سەماکردن لە نێو ئاگردا هەستانەوە لە نێو خۆڵەمێشدا

Loading

سەماکردن لە نێو ئاگردا

هەستانەوە لە نێو خۆڵەمێشدا

ڕانانی کتێب: هاودەم ساڵح جاف

  ڕۆمانی (سەماکردن لە نێو ئاگردا هەستانەوە لە نێو خۆڵە مێشدا) نۆبەرە ڕۆمانی خانمە نووسەر و وەرگێڕ عیسمەت سۆفیە. ڕۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و وەرگێڕی بەتوانا عەلی عوسمان یاقووب لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی – سۆرانی. داستانەکانی ئەم ڕۆمانە لە زاری ژن و پیاوێکەوە دەگێڕدرێنەوە بە ناوەکانی تارا و هیوا. ئەو دوو حەکایەتخوانە هەریەکەیان بە نۆبەی خۆی بەزمانی کەسی یەکەمی چالاکەوە بەسەرهاتەکانی نێو ڕۆمانەکە دەگێڕنەوە. هەر دووکیان لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستەن – خاوەنی لەش، ڕوخسار، هێزی کردار، حەز و ئارەزووی خۆیانن و، چیرۆکی ژیانی خۆیان و کەسانی دیکە، لە ڕێگەی تێکبەستنی ڕەهەند و دەنگ و کەرەسەی دیکەوە، هاوتەریب پێکەوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە دەئافرێنن.

حەکایەتخوانەکان بە پشت بەستن بە یادگەی تاکە کەسی خۆیان، هێندە لە مێژووی ڕاستەقینەی ڕووداوە ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و دەروونی و کولتورییە کارەساتبارەکانی ڕابردووی، جوگرافیایەكی دیاریکراو نزیك دەبنەوە، تا ئەوەی خوێنەر هەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانێکی مێژووی بکات. چوونکە لە نێوان کات و شوێنی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و ڕووداوە میژووییە ڕاستەقینەکاندا لێکچوون هەیە و هەندێ لە کاراکتەرەکانیش لەراستیدا هەبوون، بەڵام نووسەر ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە ئەوە تەنها ڕێکەوتە و ڕۆمانەکە ” … زادەی خەیاڵی نووسەرە …” [لا ٦٠٨ سەماکردن لە نێو ئاگردا].

ژانری ڕۆمان لە چاو ژانرەکانی نووسینی بیوگرافی یان نووسینی مێژوو یان گێڕانەوە لە ڕێگەی نامە نووسین یان دراما و شیعر دا، شتێکی ترە. وەلێ ئەو ژانرە لە توانایدا هەیە هەموو ئەو ژانرانەی دیکە لە خۆ بگرێت. بەمانایەك وەکو نووسەری ئەمەریکی هینری جیمس دەڵێ: دەکرێ ڕۆمان بەشتێکی لە فۆڕم بەدەری لاستیکی بەراوردبکرێت کە دەتوانێ هەموو شتێك لە خۆیدا کۆبکاتەوە[1].

   نووسەری فەڕەنسی هۆنۆری دی بلزاك دەڵێ: ئەو دەخوازێت ئەو چیرۆکە بگێڕیتەوە کە مێژوو نووسان بیریانچووە بیگێڕنەوە، لەم قسەیەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕومان مێژوویەکی بینراوە لە چاوی کەسێکی تاکەوە و بابەتی ڕۆمانیش لە بابەتی مێژووی مرۆڤ بەدەر نییە. دیارە ئەوە بەو مانایە نایەت، کە هەمیشە ڕۆمانەکان هەموویان چیرۆکی چنراو و گێڕانەوەی یەگرتوو لە خۆدەگرن[2].

هەندێك لە ڕۆمانە مۆدێرنەکان تاقیکردنەوە لەسەر شێوازی گێڕانەوە دەکەن و بەوەش تەحەدای چیرۆکگێڕانەوەی نەریتی دەکەن. ئەو جۆرە ڕۆمانانە ڕێسای کرۆنۆلۆژی گێرانەوە و کۆنتێکست دەشکێنن و ڕێگە بە بەشێك فیکر و بۆچوون دەدەن “ڕووداو” پێکبهێنن. هەرچەندە ئەم ڕۆمانانە وەك ڕۆمانی نەریتی چیرۆکی ئاساییان بۆ گێڕانەوە نییە، بەڵام هێشتا دەکرێت بگوترێت ئەو چیرۆکانە نوێنەرایەتی ژیانی مرۆڤەکان دەکەن لەبەرئەوەی لە کات و شوێندا جێگیرکراون[3].

 دوو قوربانی:

لە رێگەی گێرانەوەکانی تارا وە [وەك حەکایەتخوانی یەکەم]، بەو دەرئەنجامە دەگەین کە ئەو خانمە لە ژیانیدا بەرەنگاری چوار جۆر ئێخەگیری و سەرکوتکردن دەبێتەوە، جاریك وەك ئینسان لە سایەیی ڕژێمێکی توتاڵیتار دا، جارێك وەك ژن لە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالاریدا و، جارێك وەك کورد، شوناسێکی سەرکوتکراو و گووم  و دواجاریش وەك کەمینەیەکی دینی سوونی مەزهەب لە زۆرینەیەکی دینی شیعی مەزهەبدا.

تارا هونەرمەندێکی نیگارکێشە. خاوەنی کوڕ و کچێکی مێرد منداڵە. باوکی منداڵەکانی لە ڕێستوارانتێك لە ئەڵمانیا بە بەرچاوی خۆیی و منداڵەکانییەوە بەدەستی چەند کەسێك تێرۆر دەکرێت. تارا خۆشی لەلایان  پرۆفیسۆرێکی بیر ئازاد و داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەتەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر. بەو هۆکارانە و گەلێ هۆکاری دیکەش تارا توشی پشێوی دەروونی هاتووە و لە ژێر چارەسەری پزیشکی دەروونیدایە.

هیوا، حکایەتخوانی دووەم هاوشێوەی تارا، هەم وەك ئینسان و هەم وەك پیاوێكی بێدەسەڵاتی ژێر ڕکێفی باوکی و هەم وەك کورد و هەم وەك سوونی مەزهەبێکیش لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی سەرکوتکردن بووەتەوە. هیوا کوڕی پیاوێکی دەوڵەمەندە، باوکێك کە هەتا ڕادەی زاڵبوون هەمیشە لە خەمی کوڕەکەیدایە. هیوا لە لاوێتیدا زانستە کۆمەڵایەتییەکانی لە زانکۆی تاران خوێندووە. خاوەنی ئەزموونێکی خۆشەویستی سەرنەکەوتووە لەگەڵ کچێك بەناوی هەنار. پاشان لەبوارەکەی خۆیدا دەبێتە پرۆفیسۆر و دەکەوێتە دوای حەز و ئارەزووە سێکسییەکانی لەگەل کچە قوتابییە لاوەکانیدا. بە مانایەك هەر دوو حەکایەتخوان هەرەیەكەیان بە پلەی جیاواز گورزی هەدمەی پشێوی دەروونیان بەرکەوتووە.

ڕۆمانەکە لە چوار بەش پێکهاتووە. لە سەردەمی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ وە لە نەرویژ دەست پێدەکات و، ٨ ئازاری ٢٠٢٣ [لە رۆژی جیهانی ژناندا] لە ئۆسلۆ و بە گوتنەوەی دروشمی ژن ژیان ئازادی کۆتای دێت. بەشی دووەمی ڕۆمانەکە باس لە ساڵەکانی پێش شۆڕش و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵەکانی ١٩٧٠ – ١٩٩٨ دەکات. لەم بەشەدا بەسەرهاتی ڕزگارکردنی شاری سنە و مەریوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتی شۆڕشدا دەخوێنینەوە و پاشان تراژیدیای هێرشی بێبەزەییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەو شارانە و بۆردومانکردن و ڕەشە کوژی خەڵکەکەی و دووبارەر گرتنەوەی شارەکان.

  بەشی سێیەمی ڕۆمانەکە تەرخانە بۆ ئاهەنگی ڕۆژبوونی (ماگوڵی)، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. ماگوڵی یەکێکە لە کاراکتەرە دیارەکانی نێو ڕۆمانەکە. میوانەکان کوردن و کچێکی ئازەری و کوڕێکی فارسیشی لە نێو میوانەکاندان.

