لویس گلوک؛ براوەی نۆبڵی ئەدەبیات بۆ ساڵی ٢٠٢٠
“لەبەر دەنگە شیعرییەکەی کە ڕاستەوخۆ دەناسرێتەوە و بە تەرزێکی قەشەنگ ئەزموونی هەبوونی تاکەکان دەکات بە ئەزموونێکی یونیڤێرساڵ”، ئەکادیمیای سوێدی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، پێ بەخشی.
لویس گلوک، ساڵی ١٩٤٣ لە شاری نیویۆرک لەدایک بووە. لە لایەن زۆرێک خەڵکەوە، بە یەکێک لە بەهرەمندترین شاعیرانی هاوچەرخی ئەمریکی دادەنرێت. نووسینی ئەو بە وردەکاریە تەکنیکیەکەی و هەستیاریەکەی دەناسرێتەوە، کە باس لە تێماکانی تەنیایی، خێزان، تەڵاق و مردن دەکات. هەروەها هەندێک جار دەگەڕێتەوە سەر ئەفسانەکانی گریک و ڕۆمان و دووبارە تەوزیفیان دەکاتەوە، بە تایبەت پێرسفۆنی و دیمیتری.
شیعری گلوک لیریکیە و زۆرینە دەتوانن تێی بگەن، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و سادە دەنووسێت. زۆر جار سوود لە چیرۆک دەبینێت، هەندێک لە دەقەکانی شێوەی گێڕانەوەیەکیان هەیە کە خوێنەر ئەزموونیان دەکات و تێیاندا بەشدار دەبێت، کەلێنەکانیان پڕ دەکاتەوە و پێوەندییان لەگەڵدا دەبەستێت.
ویندی لێسەر، لەبارەی شیعرەکانیەوە دەڵێت: “زمانی گلوک زۆر ڕاستەوخۆیە، بە تەرزێکی بەرچاو لە زمانی ئاسایی ڕۆژانەوە نزیکە…”. زۆرێک لە خوێنەران بە “تاریک” یان “کاڵ” وەسفی شیعرەکانی دەکەن، چونکە بە جۆرێکی کاریگەر لەبارەی دڵشکان و نائومێدی، تەنهایی و لەدەستدانەوە دەدوێن.
(ژیانێکی گوندی ٢٠٠٩، ئۆکتۆبەر ٢٠٠٤، ئەڤێرنۆ ١٩٩٦، شیعرەکان ١٩٦٢-٢٠١٢، بەڵگەکان و بیردۆزەکان ١٩٩٤) لە کتێبە چاپکراوەکانی لویس گلوکن.