چنینەوەی جوانی لە زمانە زیندووەکانی دنیاوە

Loading

خستنەڕووی “هەڵبژاردەیەک وەرگێڕان لە ئەدەبی گەلان”

بەختیار حەمەسوور

ئەم کتێبە: “هەڵبژاردەیەک وەرگێڕان لە ئەدەبی گەلان” یەکێکە لە بەخشش و بەرهەمە نوێیەکانی شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ و ئەکادیمی: ئەنوەر قادر محەمەد. جێی خۆیەتی لەم دەستپێکەدا ئەوە بڵێین ئەنوەر قادر یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی شیعری کوردی، یەکەم دیوانی (زریان: ١٩٧٨) یەک لەو دیوانە گرنگانەیە کە لە هەر کوێوە قسە لەسەر شیعری نوێی کوردی بکرێت، ناتوانرێت بازی بەسەردا بدرێ. ئەو لە پاڵ ئەو دیوانەدا، چەند دیوانی تریشی چاپ و بڵاو کردوونەتەوە، ئەوە وەک کایەی شیعر. بە تەنیشت ئەوەوە ئەنوەر قادر محەمەد لە چەند بواری تردا جێدەستی دیارە، چ وەک لێکۆڵەر، چ وەک مامۆستا و سەرپەرشتیاری نامە ئەکادیمییەکان، چ وەک وەرگێڕ، چ وەک زمانزان و شارەزا لە زمانی کوردیدا. دیارە هەریەک لەو بوارانە پێویستی بە وەستان و توێژینەوەی بەرفراوان هەیە و لە توانای نووسینێکی وەک ئەم یادداشتەدا نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین کارەکانی ئەم نووسەرە دەتوانن سەرچاوە بن لە کتێبخانەی کوردیدا و داهێنەرانە و چێژبەخشن بۆ خوێنەرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی. هاوکات کەسێتیی ئەنوەر قادر لەو جۆرەیە کە ئینسان لە بەرانبەریدا هەست بە ئارامی و خاکەڕاییەکی خۆڕسک دەکات، پێمان وایە ئەمە لە جوانترین خەسڵەتی ئەم زەمەنەیە، لە سەروەختێکدا دەبینین کەسانێک لە هیچی نەبوو، خۆیان لێ دەبێت بە هەموو شت.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین یەکێک لە کتێبە بەنرخەکانی ئەنوەر قادر محەمەد بناسێنین، هاوکات لە ڕێی ئەو کتێبەوە بچینە ئەو بوارەوە کە ئەم نووسەرە کاری تێدا کردووە. ڕەنگە باشترین دەروازە بۆ دوان لەو کتێبە و هاوکات ئەزموونی وەرگێڕان لای ئەنوەر قادر محەمەد ئەو “پێشەکی”یە چڕوپڕ و ناوازەیە بێت بۆ کتێبەکەی نووسیوە، لەو پێشەکییەدا، بە شێوەی یادداشت، هەوڵی داوە خوێنەرەکەی بەرێتە ناو بازنەی ئەزموون و سەرەتاکانی کاری وەرگێڕانی خۆیەوە، لە پاڵ ئەوەشدا خوێنەرەکەی دەتوانێت لە ڕێی گێڕانەوە و یادداشتی وەرگێڕەکەیەوە، نیگای ئەو و میتۆدی کارکردنی ئەو بۆ وەرگێڕان و بە گشتی ئەو پرۆسە گرنگە، شارەزا بێت. لێرەدا هەوڵ دەدەین پێکەوە چەند دێڕێک لەو پێشەکییە بخوێنینەوە، تا لە ڕێیانەوە نیاز و مەبەستی ئەنوەر قادر محەمەد بۆ وەرگێڕان بزانین.

دەستپێک “نموونەیەکی بەرز”ی وەرگێڕان دەگێڕێتەوە: “هەر لێرەدا دەمەوێ وەک نموونەیەکی تری سەلیقەی بەرزی وەرگێڕان ئەوە باس بکەم کە لەنێوان گۆرانی شاعیر و کاکە حەمەی مەلا کەریمدا ڕووی داوە. کاکە حەمە گوتی: جارێکیان شیعری (دواسەرنج)ی گۆرانم دەکردە عەرەبی، مامۆستا گۆران خۆی سەیری کرد و تێبینی هەبوو، کە هەندێ دەربڕین و ڕستەی لێ بگۆڕم، بەڵام پێم گوت:

ـ مامۆستا تۆ وات نەگوتووە…

ئەویش لە وەڵامدا گوتی:

ـ ئەگەر بە عەرەبی بمنووسیایە وام دەگوت…

ئەمەش لە ڕاستیدا سەلیقەی بەرزی گۆرانە لە بواری وەرگێڕاندا.”

گێڕانەوەی ئەم سەربووردەیە وانەیەک بووە بۆ ئەنوەر قادر محەمەد، کە پێویست نییە سەددەرسەد پاپەندبین بە تێکستەوە، بەڵکو دەکرێ بە هەندێ وشەئاراییەوە، کە لە زمانی بنەڕەتدا کراوە، وەهاش لە زمانی بۆوەرگێڕدراودا، دەستمان واڵا بکەین.

لە جێیەکی تری پێشەکییەکەدا ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە:

“ئێستا کە باس لە هەوڵدانی خۆم لە مەیدانی وەرگێڕاندا دەکەم، دەبێ بە کورتی بگەڕێمەوە بۆ سەرەتای ساڵانی (١٩٧٠)ی سەدەی ڕابردوو، کە قوتابی بەشی کوردیی کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغدا بووم. ساڵی سێیەم بابەتی (وەرگێڕان)مان دەخوێند، مامۆستای هێژام پ. د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ ئەم بابەتەی پێ دەگوتین، دیار بوو دەیویست لە ئاست ئەو قۆناغەی ئێمەدا هەندێ بابەتی تیۆریی وەرگێڕانمان فێر بکات و دواتریش جێبەجێی بکەین. وەک کەرەستەی بنەڕەتی کۆرسەکە کتێبی (وەرگێڕان هونەرە)ی د. جەمال نەبەزی بۆ هەڵبژاردین. دیارە مامۆستا خۆی کار و بەرهەمی وەرگێڕاوی هەبوون…” لێرە بەدواوە باس لە تەجرووبەیەکی سەرەتایی دەکات لەو ساڵەدا، کە پ. د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ بەیتێک شیعری عەرەبی شاعیر (محەمەد مەهدی جەواهیری) بووە، داویەتی پێیان تا بیکەن بە کوردی، لە بەیتەکەدا وشەیەک هەبووە زیاد لە مانایەکی هەبووە و ئەنوەری قوتابی لێی بەگومان بووە، پاش تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە، نزیک بە پەنجا ساڵ، ئەنوەر قادر محەمەدی ناسراو لە گێڕانەوەی ئەو تەجرووبەدا گەیشتووەتە ئەم ڕاستییە و وەک ڕێباز و باوەڕێک لای چەسپیوە کە “هەر جارێ دێڕێک، پەرەگرافێک… هتد، وەردەگێڕم و دەزانم جەمسەرەکانی واتا ئەوەندە تۆزێ بنەمایەکی لۆجیکیان نییە (تەنانەت ئەوەندەی لە شیعریشدا دەبێ لۆجیک هەبێ) دەردەکەوێت هەڵەم، بۆیە دەکەومە شەنوکەو و فەرهەنگ گەڕان، بەڵام جاری وا هەیە ئەوەش بە فریات ناکەوێ!”

بێگومان قۆناغی دواتری، ئەگەرچی کورتە، بەڵام زۆر بە بڕشت و سوود، ئەویش چوونیەتی بۆ کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا، [تەنیا سێ مانگ لەوێ ماوەتەوە و دوایی چووەتە شاخ: مانگی ١١ی ١٩٧٣ تا مانگی ٢ی ١٩٧٤] لەوێ زمانی فارسییەکەی پەرە پێ داوە و لە ڕێی فاتیحی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسەوە، کۆمەڵێک سەرچاوەی ناوازەی فارسی خراوەیە بەردەست. هەر لەوێ کەسانێکی ناسیوە کە شارەزا بوو لە بواری زمان، وەرگێڕان و ئەدەبدا: کاکە حەمەی مەلا کەریم و شوکر مستەفا و هێمن و عەبدولڕەحمان زەبیحی، ئەم نووسەرانە لەوێ کاریان کردووە و ئەمیش لێیان سوودمەند بووە.