نووسەر [لەزاری تارا]ی حیکایەتخوانەوە بە شێوەیەکی تەنزئامێزانە وەسفی ئامادەبووانی ئاهەنەگەکە بۆ ئێمەی خوێنەر دەکات. بۆنموونە یەکێکیان بە سوشیالیستی لایەنگری بازاڕی ئازاد ناودەبات و یەکێکی دیکەیان بە سوپەر ناسیۆنالیستی بێ نەتەوە و یەکێکی دی بە کۆلکە شاعیر و ئەوی دی بە کۆمۆنیستی پێشو – هەواداری سەرسەختی بیروباوەڕی ڕاسترەوی ..هتد. ئامدەبووانی ئاهەنگەکە بە کورد و ئازەری و فارسەوە وێنەیەکی گچکەی پێکهاتە سیکولارەکانی ئێران پێکدەهێنێت.

کچە فیلمسازێکی توركی خەڵکی ئازەربێجان لە ئاهەنگەکەدا ئامادەیە، کە [کوردی خۆش دەوێت] بەوەدا کە بووتە دۆستی (کۆلکە شاعیرە کوردەکە)، وەلێ بە هیچ شێوەیەك جێگەی گرنگی پێدانی حەکایەتخوان نییە: ” نازانم بۆ، وەلێ هیچ حەزم نەکرد بزانم چیی بەرهەم هێناوە، تەنانەت نەمویست کەمترین ڕادەی بایەخپێدانێکی سەرپێیشی پیشان بدەم” [ سەماکردن لە نێو ئاگرادا، لا ٥٢٨ دیڕی ١،٢،٣] لەولاشەوە ڕۆژنامە نووسێکی فارسی گەنج،”… دەیگوت زۆری دەربارەی کوردان خوێندووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گەلی کوردی خۆش دەوێت” [لا ٥١٧، دێڕی ١٠.١١،١٢]  حەکایەتخوان ئەم کوڕە ڕۆژنامە نووسە گەنجە وەك هاوڕێی خۆی بە ئامادەبووانی دەناسێنێت.

 کەشی ئاهەنگەکە بە گفتوگۆی نەرێنیانە بارگاوی دەبێ و دواتر سەر دەکێشێتەوە بۆ بەگژدا چوونەوەی یەکدی و سوکایەتی بەیەکتری کردن و شت هاویشتن و ووردوخاش بوونی پەیکەری خاوەن دوو ڕووی( ژینوس) لە هۆڵی دانیشتنەکە دا. ئەوەی جێی سەرنجە یەکگرتنەوەی کچە تورکە فیلمسازەکە و کوڕە فارسە ڕۆژنامەنووسەکەیە، دوای کەوتنی دەمامکەکان دژ بە کوردەکان و سوکایەتی پێکردنیان. کوڕە ڕۆژنامە نووسەکە ڕوودەکاتە کۆمۆنیزمە کوردەکە و دەڵێ ” بۆ خۆت هەر خەون ببینە، گەمژە! … تۆ، تەنانەت لە خەونەکانیشتدا بستێك خاکی ئێران نابینیت…” یان خانمی فیلمساز کە بە نیازی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسە فارسەکە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ نووسەرە کوردەکەدا دەکەوێتە قسە و دەڵێ ” … ئێوە جوداخوازی دەبەنگن! تەنانەت خەڵاتە ئەدەبییەکانیش ناتوانن ناپاکیی ئێوە بشارنەوە ..”. بڕوانە [لا ٥٥٨-٥٥٩ ڕۆمانی سەماکردن لە نێو ئاگردا].

 لە وەرگێرانە کوردییەکەدا دەردەکەوێت نووسەر بە تەنکنیکێکی سەرنجڕاکێشانەی سەرکەوتوو ڕۆمانەکەی بەئەنجام گەیاندووە. نووسەر لە گێڕانەوەکانیدا بوێر و چاونەترسە و ڕێچکەشکێنە. جگە لە هەندێکی کەم هەڵەو پەڵەی چاپ و لە هەندێ شوێنیشدا پێویستی ڕوونکردنەوەی هەندێ وشە [وەك ئەوەی وەرگێڕ بۆ هەندێ وشەی کردووە، دەکرا بۆ ئەو چەند وشەیەشی کردبا]، ئەگینا زمانی وەرگێڕانە کوردییەکە نایاب و پارا و مانابەخشە. لێرەوە دەستخۆشی لە هەردووکیان، لە نووسەر و وەرگیڕ دەکەم.

[1] Tone Selboe, roman, store norske leksikon.

[2] Tone Selboe, roman, stote norske leksikon.

[3] Tone Selboe, roman, store norsk leksikon.

ناردن: