خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا
ئیدریس عەلی
ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە چیرۆکی جیهانیی کۆمەڵێک نووسەری بەناوبانگ، کە پێگەی تایبەتیان لە ئەدەبیاتی جیهانیدا هەیە و کاریگەریی نووسین و چیرۆک و ئەندێشەکانیان بەسەر نەوەی سەردەم و پاش سەردەمەکەی خۆشیانەوە داناوە، هەر کام لە چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، هی نووسەرێکی جیهانییە و شێواز و زمان و تەکنیکی تایبەت بە خۆیان هەیە، تەنها خاڵی هاوبەشی نێوان چیرۆکەکان، بریتییە لە جوانی و چێژ و ئاستی بەرزی داهێنانیان، دەنا هەر یەک لەو چیرۆکانە، دنیا و فەزا و خەیاڵ و سروشت و ڕووداو و بەسەرهاتی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەکرێت بە جیا، یان یەک لە دوای یەکیش بخوێنرێنەوە، لە ڕاستیدا بوونی هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی جیهانی و ئاست بەرز لە دووتوێی کتێبێکدا، بۆ خۆی گرنگی تایبەتی هەیە، ئەگەر لە لایەکەوە خوێنەر و نووسەری کورد ئاشنا دەکات بە دونیابینی و تەکنیک و شێوازی چیرۆکنووسی کۆمەڵێک نووسەری داهێنەری جیهانی، ئەوا لە لایەکی دیکەوە کتێبخانەی کوردی دەبێتە خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەو هەڵبژاردە چیرۆکانەی کە تاکو ئێستا لە لایەن چەند وەرگێڕێکی دیار و ناوداری کوردەوە وەرگێڕدراون.
کتێبی (خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا) لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) وەک تەواوی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی دیکەی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش و زمانێکی ئەدەبیی باڵا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بە هۆی زمانپاراوییەوە هێندەی تر چێژ و جوانیی بە چیرۆکەکان بەخشیوە.
لە ڕاستیدا وەرگێڕی ئەم هەڵبژاردە چیرۆکە جیهانییە، تەنها زمانزانێک نییە و تێکستی بیانی وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بەڵکو هاوکات ڕووناکبیرێک و ڕۆشنبیرێکی دیاریشە و تا ئەندازەیەکی زۆر ئاگاداری بابەتە فکری و فەلسەفی و عیرفانی و ڕۆحییەکانیشە و لەو بوارانەشدا کۆمەڵێک کتێبی دەگمەن و دانسقەی وەرگێڕاوە و پێشکەشی خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کردووە، هاوکات لە بواری وەرگێڕانی پێچەوانەشدا، کۆمەڵێک کتێبی شاعیرانی کوردی وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی، ئەمە جگە لەوەی کە خۆیشی لە بواری نووسینی کورتە چیرۆکدا ئەزموونی هەیە و خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێکە بە ناوی (تەرمی نە ناسێک) کە پێکهاتووە لە پێنج چیرۆک، ئازاد بەرزنجی بە وەرگێڕانی ڕۆمانی (چاوەکانی) نووسەری گەورەی ئێرانی (بزورگی عەلەوی) دەچێتە ناو کاروان و بزاوتی وەرگێڕانەوە وەک سەختترین و بەرپرسانەترین کار ژیانی خۆی بۆ نووسین و وەرگێڕان تەرخان دەکات و تاکو ئێستا کۆی ئەو کتێبە جۆراوجۆرانەی وەری گێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، نزیکەی شەست و دوو کتێب دەبن.
کتێبی (خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا) کە تازەترین کاری وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجییە، خۆی لە بیست و حەوت چیرۆکی هەڵبژاردەی جیهانی دەبینێتەوە و هەر یەک لەو چیرۆکانە نووسەری سەر بە کولتوور و وڵات و شارستانییەتێكی جیاواز نووسیویەتی، چیرۆکەکانیش بریتین لە : تەنیایی… موباسان، ئەو پیاوە مەزنەی کۆچی دوایی کرد… لویجی پیراندێللۆ، سیمای غەمگینم… هاینریش بۆڵ… یەکەمین سواڵ… ویلیەم مارچ، ڕاوچی… یەشار کەمال، مشکەکانیش بە شەو دەخەون… ڤۆڵفگانگ بورشێت، نان… ڤۆڵڤگانگ بورشێت، خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا… موشانوکوجی، باج… خۆلیۆ ڕامۆن ڕییە ئیرۆ، نەرمەبارانێکی سارد… خوان دی لاکابا، چاوی شین… ئۆکتاڤیۆ پاز، چوار کورتیلە چیرۆک… کارکس فۆینتس، لەبەرئەوەی هەژارین… خوان ڕۆڵفۆ، سەگێک ناوەڕێت… خوان ڕۆڵفۆ، ماکاریۆ، خوان ڕۆڵفۆ، بەتەنها کەفی سابوون بەسە… هێرناندۆ تیللیز، بووکەشووشەی ساڵی ١٩٤٦… یوسف سامی دۆغڵو… چیۆکێکی جامایکایی… ئەی ئێڵ هەندریکس، ئیرین… ئەندریێ مۆروا، دەمەوپاییز… لانگستن هیوز، ئەمەکداری… یۆکیۆ میشیما، ٢٥ی ئابی ١٩٨٣… خۆرخێ لویس بۆرخیس، دیسک… خۆرخێ لویس بۆرخیس، جووجەڵەی مل هەڵکەنراو… ئۆراسیۆ کیرۆگا، جوانترین پیاوی خنکاو لە جیهاندا… گارسیا مارکیز، بۆگەنی تەرمەکە… سێرگیۆ ڕامبێرز، بووکێ (دوا چیرۆکی چیخۆف) ئەنتۆن چیخۆف.
هاوکات وەرگێڕی ئەم هەڵبژاردە چیرۆکە جیهانییە، لە پێشەکییەکی کورتدا، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کۆمەڵە کورتە چیرۆکە، بەرنامەیەکی تایبەتی لە شێوە و شێواز و تەکنیک کۆی نەکردوونەتەوە، بەڵکو هەڵبژاردنیان تەنیا پەیوەست بووە بەو کاریگەرییەی چیرۆکەکان لەسەر خودی وەرگێڕ جێیان هێشتووە، جگە لەوەی زۆربەی چیرۆکەکان وێڕای شێوە و تەکنیک و فەزا و زمانی جیاوازیان، پەیامێکی ئینسانی پێکەوە گرێیان دەدات و هەستێکی تراژیک بەناویاندا گوزەر دەکات، ئەگەر ئەم نووسەر یان ئەو نووسەریش پتر لە چیرۆکێکی تەرجمە کرابێت، ئەوا هەر لەم ڕوانگەیەوە بووە و ڕێکەوت لەگەڵ یەکتریدا کۆی کردوونەتەوە… بە گشتی سەرجەم چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، لە زمانی عەرەبی، یان فارسییەوە وەرگێڕدراوەنەتە سەر زمانی کوردی.
لە ناساندنی ئەم کتێبەدا هەوڵم داوە خۆم بە دوور بگرم لە باسکردنی چیرۆکەکان و ڕووداو و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و کارەکتەرسازی و فەزای گشتی چیرۆکەکان و لەو کارە گەڕاوم بۆ ئەوەی خوێنەر بە هەناسە و تێگەیشتن و خەیاڵی تایبەت بە خۆیەوە بەر چیرۆکەکان بکەوێت و گەشت بە ناو ڕووداوەکانیدا بکات، هێندەم پێ بەس بووە کە خوێنەر ناوی چیرۆک و نووسەرەکانیان بزانێت کە هەر یەکەیان لە ئاست و پێگەیەکی بەرزی نەخشەی ئەدەبیدان، ئەمە لە کاتێکدا ئازاد بەرزنجیش وەری گیڕابێتە سەر زمانی کوردی، ئیدی دڵنیام خوێنەر خۆیان بێبەش ناکەن لە چێژی خوێندنەوەی ئەم کتێبە.