ماشێنی یادەوەری خستنەڕووی کۆمەڵەچیرۆکی “وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی”
بەختیار حەمەسوور
سەبارەت بە چیرۆکی نوێ و ڕۆڵی لە دنیای تازەدا، هەمیشە پرسیارێک لە بەردەممان خۆی قوت دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا چیرۆکی نوێ تا چەند ڕەنگدانەوە و هەڵگۆزتەی دنیای تازەیە؟ دنیایەک کە هەر ساتێک بە خێراییەکی لە ڕادەبەدەر دێت و بە هەمان خێرایی ئاوا دەبێت، ڕووداوەکان بەرەودوای یەک، بە تیژتێپەڕی بە لاماندا تێدەپەڕن و بڕێک جار ئەسڵەن فریای تەماشا و لێڕامان و وەستان و قووڵبوونەوەیان ناکەوین. ئەمە پرسێکە دەتوانرێت ئاراستەی چیرۆکی نوێ و چیرۆکنووسانی ئەمڕۆش بکرێت، پرسێک کە وەڵامدانەوەی لای دەقی نووسراوە، واتە ئەو چیرۆکەی چیرۆکنووس دەینووسێت و ئاراستەی خوێنەرانی دەکات. لە دنیادا ئەمڕۆ چیرۆکنووسان خەریکی ئەو ڕوانینەن کە چی لە دەوروبەریان دەگوزەرێ، خۆیان لەناو ئەو گۆڕانکارییە خێرا و گەورانەدا دەبیننەوە کە لە هەر چرکەیەکدا ڕوو دەدات، وەڵامی ئەوان بەو دۆخگۆڕکێ و کەوڵاوکەوڵە، بە چیرۆکەکانیانە، بەو بەرهەمانەی کە لە ڕێیەوە پێمان دەڵێن تاک لە چەقی ڕووداوەکانی سەردەمدا، چ ڕۆڵ و پێگە و کاریگەرییەکی هەیە، هاوکات، کۆی ئەو دۆخ و ڕووداوانەش لەسەر تاک و پاشتریش خێزان و کۆمەڵگە چییە و چۆناوچۆنە.
کۆمەڵەچیرۆکی وەرگێڕاوی “وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی” هەڵبژاردەی کۆمەڵێک چیرۆکی کورتی نوێیە لە کۆمەڵێک چیرۆکنووس لە ئەدەبیاتی دنیا، ئەم کتێبە لە لایەن مامۆستا ڕەووف بێگەردەوە کراوە بە کوردی و هەڵبژرادنی ئەم چیرۆکانە لە لایەن خودی وەرگێڕەوە، دەرخەری سەلیقە و ناسینی ئەون بۆ چیرۆک و کردەی چیرۆکنووسیی. دیارە ئەمە یەکەم جار نییە مامۆستا ڕەووف بێگەرد چیرۆکی جیهانی و بە تایبەت چیرۆکی هاوچەرخ بکات بە کوردی، بەڵکو ساڵانێکی دوورودرێژە، لە پاڵ ئەزموونی نووسینی چیرۆکنووسیی خۆیدا، بەردەوام سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەو چیرۆکانەش بووە کە سەرنجیان ڕاکێشاوە و بە گرنگی زانیون بۆ ئەدەبی کوردی. ئەم کتێبە لە دووتوێی ١٤٢ لاپەڕەدا و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ چاپ و بڵاو بووەتەوە. کتێبەکە وێڕای پێشەکییەکی پوخت و گرنگ، لەم چیرۆکانە پێک هاتووە: “خەو: کاترین ویبەر، شیرینی: نایان ڕاج باندی، پێویستییەکان: گریس پالی، جێژوانی خێزانێک: جون ویلیەم تشیفەر، تەقینەوە لە ژووری میواندا: بای شیاویی، سەمای کان ـ کان: ئەرتورو فیفانتی، شەڕی دوو لێبووک: میکاکۆتۆ، وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی: ئارت بوخالد، ژێرزەوی: سیلفینا ئوکامبو، بێبەزەیی: ویلیەم دی میل، یەکشەموانێکی سەیرانگە: بیل کاوفمان، چارەنووسە ترسناکەکەی میلبومینوس جۆزن: ستیڤن لیکۆک، بەفر: ئان بیتی، نهێنییەکان: تیم ونتۆن، هاوسەر: فرانتر کافکا و سزا: فرانتز کافکا”.
