ئه‌ده‌بیات و پێگه‌ی ڕیالیزمی سۆسیالیستیی
وتووێژ له‌گه‌ڵ «شۆلۆخۆف»دا
ئا‌لبێرت ئه‌کسڵ به‌نک
وەرگێڕانی: فەرشید شەریفی
میخائیل ئه‌لکساندرڤیچ شۆلۆخۆف ساڵی 1905 له گوندی “ڤشنسکایا”ی سه‌ر به مه‌ڵبه‌ندی “دۆن”ی قه‌زاقستان (“ڕۆستف”ی ئێستا) له دایک بووه. خوێندنی دواناوه‌ندیی له خوێندنگای “گرامێر”دا ته‌واو کرد و ساڵی 1930 کاتێک که ناوچه‌ی دۆن تووشی شه‌ڕی ناوخۆیی بوو، خۆبه‌خشانه پێوه‌ندیی به “له‌شکری سوور”ه‌وه کرد بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ “گاردی سپی”دا. ساڵی 1933 ڕۆیشت بۆ مۆسکۆ و دوو ساڵ له‌وێ مایه‌وه، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ گه‌ڕایه‌وه بۆ ڤشنسکایا و تا کۆتایی ژیانی له‌وێدا مایه‌وه. یه‌که‌مین وتاری له ساڵی 1933دا به ناوی ئه‌زموونێک له ڕۆژنامه‌ی پراڤدا بڵاو کرایه‌وه. پاشان چاپه‌مه‌نییه‌کانی مۆسکۆ دوا به دوای یه‌ک، ده‌ستیان کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی کورته چیرۆکه‌کانی شۆلۆخۆف که له‌باره‌ی شه‌ڕه ناوخۆییه‌که‌ی ناوچه‌ی “دۆن”ه‌وه نوسرابوون. ئه‌م چیرۆکانه ساڵی 1936 له دووتوێی دوو کۆمه‌ڵه‌دا به ناوه‌کانی “هه‌ندێک چیرۆک سه‌باره‌ت به دۆن” و ئسته‌پی ئازوور بڵاو کرانه‌وه.
شۆلۆخۆف له نێوان سه‌ڵه‌کانی 1935 تا 1940 شاکاره‌که‌ی خۆی واته “دۆنی ئارام”ی له چوار به‌رگدا بڵاو کرده‌وه. ئه‌و له‌م ڕۆمانه‌دا که شان له شانی باشترین به‌رهه‌مه ڕیالیستییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌دات، قسه له سه‌ر سێ قۆناغی ژیانی قه‌زاقه‌کانی دۆن ده‌کات: پێش شۆڕش، شه‌ڕی ناوخۆیی، پاش شه‌ڕی ناوخۆیی.
وێنایه‌کی پڕ ناوه‌ڕۆک له سه‌ر ژیان و سروشت و پێوه‌ندییه ئاڵۆزه‌کانی ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌رگیری گۆڕانێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تین، “دۆنی ئارام”ی کرد به ڕۆمانێکی نه‌مر و، خه‌ڵاتی نۆبڵی ساڵی 1956ی به نسیبی نووسه‌ره‌که‌ی کرد.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانی دۆنی ئارام، به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی شۆلۆخۆف به ناوی زه‌وی تازه ئاوه‌دانکراو له دوو به‌رگدا بڵاو کرایه‌وه. ئه‌م به‌رهه‌مه ئاماژه به دامه‌زراندنی سیستمی هاوبه‌شی زه‌وی – کۆلخۆزه‌کان و سۆلخۆزه‌کان – له گونده‌کانی دۆن و هه‌روه‌ها ئه‌و کێشه گه‌ورانه ده‌کات که له‌م پێناوه‌دا تووشی گوندنشینه‌کان و به‌رپرسانی به‌رنامه‌که بوون.
شۆلۆخۆف له ماوه‌ی جه‌نگی دووهه‌می جیهانییدا بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ دوژمنی فاشیستدا خۆبه‌خشانه چووه مه‌یدانی شه‌ڕه‌وه و وه‌ک هه‌واڵنووسێکی جه‌نگیی، خۆی سه‌رقاڵی ئه‌زموونگه‌لی تازه کرد.
شۆلۆخۆف ساڵی 1957 “چاره‌نووسی مرۆڤێک”ی بڵاو کرده‌وه که بابه‌ته‌کانی ئه‌و کتێبه‌ی، ڕاسته‌وخۆ له ئه‌زموونه‌کانی جه‌نگه‌وه وه‌رگرتبوو. پاشان سه‌رجه‌می گه‌ڵاڵه و وتاره‌کانی خۆی له‌باره‌ی شه‌ڕه‌که‌وه، له کتێبێک‌دا به ناوی وته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به وڵاتی دایک له نێوان ساڵه‌کانی 1951 تا 1957 بڵاو کرده‌وه.
دوایین به‌رهه‌می شۆلۆخۆف، ڕۆمانی “ئه‌وان له پێناوی وڵاته‌که‌یاندا جه‌نگیان کرد” بوو که ته‌مه‌نی، ده‌رفه‌تی ته‌واوکردنی ئه‌و ڕۆمانه‌ی پێ نه‌دا و به ناته‌واویی چاپ کرا.
ئه‌م وتووێژه له لایه‌ن ئا‌لبێرت ئه‌کسڵ به‌نک نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مریکایی له سه‌ره‌تای ساڵی 1984 له “یه‌کێتی سۆڤییه‌ت”دا ئه‌نجام دراوه (ڕێک چوار مانگ پێش کۆچی دوایی شۆلۆخۆف).
ئه‌م وتووێژه له‌و ده‌قه ئینگلیزییه‌وه وه‌رگیراوه که له گۆڤاری ئه‌ده‌بیاتی یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت ژماره 13دا بڵاو بۆته‌وه.
***
پ: میخاییل ئه‌لکساندرڤیچ! ئایا کاری نووسه‌رانی ئه‌مڕۆ، له کاری نووسه‌رانی پێشوو دژوارتره؟
و: به هۆی پێشکه‌وتنی زانسته‌وه پێوه‌ندیی به کێشه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌وه هه‌یه و، هه‌موو ئه‌م کێشانه‌ش خراونه‌ته به‌ر چاوی نووسه‌ران و ئه‌گه‌ر نووسه‌ر هه‌ست به‌م کێشانه بکات، ده‌بێ ناوه‌ڕۆکه‌کانیشیان باش بناسێت.
پ: ئایا پێتان وایه نووسه‌رانی ئه‌مریکایی و ئه‌ورووپای ڕۆژئاوای ئه‌مڕۆ، ئه‌رکێکی تایبه‌تیان له سه‌ر شانه؟
و: نه‌خێر. ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تیی بۆ هه‌موو نووسه‌ران هه‌ر یه‌کێکه.
پ: ئه‌و ئه‌رکه چییه؟
و: ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تیی بۆ هه‌موو نووسه‌ران ئه‌وه‌یه که وا هه‌ست بکه‌ن وه‌ک چۆن پزیشکێک هه‌ست به لێدانی ده‌ماری نه‌خۆشه‌که‌ی خۆی ده‌کات. ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌مه‌یه که نووسه‌ر له ژیان به‌جێ نه‌مێنێت. پرسه گرینگه کۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و ئابوورییه‌کان له جیهاندا له ئارادان و نووسه‌ر نابێ له هه‌مبه‌ریاندا که‌مته‌رخه‌میی بکات.
پ: ئایا نووسه‌ری ئه‌مڕۆ ده‌توانێت سیاسیی بێت؟ بۆ نموونه ڕۆڵی له باشترکردنی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و “یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت”دا هه‌بێت؟
و: نامه‌وێ ئه‌م ده‌سکه‌وتانه به که‌م بزانم. به‌ڵام ئه‌مڕۆش وه‌کوو ڕابردوو، بۆ ئه‌و شتانه‌ی که نووسه‌رێک ده‌توانێت ئه‌نجامیان بدات، چوارچێوه‌گه‌لێک له ئارادان. گۆرانییه‌ک هه‌یه که وه‌کوو ده‌قیش نووسراوه‌ته‌وه. ئه‌و گۆرانییه ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر هه‌موو منداڵان ده‌ست بخه‌نه ناو ده‌ستی یه‌که‌وه، چ کارێکیان بوێت ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن.
پ: میخاییل ئه‌لکساندرڤیچ، ئێوه چۆن هونه‌ری گه‌وره و نووسه‌ری گه‌وره هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ڕێساکانی ئێوه بۆ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه چین؟
و: یه‌که‌م شت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسه‌رێک، ئه‌وه‌یه که ده‌بێ به‌رهه‌مه‌کانی بخوێنرێن. به‌ڵام ئه‌مه زۆر ئه‌سته‌مه که بڵێین نووسه‌رێک باشه یان خراپ. زه‌مه‌ن دادوه‌رێکی گرینگه له هونه‌ردا. خودی زه‌مه‌ن به دڵنیاییه‌وه ئه‌و دادوه‌رییه ده‌کات.
پ: به‌ڵام ئایا مرۆڤێکی ئاسایی چۆن ده‌توانێت نووسه‌ری باش و خراپ لێک جیا بکاته‌وه؟
و: ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی بیانه‌وێت زیاتر له یه‌ک جار به‌رهه‌مێک بخوێننه‌وه، له‌وانه‌یه نووسه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مه، نووسه‌رێکی باش بێت.
پ: ئایا به هۆی شه‌ڕه ناوخۆییه‌کان و بوونی ئاژاوه له یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت و به هۆی ئه‌وه‌ش که له یه‌که‌مین وڵاتی سۆسیالیستییدا بوون و هه‌روه‌ها به هۆی هێرشی نازییه‌کانه‌وه، نووسین بۆ ئێوه دژوار نه‌بووه؟
و: کاری نووسه‌ر هه‌میشه دژوار بووه. ئه‌مه‌ش به سه‌رده‌م و پرسه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه گرێ دراوه. به‌ڵام کاری نووسه‌ر هه‌رگیز ئاسان نییه.
پ: له کاتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی ئێوه‌دا، هه‌میشه وا هه‌ست ده‌که‌م که نووسه‌ری ئه‌م کتێبانه، له مامۆستا و ڕاهێنه‌رێک ده‌چێت. ئایا ئێوه‌ش له نووسیندا خۆتان وا ده‌بیننه‌وه؟
و: نه‌خێر. من خۆم به ڕاهێنه‌ری مرۆڤه‌کان نازانم، ئه‌گه‌ر ڕاهێنه‌رتان ده‌وێت، ده‌بێ هاوسه‌ره‌که‌م، واته “ماریا پترۆنا”تان پێ بناسێنم. ئه‌و مامۆستا بوو.
پ: ئایا سۆسیالیزم له‌و ناوچه‌یه‌دا که ئێوه تیایدا ده‌ژیان، گۆڕانی نه‌خسته ژیانی “قه‌زاقه‌کان”ه‌وه؟
و: له ڕووی ئینسانییه‌وه. به‌ڵام ته‌نها هه‌ر ئه‌مه نه‌بوو. خه‌ڵک توانیی ئه‌و شتانه باشتر بناسێت که به چوارده‌وریدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌وان ژیانی پێشووی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشوویان، له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌نووکه‌یی خۆیان و هه‌روه‌ها ده‌سکه‌وته‌کان و هێزێک که پێیان به‌خشرابوو به‌راورد کرد و، دواتریش ئه‌زموونێکی دژواریان به ده‌ست هێنا. نازییه‌کان له‌وبه‌ری ڕووباری “دۆن”ه‌وه بوون.
پ: ئایا ئه‌ڵمانییه‌کان نه‌هاتنه ئه‌مبه‌ری ڕووباره‌که؟
و: نه‌خێر. زۆر نزیک بوونه‌وه، به‌ڵام پێشیان پێ گیرا .
پ: ئێوه له ساڵی 1959دا چاوپێکه‌وتنێکتان له ئامریکادا ئه‌نجام دا. ئایا له‌وێ هیچ نووسه‌رێک کاریگه‌ریی له سه‌رتان دانه‌نا؟
و: ده‌رفه‌تم پێ بده‌ن به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تان بده‌مه‌وه: ئه‌گه‌ر هه‌لی بینینی “مارک تواین”م بۆ بڕه‌خسایه، به دڵنیاییه‌وه ده‌که‌وتمه ژێر کاریگه‌رییه‌وه. ئه‌و پیاوێک بوو ئێجگار زۆر پێش سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی که‌وتبوو.
پ: به‌ڵام نووسه‌رانی وه‌ک جاک له‌نده‌ن، سینکلایر لڤیس، ئێرنست هه‌مینگۆی، تیۆدۆر درایزر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
و: هه‌موویان نووسه‌ری زۆر باشن.
پ: له شوێنێکدا خوێندمه‌وه که جۆرج بێرنارد شاڤ چاوپێکه‌وتنێکی له یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت ئه‌نجام دابوو و قسه‌یه‌کی زۆر دلۆڤانانه‌ی سه‌باره‌ت به لینین و ستالین کردبوو.
و: له‌باره‌ی ستالین چی وتبوو؟
پ: شاڤ له‌باره‌ی وتووێژێک که ئێچ. جی. وێڵز له‌گه‌ڵ “ستالین”دا کردبووی، وای وت که وه‌ڵامه‌کانی ستالین ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که زۆر له وێڵز زاناتره. ئایا ده‌توانم پرسیارتان لێ بکه‌م کام یه‌ک له نووسه‌ران کاریگه‌رییان له سه‌ر ئێوه‌دا هه‌بووه؟
و: خوا ده‌زانێت. ئه‌م پرسیاره له‌وان بکه‌ن.
پ: کام نووسه‌ری بیانیی، لای ئێوه نووسه‌رێکی خۆشه‌ویسته؟
و: من به‌م شێوه‌یه بیر ناکه‌مه‌وه. من به‌م شێوه‌یه سه‌یری ئه‌ده‌بیاتی بیانیی ناکه‌م.
پ: ئایا مامۆستایانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می ڕووسیا کاریگه‌رییان له سه‌ر ئێوه‌دا داناوه؟
و: به دڵنیاییه‌وه. تۆلستۆی، تۆرگنیف و هه‌موو ئه‌وانه کاریگه‌رییان له سه‌ر من داناوه.
پ: ئایا چیخۆف لای ئێوه، به یه‌کێک له نووسه‌ره خۆشه‌ویسته‌کانتان له قه‌ڵه‌م ده‌درا؟
و: به‌ڵێ
پ: ئه‌ی داستایۆڤسکی؟
و: نه‌خێر. ڕاسته که له ڕۆژئاوادا نووسه‌ری زۆر هه‌یه، به‌ڵام کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوا ڕۆژ له دوای ڕۆژ سووکتر ده‌بێت.
پ: ئایا ئه‌مه به‌هۆی نووسه‌ره‌کانه‌وه‌یه؟
و: سه‌رده‌مێک جۆرج بێرنارد شاڤ له کۆنگره‌یه‌کی نووسه‌ران له ڕرژئاوادا وتی زۆر به داخه‌وه نووسه‌ران گۆڕاون به کورته‌باڵاگه‌لی ئاکاریی.
پ: من خۆم پێم خۆشه به‌رهه‌مه‌کانی سه‌باره‌ت به دێوه‌کان بخوێنمه‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ جارێکی تریش بیانخوێنمه‌وه. بۆ نموونه به‌رهه‌مه‌کانی ئێوه. تۆ زیاتر کام به‌رهه‌می خۆتت خۆش ده‌وێت؟
و: نووسه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی خۆی خۆش ده‌وێت. وه‌کوو ئه‌وه وایه له باوکێک بپرسن کام منداڵی خۆتت زیاتر خۆش ده‌وێت؟!
پ: ئایا چاره‌نووسی مرۆڤێک یه‌کێکه له خۆشه‌ویستترین کتێبه‌کانتان؟
و: نه‌خێر!
پ: که‌واته من به هه‌ڵه‌داچووم. من وای بۆ چووبووم.
و: ئه‌و شته‌ی که به‌ده‌ستهێنانی له هه‌موو شتێکی تر ئه‌سته‌متره، له هه‌موو ئه‌وانی دیکه خۆشه‌ویستتره. که‌واته دۆنی ئارام – به تایبه‌ت دوایین به‌ش – یم له هه‌موویان لا خۆشه‌ویستتره. چوونکه نووسینی بۆم سه‌ختتر بوو .
پ: نووسینی دۆنی ئارام چه‌ند ماوه‌ی خایاند؟
و: له ساڵی 1935ه‌وه ده‌ستم پێ کرد و ساڵی 1940 ته‌واوم کرد.
پ: له کۆتایی کتێبی “دۆنی ئارام”دا چۆن ده‌توانرێت ده‌رک به مانای دژایه‌تیی نێوان مرۆڤ و مێژوو بکرێت؟ چی ده‌قه‌ومێت؟ ئایا ده‌بێ چۆن بیر له داهاتوو بکه‌ینه‌وه؟
و: ڕێک به‌و شێوه‌ی که خۆم ده‌مویست، کۆتاییم به کتێبه‌که هێنا. نامه‌وێ له‌مه زیاتر بچمه ناو ورده‌کارییه‌کانه‌وه.
پ: ڕیالیزمی سۆسیالیستیی چۆن پێناسه ده‌که‌یت؟
و: له یه‌ک وته‌دا بریتییه له ڕاستیی له‌باره‌ی شتی تازه و پێشکه‌وتنی مرۆڤه‌وه. ئه‌مه جۆره ڕوانینێکه تایبه‌ت به دنیایه‌کی پێشکه‌وتوو. ئه‌مه ڕیالیزمی سۆسیالیستییه. کاتێک ئێمه‌ی نووسه‌ر له ده‌وری یه‌ک کۆ ده‌بینه‌وه و پێ ده‌که‌نین و گاڵته ده‌که‌ین، هه‌ندێ جار هه‌وڵ ده‌ده‌ین مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی ڕیالیزمی سۆسیاستیی به‌یان بکه‌ین. ئاکامه‌که‌ی تا ڕاده‌یه‌ک مایه‌ی سه‌رسووڕمانه.
هه‌موو به‌رهه‌مێک ناتوانێت له ڕێساکانی ڕیالیزمی سۆسیالیستیی به‌هره‌مه‌ند بێت. له‌باره‌ی نووسه‌رانی “یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت”ه‌وه بۆ نموونه کۆنستانتین پایۆتۆڤسکی له‌به‌ر چاو بگرن که نووسه‌رێکی زۆر باشه. ئه‌و کتێبانه‌ی که له‌باره‌ی ماسیگرتنه‌وه نووسیونی زۆر باشن، به‌ڵام ئایا ده‌توانین ناوی ڕیالیست سۆسیالیستییان لێ بنێین؟ ئێمه ده‌بێ ئه‌مه له‌به‌ر چاو بگرین که هه‌ر به‌رهه‌مێک تا چ ڕاده‌یه‌ک به‌های سۆسیالیستیی له خۆیدا کۆ کردۆته‌وه؟ وه ئایا له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تا چ ڕاده‌یه‌ک گرینگه؟ ئه‌گه‌ر له ڕۆماندا باسی ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستیی ده‌که‌ن، هه‌رگیز ناتوانن بڵێن به شێوازی ڕیالیزمی سۆسیالیستیی نووسراوه. چ جیاوازییه‌کی هه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک وه‌ک سۆسیال ڕیالیست یان ڕیالیستێکی ئاسایی، یان ته‌نانه‌ت وه‌کوو مه‌حافزه‌کارێک ژنێک له ئامێز بگرێت و ماچی بکات؟ کاتێک ژنێکت له ئامێز گرتووه، چیتر هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان سۆسیالیست و ڕیالیست و مه‌حافزه‌کاردا نییه.
پ: ئایا پێتان وایه نووسه‌رانی ئه‌مریکیی و ئه‌ورووپایی و نووسه‌رانی تریش، ده‌بێ پابه‌ندبن به‌وه‌ی که شتێک له‌باره‌ی ڕیالیزم سۆسیالیسته‌وه بزانن؟ ئایا ئه‌مه بۆ ئه‌وان زۆر گرینگه؟
و: ده‌بێ خۆیان ئه‌مه هه‌ڵبژێرن. ناکرێت هه‌ر له‌خۆڕا شتێکیان به سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
پ: هه‌ندێک ڕه‌خنه‌کار ده‌ڵێن: ڕیالیزمی سۆسیالیستیی وه‌کوو کۆسپێک له سه‌ر ڕێگای پێشکه‌وتنی ئه‌ده‌بیاتدا وایه، نووسه‌رانی یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت دوا ده‌خات و زیان به ڕه‌سه‌نایه‌تیی به‌رهه‌مه‌کان ده‌گه‌ینێت.
و: ئه‌مه قسه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه.
پ: ئایا نووسه‌رانی وه‌ک سینکلێر لڤیس یان تیۆدۆر درایزر، چ ئاگایانه یاخود نائاگایا‌نه، ده‌رکیان به ڕیالیزمی سۆسیالیستیی کردبوو؟
و: ئه‌وان که‌سانێکی ته‌واو ڕیالیست بوون.
پ: ئایا ئه‌مه ڕاسته که ئێمه ده‌توانین له ناو باشترین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌مریکیی، به‌ریتانیی، ئه‌ڵمانیی، فه‌رانسیی، ئیتالیایی و “ژاپۆنیی”دا توخمگه‌لێک له ڕیالیزمی سۆسیالیستیی ببینین؟
و: به‌ڵێ، له بنه‌ڕه‌تدا ڕاسته، به‌ڵام هه‌موو شتێک به توانای نووسه‌ره‌وه گرێ دراوه.
پ: ئایا ده‌بێ به‌رهه‌مه‌کانی بۆ نموونه “پۆرنۆگرافی”ش له لیستی ڕیالیستی سۆسیالیستییدا بسڕدرێنه‌وه؟
و: به‌ڵێ. هه‌روه‌ها نابێ ڕاگه‌یاندن بۆ جه‌نگ و ڕه‌گه‌زپه‌رستییش له ڕیزی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌دا بن.
پ: هه‌ندێ جار له ڕۆژئاوادا باس له‌وه ده‌کرێت که نووسه‌رانی یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت، زیاد له پێویست له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه ده‌نووسن. هه‌ڵوێستتان له هه‌مبه‌ر ئه‌م ڕه‌خنه‌یه چییه؟
و: جه‌نگ، کاریگه‌ریی یه‌کجار زۆری له سه‌ر ژیان دانا و ئه‌مه‌ش ئاساییه که له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسین و له داهاتووشدا هه‌ر ده‌نووسین.
پ: له ڕۆژئاوادا گرووپ و که‌سانێک هه‌ن که بۆق و که‌ڕه‌نا لێ ده‌ده‌ن له سه‌ر پرسی مافی مرۆڤ له “یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت”دا. بۆ نموونه قسه له سه‌ر پرسی جووله‌که‌کان و کۆچه‌که‌یان ده‌که‌ن.
و: پێم وایه ئه‌مڕۆ شته‌که گۆڕاوه و جیاوازه. زۆربه‌ی ئه‌و جووله‌کانه‌ی که کۆچیان کرد، حه‌ز ده‌که‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت. بۆچی ڕه‌خنه‌کاران ئه‌م لایه‌نه‌ی مه‌سه‌له‌که نابینن؟ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕێک وه‌کوو «مه‌ترسییه‌که‌ی یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت»ه که گوایه یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت به ته‌مایه هه‌موو دنیا داگیر بکات. بۆچی هه‌ر ئه‌م که‌سانه له‌باره‌ی بووجه‌ی سه‌ربازیی “ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان”ه‌وه هیچ قسه‌یه‌ک ناکه‌ن؟ ئه‌و بووجه سه‌ربازییه‌ی ئێستا هه‌رگیز له مێژووی “ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان”دا نموونه‌ی نه‌بووه.
پ: ڕات سه‌باره‌ت به‌م ڕه‌خنه‌یه چییه که ده‌ڵێن له “یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت”دا، نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان له ئازادیی به‌هره‌مه‌ند نین؟
و: ئه‌مه قسه‌ی قۆڕه، قسه‌ی قۆڕ!! ژیان خۆی ئه‌م جۆره لووتبه‌رزیانه‌ی پووچه‌ڵ کردۆته‌وه. به پێویستی نازانم له‌م باره‌یه‌وه قسه بکه‌م.
پ: من دڵنیام له‌وه‌ی که خوێنه‌ران حه‌ز ده‌که‌ن بزانن ئایا تۆ سه‌ره‌تا ده‌نووسیت و پاشان چه‌ند جار به نووسینه‌که‌تدا ده‌چیته‌وه، یان پێش نووسین ماوه‌یه‌کی زۆر بیر له نووسینه‌کانت ده‌که‌یته‌وه؟
و: گومان له‌وه‌دا نییه که ده‌بێ بیر بکرێته‌وه و پاشان بنووسرێت. قۆناغه‌کانی نووسین بۆ نووسه‌ر وه‌کوو قۆناغه‌کانی نووسین بۆ ڕۆژنامه‌نووس وان. سه‌ره‌تا بیر ده‌کاته‌وه و پاشان ده‌نووسێت.
پ: که‌سێکی ڕۆژنامه‌نووس که‌ی ده‌بێت به نووسه‌ر؟ چۆن ده‌زانرێت که ئه‌و سنووره‌ی تێ په‌ڕاندووه؟
و: کاتێک که ده‌ست پێ بکات بیر له فۆرمی ڕۆمان و “میتافۆر”ه‌کان بکاته‌وه. کاتێک که بیهه‌وێت نه‌ک ته‌نها شتانی تایبه‌تیی، به‌ڵکوو شتانی خه‌یاڵییش بنووسێت. بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ .
پ: [مه‌به‌ستت له‌وه‌یه] کاتێک به قووڵیی بیر له پرسه‌کانی ژیان ده‌کاته‌وه؟
و: ته‌واو ڕاسته. بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ.
پ: ئایا ئه‌م پرۆسه‌ی “دووباره نووسین”ه زۆر دووباره ده‌که‌یته‌وه؟
و: نه هه‌موو شتێک و نه به ڕێژه‌یه‌کی یه‌کسان. هه‌ندێک جار لاپه‌ڕه‌گه‌لێک هه‌ن ئاسانن و پێویستیان به بیرکردنه‌وه نییه، به‌ڵام هه‌ندێک جار لاپه‌ڕه‌گه‌لێکی دژوار هه‌ن که ناچارم حه‌فت هه‌شت جار بیاننووسمه‌وه.
پ: ئایا نووسینی کتێبی چاره‌نووسی مرۆڤێک که زۆر که‌س وه‌ک شاکارێکی چکۆله‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، چه‌ند ماوه‌ی خایاند؟
و: نزیکه‌ی مانگێک.
پ: ئه‌گه‌ر بڵێین یه‌کێک له کتێبه‌کانت بۆ خوێنه‌ره ڕۆژئاواییه‌کان پێشنیار بکه‌یت، کامیان هه‌ڵده‌بژێریت؟
و: ئه‌مه شتێکه ده‌بێ خودی خوێنه‌ر بڕیاری له سه‌ر بدات، لێگه‌ڕێن با خۆیان هه‌ڵبژێرن.
پ: به‌ڵام هه‌ندێک جار خوێنه‌ر پێویستی به پێشنیار یان جۆره ڕێنموونیکردنێک هه‌یه، که‌واته ده‌توانم بپرسم کام کتێبتان پێشنیار ده‌که‌ن؟
و: دۆنی ئارام.
پ: ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌کی دیاریکراوتان نه‌بوایه و ته‌ندروستیشتان باش بوایه، ئێستا حه‌زتان ده‌کرد چی بنووسن؟
و: بۆ من ئه‌مه خه‌یاڵێکی خاوه. وا ته‌مه‌نم خه‌ریکه ده‌گاته هه‌شتا ساڵ.