پاشان دەچێتە قۆناغێکی تر و هەوڵێکی تر لە وەرگێڕاندا، ئەویش بە دروستی ساڵی ١٩٧٤ کە دەچێتە شاخ، لە دەزگای ڕاگەیاندنی شۆڕشی ئەیلوول کار دەکات. لەم قۆناغەدا ئەنور قادر محەمەد کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕ لە بواری زماندا لە دەوروبەری خۆی دەبینێتەوە، گفتوگۆ و هەڵسوکەوت و کارکردن و هەمەئاهەنگی لەگەڵ ئەوان، وا دەکەن بەرچاوڕوونتر و فراوانتر ئاسۆکانی وەرگێڕان ببینێتەوە، یەک لەوانە کە بەردەوام دێتە بارەگای ڕاگەیاندن و بەو بابەت و هەواڵ و وەرگێڕانانەدا دەچێتەوە کە ئامادە دەکرێن تا لە ئێستگە بخوێنرێنەوە، مامۆستا هەژار موکریانییە، بێگومان لێرەدا دەرفەتی باسکردنی شۆڕەسوارێکی وەک هەژارمان نییە لە بواری زمانی کوردی و وەرگێڕاندا، لەبری ئەوە ئەم چەند دێڕە یادداشتەی ئەنوەر قادر محەمەد سەبارەت بەو کەسێتییە و کاریگەریی لەسەر ئەو، دەخوێنینەوە:

“مام هەژار جارێک ڕووی تێ کردین گوتی: (مەیەن وشە وشە ڕستە ڕستە هەر عەرەبییەکە بکەن بە کوردی، هەواڵەکە بخوێننەوە باش تێی بگەن، ئەوجا وەرن هەر بە زمانی ئاسایی چۆن هەواڵێک بۆ کوردێک دەگێڕیتەوە و مەبەستیشتە چاک تێی بگات، ئاوا بکەن! گوێیش مەدەنە ئەوەی ڕستەیەکی کوردی یان بەشێکی پەرەگرافەکە بەر و دوا بێ لەگەڵ عەرەبییەکەدا… جا ئەوسا دەزانن و کردی بە گاڵتە و گوتی: ئەوەی کردووتانە بە کوردی نەک هەر کەسێکی ئاسایی، بەڵکو خۆیشتان باش تێی دەگەن چ دەڵێن.) ئەمە پوختەی لایەنێکی ئەزموونی دوورودرێژی وەرگێڕانی ئەو وەرگێڕەیە، کە ئاوا بە سادەیی بە ئێمەی دەگوت، ڕاستە وەرگێڕانی هەواڵ و وتاری سیاسی جیاوازە لە هەندێ ڕووەوە لە بابەتی ئەدەبی و هونەری، بەڵام دیسانەوەش ئەم چەمکەی مام هەژار جەوهەری و کاریگەرە لە وەرگێڕاندا بە گشتی و سوودی بۆ ئەمانەش دەبێ.”

هەر پەیوەست بە مام هەژار و یادەوەریی ئەو ڕۆژانەوە، لە داوێنی هەمان لاپەڕە و لە پەراوێزێکدا، ئەم چەند دێڕەش دەنووسێت:

“جارێکیان لەباتی وشەی “تبریر”ی عەرەبی، وشەی “پاساو”م بەکار هێنا، کە لە ناوچەی خۆمان لە قەرەداخ و جافایەتی زۆر باوە، بەوپەڕی تەوازعەوە لێی پرسیم:

ـ بابم! “پاساو” چییە؟!

ـ پێم گوت، پێکەنی و ستایشی کردم و بە دڵیشی بوو، چونکە وشەیەکی ڕەسەن بوو، دوژمنی باوەکوشتەی مام هەژار وشەی داتاشراو بوو.”

لەو چەند دێڕەوە تێدەگەین کەسانی گەورە و بلیمەت، قەت لە خۆیان بایی نابن، بەڵکو بە حەز و مەیلی قوتابییەکی سەرەتاییەوە، بەردەوام لە هەوڵی فێربوون و خۆپێگەیاندان، دەبێت بزانین ئەو چەند دێڕەی سەرەوە لەنێوان دوو کەسدا ئاڵوگۆڕ کراوە، کە ئەودەم وەک مامۆستا و قوتابی بوون، بەڵام دەبینین ئەو سنوورە سڕاوەتەوە، ئەمەیە ئەلف و بێی مەعریفە.

***

کتێبی “هەڵبژاردەیەک وەرگێڕان لە ئەدەبی گەلان” هەڵبژرادەی کۆمەڵێک دەقی ئەدەبییە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢٤ بڵاوی کردووتەوە، دەتوانین کتێبەکە وەها پۆلێن بکەین: شیعر، چیرۆک، پەخشان، گفتوگۆ، وتار، ئەدەبی منداڵان، نامە، ژیاننامە و یادەوەری. کتێبەکە وەرگێڕانە و لە پێنج زمانەوە بەرهەمەکان خراونەتە سەر زمانی کوردی، ئەوانیش: ئینگلیزی، ڕووسی، سویدی، عەرەبی و فارسین. هاوکات لە پاڵ ئەوەدا وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی و فارسیشی تێدایە بۆ سەر زمانی عەرەبی، کە ئەوانیش لە شیعر و چیرۆک و ناساندنی نووسەرانی ئەو دوو زمانەدا دەبیننەوە. تێکڕای دەقەکانی ئەم کتێبە لە کات و شوێنی جیاجیادا، لە گۆڤار و ڕۆژنامە و بەشێکیشیان لە کتێبدا، چاپ و بڵاو کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی لە دووتوێی ئەم کتێبە ٤٠٠ لاپەڕەيیەدا کۆ کراوەتەوە، هەموو کارە وەرگێڕاوەکانی وەرگێڕ نییە کە لە درێژەی نیو سەدە کارکردندا بەرهەمی هێناون.

بۆ هەڵسەنگاندێکی بەراوردکارانە، پێویست بە شارەزایی تەواو دەکات لە هەریەک لەو زمانانەی وەرگێڕ کاری لێوە وەرگێڕاون، ئەوەش لە نووسینێکی ئاوادا کە هەر لە سەرەتاوە وەک “هەوڵی ناساندێک” خۆی ناساندووە، زەحمەتە، بەڵام دەتوانین داوەری لەسەر دەقە بەرهەمهاتووەکانی دووتوێی ئەم کتێبە بکەین، کە تێیدا هەست بە ماندووبوون و وردبوونەوە و دیققەتدانی وەرگێڕ دەکەین لە ئانوساتی گوازتنەوەیان بۆ زمانی دایک، ئەویش جیا لە کوردییەکی پاکژ و پاراو، کوردییەک کە هیی ئەوەیە لێیەوە فێر ببین، هاوکات بە بۆچوونی ئێمە خاڵێکی زۆر لەوە گرنگتریش بەرچاوە: ئەویش گوازتنەوەی شێوازی نووسەرانە لە ڕێی دەقەکانیانەوە، وەرگێڕ هەوڵی داوە بە تەنیشت ناوەرۆکی بەرهەمەکانەوە نیگای لەسەر شێواز و فۆرمی دەقەکانیش بێت، ئەمەش بە ئاشکرا دەبینرێت، بۆ نموونە: لەم کتێبەدا شیعری شاعیری گەورەی ڕووس “پوشکین” هەیە، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی ڕووسییەوە کراوە بە کوردی، هاوکات شیعری شاکاری مەزنی سوید “ئارتور لوندکڤیست”یش هەیە، کە ئەویش ڕاستەوخۆ لە زمانی سویدییەوە کراوە بە کوردی، لەتەک ئەواندا شیعری شاعیری دیاری فەلەستینی “مەحموود دەرویش” هەیە و شیعری “سوهراب” و “شاملوو” و “فروغ فەروخزاد”ی فارسیش هەن، خوێنەری ئەم کتێبە دەتوانێت بە خوێندنەوەی دەقەکان شێوازەکانیش هەست و درک پێ بکات، ناتوانین بڵێین شێوازی “پۆشکین” هەمان شێوازی بۆ وێنە “مەحموود دەرویش”ە، یان هەر یەکێک لەوانی تر کە لە بەراورددا ڕایان بگرین. ئەمە بە خاڵێکی سەرکەوتوو بۆ وەرگێڕی ئەم کتێبە لەقەڵەم دەدرێ، خاڵێک کە وەدیارخەری تێگەیشتنی قووڵە لە کایەی وەرگێڕان، لە ڕێی دەقە وەرگێڕاوەکانی نێو ئەم کتێبەوە تێدەگەین، وەرگێڕ بە عەشقەوە، پاش خوێندنەوەی دەیان بەرهەم و کتێب، ئەم چەپکەگوڵەی گوڵبژێر کردووە بۆ وەرگێڕان، بە واتایەکی تر، لەگەڵ هەریەک لە دەقە وەرگێڕاوەکانیدا ژیاوە و شەونخوونی لەگەڵ کێشاون، بۆیە ئەوەی لێی کەوتووەتەوە، هەم چێژبەخشە، هەم جوانە و هەم دەشتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر شێوازی نووسینمان دابنێت.

دیارە ڕووبەرێکی بەرچاوی کتێبەکە بۆ شیعر و ناساندنی ئەزموونی هەمەلایەنەی شاعیرانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیکەی ژانرەکان فەرامۆش نەکراون، چیرۆک یەکێکە لەو ژانرانە و خوێنەر لەم کتێبەدا چەند چیرۆکی زۆر جوان و تایبەت دەخوێنێتەوە، دیسان لێرەشدا جێی خۆیەتی کە ئاماژە بۆ ئەو خاڵەی سەرەوە بکەین، مەبەستمان “پاراستنی شێوە و فۆرمی نووسینی نووسەرێکە بۆ نووسەرێکی تر”، لە چیرۆکە وەرگێڕاوەکانیشدا هەمان پێوەر بە گوڕە و چیرۆکی “مادلین”ی سادق هیدایەت هیچ بەو شێوە و شێوازە ناچێت کە هەردوو چیرۆکی “بۆ بنی دنیا” و “لاوی و پیری”ی نووسەری ڕووس “ئیڤان ئەلیکساندەرۆڤیچ بوونین” نووسیویەتی و نموونەی چیرۆکی هەردوو نووسەر بە کوردی لە کتێبەکەدا هەن.

لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە خاڵێک، ئەویش گرنگی وەرگێڕانە لەو پێگەیەوە کە ئاماژەمان بۆ کرد، واتە بە هەمان ئەمانەتی گوازتنەوە و وەرگێڕانی ناوەرۆکەوە، شێوە و شێواز و فۆرمی دەقیش بگوازرێتەوە زمانی دایک و مەبەست. ئەمڕۆ وەرگێڕانێکی زۆر لە زمانە جیاوازەکانەوە بەردەوامە و ڕۆژانە کتێبخانەی کوردی لێ پڕ دەکرێت، ناکرێت لێرەدا حوکم بدەین و وەک یەک تەماشای ئەو لێشاوە هەراوە بکەین، بەڵام دەتوانین بە ڕێژەیەکی بەرین ئەم بۆچوونە بڵێین کە، یەکدەستی و یەکزمانی و یەکشێوەییەکی زۆر بەسەریاندا باڵادەستە، ڕەنگە بۆ خوێنەرێک کە تەنیا بە مەیلی ناوەرۆک و پەیامی دەقەکانەوە بێت، ئەمە ئاسایی بێت و بێ هیچ گرفتێک تێیپەڕێنێت، بەڵام بۆ کەسانێک کە لە پاڵ ناوەرۆکدا هەستیاریی شێوە و فۆرمی دەقیان هەیە، ئەمە ئیدی قابیلی قبووڵ نییە و ناتوانێت متمانە بەو وەرگێڕانە بکات، لێرەدا نامانەوێ بچینە کێشەکانی وەرگێڕانەوە، کە زۆرن و لەوانە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەم و… بەڵام بەڕاستی ئەگەر وەرگێڕانێک نەتوانێت لە یەک کاتدا نیگای لەسەر ناوەرۆک و فۆرم بێت، وەرگێڕانێکی نوقستانە و بە دارشەق ڕێ دەکات، ڕەنگە هۆکارە هەرە سەرەکییەکەش بۆ نەناسینی شێوازی نووسین و فەزا و دنیابینیی دەق و ئیمزای نووسەر وەک خەسڵەت، بگەڕێتەوە، ئەمەش بێگومان بە دەرمانی خێرا و چارەسەری بەپەلە جێبەجێ نابێت، دەبێت وەرگێڕ خۆی ئەو دەرفەتە بە دەق و نووسەری ئەو کتێبەکە بدات کە بڕیارە بەرهەمەکەی بکات بە کوردی، نەک لەگەڵ تاقە کتێبێکیدا، بەڵکو بە لانیکەمەوە لەگەڵ نیوە پتری کارەکانیدا بژی و بیخوێنتەوە، تاکو بتوانێت وەرگێڕانێکی شایستە و شیاو پێشکەش بە خوێنەرانی کورد بکا، هەر ئەوەی وەرگێڕی “هەڵبژاردەیەک وەرگێڕان لە ئەدەبی گەلان” کردوویەتی.

ناردن: