مردووخانەکەی بەغدا
جێی دەستخۆشییە لەم دۆخە سەختەدا، کە وڵات بە جۆرەها قەیران و دۆخی نەخوازراودا تێدەپەڕێت، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ناو بە ناو بە کۆمەڵێک کتێبی گرنگ و دانسقە، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند دەکات و چاوی خوێنەر بە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر ڕوون دەکاتەوە.
لەم کۆمەڵە کتێبە تازەیەدا کە بەم دواییانە دەزگای ناوبراو چاپ و بڵاوی کردنەوە، ڕۆمانی (مردووخانەکەی بەغدا) سەرنجت ڕاکێشام و چێژی خوێندنەوەی پێ بەخشیم، ئەم ڕۆمانە لە لایەن (بورهان شاوی) نووسراوە و (حەمەڕەشید) بە شێوەیەکی جوان و کوردییەکی پاراو و زمانێکی سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ئەم ڕۆمانەش وەک بەشێکی زۆری ڕۆمانە عێراقییەکان باس لە زوڵم و چەوساندەوەی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو و دونیای دوای بەعس دەکات، مردووخانەکەی بەغدا، بە سروشتی خۆی خوێنەر پەلکێش دەکاتە نێو کۆمەڵێک ڕوودا و بەسەرهاتەوە، کە لە ساتی خوێندنەوەدا وا هەست دەکات بەو ڕووداوانە ئاشنایە، یاخود خۆی وەک تاکێک بەشدارە لەوەی نووسەر دەیگێڕێتەوە، هاوکات بینای کەسێتییەکانی هێند هونەریانە و شارەزایانە بونیاد ناوە، هیچ خوێنەرێک نییە هەست بە ڕۆحی خۆی نەکات لە ناو کارەکتەرەکاندا.
بە ڕووکەش ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لە نێو بەڕێوەبەرێتییەکدا ڕوودەدەن بە ناوی (مردووخانە) واتە ئەو شوێنەی کە مردووی بۆ دەبرێت و توێکاری لەسەر جەستەیان دەکرێت و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری مردنەکەیان دەکرێت، ئادەمی پاسەوان، شاکەسایەتیی ڕۆمانەکەیە و پاسەوانی مردووخانەکەیە، ئادەم نموونەی سەرجەم خەڵکی عێراقە، خەڵکە قوربانییەکەی دەستی سیستەم و دەسەڵات، ئادەم بۆ بژێوی خۆی و دایکە پیرەکەی دەبێت بە پاسەوانی مردووخانەکە، بەڵام لەگەڵ ڕەوتی ژیان و پیشەکەیدا، دەبێت بە شاهید و بینەری کۆمەڵێک ڕووداوی گەورە، ئەو ڕووداوانەی دوای لە کارخستنی بەعس لە بەغدای پایتەخت ڕوودەدەن، ئادەم کوڕێکی گەنجە و ئارەزوویەکی زۆری بۆ کتێبخوێندەوە و تەماشاکردنی فیلم هەیە، بەشێک لەو موچەی وەری دەگرێت تەرخانی دەکات بۆ کڕینی کتێب و فیلم، بێگومان شوێنی ژیان و کارکردنەکەشی هەر لە مردووخانەکەیە و لەو نهۆمەدایە کە مردووەکانی تێ دەخرێتە ناو ساردکەرەوە، بیرکردنەوە لە مەرگ و ژیان و ژیانی دوای مردن، دەبێتە کەڵکەڵەی مێشکی ئادەم، چونکە ئەو ڕۆژانە لەگەڵ لاشەی مردووەکاندا مامەڵە دەکات، قسەیان لەگەڵدا دەکات و بە دزییەوە گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرێت و سوسەی هۆکاری مردنەکەیان دەکات، تەرمەکان لە لە هۆڵی توێکارییەکەدا پێکەوە دەکەونە گفتوگۆ و باسی ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، ئادەم دەبیستێت کە هەر یەک لەو تەرمانە خاوەنی چیرۆکێکی غەمگین و دڵهەژێنە، ئەو چیرۆکانەش کۆی چیرۆکە تراژیدی و خوێناوییەکە پێک دەهێنن کە ناوی عێراقە، عێراقی ناو جەنگ و قەیرانەکان، عێراقی ڕق و سەربڕین و دەمارگیری و بەرکەوتنە خوێناوییەکانی نێوان ئاین و هێزە جیاجیاکان، عێراقی عەسکەرتارییەت و دەسەڵاتی زاڵی پیاوانی ئاسایش و سیخوڕ و بەرتیل وەرگرتن.
تەرمەکان بە هۆی هێڕانەوەی چیرۆکەکانی خۆیانەوە، ئاشنامان دەکەن بەوەی کە لە ڕابردوودا چی ڕوویداوە و ئێستا چی دەگوزەرێت، ئاشنامان دەکەن بەو غەدرەی لە مێژە لە مرۆڤی عێراقی دەکرێت و کۆمەڵێک بەڵگە و نهێنی دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە بەشێکی زۆرمان نەمانبیستبێ و نەزانین ئەوە مێژووی ئێمە لە وڵاتێکدا کە پێی دەڵێن عێراق، تەرمەکانی نێو مردووخانە، هەر یەکەیان بە هۆکارک تیاچوون، هەندیکیان لە زیندانەکانی بەعس کوژراون و لە سێدارە دراون، هەشیانە بە تاوانی شەرەف و ناموسپارێزیی و گومانکردن لە کچەکانیان لە لایەن پیاوانی بنەماڵەکانەوە کوژراون، هەشیانە لە دوای ڕوخانی بەعسەوە، لە تەقینەوەدا تیاچوون، یاخود بە پلانی گروپ و باندە تیرۆریستی و سەربازییەکان لەناو براون.
سەیر لەوەدایە کە تەواوی کارەکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، بە گەورە و بچووک، بە دیار و نادیارەوە، پیاوەکان ناویان ئادەمە و ژنەکانیش ناویان حەوایە، وەک ئەوەی بڵێی مرۆڤی ئەم وڵاتە چارەنووس و ژیان و قەدریان لە یەک دەچێ و هەموویان لە دەوری بازنەیەکدا دەسوڕێنەوە، کە بازنەی مەرگە، هاوشێوەیی ناوەکان لەم ڕۆمانەدا، ڕەهەندێکی ڕێکەوتئاسای نییە و نووسەر بۆ فەنتازیا و گەمەکردن لەگەڵ خوێنەردا دای نەناون، بەڵکو ڕەهەندێک قووڵی مێژووی و ئەفسانەیشی هەیە و ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی سەرەتای دروستبوونی بوونی مرۆڤ، کە ئیدی لەوێوە برین و ئازار درێژ دەبێتەوە و سەدە و قۆناغەکانی ژیان دەبڕێت و هەنگاو هەنگاو لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ڕێ دەکات.
ئادەمی پاسەوان لە نیو تەرمەکاندا چەندین حاڵەتی دەگمەن و سەیر دەبینێ و دەبیستێ کە هەندێک جار وا دەزانێ خەون دەبینێت، یان پێی وایە تووشی تەنگەشەی دەروونی بووە، بەڵام دواجار لە ڕێگەی یەکێک لە تەرمەکانەوە کە منداڵێکە دەبیستێ کە خۆیشی مردووە، ئادەم تووشی شۆک دەبێت کە لە زاری ئەو منداڵەوە دەبیستێ خۆیشی تەرمە و جێ فیشەکێک بە نێوچەوانی خۆیەوە دەبینێت، بەڵام ئایا ئەگەر مردووە چۆن دەتوانێت قسە بکات، چۆن دەتوانێ بجوڵێت؟ بۆ ئەوەی تەواو دڵنیا بێت لەوەی مردووە یان زیندوو، لەگەڵ منداڵەکەدا لە مردووخانەکە دەچنە دەرەوە و بەسەر شەقامەکانی بەغدا دەکەونە پیاسە، بەڵام ئادەمی پاسەوان هەر کەسێک دەبینێت، شوێن توێکاریی پزیشکی مردووخانەکە بە جەستەیەوە دەبینێت، دواتر تێدەگات کە هەموو عێراق مردووە، لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانە ڕەهەندێکی ڕەخنەیی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیانی ئێستا هەیە و پێمان دەڵێت کە خودی بەغدا بۆ خۆی مردووخانەیەکی گەورەیە و ئەوانەی تیایدا دەژین جگە لە تەرم و مردوو هیچی دیکە نین.
بورهان شاوی نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووس و سینەمایی و وەرگێڕێکی ناوداری عێراقییە و ساڵی ١٩٥٥ لە پارێزگای کوت لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٧١ ەوە دەستی بە نووسین کردووە لە ڕۆژانەمەدا، بەردوامی لە نووسین، ئەم ڕۆامننسە دەکات بە خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لە بوارەکانی شیعر و ڕۆمان و وەرگێڕان و بابەتی هونەریدا، لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا سینەمای خوێندووە و لە وڵاتی ئەڵمانیاش ڕاگەیاندنی تەواو کردووە و ئێستاش لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و سەرقاڵە بە کاری نووسین و هونەرەوە.
هیوادارم خوێنەران خۆیان لە چێژ و جوانی و گرنگی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن، چونکە هەم ڕۆمانێکی ئاست بەرزە، هەم زۆر جوان کراوە بە کوردی.
بارین عەلی