ساڵە دزراوەکانی تەمەنم ڕۆمانێکی تایبەت بە ئۆتیزم
ڕانانی:ئیدریس عەلی
ئەو ئەدەبەی بە قووڵی ڕۆ دەچێتە نێو کێشە و ئازارەکانی مرۆڤەوە، ئەو ئەدەبەی دیوێکی دیکەی کەمبینراوی واقیعمان لە فۆڕمێکی هونەریدا بۆ نمایش دەکات، ئەو ئەدەبەی تەنیا برین پیشان نادات و ڕێگاچارە بۆ گرفتەکانیش دەخاتە ڕوو، ئەدەبێکە لە یادەوەریی خوێنەردا جێی خۆی دەکاتەوە، ئەدەبێکە لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا هاوشانی خوێنەر دەڕوات و بیر ناچێتەوە و هێزی مانەوەی لە داهاتوویەکی دوورتردا هەر دەمێنێتەوە، ئەدەبێکە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەندێشە و زیهنییەتی مرۆڤ جێ دەهێڵێت و توانای ئاڕاستەکردنی مرۆڤی هەیە، جا ئەگەر هاتوو ئەو ئەدەبە، یان ڕۆمانە، دەستی بۆ بابەتێکی هەستیار و کاریگەر بردبێت کە پەیوەندیی بە تەندرووستی مرۆڤەوە هەبێت، بە دیاریکراوی بابەتێکی هەستیاری وەک حاڵەتی ئۆتیزم، کە لە دنیای ئێستادا بەشێکی زۆر خانەوادەکانی لەسەر ئاستی جیهان گرتووەتەوە و ژیانیانی وێران کردووە، دەردێک کە هێشتا زانست لە ئاست ئاشکراکردنی هۆکارەکان و چارەسەری تەواوەتیدا هەژار و دەستکورتە.
ڕۆمانی (ساڵە دزراوەکانی تەمەنم) ڕۆمانێکە باس لە دنیا پەنهانەکەی ئۆتیزم دەکات و پەردە لەسەر ژیانەکەیان لا دەدات، غەم و ئازاری ئەو خێزانانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە منداڵەکانیان تووشبووی ئەم دەردەن، ئەم کتێبە لە لایەن (یۆدی بارۆن و سییان بارۆن)ەوە نووسراوە، هاوکات (عومەر ڕەسوڵ) کە خۆی پسپۆڕی بواری ئۆتیزمە و لەم بوارەدا چەندین کتێبی نووسیوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
ئەم ڕۆمانە لە لایەن دایکێک و کوڕە تووشبووەکەی بە ئۆتیزم نووسراوە، یاخود ژیانێکە خۆیان پاڵەوانی بوون و بۆمان دەگێڕنەوە، هەریەکەیان گۆشەیەک، یان چیرۆک و لایەنێکی ئەو ژیانە پڕ لە ئازارە دەگێڕنەوە کە بە هۆی ئۆتیزمەوە دووچاری بوون، منداڵەکە (سییان) دایکەکە (یۆدی) پێکەوە کۆی چیرۆک، ڕووداو و کێشەکان دەخەنە ڕوو.
ئەم ڕۆمانە جۆرێک لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لە بوونی ئەم دەردە، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکەدا، تێڕامانە بە دیار سەختییەکانی ئەو ژیانەوە کە ئۆتیزم دروستی دەکات، باس لەو سەرچاوە هەڵانەی زانستی پزیشکی دەکات کە وەک دەوا دەیدەن بە تووشبوانی ئۆتیزم بێ ئەوەی سوودێکی هەبێت بۆیان، گرفتەکانی چوونیان بۆ قوتابخانە و مامەڵەی نادروستی مامۆستا و خوێندکاران، هەموو ئەمانە و چەندین گرفت و ئازاری دیکە، لە ڕۆمانەدا سەبارەت بەتووشبوانی حاڵەتی ئۆتیزم خراونەتە ڕوو.
ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی خێزانێکی چوار کەسی دەکات، دایک و باوک، لەگەل خوشک و برایەک، براکە واتە (سییان) تووشبووی حاڵەتی ئۆتیزمە، ئەمە هەر لەسەرەتای قۆناغی منداڵییەوە هەستی پێ دەکرێت کە کوڕەکەیان حاڵەتێکی نائاسایی هەیە و لە ڕووی گەشەی جەستەیی و هزرییەوە سست و خاوە، دواتر پاش ئەوەی چەندین جار سەردانی پزیشک دەکەن، پێیان ڕادەگەیەنن کە کوڕەکەتان ئۆتیزمە، بوونی ئەم حاڵەتە ماڵەکە پڕ دەکات لە کێشە، سییان، بە بەردەوامی دەبێت بە مایەی کێشە و سەرئێشە بۆ خێزانەکە، شتشکاندنە بەردەوامەکانی، ڕاکەڕاکە و جووڵە زۆرەکانی بەنێو ماڵەکەدا، شەڕفرۆشتنەکانی بە هەموان، گۆشەگیرییەکەی، کارە چەوتەکانی، هەموو ئەمانە دەبنە مایەی نیگەرانی و خەمێکی قووڵی خێزانەکە بە تایبەت دایکەکە.
لێرەدا ئێمە هەوڵی خێزانەکە بە تایبەت دایکەکە دەبینین کە چۆن سەرباری توڕەیی و خەمەکانی، لە هەوڵی ئەوەدایە کە دۆخی کوڕەکەی بەرەو ئاسایی بوونەوە بڕوات، پاش ئەوەی لە هەموو سەرچاوە پزیشکییەکان نائومێد دەبن، ئیدی پشت بە توانا دەروونی و هزرییەکانی خۆیان دەبەستن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی گونجاوتر و جیاوازتر لەگەڵ سییان مامەڵە بکەن، هاوکات لە خەمی ئەوەدان وەک هەر کەسێکی ئاسایی بچێتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی خوێندن و فێربوون سەرکەوتوانە ببڕێت، هەر واش دەرچوو، سییان بە هەر شێوەیەک بێت، سەخت دەچێتە جەنگێکەوە کە ئەوسەرەکەی دیار نییە، بەڵام سەرەنجام بە سەرکەوتووی لێی دێتە دەرێ و وردە وردە دەبێتەوە بە کەسێکی ئاسایی و قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکات، بڕوانامەی بەرز بەدەست دێنێت و تووشی ئەوین دەبێت، سەرەنجام ژیانی تەنیایی هەڵدەبژێرێت و بە تەنیا ڕووبەڕووی کێشەکانی ژیان لە ڕووی ئابووری و سێکسی و کۆمەڵایەتییەوە دەبێتەوە.
بە گشتی ئەم ڕۆمانە هەوڵێکی جددی و جوانە، سەرنجمان بە لای حاڵەتێکی بەربڵاودا ڕادەکێشێت کە ساڵانە لە کۆمەڵگەی بەشەریدا خەریکە فراوان و فراوانتر دەبێت، ئەویش تووشبوانی دەردی ئۆتیزمە، وامان لێ دەکات بە چاوێکی دیکەوە لەم حاڵەتە بڕوانین، هاوکات ئەو خێزانانەشمان باشتر پێ دەناسێنێت کە ئەندامێکیان تووشبووی ئۆتیزمە، بێگومان خەمی خێزانەکان قووڵترە لە خودی دەردەکە، چونکە ئیدی دادەبڕێن لە دنیا و دەرگا بە ڕووی هەمواندا دادەخەن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان لاواز دەبێت، نە کەس دێتە سەردانیان، نە دەچنە سەردانی کەس، لە ڕاستیدا ئەم حاڵەتە لە کوردستانیش پەرەی سەندووە و هەزاران خێزان بە هۆی بوونی حاڵەتی ئۆتیزم لە خێزانەکەیاندا، ژیانیان بووەتە دەرد و ژانێکی قووڵ و بە یەکجاری لە دنیا و ژیان و خۆشییەکان دابڕوان، بۆیە پێشنیار دەکەین ئەم ڕۆمانە بخوێنرێتەوە بۆ ئەوەی بزانین لەو دنیا داخراو و پڕ لە ئازارەی ئۆتیزمدا چی دەگوزەرێت و چیرۆکەکانیان باس لە چ خەمێکی قووڵ دەکەن
بەپێی زانیارییەکان ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت واتا بریتییە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ، كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لە ڕووی چالاكیی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بە دەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت
تووشبوانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن، یاخود بە گران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیە و ناتوانن گوێ لەوانی تر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ڕیتمەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارە دەكەنەوە و بێتواناشن لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانی ترەوە بكەن لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە .
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناغێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشان دەکرێن و دەست بە چارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە ڕووی ڕەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر دەبن.
دەستنیشانكردنی نەخۆشیی ئۆتیزم لە ڕێگەی چاودێریكردنی ڕاستەوخۆی ڕەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە، بە تایبەتیش بەر لە تەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر زانیاری لەباری ئەو منداڵانە لە ڕێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە و دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، پاشان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەوەی كە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا، كە ئەو قۆناغانەش بریتین لەوەی كە منداڵەكە لە لایەن پزیشكی منداڵان-پسپۆڕی مێشك- پزیشكی دەروونییەوە دەبینرێت تا پشكنینی وردو و وێنەی تیشكی بۆ بگیرێت و دڵنیا ببنەوە لەوەی كە منداڵەكە ئۆتیزمی هەیە.
تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە دیار نییە بەڵام هەندێ کات هۆکارەکان ژینگەیین و هەندێ کات بۆماوەیی، کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
هۆکاری ژینگەیی وەک تووشبوونی دایک بە نەخۆشی ڤایرۆسی و ژەهراوی بوون لە کاتی دووگیانی ئەگەری تووش بوونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.
توێژینەوەكان سەلماندویانە باشترین چارەسەر دەستێوەردانی پێشوەختە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی منداڵەكەوە، دەبێت کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبوانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری ڕەفتار و گەشەی منداڵان، تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە.
هەندێکجار منداڵان ڕاهێنانیانی تایبەتیان پێ دەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاک بکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم کە پێویستە لە لایەن ڕاهێنەران و شارەزایانی ئەو بوارەوە چاودێری بکرێن و چارەسەرەکان لای ئەوان بکرێت.