هەریەک لەم چیرۆکانە لە چەند لاپەڕە تێپەڕ ناکەن و خوێندنەوەیان هەر چەند خولەک دەخایەنێت. ئەوەی شیاوی باسە کە لە تەنیشت هەر چیرۆکێکەوە ژیاننامەیەکی پوختی نووسەرەکەی نووسراوە، تێیدا ساڵی لەدایکبوون و مردن و هاوکات گرنگترین بەرهەمی نووسراو و خەڵاتی ئەدەبی کە وەریگرتووە، ئاماژەی پێدراوە. کتێبەکە خۆشدەست و خۆشخوێنە، خوێنەر دەباتە ناو دنیای تازەی چیرۆکەوە و وای لێ دەکات کە ڕوانینی بۆ ئەدەبیات و چیرۆک بە تایبەت، لە گۆشەی تازە و نەدیتراوەوە، ئاراستە بکرێت.
لە پێشەکیدا، وەرگێڕ بەم جۆرە باس لەم کتێبە و گرنگی چیرۆک دەکات: “کورتەچیرۆک ژانرێکی پەخشانئامێزی ئەدەبییە، وەک هەر بەرهەمێکی داهێنانی دی، خاوەن شوناس و تایبەتمەندی و مێژووی درەوشاوەی خۆیەتی، چ لەسەر ئاستی ڕووداو، یان کارەکتەر و تەکنیکی گێڕانەوە. لەم ڕووەوە دەبێت ئاگادار بین چیرۆکی ئاسایی، یان ئەوەی ناوی کورتەچیرۆکی (Short Story) لێ نراوە، جیاوازە لە کورتیلەچیرۆک، یان ئەوەی ناوی لێ نراوە چیرۆکی زۆر کورت (Vere Short Story) چ وەک مەودا، یان ڕەهەندی کارەکتەر و تەکنیکی گێڕانەوە، بەڵام هەردووکیان (ڕۆمانیشی لەگەڵدا بێت) سەر بە ڕەگەزی گێڕانەوەن، کۆلکەهاوبەشەکانیان کارەکتەر و ڕووداو و گێڕانەوەیە.
من هەر لە سەرەتای ساڵانی حافتای سەدەی ڕابردووەوە کورتیلەچیرۆکم بە ڕۆژانەچیرۆک ناوزەد کردووە، بەو مانایەی دەتوانیت لە ڕۆژێکدا زیاد لە یەکێک لەو چیرۆکانە بنووسیت، کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، دەشێت لە ڕۆژێکدا زیاد لە دیمەنێک، هەواڵێک، کارەساتێک و دیاردەیەک سەرنجت ڕابکێشێت و بکرێت بە کەرەستەی چیرۆکێک کە ژمارەی وشەکانی ٥٠ ـ ٦٠ وشە زیاتر نەبێت. لە کاتێکدا کورتەچیرۆک زۆر لەوە زیاترە و ڕێکدەکەوێت مەوداکەی بگاتە ٧ بۆ ٨ هەزار وشە.
لەم چیرۆکانەدا بەسەرهات و دیمەنگەلێک دەبینیت، دەشێ پێت سەیر بن، بەڵام ڕاستییەکی نکووڵی لێ نەکراون، مۆرکی زۆر تایبەتی کۆمەڵگەیەکیان پێوەیە، کە دەبن بە شوناس و پێناسە بۆ سەردەمەکە و هەڵسوکەوت و چالاکییە دیارەکانی مرۆڤەکانی. ئەمە لە خۆیدا لایەنێکی ئەرێنییە بۆ هەر بەرهەمێکی ئەدەبی، بە ڕای من ئەو واقیعە مێژووییەی لە ئەدەبدا ڕەنگ دەداتەوە، ڕستگۆیانەترە لەوەی زۆر جار بە ناوی مێژووەوە دەنووسرێت، بەڵام سەر بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، یان دەسەڵاتخوازییە، ئەمەیان دوورکەوتنەوەیە لە ڕاستەڕێگەی هەقیقەتگوتن و وەک ئەنجام کارەساتە.
ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، جگە لە هەردوو چیرۆکی “سزا و هاوسەر”ی فرانز کافکا، کە لە فارسییەوە وەرمگێڕاون، هەموو ئەوانی ترم لە کۆمەڵەچیرۆکی “شەڕی دوو لێبووک”، لە عەرەبییەوە کردوون بە کوردی، کە نووسەر و وەرگێڕ ” جەودەت جالی” لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاون و دامەزراوەی مەئموون بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٩ چاپی کردووە.
هیوادارم بە دڵی چیرۆکدۆستانی ئازیز بێت.”
***
وەک وەرگێڕی ئازیز، مامۆستا ڕەووف بێگەرد ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم چیرۆکانە سەر بە دنیای ئەمڕۆن و هەریەکەیان هەوڵ دەدات لەو ڕووبەرە بچووکەدا، ئەو دنیایە ڕۆ بنێت لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا دەقەومێن، ڕەنگدانەوەی دەرکەوتەکانی ئەمڕۆن، بە تایبەت ئەو دەرکەوتانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تاک و خێزان هەیە، ئەم چیرۆکانە بە چڕی و شاوڵی، لەسەر تاک و خێزان کار دەکات، بە تایبەتیش دنیای ژن و پیاو لە ماڵێکدا، پەیوەندی نێوان خۆشەویستان، لێک نەگەیشتن و بەدحاڵیبوون، ئەو وردە کێشانەی پەرەیان پێ دەدرێ و گەورە دەبن و دەبنە هۆی گرژی و گرفتی هێجگار ئاڵۆز، کە چارەیان چیدی لە دەستی کەسدا نامێنێت و سەرجەم ئەو گرێبەستانەی پێکەوەبوون، تێیدا هەڵدەوەشێنەوە و کۆتاییان دێت. ئەوەی کە ئەم تێمایانە بە چ ئیمکانێک دەرخرێنە ڕوو، ڕەنگە گرنگترین پرسی جوانیاناسانەی ئەدەبیی بێت، چیرۆکنووسانی ئەم کتێبە لە ڕێی هونەری چیرۆکەوە هەوڵ دەدەن ڕاڤەی دنیای ئەمڕۆ بکەن، نەک بە گوتار و دروشم و قسەی ئاسان و سادە، بەڵکو لە ڕێی گێڕانەوەی مۆدێرن و لە زمانێکی چڕی تۆکمەدا، کە نوێنەرایەتی دنیای نوێی ئەدەبیات بکات. ئەم چیرۆکانە پێت دەڵێت کە دەکرێت هەرچی زیادە و پەراوێزە لە دەق داماڵرێت و بە تەنیا کرۆک و ئەوەی جەوهەرییە، بمێنێتەوە. چڕی و دەستگرین بە وشە، یان ئەوەی بە “ئابووری وشە” ناودێر کراوە، لەم چیرۆکانەدا بە جوانترین شێوە تەعبیری لێ کراوە، ئەم چیرۆکانە نموونەی بەرجەستەی چیرۆکی گوشراو و چڕکراوەن لە بچووکترین ڕووبەردا.
لێرەدا پێکەوە یەکێک لە چیرۆکەکان دەخوێنینەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە جوانی کتێبەکە دانەبڕێ و دواتریش چەند دێڕێک دەربارەی چیرۆکەکە دەنووسین.
