ئەگەر بەیەقین دەست پێ بكەیت
ئەگەر بەیەقین دەست پێ بكەیت
ئەوا بە نایەقین دەگەیت
– دەمەتەقێ لەگەڵا بوداییەكان دا –
كریشنا مۆرتی
و. یاسین عومەر
یەكەمین بەشداربوو(1): تا ئەو جێگەیەی كە من تێیگەیشتووم، ئێوە دەڵێن كە ژیان هیچ مەبەست یان ئامانجێكی نییە لەبەر ئەوە رێگەیەكیش بۆ هەنگاوهەڵهێنانەوەی تیانییە، بەناچار هەر تاكێ خۆی لەگەڵا هەر لەحزەیەكدا رووبەڕووە. ئەگەر بڕیارە چركەسات بەدەست بێت ئەوا ئەو چركەساتە هەر هەمان چركەساتی كار، چركەساتی زانستو ئارەزووە. ئایا ئەم لێهەڵهێنجانە تەواوە؟
كریشنا مۆرتی: ئەگەر رێگەم بدەن دەبێت ئاماژە بەوە بدەم كە ئێمە لەبارەی ئەوەوە نادوێین چی تەواو راستو دروستەو چی ناتەواو و نادروستە. ئەم بابەتە پێویستی بەتوێژینەوەو لێكۆڵینەوەی زۆر هەیە.
یەكەمین بەشداربوو: ئێوە بەو قسەیەتان كە دروست یان نادروست بوونی نییە، لەراستیدا بۆ ئەو مرۆڤانەی كە حەزیان بەتێگەیشتنو پەی پێ بردن هەیە گیروگرفت ئەخوڵقێنن.
كریشنا مۆرتی: نەو، بەپێچەوانەوە، من دەڵێم كە ئێوەو ئێمەش هەموومان وە منیش خۆم وەكو یەكێكیان، حەزمان لەلێكۆڵینەوەو لێتوێژینەوەیە. من ناڵێم “ئەمە دروستە، ئەمە هەڵەیە” بەڵكو ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە لەگەڵا یەكتریدا بەقوڵایی ئەم مەسەلەیەدا رۆبچینە خوارێ.
یەكەمین بەشداربوو: چۆن دەشێت بوونەوەرێكی مرۆیی هەبێتو نەتوانێ بڕیار بدات لەمەڕ ئەوەوەی كە چ شتێ دروستە یان دروست نییە، چی چاكەو چی چاك نییە؟
كریشنا مۆرتی: ئێمە دوایی دەچینە سەر ئەو مەسەلەیەش. من ناڵێم چاكە بوونی نییە. چاكە دەشێت بەتەواوی لەگەڵا چاكی ئێوەو چاكی منا جیاواز بێت، لەبەر ئەوە رێگە بدەن بزانین كامیان بەڕاستی چاكەیە، نەك ئەوەی ئێوە یان ئەوەی من بەڵكو ئەو شتەی كە بەڕاستی چاكە، بەدەستی بهێنین.
دووەمین بەشداربوو:.. (چاكە) لەناوخۆیدا
كریشنا مۆرتی: بەڵێ.
یەكەمین بەشداربوو: راستیەكەی ئێوە خەریكن “نەبوونی یەقین” لەشێوەی روانینی تاك بۆ شتەكانو یان لەروانگەی فەلسەفی ئەوەوە دەناسێنن.
كریشنا مۆرتی: بەڵێ، ئەگەر بە “یەقین” دەست پێ بكەیت، ئەوا لە كۆتاییدا بە “نەبوونی یەقین” دەگەیت.
یەكەمین بەشداربوو: ئەم رستەیەش “ئەگەر بە یەقین دەست پێ بكەیت ئەوا لەكۆتاییدا بە نەبوونی یەقین دەگەیت” خۆی زۆر ناكۆك دێتە بەرچاو.
كریشنا مۆرتی: هەڵبەتە ژیانی رۆژانە ئاواییە.
چونكە ئێوە پرسیارێكتان خستەڕوو كە دەلالەت لە “كات”، “فكر”و “كار” دەكات، لەبەر ئەوە دەتوانین لێرەوە دەست پێ بكەین كە “كات” چییە؟. كات نەك بەپێی تیۆرەكەی بودا یان هەندێ لەكتێبە پیرۆزەكان، بەڵكو تەنیا ئەوەندە بزانین كات چییە؟ هەر كەسەی بە جۆرێ كات راڤە دەكات، زانایان دەڵێن كە كات زنجیرەیەك كارو بیرۆكەی بچوكە، یان رەنگە ئێوە بڵێن كە كات مردنە، كات ژیانە یان كات فكرە. بەم پێیە، ئایا ئێمە لەحاڵی حازردا دەتوانین ئەو قسانەی كە ئەوانی تر گوتوویانە لەوانەش قسەكانی بوداو تەنانەت ئەوەی كە من گوتوومە یان نەمگوتووە بخەینە لاوە واتە هەمووی لە مێشكماندا پاك بكەینەوەو بڵێین. “ئێستا، كات چییە؟” ئایا كات تەنیا گیروگرفتێكە كە ئێمە لەژیاندا هەمانە؟. كات. نەك تەنیا وەك كۆمەڵە رووداوێك، بەڵكو لەدایك بوون، پێگەیشتن، مردن، كات وەكو رابردوو، ئایندەو ئێستا؟ ئێمە لەكاتدا دەژین، ئەو ساتەی كە ئومێدمان هەیە بەواتەی ئەوەی كاتمان هەیە. من ئومێدەوارم “بووبم”، ئومێدەوارم “ببم”و ئومێدەوارم بگەمە ئیشراق. هەموو ئەم رستانە دەلالەت لەكات دەكەن. بەدەست هێنانی زانست، پێویستی بە كاتەو تەواوی ژیان هەر لەسەرەتایەوە تا مردن جگە لەمەسەلەی كات شتێكی تر نییە. ئایا وانییە؟ ئایا دەتوانم مەبەستەكەم روونتر بكەمەوە؟ ئابەم پێیە بێ، ئەوەی كە ئێمە بەكات ناوی دەبەین چییە؟
یەكەمین بەشداربوو: ئێوە لەم بارەیەوە، چەندان جار قسەتان كردووە بەڵام دەمەوێت بڵێم كە سات كە هەمان زانستو كارو هەروەها ئارەزووە، ساتێكە كە كات تیایدا بوونی نییە.
كریشنا مۆرتی: سەبركە، سەبركە، ئایا ئێوە دەتوانن ئەم ساتو ئەو ساتە لەهەموو ساتەكان جیابكەنەوە؟
یەكەمین بەشداربوو: لەساتی (سەرنجدان) یان (بینین)دا كات بوونی نییە.
كریشنا مۆرتی: مەبەستتان لەبینینو سەرنجدان چییە؟ داوای لێبوردن دەكەم لەوەی كە ئەوەندە وردو شیكاریانە مامەڵە دەكەم. بەڵام ئەگەر بڕیارە كە ئێمە لێكتری تێبگەین، دەبێت مێشكمان مەعنای روونی لەبارەی ئەم دوو دەستەواژەیەوە (بینینو سەرنجدان) لابێت. كاتێ بە كردەوە نەك بەتیۆری سەیر دەكەن، چی روو دەدات؟ كاتێ ئەو درەختو، ئەو باڵندەو، ئەو ژنەو، ئەو پیاوە دەبینن، چی روودەدات؟
دووەمین بەشداربوو: لەوساتی بینینەدا، هەڵبەتە ئەگەر بینینێكی راستەقینە بێت..
كریشنا مۆرتی: ئایا هەیە یان نەو؟ من هەر خەریكم پرسیار دەكەم. ئایا كاتێ ئێوە دەستەواژەی “بینین” بەكاردەبەن، چ واتایەكتان لەمێشكی خۆتاندا بۆی هەیە؟ دەشێت من واتایەكم بۆی هەبێت، دەشێت ئەویش واتایەكی بۆی هەبێتو یەكێكی تریش تێگەیشتنێكی تری هەبێت.
دووەمین بەشداربوو: بەڵام ئێوە لە Pamditji دەپرسن كە “ئەو” مەبەستی لە “بینین” چییە.
كریشنا مۆرتی: هەروەها مەبەستی لە دەستەواژەی “سەرنج” چییە. روخسەت دەدەن پرسیارێ بكەم؟ ئایا دەتوانین قسەوباسو گفتوگۆیەكمان هەبێت واتە منازەرەیەكمان لەسەر دەستەواژەیەك هەبێ كە تێڕامانێكی زۆر باشیشە، ئایا واتای دەستەواژەی “تێ ڕامان” دەزانن؟ ئەم دەستەواژەیە لە “لیبرا” وە دێت كە بەزمانی یۆنانی بەواتای هاوسەنگی –كێش دێت. هەمان مەسەلە لە بورجی فەلەكی لیبراشدا بوونی هەیەو لەلیبرادا دەستەواژەی lilrate بەواتای ئازادكردن دێتو هەروەها لەدەستەواژەی deliberare كە بە ئیتالی بەواتای دانیشتن، خستنەژێر باسو دانوستانی سەرلەنوێوەو راوێژو ئاخاوتن لەگەڵا یەكو، لەگەڵا یەكدا بەراوردكردن، دێت.
مەسەلەكە ئەمە نییە كە ئێوە بڕوایەك بخەنەڕوو و منیش بڕوایەك بخەمەڕوو، بەڵكو مەسەلەكە ئەمەیە كە ئێمە هەردووكمان پێكەوە راوێژبكەینو مەسەلەكان هەڵسەنگێنین، چونكە دەمانەوێت هەقیقەت بدۆزینەوە نەك ئەوەی كە من پێشتر دۆزیبێتمەوەو پاشان بەئێوەی بڵێم، شتێكی ئاوا لە دەستەواژەی (delilerate) شاراوە نیە. كاتێ كا پاپا لەرۆما لە سیستین چاپل لەڤاتیكان هەڵدەبژێررێت. ئەوان لەگەڵا یەك ئەكەونە راوێژو راگۆڕیو هەڵسەنگاندن- دەرگاكان داخراونو هیچ كەسێ ناتوانێت بچێتە دەرەوە. ئەوان بۆچوونە سەر ئاوو چوون بۆ چێشتخانەو نان خواردن شوێنی تایبەتیان هەیەو هەموو شتێ بۆ دوو هەفتە یان چەند رۆژێ رێكخراوە ئەوانە بەدرێژایی رۆژانی دانیشتن، مەحكوومن بەجێگربوونو دانیشتن وە ئەمە ناودەبرێ بە “تێڕامان”(2).
بەم پێیە ئایا دەتوانین لەجێگەیەكەوە دەست پێبكەین كە هیچ شتێ نەزانین؟
سێهەمین بەشداربوو: ئەم كارە بۆ panditji گرانە.
كریشنا مۆرتی: گران نییە، من هیچ شتێ نازانم، زانینی ئێمە تەنها یادەوەریە. ئێستا لەم رستەیەدا چ گرفتێك هەیە؟ من دەڵێم دەشێت زانست گەورەترین مەترسی بێت لەجیهاندا، زانست دەشێت گەورەترین رێگربێت، ئێمە بۆ زیادكردنو تەنینەوەی زانست بەردەوام چاكەی خۆمان فراوانتر دەكەین، زانایانیش بەردەوام پێی زیاد دەكەنو ئەوەی زیادیش دەكرێت بەردەوام سنووردارە.
دووەمین بەشداربوو: هەڵبەتە. بەڵام ئەگەر كامڵاو تەواو بێت، ناتوانیت هیچی بۆ زیادبكەیت.
كریشنا مۆرتی: بەڵێ. بەم پێیە زانیاریتان بەردەوام سنووردارە، خۆگەر لەو سنوورداریەوە دەست بە لێكۆڵینەوە بكەیت ئەوا هەر بە سنوورداریش كۆتایی دێن.
دووەمین بەشداربوو. وە ئەوە بە ئیصگلاح دیاریكردنی هەمان سنورداریە.
كریشنا مۆرتی: بەڵێ سنورداری.
یەكەمین بەشداربوو: ئێمە زۆر گوێبیستی قسەكانی ئێوە بووینو شتگەلێكی تایبەت تێگەیشتووین بەڵام ئەگەر بڕیارە تێگەیشتن لەئاستێكی قووڵتردا شكڵا بگرێت، ئەوا لەو كاتەدا كەسێكی وەكو ئێوە، لەم بارەیەوە بەرپرسە، چونكە. ئێمە لەئاستی جیاجیاداین.
كریشنا مۆرتی: زۆر باشە، زۆر باشە، بەڵام هەمان مرۆڤ واتە كریشنا مۆرتی دەڵێت كە زەویو لەنگەرگاكانتان جێ بێڵنو بێنو پێكەوە سەرئاوبكەوین.
یەكەمین بەشداربوو: چۆن چۆنی ئێمە دەتوانین بەیەكەوە سەرئاوبكەوین لە حاڵێكدا لەدوو ئاستی جیاوازداین؟
من ئەمەم قبووڵا نییە. من قبووڵم نییە كە لەدوو ئاستی جیاوازداین.
یەكەمین بەشداربوو: ئێمە گلەییەكمان لەئێوە هەیە كە ئەویش ئەوەیە كە.
كریشنا مۆرتی: ئەویش ئەوەیە كە من جەراحێكی هەژارم!
یەكەمین بەشداربوو:.. بەڵێ پزیشكێك، لەبەر ئەوەی كە هەموو كێشەو دژایەتیەكان، كە دەرەكیو زۆرن، تەنها ئەو مرۆڤانەی وەكو منن كە ئیمتیازی ئامادەییان لەخەڵوەتی ئێوەدا هەیە، ئەو (بینین بەچاوی دڵا بصیرە) بە دەست دێنن بەڵام پزیشك ناتوانێت پێت بڵێت كە چۆن چۆنی زاڵا بیت بەسەر دیاردە دەرەكیو زۆرو زەوەندەكانداو چۆنی گرفتەكان چارەسەر بكەیت.
كریشنا مۆرتی: بەم پێیە ئێوە دەتانەوێت سەرەتا كێشە دەرەكیە زۆرەكان چارەسەر بكەنو پاشان لە گرفتەكانی دەروونتان نزیكتر ببنەوە. ئایا مەبەستتان ئەمەیە؟
یەكەمین بەشداربوو: نەو، من دەمەوێت هەردووكیان بەیەكەوە چارەسەر بكەم.
كریشنا مۆرتی: من پۆلێنكاریم پێ قبوڵا نییە.
یەكەمین بەشداربوو: بەڵێ من ئەمەم قبوڵە.
كریشنا مۆرتی: جیهان، منم، من جیهانم، ئێستا لەدوای تێگەیشتنی ئەم خاڵە چۆن دەمانەوێت كێشەكە چارەسەر بكەین؟
یەكەمین بەشداربوو: وەرن بڵێین كە من رازی نیم بەهیچ جیاوازیەك لە نێوان شتە دەرەكیو ناوەكیەكاندا.
كریشنا مۆرتی: سەرەتا دەبێت بەنیسبەت ئەم مەسەلەیەوە دڵنیابن. ئایا بەڕاستی هەقیقەتی ئەم كارە تێدەگەن یان ئەوەی كە ئەم كارە بەتەواوی تیۆریە.
یەكەمین بەشداربوو: بە رای من ئەم مەسەلەیە تیۆریە.
كریشنا مۆرتی: بەڕێز، پێش هەموو شتێك تیۆری لای من هیچ نرخێكی نیە. هەڵبەتە بمبەخشن كە بێ راشكاوی قسە دەكەم. من شایەتم كە چ شتێك خەریكە روودەدات، واتە جەنگ، نەتەوە گەراكان، كوشتارو هەموو شتە ترسناكەكان كەوەختە رووبدەن، مەبەستم ئەمەیە كە بەكردەوە خەریكن روودەدەن، من لەم روەوە دووچاری خۆشخەیاڵی نیم بەڵكو هەموو ئەمانە بە بەرچاوانەوە خەریكن روودەدەن، وەلحال ئێستا كێ ئەمانەی خوڵقاندووە؟
یەكەمین بەشداربوو: بوونەوەرە مرۆییەكان.
كریشنا مۆرتی:ئایا قبووڵتە بڵێین كە ئێمە هەموومان ئەوەمان خوڵقاندوە؟
دووەمین بەشداربوو، بەڵێ، هەڵبەتە.
كریشنا مۆرتی: زۆر باشە، بەم پێیە ئەگەر ئێمە هەموومان ئەوەمان خوڵقاندبێت كەواتە دەشتوانین بیگۆڕین.
من دوێنێ لەنیویۆرك چاوم بە زانایەك كەوت، پزیشكێك كە بۆتە فەیلەسوف. ئەو گوتی كە هەموو ئەمانە هەر تەنیا قسەنو ئێستا پرسیاری واقعی ئەمەیە كە: ئایا شانەكانی مێشك دەتوانن گۆڕانكاری لەخۆیاندا دروست بكەن. ئەویش نەك لەڕێی مادە سڕكەرەكانەوە، یا لەڕێگەی پرۆسە جۆراوجۆرەكانی جیناتەوە بەڵكو ئایا خودی شانەكانی مێشك، دەتوانن بڵێن ئەمە هەڵەیە، كەواتە بگۆڕێ ئاگاتان لێیە؟ ئایا خودی شانەكانی مێشك دەتوانن بەبێ جڵەوگرتنو بەكارهێنانی مەوادی سڕكەر ببینن كە چیان خەڵق كردوەو بڵێن: ئەمە هەڵەیە، بگۆڕێو ئاوەژوو بەرەوە!
یەكەمین بەشداربوو: بەڵام ئێوە رازین بەبوونی جیاوازی لەنێوان مێشكو هزردا.
كریشنا مۆرتی: بەڵێ، رەنگە بێ ئەقڵانە بێتە بەرچاو، بەڵام لام وایە جیاوازبن چونكە مێشك مەڵبەندی سەرجەمی هەستەكانی ئێمەیە.
چوارەمین بەشداربوو: كاكە ئەمە هەر ئەو پرسیارە بوو كە دوێنێ من لێم كردن، ئەمەی كە ئایا ئێمە دەبێت چاوەڕوانی ئەو ئاڵوگۆڕە بین؟
كریشنا مۆرتی: ناتوانن. چونكە درێژە بەڕێگەی خۆی دەدات.
چوارەمین بەشداربوو: ئایا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دێت؟
كریشنا مۆرتی: نەو
چوارەمین بەشداربوو: كەواتە ئێمە دەبێ بۆ گەیشتن بەوە هەوڵاو كۆشش بكەین.
كریشنا مۆرتی: ئێوە دەزانن كە گۆڕان زەرورییە. ئێستا چی دەكەن؟
چوارەمین بەشداربوو: بەڵێ هەموو لەسەر ئەم هەقیقەتە كۆكین.
كریشنا مۆرتی: ئێستا چ شتێك ئەوە دەگۆڕێت؟ مەبەستم گۆڕانە لەشانەكان، نەك لەئایدیاكاندا. شانەكانی مێشك هەموو یادەوەریەكانی رابردووی تیادایە. ئایا ئەو شانانە بەبێ پاڵەپەستۆ و بەبێ كەوتنە ژێر كاریگەریو بەبێ بەكارهێنانی مەوادی كیمیایی دەڵێن “ئەمە دوا رێگەیە. من دەگۆڕێم”؟
دووەمین بەشداربوو: نەو. ئەگەر نفوزو پاڵەپەستۆیەك نەبێت واتە ئەمەی كە ئەم كارە لەخۆیەوە ئەنجام نادرێت.
كریشنا مۆرتی: نەو، گوێ بگرن. شانەكانی مێشك تەواوی یادەوەریو پاڵەپەستۆو فێركردنو پەروەردە، ئەزموونەكانو هەموو شتێكی لەبەرەوەدایە. مێشك، مەڵبەندی زانستە.
دووەمین بەشداربوو: بەڵێ پڕە لەزانست.
كریشنا مۆرتی: بەڵی بەزانستی (2) یان (نیو) ملیۆن ساڵێ پڕە، ئێمە هەموو شتێكمان تاقی كردۆتەوە، مەوادی كیمیایی، خەڵوەتكێشان، رەنجو هەر شێوەیەك لەئەزموونمان بۆ بەدیهێنانی گۆڕانێك لە لەناوەوەی كە لەسەردا ئەنجام داوە. بەڵام سەركەوتوو نەبووین. ئەندازەی جیناتو هەر شێوەیەك لەتاقیكردنەوە بۆ گۆڕینی ئەوەی كە لە سەردا دەگوزەرێ دیسان ئەنجام دراون بەڵام هیچ كامێكیان سەركەوتوو نەبوون هەڵبەتە تا ئێستا سەركەوتوو نەبوون، دەشێت هەزار ساڵی تر سەركەوتوو بن. بەم پێیە بۆچی مێشك پشتی بەم شتانە بەستووە؟ واتە بەمەوادی كیمیاییو بزوێنەرەكانو بە چێژەوە پێیانەوە وابەستەیە؟ ئایا مێشك چاوەڕێیە ئازادببێت؟ “نەو بەداخەوە، ئەمیش هەر خۆدزینەوەیە”.
دووەمین بەشداربوو: واتە لەچاوەڕوانی كەسێكی ترا بوون.
كریشنا مۆرتی: بەڵێ. كەواتە ئایا شانەكانی مێشكیش ئێستا دەتوانن كۆتایی بەسەرجەمی یادەوەرییەكانی رابردوو بهێنن؟ پرسیارەكەی من ئەمەیە كە ئێستا ئێوە چی دەڵێن؟
یەكەمین بەشداربوو: من پرسیارێكی ترم هەیە، من دەبێت وانە بە قوتابیەكانم بڵێمەوە وە من ئەم كارە لەڕێگەی پرۆسەیەكی لۆژیكیەوە ئەنجام دەدەم، لەڕوی لۆژیكیشەوە زۆر شت روون دەبێتەوە. بەڵام لەهەمان كاتدا سنوورداری ئەویش دەناسمەوە بەتایبەتی لەوكاتەی كە لەگەڵا ئێوەدا لەپەیوەندیدا بووم. و تێگەیشتم كە هەموو ئەمانە دەستكرد و تیۆریو سنوردارن. بەم پێیە كاتێ ئێمە دێینە لای ئێوە شتگەلێكمان گوێ لێ دەبێت كە باشنو لەیەك خاڵی بەرزدا بەرەو خاڵێكی تر دەڕۆین بەڵام لەكۆتاییدا تێدەگەین كە هێشتا لەشوێنێكدا نین لەهەقیقەتەوە نزیك بێت. لەبەر ئەوە لەجیاتی ئەوەی كە بەدەوری بازنەی لۆژیكدا خول بخۆین، لەنێو بازنەی ئەم قسانەدا خول دەخۆین بەڵام جیاوازییەكیان نییە.
كریشنا مۆرتی: بەڵێ كاكە. ئەمانە هەمووی سەرتاپایان روون كردنەوەنو ئێمە لەو لۆژیكەوە بۆ ئەم لۆژیكە دەجوڵێین. بەم پێیە ئایا ئاگادارین كە لۆژیك سنوردارە؟ ئێستا ئایا دەتوانم ئەو لۆژیكە بەبێ رۆیشتن بەرەو لۆژیكێكی تر واز لێ بێنم، لەبەر ئەوەی لەسەرەتادا پەیم بەوە برد كە لۆژیك سنووردارە. جا چ ئەو لۆژیكە باڵا بێ یا لۆژیكی باوبێ.
یەكەمین بەشداربوو: نەو، ئەم دوو لۆژیكە ناتوانن بەراورد بكرێن. چونكە یەكێكیان لۆژیكە، بەتەواوی لۆژیكیەو هەر ئەوەیە كە تێگەیشتووین سنووردارە لەحاڵێكدا كە لێرە ئەم قسانە هەرهەموویان لۆژیكی نین. ئەویش كاتێك كە رۆشن بینیو روناكیی بەدەست دەهێنین. سەرئەنجام بەردەوام هەر بەدەوری ئەم شتە بچوكانەدا سوڕ دەخۆینو تێگەیشتنێكیش شكڵا ناگرێت.
كریشنا مۆرتی: زۆر باشە، ئەگەر وایە كە من گومانم هەبێ، ئایا مەسەلەكە ئەوەیە كە ئێوە داوای بەسیرەتێكی تەواو دەكەن. پرسیارەكەی ئێوە دەلالەت لە خواستێك وا دەكات.
یەكەمین بەشداربوو: ئێمە دەبێت لەو شتەی كە وەریدەگرین رازی بین، لەحاڵێكدا كە موحتاجی ئەو شادمانیەین كە شكڵا بەفكر دەدات. ئێمە بەسیرەتە كەمو كورتەكانمان چنگ دەكەوێت نەك بەسیرەتە كامڵەكان.
كریشنا مۆرتی: من سەبارەت بەشادمانی قسە ناكەم. من سەبارەت بە (بینین بەچاوی دڵا قسە دەكەم. من پێشنیاری تەواویو كەماڵا بۆ ئێوە دەكەم. من مەنتیقانە تەواویو كەماڵا پیشانی ئێوە دەدەم. بەڵام ئایا گوێتان لێ دەبێت بەبێ ئەوەی كە بڵێیت بەڵێ، ئەمە دروستە یان ئەمە هەڵەیە؟ هەموو نووسەرو نیگاركێشێ، زانا، شاعیرو مامۆستایەكی رۆحانی، بەكردەوە خاوەنی بەسیرەتێكی سنووردارن. منو تۆ بەیەك دەگەینو دەڵێین “سەیركە، ئەمە سنووردارەو من بەسیرەتی واقعی، كامڵاو پڕم دەوێت نەك بەسیرەتی رێژەییو جوزئی”.
یەكەمین بەشداربوو: ئێمە پێویستمان بەوەیە كە لەم مەسەلەیە تێبگەین، ئایا بەسیرەتی كامڵا چییە؟ ئایا ئەزمونێكە؟
كریشنا مۆرتی: نەو، گومان دەكەم ئەزمونێ بێت. نەو ئەزمونێك نییە.
دووەمین بەشداربوو: كەواتە دەبێت لەناوەوە جۆش بخوا.
كریشنا مۆرتی: نەو، دەزانی مەسەلەكە ئەوەیە خەریكە پەلە لەشتێك دەكەن بەر لەوەی رووبدات.
دووەمین بەشداربوو: كەواتە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.
كریشنا مۆرتی: ئێوە ناتوانن لەو بارەیەوە یاسا دابڕێژن. ناتوانی بڵێیت كە ئەمە ئەزمونێكە چونكە نییە.
دووەمین بەشداربوو: بڕیار بوو ئێوە بەئێمە بڵێن كە چۆن چۆنی هەموو ئەم شتانە دەبنە یەك هەمەكی (كل)
كریشنا مۆرتی: نە ئەم شتانە بەشەكانی هەمەكی دروست ناكەن، منیش بە ئەندازەی ئێوە هەمووتان “مەعلونانە” مەنتقیم. تەنیا دەڵێم بەجۆرێكی خراپ لەگەڵا ئەودا مامەڵە دەكەن. مەسەلەی من ئەمەیە. نەڵێن كە ئەمە ئەزموونێكە یان لەسەر بنچینەی زانستە. ئەوەی لەسەر بنچینەی زانستە دۆزینەوەیەتی نەك خوڵقاندنی.
شەشەمین بەشداربوو: بەڕێز ئەو ناڵێت كە ئەمە ئەزمونێكە لەسەر بنچینەی زانست بەڵكو دەبێت ئەو شتە واقعی بێتو قابیلی سەلماندنی بێت.
كریشنا مۆرتی: مەسەلەكە ئاوایی نیە كە من شتێك تاقی بكەمەوە. ئەمە واقعیەتێكە من لەبنەڕەتدا لەگرفتەكەی ئێوە تێ ناگەم. كەسێك دێتو چیرۆكێكم بۆ دەگێڕێتەوە. من بەتاسەوە گوێی بۆ رادەدێرم. لەبەر ئەوەی چیرۆكێك جوانەو زمانێكو شێوەیەكی دڵنشنو خۆشی هەیە. بەبیستنی ئەو چیرۆكە دووچاری جەزبەو خۆ لەبیركردن دەبم. گوێ لەچیرۆكەكە دەگرمو چیرۆكەكە رۆژ لەدوای رۆژ درێژ دەبیـَتەوەو من بەهۆی ئەم چیرۆكەوە كەم دەكەمو دەتوێمەوە. بەم پَیە چیرۆكەكە بەوتنی “لێرەدا چیرۆكەكە رادەوەستێ” كۆتایی دێت
پێنجەمین بەشداربوو: چیرۆكەكە بۆ ئێمە كۆتایی نایەتو لێرەوە گرفتەكە بەردەوامی دەبێت.
كریشنا مۆرتی: بەرێز ئێوە دۆستی مننو من دەمەوێت پێتان بڵێم كە مرۆڤەكان بەسیرەتێكی سنوورداریان هەیەو ئەمەش شتێكی ئاشكرایە. لێرەدا دۆستەكەی ئێوە دەڵێت كە من بەئێوە دەڵێم بە چ رێگەیەك دەتوانن بەسیرەتی تەواوتان هەبێت. ئایا گوێی لێدەگرن؟ باسو وتووێژ مەكەن بەڵكو تەنها گوێ بگرن. ئێوە برنج دەدەنە سواڵكەرێك لەكاتێكدا ئەو چاوەڕوانی هیچ شتێ لەئێوە نەبووە بەڵام ئێوە برنجی دەدەنێو بەهەمان شێوەش ئەو دیارییەك دەداتە منو دەڵێت “بیگرەو مەڵێ بۆچی دراوە بە تۆو كێ داویەتی، بەڵكو تەنها وەریبگرە” بەم پێیە من خەریكم دەڵێم بەسیرەت وابەستە نیە بەئەقڵەوە، بەسیرەت پشتی نەبەستووە بە زانستەوە. بەسیرەت پشت بەستوو بە هیچ جۆرە یادەوەریەكەوە نیە. ئیشراق پشتی نەبەستووە بەكاتەوە.
كات، یادەوەری، بەبیرهێنانەوە، هیچ كامێكیان بوونیان نیە كەواتە ئێوە بەسیرەتان هەیە، بەسیرەتی كامل. وەكو دووكەشتی كە لەشەودا بەتەنیشتی یەكتردا رەت دەبن یەكێكیان بەوی تریان دەڵێت “ئاواییە”و تێدەپەڕێت. ئێوە چی دەكەن؟
چوارەمین بەشداربوو: بەڕێز ئایا بەسیرەت لەرێگەی راهێنانی پلە بە پلەوە بەدەست دێت یان كارێكی هەنووكەییو دەست بەجێیە؟
كریشنا مۆرتی: ڕاهێنان واتە لەبەركردن واتە كات.
چوارەمین بەشداربوو: بەم پێیە بێت بەتەواوی دەتوانێت هەنووكەییو دەست بەجێ رووبدات.
كریشنا مۆرتی: ئۆ! نەنە، بەڕێز بەس گوێ بگرە ئەو شتێ بەمن دەڵێو دیارنامێنێت، ئەو منی بەتەنها لەلای زێڕو زیوێكی سەرسوڕهێن جێ هێشتووەو من سەرقاڵی تەماشاكردنی جوانی ئەوم. من ناڵێم ئەو بۆچی ئەوەی دا بە منو، ئەوە كێیەو.. هتد. ئەو ئەو زێڕانەی دا بەمنو گوتی بیگرە هاوڕێم، بەوە بژی خۆ گەر ناتەوێت توڕی هەڵدە” و من هەرگیز جارێكی تر ئەو نابینمەوە. مەفتونی ئەو زێڕانە بوومو ئەو زێڕانە دەست دەكەن بە ئاشكراكردنی شتگەلێك كە هەرگیز نەمبینیونو ئەو زێڕە دەڵێت لەنزیكترەوە هەڵمبگرە، تا زیاتر ببینی”. بەڵام من دەڵێم. “من ژنم هەیە، منداڵم هەیە، چەندان دۆستو هاوڕێم هەیە، دەچمە زانكۆو ئیشو كارم هەیە، من ناتوانم ئەم كارە بكەم” لەبەر ئەوە ئێوە ئەو شتە دەخەمەوە سەر مێزەكەو خۆرنشین دەگەڕێمەوەو تەماشای دەكەم بەڵام زێڕەكان بێشەوق بوونو رەنگیان دۆڕاندوە. لەبەر ئەوە دەڵێن كە هەڵیبگرە یان رێزی لێبگرە، خۆشت بوێت، سەیری بكەو چاودێری بكە.
من هەوڵ نادەم كەسێك لەبارەی شتێكەوە قەناعەت پێ بكەم، من دەبینم كە زانست زۆر سنووردارەو دەشێت زۆر ترسناكو ژەهراویش بێت.
بەڕێز من رۆژێك پێش ئێستا رێك پێش ئەوەی بێم بۆ هند، چاوم كەوت بەسێ پسپۆڕی بواری كۆمپیوتەر، پسپۆڕترینیان بوون، ئەوان بەشێوەیەكی قوڵا بەرەو ئەقڵاو هۆشی دەستكرد هەنگاو دەنێنو هۆشی دەستكرد دەتوانێت زۆربەی ئەو شتانەی كە بوونەوەرە مرۆییەكان ئەنجامی دەدەن، ئەنجام بدات واتە شەڕ بكاتو زانستێكی سەرسوڕهێنو لەوەی ئێمە زیاتری هەبێت. كە زانستی ئینگلیزو ئەوروپاو فەرەنساو روسیاو هەموو ئاپانیشادهاو هەموو گیتاكانو ئینجیلەكانو قورئانەكان هەموو شتەكانو… هتد لەخۆبگرێتو بەكردەوەش بیانكاتو پێتان دەڵێت كەچی بخۆنو چی نەخۆن، كەی بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیتان بۆ جێگەی خەوتن بڕۆنو كەی ناتوانن پەیوەندی سێكسی بكەن. ئەم كێشەیە بەشێوەیەكی جدی دەستی پێكردوە لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ئامێرە بتوانێت هەر ئەوەی كە من ناتوانم ئەنجامی بدەم، ئەنجام بدات، جگە لە بەستنی پەیوەندی سێكسی یان سەیركردنی ئەستێرەكان ئەوكات چ كارەساتێك بەسەر مێشكی مرۆڤدا دەقەومێ؟ ئەی كەواتە نەفسی بوونی مرۆڤێك چییە؟ هەموو سەرگەرمییەكانی تەكنەلۆژیای ئەمڕۆ، تۆپی پێ، تێنسو هتد بەداخەوە زۆر بەهێزن. لەبەر ئەوە ئەگەر مرۆڤ لەهەموو سەرگەرمیەكانا، كەسەرگەرمیە ئاینیەكانیش دەگرێتەوە. دیل بووبێت، جێگەو شوێنەكەی لەكوێیە؟ بەڕێز ئەم پرسیارە زۆر جدیە، نەك قسەیەكی ئاسایی.
دووەمین بەشداربوو: ئەم پرسیارە لەوكاتەدا كە گۆڕانو ئاڵوگۆڕی بەسەر مێشكدا دێت، گۆڕانێك كە زۆر پێشتر لەمێشكدا ئامادەیە ئیتر مەترەح نابێت چونكە مێشكی ئێستا، لەبەركەرە و ئامێر، توانای لەبەركردنێكی زۆر باشتری هەیە.
كریشنا مۆرتی: یەك توێژاڵاو یەك پارچەی ناسك لەم مێشكە ئەلكترۆنیە شەش سەد ملیۆن وشە لەخۆیدا دەپارێزێت.
دووەمین بەشداربوو: هەموو كتێبخانەكانی جیهان دەچنە ئامێرەوە.
كریشنا مۆرتی: هەر ئێستاش ئاواییە. وانییە؟ وابێت دەبێت بۆچی من بچم بۆ كتێبخانە، بۆچی دەبێت گوێ بۆ ئەم هەموو هەڵەتو پەڵەتیە بگرم. كەواتە سەرگەرمی تاقی دەكەمەوە.
دووەمین بەشداربوو: یان گۆڕان.
كریشنا مۆرتی: كتو مت خۆیەتی. ئەمە هەمان ئەو پرسیارەیە كە لەسەرەتادا خستمانەڕوو.
دووەمین بەشداربوو: لەبەر ئەوە دووبارە گەڕاینەوە بۆ ئەم پرسیارە.
یەكەمین بەشداربوو: ئایا چاودێری كردن لەم وتەزایانەدا شوێنێكی هەیە؟
كریشنا مۆرتی: بەڵێ. بەڵام ئایا چاودێرییەك هەیە كە بەرنامەو پلانی نەبێتو پێی نەوترێت كە راهێنان بكە، راهێنان بكە، ئایا چاودێریەك هەیە كە هیچ پەیوەندیەكی بەهیچ یەكێ لەوانەوە نەبووبێت؟ لەبەر ئەوە هەر ئەوەندەی من تەمرین دەكەم تا كەسێكی دەوڵەمەندم لێ دەربچێت ئامانجێكی عەمدیم هەیە.
لەبەر ئەوە ئەوەی ئێمە لەحاڵی حازردا ئەنجامی دەدەین ناتوانێت چاودێری بێت. لەبەر ئەوە رەنگە چاودێریەك هەبێت كە هیچ پەیوندیەكی بەم شتانەوە نەبێتو من دەڵێم چاودێرییەك هەیە كە بەم شێوەیە نییە.
دووەمین بەشداربوو: ئایا دەتوانین ئالێرەدا قسەو باسەكە رابگرین.
كریشنامۆرتی: بەڵی هەر ئالێرەدا دەتوانین قسەو باسەكە رابگرین وەكو چیرۆكەكە.
پەراوێزەكان:
1-بەشداری سەرەكی لەم منازەرەیەی كە لەگەڵا بوداییەكاندا سازكراوە “پاندیت جاگانات ئاپادهیایا” یە (Pandit Jagannath upadhaya)
2-deliberation.
تێبینی:
1-ئەم دەمەتەقێیە بەشی یەكەمی كتێبێكە بەناوی “ئایندە ئێستایە”
كە لەنووسینی “كریشنامۆرتی”یەو، “مرسدەلسانی” وەریگێڕاوە بۆ فارسیو دەزگای “انتشارات بهنام” ساڵی (1997)ی زاینی بۆی چاپو بڵاوكردۆتەوە. عنوانەكەش لەدانانی وەرگێڕی كوردیە.
2-وشەی ئیشراق- حاڵەتێكی رۆحیو فەلسەفیە
3-بەسیرەت، زۆر دووبارە بۆتەوە، بەواتای بینین بەچاوی دڵا، چاوڕوونی، بەرجەستەبوونی نادیارەكان لەبەرچاوی خاوەن بەسیرەتە تەواوەكان كە خەڵكی ئاسایی ناتوانن بیانبینن.