منداڵێک بەدەم کۆلارەوە یان یادەوەرییە غەمگینەکانی نووسەر
منداڵێک بەدەم کۆلارەوە یان یادەوەرییە غەمگینەکانی نووسەر
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ژیانی نووسەران، چیرۆک و ڕوودوەکانیان، تایبەتمەندی و سروشتی کەسێتییان، ئەو بابەت و دیاردانەی کاریگەرییان لەسەریان هەبووە، هەموو ئەمانە بەشێکیان لەنێو پانتایی نووسین و ئەدەبیاتەکەیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بێگومان بە یەک دنیا گەمەی زمانەوانی و فەنتازیا و خەیاڵەوە، بەڵام بەشێکی گرنگ و کاریگەری ڕووداو و سروشتی کەسێتییان، وەک بابەتێکی نهێنی، لە دڵ و دەروونی خۆیاندا هێشتۆتەوە، خوێنەری کونجکوڵ لە دوای خوێندەوەی هەر کتێبێک عەوداڵی ژیانی نووسەرەکەش دەبێت: چۆن نووسی، لە کوێ نووسی، چۆن ژیا و ئەو چیرۆک و ڕووداوە واقیعیانە چی بوون کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەندێشە و هزریان دروست کردووە؟ من بۆ خۆم کاتێک ڕۆمانەکانی نووسەری ناوداری ئەفغانی ئینگلیزی نووس (خالید حوسەینی)م، خوێندوە، هەستم کرد هێشتا یەک دنیا نهێنی دیکە لە ژیانی ئەم نووسەرە پزیشکەدا هەیە، کونجکوڵ بووم لەودیو دنیای ڕۆمانەکانیەوە، کە سەرلەبەریان باسکردنە لە دنیای جەنگ و داگیرکاری و داڕمانی دەروون و بەهای ئینسانی ئینسانەکان، بە دیاریکراوی لە نیشتمانە وێرانەکەی خۆی (ئەفغانستان) چی دیکە هەیە و هێشتا نەمان بیستووە، خولیام بوو لە پشت ڕۆمانەکانیەوە گوێم لە دەنگ گەلێکی دیکە، چیرۆک گەلی دیکە و ڕووداوگەلی دیکە بێت، ئاخر ئەوەی ئەم ڕۆماننووسە لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانیدا پێشکەشی کردین، زیاتر تامەزرۆیی لا جێهێشتم تا بگەم بە شوێنێک، پنتێک، بازنەیەک، کە ئیدی دەنگ گەلێک سەبارەت بە مێژوو، سروشت و ڕووداوە تاڵەکانی ئەو وڵاتە ببیستم جیا لەو دەنگانەی سەر ڕووپەری ڕۆژنامە و شاشەی تی ڤییەکان، یاخود لە زاری سیاسییەکانەوە دەمبیستن.
ئەوەی وا دەکات لەودیو دنیای کتێبەکانەوە ژیانی نووسەران، دنیابینی و چیرۆکە نهێنییەکانی ژیانیان زیاتر ببیستین، ئەنجامدانی چاوپێکەوتنە، بوونی پرسیاری ورد و وروژێنەرە، ڕۆچوونی کەسی پرسیارکەرە بە نێو قووڵایی و پانتاییە دوورەکانی نووسەردا، دەستبردنە بۆ تاڵەکانی یادەوەری و دەنگهێنانە لێیان، وەرگرتنی باری سەرنج و دنیابینییانە لەمەڕ پرسەکانی ئەدەب، سیاسەت و ژیان، درکاندنی نهینییەکانی ژیان و سەرکەوتن، یان ئازار و شکستەکانیانە، بەرهەڵدا کردنی ئەو ساتەوەختەیە کە تیایدا دەنووسن، پیشاندانی کەشی خێزانی، ژینگەی کۆمەڵایەتی و خۆخواردنەوەکانیانە، بێگومان لە ڕێی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانەوە، خوێنەر پتر لە نووسەر، ژیان و بەرهەمەکانیان نزیک دەبێتەوە و ئاشنا دەبێت بە سات بە ساتی ژیانیان، لە منداڵییەوە تە دوایی… قۆناغەکان و شانازییەکان، هەڵدێران و ڕابوونەوە و هتد.
ئەم کتێبە (منداڵێک بەدەم کۆلارەوە) بریتییە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەری ناوداری ئەفغانی (خالید حوسەینی) لەسەر ڕووبەری کتیبەکە نەنووسراوە کێ لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، بەڵام لە لایەن مامۆستا (عەزیز ڕەئووف) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
ئەم کتێبە شۆڕبوونەیەکی ورد و کونجکوڵانەیە بە ژیانی خالید حوسەینیدا، لە قۆناغی منداڵییەوە، تا ئاشنابوونی بە کتێب و خوێندنەوە، دواتر کێشانی وێنەی ئەو ڕۆژگارەی وڵاتەکەی بە دەست جەنگەوە وێران دەبێت، کەشی خێزانی و سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتمان، قۆناغەکانی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامە، ئاکنجی بوونی خێزانەکەی لە وڵاتی ئەمریکا، ڕۆمان و کاریگەریی ڕۆمانەکانی، گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان و زیندوو بوونەی یادەوەریەکان، یانزەی سێپتەمبەر و دیدی سیاسی ئەم بۆ ئەو ڕووداوە گەورەیە بە تایبەت کە هەموان دەزانن ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە هاوڵاتی وڵاتەکەی خالید حوسەینین… ئەمانە و چەندین بابەت و پرسی دیکە، لە ئەنجامی کەسی پرسیارکەر و وەڵامەکانی خالید حوسەینیدا، سەفەرێکی چێژبەخش، لە هەمان کاتدا پڕ لە ئازار بە خوێنەر دەکەن بە ژیان و ڕابردوو و ئێستای ئەم نووسەرەدا.
ناونیشانی بەش بە بەشی چاوپێکەوتنەکە بریتین لە: سەربووردەی منداڵێک لە کابوول، منداڵی و خوێندوە و یادەوەری، ڕۆماننووسین لە ژووری نوستندا، گەیشتن بە بەهەشتی ئەمریکا، دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، سەبارەت بە پێشینەی دایک و باوک و چەندین ناونیشانی دیکە… ئەڵبەت لە خوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکاندا، بە گوێرەی پرسیارەکان و وروژاندنی بابەتەکان، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە ڕەنگە خودی چاوپێکەوتنەکان لە لایەن یەک کەس، یان ڕۆژنامەنووسێکەوە ئەنجام نەدرابیت، بەڵام هەر چۆنێک بێت ددان بەوەدا دەنێن کە کەسی پرسیارکەر، کەسێکی زیرەک و شارەزای ژیان، هاوکات ئەدەبیات و بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەیە.
لەم کتێبەدا خالید حوسەینی بێپەردە دەست بۆ ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەی دەبات و هیچ پرسیارێک بێ وەڵام ناهێڵێتەوە، دەستپێک لەبارەی منداڵیی خۆیەوە لە ئەفغانستان دەدوێت کە لە کابوول لەدایک بووە، باوکی کەسێکی دیبلۆماتکار بووە لە وەزارەتی دەروەی ئەفغانستان لە کابوول کاری کردووە، دایکیشی لە قوتابخانەی ئامادەیی کچان وانەی زمانی فارسی و مێژووی گوتووەتەوە، خالید گەورەی خوشک و براکانی بووە، نموونەی خێزانێکی کراوە، هاوکات ڕۆشنبیر و شارین.
خالید حوسەینی، لەم کتێبەدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی هەستیار و گرنگی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وڵاتەکەی دەکات، باس لە جەنگ و داگیرکاری کە بە جارێ شارستانیەتی وڵاتەکەیان وێران کردووە، زەبروزەنگی کۆمۆنیستە داگیرکەرەکانی ڕووسیا، جەبەڕووتی ئیسلامییە پەڕگیرەکانی تاڵیبان، شەڕی ناوخۆ، نەبوونی ئازادی و سڕینەوەی هەرچی سیمای شارستانی و مۆدێرنێتی هەیە لە ئەفغانستان… بە دیاریکراوی بۆ ژنان، وڵاتەکە وەک زیندانێکی گەورەی لێ دێت.
خالید حوسەینی، لەم کتێبەدا بە هۆی پرسیارە ورد و وروژێنەرەکانەوە بۆ مێژوویەکی دێرینتری وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە و ئاشکرای دەکات کە بۆ ماوەی دووسەد ساڵ بوو دەسەڵات لە ئەفغانستان سیستمی پاشایەتی بوو: پاشایەکمان هەبوو بە ناوی زاهیرشا، ئەو لە ساڵی ١٩٣٣ وە پاشای ئەفغانستان بوو، ساڵی ١٩٦٣ دوو ساڵ پێش ئەوەی من لەدایک بم، دەستوورێکی بۆ سیستمی پاشایەتی دەرکرد، دە ساڵی تر لەسەر حوکم مایەوە… بەم شێوەیە دەبینین کە چاوپێکەوتنەکە سەبارەت بە چەندین بابەت، تەوەر و پرسی جیاجیا، پرسیاری تیدایە، کەچی خالید حوسەینی، هێند بە جددیەت و وردبینییەوە وەڵام دەداتەوە، هەر ئەڵێی لە یەک بە یەکی ئەو بوارانەدا دکتۆرای هەیە، ئەڵبەت نەک بە درێژدادڕی لە وەڵامدا، بە پێچەوانەوە زۆر بە کورتی و کەمترین وشە مافی تەواو بە پرسیار و وەڵامەکان دەدات و خوێنەر تێر دەکات بە زانیاریی هەمەچەشن، ئەمەش ڕاستەوخۆ ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم نووسەرە خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان و مەعریفەیەکی گشتیی گەورەیە لە بوارەکاندا، ئەگەرچی خودی خۆی پزیشکە و بڕوانامەکەی لە بواری تەندروستی دایە. بەپێی زانیارییەکان:
خالید حوسەینی، ٤ی ئازاری ١٩٦٥ لە کابوول لەدایک بووە. ڕۆماننووسی ئەمریکایی لەدایکبووی ئەفغانستانە و بە وێناکردنی زیندووی ئەفغانستان ناسراوە. دیارترین ڕۆمانی (کۆلارەفڕێن)ە، کە ساڵی ٢٠٠٣ نووسیویەتی.
حوسەینی لە کابوول گەورە بووە. باوکی دبلۆماتکار و دایکیشی مامۆستای ئامادەیی بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ دایک و باوکیدا ڕوویان لە پاریس کرد، باوکی لە باڵوێزخانەی ئەفغانستان کاری دەکرد. لەگەڵ هێرشی یەکێتیی سۆڤیەت ساڵی ١٩٧٩ بۆ سەر ئەفغانستان، گەڕانەوەیان بۆ ماڵی خۆیان بە مەحاڵ زانی، هەر بۆیە ڕوویان کردە کالیفۆرنیا، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە مافی پەنابەریی سیاسییان پێ درا. خالید لە زانکۆی سانتا کلارادا بایۆلۆجیی خوێندووە، ساڵی ١٩٨٩ دەستی بە خوێندنی پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیای سان دیێگۆ کردووە. ساڵی ١٩٩٦ وەک پزیشک کاری کردووە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی.
حوسەینی ساڵی ٢٠٠١ ڕۆمانی (کۆلارەفڕێن)ی نووسی، هەموو سەعات چواری بەیانییەک، پێش ئەوەی بەرەو نەخۆشخانە بڕوات، دەستی کردووە بە نووسین. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە کارەکتەرێکە بە ناوی ئەمیر، نووسەرێکە لە ئێستادا لە کالیفۆرنیا دەژی، بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کابوول گەورە بووە، کوڕی خێزانێکی دەوڵەمەندە. چیرۆکەکە لەسەر ئەمیر و هاوڕێیەکی منداڵییەتی بە ناوی حەسەنی کوڕی خزمەتکارێکی خێزانەکەی، کە دواتر خێزانەکە هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆمانی (کۆلارەفڕێن) لە لایەن خوێنەرانێکی زۆرەوە ستایش کرا، بەڵام لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە هۆی ئەو توخمانەی بە میلۆدرامیک دانرا، ڕەت کرایەوە. سەرەڕای ئەوەش زۆری خایاند تا ڕۆمانەکە لە ڕێی ستایشی زارەکییەوە ناوبانگی پەیدا کرد و لە وڵاتاندا بڵاو کرایەوە، دواتریش ساڵی ٢٠٠٧ کرایە فیلم. بە هۆی ئەو سەرکەوتنەوە حوسەینی ساڵی ٢٠٠٤ بە تەواوی خۆی بۆ بواری نووسینی ڕۆمان تەرخان کرد.