۆڤ و ئازادی، سیاسەت و هونەر و ڕۆشنبیری، ئەمە جگە لەوەی نووسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکانی تەنیا لە چوارچێوەی شارێکی وەک بەعقووبە قەتیس نەکردووە، بەڵکو پانتاییەکی جوگرافیی فراوانتری گرتووەتەوە، بەوەی بەدواداچوونەکان هەر یەکەو لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە، بەشێک لە ڕووداو و چیرۆکەکانی یارۆی کتێبفرۆشمان بۆ دەگێڕنەوە، هەندێکی بە نامە و ئیمەیل، هەندێکی بە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و بینینی شایەتحاڵەکان، بەشێکیشی بە هۆی دۆزینەوەی یاداشتەکانی مەحموود مەرزووق خۆیەوە.
مەحموود مەرزووق لە قۆناغی گەجێتیدا کەسێکی چەپ و مارکسی بووە بێ ئەوەی سەر بە هیچ پارت وگرووپێکی سیاسی بێت، پاش ئەوەی زیندان دەکرێت و چەندین ساڵ بە تێکشکاوی لە دۆزەخی زیندان دێتە دەرەوە، بە ناچاری ڕوو لە ئەوروپا دەکات، ئەو قۆناغەی ژیانی ئەوروپای بەر ئەوین و ناسینی کەسانی بیانی و تێڕوانینی فەلسەفیانە لەمەڕ هونەر و ژیان دەکەوێت، هاوکات یەکێکیش دەبێت لە قۆناغە هەستیار و گرنگەکانی لە پرۆسەی کاری هونەریی شێوەکاریدا، ئەو لە هەر قۆناغێکی ژیانیدا بە کەسانێکی گرنگ و پڕ لە چیرۆک و بەسەرهات ئاشنا دەبێت کە دواجار هەر یەکەیان بەپێی تێگەیشتن و سنووری پەیوەندیی و بەریەککەوتنەکانی، هاوکار دەبن لە تەواوکردنی ئەو کتێبەی وا ماجید عێراقی ڕۆژنامەوان بەنیازە لەسەر ژیان و کوژرانی مەحموود مەرزووق بینووسێت، مەرزووق پاش ئەوەی لە وڵاتی فەرەنسا دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بەعقووبە، لەوێ کتێبخانەیەک دادەمەزرێنیت، ئامانجی ئەو لە کردنەوەی ئەو کتێبخانەیە گرنگیدانە بە لایەنی کولتووری و ڕۆشنبیری لە شارەکەدا، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، کە دۆخێکی نالەبار باڵ بەسە وڵات و خودی شارەکەدا دەکێشێت، هەم مەحموود لە قۆناغی پیرێتیدایە، هەم کتێبخانەکەی بازاڕی نامێنێت و لە ژێرزەمینێکی لاچەپەکدا لە نێو سەدان کتێب و دەفتەری یادەوەری و دەستنووسی پەرش و بڵاودا ژیان دەگوزەرێنێت، ژیانێک کە بە نەخۆشی و مەینۆشین و سیگارکێشان و بیرکردنەوە لە ڕابردوو دەیباتە سەر، لەو بەشەدا کە دەکەوێتە عێراقی پاش ٢٠٠٣ و ئەو سەروەختەی کە ئیدی پەیکەرەکەی دیکتاتۆر کەوتووە و وڵات پێی ناوەتە سەردەمێکی خوێناوی ترەوە، ئازادییەکان بەرتەسکتر بوونەتەوە و هێزە میلیشیاکان شەقامیان سوور کردووە بە خوێنی بێگوناه و قوربانییەکان، ئەوە سەردەمێکە کە هاوکێشەی هێز و توندوتیژی حوکم دەکات، کێ زیاتر بکوژێت ئەوە دەسەڵاتی زیاترە، جا هیچ گرنگیش نییە ئەوەی دەکوژرێت کێیە، گرنگ ئەوەیە ڕۆژانە دەنگی تەقینەوە و گوللە و هاواری قوربانییەکان ببنە مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژمانەکان و شریتی تیڤییەکان و گێڕانەوەی سەرزارەکی خەڵکە ئاساییەکە، لەم قۆناغەدا ئێمە بەر کاڵبونەوەی وێنەی ڕۆشنبیری و پەراوێزخستنی هونەر و جوانی دەکەوین، بەر کۆمەڵێک کەسێتی دەکەوین کە لەوپەڕی ڕۆشنبیری و خوێندەواری و خەون و هیواوە، دەبنە ئێسکەپەیکەرێک لە بێهوایی و ڕەشبینی، ئازاری ئەو دۆخە نوێیەی سیاسەت و ئاژەڵە سیاسییەکان لە وڵاتدا دروستیان کردووە، سەری هەزاران هاوڵاتی و دەستەبژێری ڕۆشنبیری بەرەو دنیایەکی تاریک دەکێشێت و وڵات وەک ئەوەی دیمەنی یەکەمی شانۆگەرییەک کۆتایی هاتبێت، پەردەیەکی تاریکی بەسەردا دەدرێت و هەموان چاوەڕوانی دیمەنی دووەمن، ئەمە لە کاتێکدا هەموان ئارخەیەنن کە هەموو دیمەنەکانی دیکەش هاوشێوەی دیمەنی یەکەم بریتییە لە خوێن و کوشتن، کاراکتەرەکانیش هەمان ئەو قوربانیانەن کە نازانن بۆ دەکوژرێن، هەر وەک چۆن مەحموود مەرزووقی شێوەکار، ئەو کتێبفرۆشە پیرە وا ماجید عێراقی کتێبێک لەسەر ژیانی دەنووسێت، بەدەم پیاسەیەکی نەرمەوە دەکوژرێت بێ ئەوەی کەس بزانێت کێ بکوژەکەیە و بە چ تاوانێک کوژراوە، ئێمە لە خوێندەوەی ئەم ڕۆمانەوە دەگەین بەو یەقینەی کە وڵاتێک ڕێژەی کوشتن لە ڕێژەی چاپکردنی کتێب و خوێنەرەکان زیاتر بێت، دواجار دەگات بەو ئەنجامەی هەموو تاکێک مەحکوومە بەوەی یان دەبێت کەسێک بکوژێت، یاخود کەسێک بیکوژێت.