گوان مۆیی
لە منداڵێکی جوتیارەوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ ٥٧ ساڵی خایاند
ئەدەبی سەردەم
ناوە ڕاستەقینەکەی “گوان مۆیی”ە، نازناوە ئەدەبییەکەی “مو یان”ـە واتا قسە مەکە.
لەدایکبووی هەرێمی گاومییە لە باکوری خۆرهەڵاتی چین. لە خێزانێکی هەژاری جوتیار ژیاوە. لە کاتی شۆڕشی کلتوری ماوتسی تۆنگ لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا بۆ ئەوەی کاربکات وازی لە قوتابخانە هێناوە. یەکەم چیرۆکی لە ساڵی ١٩٨١دا لە گۆڤارێکی ئەدەبیدا بڵاوکراوەتەوە. ساڵی ١٩٨٦ یەکەم نۆڤڵێتی بڵاوکردۆتەوە. یەکێک لە ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی کێڵگەی سوور کە زەنگ یمۆ لە ساڵی ١٩٨٧ کردوێتی بە فیلم. ڕۆمانەکانی تری وەک “توێکڵی سیر” و “خیمن ناو و حەوت ژیانەکەی”.
مو یان بە یەکێک لە هەرە نووسەرە گەورەکانی چین ئەژمێرێت، تیراژی ڕۆمانەکانی بە زمانی چینی ئەگاتە دووسەد هەزار دانە. شێوازی نووسینی ڕۆمانەکانی مو یان نزیکە لە واقیعی سیحری، ئەگەرچی لە کاتی پێدانی خەڵاتەکەدا شێوازی نووسینی ئەو بە شێوازی واقیعی هەڵبزڕکاو “هەلوەسە” ناوبرا، لێکچونی ئەزمونی نووسینی مو یان زۆر جار بە ئەزموونی هەردوو نووسەری جیهانی گابریا گارسیا مارکیز و ولیەم فۆکنەر ئەچوێنرێت.
پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بە مو یان بووە هۆی دروستکردنی ناڕیزاییەکی زۆر لەناو نووسەران و ڕۆشنبیرانی دنیادا. یەکێک لەو نووسەرانەی بە توندی ڕەخنەی لە مو یان گرت، هێرتە میللەری خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بوو، هێرتە میللەر پێدانی ئەم خەڵاتەی بە مو یان بە کارەساتێک لەقەڵەمدا.
ڕۆمانەکانی مو یان وەرگێڕاون بۆ زۆرینەی زمانەکانی دنیا، تا ئێستا هەژدە ڕۆمانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەرەنسی.
بەشێک لە وتەی مو یان لە ساتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ٢٠١٢
من پێموایە هەمووتان کە ئێستا لێرەدا ئامادەن لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و ئینتەرنێتەوە جۆرێک تێگەیشتنتان لەسەر هەرێمی گاومی لە باکوری خۆرهەڵات هەیە. ڕەنگە باوکە نەوەد ساڵەکەمتان بینیبێت، یان براکانم و خوشکەکانم، خانمەکەم و کچەکەم و کچی کچەکەم کە تەمەنی یەک ساڵ و چوار مانگە. بەڵام ئەو کەسەی کە من لە هەموو کەس زیاتر لەم ساتەدا غەریبی ئەکەم دایکمە، ئێوە هەرگیز دایکم نابینن. لەو کاتەوەی لەوەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ بۆ ئەدەب ئاگاداریان کردمەتەوە زۆر کەس بەشداری ئەم شەرەفەیان لەگەڵدا کردووم، بەڵام ئەوەی هەرگیز ناتوانێت لەگەڵمدا بەشداربێت دایکمە.