***
بەفر
ئان بیتی
ئەو شەوە ساردە لە بیر ناکەم کاتێک باوەشێک دارت هێنایە ژوورەکەوە. لە کاتی دانانی دارەکەدا سمۆرەیەک بازی دا خوارێ و تێپەڕی، گوتت: “ئەوە چی دەکەیت لێرە؟” کە لە ژووری موبەقەوە بەرەو کتێبخانەکە چوو، وەک شارەزاییەکی چاکی لە ماڵەکەدا هەبێت وا بوو، کەس بڕوای نەدەکرد. لە بەردەم دەرگای پێشەوە وەستا، حەفتەی یەکەممان لەو ماڵەدا بەسەر برد، تیایدا دەگەڕاین، ئاگاداری کۆڵێک لە نهێنی ناو ماڵەکە بووین، بۆ نموونە کاغەزی سەر دیوار لەژێر کاغەزی تردا، لە چێشتخانەکەدا، بەسەر کاغەزەکانەوە، وێنەی کەپری سپی نزیک بە ڕەنگی ئاڵتوونی بە تەنیشت بەرسیلەی دارێکەوە. ئەو کاتەی بە ڕەنگی زەرد دیوارەکانمان بۆیاخ دەکرد، بیرم لە شکانی دارمێوەکە کردەوە، کە لەوانە بوو وەک هەندێک ڕووەکی تر لەژێرەوە هەڵبداتەوە.
لە ڕۆژی بەفرە گەورەکەدا، کە پێویست بوو لەسەرت ڕێگەکە بەفرماڵ بکەیت، کڵاوەکەت نەدۆزییەوە و پرسیاری ئەوەت لێ کردم چۆنچۆنی خاولییەک بە سەرتەوە ببەستیت کە نەکەوێت، تۆ بەو خاولییە سپییەی سەرتەوە دەبووی بە پاشای شێتی بەفر، پێویست بوو هەموو بەیەکەوە بین. شار بەجێ بهێڵین و ڕوو لە گوند بکەین. لەوێ زۆر کەس سەردانیان کردین، زۆپاکەش حەزی گەلێکیانی بزواند تا چیرۆکی سەیر سەیر بگێڕنەوە. چیرۆکی ئەو منداڵەی بە ڕێکەوت لە پەنایەکی لای ڕاستەوە وەستابوو، کاتێک دەرگای ئەرەبانەی ئایس کرێمەکە کرایەوە، سەدان نوقڵی مژین کەوتنە خوارەوە و شکان، هەروەها چیرۆکی ئەو پیاوەش کە لە کەناری ڕووبارەکەدا وەستابوو، لمی بەر خۆرەکە دەبریسکێتەوە، پیاوەکە شوێنێکی بینی لە جێگەکانی دی زیاتر دەبریسکایەوە، بۆیە بەرەو ئەوێ چوو، تەماشای کرد ئەنگوستیلەیەکی گەوهەر بوو. ئایا دەبێت ئەوان وا بزانن ئێمەیان لەگەڵداین، چونکە باسی شتی سەیریان کردبوو؟ من وای بۆ دەچم ئەوان لای خۆیانەوە وایان داناوە ئێمە سەرناکەوین. ئەی تۆ ئەو شەوەت لە یادە کە چووینە دەرەوە و تا ئەژنۆمان لە بەفر چەقی، سەرمان بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە و بایش زیاتر دنیای سپی دەکرد؟ وەک دنیا قڵپ بووبێتەوە وابوو. ئێمەیش تەماشای کێڵگە فراوانەکەی گێزەری کێویمان دەکرد، پاان کاتێک گڵۆپەکانی پێشەوەمان کوژانەوە، ئێمە یەکەم ماشێن بووین بەنێو بەفرە تازە باریوەکەدا تێپەڕیین. پێدەچوو لە دەرەوەی ماشێنەکەدا زیاد لە پێویست خۆرەتاو بێت.
تۆ بە جۆرێکی جیاواز بیر لەمە دەکەیتەوە، وا دەزانیت ئەو سەرمایە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. گوایە هەموو شەوێک بازنەیەک ڕووناکی لە مانگ جیا دەبێتەوە، بۆیە بە لاتەوە نائاسایی نییە ئەگەر ئاسمان ڕەش داگەڕابێت. سمۆرەکەش بۆیە ڕای کردووە تا خۆی لە تاریکاییەکەدا بشارێتەوە. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی دەرگایەک هەیە و دەتوانێت لەوێوە بۆی دەربچێت. میوانەکانی ئێمەیش هەمان ئەو چیرۆکەیان گێڕایەوە کە هەموو کەسێک دەیزانێت. گوتم: “چ دراماتیکییەک لە ژیاندا دروست دەبێت ئەگەر زۆربەی ئەو چیرۆکانە لا ببرێنن و نەهێڵرێن.” با وا بێت، کەواتە وا من گەڕامەوە بۆ دراماکە. ماشێنەکەم بەرەو ئەو ماڵە لێخوڕی کە تیایدا بووین. ئێستا مانگی نیسانە، (ئالن) مردووە، (ئالن)ی دراوسێمان، زیاد لە هەموو ئەو میوانانەی سەرمان لێ دەدەن، ئالن هاوڕێیەکی دڵسۆز و پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو. من لەگەڵ ژنەکەیدا لە موبەقەکە دانیشتم. لە دەرگا شووشەییەکەوە تەماشای گۆڕەپانەکەی پێشەوەمان دەکرد، ئەستێڵەکەی ئالنی لێ بوو، لەبەر زستان بە پلاستیکی ڕەش داپۆشرابوو، دایکردە باران، ئاوێکی زۆر کەوتە سەر پلاستیکەکە، تا چووە ناو ئیسفلتەکەوە.
بە ماشێنەکەم بە بەردەم ئەو خانووەدا تێپەڕیم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ماڵی ئێمە بووە. سێ چوار دار زەعفەرانی گوڵگرتوو بەرانبەرم بوو. تەنیا هەندێک شوێن پەڵەی سپیی پێوە مابوو، بەفر گۆڕی گوم بوو، بۆیە هەستم بە پەشۆکانی خۆم کرد.
ئەمە چیرۆکێکە، وەک خۆمان دەڵێین حیکایەتە. کیژۆڵەیەک گەورە بوو، کەوتە دنیای خۆشەویستییەوە، لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا هەموو وەرزی زستانی لە گوند بەسەر برد. بێگومان ئەمە هێڵی سەرەکی چیرۆکەکەیە و چەندوچوونی بێهوودەی نەگەرەکە و بێمانایە. وەک ئەوە وایە لە ڕۆژێکدا کە بەفر بە خێرایی دەبارێتە سەر زەویی تۆ، لەسەر زەوییەکە دان بۆ پەلەوەر ڕۆ بکەیت “کێ چاوەڕێی ئەوە دەکات، لە کاتێکدا تەنانەت شتە گەورەکان ون دەبن و نامێنن، شتە بچووکەکان ڕزگاریان بێت” خەڵکی ساڵەکان لە بیر دەکەن و چرکەساتیان لە بیرە. دەستبەرداری ڕەمزەکان دەبن بۆ شتە بچووکەکان. ئەستێڵەکە ڕەش داگەڕاوە. خۆشەویستی، لە بچووکترین شێوەیدا دەبێت بە وشە. ئەوەی تا ئێستا لە هەموو شتەکانی ئەوسا لە بیرم ماوە زستانێکە و بەفر. کە دەڵێم بەفر هەڵم لە دەمم هەڵدەستێت. باسی ئەو بەفرماڵە نەکرا کە بەردەوام لەوێ کەوتبوو، بەفری سەر ڕێگە تەسکەکەمانی دەماڵی. خوێنبەرەکان پاک بوونەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە ئێمە نەیزانی شوێنی دڵ لە کوێدایە.
***
ئەم کورتەچیرۆکە کە هیی خانمەنووسەرێکی مۆدێرنی ئەمریکایە، لە یەکەم خوێندنەوەدا چڕ و ئاڵۆز و خۆبەدەستەوەندەر دەردەخات، بەڵام ئەگەر دەرفەت بە خۆمان و چیرۆکەکەش بدەین و زیاد لە جارێک بیخوێنینەوە، ئەوا دەکرێ هەندێ لایەنی ناڕوونی ڕوون ببێتەوە. چیرۆکەکە لەسەر “یادەوەری” بونیاد نراوە، هێڵی سەرەکی “یادەوەری”یە، ناوی چیرۆکەکە “بەفر”ە، دەکرێ ئاماژە بێت بۆ یادەوەریی ئەو ساڵانەی دوو خۆشەویست لە گوند پێکەوە بەسەریان بردووە و “تا ئەژنۆیان لە بەفری یادەوەریدا نوقم بووە”، ئێستا لەو یادەوەریانەی تەواوی ژیانیانی سپی کردبوو، “بەفرماڵ” بەشێکی زۆری سڕیوەتەوە و تەنیا بیرەوەرییە ورد و بچکۆلەکان ماونەتەوە. ئەم چیرۆکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکش ستایشی ئەو یادەوەرییە بچووکانە دەکات کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەن، دەکرێ ئەو یادەوەرییانە هەرمان بن و باقیی ئەوەی هەیە هەبا ببێت.
بە ڕواڵەت چیرۆکەکە شتانێک دەگێڕێتەوە کە هەست ناکەی پەیوەستییەکی وایان لەگەڵ هێڵە سەرەکییەکەدا هەبێت، باسی کەسانی تر، چیرۆکی شوێنی تر، هەندێ گێڕانەوەی تەنزئامێز، باسی دراوسێیەک کە چیدی نەماوە، سمۆرە و ئەستێل و داری ئاگر و زۆپا و… بەڵام لەو ناوەدا باسی “خاولی” و ژوورێکی تایبەت کە هاڵاوی خۆشەویستی تێیدا پەنگی خواردووەتەوە، کە کەشی دەرەوە: سەرما و زستان و بەفر کار لەو گەرمی و پێکەوەییە ناکات کە لەو ژوورەدا دێت و دەچێت.
باسی “یادەوەری”مان کرد، لە چیرۆکەکەدا، کە هەر هێندەی لەپی دەستێکە و خوێندنەوەی هەر دەکرێ بە ڕاکشانەوە بێت، لە چەند شوێندا، ناوی “ماشین” دێت، پێم وایە ئەم ماشێنە ماشێنی یادەوەرییە، لەو هاتن و چوونانەی کە بەو ماشێنە دەکرێت، خوێنەر دەتوانێت دیققەت بدات، کە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی ماشێنەکەدا شوێن و زەمەنیش دەگۆڕێت، بە واتایەکی تر: ئەو ماشێنە بەناو یادەوەریی ئەو دوو کارەکتەرە و کۆی بیرەوەریی پێکەوەییان و هەموو ئەو شوێن و کاتانەی ئەوان لێی ژیاون و پێیدا تێپەڕیون، دەور دەکاتەوە و تێدەپەڕێت. ئەم ماشێنە بزوێنەری چیرۆکەکەیە، جووڵێنەری یادەوەرییەکانە، بیرخەرەوەی ئەو وردەڕووداوانەیە لە گشتیەتیی ڕووداوەکاندا ماونەتەوە و ڕزگارییان تەنیا بە گێڕانەوە دابین دەبێت. پێم وایە ئەمە سەرنجڕاکێشترین خاڵی ئەو کورتەچیرۆکەیە، نووسەر زۆر بە شارەزایی سوودی لە “ماشێن” وەرگرتووە، بۆ بەگەڕخستنی “یادەوەری” و بیرهێنانەوەی ئەوەی کە گرنگ و چارەنووسسازە.
خاڵی کۆتایی، چەند دێڕی دوایینە: “ئەوەی تا ئێستا لە هەموو شتەکانی ئەوسا لە بیرم ماوە زستانێکە و بەفر. کە دەڵێم بەفر هەڵم لە دەمم هەڵدەستێت. باسی ئەو بەفرماڵە نەکرا کە بەردەوام لەوێ کەوتبوو، بەفری سەر ڕێگە تەسکەکەمانی دەماڵی. خوێنبەرەکان پاک بوونەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە ئێمە نەیزانی شوێنی دڵ لە کوێدایە.” ئەم کۆتاییە ڕوونتر و ڕەوانتر ئەو کەشفەی ئێمە جەخت دەکاتەوە، لێرەدا “بەفرماڵ” دەکرێت خودی زەمەن و تێپەڕینی بێت، کە بەشێکی بەرچاوی بیرەوەری لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت، وەک لە سەرەتاوە گوتمان “بەفر” هێمای یادەوەرییە، ئەو یادەوەرییانەی بەفرماڵ نەیماڵیون تایبەتن بە خۆشەویستی و لە شوێنێکدا نیشتەجێیە کە ناوی دڵە.