لە پێناوی برەودان بە نووسینی دەقی شانۆیی و هاندانی شانۆنامەنووسانی کورد، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر بۆ ساڵی ٢٠٢٥ خەڵاتی تایبەتی “دانا ڕەئووف”ی بۆ شانۆنامەی کوردی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ناوەندی کەپر، مۆڵەتی ناردنی شانۆنامەکان لە ١ـی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ دەستپێدەکات و تا ١٥ـی مایسی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت. نووسەران دەتوانن شانۆنامەکانیان بۆ ئیمێلی info@danamarouf.com بنێرن.

 

ناوەندی کەپر، کە هەموو ساڵێک لە هەمان کات و ڕۆژدا ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکات، چەندین مەرج و ڕێنماییان بۆ بەشداربووان دیاریکردووە:

 

– خەڵاتەکە بۆ هەموو ئەو نووسەر و شانۆنامەنووسانەیە کە بە زمانی کوردی شانۆنامە دەنووسن، بە بێ ڕەچاوکردنی تەمەن و شوێنی نیشتەجێبوون.

– پێویستە دەقەکان بە فایلی وۆرد و بە فۆنتی یونیکۆرد نووسرابن و لەگەڵ سی ڤیی نووسەر هاوپێچ بکرێن.

– دەقی نێردراو نابێت پێشتر بڵاوکرابێتەوە یان نمایش کرابێت.

– دەقەکە نابێت لە ٣٠ لاپەڕەی (A4) کەمتر بێت.

– گرنگی زۆر بە زمانی کوردی دەدرێت و پێویستە دەقەکان بە زمانێکی پاراو و بە ڕەچاوکردنی خاڵبەندی و ڕێنووسی دروستی کوردی نووسرابن.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەڕێوەبەرانی کەپر دەقەکان دەخوێننەوە و لە پاڵ بیروبۆچوونی خۆیان، پرس و ڕاوێژ بە نووسەران و پسپۆڕانی دیکەش دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی دەقەکان.

 

شانۆنامەی هەڵبژێردراو بە بڕی ٥٠٠ دۆلار خەڵات دەکرێت وەک پشتگیرییەکی دارایی بۆ نووسەر و ماندووبوونەکەی. ناوەندی کەپر لە هەموو ساڵێکدا، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ناوی دەقی براوە ئاشکرا دەکات و هەوڵ دەدات دەقە هەڵبژێردراوەکە وەک کتێب چاپ و بڵاو بکاتەوە.

 

جێی باسە پەیکەری خەڵاتەکە هەموو ساڵێک لەلایەن هونەرمەند “شوان کەمال”ەوە دروست دەکرێت.

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (هونەری خۆشویستن) ئەریک فرۆم نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناودار (کەریم پەڕەنگ) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرگێڕداوەتە سەر زمانی کوردی، بابەتی ئەم کتێبە دەروونشیکارییە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتییە لە: ئاخۆ خۆشەویستی هونەرە؟ تیۆری خۆشەویستی، خۆشەویستی وەک وەڵامی کێشەی بوونی مرۆڤ، خۆشەویستی لە نێوان دایباب و منداڵدا، ئۆبژێکانی خۆشەویستی، خۆشویستنی ئەوانی دیکە، خۆشویستنی دایک، خۆشویستنی ئیرۆتیکی، خۆخۆشویستن، خۆشویستنی خودا، خۆشەویستی و لەناوچوونی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ڕۆژاوادا، پێڕەوی خۆشەویستی.

هەر وەک خودی ئەریک فرۆم، لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ داوە: نابێت مرۆڤ چاوەڕێی ڕێنماییەکی سانای هونەری خۆشەویستی لەم کتێبە بکات، ئەوا نائومێد دەبێت، زۆر بە پێچەوانەوە، ئەم کتیبە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە خۆشەویستی هەستێک نییە هەر کەسێک بەبێ گوێدان بە ئاستی پێگەیشتوویی خۆی، بە ئاسانی خۆی ڕادەستی بکات، ئەم کتێبە دەیەوێت قەناعەت بە خوێنەر بکات کە هەموو هەوڵەکان بۆ خۆشەوسیتی شکست دەهێنن ئەگەر کارا هەوڵ نەدات، دەبێ تەواوی کەسایەتیی خۆی پەرە پێ بدات.

فرۆم لە بابەتێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا دەپرسێت “ئاخۆ خۆشەویستی هونەرە؟” دواتر باس لەوە دەکات ئەگەر خۆشەویستی هونەر بێت، ئەوا ئەو کەسەی دەیەوێت بەسەر ئەم هونەرەدا زاڵ بێت، داوا دەکرێت شتێک بزانێت و سڵ لە ماندووبوون نەکاتەوە، یان خۆشەویستی تەنها هەستێکی خۆشە، کە مرۆڤ تەنها بە ڕێکەوت ئەزموونی دەکات، شتێکە کە ئەگەر کەسێک بەختی هەبێت، وەکو بڵێیت دەکەوێتە باوەشیەوە.؟

 ئەم کتێبە بچووکە گریمانەی ئەوە دەکات کە خۆشەویستی هونەرە، لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان زۆربەی مرۆڤەکان ئەمڕۆ گریمانەی دووەم دەکەن: نەک ئەوەی خەڵک وا بیر بکەنەوە کە خۆشەویستی گرنگ نییە، مرۆڤەکان تامەزرۆین، سەیری لە ژمارەنەهاتوو فیلم دەکەن لەبارەی چیرۆکی خۆشەویستییەکی بەختەوەر یان ناکامەوە، گوێ لە سەدان گۆرانیی ساکاری ئەڤین دەگرن، بەڵام بە دەگمەن خەڵک هەن گریمانەی ئەوە بکەن کە دەبێت شتێک بکەن.

لە بابەتێکی دیکەی کتێبەکەدا بە ناوی (خۆشەویستی وەک وەڵامی کێشەی بوونی مرۆڤ) ئەریک فرۆم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەموو تیۆرێکی خۆشەویستی دەبێت بە تیۆری مرۆڤ، تیۆری بوونی مرۆڤ، دەست پێ بکات، ئەگەر ئێمە خۆشەویستی لە لای ئاژەڵانیش ببینین، ئەوا پەیوەندییە خۆشەویستییەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی بەشێکن لە پێکهاتەی ڕەمەکی: مرۆڤ ئاوەزی پێ دراوە، مرۆڤ ژیانە و هۆشمەندیی بۆ خودی خۆی هەیە، خودان ئاگایی خۆی و مرۆڤەکانی دەوروبەری و ڕابردووی و ئەگەرەکانی داهاتوویەتی، ئەم هۆشیارییەی بۆ خۆی، وەک یەکەیەکی سەربەخۆ، ئەو ئاگاییەی کە ژیانێکی کورتی لە بەردەمدایە کە بەبێ ویستی خۆی لەدایک بووە و بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە دەمرێت، کە پێش ئەوانەی خۆشیانی دەوێت، دەمرێت (یان ئەوان پێش ئەم دەمرن)  کە بە تەنیا و تەریکە و دەستەوەسان ڕادەستی هێزەکانی سروشت و کۆمەڵگە کراوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا، ئەریک فرۆم، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە خۆشەویستی بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە کەسێکی دیاریکراوەوە نییە، خۆشەویستی هەڵوێستە، ئاڕاستەگەرییەکی کارەکتەرە کە پەیوەندیی مرۆڤێک بە جیهانەوە دیاری دەکات وەک سەرجەم، نەک پەیوەندیی مرۆڤ بە تاکە یەک (ئۆبژێ)وە، ئەگەر کەسێک تەنها یەک کەسی دیکەی خۆش بوێت و مرۆڤەکانی دیکەی بە لاوە گرنگ نەبێت، ئەوا خۆشەویستییەکەی ئەو کەسە خۆشەویستی نییە: پەڕگیرترین جۆری خۆشەویستی، کە بنەمای هەموو خۆشەویستییەکانی دیکەیە، خۆشویستنی ئەوانی دیکەیە، بەمەش مەبەستم هەستی بەرپرسیارێتی، خەمخۆری، ڕێز و پێزانینە، کە بۆ هەموو بوونەوەرێک دەبێ، ئەو حەزەی پشتگیریی ژیانی بکات، ئەمە ئەو جۆرەی خۆشەویستییە کە ئینجیل قسەی لەبارەوە دەکات، کاتێک دەڵێت “ئەوانی دیکەی وەک خۆت خۆش بوێت” خۆشویستنی ئەوانی دیکە خۆشویستنی هەموو مرۆڤەکانە، خەسڵەتی ئەم خۆشەویستییە ئەوەیە کە هەرگیز بۆ کەسێکی دیاریکراو نییە.

وەک زانراوە ئەریک فرۆم ناوێکی دیارە لە بواری دەروونناسی و سۆسیۆلۆژیدا، لە هەمانکاتیشدا یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەتا کۆتایی ژیانی، پێنووسەکەی لە دژی ستەم و دەسەڵاتی فاشیزمدا بەکاردەهێنا، فرۆم خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسینە، کە زۆر جار هەوڵ دەدات بۆ شرۆڤەکردنی پرسە زانستی و دەروونییەکان بە زمانێکی بەرزی ئەدەبییەوە بنووسێت، هەوڵیش دەدات مرۆڤ بە ناخی خۆی بناسێنێت.

نووسەر و وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) کە هەندێک لە کتیبەکانی فرۆمی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی، لەبارەی فرۆمەوە نووسیویەتی: ئەریک فرۆم بە یەکێک لە تیۆریستە گرنگەکانی بواری دەروونشیکاری دەژمێردرێ. ئەو لە کتێبەکانیدا بایەخیکی تایبەتیی بە شیکردنەوەی کۆمەڵگای هاوچەرخ داوە و بە پشتبەستن بە تیۆری و شیکردنەوەکانی فرۆید و مارکس و لە هەمانکاتیشدا ڕەخنەگرتن لێیان، توانیی تیۆرییەکی تایبەت بە خۆی لە بوارەکانی شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ئەنترۆپۆڵۆجیای دەروونناسی و کەلتوورناسی و کەسێتیناسی و شیکردنەوەی مەیلەکانی ژیاندۆستی و مەرگدۆستی و خۆشەویستی و شەڕەنگێزیدا، بخاتە ڕوو.

فرۆم تیۆریی فرۆیدی و تیۆریی مارکسی پێکەوە کۆدەکاتەوە، بەڵام ڕەخنەی توند لە فرۆید دەگرێت کە غەریزەی سێکسیی کردووە بە تاقە فاکتەری کاریگەر لە پێکهێنانی کاراکتەر و ژیان و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤدا و، لە هەمانکاتدا ڕەخنە لە مارکسیش دەگرێت بەوەی کە لە شیکردنەوەکانیدا ڕەهەندی سایکۆلۆجی و ڕۆڵی ئەو ڕەهەندەی لە پێکهاتەی مرۆییدا فەرامۆش کردووە. هەڵبەتە دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەین کە سەرباری ئەم ڕەخنانە، فرۆم هەم فرۆید و هەم مارکس بە دوو گەورە بیرمەندی ڕۆشنگەر لە قەڵەم دەدات  کە توانیویانە لەڕێی نووسینەکانیانەوە ڕەخنەی توند لە بونیادی کۆمەڵگای خۆرئاوایی و ئایدیۆلۆجیای باڵادەست لەو کۆمەڵگایەدا و هەروەها لە وەهمە زاڵەکانی بگرن.

فرۆم پاش توێژینەوەکانی سەبارەت بە کەسێتیی مرۆڤ لای فرۆید و مارکس، بۆچوونێکی جیاواز لە بۆچوونی فرۆیدی و مارکسی بۆ “سروشتی ئادەمیزاد” دەخاتە ڕوو و، بەلای ئەوەوە کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە ڕۆڵیان لە پێکهێنانی سروشتی ئادەمیزاددا هەیە، لەوانەش فاکتەری بایۆلۆجی و ژیاری و ئەنترۆپۆڵۆجی و هەروەها فاکتەری ئابووری- کۆمەڵایەتی- دەروونی. هەریەک لەمانەش ئەنگێزە و پێداوستیی خۆیان هەیە.

بە بڕوای فرۆم، بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ و ناسینی، دەبێ ئەو پێداویستییانە لەبەرچاو بگرین و شی بکەینەوە کە لە مەرجەکانی بوونییەوە هەڵدەقوڵێن. ئەو پێداویستییانەش بریتین لە: پێداویستی بۆ ئینتیما، پێداویستی بۆ باڵایی( ترانسندنس)، پێداویستی بۆ پەوەستبوون بە ڕەگوڕیشەوە، پێداویستی بۆ شوناس و دواجاریش پێداویستی بۆ چواچێوەیەکی ئاڕاستەیی. ئەم پێداویستییانەش تایبەتن بە مرۆڤ بە درێژایی پرۆسەی پەرەسەندن و گەشەسەندنی مرۆیی، بوون بە بەشێک لە سروشتی مرۆڤ.

پێویستە لیرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە جگە لە فرۆید و مارکس، ئەریک فرۆم لە هزر و بیروبۆچوونەکانیدا کاریگەریی ” پەیمانی کۆن” و زن بوودیزم و هیراکلیتس و هیگڵ و سپینۆزا و کیرکەگۆر و فیۆرباخ و کانت و نیتچە و هایدیگەر و چەند فەیلەسووفێکی تریشی لەسەر بووە.

فرۆم لە تەواوی نووسینەکانیدا جەخت لەسەر هێنانەدیی کۆمەڵگایەکی ساغ( نەک نەخۆش) دەکاتەوە، کۆمەڵگایەک کە تیایدا مرۆڤ توانا و وزە شاراوەکانی خۆی بخاتە گەڕ و لە تەنیایی و نامۆبوون قوتاری ببێت و بە عیشقەوە سەرگەرمی هەر کارێک بێت کە ئەنجامی دەدات. کۆمەڵگایەک خاڵی لە چەوساندنەوە و زەوتکردن و کەڵەکەکردنی سەروەت و سەرمایە و ڕزگاربوو لە زنجیرەکانی وەهم. کۆمەڵگایەک کە پرسیپە ئینسانییە باڵاکان تیایدا باڵادەست بن. بۆیە بێ هیچ گومانێک دەتوانین بڵێین ئەریک فرۆم یەکێک بوو لە بیرمەند گەورەکانی هیومانیزم. ئەم کتێبەش پوختەیەک لە بیروبۆچوونەکانی ئەم بیرمەندە ناوازەیە سەبارەت بەو مەسەلە جۆراوجۆرانە پێشکەش بە خوێنەر دەکات کە لە  کتێبەکانیدا لێیان دواوە.

ئەریک فرۆم

– لە مارتی ١٩٠٠ دا لە فرانکفۆرت هاتۆتە دونیاوە.

– دەروونناسی و کۆمەڵناسیی لە زانکۆکانی هایدڵبێرگ و فرانکفۆرت خوێندووە.

– ساڵی ١٩٢٢ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هایدڵبێرگ بەدەست هێنا.

– هەر لە ئەڵمانیا ئاشنایەتی لەگەڵ دەروونشیکار خانم ” کارین هۆرنای” پەیدا کرد.

– ساڵی ١٩٣٣ لە دەستی نازییەکان هەڵهات و بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچی کرد.

– لەوێ کارین هۆرنای بینییەوە کە ئەویش لە دەستی نازییەکان هەڵهاتبوو و پێکەوە ئاشنایەتییان لەگەڵ لەگەڵ دەروونشیکاری ئەمەریکی “سۆلیڤان”دا پەیدا کرد و لەبەر نزیکیی بیروبۆچوونەکانیان لە یەکترەوە، پێکەوە لە سەنتەرێکی چارەسەری دەروونیدا کاریان کرد کە سۆلیڤان لە واشینگتۆن دایمەزراند.

– لە ساڵی ١٩٣٤-١٩٣٩ بوو بە ئەندامی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە نیویۆرک.

– لە ١٩٤٠ تا ١٩٤١ وەک مامۆستای میوان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وانەی وتەوە.

– لە ١٩٤١ تا ١٩٥٠ وەکو وانەبێژ لە کۆلیجی بینینگتۆن دامەزرا.

– لە ساڵی ١٩٥١ دا وەک پرۆفیسۆر لە زانکۆی نیشتمانیی مەکسیک دەسبەکار بوو.

– لە ساڵی ١٩٥٧ تا ١٩٦١ وەک پرۆفیسۆر لە زانکۆی میچیگان کاری کرد.

– لە دوا ساڵانی ژیانیدا چوو بۆ سویسرا و هەر لەوێ لە ١٨ ی مارتی ١٩٧٩ دا کۆچی دوایی کرد.

لە ڕەشباوەڕیدا(١)

شیعری بەریس پەستەرناک

 

لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

کارتۆنێکە بە نارنجێکی سوورەوە(٢) ،

 ئەو کونجەی ژیانی تیا بەسەردەبەم،

خۆ ناچم تا ڕۆژی مەرگم،

 تا ئەو ڕۆژەی بۆ مەیتخانەم دەبەن،

خۆم لەم ژوور و ئەو ژووری ئوتێلەکان هەڵسووم.

من لە ڕەشباوەریمدابوو،

 جارێکی تر لێرە گیرسامەوە

کاغەزی دیوارەکان،

چەشنی دار بەڕووەکان، قاوەیی داگەڕاوە

دەرگاکەش گۆرانی دەچڕێ کاتی کرانەوە.

من دەستم لە ئەڵقەڕێزەکە  بەرنەدابوو

تۆش بۆ دەرەوە خۆت ڕادەپسکاند.

کاکۆڵم بەر پەرچەمەکەت کەوت و

لێویشم بەر وەنەوشەکانت

هۆ ناسکەکەی من،

 بە ناوی گشت ئەوەی بەسەرچووە،

وا کراسەکەی بەرت دیسانەوە دەجریونێ و

 بە نیسان دەڵێ: سڵاوت لێ بێ.

ستەمە وا بیرکەمەوە-

  تۆ لە توخمی ڤێستالەکان(٣) نییت.

تۆ بە کورسییەکەوە هاتیتە ژوورێ و،

وەک لەسەر ڕەفەیەکەوە دایگریت،

دەستت دایە ژیانم و فووت بە تۆزە لێنشتووەکەیدا کرد

نەتگووت کەس دەستی بۆ نەبا” تازە بۆیە کراوە”

ڕۆحمان بۆ نەپارێزرا و، یادەوەریش

پەڵەی کاڤیار(٤) و پەڵەی دەست و لێو و چاوانی لێنیشت.

من تۆم، لە هەموو سەرفرازی و نەهامەتییەکانم، خۆش تر دەوێ،

 چوون لە گەڵ تۆدا،

 دنیای ڕوون و زەردهەڵگەڕاوم، لە سپی سپیتر دەنوێنێ.

سوێند بەخوا، ئازیزەکەم، من تەمی تاریشم،

 لە گەڵ تۆدا، بە شێوەیەک، هەر

 لە وڕێنە و لە کڵاوی سەر لامپەکە و

 لە قردیلە سپییەکەی دەوری تەوێڵت، سپی ترە!

١٩١٧

بەریس پەستەرناک (١٨٩٠-١٩٦٠) : یەکێک لە گەورەشاعیرانی ڕووسیا لە سەدەی بیستەمدا و هەر لە تەمەنی بیستوسێ ساڵییەوە شیعری بڵاوکردۆتەوە و خەریکی وەرگێڕان بووە. ساڵی ١٩٥٥ لە نووسینی ڕۆمانی (دکتۆر ژیڤاگە) دەبێتەوە و سێ ساڵ دوواتر، لە سەر ئەو ڕۆمانە، خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێ، بەڵام لە ناو وڵاتدا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان و پفدراوی دەزگا حیزبییەکان دەبێتەوە و بەوە تاوانبار دەکرێت کە گوایە ڕۆمانەکە دژی سیستەمی سوسیالیستی وڵاتە و هەوڵێکە بۆ ڕەشکردنی مێژووەکەی. بۆیە پەستەرناک، بە ناچاری، لە سەفەرکردن بۆ ستۆکهۆڵم و وەرگرتنی خەڵاتەکە پاشگەز دەبێتەوە.

  • ڕەشباوەڕیی: باوەڕکردن بە خورافات
  • لێرەدا بەریس پەستەرناک دەیەوێ ئەوە پیشان بدات کە ئەو ژوورەی بەکرێی گرتووە زۆر بچووکە، بۆیە دەیشوبهێنی بە کارتونێک بە نارنجێکی سوورەوە. وەک دەگوترێ، لەو ساڵانەدا جۆرە قوتووە شقارتەیەک فرۆشراوە کە وێنەی نارنجێکی سووری پێوەبووە.

 

  • ڤێستاڵەکان، ئەو خانمانەبوون کە لە پەرستگاکەی ”ڤێستا” ی خواوەندی ڕۆمانەکاندا کاریان دەکرد و ئەرکی سەرەکییان ئەوەبوو شەو و ڕۆژ نەهێڵن گڕی پەرستگاکە بکوژێتەوە، سەرباری چەندین کاری تر و بەشداریشیان لە ڕیتواڵە ئاینییەکاندا .
  • کاڤیار، گەرای جۆرە ماسییەکە و بە یەکێک لە خواردەمەنییە گرانبەها و دەگمەنەکان دەژمێردرێت و دوو جۆری کاڤیاری ڕەش و سوور هەن. ڕووسیا و ئێران، دووان لەو وڵاتانەن کە بە بەرهەمهێنانی کاڤیار ناسراون

 

 

ئاهه‌نگی كتێب له‌ پێشانگای ڕیبات

چاوخشاندنێك به‌ به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كه‌ی جیل كێبل و ئه‌مین مه‌علوف

هاشم ساڵح

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: باوكی ڕه‌هه‌ند

پێش ئه‌وه‌ی بڕۆیته‌ ناو پێشانگای كتێبه‌كه‌وه‌‌، باخچه‌ قه‌شه‌نگ و فراوانه‌كانی حه‌سه‌نی دووه‌م پێشوازیت لێده‌كات. ئه‌وانه‌ له‌ باخچه‌ هه‌ره‌ جوان و دڵگیره‌كانی جیهانن، هه‌ندێكجار كه‌ به‌ ناویدا ده‌گه‌ڕێیت و پیاسه‌ ده‌كه‌یت، وا ده‌زانیت به‌ناو به‌هه‌شتدا گوزه‌ر ده‌كه‌یت و تێده‌په‌ڕیت. پاشان دوای ئه‌وه‌، ده‌ڕۆیته‌ ناو پێشانگای كتێبه‌كه‌وه‌، تاكو بكه‌ویته‌ گه‌ڕان به‌ نێو وه‌شانخانه‌ و ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ عه‌ربی و بیانییه‌كاندا. ئایا هیچ خۆشییه‌ك له‌مه‌ خۆشتر و گه‌وره‌تر هه‌یه‌؟ له‌ هه‌مولایكه‌وه‌ ڕه‌فه‌ی پڕ له‌ كتێب ده‌وریداویت.

یه‌كه‌م شت من كردم، ڕۆشتم بۆ لای ده‌زگای “دار ئه‌لمه‌دا”، بۆ ئه‌وه‌ی دانه‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌م: “عه‌ره‌ب له‌ نێوان ڕووناكی و تاریكی دا” وه‌ربگرم. دوای ئه‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ ڕۆشتم بۆ لای وه‌شانخانه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان، تاكو بزانم دواهه‌مین و نوێترین بڵاوكراوه‌كان چین. یه‌كه‌میان كتێبه‌كه‌ی جیل كێبل بوو كه‌ به‌ گاڵته‌وه‌ ئه‌مه‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی‌ بوو: “پێغه‌مبه‌ر له‌ نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیدایه‌/ نبی فی وطنه”، ئه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ست پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، واته‌: ” پێغه‌مبه‌ر له‌ نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیدا نییه‌/ لا نبی فی وطنه”.

جیل كێبڵ هه‌مو ژیانی خۆی بۆ لیكۆڵینه‌وه‌ له‌ بابه‌تی بزووتنه‌وه‌ فێنده‌مێنیتاڵیزمه‌كان ته‌رخانكردووه‌ و به‌درێژایی چل ساڵ، زیاد له‌ بیست كتێبی گرنگی به‌رهه‌مهێناوه‌. به‌ڵام نه‌ له‌ لایه‌ن وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و نه‌ له‌ لایه‌ن زانكۆ فه‌ره‌نسییه‌كانه‌وه‌، گرنگی بایه‌خی ته‌واو به‌ كتێبه‌كانی نه‌دراوه‌. بگره‌ ئه‌وان تێزه‌كانی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌ك به‌ربه‌ستێكی بڵند له‌ به‌رده‌میدا ڕاوه‌ستان. ئه‌وان به‌ ناوی ئایدۆلۆژیاوه ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن: دوێنێ به‌ ناوی جیهانی سێیه‌م و ئه‌مڕۆ به‌ ناوی ئایدۆلۆژیای ئیسلامخوازی- چه‌پگه‌رایی ده‌یكه‌ن. هه‌میشه‌ ئایدۆلۆژیا به‌ سه‌رجه‌م دروشمه‌ دۆگماییه‌كانییه‌وه‌، له‌ به‌رده‌م زانست و مه‌عریفه‌ی ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ و فیكری ئازاد ڕاده‌وه‌ستێت.

جیل كێبل له‌و كتێبه‌ نوێیه‌یدا چی كردووه‌؟ تاوانه‌كه‌ی چییه‌ كه‌ لێخۆشبوونی بۆ نییه‌؟ هه‌مان ئه‌و میتۆده‌ی به‌سه‌ر فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئیسلامیدا پراكتیزه‌ كردووه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ریی، به‌سه‌ر فێده‌نمێنیتاڵیزمی مه‌سیحیدا پراكتیزیان كردبوو. باشه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ سزای بده‌ین یان سوپاسی بكه‌ین؟ ئاخر جیل كێبل، میراتی ڤۆڵتێر و دیدرۆ و ئینسایكلۆپیدیسته‌كان و ئارنست ڕێنان و فیكتۆر هیگۆ و مه‌كسیم ڕۆدنسۆن و سه‌رجه‌م بلیمه‌ته‌كان و ڕۆشنگه‌ره‌كانی دیكه‌ی فه‌ره‌نسایه‌.

به‌ڵام پێویست به‌وه‌ ناكات جیل كێبل، زیاد له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر دڵگران بێت و گله‌یی له‌ به‌خت و به‌شی خۆی بكات. چونكه‌ به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زمانه‌ جیاوازه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدراون و كتێبه‌كانی بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بۆ توێژه‌ران و مامۆستایانی زانكۆ. له‌ ڕاستیدا ئه‌و زانی چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك و به‌و په‌ڕی تونا و لێهاتووییه‌وه‌، عه‌قیده‌ی بزووتنه‌وه‌ ئیخوانییه‌ فێنده‌مێنیتاڵیزمه‌كان، له‌ ناوه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. به‌مه‌ش خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به‌ پرسی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی كردووه‌. ئایا ئه‌مه‌ كه‌مه‌؟ ئه‌مه‌ زۆر زۆره‌ و جیل كێبل كاته‌كانی به‌فیڕۆ نه‌چووه‌. ئه‌وه‌ كتێبێكی زۆر نایابه‌، چونكه‌ له‌ به‌رهه‌می ته‌مه‌ن و دوا وێستگه‌ی ژیان ده‌چێت. وه‌ك هه‌مو كتێبێكی یاده‌وه‌ری و یاداشت كه‌ سیحرێكی تایبه‌تیان هه‌یه‌، ئه‌م كتێبه‌ش به‌و په‌ڕی چێژ و بێ ڕاوه‌ستان، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ كۆتاییه‌كه‌ی ده‌خوێنرێته‌وه‌.

ئێستا ده‌ڕۆمه‌ لای كتێبه‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌مین مه‌علوف “وێڵگه‌ی ونبووه‌كان/ متاهة التائهین” یان وێڵگه‌ی سه‌رلێشێواوه‌كان یا بزربووه‌كان یا به‌ حه‌زی خۆت چ ناوێكی لێده‌نێیت لێینێ. نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا چیرۆكی ململانێی خۆرئاوا و نه‌یاره‌كانی، به‌ درێژایی سه‌ده‌كانی ڕابردوو ده‌گێڕێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی له‌م كتێبه‌ی مه‌علوف دا چێژبه‌خشه‌، ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌ی به‌ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی هه‌ڵكشان و پێشكه‌وتنی ژاپۆن، له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی (ئه‌لمێجی)یه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات: واته‌ له‌ سه‌رده‌می حاكمێكی ڕۆشنگه‌ره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات. ساڵی 1868 ئیمپراتۆری ژاپۆن سوێندی به‌م قسانه‌ی خواره‌وه‌ خواردووه‌: پێویسته‌ واز له‌ داب و نه‌ریته‌ خراپه‌كانی ڕابردوو بێنین و به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداریان ببین. لێره‌ به‌دواوه‌، هه‌مو شتێك پشت به‌ یاسا سروشتییه‌كان ده‌به‌ستێت كه‌ ورد و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. له‌ هه‌مو جیهاندا به‌دوای زانستدا ده‌گه‌ڕێین. هه‌ر بۆیه‌ له‌و چركه‌ساته‌وه‌، ڕێنیسانسی ژاپۆن به‌ خێرایی موشك، به‌ جۆرێك ده‌ستیپێكرد سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی سه‌رسامكرد. ئاخر ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو، گه‌لێكی خۆرهه‌ڵاتی توانی قۆرخكاری خۆرئاوا بۆ كۆنترۆڵكردنی زانست و شارستانییه‌ت و ته‌كنه‌لۆژیا تێكبشكێنێت.

ئاشكرایه‌ هه‌ژمونی خۆرئاوا به‌سه‌ر جیهاندا، له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌وه‌ تا سه‌ده‌ی نۆزده‌ و بیست، ببووه‌ هه‌ژمونێكی ته‌واوه‌تی. له‌ هه‌مو كایه‌ و ئاسته‌كاندا: له‌ زانستی و فه‌لسه‌فی و شارستانی و ته‌كنه‌لۆژییه‌وه‌، هه‌ژمونێكی نیمچه‌ ڕه‌ها بوو. فه‌زڵی ئه‌وه‌ش بۆ سه‌رده‌می گه‌وره‌ی ڕۆشنگه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ و ده‌ركه‌وتنی شۆڕشی پیشه‌سازی ئینگلیزی كه‌ وه‌ك ئه‌مین مه‌علوف ده‌ڵێت: گه‌وره‌ترین ڕووداو بوو له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا.  له‌و كات و ساته‌دا، زانست و مه‌عریفه‌ و ته‌قه‌نیاتو فیكره‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی هێجگار گه‌وره‌ گه‌شه‌یانكرد كه‌ سه‌ره‌تا له‌ ئه‌وروپای خۆرئاوا و پاشان له‌ ئه‌مریكای باكور، وێنه‌ی نه‌بوو. ئه‌وه‌یه‌ خۆرئاوا به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی وشه‌كه‌: ئه‌وروپا زائید ئه‌مریكا.

وه‌ك جه‌نه‌ڕاڵ دیگۆڵ ده‌ڵێت: ئه‌مریكا كچی ئه‌وروپایه‌. هه‌ر هه‌مو ئه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕی مه‌زنی ئینگلته‌ره‌ له‌ ساڵی 1688 و شۆڕشی ئه‌مریكی له‌ ساڵی 1766 و پاشان به‌ تایبه‌تی شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا له‌ ساڵی 1789، بووه‌ هۆی دروستبوونی شارستانییه‌تێكی گه‌وره‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. هه‌مو ئه‌وه‌، وایكرد به‌هاكانی ڕۆشنگه‌ریی، سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر به‌ها تاریكبینه‌كانی مه‌سیحییه‌ت و فێده‌مێنیتاڵیزمی كاسۆلیكی و پاپاوییه‌ت. دواتر له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌، ژاپۆن  دێت، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌وه‌ به‌ خۆرئاوا و بچێته‌ ڕیزی كاروانی شارستانییه‌ت و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن.

لێره‌دا پێویسته‌ كه‌مه‌كێك له‌سه‌ر وشه‌كانی ئیمپراتۆره‌ ڕۆشنگه‌ره‌كه‌ی ژاپۆن ڕاوه‌ستین كه‌ پێیده‌وترێت ئه‌لمێنجی. ئه‌و چه‌ند وشه‌ كه‌مه‌، ئه‌وان بوون ڕێنیسانی ژاپۆنیان داگیرساند و لێیه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد. ئه‌و وشانه‌ له‌ دواجاردا چی ده‌گه‌یه‌نن؟ سێ شتی سه‌ره‌كی ده‌گه‌یه‌نن:

یه‌كه‌م: پێویستی دابڕان له‌گه‌ڵ ڕابردووی فێنده‌مێنیتاڵیزمی كۆن، له‌ پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ڕێنیسانسه‌ی خوازیارین بێته‌ئاراوه‌.

دووه‌م: گه‌ڕان به‌ دوای زانستدا له‌ هه‌مو كون و قوژبنێكی جیهانی پێشكه‌وتوودا: واته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ ئینگلته‌ره‌، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، به‌لجیكا.

سێیه‌م: دابڕان له‌گه‌ڵ ڕابردووی ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زل و تاریكبین، مانای توانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ژاپۆن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نییه‌ له‌ ناو خۆرئاوا. به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه‌ ڕۆشنگه‌ریی، له‌ ڕێگه‌ی زانست و مه‌عریفه‌ و فه‌لسه‌فه‌ و ته‌كنه‌لۆژیاوه‌، تاقه‌ ڕێگایه‌ بۆ ڕزگاربوون و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن، له‌ دواكه‌وتنه‌ درێژخایه‌ن و توولانییه‌كه‌ی.

ئه‌مین مه‌علوف له‌ كۆتایدا، شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو فێریكردم، هه‌مو ئه‌وانه‌ی بوونی خۆیان، له‌سه‌ر ڕق لێبوونه‌وه‌ی پێشوه‌خت و بنبڕ بونیادده‌نێن، زۆر به‌خێرایی ده‌كه‌ونه‌ ناو زه‌لكاوی فێنده‌مێنیتاڵیزم و به‌ربه‌ریه‌ت و دواكه‌وتن. له‌ كۆتایدا ئه‌وان ته‌نها سزای خودی خۆرئاوا ناده‌ن، به‌ڵكو سزای خۆیان ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، هه‌مو فیكری خۆرئاوا و شێوه‌كانی ژیانی خۆرئاوا و به‌هاكانی، به‌ سووده‌ بۆ مرۆڤایه‌تی. له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ خۆرئاوا، لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی و خێر و شه‌ڕی تێدا ده‌دۆزینه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ نابێت و ناكرێت به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها خۆرئاوا ڕه‌تكه‌ینه‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها قبوڵی بكه‌ین. له‌سه‌ر هه‌مو گه‌لێك/ ئومه‌تێك پێویسته‌، له‌ فیكری مۆدرێن، ئه‌وه‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌گه‌ڵی ده‌گونجێت، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ فڕێیبدات و خه‌فه‌تی بۆ نه‌خوات.

بێگومان ئه‌مین مه‌علوف ئه‌وه‌ی له‌بیرناچێت به‌ ئه‌سڵ لوبنانییه‌ و تراژیدیای لوبنان، فشاری ده‌خاته‌سه‌ر و ئازاری ده‌دا. به‌ڵام ئه‌و تراژیدیایه،‌ به‌ ته‌نها تراژیدیای لوبنان نییه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر تراژیدیای عه‌ره‌بیشه‌. تراژیدیایه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌هۆی ده‌مارگیری كوێرانه‌ی ئاینییه‌وه‌ به‌رهه‌مهاتووه‌.

مرۆڤ لای ئێمه‌، بێ ویست و ئاره‌زووی خۆی و به‌ زۆره‌ملێ، مه‌حكومه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی تائیفه‌كه‌ی یان مه‌زهه‌به‌كه‌ی. ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ و كۆسپه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنی ڕێنیسانسی عه‌ره‌بی. كه‌واته‌ ئه‌ی چاره‌سه‌ر چییه‌؟ چاره‌سه‌ر بریتییه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی ڕۆشنگه‌ریی له‌ جیهانی عه‌ره‌بی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ژاپۆن سه‌ركه‌وت. پێویسته‌ ڕۆشنگه‌ریی زانست و مه‌عریفه‌ و فه‌له‌سه‌فه‌، سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر زوڵمه‌ت و تاریكی و جه‌هل و ده‌مارگیری و پێشینان په‌رستی. پێویسته‌ به‌سه‌ر خودی خۆماندا سه‌ركه‌وین: واته‌ به‌سه‌ر ڕابردووی ڕابردووماندا سه‌ركه‌وین. ژاپۆنییه‌كان له‌ پێناو ده‌ستپێكردن، بۆ یه‌ك چركه‌ چییه‌، دوو دڵ نه‌بوون له‌ ئه‌نجامدانی دابڕان له‌گه‌ڵ ڕابردووی دووباره و جوینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌و ڕابردووه‌. ئه‌ی كه‌واته‌ ئێمه‌ بۆچی دوو دڵین؟

به‌ڵام وریابن: ئه‌مه‌ مانای دابڕان نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو ڕابردوو، به‌ڵكو مانای دابڕانه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌ تاریكبین و دواكه‌وتووه‌كانی ئه‌و ڕابردووه‌ كه‌له‌پورییه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ كه‌له‌پوری عه‌ره‌بی ئیسلامی ئێمه‌دا، لاپه‌ڕه‌ی پرشنگداری نایاب هه‌یه‌، عه‌ره‌ب هه‌گبه‌یه‌كی له‌ ئه‌خلاقی به‌رز و جوان هه‌یه‌، ده‌مانپارێزێت له‌وه‌ی بخلیسكێینه‌ نێو ته‌ڵه‌كانی خۆرئاوا و لادانه ئیباحییه‌كانی شارستانییه‌تی خۆرئاوا كه‌ جیهانیان نیگه‌ران كردووه‌.

له‌ كۆتایدا ئه‌و پرسیاره‌ی پێویسته‌ بكرێت ئه‌مه‌یه‌: بۆچی ڕۆشنگه‌ریی ژاپۆن ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی دووچاری شكستێكی هێجگار گه‌وره‌ بوو؟ بۆچی دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌، ئه‌و هه‌مو ڕێنیسانسه‌ ڕۆشنگه‌رییه‌ نایابه‌ی ژاپۆنییه‌كانمان بینی، كه‌چی لای خۆمان ئه‌و شه‌پۆله‌ تاریكبینه‌ توونده‌مان بینی كه‌ هه‌مو شتێكی به‌رده‌می خۆی ڕاماڵی و تا ئێستاش هه‌ر ڕایده‌ماڵێت؟ له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، فێنده‌مێنیتاڵیزم به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها، له‌ قووڵایی ناخماندا، زۆر زیاتر له‌وه‌ی ژاپۆنییه‌كان، ڕه‌گی داكوتیبێت و جێگیر بووبێت. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌ تێپه‌ڕاندنی سه‌خت و دژواره‌. یان له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، كه‌ڵه‌كه‌بوونی ڕق و كینه‌ی تائیفی، لای ئێمه‌، ته‌نها پێویستی به‌ یه‌ك ته‌ڵه‌ شقارته‌ هه‌یه‌، تاكو بته‌قێته‌وه‌ و گڕبگرێت. هه‌نووكه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕووده‌دات. وه‌لێ ئه‌م مه‌ترسییه‌، خۆشبه‌ختانه‌ لای ژاپۆنییه‌كان بوونی نییه‌، چونكه‌ عه‌قیده‌ و باوه‌ڕی ئه‌وان، له‌سه‌ر چه‌مكی گروپی فریادڕه‌س و قۆرخكردنی حه‌قیقه‌تی ڕه‌های یه‌زدان، بونیاد نه‌نراوه‌. كه‌واته‌ لای ئه‌وان شتێك نییه‌ ناوی ته‌كفیر بێت و له‌سه‌ر شوناس كوشتن و سه‌ربڕین و ده‌ركردن و سوكایه‌تیپێكردن هه‌بێت.

لای ژاپۆنییه‌كان و لای هه‌مو كه‌سێكی پێشكه‌وتوو، سه‌رجه‌م هاوڵاتییه‌ باشه‌كان، ئه‌وانه‌ی كاری خێر و چاكه‌ ده‌كه‌ن و خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگا و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌گه‌یه‌نن، جا ئاین و مه‌زهه‌به‌كه‌یان هه‌رچییه‌ك بێت، گروپی فریادڕه‌سن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ ده‌ڵێین جه‌نگی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی به‌ڕێوه‌یه‌ و جه‌نگێكی زۆر قورس و زه‌حمه‌ت و تاڵ ده‌بێت و لانی كه‌م نزیكه‌ی بیست یان سی ساڵ ده‌خایه‌نێت.

سه‌رچاوه‌

به‌شی كه‌لتور له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت 19ی ئایاری 2024

 

هەناسە فەلسەفییەکان

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(١٩)

بیرکردنەوە بێ هانابردن بۆ زمان؟

ئایا شتێکی شیاوە بیربکەینەوە بێ ئەوەی ڕستەو دەستەواژە و وشەکانی زمان بەکاربهێنین؟ ئەمە دەشێت؟ مەبەستم ئەوەیە بپرسم، ئایا بیرکردنەوە دیوێکی دیکەی ئاخاوتنە، یاخود لەگەڵ ئاخاوتندا دوو پرۆسەی لێک جیاوازن و میکانیزمی جیاوازیان هەیە؟ ئایا بیرکردنەوە جۆرێکە لە قسەکردن، یاخود قسەکردن جۆرێکە لە بیرکردنەوە؟

زمان کۆی ئەو ئاماژەو هێمایانەیە کە بەهۆیانەوە گوزارشت لە هزرمان دەکەین! بەشێوەیەکی ئاسایی ئەم قسانە دەکەین و وەک بەڵگەنەویست وەریان دەگرین، بێ ئەوەی پرسیار بکەین: بەڕاست! ئایا زمان هەر ئەوندەیە، هیچی دیکە نیە؟ هیچ پانتاییەکمان لەناو زماندا نیە کە پەیوەندیی بە هزرەوە نەبێت؟ کاتێک قسە بۆ بەرامبەرەکەم دەکەم، ئەوە کۆمەڵێک وشەو زاراوە بەجۆرێک بەکاردەهێنم کە مانا ببەخشن، واتە ڕیزکردن و پاش و پێشکردنی وشەکان بەجۆرێکن کە گوزارشت لەو مانایە، یان ئەو هزرە بکەن کە من مەبەستمە.

بەڵام ئەمە دیوێکی پرسەکەیە! چونکە کاتێک لە ناخی خۆمدا بیردەکەمەوە، ئایا شتێکی لۆجیکییە ئەو قسانە بۆ خۆم بکەم کە دەیانزانم؟ ئایا من کە بیردەکەمەوە زمان بەکاردەهێنم، یان شتێکی دیکە دەکەم؟ بێگومان لەکاتی بیرکردنەوەدا قسە ناکەم؛ واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەتوانم بڵێم، ئەوەی لە مێشکی مندا دەکەوێتە گەڕ، ماناکانە، نەک وشەکان. بەڵام ماناکان لە دەرەوەی وشەکان چی دەکەن؟

هەرچۆنێک لەم پرسیارە بڕوانین لەوە زیاتر نیە کە ماناکان لە دەوری ئەو وێنە گشتییە کۆدەبنەوە کە بیرکردنەوە لە زەینمدا دروستی دەکات. ئەگەر وا بێت، ئەوە هەموو جاریك کە بیردەکەمەوە پێویستیم بە گوزارشتکردنە، بە پێچەوانەشەوە ئەوەی گوزارشتی لێدەکرێت، بیرکردنەوەیەک لە پشتییەوە هەیە. منیش دەزانم، ئەم بابەتە زۆر جێگای مشتومڕە، زانستە ئیدراکییەکان و زمانەوانی و فەلسەفە ئەو کایانەن کە زۆر خۆیان لەم باسەوە ئاڵاندووە.

هەرچۆنێک بێت، بیرکردنەوە لەم گرفتە، دوو ئاڕاستەی جیاواز وەردەگرێت: زمان و بیرکردنەوە دوو دیوی یەک پرۆسەن، یاخود دوو پرۆسەی لە یەکتریی جیاوازن، گەرچی پێوەستی بەتینیش لە نێوانیاندا هەیە. هەوڵ دەدەم کەمێک بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بڕوانم.

زمان و هزر جیاوازن

مرۆڤ لە سەرەتادا بیردەکاتەوە، پاشان دەدوێت، ئاخاوتنی بێ بیرکردنەوە (وڕێنە بۆ نمونە)، ناتوانێت مانامان پێ ببەخشێت، بەوەش ناتوانێت هزرەکانمان بۆ بگوێزێتەوە. ئەگەر ئاواهی بڕوانین، دەبینین بیرکردنەوە دەکەوێتە پێش زمانەوە (لێرەدا زمان و ئاخاوتن وەک هاومانای  یەک بەکاردەهێنم، گەرچی جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئەمە بۆ بابەتەکە گرنگییەکی ئەوتۆی نیە). بێگومان، هەمیشە سکاڵا دەکەین لەوەی زمان ناتوانێت بە باشی هزرەکان بگوێزێتەوە؛ بۆچی؟ چونکە بیرکردنەوە پانتاییەکی فراوانتری هەیە، وەک زەریایەکی گەورە وایەو لەناو دەفری بچووکی زماندا جێی نابێتەوە، بۆیە دەبێت دڵۆپ دڵۆپ بیڕێژینە ناوی.

هزرەکان زۆرن، لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندیدا کۆدەبنەوە، بەجۆرێک کە زمان ناتوانێت بەسەریەکەوە گوزارشت لەهەموویان بکات، بەناچاریی هەرجارەی بیرۆکەیەک وەردەگرێت‌و لەناو بەستێن (کۆنتێکست) ێکدا دای دەڕێژێت.

ئەم ناتواناییەی زمان، وایکردووە کە بیر لە ڕێگای دیکە، بکەینەوە بۆ گوزارشتکردن، کە بەناو وشەکان و دەستەواژەکانی زماندا تێناپەڕن؛ نمونەی ئەمانە مۆزیک یان تابلۆکانە. هەروەک دەڵێن وێنەیەک جێگەی هەزار وشە دەگرێتەوە؛ بۆیە ڕەنگە زۆرجار وێنەکان باشتر بتوانن گوازرشت لە هزرەکان بکەن، واتە پەیوەندییەکە لە نێوان هزر و ئاخاوتنەوە دەگوێزرێتەوە بۆ هزر و بینین. لە موزیکیشدا پەیوەندییەکە لە نێوان هزر و بیستندا دروست دەبێت.

گریمانەی باو ئەوەیە کە زمان ناتوانێت ببێت بە هاوتای بیرکردنەوە، یاخود هاوشانی هزر، بە واتای ئەوەی ماناکان زۆر بە خێرایی پەرە دەسێنن و فراوان دەبنەوە، بەڵام وشەکان، یان زمان بە گشتی بە هەمان خێرایی گەشە ناکەن، بەڵکو زۆر لەوە هێواشترن. هۆی ئەمە چیە؟ ماناکان زۆر سادەن، بەڵام زاراوە و دەستەواژەکان هەم ئاڵۆزن هەم ئاوێتەی یەکتریش دەکرێن و بەناو یەکدا دەچن.

گۆران لە هۆنراوەیەکیدا، قسەی دڵی من دەکات و دەڵێت:

هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم

بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم

گۆران مەبەستی لەوەیە زمان توانای گوزارشتکردن لە هەموو هزرەکانی نیە، ناتوانیت ئەوەی لەناخی مرۆڤدایە، دەریببڕێت. ئەمە ئەگەر مانایەکی هەبێت ئەوەیە کە ناتوانین بێ بیرکردنەوە قسە بکەین، هەموو بیرکردنەوەکانیشمان بۆ وەرناگێڕدرێنە سەر زمان. لێرەدا پرسیارێکی سەراسیمەکەر بە مێشکمدا گوزەر دەکات: ئایا دەتوانم قسە بکەم بێ ئەوەی هیچ بیرکردنەوەیەک لە پشتییەوە هەبێت، ئەگەر قسەکردنێک یان نوسینێک یاخود هەر بەکارهێنانێکی دیکەی زمان هەبێت، بێ ئەوەی پێشتر بیری لێکرابێتەوە، چۆن دەبێت؟

هەر لێرەشەوەیە کە ڕینە دێکارت جەخت دەکات لەسەر ئەوەی کە زمان و هزر دوو سروشتی جیاوازیان هەیە، یەکەمیان، واتە زمان مۆرکێکی هەستییانەی ماترییاڵانەی هەیە، بەڵام هزر مۆرکێکی ڕۆحییانەی هەیە. لەم تێڕوانینەدا، زمان و هزر نەک هەر لێک جیاوازن، بەڵکو ناشتوانن چالاکانە پێکەوە کاربکەن. جوانترین گوزارشت بۆ ئەم نامۆییەی زمان و هزر لەیەکتریی، قسەکەی شۆپینهاوەرە کە دەڵێت لەساتی بەرجەستەکردنی هزرەکان لەناو زماندا، یەکسەر ئەو هزرانە دەمرن.

یانی! ئایا بیرکردنەوە شتێکی دیکەیە غەیری زمان؟ واتە ئەگەر ئەوەمان سەلماند کە مرۆڤ دەتوانێت بێ بەکارهێنانی زمان بیربکاتەوە، ئەو بیرکردنەوەیە چۆن دەبێت؟

دەمەوێت لێرەدا شتێک بڵێم: ئەوە ڕاستە کە زمان ئامڕازێکی زۆر بەهێزە و دەتوانین بیری پێ بکەینەوە، بەڵام خۆ دەتوانم بیر لە ڕێگای دیکەش بکەمەوە، بۆ نموونە:

بیرکردنەوە بە چاو! مەبەستم لەبیرکردنەوەیە لە توێی شتە بینراوەکانەوە، واتە، وێنەکان. ئەمە چۆن؟ قەت ڕوویداوە چووبێتە جێگایەک و ناونیشانێکت پێ بووبێت و لێت تێکچووبێت؟ لێرەدا کە بۆ ناونیشانەکە دەگەڕێیت، چاودەگێڕیت و دیمەنەکان هەڵدەسەنگێنیت، ئایا لێرەدا پێویست دەکات ئەو هزرانەی بە مێشکتدا تێدەپەڕن، لە وشەدا گوزارشتیان لێبکرێت؟ لەناکاو درەختە واشینتۆنە گەورەکە دەبینیت کە لەناونیشانەکەدا بۆت باسکراوە، یاخود ژمارەی خانوویەک دەبینیت و دەزانیت ئەو ماڵەی بۆی دەگەڕێت پێنج ژمارە ئەولاترە. لەم پرۆسەیەدا زمان بەکارهات؟

لەوە زیاتر قووڵی ناکەمەوە، چونکە شێوازی دیکەی بیرکردنەوەش هەن، وەک بیرکردنەوەی هێمایی، یان بیرکردنەوەی پەتی (ئەبستراکت)، بۆ نموونە لە ماتماتیکدا هێماکان زیاتر ئامڕازی بیرکردنەوەن، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا هێماکان بۆ خۆیان جۆرێک نین لە زمان؟ هەروەها بیر لەمەش بکەرەوە: ئەگەر بیرکردنەوە بەهۆی زمانەوە ئەنجام بدرێت، ئەوە نابێت زمان بەرهەمی بیرکردنەوە بێت، چونکە ناشێت مرۆڤەکان بیریان کردبێتەوە تا زمانێک بەرهەم بهێنن، چونکە خودی بیرکردنەوەکە لە ڕێگای زمانەوە نەبێت ئەنجام نادرێت!

زمان و هزر دوو دیوی هەمان شتن

لەلایەکی تریشەوە، دەتوانین وەها سەیری زمان و هزر بکەین کە لەیەکتریی جیاناکرێنەوە، بەواتای ئەوەی ناتوانین قسە لەبارەی بوونی هزرەوە بکەین، بەبێ بوونی زمان. بێگومان لێرەدا زمان بە مانایەکی فراوانتر دێت لەوەی کە بەتەنها ژمارەیەک )وشە / وتە( ی لە سیاقێکدا ڕیزکراو بێت، چونکە ئەگەر وانەبێت کارێکی قورسترمان دەبێت: دەبێت بیسەلمێنین کە یان ئەوەتا مرۆڤەکان هەر لە سەرەتاوە خاوەنی زمان بوون، یاخود ئەو کاتەی زمانیان نەبوو، توانای بیرکردنەوەیان نەبوو.

کاتێک بیر لە یەکێتی زمان و هزر دەکەینەوە، دەبێ جەخت بکەین کە زمان خۆی بناغەی ڕوودانی کردەوەی بیرکردنەوەیە، واتە بەتەنها ئامڕازی گوزارشتکردن و ڕاگەیاندن نیە، بەڵکو یەکێتییەکی ئۆرگانیی تۆکمە لەنێوانیاندا هەیە. لێرەدا یەکسەر بۆچوونەکەی هێگڵ دێتەوە ناو یادەوەرییم کە پێیوایە وشە خۆی هۆی بوونی هزرە، ئەو بوونی هزرو خواستی بیرکردنەوە وەدیدەهێنێت؛ بەلای هێگڵەوە هەوڵدان بۆ بیرکردنەوە بۆ بەبێ بەکارهێنانی وشەکان، هیچ مانایەک و هیچ ئاکامێکی نیە. بەلای جۆن لۆکیشەوە، زمان کۆمەڵێک ئاماژەی هەستییە کە دێنە ناو مێشکی مرۆڤەوە، بێ ئەو ئاماژە هەستییانە، هزر ناتوانیت هەبێت، ئەمیش دەچێتەوە بۆ وتەکەی ئەرەستۆ کە وتبووی “بێ هێماو ئاماژە زمانییەکان، شتێک نیە ناوی هزر بێت.”

بەمجۆرە هزرو زمان ئاوێزانی یەکتریین ناتوانین لەیەکترییان جیابکەینەوە، کاتێک ناتوانین گوزارشت لەبیرکردنەوەمان بکەین، ئەوە دەستەواژەو ڕستەی گونجاومان بۆ نادۆزرێتەوە. بەڵام خۆ زۆرجار نوسەرە گەورەکانیش کێشەی گوزارشتکردنیان هەیە، لەکاتێکدا فەرهەنگی فراوان و شارەزایی زمانیی زۆریان هەیە.

هەربۆیە زۆرێك لە فەیلەسوفان هەوڵیان داوە ڕێگایەکی ناوەند بدۆزنەوە بۆ سازاندنی ئەم دوانە پێکەوە: هەردوکیان پێکەوە هەن، بەڵام یەک شت نین. لەمبارەیەوە مێرلۆپۆنتی دەڵێت “هزر لە دەرەوەی وشەکاندا بوونی نیە. واتە بیرکردنەوە لە (بیرکردنەوە) پرۆسەیەکە کە هیچ چارێکی نیە جگە لەوەی بەناو زماندا تێبپەڕێت، بێ بوونی زمان ناتوانین قسە لەبارەی هزرەوە بکەین و بە پێچەوانەشەوە. بۆ ئەوەی خاوەنی هزری باش بین، دەبێت زمانەکەمان پێش بخەین. چونکە لە زماندا هزر دەگەشێتەوە، وەک هاملتۆن دەڵێت “ماناکان وەک چزیسکی ئاگر وان، تەنها بۆ ئەوە دەدرەشێنەوە کە بزر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بیانهێڵێنەوە، پێویستیمان بە لەفزەکان هەیە.”

ئێمە کارلێک لەگەڵ جیهانی دەرەکیدا دەکەین، زمان سەرەکیترین ئامڕازمانە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، زۆر زەحمەتە بتوانین ئەندێشە بکەین کە ئەگەر خاوەنی زمان نەبووینایە، ئەم جیهانەمان چۆن دەبینی! ئەگەر شتەکانی ناو جیهان (ناو)یان نەبێت؟ ئەگەر نەتوانین گوزارشت بکەین، پرسیار ئاڕاستە بکەین، باسی ئەو شتانە بکەین کە هێشتا ڕوویان نەداوە؟ ئایا دەتوانین بیربکەینەوە، ئەگەر دەتوانین ئەوە هزرەکانمان چۆن دەبن؟ جیهانێکی بێ زمان دەبێت چۆن بێت؟ چۆن دەتوانین ئەزمونی هەستەکان، درککردنەکان، سۆزەکان بکەین، ئەگەر زمانمان نەبێت؟

بەڵام خۆ جیاوازیی زۆر لە نێوان ئەزمونکردنی هەستەکان و چەمکی هەستکردندا، بۆ نمونە چەمکی (ئازار) زۆر جیاوازە لە پرۆسەی ئازارچەشتن. ئەگەر ئازار چەشتن پێوەست بێت بە دەمارە سیستم و شیکردنەوەی لەلایەن خانەکانی مێشکەوە. ئەوە چەمکی ئازار خۆی لەناو زماندا دەدۆزێتەوە کە ئەویش دیسان لەلایەن خانەکانی مێشکەوە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت.

گومان لەوەدا نیە کە بیرکردنەوەو ئاخاوتن، زمان و هزر چەند لەیەک نزیک بن، چەند پێویستییان بە یەکتریی هەبێت؛ لە پێناسەی کۆتاییدا دوو شتی لەیەکتریی جیاوازن، بەڵام چۆن جیاوازییەک؟ جیاوازی لەوپەڕی پێکەوەییدا، لەکاتێکدا کە ناتوانن بێ یەکتریی هەبن. کامەیە ئەو ئاخاوتنەی کە ناتوانین هیچ هزرێک و هیچ مانایەکی تێدا ببینینەوە؟ یاخود چۆن دەزانین کە بیرکردنەوەیەک لەوێیە ئەگەر لەنێوەندی زمانەوە پێمان نەگات.

تۆ ئەوەیت گۆڕانکاریی میتافۆرە ئایینییەکان

ڕانانی: سەردەم

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبی (تۆ ئەوەیت) فەلسەفین، هزرمەند و تویژەری بواری میتۆلۆژیا و ئوستازی ئەدەبیاتی زانکۆ لە ئەمریکا (جۆزیف کامبڵ) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (سەڵاح حەسەن پاڵەوان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم کتێبە لە لایەن (ئۆجین کەنەدی) ئامادە کراوە و پێشەکی بۆ نووسراوە، بێگومان ئەم وەرگێڕە کوردەش، پێشتر کۆمەڵێک کتێبی دیکەی (جۆزیف کامبڵ)ی، وەرگێڕدرابووەوە سەر زمانی کوردی و بەم هۆیەوە تا ئەندازەیەک خوێنەری کورد ئاشنان بە دنیابینی و تێڕوانینە فەلسەفییەکانی دانەری ئەم کتێبە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: میتافۆر و نهێنی ئایینی، ئەزموونی نهێنی ئایینی، خەیاڵی ئایینی و ڕێسای ئاییناسیی ڕەسەن، چ جۆرە یەزدانگەلێکمان هەن؟ تێگەیشتن لە سیمبولە ڕۆحییەکانی ئایینی جوو و مەسیحی… و چەندین بابەت و ناونیشانی تر.

لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا چاوپێکەوتنێکی هەمەلایەنی جۆزیف کامل بڵاو کراوەتەوە کە ئۆجین کینەدی لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، لە پێشەکیی ئەو دیدار و گفتوگۆیەدا خوێنەر تێدەگات کە جۆزیف کامبڵ ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی ناوەڕۆک و شێوە دووبارەبووەکانی نێو ئەفسانە جۆربەجۆر و کولتوورە هەمەچەشنەکان، کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن یەک سەرچاوەی ئایینی هەموو ئایینەکان ئاودێر دەکات، بەپێی وتەی کامبڵ: ئەوەی نەریتە ئایینییەکان دەگۆڕێت، لە ڕاستیدا پەیامە جۆربەجۆرەکانی یەک ئەزموونە کە لە هەموو کولتوورەکاندا هاوبەشن. جۆزیف کامبڵ، پرۆفیسۆری کۆلیجی (وسارا لاورێنس) لە برونکسویل نییۆرک، نووسەری ژمارەیەکی زۆر کتێب بوو لەسەر ئایینی بەرواردکاری و ئەفسانە.

لەو چاوپێکەتنەدا کاتێک کینەدی پێی دەڵێت: تا ئێستەش ئەفسانە بۆ زۆر کرس دەستەواژەیەکی شڵەژێنەرە، ڕەنگە وا باش بێت تۆزێک بە دوورودرێژی ئەمە ڕوون بکەیتەوە.

کامبڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەفسانە ئەرکێکی زۆری هەیە، ڕەنگە یەکەم وەک نهێنی و سیمبول لێی بڕوانین، واتە ئەفسانە پەیوەندییەک لە نێوان هۆشمەندیمان هەموو نهێنییەکانی جیهانی بووندا بەرپا دەکات: ئەم ئەرکەش ئەرکی گەردوونناسییە، ئەم ئەرکە یارمەتیمان دەدات خۆمان لە پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا ببینین، بە تایبەت کاتێ لەسەر ئاسمان و زەوی دەدوێین، هەروەها ئەفسانە ئەرکی کۆمەڵایەتیشی هەیە، بۆ ئێمە پشتگیری لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و مۆراڵیی دیاریکراو دەکات و شایستەیی پێ دەبەخشێت، نموونەش لەسەر ئەمە، چیرۆکی دە ئامۆژگارییەکانی مووسایە کە خوا لەسەر کێوی تور بۆ موسای نارد، دواجار ئەفسانە ئەرکی سایکۆلۆژیشی هەیە، ڕێگەمان بۆ دەستەبە دەکات هەر لە منداڵییەوە تا مردن چۆن لەگەڵ قۆناغەکانی ژیاندا مامەڵە بکەین.

وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پاش کۆچی کامبڵ لە ساڵی ١٩٨٧، ژمارەیەکی زۆر لە کۆی ئەو بەرهەم و کارانەی بۆ بەجێ هێشتین وەک بەرهەمی گەشتی ژیانی، کۆڕێک لە کۆی هەموو ئەو ئەفسانە و سیمبولانەی کە ناوی لێ نان (مرۆڤایەتی چیرۆکێکی مەزنە) هەروەها بڕێکی زۆر بەرهەمی بڵاونەکراوەی بۆ بەجێ هێشتین: کۆمەڵێک وتاری کۆنەکراوە، تێبینی نامە، بیروەری، هەروەها ئەو وتارانەی لەسەر کاسێت و ڤیدیۆ تۆمار کرابوون.

دەزگای جۆزیف کامبڵ ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، بەو ئامانجەی پارێزگاری لە بەرهەمەکانی کامبڵ بکات، کۆیان بکاتەوە و بەردەوامییان پێ بدات، دەزگاکە ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی کە کارەکانی سەر پەڕاوی کامبڵ بگۆڕیت بۆ شێوەی دیجیتاڵی، ئەو بەرهەمانەی کە لە بەردەستدا نین و هەموو فرۆشراون، دووبارە لە نێو دوو بەرگی کۆی بەرهەمەکانی (جۆزیف کامبڵ)دا بڵاو بکاتەوە.

ئۆجین کینەدی، لە دەستپێکی کتێبکەدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە (تۆ ئەوەیت) دەستەواژەیەکە زۆر جار لە کۆمەڵەی کارە ڕۆحییەکانی (جۆزیف کامبیڵ)دا بەرچاو دەکەوێت، لە ڕاستیدا ئەم دەستەواژەیە کار لەسەر ئەوە دەکات تا ژیان و بەرهەمەکانیشی وەسف بکات (تۆ ئەوەیت) لە سانسکریتییەوە وەرگیراوە، ئەم حیکمەتە بە جۆرێک ڕۆحی فراوانی کامبڵی داگیر کردبوو، بووبووە ئامانجی هەموو لێکۆڵینەوەکانی، ئەم توێژەرە مەزنەی بواری میتۆلۆژیا نەک تەنها تێ گەیشتبوو لایەنە شاراوەکانی ئەم دەستەواژەیە چین، بگرە ناهۆشمەندانە سەرتاپای ژیانی خۆی لەگەڵ ئەم دەستەواژەیەدا گەیاندە کۆتایی: جۆزیف کامبڵ بە ڕاستی کەوتبوە ژێر کاریگەری ئەو پرسیارەی شۆپنهاوەرەوە کە لە پەیامەکەیدا دەربارەی پرنسیپی مۆراڵی باسی کردووە “چۆن دەبێت ئازارێک نە ئازاری منە و نە مایەی سەرگەرمیمە، ئاوەها بە قووڵی کاری تێ کردبێتم. بە جۆرێک دەڵێی ئازاری منە، کاریگەریشی ئەوەندە پشتشکێنە وای لێ کردووم پەرچدانەوەی بەرامبەر بنوێنم؟ ئەمە شتێکە بە ڕاستی، بۆ ئەم بابەتەش عەقڵ هیچ ڕاڤەیەکی نییە، ناشتوانێ لە کار و کردەوە و ئەزموونەکانیشدا بە دوای ڕەگەکانی ئەم بابەتەدا بگەڕێیت، ئەم کارەش شتێک نییە شاراوە و نەزانراو بێت، تەنانەت بۆ بێسۆزترین مرۆڤەکانیش، نموونەی ئەم جۆرە پەرچدانەوەیە هەموو ڕۆژێک بە بەر چاومانەوە دێت و دەڕوات: کەسێک بەبێ ئەوەی تێیدا قووڵ ببێتەوە و ئیشی لەسەر بکات، دەچێتە کۆمەکی ئەوی تر، یان بۆ یەکەمین جارە دەیبینێت و گیانی خۆی دەکاتە قوربانی، هیچ بیرکردنەوەیەکی نییە تەنها ئەوە نەبێت ژیانی کەسی بەرامبەر لە بەردەم مەترسیدایە و پێویستی بە یارمەتییە.”

(میتافۆر زمانی دایکیی ئەفسانە) یەکێکە لە بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە و کامبڵ تیایدا باس لەوە دەکات کە ژیانی ئەفسانە لە هێزی میتافۆری سیمبولی وێنەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت و پابەندیشیەتی، ئەوەی دەیگەیەنێت، تەنها بریتی نییە لە چەمکێکی ژیرانەی نێو زەین، بگرە لەوەش زیاترە، بۆیە کارەکتەریزمە ناوەکیەکانیەتی کە بەشداری ڕاستەقینە لە پرۆسەی حاڵیبوونی مەزنێتیدا دەستەبەر دەکات: ئەو سیمبولەی میتافۆر وزەی دەخاتەوە بەر و دەیگوازێتەوە، بگرە بڕێک تێگەیشتنی هەتاهەتایشی تێدایە، دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە ڕەنگە میتافۆری سەردەمێکی دیرایکراوی مێژوویی و ئەو سیمبولانەی پێکەوەیان دەبەستێتەوە، نەتوانێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەوێتە گفتوگۆ، کە سەردەمێکی مێژووی زۆر دووری پاش ئەو سەردەمە دەژین و هۆشمەندییان لەمیانەی پرۆسەی ئەزموونێکی جیاواز لەو سەردەمەدا گەشەی کردووە.

لە بابەتێکی دیکەدا بە ناوی (میتافۆر و نهێنی) کامبڵ ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە دەکرێت ئەفسانە بە مانا ڕاستەقینەکەی، وا پێناسە بکرێت کە بریتیە لە “ئایینی مرۆڤەکانی تر” دەشکرێت ئایین بە دڵنیاییەوە مانای ئەوە بگەیەنێت کە بریتییە لە خراپتێگەیشتنی مرۆڤ لە ئەفسانە: ئەفسانە بریتییە لە سیستەمی وێنەکان، هەستی هاوبەشیکردن دەبەخشێتە زەین و نەستەکان تا لە بوارەکانی مانادا بەشدار بن، لە مێژوویەکی دیاریکراودا ئەفسانە جۆراوجۆرەکان و لە ڕێگەی چەمکەکانی زانینیەوە مانا شیاوەکانی ئەزموونی تاکەکەس پێناسە دەکەن، کە کاریگەریی دەروونناسییانەی ئەم زانینانە لەسەر سیستەمی دەروون- جەستەیی و ئەو کۆمەڵەیەی کە پێی دەوترێت بوونەوەری مرۆیی، لە ڕێگەی بویادە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبووەتەوە.

کامبڵ لە هەمان بابەتدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە لە ئەفسانە تەقلیدییەکاندا، یان ئەگەر حەز بکەیت لە سیستەمی ئایینە تەقلیدییەکاندا، وێنە و داب و نەریتەکان کە لە ڕێگەیانەوە ئەم وێنانە لە نێو ژیانی تاکەکەسدا دەتوێنەوە، لە ڕێگەی باوک و دایک، یان یان ئیماندارانەوە بە تاک دەگەیەنرێن و چاوەڕوانی ئەوە لە تاک دەکرێت کە مانا و هەستەکانی ئەم شتانە لە ژیانی ڕۆژانەیدا تاقی بکاتەوە: ئەگەر بەو جۆرەی کە لە ژیانی هاوچەرخماندا ڕووی داوە، هەرچی باکگراوندی وێنەی میراتییە ئایینییەکانمان هەیە گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت، ئەوە لە جیاتی ئەوەی خۆمان لە جیهانی قەشەکاندا ببینینەوە، زیاتر خۆمان لە جیهانی ئامێردا دەبینینەوە، لە ڕاستیدا ئەم وێنە گۆڕاوانە ناتوانن هەست و سۆز و ماناکان بگوێزنەوە کە هەمان کاریان لەو جیهانە دەکرد کە ئەم وێنانەی تێدا هاتە بەرهەم.

کوژرانی کابرای کتێبفرۆش

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و کەوتنی پەیکەرە گەورەکەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر، فەزایەکی جیاواز بۆ دەرکەوتنی ڕۆشنبیری و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی عێراق دروست بوو، فەزایەک بوو کە تیایدا کۆمەڵێک دەنگی شاز بیستران، لە نێو ئەو دەنگانەدا چەندین نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووس، زۆر بە زوویی توانا و داهێنانی خۆیان پێشکەش کرد، کتومت وەک ئەوەی چەندین ساڵ بێت لە ناوەوە خۆیان بخۆنەوە و چاوەڕوانی دەرفەتێک بن وڵات بڕێک فەزای ئازادی بە خۆیەوە ببینێت و کەشی ترس و تۆقاندن و لە قاڵبدانی هزر و چاپەمەنی کاڵ بێتەوە تا بیسەلمێنن لە پشت ئەو گیژاوە سیاسی و دۆخە نالەبارەی وڵاتەوە، لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەوە چ وزەیەکی ئیبداعی و چ هێزێکی ئامادەباش بۆ تەقینەوەی جۆرێکی تر لە ئەدەبیات خۆی مەڵاس داوە… ئەمە وێڕای ئەوەی هەر لە نیو ئەو ڕۆمانانەدا عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی، عێراقێکی بێ ئاسایش و ئارامی، عێراقێکە تێیدا پێوەری مرۆڤبوون پەیوەستە بە ئایدۆلۆژیا سیاسی و ئایینییەکانەوە.

ڕۆمانی عێراقی لە پاش ڕووخانی دیکتاتۆرەوە، واتە لە ساڵی ٢٠٠٣، پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، بە خەسڵەت  و تایبەتمەندیی خۆیەوە خۆی نمایش کرد، دەنگ و ڕووخسار و توانای نوێ هاتنە نێو گۆڕەپانە خوێناویی و کپکراوەکەی پێشووتری ئەدەبی عێراقییەوە، عێراقێک کە لە دەنگ و هاوار و وشە و تەنانەت چرپوهوڕەکانیش سڵی دەکردەوە، خوزیار بوو ڕۆشنبیری بکاتە ئامرازێکی بۆ پارێزگاریی کردن لە پایەکانی دەسەڵاتی خۆی و کەسێتی نووسەر و ڕۆشنبیریش بخاتە نێو چوارچێوە داخراوە ئایدۆلۆژییەکانیەوە تا بۆ هەمیشە جوگرافیایەکی بێدەنگ و ملکەچ لەسەر نەخشەی ستەم و زۆرداری بۆ ئینسانەکان دروست بکات، بێگومان هەموو سیستەمە حوکمڕانییە سەربازی و زاڵمەکان دەزانن دەمی هەر میللەت وکۆمەڵگەیەکی زیندوو و خوازیار بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، پەیوەستە بە چالاکی و عەقڵی دەستەبژێرە ڕۆشنبیرەکانیەوە، هەر بۆیە عێراقی سەردەمی دیکتاتۆر، عێراقی سەرکوت و بێدەنگکردنی دەنگی ئازا و ئازادیی ڕۆشنبیران بوو، لێ بە کەوتنی پەیکەرە گەورەکەی ستەمکاری لەبەردەم تووڕەیی جەماوەردا، پەردە لەسەر دنیاییەکی نوێ بۆ ڕۆشنبیر و نووسەرانی عێراقی هەڵدرایەوە کە تییایدا لەسەر شانۆی وڵاتێکی داڕوخاو پڕ لە تەقینەوە و توندوتیژی، جوانترین ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبیەکانی خۆیان پێشکەش کرد و بوون بە ئاوێنەی ئەو مێژووە خوێناویەی کە تا سەردەمی ئەمڕۆشمان درێژ بووەتەوە، ڕاستە عێراقی دوای ٢٠٠٣ عێراقێکی خوێناوی و ترسناک و پڕ لە ئاشووبە، بەڵام عێراقی ناسینی چەندین ڕۆمانووسی بەنێوبانگ و دەیان شاکاری گەورەی ئەدبییە، بێگومان (سەعد محەمەد ڕەحیم) یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە بە ڕۆمانی (کوژرانی کابرای کتێبفرۆش) وەک یەکێک لە دڵخوازترین نووسەرە عێراقییەکان خۆی ناساند.

ئەم ڕۆمانە لە لایەن وەرگێڕی ناوداری کورد (سەباح ئیسماعیل) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە بڵاوکراوە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەمە.

خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە لەوە دەردەچێت کە لە بەردەم کتێبێکی چەند لاپەڕەییدایە، بەڵکو خۆی لەبەردەم شاشەیەکی گەورەی سینەماییدا دەبینێتەوە و هەست دەکات خەریکە تەماشای فیلمێک دەکات کە مێژوو و ئێستای وڵاتێکی پڕ لە کێشمانکێش و بەرکەوتنی خوێناوی و توندوتیژی دەکات، فیلمێک کە بۆ هەر یەکێکمان دەشێت خۆمان گێڕەرەوە و پاڵەوان و وێنەگر و سیناریست و دەرهێنەرەکەشی بین، فیلمێک کە بە قووڵی لە ڕێی پیشاندانی چەندین گرتەی واقیعییەوە خەریکە وێنەی ناخ و باری سایکۆلۆژی و حاڵەتە زهنییەکانیشمان ئاشکرا دەکات.

خوێنەر لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەدا بە کەسێک ئاشنا دەبێت بە ناوی (ماجید عیراقی) کە هەر زوو نووسەر شووناسی ئەم کاراکتەرەمان بۆ ئاشکرا دەکات و پیشەکەیمان پێ دەناسێنێت کە ڕۆژنامەنووسێکی ناودار و خۆشەویستە، دواتر لە لایەن کەسێکی نادیار و نەناسەوە، نیوەشەوێکی درەنگ زەنگی تەلەفونی بۆ لێ دەدرێت و دوای لێ دەکرێت بچێت بۆ شاری بەعقووبە و کتێبێک سەبارەت بە ژیان و کوژرانی (مەحموود مەرزووق) کە هونەرمەندێکی شێوەکارە و ژیانێکی پڕ لە ڕووداو ژیاوە و خۆیشی کاراکتەرێکی فرەڕەهەندە دەربکات ، نووسەری ئەم ڕۆمانە بەم شێوە سەرنجراکێشە کاراکتەرە ڕۆژنامەنووسەکە کە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا هەڵدەستێت بەم کارە، ڕوو دەکاتە شاری بەعقووبە و دەست دەکات بە کنە و گەڕان و ئاشکراکردنی ژیانی مەحموود مەرزق و کوشتنە سەیرەکەی.

ڕووداوەکان باس لە سەردەمی نوێی عێراق دەکەن، واتە عێراقی دوای دیکتاتۆر، بەڵام بەوەشەوە ناوەستێت گەشتێکمان پێ دەکات بە مێژووی دوور و نزیکی وڵاتدا، لە قۆناغ و وێستگە جیاوازەکاندا دەمانوەستێنێ و شێوەکارانە ڕەسمی ئەو دۆخانەمان بۆ دەکێشێت کە عێراقی گەیاند بەم دۆخە، بێگومان نووسەری ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی واقیعبینانە و بە دیدگای سیاسییەکی توڕە و ناڕازی و ئازادوە، ئازاد لە هەموو مەیلێکی ئایینی و ئایدۆلۆژی، ڕووداوەکانمان بۆ بەرجەستە دەکات، ئەو چەندێک باس لە دڕەندیی ڕژێمی پێشو دەکات، هێندەش لە ئێستای عێراق، عێراقی جەنگە ناوخۆییەکان، عێراقی دروستبوونی هێزە میلیشیاکان، عێراقی بوون بە بازاڕی چەک و زەریای خوێن و زاڵبوونی بیری کۆنەپەرستانە دەکات، بێگومان ئەوەشی نەشاردۆتەوە لە وەها عێراقێکی وێرانەدا یەکەمین قوربانییەکانی ئەو نائارمییە بریتین کە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، لەم ڕۆمانەدا مەرج نییە قوربانییە گەورەکان ئەوانە بن کە لە تەقینەوەی بازاڕ و شەقامە گشتییەکاندا جەستەیان هەلاهەلا دەبێت، بەڵکو ئەو شێوەکارەی کە ئیدی دەستی فڵچەکە ناگرێت، ئەو شاعیرەی دێڕێک بە قەڵەمەکیدا نایەت، ئەو موزیسیانەی بۆ ئەبەد تاڵی کەمانچەکەیه دەپسێت، ئەو سەماکارەی لە ترسی پەلاماری هێزە تاریکبین و پەرگیرەکان خۆی لە عەبایەکی ڕەش پێچاوە، قوربانیی گەورەن و نواندی شکست و دۆڕانی وڵاتێک دەکەن کە بڕیار بوو دوای کەوتنی پەیکەرە گەورەکەی دیکتاتۆر، سەردەمێکی نوێ، سەردەمێک هەموان ڕێز لە توانا و بۆچوون و بیروباوەڕی یەکتر بگرن، بژین.

ماجید کە دەچێتە بەعقووبە، لەوێ لە ڕێی چەندین کەسایەتی و سەرچاوە و گێڕانەوەی جیاجیاوە دەمانباتە نێو ژیانە پڕ لە چیرۆکەکەی مەحموود مەرزووق، ڕەنگە خوێنەر بپرسێت بە دوداچوون بۆ کوژرانی کتێبفرۆشێک چ بەها و گرنگییەکی هەیە؟ بەڵام کاتێک خوێنەر دوای بەدواداچوونە بەردەوام و لێبڕاوەکانی ماجید عێراقی دەکەوێت، بۆی دەردەکەوێت جگە لەوەی کەسێتی کتێبفرۆشییەکە گرنگیی مێژوویی و هەنووکەیی خۆی هەیە، لە شوێن و سەردەمی قۆناغی جیا جیادا ژیاوە، ژیار و کولتووری جیاجیای بینیوە و بە هۆیه ئەو بەر چەندین کەسایەتی عێراقی و ئەوروپی، بەر عیشق و سێکس، بەر هونەر و تابلۆ و گفتوگۆی فیکری و فەلسەفی، هاوکات دیدگا و جیهانبینی دەکەوین لەمەڕ پرسەکانی ژیان و مەرگ، مرۆڤ و ئازادی، سیاسەت و هونەر و ڕۆشنبیری، ئەمە جگە لەوەی نووسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکانی تەنیا لە چوارچێوەی شارێکی وەک بەعقووبە قەتیس نەکردووە، بەڵکو پانتاییەکی جوگرافیی فراوانتری گرتووەتەوە، بەوەی بەدواداچوونەکان هەر یەکەو لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە، بەشێک لە ڕووداو و چیرۆکەکانی یارۆی کتێبفرۆشمان بۆ دەگێڕنەوە، هەندێکی بە نامە و ئیمەیل، هەندێکی بە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و بینینی شایەتحاڵەکان، بەشێکیشی بە هۆی دۆزینەوەی یاداشتەکانی مەحموود مەرزووق خۆیەوە.

مەحموود مەرزووق لە قۆناغی گەجێتیدا کەسێکی چەپ و مارکسی بووە بێ ئەوەی سەر بە هیچ پارت وگرووپێکی سیاسی بێت، پاش ئەوەی زیندان دەکرێت و چەندین ساڵ بە تێکشکاوی لە دۆزەخی زیندان دێتە دەرەوە، بە ناچاری ڕوو لە  ئەوروپا دەکات، ئەو قۆناغەی ژیانی ئەوروپای بەر ئەوین و ناسینی کەسانی بیانی و تێڕوانینی فەلسەفیانە لەمەڕ هونەر و ژیان دەکەوێت، هاوکات یەکێکیش دەبێت لە قۆناغە هەستیار و گرنگەکانی لە پرۆسەی کاری هونەریی شێوەکاریدا، ئەو لە هەر قۆناغێکی ژیانیدا بە کەسانێکی گرنگ و پڕ لە چیرۆک و بەسەرهات ئاشنا دەبێت کە دواجار هەر یەکەیان بەپێی تێگەیشتن و سنووری پەیوەندیی و بەریەککەوتنەکانی، هاوکار دەبن لە تەواوکردنی ئەو کتێبەی وا ماجید عێراقی ڕۆژنامەوان بەنیازە لەسەر ژیان و کوژرانی مەحموود مەرزووق بینووسێت، مەرزووق پاش ئەوەی لە وڵاتی فەرەنسا دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بەعقووبە، لەوێ کتێبخانەیەک دادەمەزرێنیت، ئامانجی ئەو لە کردنەوەی ئەو کتێبخانەیە گرنگیدانە بە لایەنی کولتووری و ڕۆشنبیری لە شارەکەدا، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، کە دۆخێکی نالەبار باڵ بەسە وڵات و خودی شارەکەدا دەکێشێت، هەم مەحموود لە قۆناغی پیرێتیدایە، هەم کتێبخانەکەی بازاڕی نامێنێت و لە ژێرزەمینێکی لاچەپەکدا لە نێو سەدان کتێب و دەفتەری یادەوەری و دەستنووسی پەرش و بڵاودا ژیان دەگوزەرێنێت، ژیانێک کە بە نەخۆشی و مەینۆشین و سیگارکێشان و بیرکردنەوە لە ڕابردوو دەیباتە سەر، لەو بەشەدا کە دەکەوێتە عێراقی پاش ٢٠٠٣ و ئەو سەروەختەی کە ئیدی پەیکەرەکەی دیکتاتۆر کەوتووە و وڵات پێی ناوەتە سەردەمێکی خوێناوی ترەوە، ئازادییەکان بەرتەسکتر بوونەتەوە و هێزە میلیشیاکان شەقامیان سوور کردووە بە خوێنی بێگوناه  و قوربانییەکان، ئەوە سەردەمێکە کە هاوکێشەی هێز و توندوتیژی حوکم دەکات، کێ زیاتر بکوژێت ئەوە دەسەڵاتی زیاترە، جا هیچ گرنگیش نییە ئەوەی دەکوژرێت کێیە، گرنگ ئەوەیە ڕۆژانە دەنگی تەقینەوە و گوللە و هاواری قوربانییەکان ببنە مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژمانەکان و شریتی تیڤییەکان و گێڕانەوەی سەرزارەکی خەڵکە ئاساییەکە، لەم قۆناغەدا ئێمە بەر کاڵبونەوەی وێنەی ڕۆشنبیری و پەراوێزخستنی هونەر و جوانی دەکەوین، بەر کۆمەڵێک کەسێتی دەکەوین کە لەوپەڕی ڕۆشنبیری و خوێندەواری و خەون و هیواوە، دەبنە ئێسکەپەیکەرێک لە بێهوایی و ڕەشبینی، ئازاری ئەو دۆخە نوێیەی سیاسەت و ئاژەڵە سیاسییەکان لە وڵاتدا دروستیان کردووە، سەری هەزاران هاوڵاتی و دەستەبژێری ڕۆشنبیری بەرەو دنیایەکی تاریک دەکێشێت و وڵات وەک ئەوەی دیمەنی یەکەمی شانۆگەرییەک کۆتایی هاتبێت، پەردەیەکی تاریکی بەسەردا دەدرێت و هەموان چاوەڕوانی دیمەنی دووەمن، ئەمە لە کاتێکدا هەموان ئارخەیەنن کە هەموو دیمەنەکانی دیکەش هاوشێوەی دیمەنی یەکەم بریتییە لە خوێن و کوشتن، کاراکتەرەکانیش هەمان ئەو قوربانیانەن کە نازانن بۆ دەکوژرێن، هەر وەک چۆن مەحموود مەرزووقی شێوەکار، ئەو کتێبفرۆشە پیرە وا ماجید عێراقی کتێبێک لەسەر ژیانی دەنووسێت، بەدەم پیاسەیەکی نەرمەوە دەکوژرێت بێ ئەوەی کەس بزانێت کێ بکوژەکەیە و بە چ تاوانێک کوژراوە، ئێمە لە خوێندەوەی ئەم ڕۆمانەوە دەگەین بەو یەقینەی کە وڵاتێک ڕێژەی کوشتن لە ڕێژەی چاپکردنی کتێب و خوێنەرەکان زیاتر بێت، دواجار دەگات بەو ئەنجامەی هەموو تاکێک مەحکوومە بەوەی یان دەبێت کەسێک بکوژێت، یاخود کەسێک بیکوژێت.

بوون لە دیوانی “گەڕانەوەی زەردەشت”ی “ئەحمەدی مەلا”دا

ڕانانی: سەردەم

ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی سەبارەت بە دیوانە شیعری (گەڕانەوەی زەردەشت)ی دکتۆر ئەحمەدی مەلا، محەمەد نەبی نووسیویەتی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە: ناوەڕۆکی ئەم توێژینەویە لە دەروازەیەک و دوو بەش پێک هاتووە، لە سەرەتادا بە سەرنجدان لە فیکری هایدگەر، باسکردن لە بوون لە ڕوانگەی ئەوەوە، لەسەر بنەمای نەریتی پێشووتری تێڕوانینی فەلسەفیی بونیاد نراوە (ئینجا چ ئەوەی هایدگەر ڕەتی کردبێتەوە، یان پەسەندی کردبێت) دەروازەیەکمان بۆ داناوە و تێیدا مێژوویەکی کورتی باسکردنمان لە بوون لە نەریتی فەلسەفیدا خستووەتە ڕوو، دواتریش بە شێوەیەکی ئاوێتە لە دوو بەشدا، بە سوودوەرگرتن لە هزر و ڕوانینی هایدگەر بۆ پرسی بوون، ڕەنگدانەوەی بوون و بوونی مرۆڤمان لە (گەڕانەوەی زەردشت)دا، خستووەتە ڕوو.

ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە و بابەتەکانی پێکهاتوون لە: بوون کێشەیەکی دێرینی فەلسەفی، واتا و چەمکی بوون، ڕەگەزەکانی بوون لە لە “گەڕانەوەی زەردەشت”ی ئەحمەدی مەلادا، ڕەهەندە بوونگەراییەکانی ئاگر/ ڕووناکی، ئاگر/ ڕووناکی وەک ڕەگەزی بنەڕەتیی بوون، بوونی مرۆڤ و شێوازەکانی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەدی مەلا، بوونی ڕەسەن، زمان وەک گوتنی لەکارکەوتوو، بوونی ناڕەسەن و کەوتن، بوونی ناڕەسەن و ویژدان بانگی ویژدان و گەڕانەوەی دازاین بۆ بوونی ڕەسەن.. و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە، ئەم توێژینەوەیە پێک دەهێنن.

نووسەری ئەم توێژینەوەیە لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە بوون وەک بنەڕەتی هەمووو بوونێک لە ئاستە هەمەکییەکەیدا، مرۆڤیش وەک گرنگترین هەبووی ئەم بوونە لە ئاستە هەندەکییەکەیدا، پرسێکی گرنگی فەلسەفە و شیعرن، دواتر باس لەوە دەکات کە بە درێژایی مێژوو، کەم تا زۆر، چ لە لایەن شاعیران و چ لە لایەن فەیلەسووف و بیرمەندانەوە، سەرنجی پرسی بوون و مرۆڤ دراوە: ڕەنگە مامەڵەی فەلسەفە لەگەڵ ئەم پرسەدا، تا ڕادەیەک بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە و پەنجەی لەسەر دابنرێت، کە لە کوێدا فەیلەسووف و بیرمەندان باسیان لە بوون و هەبووەکان کردووە، بەڵام بێگومان لە شیعر.

نووسەری ئەم کتێبە لە بەشێکی دیکەی پێشەکیی لێکۆڵینەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندی شیعر و فەلسەفە، پەیوەندییەکی لە مێژینەیە، لە مێژووی فەلسەفەدا، کەم فەیلەسووف هەن قسەیان لەسەر شیعر نەکردبێت، لە مێژووی ئەدەبیاتیشدا چەندین شاعیر هەن لەژێر کاریگەریی فەیلەسووفێک، یان قوتابخانە و ڕێبازێکی فەلسەفیدا، یان بە دەربڕینێکی تر بە نەفەسێکی فەیلەسووفانەوە، سەرنجی دەوروبەریان داوە و شیعریان هۆنیوەتەوە: مێژووی ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی ڕێبازە ئەدەبییەکانیش، باکگراوندێکی فەلسەفییان هەیە، لە لایەکی تریشەوە کاتێک هەموو شتێک لە دنیای هەست و هزرەوە، تا دنیای خەیاڵ و وێناکردنەکانی مرۆڤ، بابەتی شیعر بن و ناوەڕۆکی شیعر و ماهیەتەکەی پێک بهێنن، بۆیە دەشێت بڵێین شیعر هەڵگری فیکر و مەعریفەیە و پەیوەندیدارە بە جیهان و بوونی مرۆیی.

نووسەری ئەم لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە دیوانە شیعری گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەدی مەلایە، پێی وایە ئەحمەدی مەلا لە دەستپێکی گەڕانەوەی زەردەشتدا کۆمەڵە پرسیارێک دەوروژێنیت، ئەم پرسیارانە خوێنەر دەخەنە بەردەم بیرکردنەوە، یان دووبارە بیرکردنەوە، پرسیارەکان سەبارەت بە بوون و بوونی مرۆڤن، هەر وەک چۆن هایدگەر بۆ تێگەیشتن لە بوون لە مرۆڤ دەست پێ دەکات و لەوێوە دەگاتەوە دەرخستنی ڕاستیی بوون: ئەحمەدی مەلاش بە هەمان شێوە، بوون و بوونی مرۆڤ دەکاتە بازنەیەکی هێرمۆنتیکی و لە بەش (مرۆڤ)ەوە بۆ گشت بوون دەڕوات، ئەم ڕۆیشتنەی بە ڕاوستان دەست پێ دەکات، ئایا چۆن ڕاوەستان دەبێت بە ڕۆیشتن؟ ڕاوەستان و ڕۆیشتن لە ڕووی مانای فەرهەنگییەوە پێچەوانەی یەکن،  مرۆڤ کە ڕاوەستاوە ئیدی لە ڕۆیشتن دەکەوێت، بەڵام ڕاوەستان لێرەدا ڕاوەستانە لە ئاست پرس و بابەتیکدا، ڕاوستانە لە ئاست گەردووندا، لەسەر وەستانە، بۆیە دەبێت بە گەشت و گەڕان/ ڕۆیشتنی مەعریفی.

بەشێک لە شیعرێکی نێو دیوانی (گەڕانەوەی زەردەشت) کە توێژەر بۆ توێژینەوەکەی سوودی لێ بینیوە:

نانیشنەوە تا جارێکی تر

بە دەوری پەیکەرەکاندا بخولێنەوە

تا بەدیار مانگی کەچبارەوە

بار و بەرگەمان بپێچینەوە

تا

لە ئەشکەوتێکەوە بۆ ئەشکەوتێکی تر

گومان لە بوونمان بکەین

نانیشینەوە بۆ غەڵبەغەڵب

بۆ تەماحێ نانوشتێینەوە

بۆ وەهمێ

پشت لە خۆ ناکەین

نانیشینەوە بە حیساب

ئەزموونەکانی دڵ لێک بدەینەوە

ئێمە دەبینەوە بە تاوس

لە باخچەکان عەدەن

عەدەنی من لە مەعدەنی لەشە

ساراکانی مەودا لەمەودوا

بە دڵ دەپێوم

بە پێی پەتی لە قوتەیەکەوە بۆ قوتەیەک

باز دەدەین

عەدەنی من لە مەعدەنی لەشە

مەوداکانی پەپوولە

لە سڕی شەمدا نابینم

شەو

لەنێو چاوی گزنگ و

گزنگ وەک ڕایەڵ پێیدا دەچن

ترپەکانی زەمەن

عەدەنی من مەعدەنی لەشە یارا

بار و بارگەم

لە تەنیشت ئەم جۆگەلەیە دادەنێم.

توێژەر تیشک دەخاتە سەر ئەم کۆپلە شیعرەی ئەحمەدی مەلا و ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم کۆپلەیە قۆناغی گەڕانەوە پیشان دەدات، گەڕانەوە بۆ بوونی ڕەسەن، شاعیر دەڵێت “نانیشینەوە تا جارێکی تر بە دەوری پەیکەرەکاندا بخولێینەوە: ئەمە دەری دەخات پێشتر لە دەوری پەیکەرەکاندا خولاونەتەوە، جارێکی تر مانای ئەوە دەدات پێشتر خولاونەتەوە، بەڵام دوای پرۆسەی خۆهۆشیاری کە ویژدان “بانگ/دەنگ”ێکی بە گوێی دازایندا دا، ئیتر هۆشیار بووەوە و دۆخی ناڕەسەنی جێ هێشتووە و جارێکی تر ناهێڵێت بکەوێتەوە ناو ئەوان.

لە بەشی کۆتایشدا توێژەر ئەنجامی توێژینەوەکەی خستووەتە ڕوو:

شاعیر گەڕاوەتەوە بۆ بوون وەک بنەڕەت و ڕاوەستانی لە ئاست بووندا، بە پرسیار و ڕامان پرۆسە شیعرییەکەی دەست پێ دەکات، بەم جۆرە پرۆسەی شیعری لای ئەحمەدی مەلا، دامەزراندنی گوتارێکی شیعریی ئۆنتۆلۆژییە لەپێناو جیهان و بوونی مرۆڤدا، وەک نیشان دراوە.

لای شاعیر پرسیار وەک بنەمایەکی ئۆنتۆلۆژیک خۆی نیشان دەدات، ئەمەش پەیوەستە بەو ڕۆڵەی پرسیار لە ڕوونکردنەوە و تێگەیشتنی بوون دەیگێڕێت و دواجار بوون ڕووناک دەکاتەوە.

لە زۆرێک لە کۆپلە شیعرییەکاندا، وشەکان پەیوەندیدارن بە خاک و نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە جیهاندا، بۆیە دەتوانین بڵێین دەقەکە دەقێکی بوونخوازییە، لە جیهان و لەم بوونەدا دەدوێت.

دکتۆر ئەحمەدی مەلا، لە ساڵی 1957 لە گوندی تۆماری ناوچەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک هاتۆتە دنیاوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوندی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە و ئامادەیی لە بەغدا تەواو کردووە. لە ساڵی 1981 کوردستان بە یەکجاریی جێ دەهێڵێت و ماوەیەک لە شاری ژنێڤ دەژێت و دراما دەخوێنێت و کۆمەڵە شیعری (زەردک) لە ساڵی 1988 بە چاپ دەگەیەنێت و بۆ خوێندن دەچێتە فەرەنسا، ماستەر لە زانستەکانی زمان و دکتۆرا لە ئەدەبی بەراوردکاریی لە زانکۆی فرانش کۆنتێ لە ساڵی 1999 وەردەگرێت. ئێستاش مامۆستای مێژووی زمان و ئەدەبیاتی فەرەنسییە لە زانکۆی کاستییا لا مانچا، لە ئیسپانیا.

سەرەتاکانی بە شیعر و هونەری شێوەکاری و شانۆ دەست پێ دەکات، هەروەها لە پاڵ شیعر و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، ڕۆمان و کاری وەرگێڕانی ئەدەبیش دەکات.

بێگومان بوونی ئەم جۆرە توێژینەوە و لێکۆڵینەوانە لەسەر شیعر، بە تایبەت شاعیران بە ئەزموون و داهێنەر، دەرگایەکی فراوان واڵا دەکات بە ڕووی خوێنەردا تا بە شێوەیەکی دیکە بچێتە ناو دنیای خوێندنەوەی تێکستەکانەوە، ئەو شیکارییە فەلسەفی و مەعریفیانەی بۆ تێکستەکان دەکرێن، کۆمەک بە خوێنەر دەکەن بە چاوێکی دیکە و بە ئاستێکی دیکە لە جوانبینی و مەعریفی لە شیعر بڕوانن، بێگومان کەسێتی توێژەریش، واتە کەسانێک کە سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر شیعر و تێکستە ئەدەبییەکان، پێویستە خاوەنی باکگراوندێکی گەورەی مەعریفی و ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری بن.

 

 

نووسین دەربارەی سینەما بە نیگایەکی دەروونشیکاریی

خستنەڕووی کتێبی “پەردە ـ چاو”

خوێندنەوەی: سەردەم

بێگومان نووسین دەربارەی ئەو کایانەی کە کەمتر بۆ ئێمە ئاشنان و زیاتر لە ڕێی کەناڵی ترەوە پێمان دەگات، گرنگە، ئەمە بەو مانایەی کە نووسین لەو بوارانەدا دەتوانێت یارمەتیمان بدات کە پاشخانێک بونیاد بنێین، کە تێیدا بینینمان بەرینتر بێتەوە، هاوکات وا دەکات ئەو کایە هەراوتر بێت، تاکو کەسانێک کە کار لەو بوارەدا دەکەن بەرچاوڕوونیان زیاتر بێت، بە وریاییەوە دەست بۆ جومگەکانی ببەن و هەوڵی جۆرێک نوێگەری بدەن. سینەما یەکێکە لەو بوارانە و لای ئێمە هێشتا وەک پێویست ئاوڕێکی کۆنکرێتی لێ نەدراوەتەوە و هەوڵەکان پەرتەوازەن و کەمتر ئاراستەکراون، هەرچەندە ئەمڕۆ زۆرن ئەو فیلمانەی چوونەتە دەرەوەی کوردستان و توانیویانە خەڵاتگەلێک بچننەوە و ببنە نوێنەری کولتوور و زمان و مێژووی کورد، بەڵام ئەو هەوڵانەش جێی ڕەخنەن و ڕەنگە لە ناواخندا لەگەڵ ئاستی بەرزویستی ئێمەدا نەبن. لێرەدا نووسین و خوێندنەوە و شرۆڤەکردن بە زمانی کوردی، هاوکات وەرگێڕان لە زمانەکانی ترەوە بۆ کوردی لە هەمان کایەدا، جێی دەست خۆشییە و پێویستە ئەو هەوڵانە بەرز بنرخێنرێت. بە تایبەت کە قسە بێتە سەر نووسین بە زمانی کوردی، چونکە ئەمە خۆبەخۆ کارێک دەکات کە ئێمە بتوانین لێیەوە زمانێکی تایبەتی سینەمایی بونیاد بنێین، زمانێک بە خسووسیاتی خۆیەوە، کە بتوانێت فەرهەنگێکی سنەمایی ڕۆ بنێت، فەرهەنگێک بە زمانی کوردی، کە بەشدار بێت لەو ڕووبەرە گەورەیەدا کە ئەمڕۆ سینەما و فیلم داگیریان کردووە.

کتێبی “پەردە ـ چاو” هەوڵێکی گرنگە، بە تایبەت لەو ساڵەدا کە ئەم کتێبەی تێدا چاپ بووە؛ ٢٠٠٩، گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە، کە دەکاتە پازدە ساڵ لەمەوبەر، دەبینین سینەمای کوردی و نووسین بە کوردی دەربارەی فیلم، لەچاو ئێستادا پێڕەوکە بوو، هەوڵێکی کەم هەبوو، بە تایبەت نووسین بەو زمانە تایبەتەی نووسەرانی ئەم کتێبە پێڕەویان کردووە، زمانی نووسینی ئەم کتێبە بە جۆرێکە کە دەتوانێت زۆر قەڵەشت و درزی ئەو بوارە بگرێت، بێ ئەوەی نووسەرانی ئەم کتێبە مەبەستێکی لەو چەشنەیان هەبێت، دەبینین کە بەشدارییەکی لەو جۆرەیان کردووە و ئەمڕۆ کاتێک کتێبەکە و وتارەکانی ناوەوەی دەخوێنینەوە، دەبینین چەند ورد و بە دیقەت هەوڵیان داوە لە ئیمکانییە زمانەوانییەکان و چەمک و زاراوە ڕەخنەیی و سینەماییەکان کەڵک وەربگرن و لە مەتن و درێژەی خوێندنەوەدا سوودیان لێ ببینین.

نووسەرانی ئەم کتێبە هەردوو نووسەر ڕەزا عەلی پوور و شاهۆ مەحموودین، وێڕای ئەوەی کە هەریەک لەم نووسەرانە لە کایەی تردا کاریان کردووە، هاوکات بە جددی ساڵانێکە سینەما بۆیان بووە بە پرسیار و لەو بوارەدا چەندان کاریان کردووە، ڕەزا عەلی پوور جیا لەم کارە هاوبەشە، کتێبێکی سەربەخۆیی تری نووسیوە بە ناوی “لە سفرەوە تا سینەما”، شاهۆ مەحموودی وەک کار لە چەند کاری کورتەفیلم و فیلمی تردا بەشداری کردووە، بە نووسین و قسەکردن چالاکی هەبووە و هەیەتی، هەردووکیشیان بە نووسین و لێدوانەکانیانەوە دیارە کە بە وردی ئاگاداری ڕەوتی مێژوویی سینەمان و هاوکات ئاگاداری ئەو قوتابخانە و ناوەندە ڕەخنەییانەن کە ئەمڕۆ لە بواری ئەم ژانرەدا کاران، هەر ئەمەشە کارێکی کردووە کە لە سەرجەم وتارەکانی ئەم کتێبەدا دەیبینینەوە، بە ڕوونی ئەو دەسەڵاتە دیارە کە ئەم نووسەرە بەسەر بوارەکەدا هەیانە و خوێندنەوەیەک پێشکەش دەکەن کە دەتوانێت یارمەتی بینەر و خوێنەر بدات باشتر لە میدیەمی سینەما و ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەی بەرباس دراون، نزیک بێتەوە.

کتێبەکە خوێندنەوەیە بۆ هەشت فیلم، وەک لە پێشەکیدا هاتووە: “پێوەری ئێمە بۆ هەڵبژاردنی ئەم فیلمانە تەنیا خەڵات وەرگرتنیان نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە ئێستە بەشێکیان لە کاتی نمایش و لە بازاڕدان و بینەر دەتوانێت دەستیان بخات. هەروەها پێویستە بوترێت هەر لە ٢٠٠٨دا فیلمگەلێکی سەرکەوتووتریش بوونە کە لێرەدا باسیان لێ نەکراوە.” ئەو فیلم و ناونیشانی باسانەی هاتوون بەم جۆرەن: “هالیوود دژ بە هالیوود؟ خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی کولانەنشینی ملیۆنێر، دەرهێنەر: دانی بویل، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور”، “ژیانەوەی ئانتیگۆنە؛ ئاماژە بە ڕادیکاڵیزم، دەرهێنەر: ئارنۆفسکی، خوێندنەوەی: شاهۆ مەحموودی”، “دەقی کوشندە و سوبژەی قوربانیکراو، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی خوێنەر، دەرهێنەر: ستیفان دالداری، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور”، “بارسێلۆنا بە وێنەی بینەر، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی بارسێلۆنا، دەرهێنەر: ودی ئالێن، خوێندنەوەی: شاهۆ مەحموودی”، “ڕەوتی برینداری زەمەن، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی بێنجامین باتۆن، دەهێنەر: دەیڤید فینچێر، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور”، “سروشتی کردنەوە، بابەتێکی دژ بە ئەخلاق، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی میڵک، دەرهێنەر: گاس وێن سێنت، خوێندنەوەی: شاهۆ مەحموودی”، “کام گیڤارا؟ لە مارکسەوە تا مارک، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی چێ، دەرهێنەر: ئێستیوێن دوودێربێرگ، خوێندنەوەی: ڕەزا عەلی پوور” و “هەراسی خەساندن، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی XXY، دەرهێنەر: لووسیا پێنزۆ”. شیاوی باسە شێوازی خوێندنەوەکان بە جۆرێکن، کە خوێنەر یان بینەر گەر فیلمەکەشی نەبینیبێت، دانەبڕێت لە چییەتیی کارەکە، وەک ڕەزا عەلی پوور لە پێشەکیدا ڕازێکی لەو چەشنەی بە بینەر/ خوێنەر داوە و نووسیویەتی: “وا باشترە پێش خوێندنەوەی ڕەخنەکان فیلمەکان ببینرێت و خوێنەر تەنها بە ڕەخنە و داوەریکردنی وتارەکان پێشر نەبەستێ، هەرچەندە لە کۆی وتارەکاندا هەوڵدراوە پارانۆمایەکی گشتی لەسەر فیلمەکە بە دەستەوە بدرێت، تاکو ئەو خوێنەرەی بینەری فیلمەکان نەبووە، بە تەواوەتی لە ڕەخنە و فیلمەکە دانەبڕدرێت.”

وێڕای سەرنجی بنکۆڵکارانەی نووسەرانی ئەم کتێبە بۆ هەریەک لەو هەشت فیلمە، هاوکات لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە هەوڵدراوە تەماشای فیلمەکان بکرێت و بخوێنرێنەوە، ئەویش ڕوانگەی دەروونشیکارییە، بێگومان ئێمە نامانەوێ بچینە وردەکاریی خوێندنەوەکانەوە، بەڵام نووسەرانی ئەم کتێبە لەپاڵ سوودوەرگرتنیان لە لایەنە هونەرییەکانی سینەما و ئەو یەکانەی دەتوانێت فیلمێک لە ڕووی هونەرییەوە بسەلمێنێت، هاوکات ڕوانگەی دەروونشیکاری بە سەرجەم وتارەکانەوە ئاوێزان بووە و لەو سۆنگەیەشەوە سوودێکی تەواو لە فەلسەفەی هاوچەرخ وەرگیراوە، هەر لە فرۆید، لاکان و تیۆدۆر ئەدۆرنۆوە تاکو دەگاتە سەر بیرمەندانی ئەمڕۆ، لەوانە: سلاڤۆی ژیژەک و ئالێن بەدیۆ و جۆرجیۆ ئاگامبێن و… ئەگەر هەریەک لەو بیرمەندامە بە جیا وەربگرین دەبینین هەمویان دواجار لە نوختەیەکدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە بۆ گەیاندنی ئەو ئایدیایانەی کە هەیانە سوودێکی زۆر لە ژانرەکانی ئەدەب وەر دەگرن، ئیدی ڕۆمان، یان چیرۆک و شیعر بێت، یاخود سینەما، شانۆ و تابلۆ، ئەو بیرمەندانە خوێنەری جددی دەقە ئەدەبی و هونەرییەکانن، لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن، ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە سەرنج لە کارەکەی ڕەزا عەلی پوور و شاهۆ مەحموودی بدەین، دەبینین ئەوانیش بە هەمان شێوە هەوڵیان داوە، بۆیە خوێندنەوەکانیان بۆ هەریەک لەو فیلمانە دەتوانێت ئایدیای پشت ئەو هەشت فیلمە لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە بەسەر بکاتەوە، کە چەقی خوێندنەوەکانیش دەتوانرێت لە دەروونشیکاریدا ئاراستە ببێت. ئەم کتێبە دەتوانێت خوێنەرانی ئەدەبیات بە گشتی و خوێنەری فەلسەفەی دەروونشیکاری و سینەما بە شێوەیەکی تایبەتی بدوێنێت، چێژ و جوانییەکیش لە وتارەکاندا چنراوە، کە خوێنەر تاکو دوایین دێڕ ڕادەگرێت و وا دەکات بە تامەزرۆییەوە درێژە بە خوێندنەوەی یەک بە یەکی وتارەکان بدات.

ئەم جۆرە کتێبانە لەپاڵ هەر هەوڵێکی تری لەم شێوەیەدا، دەتوانێت پاشخانی کتێبخانەی کتێبی دەوڵەمەندتر بکات، بە تایبەت لە بوارێکدا کە هێشتا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە و ئاماژەکان چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت کە داهاتووی سینەمای کوردی فراوانتر بێت، بۆیە نووسین لەو بوارەدا هاوشانە بە هەنگاوە پراکتیکییەکان.

ژنێکی ڕۆح پینە

ڕامانێک لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار”ی دڵسۆز حەمە

خوێندنەوەی: سەردەم

لە شیعری نوێی کوردیدا کۆمەڵێک دەنگی ژنانە هەن، کە دەتوانن نوێنەرایەتیی ئەدەبیاتی کوردی بکەن لە بازنەی دەرەوەدا، ئەم دەنگانە وێڕای ئەوەی توانیویانە لە ئاستێکی بەرزیی شیعرییدا تەعبیر لە خەم و ئازاری ئینسانیبوونی خۆیان و دەنگی کپکراوی ڕۆحیی و جەستەیی بکەن، هاوکات توانیویانە بەشدارییەکی کارایانەشیان هەبێت لە ڕەوتی بەرەو پێشبردنی دۆزی ژناندا، لەگەڵ چالاکییە دەستەجەمعی و ڕێکخراوییەکاندا، بەڵام دەنگی ئەمان و داکۆکی ئەمان شتێکە لە کایەی فەرهەنگ و زمان و شیعردا، شتێکە هێندەی لەگەڵ جوانیناناسانەی ژنانەدا سەروکاری هەیە، هێندە ناپەرژێتە سەر ئاکت و جووڵەی شەقام و کۆمەڵگە و ماڵ، ئەم ڕەوتە فەرهەنگییە دەستکاریی جێیەکی تری بیرکردنەوەی نێرسالارییانە دەکات، بە ئاراستەیەکی تردا کار دەکات و داکۆکییەکەی پانتاییەکی تر دەگرێتەوە، بێگومان ئەم شۆڕشە لە زماندا، لە پانتایی بیرکردنەوەدا، ئەگەر لە هەمان ئاستی ئەو بەرگریانەدا نەبێت کە لە چوارچێوەی فێمنیستدا جێکەوتە دەبن، ئەوا کەمتر نییە. یەکێک لە دەنگە زوڵاڵ و شیعرییەکانی ئەم پانتاییە، دڵسۆز حەمەیە.

دڵسۆز حەمە یەک لە دەنگە دیارەکانی نێو شیعری کوردییە، کە خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆیەتی، شیعری ئەو لەو جۆرە شیعرانەیە کە لە چەقی ژیان و شتەکانی دەوروبەرەوە هەڵدەقووڵێت، ڕوانینێکە بە قووڵایی شتە ساکارەکاندا و دەرکێشانی شیعریەت لێیان، هەڵبەت بە نیگای ژنێکەوە. هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە شیعری دڵسۆز هەڵگری جۆرێک خەم و نیگەرانی بێت کە هاوکات شەخسی و نوێ بێت، هاوکات بتوانێت بەشداریی ئەزموونی کۆییش بکات، بیگومان کۆی ئەم دنیا شیعرییە لەسەر دوو ستوونی گرنگ ڕاوەستاوە، یەکەم زمانێکی پوختەی شیعری و دووەم دنیابینییەکی بەرینی شاعیرانە. زمانی دڵسۆز حەمە زمانێکی ڕۆژانەییە، لە وردەشتەکانی چواردەوەری و کەسە نزیکەکانی دەدوێ، زمانێکە نزیک بە زمانی کۆڵان و شەقام، بەڵام بێ ئەوەی بهێڵێت ئاستی ئەم زمانە هەرزان و نزم بکەوێتەوە، بەردەوام ڕایەڵێک لە چەشنی ئاوریشم دەیبەستێتەوە بە شیعرەوە، دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو پانتاییە ئیستاتیکییەی کە هەڵگری جۆرێک لە ئەفسوون و ناوازەییە. خاڵی دووەم دنیابینیی پشت دەقەکانی دڵسۆز حەمەیە، ئەمە نوختەیەکی گرنگە لەگەڵ ئەوەدا کە دەقەکانی دڵسۆز حەمە لە دیاردە و دەرکەوتە سادەکانی دەوروبەری خۆیەتی، لەو کەسانەیە کە ڕاستەوخۆ ئەم بەرکەوتنی هەیە لەگەڵیان، بەڵام کۆی ئەم بیرۆکە نزیکانە قووڵاییەک و دنیابینییەکی بەرین لە پشتیانەوە ئامادەیی هەیە، بەو واتایەی لەوە ترازاون کە هەر لەو ڕووبەرە بچووک و نزیکەدا بخوێنرێنەوە، بەڵکو سنووری دەربڕین و بڵاوبوونەوەیان ئاسمانێکی بەرین و هەراوە، ئەمەیش ڕاستەوخۆ بۆ باکگراوندی پشت دەقەکان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی سادە و ساکار وەدیار دەکەون، هاوکات قووڵ و توێ توێشن.

دەفتەرەشیعری “تاقانە یار” کە ساڵی ٢٠١٢ لە “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” چاپ و بڵاو کراوەتەوە، لەو دەفتەرەشیعرانەیە کە پڕە لە داهێنان و دەنگی ژنانەیی شیعر، ئەم دەفتەرەشیعرە گەشت و ڕوانینی شاعیرێکە کە بەر لەوەی کاڵا بە باڵای خەمەکانیدا بکات، دەزانێت شیعر چییە، دەزانێت فۆرم بۆ خەمەکانی بدۆزێتەوە، دەزانێت جێی شیاو بۆ دەربڕینی ئازارەکانی، جیا لە شیعر، هیچ ژانرێکی تر نییە. ئەو زمانەی کە دڵسۆز حەمە لەم دەفتەرەشیعرەدا بەکاری دەهێنێت، زمانێک تژیی لە بزۆزی و جووڵە، لە کەروێشکەی بازبازێنی وشە و دەربڕین لە سیاقی ناسکترین وێنەی شیعریی ژنانەدا، هەر دەڵێیت بە کردنەوەی ئەم دەفتەرەشیعرە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی، لە ژوورێکی ژنانەداین، کە پڕ پڕە لە هەموو ئەو شتانەی ژنانەیی ئەو ژنە دەسەلمێنن.

دیوانی “تاقانە یار” لە دوازدە دەقی شیعریی پێک هاتووە، ناوی دەقەکان بەپێی ڕیزبەندییان، بەم جۆرەیە: “ئەو پیاوەی من، سەفەر، ئەم ژنانە، موبەق، کورتەنامە، کورتەنامە، کورتەنامە، فەرهەنگی دڵتەنگی، خۆم، تاقانە یار، ئەسیر و وێنەکانی ژنێتی”. ئەگەرچی هەریەک لەم دەقانە دنیای سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام کۆمەڵێک وردەئەستێرەی ڕژاو لە هەریەکەیاندا هەیە کە دەتوانین وەک خاڵی هاوبەش و پێکەوەگرێدراو بیانبینین. ئێمە لە “تاقانە یار”دا ژنێک دەبینین تا ئەوپەڕی عاشقبوون، عاشقە، حەز و ویستە بچکۆلەکانی خۆی بەیان دەکات، لە نیگەرانییەکانی دەدوێت، لەو پیاوەی کە خۆشی دەوێت و هاوخەمیەتی.

دەتوانین لە دوو ڕوانگەوە لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار” بڕوانین، یەکەمیان ئەم کتێبە بچکۆلەیە دەکرێت وەک مانیڤێستۆیەک بۆ دۆخی ئەڤین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشا بکرێت، بە گشتی لەم بارەیەوە وێنایەک دەدات بە دەستەوە کە تەعبیرە لە دۆخی ژن لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا، بە تایبەتیش لەو دەمەیدا کە ئەم ژنە دەیەوێت ئەزموونی عەشق لەگەڵ ئەو پیاوەدا بکات کە خۆشی دەوێت، بەڵام نەریت و کۆمەڵگە و پیاوانی وانەی ئایین و ئەخلاق لە بەردەم ئەم عەشقەدا ڕاست دەبنەوە و دەبنە ڕێگر و بەرگر، لە باشترین حاڵەتیشدا بە مەرگێکی حەتمی ژنە کۆتایی دێت. دیارە ئەم گوتارە بە چەندان شێوە و ئاست دەربڕاوە، بەڵام دڵسۆز حەمە لە ڕێی شیعرەوە دێت ئەم گوتارە لە بۆتەی شیعریەتدا ئاراستە دەکات، بەردەنگ لە گوزەری دەنگی خەمگینانە و ژنانەی شاعیرەکەیەوە دەگات بەو غەدرە مێژووییە کە ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کولتوور، بۆ ئەو عەقڵیەتەی کە هەمیشە لە دابەشکردنی شتەکاندایە بەسەر ڕەش و سپیدا، سپی پیاوە و ڕەشیش ژن، وەک بەخت و چانس.

نموونەی شیعریی:

لە خاکی فەرامۆشیدا

خاکی پەنجەرە دڵتەنگەکان

بە کوێدا بفڕێت تەماشام

بۆنی هەور و

بۆنی ئەستێرە و سێوەکان تاقیکاتەوە

لە پێچێکدا شمشێرەکان تیرۆری نەکەن خەیاڵم

لە کاتێکدا دیوار و شۆستە و شەقام و

چەتری چاوەڕوانی پاسەکانیش پیاوانەیە (ل ٨٧)

نموونەیەکی تر:

پیاوی ڕۆژهەڵاتی:

ئەوەی لەگەڵ مەمکێکی شەرمن و حەپەساوی

ئەم ڕۆژهەڵاتە ترساوەدا

توندڕەوە… موحافیزکارە… مڕومۆچ

لە هەمبەر مەمکێکی چاوکراوەی

سەر بە دەرەوە و ئازادی ڕۆژئاوادا

تا سەر ئەژنۆ دەچەمێتەوە

لێبووردەیە… لیبراڵە… عاشقە زۆر زۆر. (ل ٧١)

***

خاڵی دووەم کە جێی ئاماژەبۆکردنە، ئیرۆتیکایە لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار”دا؛ دڵسۆز حەمە لەم دیوانەدا بێ ئەوەی سنووری نێوان ئیرۆتیکا و پۆرنۆ ببەزێنێت، لە ئاستێکی هونەریی بەرزدا، جەستەی ژنانە بەرجەستە دەکات، جوانییەکانی مێینەیی دەر دەخات، لەبری ئەوەی خودسانسۆزی بەسەر دەربڕین و وێنە شیعرییەکانەوە بکات، دێت لە هەوڵی دۆزینەوەی فۆرمێکی گونجاو و ناسکدا، ئەو بەشە شاراوە و حەرامانەی جەستە کە دین و کولتوور بڤەی لەسەر داناون، ئاشکرا دەکات و دەنووسێتەوە، بانگێشتی ئەو پیاوە دەکات کە خەونی پێوە دەبینێت، کە حەز دەکات ماچی بکات و لە بەردەمیدا وەک ئاو ڕووت بێتەوە. “تاقانە یار” دەنگی ڕەسەنی ژنێکی شاعیرە، کە فریوی جورئەت و ئازایەتیی پیاوسالاری تێپەڕاندووە و خۆیەتی، دەنگی ناخی خۆی لە ڕێی شیعرەوە دەگەیەنێت.

نموونەی شیعریی:

کە لێرە نیت

جلی ناو کەنتۆرەکەم و عەتر و ماکیاج و

ستیان و جلە زۆر زۆر تەنکەکەم

نە ڕەنگیان پێوە دەمێنێ

نە بۆنی خۆش

دڵم بە هیچ ناکرێتەوە. (ل ٩)

نموونەیەکی تر:

زنجیرەکەم بترازێنە

گوارە و موستیلە و بازنگ و

تەوقەی قژم لێکەرەوە

ژنێتیم ئەو کتێبەیە

تا نەیکەیتەوە نازانی

چی نووسراوە. (ل ٤٥)

نموونەی تر:

لە ماڵێدا

ستیان لەبەر ناکەم

بە پێی پەتی دەسووڕێمەوە

بۆیە هەر دەرگای ماڵم ترازان

دوو کەروێشکی سپیی بچووک

لە پێڵاوەکانمەوە ڕادەکەن

دوو کۆتری سپیش لە ملی بلووزەکەمەوە

دەدەن لە شەقەی باڵ و

لە ماڵەکەمدا دێن و دەچن. (ل ٩٥)

بەرەو کەنار

 

بەختیار حەمەسوور

 

بە خوێندنەوەی تازەترین شانۆنامەی دانا ڕەئووف: «بەرەو کەنار»، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو هێڵە هاوبەشەی وەک تاڵێک خوێنی باریک بە کارەکانی پێشوویدا درێژ بووبووەوە، لەم دەقەشدا بەردەوامی هەیە و ڕەنگە بۆ داهاتووش هەیبێت؛ قەیرانی خێزان، بە تایبەت لە دۆخی ژناندا. من شانۆنامەکانی دانا ڕەئووف وا دەبینم کە دەنگی کپکراوی ژنانن، بە واتایەکی تر: بەدەنگهێنانی ژنانن لە دۆخێکی قەیراناویدا. ژنانێک کە بەردەوام لە شانۆنامەکانی ئەم نووسەرەدا ئامادەییان هەیە، سەر بەو دەستەن کە منداڵییەکی دژوار و ژیانێکی ناهەمواریان هەبووە و هەیە، ژنانێک کە بەردەوام خەون دەبینن بە ڕۆژێکی باشتر لە ئەمڕۆوە، بەڵام کۆی خەونەکانیان بە ئازار و ونبوون و سەرگەدانی دەگاتە بنبەست و بەستران. بە ڕەچاوکردنی دۆخیان، دەبینین ئەم ژنانە لە «کات» و «شوێن»دا چەقیون، نە دەتوانن ئەو دۆخە تێپەڕێنن، نە دەشتوانن درێژە بەو دۆخە بدەن، چیدی بۆ کەس گرنگ نەماون، کەس دڵیان ناداتەوە و بۆیان دڵتەنگ نابێت، لە جێیەکدا و لە زاری یەک لە ژنانی ناو شانۆنامەکان، ئەم دەربڕینە دەبیستین: «خوداش ئێمەی لە بیر کردووە.»

کاتێک گوێ بۆ ئەم ژنانە دەگرین لێکدا لێکدا قسە دەکەن، هەست دەکەین کەسیان گوێ لە کەسیان ناگرن، یان کە گوێش دەگرن، بۆیان گرنگ نییە، ئەمە بێباکی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە و هەلومەرجەیە تێیدا دەژین، بۆ خودی ئەو کارەساتە دەگەڕێتەوە کە ژیانی هەریەکەیانی هەڵگێڕوداگێڕ کردووە. هەرچی ئارەزوویان هەیە پووکاوەتەوە، ئەو پیاوەی بڕیار بوو بێت و بۆن بە قژ و گەردنیانەوە بکات، نەهات، یان هات و چوو. تێکڕای ئەم ژنانە لە سەروەختی تاریکداهاتندان، بەردەوام سەرمایانە، سەرمای جەستە و ئێسک نا، سەرمای هەڵوەشانەوەی پەیوەندییەکان و ئاڵۆزیی لێک تێنەگەیشتن و ساردیی هەست و سۆز. بێبایەخ کەوتوون، تەنیان، ماندوون، چارەنووسیان بەرەو نادیار بەگەڕ خستووە، لەسەر بەلەمێکن لەرزۆک و بزۆک بەسەر شێتیی شەپۆلاندا، لە گێژاوی دەریادا گیریان خواردووە و هیچ هەواڵێکیش لە کەنار نییە، هەر دەڵێی لە پرسەی ئازیزێکیاندا دانیشتوون و لۆش لۆش داماون.

تارمایی ترسێک لەپشت پەیڤەکانیانەوە پەنهانە، ترسێک کە زۆرجار خۆیشیان نەتوانن لە دەستنیشانکردنی سەرچاوەکەی. هەریەکەیان چیرۆکێکیان لە هەگبەدایە، چیرۆکێک کە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییەکەی بە شکستۆکی و خەمۆکی تەقەڵدروو و چنراوە. لە یادەوەری دەترسن، لە بیرهێنانەوەی ناوەکان و ڕۆژەکان، حەز دەکەن «فەرامۆش» و «لەیاد» بکەن، حەز دەکەن گۆرانی بۆ ئەڤینی بزربوویان بڵێن، حەز دەکەن بگرین، ناتوانن. تووشی ژانەسەری بێبن هاتوون، لەسەر جەستەیان جێبرین هەیە و مێژوویەک لە ستەم، ئازارەکانیان لە دیالۆگدا جێی نابێتەوە، «بێدەنگی» هەڵدەبژێرن، بێدەنگن.

من، تۆ و هەموومان، ئەم ژنانە دەناسین، بێگومان دەیانناسین.

سینەمای شانتال ئاکێرمان

ڕانانی: سەردەم

ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتار، ڕەخنە و گفتوگۆ پێکهاتووە سەبارەت بە ڕەهەندی ژیان و هونەری ژنە سینەماکاری بەلیجیکی (شانتال ئاکێرمان) لە بڵاوکراوەکانی زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەمە،  کۆمەڵێک نووسەر بابەتەکانیان نووسیوە و لە لایەن کۆمەڵێک وەرگێری کوردەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێرانیان بۆ کراوە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: بایۆگرافی و یادداشتەکانی شانتال ئاکێرمان، شانتال ئاکێرمان و ئەزموونە ناوازەکەی، شانتال ئاکێرمان لە حەفتاکاندا، مەسەلەی کات: ژان دیلمان ٢٣ کیۆدۆ کۆمێرس ١٠٨٠ برۆکسل، ڕوانینی ژنانە لە ژان دیلماندا، ڕوخساری ژنێکی هونەرمەند لە تافی لاویدا، گفتوگۆ لەگەڵ شانتال ئاکیرماندا، کامێرایەکی فیتیشیزمیانە دەربارەی فیلمەکانی شانتال ئاکیرمان.

وەک ئاماژەی بۆ کراوە شانتال ئاکێرمان لە فیلمەکانیدا شوێنەواری ژیانی شەخسی خۆی بەجێ دەهێڵێت؛ یەکەمین فیلمی درێژی بە ناوی “من، تۆ، ئەو” (١٩٧٦) گێڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغی مەسخ و گۆڕانەکانی کچێکی گەنج بە ناوی ژوولی پیشان دەدات کە خودی ئاکێرمان ڕۆڵەکەی دەگێڕێت. لە ژوورە بەتاڵەکەیدا خۆی گۆشەگیر کردووە و بە سیمایەکی ئاڵۆزکاوەوە و بە شێوەی مورتازە هیندییەکان، لە هەوڵدایە بۆ نووسین. لە فیلمی “ژان دیلمان”دا ڕۆتینەکانی ژیانی کە بە ڕۆتینەکانی ژیانێکی ئایینی دەچن، لە بۆیاخکردنی پێڵاوەوە بگرە تا دروستکردنی قاوەی بەیانی و قەدکردنی بەوەسواسی جلەکان و ڕێکوپێککردنی چەرچەفەکان، هەمووی لە دڵی ئەزموونەکانی منداڵیی ئاکێرمانەوە سەرچاوە دەگرن، کە بە سەرنجدانی ژیانی دایکی بە دەستی هێناون.”

ئەم ژنە سینەماکارە، ساڵی ١٩٥٠ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەدایک بووە، ئاکیرمان ساڵی ١٩٦٨، واتە لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا یەکەم کورتەفیلمی بە ناوی (شارەکەم بتەقێنەرەوە)ی دروست کرد کە خۆی لەو فیلمەدا ڕۆڵی کچێکی گەنجی هیلاک لە ژیان دەبینێت، کە لە کۆتاییدا بە بەردانەوەی گاز کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، ئەم چارەنووسە تراژیدییە لە ژیانی واقیعیی خۆشیدا دووبارە دەبێتەوە و لە تەمەنی شەست ساڵیدا لە شوقەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی دەهێنیت.

“من، تۆ، ئەو” “چەند هەوڵێک لە بارەی ماڵەوە” “ڕۆژهەڵات” “دیل” “گەمژەیی ئالمایەر” و “ژان دیلمان” بە گرنگترین کارەکانی ئاکێرمان ناوزەد دەکرێن، کە لە نێوانایاندا “ژان دیلمان” دیارترینیان و بەناوبانگترینیانە، ئاکێرمان لەو فیلەمەدا سێ ڕۆژ لە ژیانی ئاسایی ژنێک بە هەموو وردەکارییەکانیەوە وێنە گرتووە، کە لە ڕێگەی لەشفرۆشییەوە تێچووی ژیانی خۆی و کوڕەکەی دابین دەکات، ئاکێرمان بەو فیلمە وەک دەرهێنەرێکی فێمێنسیت ناسرا، ڕەخنەگرانی سینەما هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی فیلمەکانی ئاکێرمان دەشوبهێنن بە کارەکانی دەرهێنەری ئێرانی (سوهراب شەهید سالس) هەردوو ئەو فیلمسازانە خۆیان دوور دەگرن لە دراماتیزەکردنی ڕووداوەکان و لە بەرامبەردا کارە ئاساییەکانی ژیان پیشان دەدەن، لە لایەکی تریشەوە زۆربەی هەوڵیان نمایشکردنی خەمباریی ژیانی ڕۆژانەیە.

لە یەکێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە زۆربەی فیلمەکانی ئاکێرمان، بە جۆرێک (ئۆتۆبیۆگرافی) واتە بەسەرهاتی خۆی دێنە ئەژمار و بەپێی ئەزموونە تاکەکەسییەکانی ژیانی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی، بە تایبەت دایکی بەرهەم هاتوون: نواندنی خۆی لە هەندێک لە فیلمەکانیدا، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەهێزتر دەکات.

فیلمەکانی ئاکێرمان پڕن لە کاراکتەرگەلی ئاسایی و ژیانگەلی ئاسایی و ڕۆژانە، ئاکێرمان دونیای ماندوو و بێزارکەری ژنانی ماڵدار و تەنیا پیشان دەدات، لە فیلمی (ژان دیلمان)دا، ئاکێرمان، لە ژیانی ئاسایی بێزارکەر و بێڕووداوی ژنێک کە کە پیشەی ماڵدارییە و بۆ دابینکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی لە برۆکسل ناچارە لەشفۆشی بکات، فیلمێکی مەزن و کاریگەری دروست کردووە.

هەر لەم کتێبەدا و لە یەکێک لە وتارەکانیدا، نموونەی وتارێکی پرۆفیسۆر (ژانت بێرگسترۆم) هێنراوتە کە لە گۆڤاری (سایت ئەوەند ساوند) بڵاوکراوەتە و دەڵێت: ئاکێرمان لە قۆناغێکدا کاری فیلمسازیی دەست پێ کردووە کە فێمێنیزم پێی نابووە نێو سەردەمێکی نوێوە  و فیلمەکانی ئاکێرمەنیش وەکو دەقگەلی سەرەکی لە پانتایی خوێندنەوەی سینەمایی و بیرۆکە فێمێنیستییەکانی فیلمدا، کەڵکی لێ وەرگیرا.

بێگومان ئەم کتێبە بە قەبارە گچکەیە، بەڵام ناوەڕۆکێکی مەزن و پڕ لە زانیاریی تێدایە سەبارەت بە یەکێک لە سینەماکارە کاریگەرەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوو، لەم کتێبەدا خوێنەر بە گەلێک لایەنی هونەری و ژیان و بیروباوەڕ و هێڵی ئیشکردنی ئەم ژنە دەرهێنەرە سینەماییە ئاشنا دەبێت.

لە وتارێکدا کە شنیا عومەر لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، باس لەوە کراوە کە فیلمی “ژان دیلمان،٢٣ کیۆدۆ کۆمێرس ١٠٨٠ برۆکسل” شاکارێکی (شانتال ئاکێرمان)ە. خوێندنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە لەسەر مانەوە و چەقبەستن لەگەڵ کات و دڵەڕاوکێی خێزانی. فیلمەکە گێڕانەوەیەکی درێژە لەسەر ڕۆتینی ژیانی کارەکتەری تایتڵەکە. لەم فیلمەدا ئاکێرمان ڕێگە بۆ بینەر خۆش دەکات ئەزموونی مەتریاڵی سینەما و ماوەکەی بکات و لە هەمان کاتدا مانایەکی کۆنکرێتی دەدات بە کارکردنی ژن. ئەو کاتانەی ژان خواردن لێ دەنێت، خۆی دەشوات، نانی ئێوارە لەگەڵ کوڕە هەرزەکارەکەی دەخوات و دواتر دەڕوات بۆ دوکانی میوەفرۆشی و بە دوای قۆپچەیەکی ونبوودا دەگەڕێت، ئێمە سێ کاتژمێر و بیست و یەک خولەکى تەواو سەیری دەکەین. هەموو جووڵە و دەنگێک لە هزرماندا دەچەسپێت، هەر وەک چۆن بە ڕیتمی ئاشنا و ڕەفتاری پێشبینیکراو هێور دەکرێینەوە؛ لە هەمان کاتدا لەگەڵ حەزەکانی ژان بۆ ڕێکخستنی شتومەکەکان دەبینە هاوەڵ. ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی نایاب، لە نێوان کاروبارەکانی ژان و وردەکارییە مینیماڵیەکانی ئاکێرمان، سەرنجمان لەسەر ڕۆشتنی ژان بۆ داوێنپیسی لە دوانیوەڕواندا دوور دەخاتەوە. سەرەڕای ئەوەش ئەم دیمەنانە بەردەوام لە کەناری هۆشماندا سەوڵ لێ دەدەن و وردە وردە دەبنە هۆی نائارامیمان. ژان دێلمان تاقیکردنەوەیەکی ڕادیکاڵانەی غەیر درامییە، بەڵام پارادۆکسێکە لە پێویستی ڕەها بۆ دراما.

فیلمەکە لە ساڵی ١٩٧٥ بەرهەمهێندراوە، ئەو کات ئاکێرمان تەمەنی تەنها بیست و پێنج ساڵ بووە. ئەم فیلمە دەسەڵاتی دژە نیوڕیالیزمی لەسەر “سەرنجی کۆمەڵایەتی” زیاتر کرد. وا پێ دەچوو کارەکەی ئاکێرمان کە پیشاندانی حەقیەقەتی ژیانی ڕۆژانەی ژنێکە، قەشمەری بێت بە داخوازی شەرمنانەی نیۆڕیالستێک بۆ “فیلمێکی نەوەد خولەکی، دەربارەی پیاوێک کە هیچ ڕووداوێک لە ژیانیدا ڕوو نادات.” لە فیلم و ڤیدیۆکانی سەردەمی دوای جەنگدا، بەکارهێنانی دیمەنە سادەکانی هاوشیوەی مەتبەخ لە فیلمەکانی (ئومبێرتۆ دی، ٢ یا ٣ ئەو شتانەی دەربارەی ئەو ژنە دەیزانم، هێماناسی مەتبەخ)، نیشانەی ڕیالیزمێکی تەواو و هێزێکی بە سیاسی کراوی نوێن. ئەو دیمەنانەی لە “وێنە لە نێوان وێنەدا”ی ئاکێرماندا هەن و لە نواندنی کلاسیکیدا ونن، توانایەکی بەهێزی فێمینیستی دەدەن بەم تەوژمە. بەڵام بەدەر لە گۆڕانکاری لە سینەمای تەقلیدیدا. ژان دیلمان لە هەیکەلی ئابووریدا بۆ خۆی وانەیەکە، لەم فیلمەدا تیشکێکی تەواو خراوەتە سەر ئەرکەکانی ڕۆژانە و وە چۆن تێچووەکانیان بوونەتە هۆکاری سەرەکی دیمەنەکانی داوێن پیسی ژان. ئەو ئیشەی کە هێندەی ئامادەکردنی ژەمێک خواردنی پێ دەچێت.

ئاکێرمان لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێک گوتویەتی، شەوێکیان لەدوای ئیشکردن لەسەر دەستنووسی فیلمەکە، بۆ خولەکێک هەستی کرد تەواوی فیلمەکەی لە “کۆتا” فۆڕمیدا بینیووە، بۆیە دواتر بڕیاری داوە بەشە ناسەرەکی و کارەکتەرە ناسەرەکییەکان لابەرێت، تاوەکوو تەرکیزە تەواوەتیەکە لەسەر ژان بێت لە نێو ئەپارتمانەکەیدا. بۆ نمونە “پورە فێرناند؛” خوشکی ژان، لە کەنەدا دەژی و تەنها لە نامەیەکدا دەردەکەوێت کە ژان لە شێوەی خوێندنەوەی سروودی ئاینی بۆ کوڕەکەی دەخوێنێتەوە، یان لە دەرگاکەوە گوێی لە دەنگی دراوسێکەی بوو. کاتێک (ئاکێرمان خۆی ئەم ڕۆلەی بینیووە)، باسی ئەوە دەکات چۆن بۆ ئامادەکردنی نانی ئێوارە بۆ مێردەکەی دەچێت بۆ بازاڕ و هێشتا بڕیاری نەداوە چی بکڕێت، بەڵام لە کۆتایدا وەک هەمیشە هەمان ئەو پارچە گۆشتە گرانبەهایە دەکڕێت، کە کەسەکەی پێش خۆی کڕیویەتی. هەموو مۆنۆلۆگە دەگمەنە نامۆ و دوورودرێژەکانی ناو فیلمەکانی هەرگیز بێ مەبەست نەبووە، هەموویان گوزارشتن لە چەندین فۆڕم لە پەستانی جێندەری، کە ئاماژەن بۆ هاوسەرگیریەکەی ژان. بیرکردنەوە ئۆدپییەکانی کوڕەکەی، هەناسەی مەراقاوی سێکسیانە و هەوڵە زارەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری “دیمەنەکانی تر،” کە ئێمە هەرگیز نایانبینین؛ وەک لابردنی دیمەنی دیدارەکانی ئێوارانی ژان.

 

 

 

ئەنتوان چێخەف: لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

نووسین دەربارەی چێخەف بەردەوام نوێیە، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنەش هەر بەو جۆرەیە، نوێیە، تەواو ئەمڕۆییە و دەتوانێت بۆ سبەی و داهاتووش قسەی خۆی هەبێت. چێخەف لە شانۆنامەکانیشیدا درێژە بە هەمان گوتار و تێما دەدات کە وا لە چیرۆکەکانیشیدا داویەتی، ئەمە پڕۆژەیە، نووسەرێک تاکو کۆتایی گوتارێک تۆخ دەکاتەوە، هەڵبەت بە ئیمکان و لە فۆرمی جیا جیادا، ئەویش هەمان ئەو ڕستەیە کە خۆی لە جێیەکدا دەیڵیت: “خەڵکی ئازیزی ڕووس، من بۆیە دەنووسم تا پێتان بڵێم: ئێوە زۆر خراپ دەژین!” چێخەف زۆر کەم ژیا، تەنیا چل و چوار ساڵ ژیا، بەڵام لەو ماوەیەدا خەروارێک بەرهەمی نووسراوی لە چیرۆک، شانۆنامە، گەشتنامە، نامە و… پێشکەش بە گەلەکەی خۆی کرد، کە دواتر خودی ئەو بەرهەمانە بوون بە موڵک و میرات بۆ تەواوی دنیا، چێخەف نووسەرێک بوو ئازار و نەهامەتییەکانی دەناسی، بەدبەختییەکانی ئینسانی دەزانی، ئەگەرچی خۆی پزیشک بوو، بەڵام دەیزانی نەخۆشییەکان هەر جەستەیی نین، بەڵکو دەروونین، کۆمەڵایەتین، سیاسین و مێژوویین، ئەو دەیزانی دەسەڵات چۆن دەچێتە جومگە بە جومگەی کۆمەڵگە و چۆنیش دەتوانێت ژیان ئیفلیج بکات، هەڵبەت لە شێوەی دەسەڵاتی گەندەڵکار و قۆرخکاردا. ئەو لە فێڵ و تەڵەکەی دەوروبەر شارەزا بوو، دەیزانی بە ناوی خۆشەویستییەوە مرۆڤ چ ژەهرێک بۆ بەرانبەرەکەی دەڕێژێ، دەیزانی چۆن کەسەکان دەتوانن بە سانایی بۆ یەکتر ببن بە دۆزەخ و داو، ببن بە تەڵەزم و بۆ گەیشتن بە مەرام و خەونەکانیان بچووکترین بەزەیی نەنوێنن و ئەوانی تر وەک پێپلیکە و پەیژە ببینین. ئەمانە و زۆری تر کە ئەم نووسەرە لە ژیانی خۆی و دەوروبەرەکەیدا پەیی پێ بردوون و درکی پێ کردوون، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم وردبوونەوە و تێگەیشتن و ناسینە لە ژیانی واقیعدا، هاوکات چێخەف کۆی هەموو ئەوانەی کردووە بە نووسین، هەر ئەمەشە کە ئەو لە هەموو ئەو کەسانە جیا دەکاتەوە کە زارەکی شتەکان دەڵێن و لە هەوادا ون دەبێت، ئەم خەسڵەتی مرۆڤەکانی ناسی و پاشان نووسی، هەر ئەمەش نەمریی بۆ چێخەف دەستەبەر کرد، وای کرد تەنانەت باشتر لە پسپۆڕ و شارەزاکانی مرۆڤناسی، خودی نووسراوەکانی ئەم، شانۆ و چیرۆکەکانی، یارمەتیدەر بن بۆ شۆڕبوونەوە بە ناخ و توێژاڵە نیشتووەکانی مرۆڤدا.

ئەمڕۆ سەدەیەک پترە چێخەف لە دنیادا نەماوە و بەجێی هێشتووین، بەڵام بەرمەهەکانی زۆر زیاتر لە بەرهەمی گەلێک لەو نووسەرانە ئامادەییان هەیە کە هەر ئێستا و ئەمڕۆ دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە، کارەکانی چێخەف بەردەوام دەخوێنرێنەوە و زیاتر و زیاتر دەربارەیان دەنووسرێ و وەردەگێڕدرێن بۆ زمانە زیندووەکان، ئەمە تایبەتمەندی نووسینی پڕژیان و نووسەری شارەزا و بەتوانایە، ئەوەی کە چۆن نووسەرێک و نووسینەکانی ساڵ و سەدەکان دەبڕێت و دەگاتە داهاتوو، نموونەی چێخەف و نووسینەکانی باشترین نموونەن بۆ ئەو پرسە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ گەلی ڕووس و ئەدەبی ڕووس، هاوکات شانازییەکی گەورەترە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆ ئەدەبیات، بۆ چیرۆک و شانۆ. لێرەدا پرسێک دێتە پێشەوە، کە پرسێکی گرنگە و لەگەڵ دۆخی چێخەفدا یەک دەگرێتەوە، ئەویش پرسی نووسەری جیهانییە، نووسەرێک کە لە کۆمەڵگەیەدا پێدەگات و دەنگی دەبێتە دەنگی جیهان، ئەگەر تەماشای ئەدەبی ڕووسی بکەین دەبینین چەندان نووسەری دیاریان هەیە کە سنووری ڕووسیایان تێپەڕاندووە و بوون بە نووسەری جیهانی، ئەمە لە خۆیدا دەبێت بە سەروەتێک بۆ نووسەرانی دواتر کە دێن، لە هەمان زمان و ئەدەبیاتدا دەنووسن، ئەوان ئەم لووتکە گەشانە لە پێشیان داگیرساوە، چاویان لەو لووتکانەیە، نەنگی و عەیبەیە سادە بنووسن و بڵاو بکەنەوە، ئەمە بۆ تەواوی دنیاش هەر بەڕاست دەگەڕێ، زەحمەتە تۆ چیرۆک بنووسیت و بەردی چێخەف بخوێنینتەوە و ڕێگە بە خۆت بدەی بە ناوی چیرۆکەوە هەڵیت و پەڵیت بڵاو بکەیتەوە، بۆ شانۆش بە هەمان شێوە، ناکرێ تۆ ئەو دەقە نەمر و شاکارانەی چێخەف لەبەر دەستدا بن و پڕ بە دەقی خراپ و بوودەڵەدا بکەی، دواتریش ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە لێی کەوتووەتەوە. کەم نین ئەو نووسەرانەی لە تەواوی جیهاندا لەژێر کاریگەریی چێخەفدا، چ وەک چیرۆک چ وەک شانۆ، کار دەکەن، لە درێژەی ئەو ڕەوتەی چێخەف سەرپێی خست ئەوان درێژەی پێ دەدەن و زیادە و داهێنراوی خۆیانی پێ دەبەخشن.

کتێبی “ئەنتوان چێخەف: لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس” لە نووسینی شانۆکاری بەئەزموونی کورد: دانا ڕەئووفە، خوێنەر کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە دەزانێت ئەم کتێبە لەو شێوە کتێبانەیە کە نووسەرەکەی بە عەشقێکی بەرینەوە نووسیویەتی، عەشقێکی قووڵ بۆ شانۆ و بۆ خودی ئەنتوان چێخەف، ئەگەرچی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشنایە کە دانا ڕەئووف ساڵانێکە لە کایەی شانۆدا کار دەکات، بەڵام لەم کتێبەدا وێڕای وەستانی نووسەر لەسەر هەریەک لە شانۆنامە گرنگەکانی چێخەف، دانا ڕەئووف لەسەر کۆمەڵێک هێڵی کارکردن لای ئەم نووسەرە وەستاوە، لەوەشەوە کۆمەڵێک خاڵی زۆر بنچینەیی کارەکانی چێخەفی دەستنیشان کردووە، بەمەش یارمەتی خوێنەر دەدات کە قووڵتر لەو دنیا فراوانەی ئەنتوان چێخەف بڕوانێت و مرواریی دەگمەنی لێوە بچنێتەوە. کتێبەکە لە قەوارەیەکی مامناوەندی “٣٦٦” لاپەڕەییدا لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە “سەرەتایەک” و “نۆ بەش” لەگەڵ “پاشکۆکان” و “پەراوێزەکان” پێک هاتووە. لە دەستپێکی کتێبەکەدا پاراگرافێک هاتووە، کە بەشێک لە چیەتی و چۆنیەتیی کاری چێخەف ڕوون دەکاتەوە، پاراگرافەکە لە دەقێکی چێخەف خۆیەوە وەرگیراوە، نووسەری کتێبەکە مەبەستی بووە ئەم پاراگرافە لە دەستپێکدا دابنێ، بۆ خوێنەری وریا درککردنی جێی بایەخە، چون ئەم پاراگرافە پاڵپشتە بۆ زۆرێک لەو بۆچوونانەی کە دەربارەی کارەکانی چێخەف لامان گەڵاڵە دەبێت. پاراگرافەکە ئەمەیە: “لە ژیانە واقیعییەکەدا، مرۆڤ لە هەموو چرکەساتێکدا سەرقاڵی یەکترکوشتن یان خۆهەڵواسین نین، هەروەها هەموو کاتێک خواستی خۆشەویستی خۆیشیان دەرنابڕن. هەموو کاتی خۆیشیان بۆ ئەوە تەرخان ناکەن، باسی شتی ژیرانە بکەن، بەڵکو ئەوان زیاتر خەریکی نانخواردن، خواردنەوە، چاوچاوێن و گوتنی شتی بێمانا و تووڕەهاتن –ئەمەش ئەوەیە، کە دەبێت لەسەر شانۆ ڕوو بدات. دەبوایە دەقێک نووسرابا، کە مرۆڤەکان بێن و بڕۆن، نان بخۆن، باسی ئاووهەوا بکەن و خەریکی یاریی کاغەزێن بن. ژیان دەبێت ڕێک وەک ئەوە وابێت، کە هەیە و مرۆڤەکانیش هەر ڕێک وەک ئەوە بن، کە هەن. دەبێت لەسەر شانۆیش هەموو شتێک گرێکوێرە و هاوکات ئاسان و سادە بن، وەک ئەوەی لە خودی ژیان خۆیدا، بەو جۆرەن. خەڵک لەسەر شانۆ ژەمەکانی ڕۆژانەی خۆیان دەخۆن و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا بەختەوەر دەبن، یان ژیانیان وێران دەبێت.”

بەشی یەکەمی کتێبەکە لەژێر ناونیشانی “دەروازەیەک بۆ ناساندنی چێخەف، وەک شانۆنامەنووسێک” دەرگای باسێکی بەپێز کراوەتەوە، لەم بەشەدا کۆمەڵێک تێبینی گرنگ و ورد لە کۆی ئەزموونی شانۆکانی چێخەف دراون بە دەستەوە، بە شێوەیەکی چڕ و برووسکەیی نوختەکان ئاراستە کراون، چونکە دواتر لە درێژەی بەشەکاندا، بە درێژی و پانوپۆڕی لە هەریەک لە دەقەکاندا ئەو نوختانە باس کراونەتەوە، بەڵام بە دەروولێکردنەوەیەکی بەرینتر. بەشی دووەم لەژێر ناوی “ئەنتوان چێخەف، بیۆگرافیا” ژیاننامەیەکی پوخت و سەرنجڕاکێش لە چێخەف و کارەکانی دراون بە دەستەوە، بە خوێندنەوەی ئەم دوو بەشە خوێنەر ئامادە دەبێت بۆ چوونەناو پانتایی جەوهەریی کتێبەکەوە کە خوێندنەوەی “پێنج دەقی شانۆیی” چێخەفە، بەو جۆرە لە بەشەکانی “سێ، چوار، پێنج، شەش و حەوت”دا نووسەر بەوپەڕی ڕۆچوون و داکشان بەرەو ناواخنی هەریەک لە دەقەکانی “پلاتۆنۆڤ، نەورەس، خاڵە ڤانیا، سێ خوشک و باخی گێلاس”دا دەڕواتە خوارەوە و مۆزایکێک و ڕەنگاڵەییەکی ناوازە لە دنیای شانۆکانی چێخەف پێشکەش دەکات، خاڵێک کە لەم پێنج خوێندنەوەیەدا جێی سەرنجە ئەوەیە، کە خوێنەر ئەگەر تەنانەت دەقە شانۆییەکانیشی نەخوێندبێتەوە، نووسەر کارێکی وای کردووە پردێک دروست بکات لە نێوان لێکۆڵینەوەکان و دەقەکاندا، واتە زانیاریگەلێکی پێویست بەیان دەکات، بەوەش خوێنەر هەم چێژ وەردەگرێ هەم سوودیش، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێشنیار دەکەین خوێنەر پێشتر دەقەکان بخوێنێتەوە، چونکە بە دڵنیایی لای خۆی کۆمەڵێک تێبینی دروست دەبێت، لەگەڵ تێبینییەکانی دانا ڕەئووفدا دەتوانێت تێکەڵ ببێت و بەوەش تێگەیشنێکی گشتگیرتر پێک دێت.

بەشی هەشتەم لە بەشە گرنگ و ستوونییەکانی ئەم کتێبەیە، کە لەژێر ناونیشانی “شانۆنامەکانی چێخەف: دیدێکی گشتگیر” پەنجەرەی کۆمەڵێک وردەباس کراونەتەوە، لەوانە: “کات و شوێن، سمبۆڵ، ململانێ، دیالۆگ و هەژموونی بێدەنگی، خاڵی گەیشتن و ماڵئاوایی، لە چاوەڕوانیی شتێکدا، هەژموونێکی نادیار، کۆتاییەکی کراوە”، خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم بەشە، گەلێک لایەنی دیکەی شانۆنامەکانی چێخەف و گرنگییانی لا ڕون دەبێتەوە، لەوە دەگات کە بۆچی بەردەوام ئەم دەقانە ئامادەی سەر ستەیجی شانۆ دەکرێنەوە لە لایەن دەرهێنەرانەوە لە سەرجەم وڵاتانی دنیادا، هاوکات لەوەش دەگات کە بایەخی ئەم دەقانە بۆ ئەمڕۆ لە ڕووی هونەرییەوە چەند پێگە و سەنگی خۆیان هەیە و دەتوانن پێشنیاردەر بن بۆ ڕەوتی گەشەی شانۆ لە تەواوی ئەکادیمیا و ناوەند و پەیمانگاکاندا.

بەشی نۆیەم لەژێر ناونیشانی “ئێمە و چێخەف: دیدێکی کۆتایی و دواپەیڤی ئەم کتێبە” دانا ڕەئووف دیسان باس لە ڕۆڵی چێخەف بۆ ئەمڕۆی ئێمە لە سەدەی بیستویەکدا دەکات، لەو ماکە بنەڕەتییانە دەدوێ کە دەقەکانی چێخەف لە قووڵاییاندا هەڵیان گرتووە، لەوەی کە سەر بە هیچ زەمەنێک نین و بۆ هەموو زەمەنەکانن. لە کۆتایی ئەم بەشەدا وتەیەکی ستانیسلاڤسکی گەورەدەرهێنەری ڕووس دەهێنێتەوە دەربارەی چێخەف و کارەکانی و دەڵێت: “چێخەف هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هەروەها وەک پێویستیش نەخوێنراوەتەوە، خۆیشی زوو، بەر لەوەی بە گەوهەری شتەکاندا قووڵ ببێتەوە، قەڵەمەکەی دانا و کتێبەکەی داخست، با سەرلەنوێ کتێبەکەی هەڵبدەینەوە، ڕاڤە بکرێت و تاهەتایە بخوێندرێتەوە.”

لە پاشکۆی کتێبەکەدا “دوای سەد ساڵ، گەشتێک بۆ لای چێخەف” کە یادداشتێکی نووسەرە بۆ ڕووسا و خودی ئەو شوێنانەی شانۆنامەکانی چێخەفی لێ نووسراو و پێشکەش کراون، لەم بەشەدا نووسەر ئەو جێیانە یەک یەک بەسەر دەکاتەوە و دوای سەد ساڵ، هێشتا بۆن و جێدەستی چێخەف و نیگای بڕەڕی لەسەر ڕووتەخت و مێزەکان ماون و هەن. دواتریش لەژێر ناونیشانی “خۆشت بوێم و بنووسە”دا خوێندنەوەیەکی ورد بۆ کتێبە عاشقانەکەی چێخەف و ئۆلگا کنیپەر دەکات، ئەم کتێبە نامەی نێوان چێخەف و ئۆلگایە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی چێخەفدا، نامەکان لێوانلێون لە تاسە و سەرزەنشت و ئەڤین و تووڕەیی و هەڵچوونی ساتەوەخت، شیاوی باسە ئەم کتێبە لە لایەن وەرگێڕی بەتوانای کورد “ڕەووف بێگەرد”ەوە کراوە بە کوردی. دوایین بابەتی ئەم کتێبە ڕیزبەندی شانۆنامەکانی چێخەفە بەپێی ساڵی نووسینیان. خاڵێکی تر ئەوەیە کە کتێبەکە بە کۆمەڵێک فۆتۆی چێخەف و ئەو کەس و شوێنانەی ناویان هاتووە لە کتێبەکەدا ڕازێنراوەتەوە، ئەم کتێبە پشوویەک و ئارامییەک بە خوێنەر دەدات، لەگەڵ شارایەک پەیڤ و وردبوونەوەی ناوازە لە دنیای چێخەف کە بە خوێندنەوەی، مەحاڵە چێخەف هەمان چێخەفی پێشتر بێت، بەڵکو جوانتر و گەورەتر و ئاشناتر دەبێت لامان.

عه‌لی بن مه‌خلوف: فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی به‌شێكی بنچینه‌ییه‌ له‌ میراتی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی

نووسینی: هاشم ساڵح

له‌ عه‌ره‌به‌ییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع

عه‌لی بن مه‌خلوف یه‌كێكه‌ له‌ پسپۆڕه‌ گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی: واته‌ فه‌لسه‌فه‌ی فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئه‌وانی دیكه‌. هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ پسپۆڕه‌ گرنگه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا، به‌ تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی شیكارگه‌رایی یان فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزمی لۆژیكی له‌سه‌ر شێوازی برتراند ڕاسڵ و گۆتلیب فریج و فه‌نگنشتاین… هتد. ئه‌وه‌ له‌ قورسترین جۆره‌كانی فه‌لسه‌فه‌یه‌ و له‌ هه‌مویان زیاتر ئاڵۆزتره‌.

لێره‌وه‌ بن مه‌خلوف نه‌مری فه‌لسه‌فی، له‌ هه‌ردوو لایه‌نی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپییه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌و بووه‌ته‌ پردێك له ‌نێوان دوو شارستانییه‌ت یان دوو كه‌نار، جا له‌به‌ر ئه‌و سیفه‌ته‌ی، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه‌ له‌ سازدانی چه‌ندین كۆڕبه‌ندی گه‌وره‌ له‌ نێوان دوو ده‌زگای گه‌وره‌دا كه‌ بریتین له‌: ده‌زگای شا عه‌بدوڵڵا ئال سعود بۆ توێژینه‌وه‌ی ئیسلامی و زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان له‌ مه‌غریب و ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ فه‌لسه‌فه‌ له‌ پاریس. له‌م كۆڕبه‌ندانه‌وه‌ كه‌ ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و ڕۆشنبیرانی فه‌ڕه‌نسی و ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپی به‌گشتی  به‌شداریان تێداكردووه‌، پێنج جه‌ڵد كتێب به‌رهه‌مهاتووه‌ و گفتوگۆكان له‌خۆده‌گرێت. ئه‌م پێنج جه‌ڵده‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م: عه‌قڵ و مه‌سه‌له‌ی سنور كه‌ پێویسته‌ له‌ سنوری خۆیدا ڕاوه‌ستێت.

دووه‌م: ڕێگاكانی فه‌لسه‌فه‌ی جیهانی و وێڵگه‌كانی.

سێیه‌م: گواستنه‌وه‌ یان گه‌شتكردنی تیۆره‌ فه‌لسه‌فییه‌كان له‌ جیهانێكه‌وه‌ بۆ جیهانێكی دیكه‌.

چواره‌م: ئایا ڕاسته‌ هه‌مو شتێك ڕێژه‌ییه‌؟

پێنجه‌م: یاسا و به‌شداری سیاسی.

ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دی عه‌لی بن مه‌خلوف، له‌ خۆرئاوا، هه‌وڵێكی زۆری خستووه‌ته‌گه‌ڕ، تاكو ئیعتیبار بۆ فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی و فه‌یله‌سوفه‌ گه‌وره‌كانی عه‌ره‌ب، بگه‌ڕێنێته‌وه‌. مه‌به‌ستمان كندی، فارابی، ئیبن سینا، ئیبن توفیل، ئیبن ڕوشد، ئیبن باجه‌… هتد. ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌، بوونه‌ته‌ قوربانی دابه‌شكارییه‌ ناڕه‌وا و زاڵمانه‌كه‌ی مێژووی فیكر. ئاخر كتێبه‌كانی خۆرئاوا، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتون و فه‌یله‌سوفه‌كانی دیكه‌ی یۆنان، پێش 2500 ساڵ، یه‌كسه‌ر باز ده‌ده‌ن و دێنه‌ سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دیكارت. ئه‌وان به‌م بازدانه‌، باز به‌سه‌ر كۆی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌ده‌ن: واته‌ باز به‌سه‌ر هه‌زار ساڵ له‌ ته‌مه‌نی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ده‌ن. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا، نابێت به‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئیسلامی یان عه‌ره‌بی، بگره‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ سه‌ده‌ زێڕینه‌كانی عه‌ره‌به‌! كێشه‌كه‌ ئالێره‌دایه‌. وه‌لێ پێویسته‌ ددان به‌وه‌دا بنێین، ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه‌ ئه‌وروپییه‌ بۆ مێژووی فیكر، ته‌نها زوڵم له‌ فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی ناكات، به‌ڵكو زوڵم له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مه‌سیحی و جووله‌كه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا له‌ ئارادابوون. واته‌ فه‌لسه‌فه‌ی قه‌دیس تۆما ئه‌كوینی و موسی بن مه‌یمون، ئه‌مه‌ی دوایین شاكاره‌ نایابه‌كه‌ی “دلالة الحائرین”ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه‌ و دواتر وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی عیبری.

ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌، جیاوازی نییه‌ له‌ نێوان فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌كانی مۆدێرنه‌. له‌ ڕاستیدا له‌ نێوان ئه‌و دوو فه‌لسه‌فه‌یه‌دا، جیاوازییه‌كی بنچینه‌یی هه‌یه‌. بۆ ئه‌و جیاوازییه‌،‌ نمونه‌ی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ دووانه‌ییه‌ی نێوان ئیمان و عه‌قڵ یان نێوان ئاین و فه‌لسه‌فه‌ ده‌هێنینه‌وه‌. ئه‌م دابه‌شبوونه‌، دابه‌شبوونێكی نوێیه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دیكارت، له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا دابه‌شبوونی له‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ و نه‌زانراوبووه‌. به‌لای فه‌یله‌سوفه‌ ئیسلامییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌لای فه‌یله‌سوفه‌ مه‌سیحی و جووله‌كه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، عه‌قڵ بریتی بووه‌ له‌ په‌روه‌ردگار، یان بڵێ ڕاسته‌وخۆ له‌ یه‌زدانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و عه‌قڵ بۆ خۆی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌. به‌ڵام به‌لای دیكارت و ئه‌وانه‌شی دوای ئه‌و دێن، عه‌قڵ له‌ خودی مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و سه‌ربه‌خۆیه‌. ئالێره‌وه‌ دروشم یان كۆجیتۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ دێته‌ئاراوه‌: “من بیرده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ من هه‌م”. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌، له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، ته‌نها خزمه‌تكاری ئاین یان زانستی تیۆلۆژیا بووه‌. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ له‌ سه‌ده‌كانی مۆدێرنه‌دا، له‌و ملكه‌چبوون و پاشكۆبوونه‌ ڕزگاری بووه‌ و سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رگرتووه‌. جیاوازی نێوان سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌ده‌كانی مۆدێرنه‌ ئالێره‌دایه‌.

به‌ڵام ئه‌و شته‌ی لای فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب، سه‌یره‌ و جێگای تێڕامانه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان ڕێزیان له‌ حه‌قیقه‌ت گرتووه‌، له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ هاتبێت یان له‌ كوێ دۆزیبێتیانه‌وه‌. ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دابوون ده‌بێت سود له‌ مه‌عریفه‌ وه‌ربگرین، ئه‌گه‌رچی ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌، له‌ لایه‌ن گه‌لانی بیانی و گه‌لانی نامۆ به‌ ئێمه‌وه‌ هاتبێت، بگره‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن گه‌لانی ناموسڵمانه‌وه‌ هاتبێت. ئه‌وه‌تا كندی فه‌یله‌سوف ده‌ڵێت: “پێویسته‌ له‌سه‌رمان حه‌قیقه‌ت له‌ هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بێت وه‌ربگرین، سا ئه‌و كه‌سه‌ له‌ قه‌ومه‌كه‌ی خۆمان بێت یان نا”. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م دیدگا فراوانه‌وه‌، ده‌بینین كتێبه‌كه‌ی فارابی “كتاب الملة” واته‌ “كتێبی دین”، هیچ قسه ‌وتنێك یان هێرشێك یا ته‌كفیرکردنێكی بۆ ئاینه‌كانی دیكه‌ له ‌خۆ نه‌گرتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان عاده‌ته‌ن ده‌یكه‌ن. نه‌خێر، كتێبه‌كه‌ی فارابی هه‌رگز شتێكی له‌و جۆره‌ی‌ له‌خۆنه‌گرتووه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی خاڵییه‌ له‌ ڕۆحی تائیفی، ڕۆحێك له‌ بیركردنه‌وه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا باڵاده‌ست بوو. لێره‌وه‌ فارابی له‌ دیدێكی فه‌لسه‌فه‌ی ڕووته‌وه‌، قسه‌ له‌سه‌ر دین یان له‌سه‌ر كۆی دینه‌كان ده‌كات و به‌چاوێكی یه‌كسان له‌ هه‌مویان ده‌ڕوانێت. له‌ ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی فارابی، جێگای سه‌رسوڕمانه‌ و زۆر پێش كاتی خۆی بووه‌. ده‌كرێت هه‌مان شت سه‌باره‌ت به‌ ئه‌بی عه‌لای موعه‌ڕی بووترێت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بلیمه‌ته‌كانی ڕۆژگار.

هه‌نووكه‌ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو: فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب، چۆن چۆنی پاساویان بۆ وه‌رگرتنی زانست له‌ فه‌یله‌سوفانی یۆنان هێناوه‌ته‌وه‌؟ سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره‌، عه‌لی بن مه‌خلوف ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا، به‌و پێیه‌ی داناییه‌/ حیكمه‌ته‌ نه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌‌، بڵاوبووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ وشه‌ی حیكمه‌ت، به‌ گوێچكه‌ی عه‌ره‌بی غه‌ریب و نامۆ نییه‌. بگره‌ وشه‌كه‌ ته‌واو عه‌ره‌بییه‌. ئیمه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێین، ده‌زانین وشه‌ی “حكیم” یه‌كێكه‌ له‌ نه‌وه‌د و نۆ ناوه‌كه‌ی یه‌زدان، لێره‌وه‌ وشه‌ی حیكمه‌ت هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك ناخاته‌وه‌، بگره‌ له‌ كۆمه‌ڵگای موسڵماندا كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ تێكستی قورئانی، وشه‌یه‌كی به‌ڕێز و ڕێگه‌پێدراوه‌. لێره‌وه‌ فه‌یله‌سوفه‌ موسڵمانه‌كان ئاوا بیریان كردووه‌ته‌وه‌: ئه‌گه‌ر فیكری خۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌، پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ری موسڵمان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌موده‌ست ڕاده‌چڵه‌كێت و لێمان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، بگره‌ گومان له‌ خۆمان و له‌ ئیمانمان و له‌ ڕاستی و دروستی عه‌قیده‌كه‌شمان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فیكری خۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی حیكمه‌ته‌، پێشكه‌ش بکەین، ئه‌وا بێ هیچ كێشه‌یه‌ك، لێمانی وه‌رده‌گرن. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو ئیبن ڕوشد له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ئه‌نجامیدا: «فصل المقال فيما بين الشريعة والحكمة من الاتصال». ئه‌و له‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌‌یدا، وشه‌ی “فه‌لسه‌فه‌”ی دانه‌نا كه‌ وشه‌یه‌كی خۆرئاوایی بیانی نامۆیه‌‌. ئیبن ڕوشد به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌كتیكی زیره‌كانه‌ خۆی له‌و وشه‌یه‌ بوارد. به‌ڵام هه‌ر له‌ په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌دا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌لسه‌فه‌! ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌، ئیبن ڕوشد په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر فیڵێكی دیاریكراو، تاكو به‌ر جه‌ماوه‌ری موسڵمان نه‌كه‌وێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو فارابی له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ئه‌نجامیدا: «الجمع بين رأيي الحكيمين أرسطو وأفلاطون»، فارابی نه‌یوت «الجمع بين رأيي الفيلسوفين». وه‌لێ مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌رچۆنێك بێت، وشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ له‌ زمانی یۆنانیدا، مانای خۆشه‌ویستی حیكمه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌وه‌ وشه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ له‌ ڕووی ماناوه‌، هاومانای وشه‌ یۆنانییه‌كه‌یه‌.

فه‌یله‌سوفه‌ عه‌ره‌به‌كان، له ‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵیانده‌دا سازان یان ئاشتبوونه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌قه ‌پیرۆزه‌كان بڕه‌خسێنن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌وڵیانده‌دا فه‌لسه‌فه‌ی بتپه‌رستی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ئاینییه‌كان ئاشتبكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وان به‌و فه‌یله‌سوفانه‌یان نه‌ده‌وت فه‌یله‌سوفانی بتپه‌رستی، به‌ڵكو له‌ بری ئه‌وه‌ وشه‌ی “پێشكه‌وتوخواز” یا فه‌یله‌سوفه‌ كۆنه‌كان-یان به‌كارده‌هێنا. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانوتایه‌ ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ بتپه‌رستن، ئه‌وا ده‌موده‌ست جه‌ماوه‌ری موسڵمان لێیان دوور ده‌كه‌وتنه‌وه‌، بگره‌ به‌ كافریشیان داده‌نان، چونكه‌ چۆن ده‌بێت بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری  فه‌یله‌سوفانی بتپه‌رست یان گرنگی و قورسایی به‌ قسه‌كانیان بده‌ن؟ تۆبه‌ خوایه‌، خوا لامانبدت.

هه‌رچۆنیك بێت، ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بێت، هه‌میشه‌ له‌ جیهانی ئیسلامیدا، فه‌لسه‌فه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بووه‌ و چوارده‌وری به‌ مه‌ترسی ته‌نراوه‌. بگره‌ ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشماندا، فه‌نده‌مێنیتاڵیسته‌ كۆنه‌پارێزه‌كان، فه‌لسه‌فه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ئاین دوورت ده‌خاته‌وه‌، بگره‌ فه‌لسه‌فه‌ دوژمنی ئاینه‌. له‌ هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا، فوقه‌ها گه‌وره‌كان، دواجار توانییان به‌ خێرایی فه‌لسه‌فه‌ له‌ناوبه‌رن، سه‌ره‌تا له‌ ئیمامی غه‌زالییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گات به‌ ئیبن خه‌لدون، به‌ تێپه‌ڕین به‌ ئیبن تەیمیه‌ و ده‌یانی دیكه‌دا‌. (فه‌لسه‌فاندن واته‌ گومڕابوون)، خوا له‌ كوفر و كافران به‌دوورمان بگرێت. به‌م شێوه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌سه‌ر خاكی ئیسلام، له‌ ساته‌وه‌ختی مردنی ئیبن ڕوشد له‌ ساڵی 1198وه‌، چیتر نه‌كه‌وته‌وه‌ سه‌ر پێی خۆی، تا ده‌گات به‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌، له‌و سه‌ده‌یه‌دا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕێنیسانس ده‌رده‌كه‌ون.

لای ئێمه‌، به‌ درێژایی حه‌وت سه‌ده‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی به‌رده‌وام، فه‌لسه‌فه‌ مرد. ئا له‌م حه‌وت سه‌ده‌یه‌دا، كه‌ ئێمه‌ به‌دیار مێژووه‌وه‌ نووستین، له‌ ئه‌وروپا گه‌وره‌ترین فتوحاتی زانستی و فه‌لسه‌فی هاتنه ‌ئاراوه‌. ئا له‌و سه‌دانه‌دا، كۆپه‌رنیكۆس، گالیلۆ، دیكارت، سپینۆزا، كانت، هیگڵ، ماركس، فرۆید و ده‌یان ئه‌ستێره‌ی دیكه‌ ده‌ركه‌وتن. كه‌چی دوای هه‌مو ئه‌وه‌، كه‌سانێك دێن و به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌پرسن: بۆچی موسڵمانه‌كان دواكه‌وتن و ئه‌وانی دیكه‌ پێشكه‌وتن؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه‌ زانرا سه‌رسوڕمانه‌كه‌ به‌تاڵده‌بێته‌وه‌. پێویسته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ له‌ یاد نه‌كه‌ین كه‌ پرۆفیسۆر عه‌لی بن مه‌خلوف، له‌دایكبووی شاری “فاس”ی دێرینه، شارێك‌ به‌رده‌وام و به‌درێژایی سه‌رده‌مه‌كان، زانا و بیرمه‌ندی خستووه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌ كتێبه‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی مه‌خلوف ئه‌م كتێبه‌یه‌تی: «فارابی: فه‌لسه‌فه‌ له‌ به‌غداد له‌ سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زاینی/ الفارابي: التفلسف في بغداد إبان القرن العاشر الميلادي».

لێره‌دا دانه‌ری كتێبه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت دووه‌م مامۆستا، دوای ئه‌رستۆ، واته‌ فارابی،  ئه‌و بوو له‌ پایته‌ختی عه‌باسییه‌كان و له‌سه‌رده‌می بوه‌یهییه‌كاندا، سه‌ره‌تای قوتابخانه‌ی لۆژیك و فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی دامه‌زراند. ئا له‌و چركه‌ساته‌وه‌، ڕه‌وتێكی فیكری گه‌ردوونی كۆسمۆپۆلیتی هاته ‌ئاراوه‌، ڕه‌وتێك تێیدا سه‌رچاوه‌ یۆنانییه‌كان له‌گه‌ڵ لێكدانه‌وه‌ قورئانییه‌كان و له‌گه‌ڵ كتێبه‌كانی به‌لاغه‌ و شیعری عه‌ره‌بی، هاوئاهه‌گ بوون. له‌و ڕۆژگاره‌دا كتێبه‌ ئاینییه‌كان و كتێبه‌كانی ئه‌فلاتون-یان پێكه‌وه‌ و به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه‌ ده‌خوێنده‌وه‌. هه‌روه‌ها نابێت ئه‌م كتێبه‌ی دیكه‌ی بن مه‌خلوف-مان له‌بیربچێت: “بۆچی فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب بخوێنینه‌وه‌؟ میراته‌ له‌بیركراوه‌كه‌”، ئه‌م كتێبه‌ شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ عه‌ره‌بییه‌ی له‌ مێژوودا و له‌ نێوان هه‌ردوو سه‌ده‌ی هه‌شت و پێنج له‌ئارادا بووه‌‌، له‌ میراتی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی، به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ پێكده‌هێنێت. ئه‌م هۆكاره‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرنگی به‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ بده‌ین و لێكۆڵینەوه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین.

دواجار سه‌روه‌ختێك له‌ عه‌لی بن مه‌خلوف ده‌پرسن: چۆن ده‌كرێت دیارده‌ی توندڕه‌ویی ئاینی له‌ جیهانی ئیسلامیدا بچووك و به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌؟ ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: تاقه‌ چاره‌سه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌ و فێربوون و ڕۆشنگه‌ریدایه‌. ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ ئه‌مه‌ی سه‌ربار ده‌خه‌ین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی شێخه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌ربڵاوه‌، نه‌ك خوێندنی فه‌لسه‌فی ڕه‌خنه‌گرانه‌ بۆ ئاین، نه‌ چاره‌سه‌ری هه‌یه‌ و نه‌ ڕزگاربوون. مه‌سه‌له‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ی سیاسی بێت، فیكرییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی فیكری و مه‌عریفییەوە‌ به‌ قووڵی چاره‌سه‌ر نه‌كرا، له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت. له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا، پێویسته‌ خوێندنێكی نوێ بۆ ئاینی ئیسلام بێته‌ئاراوه‌. مه‌به‌ستم خوێندنێكی ڕۆشنگه‌رانه‌ به‌ تیشكی عه‌قڵ و به‌ ڕووناكی فه‌لسه‌فه‌. ئه‌م شته‌ بووه‌ته‌ پێداویستییه‌كی زۆر گرنگ. پێویسته‌ ئه‌م خوێندنه‌ تازه‌ ڕۆشنگه‌ره‌ بۆ كه‌له‌پوره‌ گه‌وره‌كه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامیمان، له‌ قوتابخانه‌كان و زانكۆكان و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌ بێته‌ئاراوه. تاكو بتوانێت ڕووبه‌ڕووی خوێندنه‌ نه‌ریتییه‌كه‌ ڕاوه‌ستێت، خه‌ریكه‌ ده‌ڵێم ڕووبه‌ڕووی خوێندنه‌ تاریكبینه‌كه‌ ڕاوه‌ستێت كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر باڵاده‌سته‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ فه‌لسه‌فه‌، واته‌ فیكری ڕه‌خنه‌یی ڕۆشنگه‌ر، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌توانێت سنورێك بۆ عه‌قڵیه‌تی دۆگمای چه‌قبه‌ستوو كه‌ خه‌ڵكانی توندڕه‌و و تیرۆرست به‌رهه‌مده‌هێنێت، دابنێت و به‌رته‌سكی بكاته‌وه‌. ئێمه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێین، ده‌زانین كه‌له‌پوره‌ ئاینییه‌ مه‌زنه‌كه‌مان، دوو خوێندنه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت: یه‌كه‌میان خوێندنه‌وه‌یه‌كی كراوه‌یه‌ و دووه‌میان خوێندنه‌وه‌یه‌كی داخراوه‌، یه‌كه‌میان لێكبورده‌یه‌ و دووه‌میان ده‌مارگیره‌، یه‌كه‌میان ڕۆشنگه‌رانه‌یه‌ و دووه‌میان تەكفیرییه‌ و هه‌ڵبژاردن لای خۆتانه‌.

سه‌رچاوه‌

الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه‌، 2 شوبات،  2023

 

بۆنی گواڤا

ئەو ساتە خۆشانەی دەبێت لەگەڵ “گابۆ”دا بین

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (بۆنی گواڤا) یەکێکی ترە لە بەرهەمە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم کتێبە لە گفتوگۆیەکی دوورودرێژ پێک هاتووە، لەنێوان (پلینیۆ ئەپولیو مندۆزا) و گەورە نووسەری دنیا (گابرێل گارسیا مارکیز- گابۆ) ئەو ڕۆمانووسە جیهانییەی کە بە هۆی شاکارە مەزنەکانی وەک (خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا، سەد ساڵ تەنیایی، دەریاوانە خنکاوەکە، کەس نییە نامە بۆ کۆڵۆنێل بنووسێت، بە یادی سۆزانییە غەمبارەکانم، کاتژمێری شووم، تۆفانی گەڵا، ڕاگەیاندنی مەرگێکی پێشوەختە) و چەندینی تر، دەیناسین. کتێبەکە لە لایەن یەکێک لە باشترین و بە ئەزموونترین نووسەر و وەرگێڕکارە بەنێوبانگەکانی کورد، بە شێوەیەکی جوان و سەرکەوتوانە، کاری وەرگێرانی بۆ کراوە، ئەویش نووسەر و وەرگێڕ (ڕەووف بێگەرد)ە.

بێگومان مارکیز خۆی پێش ئەوەی دەست بکات بە کاری ڕۆماننووسین، ڕۆژنامەنووسێکی کونجکوڵ بووە و گەلێ بەدواداچوونی وردی بۆ باتەکان کردووە، هەروەها یەکێک بووە لەو نووسەرانەی بۆ نووسینی ڕۆمان، زۆر سوودی لە تەکنیک و شێوازی کاری ڕۆژنامەوانی و ئەو ڕێپۆرتاژانە بینیوە کە ئەنجامی داون، یاخود هاتوونەتە بەردەستی، بۆ نموونە ڕۆمانی (دەریاوانە خنکاوەکە) لە بنەڕەتدا ڕێپۆرتاژێکی ڕۆژنامەوانی بوو، بەڵام “گابۆ” سوودی لە چیرۆک و تێماکەی بینی و بە تەکنیکی ڕۆمان دایڕشتەوە و کردی بە یەکێک لە ڕۆمانە جوانەکان.

دەتوانین نموونەی کاری ڕۆژانەوانی “گابرێل گارسیا مارکیز”  لەو چاوپێکەوتنە هونەرییەوە وەرگرین، کە لەگەڵ (ئەکیرا کیروساوا)ی گەرورە سینەماکار و دەرهێنەری جیهانی ئەنجامی داوە، بێگومان لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٠ دا، کاتێک ئەکیرا کیروساوا، خەریکی وێنەگرتنی دواهەمین بەرهەمی خۆیەتی بە ناوی (نەشوەیەک لە مانگی ئابدا) گابریل گارسیا مارکیز، سەردانی تۆکیۆ دەکات. مارکیز، کە ساڵانێک لە (بۆگۆتا) بەر لە نوسینی شاکارە گەورەکانی وەک (سەد ساڵ تەنیایی و خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا) وەک ڕەخنەگری فیلم کاری کردووە، بۆ زیاتر لە ماوەی شەش کاتژمێر لە بارەی چەندین بابەتی هونەرییەوە، قسەی لەگەڵ کیروساوادا کردووە.  ئەگەرچی مارکیز خۆی لە یەکەم پرسیاردا داوا لە کیروساوا دەکات کە نایەوێت وتووێژەکەیان، وەک کارێکی ڕۆژنامەوانی دەربچێت، بەڵام دواجار کە وتووێژەکە ئەنجام دەدرێت و لە (لۆس ئەنجلس تایمز)دا بڵاو دەکرێتەوە، خوێنەر یەکێک لە کارە ڕۆژنامەوانییە پڕ لە چێژ و زانیارییەکان دەخوێنێتەوە:

مارکیز: ئایا میتۆدی تۆ هەر وا خۆرسک و خۆوەکیانە بووە، بە تایبەتی ئەو کاتانەی شکسپیر و گۆرکی و دۆستۆیفیسکیت خواستوون؟

کیروساوا: ڕەنگە ئەو دەرهێنەرانەی لە نیوەی کارەکەیاندا فیلمەکەیان چاک دەکەن، پەی بەوە نەبەن کە چەند سەخت و دژوارە گەر بتەوێت لە ڕێی وێنەی سینەماییەوە، وێنەی ئەدەبی بۆ بینەر بگوازیتەوە. بۆ نمونە، لە خواستنی ڕۆمانێکی پۆلیسیدا، کاتێک دەبینیت لاشەیەک لە تەنیشت ڕێگای شەمەندەفەرێکەوە دۆزراوەتەوە، دەرهێنەرێکی لاو، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت شوێنێکی دیاریکراومان هەبێت، تەواو هاوتای وەسفی ناو کتێبەکە بێت. ئەو بە منی گوت کە گوایە من هەڵەم، منیش گوتم: کێشەکە ئەوەیە کە تۆ ڕۆمانەکەت خوێندۆتەوە و دەزانی تەرمێک هەیە لە لای ڕێگای شەمەندەفەرەکەوە دۆزراوەتەوە. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە نەیانخوێندۆتەوە، شوێنەکە هیچ تایبەتمەندییەکی ئەوتۆی نییە. ئەو دەرهێنەرە لاوە بە هێزی ئەفسوناوی ئەدەب سەرسام بوو، بەڵام بەبێ ئەوەی درک بەوە بکات کە وێنەی سینەمایی دەبێت بە ڕێگایەکی جیاواز دەرببڕدرێت.

لێرەوە دەتوانین ددان بەو ڕاستییەدا بنێن کە هەم بە هۆی شارەزایی و ئەزموونی کارکردنی “مارکیز”ەوە، لە بواری ڕۆژنامەوانیدا، هەم بە هۆی نزیکی و هاوڕێیەتی دێرینی “پلینیۆ ئەپۆلیۆ” کە جگە لە هاوڕێیەتییە لە مێژینەکەی، بە وردی ئاگاداری ئەزموونی نووسین و کتێب و ژیانی “گابۆ”یە، وتووێژەکە دوور لە کارە ڕۆژنامەوانییە باو و تەقلیدییەکان ئەنجام دراوە.

ئامادەکاری ئەم وتووێژە، بەو شێوازە تایبەتە سەرنجڕاکێش و شارەزاییە زۆرەی خۆی لە لە ڕەهەندی ژیان بەرهەمە ئەدەبییەکانی مارکیز، کە زیاتر لە دیمەنی سینەمایی، یاخود پەڕەگرافی ڕۆمان دەچێت، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا، بە سواری شەمەندەفەر، بە شارەکاندا دەگێڕێت و ئەو دیمەنانەی کە لە ڕێگەی گەیشتن بە مارکیز دێنە بەر دیدەی، بۆ نموونە ئەو ژنانەی بە سەبەتەکانی دەستیانەوە سەرقاڵی مۆزڕنینەوەن، بە شێوازێکی جوان و زمانێکی سیحری وەسفئامێز، بۆ خوێنەر وێنا دەکات، ئیدی لەوێوە ڕۆ دەچێتە نێو ژیانی بنەماڵەیی و ئەو ئەتمۆسفێر و ژینگە خێزانی و کۆمەڵایەتییەی کە گابۆی گچکەی تێدا لەدایک دەبێت، پێ دەگرێت و لە زاری داپیرە جادوگەرەکەیەوە، گوێبیستی چیرۆکە زەیاڵییەکان و دەنگی پێی تارماییەکان دەبێت، گەورە دەبێت و دەخوێنێتەوە، گەشە دەکات و دەنووسێت، پیتر مەشقی نووسین دەکات و قووڵ بیر دەکاتەوە و کنە و منەی دونیا و چیرۆکە بیستراوە ترسناکەکانی داپیرەی دەکات، ئەزموون لە دوای ئەزموون تاقی دەکاتەوە، تا ئیدی دواجار وەک تۆپێکی ئەدەبی، شێوازی(ڕیالیزمی سیحری) بە ڕووی جیهاندا دەتەقێتەوە و ناوبانگ و داهێنان و ئەفسوونی نووسین و سەرکێشییەکان، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ ڕەوا دەبینێت.

سەبارەت بەو پرسیارە وردەی کە ئاڕاستەی مارکیز دەکرێت لەم کتێبەدا، گوایە گەلێک ڕەخنەگر، لە کتێبی “سەد ساڵ تەنیایی”دا، ئەو چیرۆک و حیکایەتانە دەبینن کە پەیوەندییەکی ڕەمزییان بە مێژووی ڕەگەزی مرۆڤایەتییەوە هەیە. گابۆ ئەمە ڕەت دەکاتەوە و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوەی ویستووە، وێنەیەکی ئەدەبیی سەردەمی منداڵی خۆی پیشان بدات: وەک خۆت دەزانیت لە ماڵێکی زۆر گەورە و خەمۆکدا، لەگەڵ خوشکێکدا کە گڵی دەخوارد و نەنکێکیش ڕمڵی ئایندەی لێ دەدا، ژمارەیەکی زۆر لەو خزمانەیش هەمان نازناویان هەبوو، جیاوازیی زۆریان لە نیوان بەختەوەری و شێتیدا نەدەکرد.

گابرێل گارسیا مارکیز، لەم کتێبەدا، بە هۆی پرسیار و وتووێژە ورد و کۆنجکوڵییەکانی ئامادەکارەکەوە، بێ پەردە دەست بۆ گەلێک پنت و پانتایی ناخی خۆی دەبات و ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو ڕووبەرە تاریکییانەی نێو ڕۆحی، کە پڕن لە گەوهەری زانیاری و ڕەنگە لە چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا دەستی بۆ نەبردن و بەرهەڵدای نەکردبن، بۆ نموونە هەر لەم کتێبەدا، سەبارەت بە ئاشنا بوونی بە کتیب و ئەدەب، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی شیعرەوە، پەیوەندیی لەگەڵ ئەدەبدا پەیدا کردووە، شیعری خراپ، شیعری شەعبی، تەنانەت شیعری سەر دیوار: چەند ڕقم لە ڕێزمان بوو، لەو دەقە ئیسپانیانیانەی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دواناوەندی دەمخوێند، ئەوەندە حەزم لە شیعر دەکرد، من شەیدای ڕۆمانتیکە ئیسپانییەکان بووم.

بە گشتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر و نووسەرانیش گرنگە، چونکە ئاشنامان دەکات بە دونیای ناوەوەی نووسەرێک، کە دەمێک ساڵە سەراسیمە لەگەڵ ڕۆمان و بەرهەمەکانیدا دەژین.

مارکیز خاوه‌نی ڕۆمانی (سه‌د ساڵ له‌ ته‌نهایی) بوو، که‌ به‌ یه‌کێک له‌ شاکاره‌کانی جیهان داده‌نرێت و هه‌ر ئه‌و ڕۆمانه‌ش ڕیگه‌خۆشکه‌ر بوو تا بگات بەو ئاسته‌ی به‌ گه‌وره‌ نووسه‌ری سه‌ده‌ی 20 دابنرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانی مارکیز، باسکردن بوون له‌ ژیان له‌ ئه‌مریکای لاتیندا، به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌وره‌ نووسه‌ره‌ کۆڵۆمبییە جیهانییە، بۆ مرۆڤایه‌تی بوو لە دەرەوی توخووبەکانی ئایین، سنوور، ڕەگەز و وڵاتان.

مارکیز، به‌ نووسه‌رێکی گه‌وره‌ی “ڕیالیزمی سیحری” ناسراوه‌ و وه‌ک خۆی چه‌ندین جار ئاماژه‌ی پێ کردووه،‌ له‌ مێژووی دیکتاتۆره‌ شه‌ڕانگێزه‌کان و شۆڕشگێڕه‌ ڕۆمانسییه‌کانی ئه‌مریکای لاتینه‌وه،‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه.

شایانی باسە ڕۆمانی (سه‌د ساڵ‌ ته‌نیایی) بە یەکێک لە ناوازەترین ڕۆمانەکانی گابرێل گارسیا مارکیز، دادەنرێت، کە زیاتر له‌ 20 ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشراوه‌. پابلۆ نێرۆدا، گەورە شاعیری شیلی، ئەم ڕۆمانەی به‌ گه‌وره‌ترین داهێنان ناودێر کردووه‌ له‌ زمانی ئیسپانیدا. ئەڵبەت پاش ڕۆمانی “دۆن کیشۆت” هەروەها ڕۆماننووس (ویلیام کێنه‌دی) له‌سه‌ر نووسینه‌کانی مارکیز، گوتوویەتی: پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک بیخوێنێتەوە‌.

‌گابریێل گارسیا مارکیز لە ساڵی ١٩٤٦ دا، بە شێوەیەکی لێبڕاوانە دەست بە نووسین دەکات و یەکەم چیرۆکی بە ناوی (سێھەمین دەستلەکارکێشانەوە) لە ڕ ۆژنامەی (ئال بۆگاتا) بڵاودەکرێتەوە. پاش بڵاوبوونەوەی کورتە چیرۆکەکە، چەندین چیرۆکی تر دەنووسێت و لە ھەمان رۆژنامەدا بڵاوی دەکاتەوە . دواتر ساڵی ١٩٦٥ دەست بە نووسینی رۆمانی “سەد ساڵ لە تەنیایی” دەکات و لە ساڵی ١٩٦٨ دا، لە نووسینی ڕۆمانەکە تەواو دەبێ. ئەو هەوڵەی مارکیز ڕۆمانێک بوو کە بووە شاکاری ئەدەب و تا ئێستاش بە گرنگترین ڕۆمانی جیھانی ناودێر دەکرێ .

ساڵی ١٩٨٢ لێژنەی ھەڵبژاردنی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات، لە وڵاتی سوید، بە تێکڕای دەنگ، ڕۆمانی (سەد ساڵ  تەنیایی) بە باشترین بەرھەم ھەڵدەبژێرن و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب، بە “گابۆ” دەبەخشن ڕۆمانی “سەد ساڵ تەنیایی” بە خێرایی ھەموو سنوورەکانی جیھانی بڕی و وەرگێڕدرایە سەر زۆربەی زمانەکانی جیھان .

شایانی باسە، مارکیز پێشەنگی فۆرمی ئەدەبی “ڕیالیزمی جادوویی” بوو، ئەگەرچی سەرجەمی بەرھەمەکانی سەر بەو قووتابخانەیە نین، بەڵام ڕەخنەگران گرنگی بەو لایەنەی نووسینەکانی مارکیز دەدەن.

 

پەنجەرەیەک لەسەر چیرۆکی جیهانی

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

خوێندنەوەی دەقی چیرۆک یەکەم بنەمایە بۆ هەر چیرۆکنووسێک کە بیەوێ لە پانتایی ئەو ژانرە ناوازەدا بنووسێت. خوێندنەوەی چیرۆکی چیرۆکنووسە جیهانییەکان لە کۆمەڵێک لایەنەوە بۆ چیرۆکنووس گرنگن، لەوانە: یەک هاندانی چیرۆکنووس بۆ نووسین، دوو بۆ ئەوەی چیرۆک وەک لقێک لە ئەدەب لا خۆشەویست بێت و بزانێت چوارچێوە و شێوازی چیرۆک چۆنە، چوار بۆ ئەوەی لە زمان و چنینین بگات، هاوکات لە کەسێتی و ڕووداو و شوێن و تەواوی ماکەکانی ئەم ژانرە. بەڵام پرسیارێک لێرەدا لەپێشمان سەوز دەبێت: ئایا هەموو چیرۆکێک دەتوانێت ئەو یارمەتییەمان بدات کە لە ڕێیەوە بکەوینە سەر هەوای چیرۆکنووسین؟ بێگومان نەخێر، چونکە هەموو چیرۆکێک باش نییە و ئێمەیش مەبەستمان لە چیرۆکی باش و جیددییە، چیرۆکێک کە توخمەکانی چیرۆکی بە شێوەیەکی هونەریی بەرز تێدا بەگەڕ خرابێت، پاشان خوێندنەوە بە گشتی و خوێندنەوەی چیرۆک بە تایبەت، پەیوەستە بە چێژ و سەلیقەوە، ئەمە خاڵێکەوە کە مەعریفە و پەروەردەی تاک وەک خوێنەر دەردەخات، تەنانەت هەندێ جار ئەو چیرۆکە جیهانیانەی کە هەموان کۆکن لەسەری، بەوەی کە کارێکی توحفە و ناوازەن، ڕەنگە ئێمە چێژی لێ وەرنەگرین و نەتوانین بیانخوێنینەوە، بەڵام بۆ نووسەرێکی تازەکار، چیرۆکنووسێک کە بیەوێ باشتر لە ژانری چیرۆک بگات، دەبێت بابەتی چێژ تێپەڕێنێت و بە فشارکردن و مەبەستی فێربوون و تەجرووبەکردنی شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوە، ئەو چیرۆکانەش بخوێنێتەوە کە لەگەڵ سەلیقەیدا نایەنەوە.

ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردیدا کۆمەڵێکی زۆر کتێبی چیرۆک، لە نووسەرانی ناودار و جیهانی وەرگێڕاون و چاپ کراون، ئەمە مایەی خۆشبەختی و خەنیبوونی چیرۆکنووسانە، دەرفەتێکی لەبارە بۆ خوێنەرانی عەوداڵ و تامەزرۆی چیرۆک، ئەوانەی لە بایەخ و گرنگی ئەم ژانرە دەگەن و دەزانن خوێندنەوەی ئەم ژانرە دەیان پەنجەرە و دەرگایان بەسەردا واڵا دەکات، ئەگەرچی هێشتا لە پاشخانی ئەدەبیاتی جیهانیدا زۆر نووسەر و چیرۆکی گرنگ ماون چاوەڕێی دەست و خامەی وەرگێڕانی کوردن تا بیانخەنە سەر زمانی کوردی و خوینەران لە جوانی و جیددیبوونەکەیان بێبەش نەبن، لەپاڵ ئەوەشدا هەنووکە بایی ئەوەندە چیرۆکی وەرگێڕدراو لەبەر دەستن کە بتوانین لە دەوڵەمەندی و ڕەنگامەیی ئەم ژانرە بگەین.

کتێبی “پەنجەرەیەک لەسەر چیرۆکی جیهانی” هەوڵی کۆمەڵێک وەرگێڕی کورد لە هەڵبژاردنی چیرۆکی گەلان، خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە گەشتێک بەناو ئەو نووسەرانەدا دەکات کە هەریەکەو لە قۆناغ و شوێن و کاتێکی جیاوازدا، لە وڵاتی خۆیاندا، داهێنانیان لە بواری چیرۆکنووسیندا کردووە و ئەمڕۆ ئێمە وەک سەرچاوەیەک بۆ چیرۆکەکانیان دەگەڕێینەوە. کتێبەکە پێکهاتووە لە “٣٢” چیرۆکی وەرگێڕدراو، دەکرێت ناوی هەندێ لەو نووسەرانە بهێنیرێت، وەک: “خۆرخێ لویس بۆرخس، گابرێل گارسیا مارکیز، فزانز کافکا، ئەلێکساندەر پوشکین، ئەنتۆن چیخۆف، ئێدگار ئالان پۆ، ئەلبێرتۆ مۆراڤیا، ستیگ داگەرمان، ئۆسکار وایڵد، ناتسومی سۆسێکی، گی دی مۆپاسان، پۆل سیرۆ، بێرتن شولمان، جیرۆم ویدمەن، ئێرسکن کالدوێل، ئیتالۆ کالڤینۆ، جەنگیز ئەیتماتۆڤ، کورت ڤۆنێگات و…” ناوی هەندێک لە وەرگێڕەکان: “ڕەووف بێگەرد، ئازاد بەرزنجی، شێرزاد حەسەن، عەبدوڵڵا قادر دانساز، سابیر شاکر مەلوول، سەدرەدین عارف، عەبدولکەریم شێخانی، ئومێد فایەق قەرەداغی، پشتیوان مبارەک کەریم، دڵسۆز حەمە، عەبدولخالق یەعقووبی، کەریم عومەر، دڵنیا عەبدوڵڵا، عیسا چیایی، تۆفیق عەبدول و…” کتێبەکە لە “٣٥٥” لاپەڕە پێکهاتووە، لە “زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم” بە ژمارە “٤٩” لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لەم نووسینەدا بە نیازی خوێندنەوەیەکی کورت لەنگەر لەسەر یەکێک لە چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە دەگرین و دەیخەینە بەر سەرنج و ڕووناکی.

***

چیرۆکی “باوکم لە تاریکاییدا دادەنیشێ”، نووسینی: جیرۆم ویدمەن، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یوعقووبی، لە لاپەڕەکانی (٢١٧ – ٢٢٥)ی کتێبی ناوبراودا بڵاو کراوەتەوە.

گەڵاڵەی گشتی ئەم چیرۆکە دەتوانین هەروەک خۆی و بەم شێوە سادەیە دایبڕێژینەوە: باوکێک شەوان لە مەتبەخ بێئەوەی هیچ ڕووناکییەک کار بکات، دادەنیشێ و جگەرە دەکێشێ و لە تاریکیدا دەڕوانێت. ئەم پیاوە باوکێکە، خاوەنی خێزانێک، دوو برا و خوشکێک و دایکێک، گێڕەرەوەی ئەم چیرۆکە یەکێکە لە براکان، یانی یەکێک لە کوڕەکانی پیاوەکە، هەموو شەوێک دێتەوە و بەو حوکمەی کە ئاو زۆر دەخواتەوە، دێتە مەتبەخ و لێوانێک ئاو دەخواتەوە، باوکی هەمیشە لەوێیە و دانیشتووە، ئەم دیمەنە یەک شەو و دووان نییە، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، نەک لای دەبێت بە پرسیار، بەڵکو دەبێە گومانێکی جاڕزکەر و ئازاردەریش، بەڵام چەند تاووتوێی دەکات، ناگات بە دەرئەنجامێکی ڕوون و بڕواپێهێن. بیر لە داهاتی خانەوادەکەیان دەکاتەوە، دەیەوێ لەوێوە بگات بەو هۆکارەی کە لەبەر ئەوەیە باوکی شەوان دێتە ئەم تاریکییە و بیر دەکاتەوە و مەراق دەخوات و ناخەوێ، لەگەڵ ئەوەدا کە “نەدارن” و “دەستکورت”، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە باوکی هێندە بۆی دابچێ، چونکە ئەوەندەش هەژار نین کە بشێ ئینسان وەها بۆی دابڕووخێ، بیر لە نەخۆشی دەکاتەوە، دیسان بە خۆی دەڵێت نا، باوکی هیچ نەخۆشییەکی نییە، ئەگەر هەیبێت زوو دەنگ دەکات، دەڵێت ڕەنگە باوکی بیری کەوسوکاری بکات، بیری براکانی کە لە وڵاتانی دوورن، دایک و دوو زڕدایک و باوکی کە مردوون، لەم ڕووەشەوە چیرۆکەکە شتێکی ئەوتۆ بە دەستەوە نادات. هەندێ ئاماژەی کاڵ هەن، بۆ نموونە جەنگ، کە دەکرێ مەبەست لێی دوو جەنگە گەورەکە بێت، بە تایبەت جەنگی دووەمی جیهانی، ئێمە دەزانین نووسەری ئەم چیرۆکە (جیرۆم ویدمەن) نووسەرێکی جووە، ئەوەش دەزانین کە لەو جەنگەدا چ کارەساتێک بەسەر جووەکاندا هات لە لایەن نازییەکانەوە، چیرۆکەکە لەم پەراوێزە زۆر کاڵەدا کار دەکات، ناچێتە ناو پانتایی ئەو ڕووداوە تۆقێنەرانە و هیچ خوێنێک و کوورەیەکی سووتاندیش لەم چیرۆکەدا بوویان نییە، چیرۆکەکە زۆر لەوە هێمنتر و ئارامترە توخنی ئەو باسە زبر و گورچکبڕانە بکەوێت، بەڵام هەر ئەم نوختەیەش نوختەی سەرکەوتنی ئەم چیرۆکەیە و دەتوانێت زۆر باشتر لەو دەقانەی بە زەقوزۆپی بۆ ئەو کارەساتە نووسراون، خوێنەر پەلکێش بکات و بیباتە ناو ئەو ڕووبەرەوە.

ئەم چیرۆکە “هیچ” ناڵێت. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین چیرۆکێکە سەبارەت بە “هیچنەگوتن”. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی باوکی ناو چیرۆکەکە، کە زار بۆ هیچ وەڵامێک هەڵناهێنێت و بەردەوام بە کوڕەکەی دەڵێت: “هیچ نییە، هیچ کێشەیەکم نییە. بیر لە هیچ ناکەمەوە.” گەیشتن بەم فۆرمە لە نووسین، ئەگەر قورسترین نەبێت، بێگومان زەحمەتترینە. ئەوەی کە تۆ بتەوێ شایەتی لەسەر کارەساتێکی گەورە بدەی بێئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بەرجەستە بکەیت. ئەم چیرۆکە ڕێک ئەوە دەکات. ئەم شێوازە لە چیرۆکنووسین دەکرێ وانەیەک بێت بۆ نووسەرانی کورد لە هەمبەر ئەو کارەساتانەی بەسەرمانا هاتوون، چۆن لە پەراوێز و هێڵە لاوەکییەکانەوە بچنە ناو پانتاییە گشتییەکان، بێ ئەوەی هانا بۆ زمان و دەربڕینی ڕاستەوخۆ و هاتوهاوار ببەن.

دەمێنێتەوە سەر “تاریکی” ناو چیرۆکەکە. ئەمە سەرنجڕاکێشترین بەشە لەو چیرۆکە کورتەدا، پیاوەکە (یان باوک) بەردەوام لە تاریکیدا دادەنیشێت، وەک لە ناونیشانی چیرۆکەکەشدا هاتووە، کوڕەکە لە جێیەکدا چرایەک هەڵدەکات، پیاوەکە بە خێرایی دەڵێت بیکوژێنێتەوە، دەڵێت: تاریکم پێ خۆشە و “ناتوانم خوو بە چرا بگرم. ئەو دەمانەی من لە ئەورووپا منداڵ بووم، چرا و گڵۆپ و شتی وامان نەبوو.” ئەمە ئاماژەیە بۆ سەردەمانێکی دوور، ئەم تاریکییە یادی ئەو کاتەیە، بۆیە تاریکایی بەر لە هەر شت بۆ پیاوەکە، یادەوەرییە. ئەم تاریکییە بێ هۆ و لەخۆڕا نییە، دەتوانین بڵێین کۆی فەزای چیرۆکەکەیە، چیرۆکێکی تاریک، کە ئاماژە و هێمایە بۆ سەردەمێکی تاریک و نووتەک، بۆ کۆمەرگ و ڕاوەدوونان و ئاوارەیی، ئەم تاریکییە هاوکاتە بە بێدەنگی و کپبوون، کە دەتوانین ئەمانەش وەها بخوێنینەوە کە ئاماژەن بۆ ئەو بێدەنگی و کپییەی پاش هەر کارەساتێک مێشک و گوێ و بەدەنی ئینسان داگیر دەکەن و شێوە کاسبوونێک، کاس دەبێت. چیرۆکەکە بەو هێوری و هێدییەی لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی هەیەتی، ترسێک و تۆقینێکی لەخۆدا هەڵگرتووە، خوێنەر ئەگەر ورد درکی بکات، بەر لە چێژ و جوانی، ڕەنگە دڵتەنگ و خەمگین ببێت.

 

چیرۆک چییە؟

ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

یەکێک لەو پرسە سەرەکیانەی کە بۆ نووسینی چیرۆک بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، ڕەنگە ئەمە بێت: “چۆن چیرۆكێکی سەرکەوتوو بنووسین؟” ئەمڕۆ بە زۆر جۆر و شێوە دەتوانین وەڵام بەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵام بەر لە هەر شتێک، دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی خودی دەقی چیرۆک یەک لە هۆکارە زۆر بنەڕەتییەکانە کە وامان لێ دەکات سەرەتا بزانین چیرۆک چۆنە و پێکهاتەکەی چییە و چۆن لە زەیندا دەچنرێت و دواتریش دەنووسرێت. دیارە لە گوزەری خوێندنەوەی دەقی چیرۆکییەوە دەکرێ ئاماژە بۆ کۆڵەکە بنچینەییەکانی چیرۆک بکەین لە لایەن نووسەرانی پێشەنگ و بناغەڕۆنەرانی ئەم ژانرەوە، لەوانەش گی. دی. مۆپاسان، ئێدگار ئالێن پۆ، ئەنتۆن چیخۆف، ئۆ هێنری و… داڕێژراون، ئەم چیرۆکنووسانە بە نووسینی دەقی چیرۆکەکانیان توانییان چیرۆک وەک ژانر بچەسپێنن و چوارچێوە و ڕێسای تایبەت بە خۆیان پێ دا. پێشتر ئەوەی هەبوو حەکایەت و نەقڵ و بەسەرهاتی زارەکی بوو، ئەمان هاتن و ئەو سنوورەیان لە نێوان چیرۆک و ئەو کایانەی تردا کێشا، سەلماندیان کە چیرۆک قورستر لە هەریەک لەوانەیە و هونەرێکی تایبەتە و کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئێستا، پاش تێپەڕبوونی زەمەنێکی دوورودرێژ لەو دەستپێکە، هێشتا دەقی چیرۆکی ئەو نووسەرانە دەتوانێت یارمەتیدەر بن بۆ چیرۆکنووسانی ئەمڕۆ، بۆیە ئەوان سەرەتای پێشەنگایەتی چیرۆکن و هەرواش دەمێننەوە.

پاش خوێندنەوەی دەقی چیرۆکی، دووەمین هۆکار بۆ ئەوەی چیرۆک بناسین و دواتریش بتوانین دەربارەی بدوێین و شیکاری بکەین و بینووسین، خوێندنەوەیە دەربارەی چیرۆک، ئەوەش دەکرێت لە مێژووی چیرۆکەوە دەست پێ بکات، تا دەگات بەو قۆناغ و قوتابخانە تێوری و ئەدەبیانەی ئەم ژانرە پیایاندا گوزەری کردووە و تاکو گەیشتووەتە ئەمڕۆ. هاوکات وەستان لەسەر ئەو میتۆد و ڕەخنە هاوچەرخانەی بۆ خوێندنەوەی دەقی چیرۆک لە ڕابردوو و ئێستادا بەکار هێنراون و یارمەتیدەر بوون بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ژانرە. چیرۆک وەک هەر ژانرێکی دی، خاوەنی کۆمەڵێک ڕێسایە، ئەگەرچی لە ڕێڕەوی تەمەنی ئەم ژانرەدا ئەم ڕێسایانە پێیان زیاد کراوە و لێیان لابراوە، بەڵام هەندێک خاڵی بنەڕەتی هەن کە تا ئێستاش لە نووسینی چیرۆکدا چاویان لێ دەکرێ و بەهەند دەگیرێن. بە ڕەچاوکردنی ئەم تێبینییە کە لە ئێستادا ئەم ماک و توخمە بنەڕەتیانە ئەگەرچی هەمان ئەوانەی پێشوون، بەڵام لە ڕووی نیگا و ڕوانینەوە ئاڵوگۆڕی بەرچاویان تێدا کراوە. بۆ نموونە “کەسێتی” لە چیرۆکدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی چیرۆکنووسی، دەبینین بە جۆرێک لەم پێکهاتەیە ڕوانراوە و داڕێژراوە کە بۆ ئێستا زۆر جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لەو ڕاستییە کەم نابێتەوە چ لە چیرۆکی کلاسیک و چ لە چیرۆکی مۆدێرندا “کەسێتی” تۆخمێکی سەرەکییە لە چیرۆکدا و ناتوانرێت بازی بەسەردا بدرێت.

ئەگەر بەم سەرەتایەوە تەماشای ئەم کتێبە “چیرۆک چییە؟” بکەین، دەبینین کتێبێکە هێجگار بە نرخ و ناوازە، کتێبەکە گەشتێکە بە کۆمەڵێک ڕوانین و ئایدیای تازەدا سەبارەت بە هونەری چیرۆکنووسین لە دنیای ئەمڕۆماندا. نووسەرانی ئەم کتێبە جیاوازن و وەرگێڕی کتێبەکەش، محەمەد کەریم، وێڕای وەرگێڕانێکی ڕوون و ڕەوان، لە هەڵبژاردنی بابەتەکان و دانانیان بە تەنیشت یەکەوە، سەرکەتوو بووە و خوێنەر لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا، هەم چێژێکی زۆر دەبینێ و هەم فێریش دەبێت. کتێبەکە لە “زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم”ە و لە “١٤٠” لاپەڕە و پێشەکییەکی کورت و سیانزدە بابەتی پەیوەست بە چیرۆکەوە پێکهاتووە، هەریەک لە بابەتەکانیش ئەمانەن: “چۆن ئالوودەی چیرۆک بووین؟، کورتەمێژوویەکی کورتەچیرۆک، ڕەگەزەکانی کورتەچیرۆک، چۆن سەرەتای کورتەچیرۆک دەست پێ بکەین؟، نەنووسراوەکان و تەواونەکراوەکانی دەق، گۆشەنگیای گێڕانەوە لە چیرۆک و ڕۆماندا، ئۆرجیناڵێتی و داهێنان لە ئەدەبدا، گێڕانەوە بە شێوازی ڕابردوو لە چیرۆک و ڕۆماندا، زەمەنی ڕابردوو، زەمەنی ئێستا لە چیرۆکدا، فلاش فیکشن چییە؟، فلاش فیکشن یان کورتیلەچیرۆک چییە؟، ئەدەبی دیجیتاڵی چییە؟ و سەرچاوەکانی ئەدەبی ترسناک”. لە چەشنی ئەم جۆرە کتێبانە بۆ دنیای ئێمە زۆر گرنگن، دنیایەک کە چیرۆک تێیدا لە پاشەکشێیەکی خێرادایە و نووسەرانێک کە ڕۆژانێک چیرۆکیان نووسیوە، ئێستا تاویان داوەتە وەرگێڕان و نووسینی ڕۆمان و هەندێک بابەتی تر، نەوەی تازەش زیاتر بە شیعرەوە سەرقاڵن و هەردوو بارەکەش بە زیانی چیرۆک کەوتووەتەوە. ئەم جۆرە کتێبانە دەتوانن ئیعتبارێک بۆ ئەم ژانرە بگێڕنەوە و تێگەیشتنێکی بەرینتریش لە دنیای تاکڕەهەند و بچووکی ئێمەدا لەمەڕ چیرۆک، بسازێنن.

ژێرناوی ئەم کتێبە “ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت”ە، بەڵام خوێندنەوەی وردی کتێبەکە دەتوانێت لەوە واوەتر بڕوات و بڵێت: “ئەوەی پێویستە هەموو خوێنەرێکی چیرۆک بیزانێت”. چون لەم کتێبەدا کۆمەڵێک چەمک و لایەنی پەنهان و سەرەنگرێ سەبارەت بە هونەری چیرۆک خراوەتە ڕوو، کە خوێنەران لە ڕێیەوە دەتوانن باشتر لە خوێندنەوەی چیرۆک کەڵک وەربگرن و چێژ ببینن. لە سەرەتادا، باس لەو گرفتە زۆر بنەڕەتییە کراوە کە ئەمڕۆ برەوی هەیە و لای ئێمەش، لەناو ناوەندی ڕۆشنبیری کوریدا زیاتر زەقە، ئەویش هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە بە قسەی هەلەقومەلەق لەبری تێور و میتۆدی زانستی، ئاشکرایە کە لەمە چ تەپوتۆز و پاشاگەردانی و پشێوییەک لەم هەنگامەیە کەوتووەتەوە، هەر کەس هەڵدەستێت لە جێی خۆیەوە و بە ناوی ڕەخنەوە، شەلم کوێرم دەکات، سانا ئەم دەق هەڵدەنێ و ئەو دەق دەسڕێتەوە، بێ ئەوەی پێمان بڵێت بۆ، بێ ئەوەی پاساوی قەناعەتپێکەری پێ بێت، هەر لێرەدا نائامادەیی ڕەخنە لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە دەردەکەوێت. دیارە ئەو مەسەلەیە، “نەبوونی ڕەخنە” ساڵانێکی زۆرە دەگوترێتەوە و بووەتە بە کڵێشە و تەواو بێتام بووە، لەبری ئەوە ئیتر پێویستە بێدەنگ بین و لەو پێناوەدا کار بکەین. کتێبی “چیرۆک چییە؟” وەڵامە بەو مەسەلە سواوە، هەر لە پێشەکییەکەیدا دەیەوێت بڵێت هەر قسەکردنێک لەسەر ئەدەبیات بێ بوونی پاشخانێکی فەرهەنگی و مەعریفی، قسەکردنێکی گۆترەکارانە و نازانستییە.

بەشێکی تر لە کتێبەکە پرسێکی زۆر گرنگە: “چۆن ئالوودەی چیرۆک بووین؟ بۆچی مرۆڤ پێویستی بە چیرۆکە؟” وەڵامدانەوە بەم دوو پرسە جەوهەرییە دەتوانێت چییەتیی و گرنگی ژانری چیرۆک بەیان بکات، لە درێژەی باسەکەدا و بە گەڕانەوە بۆ کۆنترین داستانی ناوچەکە، یان بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستان لەسەر دەقی “گلگامێش” کە نموونەی “ئەمەکدارییە لە هاوڕێیەتیدا” تا ناوبردەکردنی دەقە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ دەپشکنێت، باس لە گرنگیی گێڕانەوە دەکات کە چۆن دەتوانێت یارمەتیدەری ئینسان بێت لە خۆناسی و دەوروبەرناسیدا، ئەگەر ڕۆژانێک و ساڵانێکی دوور ئەندامانی خێزان بە دیار ئاگردانەوە دادەنیشتین و گوێیان بۆ حەکایەتەکانی باپیرە و داپیرە و باوکان و گەورەکان دەگرت، ئەمڕۆ چیدی وەها کارێک باوی نەماوە و خوێنەری چیرۆک، لە قوژبنێکدا و بەتەنیا، دادەنیشێ و سەرقاڵی خوێندنەوەی چیرۆکەکەی بەردەستی دەبێت، چیرۆکێک کە چەندی پێ بڵێت، ئەوەندە و پتریش دەخاتە ئەستۆی.

کورتەمێژووی کورتەچیرۆک لە نووسینی “ولیام بۆید” لەو بەشە بەپێزەی ئەم کتێبەیە کە خوێنەر بە شێوەیەکی خێرا و پوخت گەشتێک بە مێژووی ئەم ژانرە لە سەدەی نۆزدەوە بۆ ئەمڕۆ دەکات. لە کۆتایی ئەم گەشتەدا دەگات بە دەرئەنجامێکی سەرنجڕاکێش و دەنووسێت: “زەوق و سەلیقەی خوێنەرانی چیرۆک ئەگەرچی زیاتر لە سەدە و نیوێک بەسەر سەقامگیربوونی ئەم فۆرمەدا تێپەڕ بووە و سەرەڕای گۆڕانکارییە پێشبینینەکراوەکانی ئابووریی پیشەسازی چاپ، هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە کەمی نەکردووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووی نەستی زیهنیی ئێمە سەبارەت بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە گێڕانەوەی کورت.”

بابەتێکی تری ئەم کتێبە “ڕەگەزەکانی کورتەچیرۆک”ە، لەم بەشەدا شانزدە ڕەگەز بە شێوەیەکی زۆر برووسکەیی و ناوازە خراونەتە ڕوو، کە ئەوانیش: “پڵۆت، بابەت، ناوەڕۆک، کارەکتەر و کارەکتەردروستکردن، گۆشەنیگای گێڕانەوە، گرێچن، شوێنکات، دیالۆگ، تۆن، فەزا- ئەتمۆسفیر، زمان، کات، شوێن، ڕووداو، شێواز- ستایل و تەکنیک” ئەم ڕەگەزانە مەرجی نووسینی هەر کورتەچیرۆکێکی سەرکەوتوون، هەرچەن دەبێت ئەم تێبینییە بڵێین، کە مەرج نییە لە چیرۆکێکدا پێکڕا و هەموو ئەم ڕەگەزانە هەبن، بە واتایەکی تر: دەکرێت لە چیرۆکێکدا تەنیا یەکێک لەم ڕەگەزانە تۆخ دەربکەوێت و ئەوانی تر کاڵ و لاوەکی بن. هەر بۆ نموونە: چیرۆکی “پیاوکوژان”ی ئێرنیست هەمنگوەی لەو چەشنە چیرۆکانەیە کە ڕەگەزی “دیالۆگ” تێیدا تۆخ و بەرچاوە.

ناکرێت سەرلەبەری هەموو بەشەکانی کتێبەکە بەسەر بکرێتەوە و باشترە خوێنەر بۆ خۆی بیانخوێنێتەوە، بەڵام وەک دواخاڵ باس لە یەکێک لەو سیستەمە ناوازانە دەکەین کە لەم کتێبەدا سەبارەت بە چیرۆک پێشکەش کراوە، ئەم سیستەمە بە “سیستەمی «ئێستا – لێرە – من»” وەسف کراوە. بە کورتی سیستەمەکە وەها ڕوون کراوەتەوە: هەر چیرۆکێک، ئەگەر لە ڕابردووی هێجگار دووریشدا نووسرابێت و کاتێک بێتە بەردەستی ئێمە لەمڕۆدا، دەچێتە خانەی ئەو سیستەمەوە، بۆ نموونە چیرۆکی “پشیلە ڕەشەکە”ی ئێدگار ئالێن پۆ، ئەگەرچی لە مێژوویەکی کۆندا نووسراوە، بەڵام کاتێک دەیخوێنینەوە، ڕووداوەکانی ڕاستەخۆ هەر دەڵێی “ئێستا” و “لێرە” و لە لایەن “من”ەوە دەگێڕدرێنەوە و ڕوو دەدەن. ئەمە دەکرێت بۆ هەموو چیرۆکەکانی دنیاش ڕاست بێت، هەر خودی ئەم نوختەیەشە کە وا دەکات چیرۆکی سەرکەوتوو و نەمر بتوانێت ساڵ و سەدە تاریکەکان ببڕێت و مرۆڤی ئەمڕۆیی، بە هەموو گرفت و گۆڕانکارییەکانی کە بەسەری هاتوون و دێن، بدوێنێت.

زمانی ئاخاوتنی زینده‌وه‌ران

نووسینی: د. بایه‌زید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا

ڕانانی: باوكی ڕه‌هه‌ند

ئه‌م كتێبه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كتێبه‌ باش و گرنگانه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا، له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشیی سه‌رده‌مه‌وه‌، چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. كتێبه‌كه‌ گه‌شتێكی دوور و درێژه‌ به‌ نێو جیهانی زینده‌وه‌راندا و هه‌وڵێكی زانستییه‌ بۆ خستنه‌ڕووی چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی گیانه‌وه‌ران له‌گه‌ڵ یه‌كتر. كارێكی ئه‌كادیمییه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گیانه‌وه‌ران و مێرووه‌كان چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌دوێن و چۆن چۆنی له‌یه‌كتر تێده‌گه‌ن. هه‌میشه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی باس له‌ نھێنییه‌كانی گه‌ردوون و زه‌وی و ژیانی ئاده‌میزاد و زینده‌وه‌ره‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ن، چێژ و خۆشی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و زیاد له‌ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌یه‌كت بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، تاكو لێیانه‌وه‌ جوانتر و زانستیانه‌تر له‌ دونیا بڕوانیت و باشتر له‌ نهێنی و خاڵه‌ په‌نهان و شاراوه‌كانی ژیانی سه‌ر گۆی زه‌وی تێبگه‌یت؛ كه‌ تا هه‌نووكه‌ تاقه‌ ژیانی نێو گه‌ردوونه‌.

ئه‌م كتێبه‌ ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ت بۆ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌روازه‌یه‌كت بۆ واڵاده‌كات، تاكو لێیه‌وه‌ بڕۆیته‌ ژووره‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ جیهانی ئه‌فسوناوی گیانه‌وه‌ران ببیت و له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و هه‌مو ڕێكخستن و یه‌كتر دواندنه‌ ببینیت كه‌ له‌ نێوان گیانه‌وه‌راندا-بێ وشه‌- ڕووده‌دات. ده‌رگایه‌كت به‌ ڕووی جیهانێكدا بۆ ده‌كاته‌وه‌، لێوان لێوه‌ له‌ ڕه‌فتاری سه‌یر و له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی غه‌ریب، جیهانێك له‌ ماڵه‌كه‌دایه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌یبینیت، به‌ڵام هه‌رگیز به‌ خه‌یاڵتدا نه‌هاتووه‌ به‌ وردی و به‌ تێڕامانێكی قووڵه‌وه‌ له‌م جیهانه‌ خه‌یاڵئامێزه‌ بڕوانیت: جیهانی مێرووله‌كان. دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ماڵه‌كه‌تدا، ڕیچكه‌یه‌كی مێرووله‌ت بینی، ئه‌وا به‌ ئاسانی ڕووی لێ وه‌رناگێڕیت و پشتی تێناكه‌یت. بگره‌ ده‌كه‌ویته‌ دوای ڕیچكه‌كه‌ و تا به‌رده‌رگای شاره‌كه‌یان چاودێرییان ده‌كه‌یت، به‌ په‌نجه‌ یان به‌ كه‌وچكێك، رێڕه‌وی رۆشتنه‌كه‌یان تێكده‌ده‌یت و پاشان به‌ وردی ته‌ماشا ده‌كه‌یت كه‌ چۆن جارێكی دیكه‌ ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ دروست ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر هاتوچۆی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ دونیای گیانه‌وه‌ران و مێرووه‌كاندا، شتگه‌لێكی زۆر ڕووده‌ده‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ له‌ نێوان تاكه‌كاندا هه‌یه‌، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئێمه‌ی مرۆڤ، زمانی قسه‌كردنیان هه‌بێت كه‌ له‌ پیت و وشه‌ و ڕسته‌ و په‌ره‌گراف و وتن و گۆكردن پێكهاتبێت. له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه‌، هێدی هیدی ئاشناده‌بیت به‌و هه‌مو ئاماژه‌ كیمیاییه‌ زۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگانه‌ی كه‌ گیانه‌وه‌ران، بۆ له‌یه‌كتر تێگه‌شتن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مه‌ترسی و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یه‌كتر و خۆشه‌ویستی و هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و جووتبوون و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌، به‌كاریده‌هێنن. ئاشناده‌بیت به‌وه‌ی مێرووله‌كان چی له‌ مردووه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن و له‌ كوێدا ده‌یاننێژن.

كتێبه‌كه‌ ده‌ستت ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌تبات، بۆ كوێ؟ بۆ ناو شاره‌ مێرووله‌كان و پوره‌ی هه‌نگه‌كان، تا بزانیت له‌و دوو مه‌مله‌كه‌ته‌ عه‌جائیبه‌ چی ڕووده‌دات و چی ده‌گوزه‌رێت! ده‌تبات بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌یت له‌سه‌رزه‌مینی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ ورد و بچوكانه‌، له‌ ژیانی نێو هێلانه‌كانیان، چ ڕێكخستنێكی گه‌وره‌ هه‌یه ‌و چه‌ند به‌ جوانی كاره‌كان دابه‌شكراون! كاتێ خۆت ده‌كه‌یت به‌ناو شاره‌ مێرووله‌یه‌كدا، له‌و تارییكییه‌ی ژێر زه‌وی، له‌و شوێنه‌ ئه‌نگوسته‌چاوه‌دا، له‌و زوڵمه‌ته‌ی ناو توێكڵی زه‌وی، ژیانێكی ڕووناك و پر جووڵه‌ و پڕ هاریكاری ده‌بینیت، ده‌یان و سه‌دان مێرووله‌ ده‌بینیت، له‌ بێده‌نگییه‌كی ڕه‌ها و له‌ كپبوونێكی هه‌میشه‌یدا، سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی كاروباری ژیانی نێو شاره‌كه‌یانن و هه‌ر یه‌كه‌یان خه‌ریكی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیه‌تی، بێ ئه‌وه‌ی فڕوفێڵ و كه‌مته‌رخه‌می تیابكات. له‌و په‌ڵه‌ ڕه‌شه‌دا، چه‌ندین ڕاڕه‌و و ژوری بچوك بچوك ده‌بینیت كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ مه‌به‌ست و ئامانجێكی دیاریكراو دروستكراون. ڕاسته‌ تاریكی ئه‌وێ، بۆ ئێمه‌ی مرۆڤ، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ تاریكی نێو گۆڕ ده‌چێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وان، بۆ خودی مێرووله‌كان، چراخانێكه‌ و تێیدا به‌ ئاسانی و بێ هیچ گرفتێك، ڕێده‌كه‌ن و دێن و ده‌چن و كه‌سیان ڕێگای خۆی هه‌ڵه‌ ناكات و چۆنی بووێت، یان ڕاستتر چۆنی بۆ دیاریكراوه‌، ئاوا هه‌نگاو ده‌نێت و ئیشوكاری خۆی به‌و په‌ڕی لێزانی و كارامه‌ییه‌وه‌ ئه‌نجامده‌دات. هه‌مو ئه‌وه‌ش وه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌دا دیاره‌، له‌ ڕێگه‌ی ئاماژه‌ كیمیاییه‌كانه‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن كه‌ بریتین له‌ كۆمه‌ڵێ ئاوێته‌ی كیمیایی و ئاژه‌ڵ و مێرووه‌كان ده‌ریده‌ده‌ن.

ئاشكرایه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین و باڵاترین داهێنه‌ره‌كانی مرۆڤ، بریتییه‌ له‌ دروستكردنی زمان و هێنانه‌ئارای پیت و وشه‌ و ڕسته‌ و په‌ره‌گرافه‌ جیاوازه‌كان، ئه‌م داهێنانه‌ مه‌زنه‌ بۆچی گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌توانن به‌ ئاسانی و ساده‌یی، له‌یه‌كتر بگه‌ن و هه‌ست به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان بكه‌ن. بیهێنه‌ به‌رچاوی خۆت، ئه‌گه‌ر زمان نه‌بویه‌، ئه‌گه‌ر گفتوگۆ و قسه‌كردن له‌ نێو سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانی سه‌ر زه‌وی- هه‌ر یه‌كه‌ به‌ زمانی خۆی- نه‌بوایه‌، ئه‌وا ئێستا ژیان به‌ جۆرێكی دیكه‌ ده‌بوو، جۆرێك پێناچێت له‌مه‌ی ئێستا جوانتر و خۆشتر بوایه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌م ڕوه‌وه‌وه‌، خاڵی جیاوازی نێوان ئێمه‌ و زینده‌وه‌رانی دیكه‌، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ توانای داهێنان یان فێربوونی زمانی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌دا قسه‌ی پێبكات. بۆ نمونه‌ كه‌سێك ده‌توانێت له‌یه‌ك كاتدا، زیاد له‌ زمانێك بزانێت و زۆرباش قسه‌ی پێبكات، خه‌ڵكانێك هه‌ن چه‌ندین زمان دزانن و ده‌توانن به‌و په‌ڕی لێهاتووییه‌وه‌ به‌كاریبهێنن و له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی جیاوازدا بكه‌وێته‌ قسه‌و گفتوگۆ. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ گرنگه‌ی مرۆڤ، لای‌ گیانه‌وه‌رانی دیكه نابینرێت. وه‌لێ ئه‌م زمانه‌ قه‌شه‌نگه‌ی مرۆڤ كه‌ لای گیانه‌وه‌رانی دیكه‌ بوونی نییه‌ و ده‌ست ناكه‌وێت، نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی گیانه‌وه‌ران نه‌توانن له‌ نێوان خۆیاندا، له‌یه‌كتر نه‌گه‌ن و له‌كاتی ته‌نگانه‌ و ناخۆشییه‌كاندا، به‌ده‌م یه‌كتره‌وه‌ نه‌چن. گیانه‌وه‌ران به‌ گشتی و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه‌ ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌، وه‌ك مێرووله‌ و هه‌نگ و مه‌یمون، له‌ نێوان ئه‌ندامه‌‌كانیاندا، ئامرازی په‌یوه‌ندیكردنی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و وا ده‌كات به‌ ئاسانی له‌ یه‌كتر تێبگه‌ن. له‌و ئامرازانه‌ هاواركردن، ده‌ردانی هه‌ندێك جۆری بۆن یان ئاوێته‌ی كیمایی، هه‌ندێك جووڵه‌ و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لای به‌شێكی زۆری زانایانی زمان، ئه‌و ئامرازانه‌ ناچنه‌ خانه‌ی زمانه‌وه‌ و وه‌ك زمان سه‌یری ناكه‌ن و حسابی زمانی بۆ ناكه‌ن. ئه‌وان پێیانوایه‌ زمان خاسییه‌تێكی زۆر تایبه‌ته‌ به‌ مرۆڤ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌‌گه‌ڕێننه‌‌وه‌ كه‌ زمانی مرۆڤ تا بڵێی داهێنانێكی قورس و ئاڵۆزه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و قسه‌یه‌یان، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌منداڵی ببریته‌ دارستانێك و دوور بخرێته‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی خێزانێكدا گه‌وره‌ نه‌بێت، ئه‌وا فێری زمان نابێت و كه‌ گه‌وره‌ بوو، وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی توانای قسه‌ كردنی نابێت، جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ ئاماژه‌ كه‌ زیاتر له‌ ئاماژه‌ی گیانه‌وه‌ران ده‌چێت، هیچی دیكه‌ نازانێت. سه‌رباری ئه‌وه‌، مرۆڤ له‌ توانایدا هه‌یه‌ له‌ یه‌ك كاتدا، بۆ نمونه‌ به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی  و ئه‌ڵمانی و…هتد، قسه‌ بكات و له‌گه‌ڵ دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه‌ بكه‌وێته‌ گفتوگۆ و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ گیانداراندا نییه‌. گیانداران به‌ زمانی ئاماژه‌ش، ته‌نها ده‌توانن له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی خۆیان بدوێن. واته‌ سه‌گ ده‌توانێت له‌ وه‌ڕین و حه‌په‌ی سه‌گی دیكه‌ تێبگات و له‌ لوره‌ی گورگ تێناگات. ئه‌سپ ته‌نها توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ حیله‌ی ئه‌سپه‌كانی دیكه‌ تێبگات و له‌ بۆڕه‌ی مانگا تێناگات.

ئه‌م كتێبه‌ له‌ پێشه‌كییه‌ك و ناساندنی كتێبه‌كه‌ و هه‌شت به‌ش پێكهاتووه‌، هه‌ر به‌شه‌ی باس له‌ لایه‌نێكی گرنگی چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی نێوان گیانه‌وه‌ران ده‌كات. یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی كتێبه‌كه‌، ئه‌و زمانه‌ كوردییه‌ پاراوه‌یه‌ كه‌ كتێبه‌كه‌ی پێنووسراوه‌ته‌وه‌. زمانی كوردی له‌م كتێبه‌دا، له‌ ئاستیكی باڵادایه‌ و دووره‌ له‌ گرێوگۆڵ و ئاڵۆزی. ئاشكرایه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ كوردییه‌كی پوخت و پاراو ده‌نووسرێن، هه‌میشه‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات كتێبه‌كه‌ ته‌واو بكات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ زمانێكی كوردی سه‌قه‌ت و ناڕێك داڕیژراون، هه‌میشه‌ خوێنه‌ر له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك، بێزاری دایده‌گرێت و ناتوانێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت و به‌ناچاری ده‌یخاته‌ ئه‌ولاوه‌ و به‌ فه‌رامۆشی ده‌سپێرێت.

خۆشبه‌ختانه‌ كتێبی زمانی ئاخاوتنی زینده‌وه‌ران، ئه‌گه‌رچی كتێبێكی زانستییه‌ و به‌ زمانێكی ئه‌كادیمی نووسراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ جۆری یه‌كه‌مه‌ و خوێنه‌ر بێزار و بێتاقه‌ت نابێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌كات و تا ته‌واوكردنی ده‌ستبه‌رداری نابێت. واته‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌ چه‌ند دانیشتنێكی كه‌م، كتێبه‌كه‌ ته‌واو بكات و زانیارییه‌كی هێجگار زۆری له‌سه‌ر ژیان و چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی نێوان گیانه‌وه‌ران ده‌ستكه‌وێت. له‌ لاپه‌ڕه‌ 24 كتێبه‌كه‌دا ئه‌م پرسیاره‌ خراوه‌ته‌ڕوو: بۆچی ئاژه‌ڵه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كترییه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟ له‌ وه‌ڵامدا گه‌لێك هۆكاری گرنگ ده‌ستنیشانكراون كه‌ وا ده‌كات ئاژه‌ڵه‌كان په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌وه‌ بكه‌ن، له‌وانه‌:

ناسنامه‌: واته‌ هه‌مو ئاژه‌ڵێك پێویسته‌ ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت و بزانێت سه‌ر به‌ چ جۆر و فه‌سیله‌یه‌كه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌زانێت، ژیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و دوور نییه‌ له‌ناوبچێت. ناسنامه‌ وا ده‌كات ئاژه‌ڵه‌كه‌ به‌ ئاسانی له‌گه‌ڵ هاو جۆره‌كانی خۆیدا بژی و ژیانی پارێزراوبێت، به‌چكه‌ و نێره‌ و مێیه‌كانی خۆی بناسێت و له‌گه‌ڵیاندا هێلانه‌ و په‌ناگای تایبه‌ت به‌خۆی دروست بكات.

جووتبوون: له‌م ڕوه‌وه‌ كتێبه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌مو ئاژه‌ڵێك، له‌ قۆناغێكی ژیانیدا، جۆرێك له‌ خۆشه‌ویستی و دڵداری ئه‌نجامده‌دات. لێره‌دا به‌زۆری مێیه‌كان نێره‌كان بۆ جووتبوون هه‌ڵده‌بژێرن و ئه‌وان بڕیارده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ كام نێره‌دا هاوسه‌رگیری بكه‌ن. بێگومان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش، نێره‌كان ده‌بێت بیسه‌لمێنن كه‌ شایه‌نی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ن. جگه‌ له‌و دوو هۆكاره‌، كۆمه‌ڵێ هۆكاری دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ وا ده‌كات گیانه‌وه‌ران په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌وه‌ بكه‌ن و وه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌دا هه‌م ئاماژه‌ی پێدراوه‌ و هه‌م قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كراوه‌، بریتین له‌مانه‌: سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی، دیاریكردنی سنور، خۆپاراستن، دۆزینه‌وه‌ی خۆراك. له‌ هه‌مو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا، ئاژه‌ڵه‌كان یارمه‌تی یه‌كتر ده‌ده‌ن و كۆمه‌ك به‌یه‌ك ده‌به‌خشن. له‌كاتی بوونی مه‌ترسیدا، له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگ یان ده‌ردانی بۆنێكی تایبه‌ته‌وه‌، یه‌كتر ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ تاكو خۆیان له‌ مه‌ترسییه‌كه‌ به‌دووربگرن.

له‌ ڕاستیدا ئه‌و جیهانه‌ی كتێبه‌كه‌ باسی ده‌كات، جیهانێكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و سه‌رسوڕهێنه‌، جیهانێكه‌ پڕه‌ له‌ ڕووداوی سه‌یر و له‌ كرداری عه‌جیب. ئه‌وه‌تا له‌ پوره‌ی هه‌نگدا، سه‌روه‌ختێك هه‌نگێك ده‌مرێت، مێشهه‌نگوینی ئیشكه‌ر كه‌ مێشهه‌نگوینێكی مێیه ‌و به‌رپرسی ناشتنی ته‌رمه‌كانه‌، دوای بینین و دۆزینه‌وه‌ی لاشه‌ مردووه‌كه‌، ده‌ست ده‌كات به‌ ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێ ڕه‌فتاری یه‌ك له‌ دوای یه‌ك:

1-دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌، 2-نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ته‌رمه‌كه‌، ۳-گرتنی ته‌رمه‌كه‌ له‌ ڕێی (قاچه‌كانی، شه‌ویلگه‌ی خواره‌وه‌ی یان باڵه‌كانی)، 4-ڕاكێشانی ته‌رمه‌كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شانه‌كه‌ و هه‌ڵگرتنی تا ده‌گاته‌ به‌رده‌رگای پوره‌كه‌، 5- مێشهه‌نگینه‌ ئیشكه‌ره‌ مێیه‌كه‌ ته‌رمه‌كه‌ به‌ شه‌ویلاگی خواره‌وه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌فڕێت. دوای تۆزێك فڕین و له‌به‌ر قورسی ته‌رمه‌كه‌، مێشه‌نگوینه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی و له‌وێدا ته‌رمه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت.

گۆڕستانی مێرووله‌كان

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ گوێم له‌و ده‌ربڕینه‌ بێت و به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو مێرووله‌ گۆڕستانی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌تا كتێبه‌كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 197 باس له‌ بوونی گۆڕستانێك ده‌كات كه‌ هی مێرووله‌كانه‌ و تێیدا ته‌رمی مێرووله‌ مردووه‌كان ده‌نێژرێت، یان هه‌ر مێرووله‌یه‌ك له‌ناو هێلانه‌كه‌ی بمرێت، فڕێی ده‌ده‌نه‌ ناو ئه‌و گۆڕستانه‌وه‌. به‌ڵام چۆن فڕێدانێك؟! هه‌ندێك جۆری مێرووله‌، ته‌رمی مێرووله‌ مردووه‌كه‌، ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ ژووری گه‌نجینه‌ی خۆراك، له‌وێ سه‌ر و په‌له‌كانی مێرووله‌ مردووه‌كه‌ لێده‌كه‌نه‌وه‌، پاشان سكی كون ده‌كه‌ن و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ خواردنی شانه‌ و شله‌مه‌نییه‌كانی ناو جه‌سته‌كه‌ی. دواتر ئه‌و به‌شه‌ ڕه‌ق و به‌ تاڵه‌ی له‌ لاشه‌ی مێرووله‌ مردووه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵده‌گرن و ده‌یبه‌ن بۆ زبڵدانی ده‌ره‌وه‌ی هێلانه‌كه‌یان و له‌وێ فڕێیده‌ده‌ن و به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌و زبڵدانه‌ش پێیده‌وترێت گۆڕستانی مێرووله‌كان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، ژماره‌یه‌ توێژه‌ر ئه‌وه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ مێرووله‌ی پێگه‌یشتووی ئه‌رژه‌نتینی، توانای دۆزینه‌وه‌ی مێرووله‌ مردووه‌كانی هه‌یه‌، سه‌روه‌ختێك مێرووله‌یه‌ك ده‌مرێت، دوای كاتژمێرێك له‌ مردنه‌كه‌ی، ده‌دۆزرێته‌وه‌ و لاشه‌كه‌ی فرێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌یان. ئه‌و توێژه‌رانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، مێرووله‌ مردووه‌كه‌، جۆرێك له‌ بۆنی كیمیایی ده‌رده‌دات، كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ مردنه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ مێرووله‌ ئیشكه‌ره‌كان بڵێت: من مردووم و بمبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێلانه‌كه‌. پاكردنه‌وه‌ی شاره‌ مێرووله‌كان له‌ ته‌رمی مێرووله‌ی مردوو، ڕه‌فتارێكه‌ له‌ میانه‌یه‌وه‌ پاراستنی شاره‌ مێرووله‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ڕێگریی ده‌كات له‌وه‌ی نه‌خۆشی و بۆنی پیس له‌ناو هێلانه‌كه‌دا بڵاوببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش دروست وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ مردووه‌كانیدا ئه‌نجامیده‌دات.

دواجار ئه‌م كتێبه‌ پڕ زانیارییه‌ شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی زانیارییه‌كی زۆر له‌سه‌ر ژیانی پڕ نهێنی گیانه‌وه‌رانت ده‌ستده‌كه‌وێت و چێژێكی تایبه‌تت پێده‌به‌خشێت. تاقه‌ خاڵی نه‌رێنی كتێبه‌كه‌، بریتییه‌ له‌ وێنه‌كانی ناوه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ كه‌ هه‌م ڕه‌ش و سپییه‌ و هه‌م له‌ هه‌ندێك شوێندا كاڵه‌ و نووسینه‌كانی سه‌ری باش ده‌رنه‌كه‌وتوون. هیوادارین ئه‌گه‌ر بڕیاربێت چاپی دووه‌می بكرێته‌وه‌، ده‌ستكاری وێنه‌كان بكرێن و جوانتر و ڕوونتربن. كتێبه‌كه‌ 245 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ بچووكه‌، تیراژی هه‌زار دانه‌یه‌ و نرخی پێنج هه‌زار دیناره‌.

چیرۆک چییە؟

ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

یەکێک لەو پرسە سەرەکیانەی کە بۆ نووسینی چیرۆک بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، ڕەنگە ئەمە بێت: “چۆن چیرۆكێکی سەرکەوتوو بنووسین؟” ئەمڕۆ بە زۆر جۆر و شێوە دەتوانین وەڵام بەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵام بەر لە هەر شتێک، دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی خودی دەقی چیرۆک یەک لە هۆکارە زۆر بنەڕەتییەکانە کە وامان لێ دەکات سەرەتا بزانین چیرۆک چۆنە و پێکهاتەکەی چییە و چۆن لە زەیندا دەچنرێت و دواتریش دەنووسرێت. دیارە لە گوزەری خوێندنەوەی دەقی چیرۆکییەوە دەکرێ ئاماژە بۆ کۆڵەکە بنچینەییەکانی چیرۆک بکەین لە لایەن نووسەرانی پێشەنگ و بناغەڕۆنەرانی ئەم ژانرەوە، لەوانەش گی. دی. مۆپاسان، ئێدگار ئالێن پۆ، ئەنتۆن چیخۆف، ئۆ هێنری و… داڕێژراون، ئەم چیرۆکنووسانە بە نووسینی دەقی چیرۆکەکانیان توانییان چیرۆک وەک ژانر بچەسپێنن و چوارچێوە و ڕێسای تایبەت بە خۆیان پێ دا. پێشتر ئەوەی هەبوو حەکایەت و نەقڵ و بەسەرهاتی زارەکی بوو، ئەمان هاتن و ئەو سنوورەیان لە نێوان چیرۆک و ئەو کایانەی تردا کێشا، سەلماندیان کە چیرۆک قورستر لە هەریەک لەوانەیە و هونەرێکی تایبەتە و کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئێستا، پاش تێپەڕبوونی زەمەنێکی دوورودرێژ لەو دەستپێکە، هێشتا دەقی چیرۆکی ئەو نووسەرانە دەتوانێت یارمەتیدەر بن بۆ چیرۆکنووسانی ئەمڕۆ، بۆیە ئەوان سەرەتای پێشەنگایەتی چیرۆکن و هەرواش دەمێننەوە.

پاش خوێندنەوەی دەقی چیرۆکی، دووەمین هۆکار بۆ ئەوەی چیرۆک بناسین و دواتریش بتوانین دەربارەی بدوێین و شیکاری بکەین و بینووسین، خوێندنەوەیە دەربارەی چیرۆک، ئەوەش دەکرێت لە مێژووی چیرۆکەوە دەست پێ بکات، تا دەگات بەو قۆناغ و قوتابخانە تێوری و ئەدەبیانەی ئەم ژانرە پیایاندا گوزەری کردووە و تاکو گەیشتووەتە ئەمڕۆ. هاوکات وەستان لەسەر ئەو میتۆد و ڕەخنە هاوچەرخانەی بۆ خوێندنەوەی دەقی چیرۆک لە ڕابردوو و ئێستادا بەکار هێنراون و یارمەتیدەر بوون بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ژانرە. چیرۆک وەک هەر ژانرێکی دی، خاوەنی کۆمەڵێک ڕێسایە، ئەگەرچی لە ڕێڕەوی تەمەنی ئەم ژانرەدا ئەم ڕێسایانە پێیان زیاد کراوە و لێیان لابراوە، بەڵام هەندێک خاڵی بنەڕەتی هەن کە تا ئێستاش لە نووسینی چیرۆکدا چاویان لێ دەکرێ و بەهەند دەگیرێن. بە ڕەچاوکردنی ئەم تێبینییە کە لە ئێستادا ئەم ماک و توخمە بنەڕەتیانە ئەگەرچی هەمان ئەوانەی پێشوون، بەڵام لە ڕووی نیگا و ڕوانینەوە ئاڵوگۆڕی بەرچاویان تێدا کراوە. بۆ نموونە “کەسێتی” لە چیرۆکدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی چیرۆکنووسی، دەبینین بە جۆرێک لەم پێکهاتەیە ڕوانراوە و داڕێژراوە کە بۆ ئێستا زۆر جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لەو ڕاستییە کەم نابێتەوە چ لە چیرۆکی کلاسیک و چ لە چیرۆکی مۆدێرندا “کەسێتی” تۆخمێکی سەرەکییە لە چیرۆکدا و ناتوانرێت بازی بەسەردا بدرێت.

ئەگەر بەم سەرەتایەوە تەماشای ئەم کتێبە “چیرۆک چییە؟” بکەین، دەبینین کتێبێکە هێجگار بە نرخ و ناوازە، کتێبەکە گەشتێکە بە کۆمەڵێک ڕوانین و ئایدیای تازەدا سەبارەت بە هونەری چیرۆکنووسین لە دنیای ئەمڕۆماندا. نووسەرانی ئەم کتێبە جیاوازن و وەرگێڕی کتێبەکەش، محەمەد کەریم، وێڕای وەرگێڕانێکی ڕوون و ڕەوان، لە هەڵبژاردنی بابەتەکان و دانانیان بە تەنیشت یەکەوە، سەرکەتوو بووە و خوێنەر لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا، هەم چێژێکی زۆر دەبینێ و هەم فێریش دەبێت. کتێبەکە لە “زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم”ە و لە “١٤٠” لاپەڕە و پێشەکییەکی کورت و سیانزدە بابەتی پەیوەست بە چیرۆکەوە پێکهاتووە، هەریەک لە بابەتەکانیش ئەمانەن: “چۆن ئالوودەی چیرۆک بووین؟، کورتەمێژوویەکی کورتەچیرۆک، ڕەگەزەکانی کورتەچیرۆک، چۆن سەرەتای کورتەچیرۆک دەست پێ بکەین؟، نەنووسراوەکان و تەواونەکراوەکانی دەق، گۆشەنگیای گێڕانەوە لە چیرۆک و ڕۆماندا، ئۆرجیناڵێتی و داهێنان لە ئەدەبدا، گێڕانەوە بە شێوازی ڕابردوو لە چیرۆک و ڕۆماندا، زەمەنی ڕابردوو، زەمەنی ئێستا لە چیرۆکدا، فلاش فیکشن چییە؟، فلاش فیکشن یان کورتیلەچیرۆک چییە؟، ئەدەبی دیجیتاڵی چییە؟ و سەرچاوەکانی ئەدەبی ترسناک”. لە چەشنی ئەم جۆرە کتێبانە بۆ دنیای ئێمە زۆر گرنگن، دنیایەک کە چیرۆک تێیدا لە پاشەکشێیەکی خێرادایە و نووسەرانێک کە ڕۆژانێک چیرۆکیان نووسیوە، ئێستا تاویان داوەتە وەرگێڕان و نووسینی ڕۆمان و هەندێک بابەتی تر، نەوەی تازەش زیاتر بە شیعرەوە سەرقاڵن و هەردوو بارەکەش بە زیانی چیرۆک کەوتووەتەوە. ئەم جۆرە کتێبانە دەتوانن ئیعتبارێک بۆ ئەم ژانرە بگێڕنەوە و تێگەیشتنێکی بەرینتریش لە دنیای تاکڕەهەند و بچووکی ئێمەدا لەمەڕ چیرۆک، بسازێنن.

ژێرناوی ئەم کتێبە “ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت”ە، بەڵام خوێندنەوەی وردی کتێبەکە دەتوانێت لەوە واوەتر بڕوات و بڵێت: “ئەوەی پێویستە هەموو خوێنەرێکی چیرۆک بیزانێت”. چون لەم کتێبەدا کۆمەڵێک چەمک و لایەنی پەنهان و سەرەنگرێ سەبارەت بە هونەری چیرۆک خراوەتە ڕوو، کە خوێنەران لە ڕێیەوە دەتوانن باشتر لە خوێندنەوەی چیرۆک کەڵک وەربگرن و چێژ ببینن. لە سەرەتادا، باس لەو گرفتە زۆر بنەڕەتییە کراوە کە ئەمڕۆ برەوی هەیە و لای ئێمەش، لەناو ناوەندی ڕۆشنبیری کوریدا زیاتر زەقە، ئەویش هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە بە قسەی هەلەقومەلەق لەبری تێور و میتۆدی زانستی، ئاشکرایە کە لەمە چ تەپوتۆز و پاشاگەردانی و پشێوییەک لەم هەنگامەیە کەوتووەتەوە، هەر کەس هەڵدەستێت لە جێی خۆیەوە و بە ناوی ڕەخنەوە، شەلم کوێرم دەکات، سانا ئەم دەق هەڵدەنێ و ئەو دەق دەسڕێتەوە، بێ ئەوەی پێمان بڵێت بۆ، بێ ئەوەی پاساوی قەناعەتپێکەری پێ بێت، هەر لێرەدا نائامادەیی ڕەخنە لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە دەردەکەوێت. دیارە ئەو مەسەلەیە، “نەبوونی ڕەخنە” ساڵانێکی زۆرە دەگوترێتەوە و بووەتە بە کڵێشە و تەواو بێتام بووە، لەبری ئەوە ئیتر پێویستە بێدەنگ بین و لەو پێناوەدا کار بکەین. کتێبی “چیرۆک چییە؟” وەڵامە بەو مەسەلە سواوە، هەر لە پێشەکییەکەیدا دەیەوێت بڵێت هەر قسەکردنێک لەسەر ئەدەبیات بێ بوونی پاشخانێکی فەرهەنگی و مەعریفی، قسەکردنێکی گۆترەکارانە و نازانستییە.

بەشێکی تر لە کتێبەکە پرسێکی زۆر گرنگە: “چۆن ئالوودەی چیرۆک بووین؟ بۆچی مرۆڤ پێویستی بە چیرۆکە؟” وەڵامدانەوە بەم دوو پرسە جەوهەرییە دەتوانێت چییەتیی و گرنگی ژانری چیرۆک بەیان بکات، لە درێژەی باسەکەدا و بە گەڕانەوە بۆ کۆنترین داستانی ناوچەکە، یان بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستان لەسەر دەقی “گلگامێش” کە نموونەی “ئەمەکدارییە لە هاوڕێیەتیدا” تا ناوبردەکردنی دەقە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ دەپشکنێت، باس لە گرنگیی گێڕانەوە دەکات کە چۆن دەتوانێت یارمەتیدەری ئینسان بێت لە خۆناسی و دەوروبەرناسیدا، ئەگەر ڕۆژانێک و ساڵانێکی دوور ئەندامانی خێزان بە دیار ئاگردانەوە دادەنیشتین و گوێیان بۆ حەکایەتەکانی باپیرە و داپیرە و باوکان و گەورەکان دەگرت، ئەمڕۆ چیدی وەها کارێک باوی نەماوە و خوێنەری چیرۆک، لە قوژبنێکدا و بەتەنیا، دادەنیشێ و سەرقاڵی خوێندنەوەی چیرۆکەکەی بەردەستی دەبێت، چیرۆکێک کە چەندی پێ بڵێت، ئەوەندە و پتریش دەخاتە ئەستۆی.

کورتەمێژووی کورتەچیرۆک لە نووسینی “ولیام بۆید” لەو بەشە بەپێزەی ئەم کتێبەیە کە خوێنەر بە شێوەیەکی خێرا و پوخت گەشتێک بە مێژووی ئەم ژانرە لە سەدەی نۆزدەوە بۆ ئەمڕۆ دەکات. لە کۆتایی ئەم گەشتەدا دەگات بە دەرئەنجامێکی سەرنجڕاکێش و دەنووسێت: “زەوق و سەلیقەی خوێنەرانی چیرۆک ئەگەرچی زیاتر لە سەدە و نیوێک بەسەر سەقامگیربوونی ئەم فۆرمەدا تێپەڕ بووە و سەرەڕای گۆڕانکارییە پێشبینینەکراوەکانی ئابووریی پیشەسازی چاپ، هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە کەمی نەکردووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووی نەستی زیهنیی ئێمە سەبارەت بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە گێڕانەوەی کورت.”

بابەتێکی تری ئەم کتێبە “ڕەگەزەکانی کورتەچیرۆک”ە، لەم بەشەدا شانزدە ڕەگەز بە شێوەیەکی زۆر برووسکەیی و ناوازە خراونەتە ڕوو، کە ئەوانیش: “پڵۆت، بابەت، ناوەڕۆک، کارەکتەر و کارەکتەردروستکردن، گۆشەنیگای گێڕانەوە، گرێچن، شوێنکات، دیالۆگ، تۆن، فەزا- ئەتمۆسفیر، زمان، کات، شوێن، ڕووداو، شێواز- ستایل و تەکنیک” ئەم ڕەگەزانە مەرجی نووسینی هەر کورتەچیرۆکێکی سەرکەوتوون، هەرچەن دەبێت ئەم تێبینییە بڵێین، کە مەرج نییە لە چیرۆکێکدا پێکڕا و هەموو ئەم ڕەگەزانە هەبن، بە واتایەکی تر: دەکرێت لە چیرۆکێکدا تەنیا یەکێک لەم ڕەگەزانە تۆخ دەربکەوێت و ئەوانی تر کاڵ و لاوەکی بن. هەر بۆ نموونە: چیرۆکی “پیاوکوژان”ی ئێرنیست هەمنگوەی لەو چەشنە چیرۆکانەیە کە ڕەگەزی “دیالۆگ” تێیدا تۆخ و بەرچاوە.

ناکرێت سەرلەبەری هەموو بەشەکانی کتێبەکە بەسەر بکرێتەوە و باشترە خوێنەر بۆ خۆی بیانخوێنێتەوە، بەڵام وەک دواخاڵ باس لە یەکێک لەو سیستەمە ناوازانە دەکەین کە لەم کتێبەدا سەبارەت بە چیرۆک پێشکەش کراوە، ئەم سیستەمە بە “سیستەمی «ئێستا – لێرە – من»” وەسف کراوە. بە کورتی سیستەمەکە وەها ڕوون کراوەتەوە: هەر چیرۆکێک، ئەگەر لە ڕابردووی هێجگار دووریشدا نووسرابێت و کاتێک بێتە بەردەستی ئێمە لەمڕۆدا، دەچێتە خانەی ئەو سیستەمەوە، بۆ نموونە چیرۆکی “پشیلە ڕەشەکە”ی ئێدگار ئالێن پۆ، ئەگەرچی لە مێژوویەکی کۆندا نووسراوە، بەڵام کاتێک دەیخوێنینەوە، ڕووداوەکانی ڕاستەخۆ هەر دەڵێی “ئێستا” و “لێرە” و لە لایەن “من”ەوە دەگێڕدرێنەوە و ڕوو دەدەن. ئەمە دەکرێت بۆ هەموو چیرۆکەکانی دنیاش ڕاست بێت، هەر خودی ئەم نوختەیەشە کە وا دەکات چیرۆکی سەرکەوتوو و نەمر بتوانێت ساڵ و سەدە تاریکەکان ببڕێت و مرۆڤی ئەمڕۆیی، بە هەموو گرفت و گۆڕانکارییەکانی کە بەسەری هاتوون و دێن، بدوێنێت.

نووسینی : ئەنتۆن پاڤڵەڤیچ چێخەف

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

کارمەندی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ئازووقە و، ئێستاکە خانەنشینکراوی پلەی دەیەم، ڵەخماتەڤ، لە پاڵ مێزی نانخواردنەکەی ماڵەوەیان دانیشتبوو، پیاڵەی شانزەیەمی هەڵدەدا و بیری لە برایەتی و یەکسانی و ئازادی دەکردەوە. لە پڕ لە پشت گڵۆپەکەوە شەیتانێکی بچکۆلە (١) سەری لێ دەرهێنا… تکایە با خانمانی خوێنەر نەترسن. خۆتان دەزانن شەیتانی بچکۆلە چییە؟ ئەوە لاوێکی سەروقەڵافەت لە بەردڵانە، کە خاوەن ڕوخسارێکی وەک پۆستاڵ ڕەش و دووچاوی سووری داگیرساوە و لە گەڵ ئەوەشدا کە ژنی نییە دووشاخ لە تەوقی سەری ڕوواوە، قژی لە سەر تەرزی کاپول(٢) داهێنراوە، لەشیبە تووکێکی سەوز داپۆشراوە و بۆن سەگی لێ دێت. کلکێک بە کۆتایی پشتییەوە شۆڕبۆتەوە. لە جێگای پەنجە تەنیا نینۆکە درێژەکانی دەبینرێت و لاقی، لە بری پێ، بە سم کۆتایی هاتووە.

ڵەخماتەف کە چاوی بەو شەیتانە بچکۆلەیە کەوت کەمێک شڵەژا، بەڵام دوایی کە بیری کەوتەوە ئەو شەیتانەسەوزانە هەر ئەو خووە قۆڕەیان هەیە خۆیان پیشانی کەسانی سەرخۆش بدەن، ئارام بووەوە و کەوتە قسەکردن لە گەڵیدا:

لە گەڵ کێدا ئەم شەرەفی گفتوگوکردنەم پێبەخشراوە؟- ڵەخماتەف ڕووی پرسیاری کردە ئەو میوانە بانگهێشتنەکراوە.

شەیتانە بچکۆلەکە کەمێک پەشۆکاو چاوی داپچڕی

دە ئێوە شەرم مەکەن- ڵەخماتەف کەوتەوە دوواندنی میوانەکە – وەرنە پێشەوە، من کابرایەکم حوکمی پێشوەختە بەسەر کەسدا نادەم، بۆیە دەتوانن بەوپەڕی ڕەهاییەوە قسەی دڵی خۆتانم لا بکەن، بڵێن، بزانم ئێوە کێن؟

شەیتانە بچکۆلەکە بە کەمێک دوودڵییەوە خۆی لە ڵەخماتەف بردە پێشەوە و کلکی خستە ناوگەڵییەوە و کەمێک چەمییەوە و خۆی پێشکەشکرد: من شەیتانە بچکۆلەم، کارمەندی ئەرکە تایبەتییەکانم لای جەنابی بەڕێوەبەری دۆزەخ، ڕێزدار ئیبلیس!

بیستوومە، بیستوومە، ناویم بیستووە. مایەی خۆشیمە، فەرموون دانیشن، نافەرموون کەمێک ڤۆدکام لەگەڵ نۆشکەن؟ زۆر خۆشحاڵم بە ناسینتان، باشە ئێوە چ کارەن؟

شەیتانە بچکۆلەکە هێندەی تر پەشۆکا.

ڕاستتان دەوێت من ئەرکێکی دەستنیشانکراوی ئەوتۆم نییە – شەیتانە بچکۆلەکە وەڵامی دایەوە و لە شڵەژاویشدا کەوتە کۆکەکردن و لووتی لە لاپەڕەیەکی گۆڤاری ڕێبووسدا (٣) شاردەوە و کەوتە فنگکردن- ڕاستە جاران ئەرک و کاری دیاریکراومان هەبوو. ئێمە خەڵکمان لە خشتەدەبرد، لەسەر ڕێی ڕاستی و چاکە هەڵماندەخزاننە سەر ڕێی خراپە و بەدکاری، ئێستاش بەینی خۆمان بێت و ناشکوری نەبێت، هێندەی پوولێکی قەڵبیششتێک نەماوە بە ناوی ڕێی چاکە، تا ئێمە پێی خەڵکیی لێ هەڵخزێنین. جگە لەوەش ئێستا خەڵکەکە لە ئێمە زۆرزانتریان لێ دەرچووە. دەفەرموون، وەک دەگوترێ، بزانم ئێوە کەسێکیانم بۆ هەڵخەڵەتێنن، هەموویان زانکۆیان خوێندووە، هەرچی زانستە فێری بوون و لە هەزار ئاویان داوە! ئاخر من چۆن لەخشتەتان ببەم وواتان لێبکەم کە ڕۆبڵێک بدزن، لە کاتێکدا ئێوە بە بێ منیش دنیایەک ڕۆبڵتان لووش داوە؟

ئەم قسەیەتان ڕاستە. بەڵام خۆ دەبێت ئێوە خەریکی کاروکردەیەک بن؟

بەڵێ، لەپیشەکەی جارانمان هەر ناوەکەی ماوەتەوە. ڕاستە ئێمە سەرباری هەمووشتێکیش هەندێ کار هەر ڕادەپەڕێنین…جاروبار خانمانی خواپێداو لە خشتە دەبەین، کوڕوکاڵ فریودەدەین شیعر بنووسن، بازرگانە دەوڵەمەند و سەرخۆشەکان وا لێدەکەین ئاوێنەی باڕ و ڕیستورانەکان وردوخاشکەن. بەڵام هەرچی بواری سیاسەت و ئەدەب و زانستەکانیشە ئێمە خۆمانی لە قەرەنادەین، چونکە ئێمە هەڕیان لە بڕیان ناکەینەوە و سەریان لێدەرناکەین.

زۆرمان ئیستا لەگەڵ گۆڤاری ڕێبوس دا هاوکاری دەکەن. هی وامان هەیە هەر دۆزەخی بەجهێشتووە و گواستوویەتییەوە لای مرۆڤەکان. جا ئەو شەیتانە خانەنشینانە هەر کە تێکەڵاوی مرۆڤەکان بوون، زوو هاوسەرگیرییان لە گەڵ ژنە بازرگان وپارەدارەکاندا پێکهێناوە و ئیستاکە ژیانێکی تا بڵێی خۆش دەژیین. هەندێکیان خەریکی کاری پارێزەریین، هەندێکی تریان خەریکی گۆڤاردەرکردنن و کەسانێکی بە دەست وکردەن و تابڵێی ڕێزلێگیراویشن!

بمبەخشن ، بۆ ئەم پرسیارەم ،کە ڕەنگە کەمێکیش نابەجێ بێت ، بەڵام ئێوە بۆ بژێویتان چی وەردەگرن؟

ئێمە ژیانمان هەر وەکوو جارانە- شەیتانە بچکۆلەکە وەڵامی دایەوە-ژمارەی کارمەندانمان کەم نەکراوەتەوە… خانووبەرە و ڕووناکی و گەرمی ماڵ هەر لەسەر خاوەن کارەکەیە، هەرچی موچەش بێت ناماندرێتێ، چونکە وای دادەنێن کە ئێمە لەخزمەت زیادەین و جگە لەوەش کاری شەیتانێتی کارێکی تەشریفاتییە…ڕاست و ڕەوان پێتان بڵێم، ژیان زۆر سەخت بووە، هەر قەستە دەسڕێک داخەین و بکەوینە سواڵ… ماڵی مرۆڤەکان ئاوابێت فێری بەرتیلخواردنیان کردووین، ئەگینا دەمێک بوو فەوتابووین … ئیتر ژیانمان ئێستاکە هەر لەسەر ئەو دەستکەوتانەیە… کەمێک ئازووقە دەگەێنینە گوناهکاران و لەو بەینەدا قەپاڵی خۆمان دەگرین… هەرچی ئیبلیسیشە پیر بووە وهەر بە ڕێوەیە بچێ سەیری نمایشەکانی تسووکی (٤) بکات و سەری ناپەرژێتە سەر حیساب و کیتابکردن.

ڵەخماتەڤ پێکێک ڤۆدگای بۆ شەیتان تێکرد، ئەویش یەکسەر هەڵیدا وئیترزمانی قسەی کرایەوە. هەرچی نهێنییەکانی دۆزەخە بۆ ڵەخماتەفی باسکرد و بەدەم گریانەوە زووخاوی دڵی خۆی هەڵڕشت و، وا چوو بە دڵی ڵەخماتەڤا کە داوەتی کرد بۆ نووستن لای ئەو بمێنێتەوە. ئەو شەوە شەیتانە بچکۆلەکە لەسەر کوورەکە نووست و تابەیانی هەر وڕێنەی دەکرد. دەمەو بەیان ئیتردیار نەما و خۆی ونکرد.

وەرگێڕ:

(1)ئەنتۆن چێخەف لەم چیرۆکەدا سێ وشە بەکاردەهێنێت کە هەرسێکیان لای ئێمە بە شەیتان تەرجەمەدەکرێت: چۆرت، دیاڤوڵ و ساتەن. ئەو دووانەی کوتایی لە هەندێک زمانی ئەوروپی تریشدا بە هەمان مانا بەکاردێن. من، بۆ ئەوەی خوێنەر لەنێوان شەیتانی کارمەند و شەیتانی گەورەدا سەری لێتێک نەچێت، وشەی شەیتانی بچکۆلەم بۆ شەیتانە کارمەندەکە بەکارهێناوە و وشەی ئیبلیسیشم بۆ شەیتانی سەرەکی بەکارهێناوە

(2)تەرزی کاپوول جۆرە تەسریحەیەکی قژی پیاوانە بووە کە بۆ ڕێزلێنانی گورانیبێژی فەرەنسی ڤیکتۆر کاپوول(١٨٣٩- ١٩٢٤) ئەو ناوەی لێنراوە وهێڵی شانەکردن لە ناوەڕاستی سەردابووە و قژەکەش بەهەردوولادا داهێنراوە و بەسەر ناوچەواندا هاتۆتەخوارێ

(3)ڕێبووس: گوڤارێک بووە کە تایبەت بووە بە پرسە ڕۆحانییەکان و جادووگەری و شتی وا و پێدەچی کە چێخەف زۆر بە دڵی نەبووبێت و مایەی گاڵتەپێکردنی بووبێت

(4)ڤێرجینیا تسووکی خانمە سەماکەرێکی بالێتی ئیتاڵی بووە(١٨٤٧-١٩٣٠) لە ڕووسیادا ناوبانگێکی زۆری هەبووە.

لە یەکێتیی نووسەران و چیرۆکەوە بۆ ڕۆمان و یادداشتنووسین

 

 ئازاد عەبدولواحید*

 

 

پار لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٥/١٠/٢٠٢٠، دەکاتە ساڵێك بەسەر ژیانئاوایی چیرۆكنووس و ڕۆماننووس، سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد (كاكەمەم بۆتانی)دا تێدەپەڕێ، كە لە شاری هەولێر بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆناوە كۆچی دوایی كرد، بە داخەوە ئەوە ماوەیەکە ئەو ڤایرۆسە زۆر بێ بەزەییانە دەستی لە ئەوکی ئازیزانمان گیرکردووە و کەوتووەتە دروێنەکردنی گیانی هاوەڵانمان و چەندان کەسی جوان و گرنگی لێ ڕفاندووین.

 

* سەرەتاكان

كاكەمەم فەخری سامی بۆتانی، بەهۆی وەزیفەی باوكییەوە كە مامۆستا بووە، هەر ڕۆژەی لە شار و شارۆچكەیەك گیرساوەتەوە و ژیاوە، لە ژینگەی كوردەواری كۆیەوە بەرەو دنیایەكی جیاواز لە (هیندی)یەی باشووری عێراق و سروشتی عەرەبستان و ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە، دواتر ناحیەی پردێ و زێی بچووك و ژیانی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و بوونی دوو زمانی كوردی و توركمانی، پاشان هەولێری قەڵا و منارە و مێژوو و ئاوەدانیی شار و قەیسەری و بازاڕ و شەمەندەفەر، كۆیە و خزمانی دایكی و باواجی و هەیبە سوڵتان و حەمامۆك و گەڕەكی قەڵا و دیانان و جوولەكان، دواجار لە گوندی (هەرتەل)ی دوور لە شارستانیەت، بەڵام پڕ لە جوانیی سروشتی گیرساوەتەوە، كە لە تەك سیاسەتدا ئەو شوێنانە و نیشتەجێ بوون لێیان، جێپەنجەی خۆیان لە هزر و هەستیدا نەخشاندووە و چەكەرەی ئەدەبیاتیان لە كەسایەتیی (كاكەمەم بۆتانی)دا دروست كردووە، بۆیە ئەو كەسێكی قاڵبووی ژیانی كۆمەڵایەتیی و سیاسی بووە، كە لاپەڕەكانی ژیانی هەڵدەدەیتەوە، هەر لەو ڕۆژەوەی باوكی بۆ گوندێکی لای ڕانیە بە ناوی (هەرتەل) دوور دەخرێتەوە، کاتێ لەوێ كۆچی دوایی دەكات و لەسەر پشتی هێسترێك دەیبەنەوە، لەو كاتەشدا (ئافتاو)ی خوشكی کە منداڵ بووە لە باوەشی دایكی دەكەوێ و دواتر دەمرێ، لەو ڕۆژەوە ژیانی دەردەسەری و نەبوونی و دەستکورتی دەست پێ دەكات، ئیدی لەو ڕۆژەوە لە سۆز و باوەشی گەرمی باوكایەتی دوور دەكەوێتەوە و لە ماڵە خاڵوانی دەژی، دوای بڕینی قۆناغەكانی خوێندن ڕوو دەكاتە بەغدا، لەبەر نەبوونی داڵدەیەك و بێ دەرامەتی، ژیان ناچاری دەكات (یانەی سەركەوتنی كوردان) بكاتە یەكە داڵدەی خۆی، ئەوەش هەر ئەوكاتە بووە كە (پەیمانگای بەرزی دارستان)ی خوێندووە و ئەڵمانەكان ئەو پەیمانگایە لە كۆلێژی كشتوكاڵ جیا دەكەنەوە، لە لایەك قوتابیانی ناوچە شاخاوییەكانیان وەرگرتووە و لەلایەكی دی لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی تر خێراتر دامەزراون و دەستیان لە نانێك گیر بووە، بۆ (كاكەمەم بۆتانی)یش وەك كەسێك كە حەزی لە ئەدەبیات كردووە، بەو هۆیەوە چووەتە ناو سروشت و جوانیی دارستانی خۆڕسك و كێو و دۆڵی كپ و كانی و زێ و ڕووبار و سەدان ئەشكەوتی پڕ نهێنی و مێژووی شارستانیەت پەلكێشی ناو دنیای پرسیاری پڕ گومانیان كردووە، بۆیە شاخ و دۆڵ و گوند و ڕەشماڵی كۆچەریان و كێوێكی كوردستان نەماوە بە فەرمانبەری، یان لە شۆڕشی ئەیلوول بە پێشمەرگایەتی نەیكوتابێتەوە.

 

* سەرچاوەكانی ڕۆشنبیریی و زانیاری

سەرەتای خوێندنەوەكانی كاكەمەم بۆتانی بە ڕۆژنامەی (ژین) و گۆڤارەكانی (هیوا) و (هەتاو) و (شەفەق) دەستی پێكردووە، كە لە كەركووك بووە بە كتێبخانەی (كەركووك)یش ئاشنا بووە، هەروەها ئەو كتێبانەی خاڵی كڕیونی كە كتێبی مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەلسەفی بوون، خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانە ئاسۆی بیركردنەوە و زانیاری ئەویان فراوانتر كردووە، لەناو ئەم كتێبانەشدا ڕۆمانەكانی: مەكسیم گۆركی، هەمینگوای، نەجیب مەحفووز و نووسینەكانی چیخەڤ و شەكسپیر و تۆفیق ئەلحەكیم و بردناشۆ و برتۆڵد ڕسڵ و خالید محەمەد خالید هەبوون.

 

* سەرەتاكانی نووسین

سەرەتا بە شیعر دەستی پێكردووە، ئەگەرچی ئەو شیعرانەی لەلای خۆی نەپاراستووە، بەڵام وەڵامدانەوەی مەتەڵەكانی گۆڤاری هەتاو بە شیعر وەك هەوڵی شیعرنووسین لەو گۆڤارەدا ماون، بگرە هەوڵی داوە ئەو زمانە شیعرییە لە چیرۆكەكانیدا نزیك بخاتەوە، ئەوەش بە ڕوونی لە كۆچیرۆكی (بازنە) و ڕۆمانی (درز)یشدا دیارە، بۆیە هەوڵە سەرەتاییەکانی نووسینی كاكەمەم بۆ نیوەی دووەمی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابوردوو، واتە ساڵی ١٩٥٦ دەگەڕێتەوە، كە بە نووسینی سادە و ساكار دەستی پێ كردووە، دوایی بەهۆی دەركردنی ژمارە سەرەتاییەكانی گۆڤاری (ئامانجی قوتابیان) كە بە نهێنی، لقی كەركووكی یەكێتیی قوتابیان دەری كردووە و بە دەست نووسراوەتەوە و پەخش كراوە، ئەو لێرە هاتووەتە پێشەوە و وتاری تێدا نووسیوە، زۆربەی باسەكانی ئەو بڵاوكراوە نهێنییە، پێوەندییان بە زمان و خوێندنی كوردی و وانە وتنەوە بە زمانی كوردییەوە هەبووە، بەڵام یەكەم بەرهەمی سەرنجڕاكێشی ئەدەبی خۆی بەناوی (بەسەرهاتی كنێر) ساڵی ١٩٥٧ لە گۆڤاری (هەتاو)دا بڵاوكردووەتەوە، دواییش چەند نووسینێكی تری بەدوادا هاتووە، هەموو ئەو نووسینانەشی بەناوی خوازراوی (ڕاپەر) و (ڕاپەر بۆتانی) و (خاتوو زین) بوون، ئەم یەكەم چیرۆكەشی وەك (ڕەئووف حەسەن) دەڵێ: سەرەتایەكە بۆ بەكارهێنانی (مۆنۆلۆگی ناوەوە) لە چیرۆكی كوردیدا.

 

* كاكەمەم بۆتانی وەك نووسەرێكی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر

كاكەمەم بۆتانی پێی وابوو كورد سوودی لە هەڵەكانی دوای یەكەمین و دووەمین جەنگی جیهانی وەرنەگرتووە، بۆیە بووینەتە ئاردی ناو دڕكان، ئەو دەیگوت بەرهەمی ئەدەبی و ڕووناكبیریی گەلانی ژێر دەست و بێ قەوارەی سیاسی وەك ئێمەی كورد و بلووج و ئەمازیغی تا ڕزگاری نیشتمانی و بەدی هێنانی یەكێتیی خاك و نەتەوە، پێویستە ببێتە یاریدەدەری خەباتی سیاسی ئاشكرا و نهێنی، بەڵام لە ئەدەبدا نابێ ئەو خەباتە سیاسییە ببێتە دروشمی زەقی دوور لە هونەر و داهێنان، بەڵكوو ئەدەبێك بێت لە هەست و نەست و خولیا و خەون و ئاواتی نەتەوەییەوە نزیك بێت، ئەو کە كەسێكە لەسەر خاكێكی لەتوپەت كراو و داگیركراوی ژێر پۆستاڵی داگیركەراندا ژیاوە، ئەوەی لە مێژووی هەمەجیشدا نەدیتراوە، بەو خاك و نەتەوەیە كراوە، بۆیە (شوێن) لە كارەكانیدا، ئەو خاك و وڵاتەیە و وەك تیمەی سەرەكی و لە بەرگێكی هونەریدا خراوەتە ڕوو، كە ڕووشی لە دنیای چیرۆكنووسیی كردووە، زۆر سوودی لە ڕێنماییەكانی مامۆستایان: د. مارف خەزنەدار و د. جەمال نەبەز وەرگرتووە، چونكە ئەوکاتە ئەوانە لە قوتابخانە ناوەندییەكانی كەركووك بوون و وانەیان پێ گوتووەتەوە، ئەوە لە پاڵ بەهرە و مەیلی خۆیشی بۆ هونەری چیرۆكنووسین، بۆیە كە كەوتووەتە ئەو بوارەوە، هەر پەیڕەی ئەو ڕێچكە و ڕێبازەی كردووە، لەبەر ئەوەیشە بەرهەمەكانی سەرومڕ لە بازنەی كوردایەتیدا دەخولێنەوە، ڕۆمانەكانی زیاتر لەناو ڕووداوەكان، بە تایبەتی ڕووداوە سیاسییەكان كاریان كردووە و ڕسكاون، لەو ڕووداوانەوە سەرچاوەیان گرتووە، شاكەسەكانی ئەو ڕۆمانانە لەناو ئەو ئاسۆ فراوانەدا هەڵسوكەوت دەكەن و دەسووڕێنەوە، بۆیە هەمیشە پێی دەگوتم من قەرزاری سیاسەت نیم، بگرە سیاسەت قەرزاری منە، چونكە نەك هەر ژیانم، بگرە بیر و بەرهەمی ئەدەبییشم لە قەبەڵ كردووە و بەردەوامیش لە قەبەڵی دەكەم.

 

* بانگەوازی ڕوانگە، قەڵەمە نوێخواز و یاخی بووەکانی کۆکردەوە

بارودۆخی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابوردوو و ڕەشبگیری و ڕاوەدوونانی نیشتمانپەروەران و دژایەتی كردنی زمان و چاپەمەنی كوردی لەلایەن دەسەڵاتە شۆڤێنییەكانەوە، كارێكی وای كرد کە بە درێژایی ئەو ساڵانە، ئەدەبیات و داهێنان و زمانی كوردی لە قاوغێكی بەرتەسك چەق ببەستێ و ببێتە بیابانێكی وشكەڵاتوو كە بە ڕۆژگارێكی تاریكی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتی كوردی دەژمێردرێ، ئەوكاتەی کە سستی و خامۆشی باڵی بەسەر ئەدەبیاتدا كێشابوو، كاكەمەم بۆتانی و هاوڕێ داهێنەرەكانی: شێركۆ بێكەس و حسەین عارف و جەلالی میرزا كەریم كە لە بەغدا بوون بیریان لە بزاڤێكی نوێخوازانە كردەوە، كاكەمەم بۆتانی لە ساڵی ١٩٧٠ یەكێك بوو لەو چەند كەسەی بانگەوازی ڕوانگەیان ئیمزا كرد كە ئەو بانگەوازە ئەدەبییە هەناسەدانێكی نوێخوازانەی گرنگ بوو بۆ ئەو سەردەمە، ئەوان شەوانە گفتوگۆیان لە بارەی ئەو بارودۆخە ئەدەبییەی ئەوساكە كردووە، تا شێركۆ بێكەس گەڵاڵەنامەیەكی بە ناوی (بانگەوازی ڕوانگە) نووسیوە و نیشانی هاوڕێكانی داوە، دوای پێداچوونەوە و دەستكاریكردن و پەسندكردنی، بڵاویان كردووەتەوە، بەڵام شێركۆ بێكەس زیاتر مۆركێكی شیعری بە بانگەوازەكە داوە و كەمتر بەلای نوێکردنەوەی چیرۆكدا چووە. ئەو بانگەوازە لە كاریگەری بەیانی شیعری ١٩٦٩ی عێراق و قوتابخانە و تەوژمە ئەدەبییەكانی ئەورووپا و بەرهەمەكانیان، بانگەوازی سریالییەكان و جووڵانەوە ئەدەبییەكانی فەڕەنسا بە دوور نەبوو، ئەوانە تێكڕا كە ئەدەبیاتی عێراقیان هەژاندبوو، كاریگەری لەسەر ئەدەبیاتی كوردییش دانابوو، بە تایبەتیش وەك دەزانین ساڵی ١٩٦٩ نووسەر و ئەدیبە كوردەكان شەوانە لەگەڵ نووسەر و ئەدیبە عەرەبەكان لە یانەی (عەدلیە) دانیشتوون، بەهۆی چالاكی چەند شاعیر و ئەدیبێكی عەرەبەوە كە لە بەغدا بوون، لەوانە (فازڵ عەزاوی) و (موئەیەد ئەلڕاوی) كە هەردووكیان هاوڕێی سەردەمی ژیانی كەركووكی كاكەمەم بۆتانی بوون، ئەوانە پێكەوە گفتوگۆیان لە بارەی بارودۆخی ئەدەبی كردووە، كە پێشتریش ئەو دووانە لە گرووپی كەركووك بوون و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سڕبووی ئەدەبی عێراقی كاریان كردووە. دەركردنی (بانگەوازی ڕوانگە) تەنیا بیروڕا و بۆچوونی ئەو چەند ئەدیب و نووسەرە نەبوو كە ئیمزایان كردبوو، بەڵكوو هەر ئەدیبێك كە دەیخوێندەوە كاری تێ دەكرد، هەموو ئەدیب و قەڵەمە نوێخواز و یاخی بووەکان لەگەڵ بانگەوازەکە بوون، تەنانەت هەندێک لەو قەڵەمانە ڕەخنەیان لەوە دەگرت کە لە بانگەوازەکەدا کەم وتراوە و بە باشی پەیامەکەی نەپێکاوە، ئەوە لە کاتێکدا بانگەوازی ڕوانگە هیچ تخووب و سنوورێکی بۆ نوێکردنەوە نەکێشابوو، هیچ مەرجێکی بۆ تازەکردنەوە دانەنابوو، بۆیە وتراوە ئەو ئەدیبانەی بڕوایان بە نوێخوازی هەیە، با خۆیان بە خاوەنی ئەو بانگەوازە بزانن، لەبەر ئەوەیە دەڵێین بانگەوازەکە موڵکی هەموو نوێخوازێک بووە، بەڵام نەیارەکانی ڕوانگە دەگەڕان لاوازترین بەرهەمی ئەدیبە لاوەکانیان  وەک نموونەی ئەدەبەکە دەهێنایەوە بۆ سەرکوتکردن و لێدانی ڕوانگە، خۆیان لە قەرەی دەقە جوانەکان نەدەدا و خۆیان لێیان نەبان دەکرد، بەڵام ئەو چەند ئەدیب و نووسەرە ویستیان بە بانگەوازێك ئەو بەرهەمانەی خۆیان بخەنەڕوو كە بەهۆی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی بڵاونەكرابوونەوە، ئارەزووی زۆریان بۆ نوێكردنەوەی ئەدەبیات، لەولاشەوە بەهۆی ژیانی ڕۆژانەیان لە بەغدا كە ئەو چوار كەسەی كۆكردبوویەوە و بەردەوام پێکەوە بوون، ئەو بانگەوازەیان دەركرد، كاكەمەم بۆتانی خۆی دەڵێ: داینەمۆی بانگەوازی ڕوانگە شێركۆ بێكەس و حسەین عارف بوون، كە ئەو بانگەوازە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو.

 

* بەیاننامەی قەڵەمە نەترسەكان

ئەو بەیاننامەیەش لە ساڵی ١٩٧١، دوای بانگەوازی ڕوانگە دەرچوو، كە نزیكەی (٣٠) ئەدیب و نووسەری لاو و دیار ئیمزایان كردبوو کە بۆ پشتیوانی كردن لە مافی ئافرەتان و جاڕدانی یەكسانییان لەگەڵ پیاوان بوو، جاڕدانی بەیاننامەی (ئەی قەڵەمە نەترسەكان یەكبگرن) كە كاكەمەم یەكێك بوو لەوانەی ئیمزایان كردبوو، لەلایەن كۆنەپەرستان و دوژمنانی پێشكەوتنەوە دژایەتی زۆر كرا، تەنانەت كار بەوە گەیشت بەیاننامەیان لەسەر دەربكرێ و داوای كوشتنیان بكەن، بەڵام هەر زوو ڕەوانشاد ئیدریس بارزانی فریاكەوت و داكۆكی لێ كردن و گرفتەكەی بۆ چارەسەر كردن.

 

* كاكەمەم بۆتانی وەك ڕۆژنامەنووس

گۆڤاری شەفەق كە لە شاری كەركووك دەردەچوو، زۆربەی نووسەرانی كوردی دانیشتووی ئەو شارە خۆبەخشانە كاریان تێدا دەكرد، لەوانەش: شەهید مارف بەرزنجی، د. مارف خەزنەدار، عەبدولسەمەد خانەقا، ئیبراهیم ئەحمەد (بلە)، عومەر عارف قابڕەش، (كاكەمەم)یش یەكێك بووە لەوانەی خۆبەخشانە لەو گۆڤارەدا بەردەستییانی كردووە، ماوەیەكیش وەك نوێنەری گۆڤاری (هەتاو)ی هەولێر، لە كەركووكەوە دیسان خۆبەخشانە هەواڵی بۆ كۆكردووەتەوە.

لە (یانەی سەركەوتنی كوردان) لە بەغداش، سەرەتا وەك بەشی كارگێڕی یانەكە بە مانگانەیەكی كەم دامەزراوە، دوایی بەهۆی هاموشۆكردنی نووسەرانی گەورەی كوردەوە، زۆربەیانی ناسیوە، دواتر بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هیوا دانراوە و تا ساڵی ١٩٦٣ بە هاتنی قەومییە شۆڤێنییەكان، گۆڤارەكە ئەو دەورەی نەما و ئەویش لە كارەكە دووركەوتەوە.

 

* کاکەمەم بۆتانی شانۆنامەشی نووسیوە

ڕەنگە كەم كەس بزانێ كاكەمەم بۆتانی هەوڵی نووسینی دەقی شانۆییشی دابێ، چونکە ئەو زیاتر وەك چیرۆكنووس ناسراوە، دوایی وەك بەشی زۆری چیرۆكنووسانی كورد، ڕووی كردووەتە ڕۆماننووسین و ئەو سۆز و مەیلەی بۆ چیرۆكنووسین، یان نەماوە، یان زۆر لە كزی داوە.

 

* كاكەمەم بۆتانی وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی نووسەرانی كورد

كاكەمەم بۆتانی لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی ١٩٦٩ و سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ هاوەڵەكانی یەكێك بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتیی نووسەرانی كورد، كە دواجار لە ١٠/٢/١٩٧٠ بە ڕەسمی مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە.

بە حوكمی ئەوەی ماوەی نزیكەی (١٠) ساڵی چڕ و پڕ و بەردەوام لەگەڵ كاكەمەم بۆتانی ڕێكخراوێكی حەساسی وەك یەكێتیی نووسەرانی كوردمان بەڕێوەبرد، ئەوەندەی من لێی تێگەیشتم ئەوە بوو، ئەو حەزی دەكرد ئەو ڕێكخراوە دوور لە دەستتێوەردانی حزبەكان كاری خۆی بكات و دوورونزیك دەست نەخەنە كاروبارەكانییەوە، چونكە جگە لەوەی ڕێكخراوەكە هیچ ئیعتیبار و هەیبەتێكی نامێنێ، ئەوە دەشبێتە شوێنی ململانێی حزبی و ئەركە نەتەوەییە پیرۆزەكەی خۆی لەبیر دەچێتەوە، دەشبێتە بووكەڵە بە دەستیانەوە و چۆنیان بوێ ئاوای هەڵدەسووڕێنن. منیش كە هەر ئەو بیروڕایەم هەبووە و هەیە، بۆیە هەر زوو پێكەوە بڕیارمان دا حزبایەتی نەیەتە ناو ئیشەكانمانەوە و زیاتر كوردایەتی بكەین، پیشەییانە و ئەوەی چاكە و بۆ نووسین و زمان و ئەدەبیاتی كوردی خێر دەداتەوە ئەوە بكەین، یان پیشەییانە داكۆكی لە ئەندامەكانمان بكەین، ئەو ناو بە ناو دەستی بەرز دەکردەوە و پشتی دەستی پێ نیشان دەدام کە چۆن لە ساڵی ١٩٦٤وە داغی کردووە و تۆبەی کردووە کە ئیدی حزبایەتی ناکات، بۆیە هەر زوو پێكهاتین كە هەر كەسێک و سەر بە هەچ لایەنێكی سیاسی و حزبێكە كە هاتە ناو ماڵی یەكێتیی نووسەرانەوە، بەرگی حزبایەتی خۆی تووڕ بداتە ئەولاوە و لەگەڵ خۆی نەیهێنێتە ناو ئیشوكارەكانەوە، تا دوا هەناسەشی بەو شێوەیە پێکەوە كارمان كرد و بە نەفەسێكی پیشەییانە كارەكانمان ڕایی كرد، تا یەكێتیی نووسەران بكرێتە سەنگەری داكۆكی كردن لە نەتەوە و لە ئازادی بیروڕا دەربڕین و لە خزمەتی ئەندامەكانیدا بێ.

كاكەمەم بۆتانی وەك كەسێكی ئاگادار و بەشدار لە مێژووی یەكێتیی نووسەرانی كورد كە لەم دواییەدا تووشی تەنگژەی دارایی و پشتگوێ خستن بووینەوە، دەیگوت: كە لە ساڵی (٢٠١٠)ـەوە تا ماوەی سێ ساڵ و نیو پاڵپشتیان كردین، كار و چالاكییەكانمان بارتەقای (٤٠) ساڵی تەمەنی ڕابوردووی یەكێتیی نووسەران بوو، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٤)وە، بە هاتنی داعش كە ڕێكخراوەكە فەرامۆش كراو ئاوڕی لێ نەدرایەوە، تا ئەم ساتە پشتگوێ خراوە و كەس بە پیرییەوە نەهاتووە تا كۆنگرەكەی خۆی ببەستێ.

كاكەمەم بۆتانی کە ئەمڕۆ نووسەرێکی ناسراوی کوردستانە، تا ڕۆژی لە دنیا دەرچوونی نزیكەی (٢٠) كتێب و نامیلکەی چاپكراوی لەپاش بەجێ ماوە، چەندان كتێب و نامیلکەی تریشی وەك دەستنووس بەجێ هێشتووە، ئەو كتێبانەی لە بواری هەمەچەشنی نووسیندا بڵاوكراونەتەوە، لەو تەمەنی (٨٣) ساڵ و (٩) مانگ و (١٥) ڕۆژەدا، نزیکەی (٦٤) ساڵی بەكاروباری نووسین و سیاسەت و كاری ڕێكخراوەییەوە خەریك بووە، هەرچەندە لەو هەموو ساڵانەی تەمەنیدا كە خەریكی نووسین بووە، هەندێ جار ڕێككەوتووە بە پاساوی جیا جیا، لە نووسین دابڕاوە، بەڵام دواتر لە پەنای كۆچیڕۆكێك، ڕۆمانێك، بیرەوەری و یاداشتێكی نووسراوەوە، یان لە كاری ڕێكخراوەیی، لە یەكێتیی نووسەرانی كورددا دەركەوتووەتەوە.

 

 

 

* دواوتە

لەم یادەدا پێشنیار بۆ داوودەزگاكانی چاپ و پەخش و هەموو داوودەزگا كولتوورییەكانمان دەكەم، سەرجەمی كتێبە چاپكراو و چاپ نەكراوەكانی ئەو نووسەرە بە چەند بەرگێك بە چاپ بگەیەنن و بیانخەنەوە بەردەستی خوێنەرانی ئەمڕۆ، بە تایبەتی بایەخ بە دەستنووسە چاپ نەكراوەكانی بدرێ و تا زووە ڕووناكی ببینن.

هەر بۆ شاد بوونی گیانی كاكەمەم بۆتانی، چیتر ڕێكخراوی یەكێتیی نووسەرانی كورد كە هەمیشە و تەریب لەگەڵ بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕۆیشتووە و چەندان ئەندامی شەهیدی هەیە، بۆ ئەوەی بە یەكڕیزی بمێنێتەوە، بۆ ڕێزنان لە هەوڵ و ماندووبوونی دەیان كەسی وەك كاكەمەم بۆتانی كە كاریان بۆ كردووە و ساڵی ٢٠١٠ سەرپێیان خستووەتەوە، بە هیمەتی هەموو لایەكیش ڕێگە نەدراوە لەسەردەمی ناكۆكییە سیاسییەكان و شەڕی نەگریسی ناوخۆ دوولەت ببێ و هەر بە یەكگرتوویی ماوەتەوە و كەس زاتی نەكردووە دوو لەتی بكا، ئەوە لە كاتێكدا هەموو ڕێكخراوەكانی دی دوو لەت كران، بۆیە دەڵێم: تكایە.. تكایە ئەو ڕێكخراوە لە ئیفلیجی ڕزگار بكەن و هەرچی زووترە بڕیار لە بەستنی گۆنگرە بدرێ تا دەستەیەكی نوێ، بە گوڕوتینێكی نوێوە بێتە مەیدانی كاركردن، ئەو ژێرخان و هەیكەلەی دروست كراوەتەوە، دوای (١٨) ساڵ لە كاركەوتن، جارێكی دی نەیەینەوە سەر خاڵی سەرەتا و ڕەنج بە خەسار نەبین، پێموایە ئەو هەنگاوەش تەنیا هەنگاوێكە گیانی ڕەوانشاد ئاسوودە دەكات.

لە دوماهیدا.. بەو بۆنە غەمناکەوە، بە ناوی خۆم و هاوڕێیانم لە دەستەی باڵای یەکێتییەکەمان (یەکێتیی نووسەرانی کورد) سەرەخۆشی خۆمان بۆ خانەوادە و کەسوکار و خزم و هاوڕێیان و سەرجەم نووسەران و ئەندامانی یەکێتیی نووسەران و ناوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردی دەردەبڕین.

 

 

* نووسەری ئەو وتارە لە ساڵی (٢٠١٠)ـەوە جێگری سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد/ مەڵبەندی گشتی بووە و ماوەی (١٠) ساڵ پێکەوە کاریان کردووە.

** ئەم وتارە لە ٢٥/ ١٠/ ٢٠٢١ لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی (کاکەمەم بۆتانی)، لە هۆڵی پێشەوا خوێنراوەتەوە.

 

 

ڕانانی: سەردەم

کتێبی زایەڵەی شارێکی سوور، یەکێکی ترە لە کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم کتێبە لە کۆمەڵە چیرۆکێک پێکهاتووە و لە لایەن (شاناز جەوانشیر)ەوە، نووسراوە و هەر یەک لەم ناونیشانانەی لەخۆ گرتووە: (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان، چاتێک بۆ ڕۆژانی پێکەوەبوون، حەوا بە سنوورەکانەوە، تاقانەکەم، شێتی پێناسەیەکی باشە بۆ هەموو شتەکان، سەرما و هەستێکی ناخۆش، کۆڵانی بنبەست، ئەویندار، بەختێکی باش بۆ من، سندووقەک، لە سەدا چەند، بێگانە، زایەڵەی شارێکی سوور، پیاوێک بە دوو دەستی بەتاڵەوە، گوێقوڵاخ، زەوی سەخت و ئاسمان دوور، حەرام حەڵاڵ، قاچاغەکان، لەودیو کراسە گەڵدارەکەمەوە، کۆلارە، هاتنێک لەوبەری زمانەوە، من هەر وا کە بووم مامەوە، هێڵەکان، تێزاب، بەتەمەنداچوونێکی لەناکاو، شەقامەکانی شەو، کۆتایی ڕۆژێکی خۆش، تکایە خێراکەن.)

ئەوەی لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا جێگای سەرنج و تێڕامان و هەڵوەستەکردنە، بوونی زمانێکی هاوبەشە لە نێوان کاراکتەرەکاندا و گەیاندنی ئەو پەیام و ئایدیایانەیە کە نووسەر کاری لەسەر کردوون و هەوڵی داوە بە تەکنیکێکی جوان و دوور لە زۆر لە خۆ کردن وردە وردە خوێنەر ڕۆ بەرێتە نێو دنیای چیرۆکەکانەوە، بە تایبەت کە هەر کام لە چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، هەڵگری تێما و بابەت و تایبەتمەندیی خۆیانن و بە قووڵی لەنێو ژیان و کێشەکانی مرۆڤدا کار دەکەن و بەرجەستەی ئەو دۆخ و سەردەمە دەکەن کە تیایدا چیرۆکەکە دەخولقێت و ڕووداوەکە ڕوودەدات و کاراکتەرەکە لەدایک دەبێت، خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی هەر چیرۆکێکدا، زۆر بە زوویی تێکەڵ بە چیرۆک و ڕووداوەکە دەبێت و ئاشنا دەبێت بە کارەکتەرەکان، چونکە کاراکتەرەکان ئەگەر چی کەسانی بەرجەستەی واقیع و ژیان نین، بەڵام نوێنەرایەتی ئەو مرۆڤ و ژیانە دەکەن کە لە دەرەوەی خەیاڵ و جوگرافیا  وسنووری چیرۆکەکان هەن.

ڕەنگە هەموان هاوڕابن لەسەر ئەو دید و بۆچوونەی کە پێی وایە هونەری چیرۆکنووسین، بە تایبەت نووسینی کورتە چیرۆک، یەکێک لە هونەر و شێوازە نووسینە سەختەکان و پێیوست دەکات نووسەرانی ئەم هونەرە لە گێرانەوە زۆر بە وریایی و هەستیارییەوە مامەڵە لەتەک ڕەگەزە بنچینییەکانی چیرۆکدا بکەن، بە تایبەت ڕەگەزەکانی کات و شوێن، کاراکتەر و ڕەهەندەکانی کاراکتەر، ڕوودا و تەکنیک و زمان، هاوکات دروستکردنی فەزایەکی ئەوتۆ کە خوێنەر پابەند بکات بە مانەوەی لە ناو چیرۆکەدا و ئەو هەستە قووڵەی لە لا دروست بکات، کە بەشبەحاڵی خۆی یەکێکە لە کاراکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە و لە ڕووداوەکاندا کاریگەری و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە.

گەر بمانەوێت لەسەر ڕەهەندەکانی یەک بە یەکی چیرۆکەکانی نێو کتێبی (زایەڵەی شارێکی سوور) بنووسین و قسە لەسەر ئاست و پێکهاتە و جیاوازی و خالە هاوبەشەکانیان بکەین، ڕەنگە مەودای کاتێکی زیاترمان پێویست بێت و هاوکات بە وردەکارییەکەی تیۆریانەوە یەک بە یەک، لە ناونیشانەوە، تا دەگات بە ئاست و پێگە و بوون و گرنگیی کارەکتەرەکان قسە بکەین، بۆیە لێرەدا بە باشی دەزانین لەسەر یەکێک لە چیرۆکە جوانەکان، هاوکات غەمگین و تراژیدییەکانی نێو ئەم کتێبە بنووسین و دنیاکەی بە خوێنەری تامەزرۆی چیرۆک ئاشنا بکەین، ئەویش چیرۆکی (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان)ە، لە ڕاستیدا سیحری جوانیی ئەم چیرۆکە تەنها لە تێما غەمگین و کارەکتەرە هەژار و پەراوێزنیشینەکاندا نییە، بەڵکو بەشێکی بۆ سادەیی، جا لە سادەیی زمانەوە بیگرە تا دەگات بە سادەیی خودی کاراکتەرەکان دەگەڕێتەوە.

ئەم چیرۆکە لە بنەڕەتدا بە شێواز و فۆڕمی نامە نووسراوە، نامەیەک کە تیایدا هەم کەسایەتی پێناسە کراوە، هەم شوێن و کێشە و ڕووداوەکان هێدی هێدی و لە ماوەی گێڕانەوەی نێو نامەکەدا ئاشکرا دەبن، ئەم فۆڕمە لە گێڕانەوە لە چوارچێوەی نامەدا، لە دنیای ئێستای ئەدەبیاتدا بە یەکێک لە شێوازە سەختەکانی نووسین ناو دەبرێت و نووسەرێکی کارامە و شارەزای گەرەکە بتوانێت هونەریانە ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان بەرجەستە بکات، خۆشبەختانە لەنێو چیرۆکی (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان)دا، هەست بە چێژی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە چیرۆکەکەش دەکەین.

نامەکە بە ناوی کەسێکەوە نووسراوە و ئیمزای (حەمەبچکۆلی لەسەرە) سەرەتا خوێنەر وا هەست دەکات حەمە بچکۆل، کەسێکی منداڵە و چاوەڕوانییەکی جیاواز لای خوێنەر دروست دەکات کە ئەگەر منداڵێک نامەکەی نووسیبێت ڕەنگە ئاقاری چیرۆکەکە بەرەو شوێنێکی دی بڕوات، دواتر تێدەگەین کە نەخێر، ئەوەی نامەکەی نووسیوە کەسێکە لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا، لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشین و دوورەدەستەکانی شاردا دەژی بە ناوی (گەڕەکی مەجبوراوا) لەو گەڕەکەدا کۆمەڵێك خێزانی هەژار و بێدەرەتان گوایە بە نایاسایی خانۆچکەیان دروست کردووە و تیایدا دەژین، بەڵام سەرۆکی شارەوانی لە ڕۆژنامەوە ئاگادارییەکی بڵاوکردۆتەوە و داوای کردووە کە ئەو ماڵە هەژار و دەستکورتانە شوێنەکە چۆڵ بکەن و ئەمان بیڕۆخێنن و پڕۆژەی دیکەی لێ بنیاد بنرێت، لە نامەکەی حەمە بچکۆلدا بە قووڵی باری دەروونی و ڕۆحی کەسە هەژارەکان وێنا کراوە کە لە سیستەمی چینایەتیدا هەژارەکان هیچ مافێکی ژیانیان نییە و هەموو شتێک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداراندایە.

هێدی هێدی بەدەم خوێندنەوەی چیرۆکەکەوە خوێنەر تێدەگات کە نووسەری نامەکە کەسێکە کاتی خۆی کرێکاری بیناسازیی بووە و لە یەکێک لە باڵەخانە بەرزەکانی تارانی پایتەختی ئێران کەوتووەتە خوارەوە و تووشی ئیفلیجی بووە، ئیفلئج بوونی نووسەری نامەکە دەبێتە هۆی ئیفلیج بوونی کۆی خێزانەکە و منداڵەکانی و هاوسەرەکەی پەراگەندەی بازاڕ و کۆڵانەکان دەبن بۆ سواڵکردن تا نانێک پەیدا بکەن و نەمرن لە برساندا، حەمە بچکۆل سەرەتای ئیفلیج بوونەکەی کە لە لایەن خاوەن کارەوە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت، دەکەوێتە هەڕاجکردنی کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکەی و ئومێدەوار دەبێت بەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر پێیەکانی خۆی دەوەستێت و دەکەوێتەوە کارکردن و قەرەبووی ژیانی کولەمەرگی ئەو ماوەی خێزانەکەی دەکاتەوە، بەڵام دواتر تێدەگات کە هیچ هوایەک بۆ باشبوون نییە.

ماڵ و خێزانی حەمە بچکۆل، لە گەڕەکی مەجبوراوا، ناچارترین ژیانێکە کە تەنها لەبەر زیندوو مانەوە لەوێن، دەنا هیچ مەرجێکی ژیان و ئەمنیەت و تەندروستی تێد نییە، ژنەکەی لە مەزرا و کێڵگەکان کار دەکات، کچ و کوڕکەشی لەگەڵ خێڵە قەرەچەکاندا فێری سواڵ دەبن و بە ناچاری واز لە خوێندن و قوتابخانە دەهێنن، بەڵام شارەوانی چاوی بڕیوەتە ئەو (کونە سەگە) و خەڵکە هەژار و بێ خانەولانەکە بە ئاژاوەگێڕ و داگیرکەری موڵکی گشتی تاوانبار کردووە.

لەم چیرۆکەدا نووسەر بە شێوەیەکی قووڵ و ورد وێنای ئەو نائومێدییەمان بۆ دەکێشێت کە مرۆڤ لە سیستەمی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی چینایەتیدا تووشی دەبێت، نامۆییەک کە لە هیچ جۆرە نامۆییەکی دیکە ناچێت، دیمەنی ئەو منداڵە چڵکن و برسیانەمان پیشان دەدات کە دوور لە قوتابخانە و خێزان، لە بازاڕێکی بێ ڕوحمدا گەورە دەبن، وەرگرتنی پەروەردەی بازاڕ و گەورەسالارەکانی کۆمەڵگە لە لایەن منداڵە هەژارەکانەوە، هەم داهاتووی مرۆڤەکان، هەم کۆمەڵگەش دەخاتە بەردەم مەترسییەوە و نەوەیەکی ناتەندروست بۆ داهاتووی کۆمەڵگە گەورە دەبن، لە بازاڕدا منداڵان کە خاوەنی هیچ شتێک نین، نە هێز و نە سەرمایە، دەبنە ئامڕازێکی خۆشدەست بۆ بەرژەوەندیی گەورەکان و دوا جار کەسانی شەڕانی و توندوتیژ و قومارچی و درۆزنیان لێ دەردەچێت، کە ڕەنگە پێش خێزانەکانیان، خودای خۆیان باجی سەخت لەسەر لادانەکانیان بدەن.

بە گشتی سەرجەم چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە جوان و سەرنجڕاکێشن، لێ چیرۆکی (نامەیەک بۆ جەنابی شارەوان) ڕەهەندی زیاتری هەیە و دەکرێت گرنگترین و بنچینەییترینیان ڕەهەندی پەروەردەیی بێت، کە دواتر بێمنەتیی دەسەڵات و دڵڕەقی کۆمەڵگەی چینایەتیشمان پیشان دەدت.

ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی چیرۆکەکان، بە دڵنیاییەوە خوێنەر خۆی لە ساتی خوێندنەوەیاندا بەر قوڵایی و مەودای جوانیی پتر دەکەوێت.