دایکم ساڵی ١٩٢٢ لەدایک بووە و لە ساڵی 1994 مردووە. سەرەتا لە خۆرهەڵاتی دێکەمان لە ژێر یەکێک لە درەختەکانی باخی قۆخەکاندا بەخاکمان سپاردبوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو بڕیاردرا هێڵی ئاسن ڕێک بەناو باخی قۆخەکاندا ڕابکێشن، بۆیە ئێمەش ناچاربووین قەبرەکەی بۆ شوێنێکی زۆر دورتر لەوێ بگوێزینەوە. کاتێک قەبرەکمان هەڵدایەوە بینیمان دەمێکە تابوتەکەی ڕزیوە و ئێسک و پروسکی دایکیشم بۆتە نەرمەخاک. بۆ ڕازیکردنی دڵی خۆمان چاڵێکی بچووکمان هەڵکەند و نەرمەخاکەکەیمان گواستەوە ناو ئەو گۆڕە تازەکەی. هەر لەو ساتەوە هەستمکرد دایکم تێکەڵبووە بە خاک و هەرچ کاتێکیش لەسەر زەوی ئەوەستم و قسەئەکەم من قسە بۆ ئەو ئەکەم.
من منداڵی بچووکی دایکم بووم.
هەرە ناخۆشترین یادەوری من ئەو کاتە بوو کە لەگەڵ دایکم ئەچووم بۆ کێڵگەی هەرەوەزی تا دروێنەی گەنم بکەین. ئەو پیاوەی پاسەوانی کێڵگەکە بوو چەپکە گەنمە دوراوەکانی بەهەموو لایەکی کیڵگەکەدا بڵاوکردبوەوە، دایکم نەی ئەتوانی بەو قاچ و قولە بەستراوەیەوە زوو ڕابکات، پاسەوانەکە دایکمی گرتوو زللەیەکی پیاداکیشا. دایکم سەرسمێکیدا و بەلاداکەوت.
پاسەوانەکە دەستی بەسەر هەموو ئەو گوڵەگەنمانەدا گرت کە کۆمان کردبوەوە و بەدەم فیکە لێدانەوە بەجێیهێشتین. من هەرگیز سیمای ئەو ساتەی دایکمم بیرناچێتەوە کە لەسەر زەویەکە دانیشتبوو خوێن بەدەمیدا ئەهاتە خوارەوە. ساڵانێکی زۆر دوای ئەوە، کاتێک ئەو پاسەوانە بوو بوو بە پیرەمێردێکی قژ سپی، لە بازاڕێک لوتمان بوو بە لوتییەوە. بیرمکردەوە لێی بچمە پێشەوە و منیش زللەیەکی پیادا بکێشم، بەڵام دایکم توند گرتمی و بە هێمنی وتی: “ئەو پیاوەی کە لێیدام هەمان ئەم پیرە پیاوەی ئێستا نەبوو”.
من هەمیشە ناشیرین بووم. زۆر کەس لە دێ پێم پێ ئەکەنین و تەنانەت منداڵە دڵفراوانەکانی قوتابخانەش لێیان ئەدام. کاتێک بەگریانەوە ئەهاتمەوە ماڵەوە دایکم پێی ئەوتم: “کوڕی خۆم، تۆ ناشیرین نیت. وەنەبێت تۆ لوتت نەبێت یان چاوت نەبێت، هەروەها تۆ دوو دەست و دوو قاچیشت هەیە. کەواتە ناشیرینی تۆ لە کوێدایە؟ تا ئەوکاتەی دڵێکی باشت هەبێت و زۆرینەی کات میهرەبان بیت، ئەوا تۆ جوان ئەنوێنیت ئەگەر ناشیرینیش دیاربیت. “دواتر من چووم بۆ شار. لەوێ خەڵکی زۆر خوێنەواری لێ بوو لە پشت ملمەوە پێم پێ ئەکەنین یان بەئاشکرا گاڵتەیان پێ ئەکردم. لەوکاتانەدا بیرم لەو قسانەی دایکم ئەکردەوە کە پێیوتبووم ئەو کاتانە من زۆر ئارام و هێمن بووم.
دایکم نەی ئەتوانی بخوێنێتەوە، حورمەتێکی زۆری بۆ ئەو کەسانەش هەبوو کە خوێندەوار بوون. ئێمە لە حاڵ و بارێکی دژواردا ئەژیاین و زۆرینەی کات تەنها نانی ڕۆژمان هەبوو بیخۆین، بەڵام ئەگەر داوای کتێب و قەڵەمم لە دایکم بکردایە هەمیشە بۆی ئەکڕیم. دایکم ژنێکی زەحمەتکێش ئەوتۆ بوو کە ڕقی لە منداڵی تەممەڵ بوو، بەڵام ئەگەر هاتوو من لاملیم بکردایە و خۆم خەریک بکردایە بە خوێندنەوە هیچ کات سەرزەنشتی نەئەکردم.
قسەیەکی پێشینان هەیە کە ئەڵێت: “گواستنەوەی شاخێک یان رووبارێک ئاسانترە لە گۆڕینی سروشتی ئینسانیک”. سەرباری ئەوەی دایکم و باوکم جار لەدوای جار ئامۆژگاریان ئەکردم کە هێندە فرەبێژ نەبم، من نەم ئەتوانی دەست لەو عەشقەم هەڵبگرم کەلەگەڵ لەدایکبوونمەوە هەمبوو بەرامبەر بە وشە. هەر بۆیە ناوی خۆم کرد بە “مو یان” ئەمەش جۆرە تەوسلێدانیکە لە خۆم، چونکە ئەو ناوە بە زمانی چینی واتا “قسە مەکە”.
پێش ئەوەی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواوبکەم ناچاربووم واز لە قوتابخانە بهێنم چونکە منداڵێکی لەڕولاواز بووم و بەرگەی هیچ کاروبارێکم نەئەگرت بۆیە خرامە بەر مەڕلەوەڕاندن و گاوانیکردن لە دەرودەشت. کاتێک ئاژەڵەکانم ئەدایە پێش خۆم و بەلای دەرگای قوتابخانەکەمدا ئەڕۆیشتم هاوپۆلەکانی خۆمم ئەبینی لە ناو گۆڕەپانی قوتابخانەدا خەریکی ڕاکەڕاک و یاریکردن بوون، من لەویادا بێ ئەندازە هەستم بەغەمباری ئەکرد و تێئەگەیشتم کەئەبێت چەندە ئازاراوی بێت بۆ ئینسانێک ـ تەنانەت بۆ منداڵێکیش ـ کە لە گروپەکەی جیابکرێتەوە.
ئاژەڵەکانم لەو دەشت و دەرە بەرەڵائەکرد بۆ ئەوەی بەکەیفی خۆیان بلەوەڕێن. ئاسمانەکە شین بوو وەک ئەوەی نزیک بە دەریایەک بیت، لەوەڕگاکان بێ سنوور گەورەبوون و چاوت بە چاوی ئینسانێک نەئەکەوت، تەنها گوێت لە هەندێک باڵدار ئەبوو کە لەئاسماندا ئەیانخوێند. هەستم بە تانهایی و بەجێهیشتن ئەکرد، کاتێکیش دیقەتی هەورە سپییەکانیم ئەدا کە بەئاسماندا ئەڕۆیشتن چەندان وێنەی سەیر و سەمەرەی پڕ لە فەنتازیا بە خەیاڵمدا ئەهاتن.
ئەو شوێنەی تیایادا ئەژیام پڕبوو لە چیرۆک لەسەر ڕێوی کە خۆی ئەگۆڕێت و ئەبێت بە ئافرەتی جوان. خەیاڵم ئەکردەوە کاتێک کە مەڕەکان ئەلەوەڕینم جوانێکی وا دێت بۆ لام، بەڵام ئەو جوانە هەرگیز نەهات. لەیەکێک لەو جارانەدا لەپڕ چاوم بە ڕێویەکی سوورباوی ئاگرین کەوت لەناو گژوگیایەکدا قەڵەمبازیدا و هاتە دەرەوە، ئەو ڕێوییە وا ترساندمی کە نەمتوانی خۆم بەپێوە بگرم و لەجێی خۆم لەسەر قن لە ئەرزەکە دانیشتم. ڕێویەکە ڕایکرد و بێ ئەسەر دیارنەما بەڵام من دوای ئەوەش هەر گیانم ئەلەرزی. هەندێک جار بەچیچکانەوە لەلای مانگاکان دائەنیشتم و سەیری وێنەی خۆمم ئەکرد لەناو چاوە شینباو و ڕەشەکانیاندا. هەندێکجار لاسایی دەنگی باڵدارەکانم ئەکردەوە و هەوڵمئەدا لەگەڵیاندا قسەبکەم، هەندێکجار خۆم لەدرەختێک دائەگرت. بەڵام پێ ئەچوو باڵدارەکان و دارەختەکان چەند پەیامێکیان لەمنەوە پی بگات. زۆر داواتر، دوای ئەوەی بووم بە نوسەر، ئەمویست ئەو فەنتازیایانە لە ڕۆمانەکانمدا بەکاربهێنم. زۆر کەس ستایشی هێزی گێڕانەوەیان ئەکردم و هەندێک لە ئەدەب دۆستان داوایان لێ ئەکردم باسی ئەو نهێنیانەیان بۆبکەم کە چۆن ئەتوانیت مەشق بە فەنتازیای خۆت بکەیت، من تەنها زەردەیەکی خەمبارانەم بەڕوودا ئەکردن و هیچ وەڵامێکم بۆ پرسیارەکەیان نەبوو.
ئەوەی ئەبوو من بیکەم لە نووسینەکانی خۆمدا تا ڕادەیەک ئاسان بوو: ئەوەبوو کە چیرۆکەکانی خۆم بەشێوازی خۆم بگێڕمەوە. شێوازی خۆشم وەک شێوازی گێڕانەوەی مێژوونووسێک وابوو لە بازاڕ، یان هەروەکو باپیرەم و باوکی دایکم و هەموو کەسە پیرەکانی ناو دێ.
بۆ ئەوەی ڕاستگۆیانەتر قسەبکەم هەرگیز بەتایبەتی بیرم لەوە نەکردۆتەوە کە چ جۆرە گوێگرێکم هەیە. ڕەنگە ئەوەی کە گوێ ئەگرێت وەک دایکم وابێت یان کەسێک بێت وەک خۆم. سەرەتا چیرۆکەکان لەسەر خۆم و ئەزموونی خۆم بوون.
چەندە خاوەنی چیرۆکی زۆربێت هەمیشە سنوورێک لەبەردەمتا هەیە، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە ئینسان چیرۆکەکانی لە بەردەم چیرۆکی ئینسانەکانی تردا ئەگێڕێتەوە. ئەو چیرۆکانەی من لە دەمی خزم و کەسەکانم یان خەڵکی دێکانی تر بیستووە، ئەو چیرۆکانەی لەلایەن باپیرانمەوە بیستوومە و ئەوانیش لە دەمی کەسە بەتەمەنەکانی پێش خۆیان بیستوویانە، هەموویان بەلێشاو وەک سوپایەکی بەپۆشتەوپەرداخ دێنەبەردەمم. ئەو چیرۆکانە بە چاوێک کە شتێکیان لێم بووێت سەیرم ئەکەن و چاوەڕوانن من بیان نووسمەوە. باپیرەم و باوکی دایکم، دایکم و باوکم، براکانم و خوشکەکەنام، پورەکانم و خاڵەکانم، ژنەکەم و کچەکەم ـ هەموویان لەناو نووسینەکانمدا هەن، هەروەها زۆر کەسی تری دانیشتووی گاومی لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەو هەرێمە بوونەتە کەسایەتی ناو نۆڤلێت و ڕۆمانەکانم. بێگومان ئەندێشەسازیم تیایاندا کردووە و بوون بە کەسێکی جیاواز لەوەی کە هەن، بوون بە کەسی ناو بەرهەمی ئەدەبی.
لە دواهەمین ڕۆمانمدا، بۆقەکان، پوری خۆمی تیایە. لەو کاتەوەی خەڵاتی نۆبڵم وەرگرتووە زۆر لە ڕۆژنامەنووسەکان بەدوایدا گەڕان و دۆزییانەوە، لە سەرەتاوە بە سەبرەوە وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە، بەڵام هەر زوو تاقەتی نەما و ڕایکرد لە دەستیان و چووەوە بۆ ماڵەوە بۆ لای کوڕەکەی کە لە شارێکی بچوکتر ئەژی. ڕاستە کە پورم ڕۆڵی خانمێک لە ڕۆمانی بۆقەکاندا ئەبینێت، بەڵام دنیایەک جیاوازی لە نێوان کەسایەتی ڕۆمانەکە و ئەودا هەیە. پورم لە ڕۆمانەکەدا کەسێکی لەخۆبایی و ستەمکارە و تاڕادەیەک دزیشە، لەکاتێکدا پورە ڕاستەقینەکەم کەسێکی نەرم و نیان و ئاساییە، نموونەی ژن و دایکە. پورم لە تەمەنی پیریدایە و کەسێکی سەرکەوتووە و دەوڵەمەندە بە ژیان، لە کاتێکدا لە ڕۆمانەکەدا ئازارێکی ڕۆحی هەیە و شەوانێک لە بێ خەوی ئەباتەسەر و وەک خێوێکی نائارام بەناو تاریکیدا بە پاڵتاوێکی ڕەشەوە دێت و ئەچێت. من زۆر سوپاسی هەستی بەرزی پورم ئەکەم کە لێم توڕە نەبووە لەبەرئەوەی بەو شێوەیە لە ڕۆمانەکەمدا باسمکردووە، من ستایشی ئەو حیکمەت و توانایەی ئەکەم کە لەو حاڵەتە ئاڵۆزەی نێوان کەسایەتی ڕۆمان و کەسی ڕاستەقینە گەیشتووە.
کاتێک دایکم مرد غەرقی دڵگرانی بووم و بڕیارمدا کتێبێک بنووسم و پێشکەشی بکەم. ئەوەش کتێبی “سمتی زل و مەمکی گەورە” بوو. لەبەرئەوەی کە من تەواو بڕیارمدابوو پڕیشبووم لە هەست و سۆز ڕۆمانیکی گەورە کە بریتیبوو لە پێنج هەزار هێما لە ماوەی ٨٣ ڕۆژدا نووسیم.
لە “سمتی زل و مەمکی گەورە”دا بێ ویژدانانە باسی ئەزمونی دایکمم کردووە، بەڵام ئەزمونی ئەو دایکەی ناو ڕۆمانەکە لە ئەزمونی زۆر دایکی تری گاومی باکوری خۆرهەڵاتەوە هێنراوە و شاعیرێنراوە. لەسەرەتاوە ڕۆمانەکەم پیشکەشی “ڕۆحی دایکم کرد لە ئاسمان” بەڵام ڕۆمانەکەم بەهەمان گەرمییەوە پێشکەشی هەموو دایکانی دنیاش کردووە. بەهەرحاڵێک ئەوە نیەتی ئەو جورئەتکردنەی من بوو، تەواو وەک ئەوەی کە تەمەنام ئەکرد گاومی باکوری خۆرهەڵات بکەمە بچوکراوەی چین یاخود بیکەمە وێنەیەکی بچوکی دنیا.
دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵم لە ئەدەبدا وەرگرت هەندێک گفتوگۆ هاتنە ئاراوە. لەسەرەتاوە پێموابوو ئەم هەرایە لەسەر منە، بەڵام وردە وردە تێبینیم کرد کە قسە لەسەر کەسێکی تر ئەکرێت کە هیچ پەیوەندی بە منەوە نییە. وام هەست ئەکرد چومەتە ناو شانۆگەرییەکەوە و سەیری ئەکتەرێک ئەکەم. ئەمبینی کە چۆم گوڵ بەسەر خەڵاتکراوەکەدا هەڵئەدەن، بەڵام ئەو بەردانەشم ئەبینی کە چۆن ئەگیرێنە دەمی و چۆن ئاوی زێرابیش ئەکەن بەسەریدا. ترسام تەحەمولی نەمێنێت، بەڵام ئەو بەزەردەخەنەوە لەناو ئەو گوڵ و بەرد تێگرتنەدا سەیری ئەملاولای خۆی ئەکرد، ئەو ئاوە پیسەی کە بەسەر جەستەیەوە بوو ئەیسڕی و هەنگاوێک چووە ئەولاوە و بەو کۆمەڵە خەڵکەی وت:
باشترین شتێک بۆ نووسەر ئەوەیە بنووسێت هێندەی ئەوەی قسەبکات. هەموو ئەو شتانەی ئەیانڵێم لەناو نووسینەکانمدا هەن. ئەو پیتەی لەدەم دێتە دەرێ پەرشوبڵاوئەبێتەوە و با ئەیبات، بەڵام ئەوەی لەسەر وەرەقە ئەنووسرێت هەمیشە ئەمێنێتەوە. تەمەنا ئەکەم ئێوە سەبرتان هەبێت و کتێبەکانم بخوێننەوە ئەگەرچی من هەقی ئەوەم نییە ئەم داوایەتان لێ بکەم. من هیچ ئومێدێکی ئەوتۆم نییە ئێوە بگۆڕم تەنها لەبەر ئەوەی ئەو کتێبانە ئەخوێننەوە، چونکە هیچ نووسەرێک لە دنیادا نییە هەموو خوێنەران دڵخۆشبکات. باشتربوو ئەم قسەیەم لە ئێستادا بکەم نەک دوایی.
ئەگەرچی من زۆر تاقەتیشم نییە قسەبکەم بەڵام ئەبێت ئەمڕۆ ئەمە بکەم، بۆیە ڕێم بدەن هەندێک قسەی تر بکەم.
من کەسێکی چیرۆک گێڕەرەوەم، چیرۆکێکتان بۆ ئەگیڕمەوە:
پێش نزیکەی سی ساڵێک لەوەوبەر لە سوپادا کارم ئەکرد. ئێوارەیەکیان لە نووسینگە دانیشتبووم و ئەمخوێندەوە ئەفسەرێکی پیر لە دەرگاوە خۆی کرد بە ژووردا، بەرامبەرم سەیرێکی شوێنەکەی کرد و منگەمنگێکی کرد و وتی: “بەڕاست، خۆ کەسی لێ نییە؟” لەپڕ هەستامە سەرپێ و وتم: “من بە کەس حساب ناکرێم؟”. ئەفسەرە پیرەکە تا بناگوێی سوور هەڵگەڕا و پاشەوپاش گەڕایەوە. بۆ ماوەیەکی زۆر لەخۆم ڕازیبووم و چونکە وەک سەربازێکی ئازا خۆم ئەهاتەبەرچاو، بەڵام ئەمە گەر لە کاتێکی تردا ڕویبدایە ئەوا هەستم بەشەرم ئەکرد.
من چیرۆکنووسم.
من بۆیە خەڵاتی نۆبڵم پێبەخشرا چونکە چیرۆک ئەگێڕمەوە.
لەوکاتەوەی خەڵاتەکەم پێ بەخشراوە زۆر ڕوداوی خۆش ڕوویانداوە، ئەو ڕووداوانەش قەناعەتیان پێکردووم کە ڕاستی و یەکسانی بوونیان هەیە.
من لەو ساڵ و مانگانەی کە لەبەردەممدا ماون بەردەوام ئەبم لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانام.