بۆچی بلیمەتەکان هاوسەرگیری ناکەن؟
رۆڵی ئافرەت بۆ بەگەڕخستنی پرۆسەی ئەفراندن، لای کەسی داهێنەر و بە تایبەت لای پیاوە بلیمەتەکان چییە؟ بە شێوەیەکی خێرا دەکرێت بڵێین لای بلیمەتەکان دوو هەڵوێست هەیە: یەکەمیان بایەخدانێکی زۆرە بە ئافرەت، دووەمیان پشتگوێخستنێکی تەواوی ئافرەتە. زۆرجار هەڵوێستی بلیمەتە توندڕەوەکان، پێچەوانەی هەڵوێستی خەڵکانی سادەو خاکییە. بۆ نموونە ئەگەر تەماشای ژیانی فەیلەسوفە گەورەکانی وەک دیکارت یان کانت بکەین، دەبینین ئافرەت رۆڵێکی ئەوتۆی نەبینیوە شایەنی باسکردنبێت، دیکارت پەیوەندی تەنها لەگەڵ خزمەتکارەکەیدا هەبووە. بەڵام پێدەچێت چەندین عەشیقەی هەبووبێت.
سپینۆزا لە سەرەتای قۆناغی گەنجیدا، کچێکی خۆشویست، بەڵام خانەوادەی کچەکە، بەم خۆشەویستییە رازینەبوون و کچەکەیان دا بە کەسێکی دیکە. ئیدی سپینۆزا ببڕای ببڕ جارێکی دیکە خۆشەویستی دووبارە نەکردەوە، بەسەر خۆشەویستە غەدرلێکراوەکەیدا نوشتایەوە، وەک ئەوەی بەسەر گەنجینەیەکدا کەوتبێت کە بە درێژایی ژیانی بیژییەنێت و بە هانایەوە بچێت. کەچی جان جاک رۆسۆ، هەموو ژیانی لەگەڵ ئافرەتێکدا بەسەر برد کە خۆشینەدەویست، رۆسۆ ئافرەتێکی دیکەی خۆشدەویست یەک رۆژ چییە لەگەڵیدا نەژیا، بگرە تەنانەت بۆ یەک جاریش چییە پەنجەی بەر جەستەی ئەو ئافرەتە نەکەوتووە. هەرچی کانت-ە، وا ناسراوە پەیوەندی لەگەڵ هیچ ئافرەتێکدا نەبووە! بەم جۆرە تەواوی ژیانی خۆی بۆ گەڵاڵەکردنی ئەو فەلسەفە رەخنەییە مەزنە تەرخانکرد کە زیاد لە دوو سەد ساڵە، تا رۆژی ئەمڕۆش، کۆنترۆڵی خۆرئاوای کردووە. دەڵێن کانت جارێکیان سەرسام بووە بە ئافرەتێک، پاشان بە جۆرێک سەرقاڵی نووسینی یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی بووە، ئافرەتەکەی لەبیرچووەتەوەو ئاگای لێنەماوە، کاتێک لە نووسینی کتێبەکەی تەواوبووەو بە ئاگاهاتووەتەوە، ویستویەتی بڕوات بۆ لای ئافرەتەکە، دەبینێت ئافرەتەکە هاوسەرگیری کردووەو منداڵیشی هەیە!
سەبارەت بە نیتچەی فەیلەسوف، خانمی تەڵەکەباز و عەیار “لۆ ئەندریا سالۆمی”، ژیانی نیتچەی وێرانکرد، نیتچە “پۆل ری” هاوڕێی نارد تا ئەو خانمەی بۆ مارە بکات، ئەم فەیلەسوفە مەزنە بێئاگابوو لەوەی ئەو هاوڕێیەی، بە جۆرێک شێت و شەیدای “سالۆمی” بوو، لە پێناویدا خۆی کوشت! جارێکی دیکە نیتچە سەرسامدەبێت بە ئافرەتێکی دی، یەکێک لە ناسراوەکانی دەنرێت تا قسەی لەگەڵدا بکات و باسی مەسەلەی مارەبڕینی بکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت ئەو ناسراوەی کە ناردوویەتی قسە لەگەڵ ئافرەتەکەدا بکات، هاوسەری شەرعی ئافرەتەکە بووە! بەڵام کێ دەتوانێت لەسەر ئەو هەڵە سادانە، گلەیی لە نیتچە بکات؟ بە راشکاوی ئەوەی بۆ نیتچە ئاسایی و رێگەپێدراوە، بۆ کەسانی دیکە ئاسایی و رێگەپێدراو نییە.
بەشێوەیەکی گشتی بلیمەتەکان نە هاوسەرگیری دەکەن و نە منداڵ دەخەنەوە، ئەوان ژیانی خۆیان بە تەواوی تەنها بۆ یەک شتی دیکە تەرخان دەکەن، ئەو شتەش بریتییە لە کتێبە فەلسەفییەکانیان یان شاکارە ئەدەبییەکانیان. ئێمە چ سودێکمان لە کانت دەبینی ئەگەر هاوسەرگیری بکردایە و منداڵی بخستایەتەوەو خێزانێکی بەخێوکردایە، خێزانێک بڕستی لەبەر ببڕیایەوەو مەشغوڵی بەخێوکردنی ئەوان بوایە و کاتی بۆ نووسینی بەرهەمە نەمرەکانی نەبوایە؟ منداڵەکانی دەژیان و دەمردن و هیچ شوێنەوارێکیان لە دوای خۆیان بەجێنەدەهێشت، کەچی بەرهەمە فەلسەفییە مەزنەکانی، کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر کرد و دوای خۆشی بۆ هەتا هەتایە دەمێننەوە. هەرگیز کتێبی رەخنە لە عەقڵی پەتی نامرێت. هەمان شت بۆ دیکارت و سیپینۆزاو شۆبنهاوەرو نیتچە و سارتەر راستە.
بەڵام پەیوەندی شاعیران و هونەرمەندان بە ئافرەتەوە، ئەوا هەرگیز کۆتایی نایەت. لە راستیدا زۆر بە دەگمەن رێدەکەوێت ژیانی شاعیر، عەشقێکی گڕگرتوو یا خۆشەویستییەکی شێتانەی تیانەبێت. زۆرجار ئەو خۆشەویستییە، رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە بەخشینی ئیلهام بە شاعیرەکە و دەرکەوتنی بلیمەتییە شاراوەکەی. لێرەدا هێندە بەسە چیرۆکی ریلکە، لەگەڵ ئەو خانمە روسییە قەشەنگەدا بگێڕینەوە کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا نیتچە شێت و شەیدای ببوو. ریلکە لە هەڕەتی گەنجیدا، واتە لە تەمەنی بیست ساڵیدا، سالۆمی ناسی، بەڵام ئەو خانمە لەو کاتەدا ئافرەتێکی پێگەیشتوو بوو، تەمەنی چل ساڵ بووە، ریلکە گرێ دەرونییە رەگداکوتاوەکەی کرایەوەو بلیمەتییەکەی تەقییەوەو وەک ئاگر گڕیگرت. جگە لە چیرۆکی ریلکە، چیرۆکێکی دیکە هەیە کە تایبەتە بە چیرۆکی ئەلفرێد دۆ مۆسییەی شاعیر، لەگەڵ ئەو خانمە نووسەرە بەناوبانگەی هێندە حەزی لە تەحەدیی بوو، ناوی پیاوێکی لەخۆی نابوو، بێگومان ئەو خانمە نووسەرە جگە لە جۆرج ساند کەسێکی دیکە نییە. ئەلفرێد دۆ مۆسییە تا بڵێی جۆرج ساندی خۆشدەویست، ئەویش سەرەتا مۆسییەی خۆشویستووە، وەلێ زۆر بەخێرایی واز لە مۆسییە دەهێنێت و کەسێکی دیکەی خۆشویست. مۆسییە بە درێژایی شەو تا بەرەبەیان، چاوەڕێی ئەوە بوو جۆرج ساند لە سەهرەو رابواردنی شەوانی، لەگەڵ خۆشەویستەکانی بگەڕێتەوە. مۆسییە چەندین سەعات لە چاوەڕێی گەڕانەوەیدا، حەسرەتی دەخوارد و ئاه و ناڵەی هەڵدەکێشا، ئا لەو کاتانەداو لە دیوانی (شەوانی مۆسییە) هەندێک لە جوانترین شیعری رۆمانسی فەرەنسی لە سەدەی نۆزدەهەمدا نووسی. چونکە ئازاری عشق و خۆشەویستی زۆر بە سودە بۆ شاعیرو هونەرمەند، بەهرەو بلیمەتییەکەی دەردەخات. ئەگەر “ولادەی کچی ئەلمستکفی” نەبوایە کە ئیبن زەیدونی وێران و هەلاهەلا کرد، ئایا ئێمە دەبوینە خاوەنی جوانترین قەسیدەی خۆشەویستی لە شیعری عەرەبیدا(1)؟
پێدەچێت سەرکەوتن لە خۆشەویستیدا، لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر داهێنان، کەواتە سڵاو لە فەشەل و لە هیجران، سڵاو لە نەگەیشتن و لە فیراق، هاوڕێیان فرمێسکەکانتان بسڕن! لەوانەیە خراپەیەک باشەیەکی لێبکەوێتەوە. راستە سەرنەکەوتن لە خۆشەویستیدا، لەدوای خۆیەوە دونیایەک لە خەم و خەفەت و وێرانەو نامورادی بەجێدەهێڵێت، راستە تێکتدەشکێنێت و بڕستت لێدەبڕێت، راستە (هیچ شتێک هێندەی مردنی خۆشەویستی سارد نییە) وەک ئەوەی رۆمی شنیدەر وتوویەتی دوای ئەوەی ئالان دیلۆن بەجێیهێشتووە. وەلێ لە ناوەوە پاکژت دەکاتەوە، لە ناخەوە پاکتدەکاتەوە، واتلێدەکات هەزارجار لە پێشتر باشتربیت. ئایا ئەوە دەستکەوت نییە؟ مرۆڤایەتییەکەت قووڵتر دەکات، غرورو لوتبەرزیت کەمترو سوکتر دەکات و رۆژ دوای رۆژ دەبێت بە گەنجینەیەکی شاراوە. ئا بەم مانایە، شکست لە خۆشەویستیدا، زۆرترین جۆری خۆشەویستی سەرکەوتووە لە مێژودا! هەرچۆنێکبێت چیرۆکی خۆشەویستییە گەورەکان، زۆر بە دەگمەن سەرکەوتن بەدەستدێنێت. سەرکەوتنەکەی لەوەدایە کە رویداوەو ئاگری ناخی داگیرساندووە. تەنها روودانی وەک موعجیزەیەک وایە. هەموو رۆژێک چیرۆکێکی خۆشەویستی گەورە روونادات، خۆزگە رویبدایە. خۆشەویستی جەرگبڕ یان خۆشەویستی کوشندە، وەک ئەوەی فەرەنسییەکان دەیڵێن، لە ژیاندا تەنها یەکجار روودەدات، ئەمە ئەگەر رووبدات! تەنها نوخبەیەکی تایبەت ئەم بەختە مەزنەو ئەو شەرەفە گەورەیەیان پێدەبڕێت. تەماشای دانتی و بیاتریس، بێترارک و لۆرا، لەیلاو مەجنون، هۆڵدەرلین و سۆزان، رۆمیۆو جۆلێت، ئیبن زەیدون و ولادە…هتد بکەن. دەکرێت سەبارەت بەم بابەتە قووڵەی ناو ناخ، درێژە بە قسەکانمان بدەین و تا ناکۆتا هەر نەیبڕینەوە. وەلێ ئەوەندە بەسە، ئێمە ئێوەمان بێزار کرد، بمانبوورن!
هەنووکە رێگەمبدەن ئەم پرسیارە بخەمەڕوو: بۆچی زۆرینەی فەیلەسوفە گەورەکان رەبەن بوون؟ بۆچی وەک خەڵکانی دیکە خێزانیان پێکنەهێناو منداڵیان نەخستەوە؟ لەو فەیلەسوفە گەورانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە، باسکاڵ، دیکارت، سپینۆزا، ڤۆڵتێر، جان جاک رۆسۆ، کانت، کیرکیجارد، نیتچە و دەیانی دیکە. ئەو ئەدیب و هونەرمەندە گەورانەی کە خێزانیان پێکنەهێناوە، لەوانە: سەتندال، بلزاک، فلۆبێر، بۆدلێر، رامبۆ، رێنیە شار، بتهۆڤن و چەندانی دیکە. وەڵامی پرسیارەکە ئەمەیە: ئەوانە لە لایەکەوە ئەنانی و خۆپەرست بوون، لەلایەکی دیکەوە شەیدای نووسینی بەرهەمەکانیان بوون. تۆ ئەگەر بەرپرسی خێزانێکی گەورەی پڕ منداڵ بیت، ناتوانیت خۆت بۆ کارە فیکرییەکانت تەرخان بکەیت. یا ئەمەیان یا ئەوەیان. تۆ ناچاریت یەکێکیان هەڵبژێرێت. مارکس لە یەکێک لە ساتە سەختەکانی نەبوونیدا وتوویەتی: ئەوەی بیەوێت بەرگری لە کێشە گشتییەکان بکات و بەرپرسیاریەتی گەورە هەڵگرێت، پێویستە لەسەری هاوسەرگیری نەکات و منداڵ نەخاتەوە. مارکس کاتێک ئەو قسەیەی کردووە، بیری لە حاڵ و گوزەرانی خۆی کردووەتەوە، ئەو بە خۆشەویستی هاوسەرگیری کردبوو. بەڵام کێشەی مادیی فشاری زۆری خستبووەسەر، بگرە لەبەر خراپی باری دارایی کە تا ئاستی نەبوون بووە، پشتی شکابوو. ئەگەر “ئەنگلز”ی هاوڕێی نەبوایە، ئەوا شتێک روویدەدا کەس دڵی پێخۆش نەبوو. منداڵەکانی چەند بە دەست نەبوونی و نەخۆشی و بگرە برسییەتییەوە ناڵاندویانە. هەندێکجار نەیتوانیوە قوتوویەک شیر بۆ منداڵە شیرەخۆرەکەی بکڕێت. ئا لەم حاڵەتەدا نەفرەت لە هاوسەرگیری ناکەیت؟ خۆت بە تاوانبار نازانیت؟ چونکە خێزانێکت دروستکردووە، کەچی ناتوانیت بچیتە ژێر باری هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی ئەو خێزانەوە. هەمو ئەوە دووری دەخستەوە لە خۆتەرخانکردن بۆ تێکۆشانەکانی و نووسینی بەرهەمەکانی.
بەڵام فەیلەسوفی رەبەن، هیچ یەکێک لەو کێشەو وەسوەسانەی نییەو بە دەستیانەوە ناناڵێنێت. ئەو تەنها بەرپرسە لە خواردنی خۆی. ئەگەر هەندێکجار برسی ببێت، بەلایەوە زۆر ئاساییە لەوەی منداڵەکانی لە بەردەمیدا برسییان بێت. برسیبوونی منداڵ شتێکە کەس بەرگەی ناگرێت. بەڵێ رەبەنی پەراوێزێکت لە ئازادی بۆ دەڕەخسێنێت کە بە پارە ناکڕدرێت. دەتوانیت ئەو پەراوێزە بۆ نووسین و داهێنان تەرخان بکەیت. تەنها ئەو رۆشنبیرە دەوڵەمەندەی لە خێزانەکەیەوە سەروەت و سامانێکی زۆری بە میرات بۆ ماوەتەوە، مافی ئەوەی هەیە هاوسەرگیری بکات. بەڵام رۆشنبیری هەژار، هەرگیز بۆی نییە ئەم گەمژەیی/ حەماقەتە ئەنجامبدات. بەم مانایە هیچ وتەیەکی کاریگەر شکنابەم، جگە لەم وتەی سیوران-ی شاعیر کە دەڵێت: منداڵەکانم کە نەمخستوونەتەوە، ئاخۆ لەسەر ئەوە چەند سوپاسم دەکەن؟
مەسەلەکە لای نیتچەی مامۆستامان دەگاتە ئەو ئاستەی بڵێت شتێکی شەرمهێنە فەیلەسوف هاوسەرگیری کردبێت و تەێەوری ئەوە ناکرێت. نیتچە بە دروستی دەڵێت: (فەیلەسوفی راستەقینە هاوسەرگیری رەتدەکاتەوەو بە ترس و تۆقاندنەوە لێیڕادەکات. بۆچی؟ چونکە هاوسەرگیری دەبێتە بەربەستێکی تاقەتپڕوکێن و رێگرە لەوەی بگاتە لووتکە: لووتکەی فیکرو داهێنان). پاشان نیتچە ئەم پرسیارە دەخاتەڕوو: ئەو فەیلەسوفە گەورەیە کێیە کە تا ئێستا هاوسەرگیری کردووە؟ هەر هەموویان لە هیراقلیسەوە بۆ ئەفلاتون بۆ دیکارت و سپینۆزاو لایبنتیز و کانت و شۆبنهاوەر، رەبەن بوون، هیچ یەکێک لەوانە ژنی نەهێناوە. بگرە لەوەش زیاتر ناکرێت وا لێیان بڕوانین کە هاوسەرگیریان کردووەو خاوەن منداڵن، چونکە فەیلەسوفێک هاوسەرگیری کردبێت، هیچ نییە جگە لە بوکەڵەیەک یان مەهزەلەیەک زیاتر. هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ نەخستنەوەی منداڵ، ئەویش ئەوەیە زۆربەی زۆری فەیلەسوفە گەورەکان، لە ژیانی شەخسی خۆیاندا، هەمیشە راونراون و تەنگیان پێهەڵچنراوە، بگرە بەردەوام لەژێر هەڕەشەدا بوون. ئەوان ئەگەر منداڵیان بخستایەتەوە، لەوانەیە منداڵەکانیشی هەڕەشەیان لێبکرایە، بۆ نموونە هەڕەشەی فڕاندن. دواجار ئەگەر بە وردیی لە ژیانی بلیمەتەکان بڕوانین و قەبارەی ئەو هەڕەشەو راوەدونانەمان بینی کە روبەڕویان بووەتەوە، ئەوا هەزار جار سوپاسی یەزدان دەکەین کە ئێمە بلیمەت نین.
1-لێرەدا کۆپلەی ئەو شیعرە عەرەبییە وەک خۆی دادەنێمەوە، چونکە وەرگێڕانی بۆ کوردی کارێکی زەحمەتە.
أضحی التنائی بَدیلاً منْ تَدانِینَا،
ۆنَابَ عَنْ طیبِ لُقْیانَا تجافینَا
ألا ۆقَد حانَ صبحُ البَینِ، صبحَنا
حَیْنٌ، فَقَامَ بِنَا للحَیْنِ نَاعیِنَا
مَنْ مبلغُ الملبسِینا، بانتزاحِهمُ،
حُزنا، معَ الدهڕ لا یبلى ویُبْلینَا
أنَ الزَمانَ الذی ما زال یُضحِکُنا
أنساً بِقُربِهِمُ قَد عادَ یُبکینا
سەرچاوە:
الشرق الاوسط، 27 ئازار، 2018