پ: ڕات چییه سه‌باره‌ت به‌و فیلمانه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای نووسینه‌کانت به‌رهه‌م هێنراون؟
و: نووسه‌ر هه‌رگیز ڕازیی نییه. فیلمه‌کان له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌کانی نووسه‌ردا نایه‌نه‌وه. پێم وایه هیچ نووسه‌رێک نییه ڕازیی بێت له‌و فیلمانه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای نووسینه‌کانی به‌رهه‌م هێنرابێت. پێم وایه ئه‌گه‌ر لیۆ تۆلستۆی “ئاناکارنینا”ی بدیبایه، ڕازیی نه‌ده‌بوو. ئایا ئێوه ئه‌و فیلمه‌تان بینیوه که پێش جه‌نگ له سه‌ر “دۆنی ئارام”یان دروست کردبوو؟
پ: نه‌خێر.
و: له‌م فیلمه‌دا تسارسکایا ده‌وری ئاکسینیا ده‌بینی. ئه‌م ڕۆڵه‌ی ئاکسینا، ئاکسینایه‌کی ڕاسته‌قینه بوو.
ماریا پترۆنا ده‌سخه‌تێکی جوانی هه‌یه و هه‌ر بۆیه به‌ر له‌وه‌ی نووسینه‌کانم بنێرم بۆ تایپ، پاکنووسیان ده‌کات بۆم. من ناتوانم جوان بنووسم، ده‌سخه‌تم زۆر جوان نییه.
پ: “کارڵ مارکس”یش ئه‌م کێشه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سخه‌تی خۆیدا هه‌بووه. هه‌میشه داوای له هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌کرد یارمه‌تیی بدات.
و: که‌واته ئێستا من سێ که‌س ده‌ناسم که حه‌زیان ده‌کرد داوای یارمه‌تیی له هاوسه‌ره‌کانیان بکه‌ن: کارڵ مارکس، ئا‌لبێرت ئه‌کسڵ به‌نک، شۆلۆخۆف.
پ: لیۆ تۆلستۆی تیۆرییه‌کی هه‌بوو له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی که هونه‌ر ده‌بێ له یه‌ک کاتدا هه‌ڵگری جوانیی و سۆز و کرده‌وه‌گه‌لی ئاکاریی بێت. ئایا ئێوه‌ش وا بیر ده‌که‌نه‌وه؟
و: به‌ڵێ کاتێک له‌باره‌ی ماسیگرتنه‌وه ده‌نووسم.
پ: ئایا گاڵته ده‌که‌یت؟
و: ئایا بۆم نییه گاڵته بکه‌م؟
پ: بۆچی نا، دیاره ته‌نز شتێکی باشه.
و: نووسه‌ر ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک بنووسێت که نووسه‌رانی تر وا لێ بکات هه‌ستێکی سۆزئامێزیان له‌لا دروست ببێت به‌رانبه‌ر به ئه‌و.
پ: سه‌رکه‌وتن ته‌نها به هۆی کارکردنی شێلگیرانه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.
و: بوار و کارکردن (له‌م کاته‌دا ده‌ڵێت وا باشتره بۆ پشووی هاوین سه‌ردانێکی ڤشنسکایا بکه‌ین.
پ: ئه‌ی ئایا “مۆسکۆ”تان خۆش ناوێت؟
و: بۆچی نا، به‌ڵام بۆ دیدارێکی کورت. (له کاتی له‌به‌رکردنی پاڵتۆکانماندا له پڕێکدا ده‌ڵێم ڕێبه‌رانی دنیاش ده‌بێ به‌رهه‌مه گه‌وره‌کانی ئه‌ده‌بیات بخوێننه‌وه. به شۆلۆخۆف ده‌ڵێم: پێم وایه کتێبخانه‌ی کۆشکی سپی هیچکام له کتێبه‌کانی ئێوه‌ی تێدا نه‌بێت. بۆیه پێی ده‌ڵێم به ته‌مام یه‌ک دوو دانه له کتێبه‌کانی بنێرم بۆ ئه‌و کتێبخانه‌یه).
و: کتێب ئه‌گه‌ر ده مرۆڤی ئاسایی بیخوێننه‌وه، باشتره له‌وه‌ی که سه‌رۆک کۆمارێک بیخوێنێته‌وه.
سوپاسی میواندارێتیی بنه‌ماڵه‌ی شۆلۆخۆف ده‌که‌م و ماڵاواییان لێ ده‌که‌م.
سەرچاوە: دە وتووێژ- ئەحمەد پووری