کۆچی قەڵەمێکی داهێنەر و مرۆڤێکی ڕەسەن

Loading

کۆچی دوایی مامۆستا سەدرەدین عارف

زۆر بەداخەوە ڕایدەگەیەنین کە شەوی ڕابردوو و دوای ماوەیەکی زۆر ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا، چیرۆکنووس و وەرگێڕ مامۆستا “سەدرەدین عارف” ماڵئاوایی یەکجارەکیی لێ کردین. بە ناوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و سەرۆکی دەزگاکە و هەموو نووسەران و کارمەندەکانییەوە، هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەکەیان ڕادەگەیەنین و سەرخۆشییان لێ دەکەین و  تەمەننا دەکەین ڕۆحی بەزری مامۆستا ئاسوودە بێت.

هەڵبەتە مامۆستا سەدرەدین یەکێکە لە نوێکەرەوانی چیرۆکی کوردی و یەکەمین چیرۆکی خۆی لە ساڵی ١٩٦٧ دا نووسیوە و بە شێواز و تێڕوانینێکی تازەوە هاتووەتە بوارەکەوە و توانیویەتی زۆر زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ توخمەکان و تەکنیکەکانی چیرۆکنووسیی نوێدا بکات و لە چیرۆکەکانیدا تەوزیفیان بکات.

سەدرەدین عارف بێ لەوەی وەکو مامۆستایەکی لێهاتوو لە بواری پەروەردەدا چەندان نەوەی پەروەردە کردووە، بۆ ساڵانێکی زۆر وەکو نووسەر و وەرگێڕ لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کاری کردووە و هەم وەکو نووسەرێکی گۆڤارەکانی دەزگای سەردەم و هەم وەکو ئەندامێکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی کتێب هاوکاریی دەزگاکەی کردووە.

ئەو جگە لەوەی نووسەر و وەرگێڕ و زمانزانێکی بەسەلیقە بوو، مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆ و بێلاف بوو و بە بێدەنگی، سەرقاڵی ژیان و کارەکانی خۆی بوو و وەکو زۆربەی مرۆڤە ڕەسەن و داهێنەرەکانی ئەم کۆمەڵگایەش، دوور لە هەراوزەنای میدیاکان و لە ماڵەکەی خۆیدا دوا ماڵئاوایی لێ کردین.

هەزاران دروود بۆ ڕۆحی جوان و بەرزی مامۆستا سەدرەدین عارف، کە بە کۆچی دوایی، هەم نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی قەڵەمێکی شکۆداری لە دەست دا و هەم هاورێکانیشی یەکێک لە مرۆڤە ڕاستگۆ و سەربڵندەکانیان لە دەست دا.

ناردن: